
دوو کورتیلە چیرۆک/ ویژدان و ئومێدی ئارامی.. نووسینی دکتۆر ڕزگار شێروانی
ئومێدی ئارامی
چەند ڕۆژێکی کەمی دیکە و قرژاڵی نەخۆشی، دوا قەپ لە گۆشتی گەنجە بێهێزەکە دەگرێ و ڕاپێچی دوا مەنزڵی دەکات.
من دکتۆری ئەوم و ئەوەم لێ مەعلوومە.
بە تکایەکی کزۆڵەوە داوام لێدەکات:
هەمووان پەیوەندییان لەگەڵ بڕیوم، قەینا، بەڵام توخوا وەزعی من لە دایکی دڵڕەنجاوم بگەیەنە و لێی بپاڕێوە بێت بۆ دوا نیگا.
ڕۆژی دواتر وەڵامە پەیامی دایکیم وا پێگەیاند :
دایەت دێت و چاوت ماچدەکات، دێت بۆ نیگات، دێت، زۆر نابات، هاکا هات.
ئومێد و ئارامی یەکەو ڕۆژێکیان لە تەمەنی درێژ کردەوە، ئیتر سینگی بە دوا هەناسەی ئومێدی کون بوو و دوا پێڵووی ئارامی لێکنا.
ئومێد و ئارامی، تەرجەمەی من بوو بۆ ئەسڵی پەیامەکەی دایکی:
مەحاڵە جارێکی تر چاوم بە چاوی بکەوێت، با بمرێت.ئەو دەمێکە مردووە.
…..
ویژدان
حیزب باوکە بۆ منداڵت کە بێ باوکە.
حیزب لانکە بۆ منداڵت کە بێ لانکە.
ماڵە بۆ تۆ، بۆ حیزبییەک کە دڵسۆزە، کەسی چاکە.
ڕەشماڵە بۆ ئەندامێکی کە هەواڵ دەهێنێ، چالاکە.
- ئاتاجت بپێچەوە،
پەلی منداڵەکانت بگرە.
چۆڵ کە، بار کە. - شوفێر، دەتۆش بلدۆزەرێکی لێدە.
ئەم خانووە لە دژەحیزبی پیس، پاک کە.
کەسێکی جێ متمانە و شایستەمان هێناوە ئەم خانووە ئاوەدان کا.
ویژدان، کچە مناڵەکەی دراوسێ، بە هەڵەداوان چوو هەواڵ بداتە دایکی:
دایە دایە… ماڵیان بە مامۆستای کوردیمان چۆڵکرد بۆ ماڵی خوشکەکەی!
….