Skip to Content

شیعر/ تێکشکان.. سەردار جاف

شیعر/ تێکشکان.. سەردار جاف

Closed
by تشرینی دووه‌م 9, 2021 General, Poems

شەو لە چراخانی غوربەت
گۆرانی تەنهایی دەچڕم
لە نێو خۆما تۆ دەبينم، فوو لە چرای ئیشقم دەکەی
تۆ دێیت و من
نغرۆی ونبوونێکی پڕم
لە ساتە ئاگرينەکانم هەنسکی گريانی تۆ
ختوکەی دام
هەڵپەڕکێی پرسە و کۆتەڵێ
بە ئاوی زنەيە تەزيوو
دنەی سۆزی ئیشقەکەی دام
ئەمشەو دەڕوا و مانگ تريفەی خۆی ون دەکا
بە دۆراندۆری خەرمانەی
دەخولێمەوە
بە خووڕە باران و لێزمە تەڕم دەکا
هێدی هێدی
بە دەم ميلۆدی نەينەوا
گريانی خۆ دەڵێمەوە
ئەمشەو چەخماخەی هەور بۆتە فريشتەی ژوورەکەم و
رۆشنایی لێ هاوێر دەبێ
ئەنگوستە چاوی بێ تۆیی
پڕ لە قاقای فرمێسکن و
ئەسرينی سوێر دادەچۆڕێ
بە دەم هەنسک و بزەوە
مەينەتی تەنيایی خۆم و
تێکشکانی ئەوينێکم لە غوربەتا
وا بە سانایی ناگۆڕێ
ئەتۆ ئەمشەو
لە خەڵوەتی عيبادەتی زويربوونا خۆت مەڵاسدا
بە دەم گريانی چەخماخە
هۆرەی جافيم بۆت دەچڕی
گرەوەکەم
بۆ پەڕينەوەی فەنابوون
لە سەر مێزی قومار دۆڕان
هەست و سۆزم بۆ هەتاهەتایی تەمەن
لە تۆ بڕی
ئاااای خودايە
بەزەیی تۆ بۆ نوقمی دەريای من نابێ
ئەو دەريايەی
لە ئافاتی ئیشق بوونا هيشک بووە و
تۆف و زريانی دابڕان لووشی داوم
بە کام پەڕەی کۆلارەوە
خۆم هەڵواسم
قورتاربوونم مەحاڵێکە
لە ژيانا هەر دۆڕاوم
ئەوا ئەمشەو
شەوارەی دەم زرێبارم
جەنگەڵستان جێ دێڵم و
ئیدی بزە و لێوی تینومی نادەمێ
بشێ لە نێو دێری قورئان
ئازاد کرێم ، ژێوانيش بم
رووخسارم بە ئاوی تەڕکەم
کە دەزانم هەر نايگەمێ

٠٨ / ١١ / ٢٠٢١
ئەڵمانيا

Previous
Next
Kurdish