
ستانداری جیهانی شیعر‌و زیکری قه‌وزه‌کان … بابی ئاکرێ
به گشتی پێشه‌وا کاکه‌یی خۆی پێناساندووین له ڕێگای ستایڵ و بابه‌ت و بیرکردنه‌وه‌و خه‌ونه‌کانی خۆیه‌وه؛ به بڵاوکردنه‌وه‌ی شیعرگه‌لێکی زۆری نێو زۆربه‌ی بڵاوکراوه‌کان، ئیدی په‌یوه‌ندی خوێنه‌ر و دانه‌ریش هه‌ر له‌م ڕێیه‌وه ده‌بێت و چ پێویست به ناسینی شه‌خسی ناکات بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعر، یان تێکه‌ڵکردنی ژیانی تایبه‌تی و ناسینی تاکه‌که‌سی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان، له‌به‌رئه‌مه‌یه هه‌میشه ده‌بێت فاکته‌ره نامهوزوعیهکان بخرێنه ده‌ره‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌ی شیعر، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی پاشکۆیه‌کی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ده‌یکات! تا بابه‌تی خۆیان و هاوه‌ڵه‌کانیان وه‌ستا بێت بابه‌تی که‌سانی تر دانابه‌زێن، یان ته‌نانه‌ت لێکۆڵینه‌وه‌ی داواکراو له‌سه‌ر شیعری ساده‌ی که‌م به‌هره بڵاوده‌که‌نه‌وه ته‌نیا چونکه شاعیره‌که‌ی لێیانه‌وه نزیکه، ته‌نانه‌ت گه‌ر بشگاته 6 به‌ش و 3 به‌ش.
له حاڵی پێشه‌وا کاکه‌ییدا شته‌کان جیاوازترن، به گشتی گه‌ر شیعره‌کانی پێشه‌وا کاکه‌یی بخوێنینه‌وه ده‌بیین شتگه‌لێکی زۆری ده‌چێته‌وه سه‌ر ره‌وتی گشتی نووسینی شیعری ئه‌مڕۆ، که دوو ده‌ردی کوشنده‌ی (راسته‌وخۆیی) و (زمان ساده) مۆرکداریان ده‌کات، هه‌ر له شیعره‌کانی:
– شیعری منداڵه‌کان (ماڵێك له ئاسمان)و (ماڵپه‌ڕی قه‌ڵادزێ)
– شیعری سێ کورته شیعر/ تاوڵه (ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی بۆکان)
– شیعری ئه‌نفال نه‌کرام (ماڵپه‌ڕی قه‌ڵادزێ)
بۆ نموونه تیایدا ده‌ڵێت:
من چلۆن نه‌گریم بۆ منداڵیم
– – شیعری (منی هیچ) ده‌نگه‌کان
به نموونه تێیدا ده‌ڵێت:
بۆ بينينى شته هیچه‌كان..
منى هیچ..
لێره‌كانێ..
منێكم هيچ،
له توێکڵى توورى فساو… تاد
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م شیعره‌ی ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ری بدوێین ( زیکری قه‌وزه) ی جیاکردووه‌ته‌وه‌و له شیعره‌کانی تری و وامان لێده‌کات به چاوێکی جیاوازه‌وه ته‌ماشای بکه‌ین ئه‌و ستانداره جیهانییه‌یه تێیدا شاعیر به ئه‌زموون و قه‌ناعه‌تی خۆی پێی گه‌یشتووه‌و ویستویه‌تی خۆی له (باو)ی بێتاقه‌تکه‌ر رزگار بکات، که ده‌توانین هه‌ندێك له دره‌وشانه‌وه‌کان له‌م خاڵانه‌دا چڕ بکه‌ینه‌وه:
1- دوورکه‌وتنه‌وه‌ی شاعیر له به‌کارهێنانی خود‌و موعاناتهکانی وه‌کو پاڵه‌وانی ناو شیعره‌که، ته‌نانه‌ت راناو و ئاوه‌ڵناوی (من ) و (م) له‌و شیعره‌دا نابینرێت، ئه‌مه‌ش مه‌وزوعییه‌ت و به جیهانیبوون و شاعیربوونی شاعیر ده‌رده‌خات، به‌وه‌ی زمانی راسته‌قینه‌ی شیعری که‌شفکردووه، له ڕێگای زمانی شته‌کانه‌وه‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی سیفه‌ته‌کانی مرۆڤ و به‌خشینی به شته‌کان به شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو، سروشتیش له‌م باره‌دا که‌ره‌سه‌و کانێکی به به‌هاو ده‌وڵه‌مه‌نده بۆ شاعیر.
2- به جیهانیبوون له ناوه‌ڕۆکی شیعره‌که‌دا ده‌ینرێت، به‌وه‌ی خاڵه هاوبه‌شه‌کانی هه‌ندێك له کێشه‌و ململانێکانی هه‌موو مرۆڤایه‌تی تێدا چڕ کراوه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی گرێ‌دراو بێت به پارچه زه‌وییه‌ك یان زمانێك یان ره‌گه‌زێکی دیاریکراو، هه‌روه‌ها به زمانێکی ناراسته‌وخۆ ما‌نایان له خۆ کردووه، واته دوورکه‌وتنه‌وه له 2 ده‌رده کوشنده‌که‌ی شیعر به روونی هه‌ستی پێده‌کرێت: به‌کارنه‌هێنانی( راسته‌وخۆیی) و (زمانی ساده).
3- تازه‌گه‌ریی له دارشتن و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی تر بۆ هه‌ڵقوڵینی به‌هره‌ی شیعر، وه‌ك کارکردن له‌سه‌ر توخمه‌کانی سروشت، به‌کارهێنانی قه‌وزه‌و جیهانی قه‌وزه بابه‌تێکی تا راده‌یه‌ك نوێیه له شیعری کوردیداو لا دانێکه له ره‌وتی باوی زۆرینه.
4- وه‌ك ئامانج و مانا تا ئه‌وپه‌ڕی توانا جه‌نگانه له‌گه‌ڵ هێزی شه‌ره‌نگێزی ناخی مرۆڤه‌کان و دیوه ره‌شه‌کانی مرۆڤایه‌تی و هاندان و تیشکخستنه سه‌ر لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌کانی ده‌روونی ئارام و فه‌راهه‌مهێنانی ژینگه‌ی به‌خته‌وه‌ره. وه‌ك بوغزاندن و قێزه‌ونکردنی ( زمانلوسی، بوهتان، ده‌به‌نگیی، ئیره‌یی و ده‌مه‌قڕه…) له به‌رانبه‌ریشدا قه‌وزه‌ی ناشرین لای نه‌فامان زۆر جوانه به کرداره‌کانی که چڵک و گوناهـ و جانه‌وه‌ران و لێڵی زۆنگاو له خۆ ده‌گرێت تا ئاوێکی سازگارمان پێشکه‌ش بکات شیاوی خواردنه‌وه بێت.
5- له‌م شیعره‌دا شوبهاندن و هونه‌ره‌کانی ره‌وانبێژی سه‌رکه‌وتووانه به‌کارهێنراون، له داڕشتنی وێنه شیعریه‌کان به هه‌ردوو رووه مه‌جازی و واقیعیه‌که‌یدا، بۆ نموونه ریش هێشتنه‌وه‌ی قه‌وزه، هه‌م له واقیعدا درێژبوونه‌وه هه‌یه له دامین و چمکی قه‌وزه‌دا و هه‌م گونجاوه شوبهاندنی به ریش. به‌و مانایه‌ی خهمبارییشه بۆ ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تی و ناجۆریه‌ی له ده‌وروبه‌ردا روو ده‌دات.
.