
تەنها یەک هەڵبژاردەی هەڵبژاردن.. نووسینی کریس هێجس.. و: گۆران عەبدوڵڵا
لە ئەشیڤی (دەنگەکان)ەوە..
لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ یان جۆ بایدن، ئۆلیگارشەکان براوەدەبن و ئێمە دەدۆڕێین، بۆیە چەند هەفتەی داهاتوو بۆ لەناوبردنی بێرنی ساندەرز تەرخان دەکرێت.
لەم هەڵبژاردنەدا تەنها یەک هەڵبژاردە هەیە. یەکخستنی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی لەژێر دەستی دۆناڵد ترەمپ یان یەکخستنی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی لەژێر دەستی جۆ بایدن. ئۆلیگارشەکان، چ لەگەڵ ترەمپ بن یان بایدن، جارێکی دیکە ئەوان سەردەکەون و ئێمە دەدۆڕێین. ئۆلیگارشەکان بە ئاشکرا رایانگەیاندووە ئەگەر بێرنی ساندەرز بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ببێتە کاندیدی پارتی دیموکرات، ئەوە ئەوان لەگەڵ کۆمارییەکان یەکدەگرن بۆ وەلانانی. ئەگەر ساندەرز کاندید بێت، ترەمپ دەستبەجێ لەلایەن سەرکردەکانی پارتی دیموکراتەوە لە نیشاندانی وەک شەیتان و مەیلی بۆ زۆرداری پاک دەکرێتەوە. ساندەرز بە شێوەیەکی توند بە کۆمۆنیستبوون تۆمەتبار دەکرێت، وەک ئەوەی کە رۆژی هەینی بە توندی لە نیویۆرک تایمزدا لە گێڕانەوەی “کاتێک بێرنی ساندەرز فشارەکانی کرد بۆ پەیوەندییەکی نزیکتر، یەکێتی سۆڤیەت دەرفەتەکەی قۆزتەوە” دەکرێتە کەسایەتییەک کە گاڵتە و تەشەری پێدەکرێت. ئۆلیگارشەکان وەعزی “کەمترین خراپە” بۆ ئێمە دەدەن لەولاشەوە هەوڵدەدەن هیلاری کلینتۆن یان بایدن بە زۆر بە قورگماندا بکەن، بەڵام ئەمە بۆ خۆیان پشتگوێدەخەن. ئەوان بایدن بەسەر ترەمپدا بەرجەستە دەکەن، بەڵام دەتوانن لەگەڵ هەر یەکێکیان بژین.
تەنها یەک شت بۆ ئۆلیگارشەکان گرنگە. ئەوە دیموکراسی نییە. حەقیقەت نییە. رەزامەندی ئەوانی تر نییە لە حوکمڕانی. نایەکسانی داهات نییە. دەوڵەتی چاودێری نییە. جەنگی بێکۆتایی نییە. کار نییە. کەشوهەوا نییە. سەرەوەتی دەسەڵاتی کۆمپانیاکانە، دیموکراسییەتیان کۆتایی پێهێناو و زۆرینەی چینی کرێکاریان لە نەهامەتیدا جێهێشتووە و بەردەوامیان داوە بە زیادبوونی سامانەکانیان.
کارکردن لەناو ئەم سیستەمەدا بۆ شکاندنی هەژموونی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی یان جێبەجێکردنی چاکسازییەکی بەرچاو ئەستەمە. گۆڕانکاری، گۆڕانکارییەکی راستەقینە، تەنها لە رێگەی مانگرتنە مەدەنی و کۆبوونەوە جەماوەرێکانەوەدێت، وەک جووڵانەوەی یێلەگ زەردەکان لە فەرەنسا و بزووتنەوەی سەربەخۆیی کرێکاران لە بەریتانیا. هەرچەندە زیاتر لەرێی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانەوە فریو بخۆین، ئەوەندە زیاتر بێهێز دەبین.
لە شەقامەکانی فیلادێلفیا بووم لەگەڵ خۆپیشاندەران لە دەرەوەی ناوەندی وێڵز فارگۆ کە بە شێوەیەکی گونجاو ناوەکەی نراوە، لە کاتی کۆنفرانسی دیموکراتەکان لە ساڵی ٢٠١٦دا، کاتێک سەدان نوێنەری ساندەرز لە هۆڵەکە دەرچوون. “نیشانم بدە دیموکراسی چییە!” ئەوان هەرا دەکەن، ئاڵاکانی بێرنیان بەرز کردبووە کاتێک لە دەرگاکانەوە هەڵدەقوڵان. “ئەمە دیموکراسییە!”
گەورەترین هەڵەی تاکتیکی ساندەرز ئەوە بوو کە نەچووە ناو ئەوان. ئەو لەبەردەم کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا بە چۆکداهات. ئەو بە سەرسختی هەوڵیدا شۆڕشێک لەلایەن پشتیوانەکان و نوێنەرەکانەوە لە شەوی پێش کۆنفرانسەکە لە رێگەی ناردنی پەیامە بەردەوامەکان بە ناوی خۆیەوە کە زۆربەیان لەلایەن ئەندامانی کەمپینی کلینتۆن نووسرابوون بۆ رێزگرتن و تێکنەدانی پرۆسەی کاندیدکردن و پشتگیری لە کلینتۆن. ساندەرز وەک سەگێکی بە وەفای شوان، هەوڵیدا لایەنگرانی قایلبکات پەیوەستبن بە کەمپینی کلینتۆنەوە. لە کاتی پاشگەزبوونەوەی لە خۆکاندیدکردن و خوێندنەوەی بڕیارنامەکەی سەبارەت بە پشتیوانیکردن لە کلینتۆن، بە سەدان لە لایەنگرانی هۆڵی کۆنفرانسەکەیان بەجێهێشت.
لە دوای کۆنفرانسی ٢٠١٦، ساندەرز کۆبوونەوەکانی بۆ کلینتۆن ساز کرد، ژمارەی جەماوەرەکان بە شێوەیەکی کەمتر ئامادەبوون لەوەی کاتێک وەک یاخیبویەک خۆینمایشدەکرد. ئەو گەڕایەوە سەر سەنات بۆ ئەوەی بە وەفاداری لە پشت سەرکردەی کەمینەی سەنات، چاک شومەر، کە دەسەڵاتەکەی لە تواناییەتی بۆ گواستنەوەی دەیان ملیۆن دۆلاری کۆمپانیا و پارەی واڵ ستریت بۆ کاندیدە پەسەندکراوەکانی دیموکرات دێت، یەکبگرێتەوە. ساندەرز رەتیکردەوە پشتگیری لە داواکە بکات کە دژی کۆمیتەی نیشتمانی دیموکرات بۆ ساختەکاری لە پێشەنگییەکان دژ بە خۆی هێنرابووە دەرەوە. ئەو پشتگیری لە کاندیدە دیموکراتەکان کرد کە سیاسەتی ئابووری و سیاسی نیولیبراڵی کە خۆی دژایەتی دەکات، پەیڕەو کرابوو. ساندەرز، کە خۆی بە سەربەخۆ ناو دەبات، وەک دیموکرات کۆدەبووەوە. پارتی دیموکرات ئەرکەکانی ئەوی لە سەناتدا دیاری کرد. شومەر پێشنیاری کرد کە ساندەرز بکاتە سەرۆکی کۆمیتەی بودجەی سەنات ئەگەر دیموکراتەکان کۆنترۆڵی سەنات بکەن. ساندەرز بووە کەسایەتییەکی حزبی.
ساندەرز وا دیارە باوەڕی وابوو ئەگەر بە تەواوی گوێرایەڵی سەرکردەکانی پارتی دیموکرات بێت، رەنگە ئەوان دەرفەتێکی لە ساڵی ٢٠٢٠دا پێدەدەن، دەرفەتێک کە لە ساڵی ٢٠١٦دا رەتیان کردبووەوە. لەوانەیە بڕوای وابێت کە سیاسەت بریتییە لە سازش و پراکتیک. ئەمە راستە، بەڵام بەشداریکردن لە سیاسەت لە سیستەمێک کە دیموکراتیک نییە، بریتییە لە بەشداریکردن لە گاڵتەجاڕییەکە.
ساندەرز سەرکردەکانی پارتی دیموکرات، کە بوونەوەری گەمەی دەوڵەتی کۆمپانیاکانن، بەهەڵە خوێندبوەوە.
ئەو پارتە لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێت کاندیدە پەسەندکراوەکانی هەڵبژێرێت و وەک ئامراز لە کۆبوونەوەکان و کۆنفرانسە حزبییەکان کە بە شێوەیەکی نمایشکار ساز کراون، کاردەکات. دەنگدەرانی پارتی دیموکرات هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر سیاسەتەکانی حزب نییە. سادەیی ساندەرز، یان کەمی جورئەتی سیاسی، وایلێکرد کە بە وەفاترین پشتیوانە گەنجەکانی خۆی لەدەست بدات. ئەم شوێنکەوتوانە لە خیانەتەکەی ئەو خۆشنەبوون. ئەوان بڕیاریان دا کە بە ژمارەیەکی زۆر کە ئەو پێویستی پێیەتی لە پێشەنگییەکاندا دەنگ نەدەن. ئەوان راستن. ئەو هەڵەیە. ئێمە پێویستە سیستەمەکە هەڵگەڕێنینەوە، نەوەک ئارامیان کەینەوە.
ساندەرز بریندار بووە. ئۆلیگارشەکان بۆ کوشتنی دەچنە پێش. ئەوان ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٤٨دا بەرامبەر هێنری واڵاس – Henry Wallace- و لە ١٩٧٢دا بەرامبەر جۆرج مەکگۆڤەر – George McGovern – ئەنجام درا، کە تەنها دوو کاندیدی سەرۆکایەتی پێشکەوتنخواز بوون کە توانییان بە جددی ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئڵیتی دەسەڵاتدار لە دوای فرانکلین دێلانۆ- Franklin Delano- رۆزڤێڵت – Roosevelt- ەوە.
لیبراڵە لە خۆباییەکان ترسنۆکانە پشت لە ساندەرز دەکەن و لۆمەی لایەنگرانی دەکەن و بە سەرلێشێواو ناویان دەبەن و بایدن وەک رزگارکەرێکی سیاسی دەناسێنن.
ترەمپ و بایدن کەسایەتیگەلێکی ناپەسەندن و تەمەنیان بەرەو پیری هەڵکشاوەو نەزانن لە بوارە مەعریفێکانی کۆمەڵگەدا. ئایا ترەمپ لە بایدن مەترسیدارترە؟ بەڵێ. ئایا ترەمپ نەزانتر و درۆزنترە؟ بەڵێ. ئایا ترەمپ زیاتر مەترسییە بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوە؟ بەڵێ. ئایا بایدن چارەسەرە؟ نەخێر.
بایدن نوێنەرایەتی نیولیبراڵیزمی کۆنە. ئەو خیانەتەکانی پارتی دیموکراتی لە خۆیدا بەرجەستە کردووە بەرامبەر پیاوان و ژنانی کرێکار کە کینەیەکی قووڵیان هەڵگرتووە لەبەرانبەر دەسەڵاتداران لە هەموو بووارەکانی سیاسەتدا. ئەوە دیارییەکە بۆ دیماگۆگ و هونەرمەندێکی فریوکاری وەک ترەمپ، کە لانیکەم ئەوە تێدەگات کە ئەم دەسەڵاتدارانە بێزراون لەلای خەڵک. بایدن ناتوانێت بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو گۆڕانکاری پێشکەش بکات. ئەو تەنها دەتوانێت زیاتر لە هەمان شت پێشکەش بکات. زۆرینەی ئەمریکییەکانیش ئەو هەمان شتانەیان ناوێت. گەورەترین کۆمەڵی دەنگدەری تەمەنی دەنگدان لە وڵات، کە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن هاووڵاتییە کە بە بێزاری دەنگدەدەن یان هەر دەنگ نادەن و لەماڵەوە دەمێننەوە. ئەم بێهیوایی دەنگدەرانە بە مەبەستە. من چاوەڕوانم کە ئەمە جارێکی دیکە ترەمپ بۆ ماوەیەکی دیکە لە پۆستدا بهێڵێتەوە.
دەنگدان بە بایدن، هۆکارە بۆ شەرمەزارکردنی ژنانی بوێر لە نمونەی ئانیتا هیل – Anita Hill- کە رووبەڕووی ئازاردەرەکانیان بوونەتەوە. تۆ دەنگ دەدەیت بە بەرپاکەرانی جەنگە بێکۆتاییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تۆ دەنگ دەدەیت بە دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیل. تۆ دەنگ دەدەیت بە چاودێریکردنی گشتی لەلایەن دەزگاکانی هەواڵگری حکومەت و لەناوبردنی پرۆسەی یاسایی لە دادگاکاندا. تۆ دەنگ دەدەیت بە پرۆگرامەکانی تەنگەژە، لەوانە لەناوبردنی یارمەتی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. تۆ دەنگ دەدەیت بە NAFTA، رێکەوتنەکانی بازرگانی ئازاد، کەمکردنەوەی هەلیکار، کەمبوونەوەی مووچە، لەدەستدانی سەدان هەزار کاری پیشەسازی و گواستنەوەی کارەکان بۆ کرێکارانی کەم مووچە کە لە کۆمپانیاکانی چین یان ڤیەتنامدا کاردەکەن. تۆ دەنگ دەدەیت بە هێرش بۆ سەر پەروەردەی گشتی و گواستنەوەی بودجەی فیدراڵی بۆ قوتابخانە مەسیحێکان ک کۆمپانیای قازانجن.
تۆ دەنگ دەدەیت بە دووئەوەندەکردنی ژمارەی زیندانییەکان، سێ بەرانبەر و چوار بەرابەرکردنی سزاکان و فراوانکردنی تاوانەکانی سەرمایە. تۆ دەنگ دەدەیت بە پۆلیسی سەربازی کە بە بێتاوان کەسانی هەژاری رەنگپێست جیاواز دەکوژن. تۆ دەنگ دەدەیت دژ بە رێکەوتنەکانی سەوز و چاکسازی کۆچبەری. تۆ دەنگ دەدەیت بە سنووردارکردنی مافی ژنان بۆ کورتکردنەوەی پشوی منداڵبوون و مافەکانی زاوزێ. تۆ دەنگ دەدەیت بە سیستەمی قوتابخانەی گشتی جیاکراوە کە تێیدا دەوڵەمەندان دەرفەتی پەروەردەیی وەردەگرن و کەسانی هەژارە و رەنگجیاوازەکان دەرفەتەکانیان لێدەسەنرێتەوە. تۆ دەنگ دەدەیت بە سزاکانی قەرزی قوتابییان و نەبوونی توانایی خۆ ئازادکردن لە قەرزەکان لە رێگەی مایەپوچییەوە. تۆ دەنگ دەدەیت بە بێسەرپەرشتی کردنی پیشەسازی بانکی و لەناوبردنی گڵاس-ستێگاڵ – Glass-Steagall-. تۆ دەنگ دەدەیت بە کۆمپانیاكانی بیمە و دەرمانسازی قازانج و دژ بە چاودێری تەندروستی گشتی. تۆ دەنگ دەدەیت بە بودجە گەورەکانی بەرگری. تۆ دەنگ دەدەیت بە بەکارهێنانی پارەی بێسنووری ئۆلیگارشی و کۆمپانیاکان بۆ کڕینی هەڵبژاردنەکانمان. تۆ دەنگ دەدەیت بە سیاسەتمەدارێک کە لە ماوەی سەناتەکەیدا بە وەفاداری بەرژەوەندییەکانی MBNA، گەورەترین کۆمپانیای کارتەکانی قەرزی سەربەخۆ کە لە دێلاوێرە – Delaware -، کە کوڕەکەی بایدن، هانتەر، تێیدا کاردەکات.
هیچ جیاوازییەکی سیاسی گەورە لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان نییە. ئێمە تەنها خەیاڵێکمان هەیە لە دیموکراسیبوون لە رێی بەشداریکردنمانەوە. دیموکراتەکان و پارێزەرە لیبراڵەکانیان لێبوردەیی دەنوێنن سەبارەت بە پرسەکانی نەژاد، ئایین، کۆچبەری، مافەکانی ژنان و ناسنامەی سێکسی قبوڵ دەکەن و واپیشاندەدەن کە ئەمە سیاسەتە. باڵی راستیش کەسە پشتگوێخراوەکانی کۆمەڵگە بەکاردەهێنن وەک قوربانی. جەنگە کەلتورییە راستییەکە دەشارنەوە. هەردوو حزبەکە هاوبەشی تەواون لە نەخشەداڕشتنی کۆمەڵگەی ئەمریکی بۆ شێوەیەکی نیوفێودالیزم. تەنها لەسەر ئەوەیە کە چۆن ئەمەی بەبەردابکەیت.
فەیلەسوفی سیاسی شێڵدن وۆلین- Sheldon Wolin- دەنووسێت:
(حیزبەکان بە پەرەپێدانی خەیاڵێک لە نێوان چینە بێدەسەڵاتەکاندا بەوەی کە دەتوانن بەرژەوەندییەکانیان بکەنە پێشەنگی داخوزێکانی پارتەکەیان. بەم ئارام کردنەوەیە دەتوانن بەشێوەی ستایلی پارتێکی ئۆپزسیۆن خۆیان نمایشبکەن.)
دیموکراتەکان جارێکی دیکە خراپترین ئەڵتەرناتیڤ پێشکەش دەکەن، لەراستیدا، شتێکی کەم یان هەرهیچ ناکەن بۆ رێگریکردن لە پێشڕەوی بەرەو تۆتالیتاریزمی کۆمپانیاکان. ئەوەی کە جەماوەر دەیەوێت و شایستەیەتی پشتگوێ دەخرێت لە بەرانبەر ئەوەی کە لۆبیکارەکانی کۆمپانیاکان داوای دەکەن. ئەگەر بە زوویی بەرەنگاری ئەم دۆخە نەبینەوە کە رووبەڕوی زۆربەی دانیشتووان بۆتەوە، ئەوە ناتوانین رێگە لە هەڵکشانی زوڵمی کۆمپانیاکان و فاشیزمی مەسیحی بگرین.
ئێمە پێویستمان بەوەیە ئەوانەی فڕێدراونەتە کەناری کۆمەڵگەوە بیانگەڕێنینەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە لەبەر یەک ترازاوەکان چاک بکەینەوە، بە کرێکاران شکۆو دەسەڵات و سەلامەتی بدەین. پێویستمان بە سیستەمێکی چاودێری تەندروستی گشتی هەیە، بەتایبەتی کاتێک بەرەو کارەساتێکی جیهانی دەچین. پێویستمان بە پرۆگرامەکانە کە کار بە مووچەی بەردەوام، پاراستنی کار و بیمەکان پێشکەش دەکەن. پێویستمان بە پەروەردەیەکی گشتی ئاستبەرز هەیە بۆ هەموو ئەمریکییەکان. پێویستە ژێرخانی خۆمان دووبارە بنیات بنێینەوە و کۆتایی بە خەرجکردنی سەرچاوەکانمان لە جەنگدا بهێنین. پێویستە تالانکردنی کۆمپانیاکان بوەستێنین و واڵ ستریت و کۆمپانیاکان رێکبخەین. پێویستە بە هەنگاوە سەرەتایی و دەستبەجێکان هەڵسوڕێین بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن و خۆمان لەکارەساتی ژینگەیی و لەناوچوون رزگار بکەین. ئێمە پێویستمان بە نمایشێکی “پانچ و جودی – “Punch and Judy- لە نێوان ترەمپ و بایدن نییە. بەڵام ئەوەی هەیە، لەبەرانبەر بونی زوڵمی کۆمپانیاکان، ئەگەر نەچینە شەقام و ماڵەکە هەڵنەوەشێنینەوە ئەوە چارەنووسێکی خراپتر چاوەڕێمانە.
Mar 9, 2020
سەرچاوە:
https://www.truthdig.com/articles/the-one-choice-election/