
ئاوێزانەکان لە (ئاوێزانێک)دا چڕدەبنەوە.. ڕەنگین مەلا سەمەد
کاتێک دەقێکی ئاوێزان نوریی دەخوێنینەوە، هەستمان تژیدەبێ لە ئەوین و خەیاڵمان بە نێو گۆشەکانی جوانبینییەوە شۆڕدەبێتەوە، ئازا دەبین لە هەڵگرتنی پێنووس و ئازاد دەبین لە بیرکردنەوەو ڕامان لە هەڵبژاردنی دەقەکان و قووڵبوونەوەو گوزەرکردن پێیاندا.
ڕۆح و هەستی شیعرنووسینی (ئاوێزان نوریی) هەمووکات بۆ هەڵبژاردنی دەقەکان و نووسینەوەیان سازو ئامادەیە، ماندووی گەڕان و داهێنانە بۆ هێنانەبوونی دەقێکی زیندووی تژی لە هەست و نەست و، شکۆدار لە پێوەرو هەڵسەنگاندن.
دونیابینیی ئەم خانمە شاعیرە پڕ هەستە لەوپەڕی فراوانییدایە، بۆ تێگەیشتن لە وشەو فۆرم و ڕەهەندەکان، تامەزرۆو تینووی قوومێک هۆنراوەی ئەوینە، ئەو هێندە بەئاگاو هۆشیارە لە ڕاکێشان و هۆگربوون، پەی بە هەموو شیعرگەلە چێژبەخشەکان دەبات، لێزانانە ئاوێزانی دەقەکان دەبێت، باوەشی شیعریی ئەو هەمووکات پڕە لە هەست و سۆز، قەڵەمی ئەو لاپەڕەکان بە عەشق و ئەوین و ناز پڕدەکاتەوەو شوێنێک بە بەتاڵیی ناهێڵێتەوە، نازی سازی ئەو خوێنەرانی گۆشکردووە، بۆیە ناهێڵێت تووشی زیزبوونی ڕۆحیی ببن، چاوی شاعیرانەی ئەو هەردەم لەسەر خوێنەرانییەتی و، بۆ باشتر تێگەیشتن لێیان وەنەوز نادات.
ئەو هیچکات نایەوێت لە چوارچێوەیەکدا خوول بخوات و دەق بگرێت، نایەوێت مەیلی تێری خوێنەرانی بە دوورکەوتنەوەو داکشان لەو هەستە لەقاڵبدراوەی برسیی بکات و بتۆرێنێ، ئەو بە داهێنان لە وێنە شیعرییەکانی، سات بە سات و چرکە بە چرکەو ڕۆژ بە ڕۆژ وێنەی تازەو هەستێکی نامۆی ژنانەی خۆیمان پێ پێشاندەدات.
ئیحساسییەت و جوانبینیی و خەیاڵدانی ئەو دونیایەک سۆزی لێ ئەچۆڕێ و ئاوازی لێ دێتە بوون، دەربڕینی ئەو ژان و ئازاری ژنێتییمان ناهێڵێت، بێ گوێدانە سنووربەزاندن بەنێو دەقە ورووژێنەرەکاندا تێئەپەڕێ،
سڵناکاتەوە لە لۆمەکردنی ڕوئیای پاشکەوتوو، ئەو مێژوویەکە لە دروستبوون و بەردەوامیی و هێزو هەوێن، ساڕێژێکە بۆ برین، سەکۆیەکە بۆ فێربوون.
بوێرییەکەی ڕێبازێکە دەتگەیەنێتە هەموو ڕێگاکانی هەقیقەت، تابلۆی پێنووسی ئەو هەمیشە مەستە بۆ کێشانی وێنەی شیعری خەیاڵیی ڕەنگاوڕەنگ لە فۆڕم و پڕاوپڕ لە دەرکەوتن، ئەو پەروانە ئاسا بۆ دەقەکانی دەسووتێت، عەشقی ئەو بۆ هەڵبژاردنی دەقێکی تەواو و دروست بێ کۆتایەو، ئیلهامی تەونکراوی پڕ سۆزی لەبن نایە.
ئەو مل بۆ ماندوویی نادات، سەرسەختانە ڕکابەریی لەنێو دەقەکانی لە باشبوون و باش نووسیندا دەکات،
خاوەن نەفەسێکی درێژی مێیینەیە لە تێکستەکانیدا، کە هیچکات قەتیس نابێت و کاریگەریی لەسەری دروست نابێت.
ئەوەی شیعری ئاوێزان نوری بەرچاوکەوێ یەکسەر ئەندێشەی ئارەزووەکانی جوانیبینیی وشە ڕەنگینەکانی هەڵدەبژێرێ و بە یەخەی خۆیدا هەڵیدەواسێ، گرێکوێرەی ئازارەکانی سینەی پێ دەکاتەوەو کوێرەوەرییەکانی ڕۆژگاری پێ ڕەنگین دەکات، ئەو نابەزێ، دیلی دەستی هیچ چەرخێکی سوڕاو نابێت.
ئەو ژیرانە هەڵسوکەوت دەکات و جوانییەکانی تێکەڵ بە دەمارەکانی کردووە، یاسای نووسینی ئەم خانمە شاعیرە بەجۆرێکە هەموو لەمپەرەکان تێکدەشکێنێ، ئەو ڕەنگێکە هاوشێوەی پەلکە ڕێزینە ڕەنگەکانی تر بۆ جوانی ئەنوێنێ.
وردەبینەوە لە سەرنجدان و لێکدانەوە بۆ ئەم دەقە شیعرییەی شاعیر کە ناوی وەرزی (بیرچوونەوە)یەوەو لە یەکەم کۆپلەدا دەڵێت:
با بەتەنیشت ماڵمدا تێدەپەڕێ و
بیری دەچێت دەرگاو پەنجەرەکەم بخاتە سەر پشت
بــــــــا بە تەنیشت مەنزڵگاو نشینگەکەیدا گوزەر دەکات کەچی بێئاگایە لە پەنجەرەو دەرگا داخراوەکانی ماڵی ئەو، با لە بیری ئەودا نییە، ئەوێک بە تەواوی دەرگاو پەنجەرەکانی ماڵەکەی خۆی داخستووە و وەکوو سیزیڤ بە دیار قەدەری خۆیەوە دانیشتووە. دانیشتووەو بیر لە خەمساردی بەشەرەکان دەکاتەوە، واوەتر دەڕواو دڵتەنگە بەوەی کە سروشتیش هەمان خوی بەشەرەکانی گرتووە و خەمساردانە و بێ ئاوڕدانەوە تێدەپەڕن بەلای دڵە پڕ لە عیشق و بریندارەکانا. ئەو گلەیی لە بەختی ژنێتیی خۆی دەکات کە چۆن لەگەڵیدا نایەت و قاچەکانی بۆ بڕینی شەکەت دەکات، بەجۆرێک ماندووە چاوی ئەوی شاعیر بۆ خەوێکی ئارام و ئاسوودە هەڵوەدایەو به ئومێدە بۆ خاڵیبوونەوەی پێڵوەکانی لە ماندوویی ڕۆژگارو، ئارامکردنەوەی دەروونی تێکچڕژاوی بۆ گەیشتن بە دیتنی خەوێکی قووڵی خۆشنوودیی بۆ ژیانی، خۆری بە ئاسۆو ئومێدو گەشبینیی چواندووە، بەوەی خۆر هەمیشە گەش و پرشنگدارەو، هەڵهاتنی بە ئاسمانی بەرینەوە نیشانەی ئاسۆڕوونیی و ئومێدەو ڕووناککەرەوەی تەواوی دونیای ڕۆشنە، ئەو پێیوایە ئاوڕنەدانەوە لە بەدبەختیی و ژنێتیی و تاڵیی گوزەرانی، سڵاوێکی پێویستە بۆ پڕکردنەوەی ناڕەحەتییەکانی و، گرنگیپێنەدانی وادەکات ڕۆحی وشبووی هاوشێوەی زەوی بۆ دڵۆپێک لە نمەی باران تینوو و تامەزرۆی ئەوین و سۆزبێ، خۆی بە زەوییەکی وشکبوو و بارانیشی بە سۆزی ئەویندارەکەی چواندووە کە ڕۆحی وشکی بە موحیببەت تەڕ دەکات، ئەو بەمجۆرە ڕووی دەکاتە یارو گازندەی لێ دەکات، چون یار جێیهێشتووەو ئاوڕی لێ نەداوەتەوەو لە دونیای پێدانی ئەوینەوە پێی، ئێستا بێنازی کردووەو ئەمی لەبیرچووەتەوە.
با بەتەنیشت ماڵمدا تێدەپەڕێ و
بیری دەچێت دەرگاو پەنجەرەکەم بخاتە سەر پشت
پێڵاوەکانم دەڕۆن و
بیریان دەچێت قاچەکانم لەگەڵ خۆیاندا ببەن
خەو بە بەرچاومەوە سەما دەکات و
بیری دەچێت بێتە سەر پێڵوەکانم
خۆر بە ئاسمانەوە هەڵدێ و
بیری دەچێت سڵاو لەتاریکی ژورەکەم بکات
باران بەخوڕ دادەکات و
بیری دەچێت چۆڕێک ئاو بڕژێنێتە گەروی تینوێتییەوە
یار دەڕوات و
بیری دەچێت بێتەوە
لە دووری یارەکەی دەکەوێتە دواندن لەگەڵ خودو بیر لە ڕێگای مردن دەکاتەوەو ژیان فەرامۆشدەکات، ژیانی خۆی و یارەکەی کە دونیایەک یادگارییان لێ بەرهەمهێناوە، لەتاو ئازاری ڕۆح و شەکەتیی هەست، لەبیردەکات، هاوشێوەی چیرۆکی باوکە ئادەم و حەوامان کە سەرباری بۆن و بەرامی ڕازاوەی ئەو ژیانەی پێیان بەخشرابوو لەبیرکردو، چاویان بڕییە ئەو سێوەی لێیان قەدەغەکرابوو، چیرۆکی خۆی و ئەوانیش بە وەرزی لەبیرچوونەوە دەچوێنێت و، لەبیرچوونەوەیەک کە هیوا بۆ بەردەوامیی ژیان و دەستگرتن پێوەی ناهێڵێت هاوشێوەی ئەو منداڵانەی کە خەمیان بۆ هەڵگژان بە ژیان و گەورەبوون، وایانلێدەکات تامەزرۆی پێگرتن و ڕێکردنبن، تا لە سایەی تێپەڕبوونی قۆناغەکان و ئەزموونکردنیان چێژی خۆشی و تەنانەت تاڵییش بچێژن، ئەو مودەیەک بە بێنرخیی و پەراوێزخراو لەقەڵەمدەدات، بێبەهایی لێکدەداتەوە، تەنیاو تەنیا لەبیرچوونەوە بە هۆکاری لەگۆڕنانی جوانییەکان دەزانێت، لۆمەی ئەو وەرزە دەکات و بە وەرزێکی شوومی وشکبوون و تێکشکان دادەنێت، پێیوایە هەموو ئەو بیرۆکە جوان و داهێندراوە هزرییانەی بە ژنێتیی بونیادینا، ئەم تێکیشکاندن بە وەرزێکی وێرانکەرو بێزراو وێنای دەکات،
بونیادی جوانییەکانی خۆی بە ئیمارەتێک و وەرزی خەتاباری لەبیرکردنیش بە ئیمپراتۆرییەتی نەفامی و نەزانی بۆ سڕینەوەو لەناوبردنیان، دەچوێنێت.
منیش لەتێ سێوی مردن دەخۆم
بیرم دەچێت بۆنی ژیانەوە بکەم
لەوەرزی بیرچونەوەدا
منداڵەکانیش بیریان دەچێت پێ بگرن
عەیامێکە ژیان بایی کەس نابێت جگە لەبیرچونەوە
ئیمارەتێکم لە فیکر دروستکردو
ئیمبراتۆریەتی جەهل بردیە ڕێوە
خانمە شاعیر هەر بەردەوامە لە گلەییەکانی، چونکە ئازارەکانی تێکشکان و سڕینەوە تا ڕۆخی مەرگ بردوویەتی و ماندوویی بەرەو ئاراستەی لۆمەکردن گۆڕیوە، وای لێکدەداتەوە فریوی بە ژیانێکی ساختەو ڕازێندراوەوە خواردووە لەسەر خاکێکی بەبەرەکەت، ئەو خاکەی ئەم پێوەی ماندووبوو وە دونیایەک بەرهەمی لەسەر چاند، ئەو بە خیانەت هەڵیوەراندو هیچی بۆ دوورینەوە نەهێشتەوە، ئومێدی بۆ داهاتوویەکی ئەرێنی ئاوەژووکردەوە، خەیاڵەکانی بۆ ئەبەد سڕکرد، ئەو پیرۆزییەکانی بونیادنا بۆ پاراستن و پێشکەشکردنی وەفا بە دەوروبەر، کەچی لە بنەڕەتەوە مانای جوانییەکانی نەهێشت و هەڵیتەکاند، ئەو خۆی بە غەدرلێکراوو نەزان و ساویلکە لە ئاست باشبوون و متمانەکردن و تێکەڵبوون لەگەڵ یارەکەی دەزانێت، لۆمەی خۆی دەکات، پەشیمانبوونەوەو پیاچوونەوە بۆ گەڕانەوەو دووبارەنەکردنەوەشیان بە بێسوودو لەسەر تێپەڕیو هەژماردەکات، نەزانیی خۆی تا ئاستی بێدەسەڵایی لەبەرامبەر ئەوینێکی ڕاستدا ئەنوێنێت، بێسوودبوونی هەنگاوەکانیشی وەکو وێردێکی بێنرخ لەسەر بەرماڵێکی هەبوو دەبینێت، کە ئەمانەش یەقینیان تا ئاستی گومان و ترس بردووە.
خاکێکم بە عەشق تۆو کردو
داری خیانەتی تیا ڕووا
مەعبەدێکم لە وەفا پڕکردو
فەتوای نەمانی تیادرا
ئەمن دەیان دەستنوێژی یەقینم هەڵگرت
جگە لە دو ڕکات ترس و گومان
نوێژی جورئەتم پێنەکرا
تا لەسەر بەرماڵی وجود
وێردەکانم ئاراستەی زانین بکەم و
لەگوناهی نەزانی پاک ببمەوە
خەیاڵی ڕەنگاڵەییانەی ئەو بۆ پێکەوەبوون لەگەڵ ئەویندارەکەی هاوشێوەی خەیاڵێکی نارنجی بوو، ڕەنگێکی تێروپڕ لە جوانیی و شەوقێکی ترووسک لە ڕەنگدانەوە، بەجۆرێک دێڕی قەسیدەکانی مەیلی ئامادەبوون و تێکەڵاوییان بۆ هۆگربوون و دۆستایەتی و خۆشەویستی لەگەڵ وشە ژەنگگرتووەکان نواند، گەورەییان پێشاندا تا سازانێکی دروست و گونجاو بۆ پێکەوەیی و هەڵکردن بڕەخسێنن، ئەو بێوەفایی و پەراوێزخستنی لەلایەن ئەویندارەکەیەوە بە ساڵێکی شووم و پڕ نەهامەتی و بێ بەها ناودەبات و پێیوایە هەموو یادەوەرییەکانی لەلایەن ئەوەوە وەک ئەو هەورە وایە کە هیچ متمانەیەکی پێناکرێ و لە کەشێکی ساردو گەرمیشدا لە جێی خۆی نامێنێت و بوونی خۆی لەدەستدەدا.
لە دامێنی خەیاڵێکی نارنجیشدا
دێڕی قەسیدەکانم
ئولفەتیان بەوشە ژەنگرتووەکانەوە گرت و
خۆیان دوبارە کردەوە
لەساڵی نەهامەتیدا
لەسەر پەڕاوی یادەوەری هەوردا
بەهێڵێکی گەورە نوسراوە
وەرزی بیرچوونەوە
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس