
ململانێی چینایەتی مانای چییە؟.. چاوپێکەوتن لەگەڵ حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی کاوە عومەر
ئینتەرناسیۆناڵ: بە بۆچوونی ئێوە جگە لە ناڕەزایەتی شەقام و مانگرتنی کرێکاری، خەباتی چینایەتی لە چ فۆرمێکدا ڕوودەدات؟ حەمید تەقوایی: ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی کرێکاران شێوازی ڕوونی خەباتی چینایەتین. بەڵام خەباتی چینایەتی مانایەکی فراوانتر و بنەڕەتیتری هەیە. هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، زانستی، فەلسەفی، هونەری، ئەدەبی و هتد لە کۆمەڵگادا لەسەر ئەو جیاکاری وکێشە و نەهامەتیانەی کە هەن، بەشێکە لە خەباتی چینایەتی. ئەگەر بە خەباتی چینایەتی بڵێین ململانێی چینایەتی (Class Struggleبەوەرگێڕانی وردتری )، چەمکەکە ڕوونتر دەبێتەوە. واتە کێشمەکێش بەمانای بەریەککەوتن و دژایەتی و ڕوبەڕوو بوونەوە لە نێوان بەرژەوەندی چین و توێژە جیاوازەکان و لە نێوان نوێ و کۆن و لە نێوان داهاتوو کە لەدایک دەبێت و ڕابردوو کە سەردەمی بەسەر چووە. ئەمە ئەو ململانێیە کە ئەمڕۆ لە نێوان دوو چینی سەرەکی کرێکاران و سەرمایەدار لە هەموو بوارەکاندا دەگوزەرێت. لە ململانێی بەرزکردنەوەی کڕێوە تا دەگاتە ناکۆکی لەسەر بودجەی خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانیەکان، لە بەرەنگاربوونەوەی فێرکردنی داروینیزم لە قوتابخانەکانی ئەمریکا تا سانسۆرکردنی پۆستەری بێدینەکان لە ئینگلتەرا و لە ئینکاری گەرمبوونی Global Warmingزەوی تا بە فەرمی ناسینی مافی کەوانەکان، هەموویان نموونەی جیاوازی ململانێ یان ململانێی چینایەتین. ئەم ململانێیە هەندێک جار پەرەدەسێنێت و دەچێتە سەر شەقامەکان – وەک بزووتنەوەی داگیرکەر، شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، بزووتنەوەی من چارلی ئیبدۆم، ناڕەزایەتییەکانی هێلەک زەردەکان لە فەرەنسا، بزووتنەوەی می تو (Me Too) و… و هەندێکجاریش لە ئاستی مشتومڕی سیاسیدا دەمێنێتەوە- وەک ڕاست بوون یان نەبوونی گڵوباڵ وارمین ویان مشتومڕی نێوان داروینیزم ودیزاینی هۆشمەند (intelligent desing) ، لە دەرەوەی چینی کرێکارن. بزووتنەوەی کرێکاری لە شێوەی مانگرتن و ناڕەزایەتیدا، شێوازێکی ئاشکرا و بەردەوامی خەباتی چینایەتییە کە ڕاستەوخۆ تەحەدای خاوەنکارەکان و حکومەتەکەیان دەکات؛ بەڵام چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەش چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی پێکدەهێنن. وەک بزوتنەوەی ڕەشپێستەکان لەسەر مافە مەدەنییەکان لە ئەمریکا یان بزووتنەوەی دادخوازی و بزووتنەوەی دژی حیجاب لە ئێران. ئەم بزوتنەوانە بەتەواوی پەیوەستن بە خەباتی دژ بە سەرمایەداریشەوە، چونکە لە سەردەمی ئێمەدا هۆکارو سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و هەڵاواردنەکان سیستەمی سەرمایەدارییە. کاتێک کێشمەکێشی چینایەتی لەسەر دەوڵەت چڕ دەبێتەوە، بە پێی پێناسە، ئێمە لەبەردەم بارودۆخی شۆڕشگێڕانەداین. شۆڕش لە ڕاستیدا لوتکەی ململانێی چینایەتییە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی. دیارە لە ئێراندا ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ١٣٨٨، ١٣٩٦ و ١٣٩٨ و ئەمڕۆش ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی، نموونەی ڕوونی سەرهەڵدانی ململانێی چینایەتیە لەسەر دەوڵەت و سیستمی هەبوو. لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئارادایە. هەر لە بزووتنەوەکانی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەوە (جوڵانەوە کرێکاران، ژنان، گەنجان، قوتابیان، و کەوانە و هتد) تا دەگاتە ململانێ لەسەر پرسە هاوبەشەکانی چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک، وەک بزووتنەوەی دژ بە بێ مافەکانی ژنان و… بە تایبەتی دژی حیجابی زۆرەملی و هەڵاواردنی جێندەری، بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوەی دژی لەسێدارەدان و هتد. خەباتی چینایەتی هەموو ئەم ناڕەزایەتی و ململانێیانە لەخۆدەگرێت. ئینتەرناسیۆناڵ: کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێژیمێکە پارێزەری لە سەرمایەدارەکان و پێوەندیەکانی سەرمایەداری دەکات و زۆرێک لە سەرکردەکانی بوونەتە سەرمایەداری زەبەلاح لە ئێران. بەڵام توێژێک سەرمایەداری زەبەلاح کە پەیوەندییان بە حکومەتەوە نییە، دەیانەوێت بیڕووخێنن. ئایا ئەم خواستی ڕوخاندنەی بەشێک لە چینی سەرمایەدارانیش هەر بەشێکە لە خەباتی چینایەتی؟ حەمید تەقوایی: بە بڕوای من ڕووبەڕوو بوونەوەی توێژە چینایەتییە سەرمایەدارەکان لەگەڵ حکومەتەکەیان کە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران نموونەیەکی توندی ئەوە، ڕاستەوخۆ بەشێک نییە لە ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگادا؛ بەڵام دەرئەنجام و ڕەنگدانەوەیەتی. کاتێک بەشێک لە چینی دەسەڵاتدار کە دەوڵەتی چینەکەی خۆی دەبێنێت کە بێ توانایە لە کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، دەچێت بەرەو ئۆپۆزسیۆن. ئەمەش خۆی دەرکەوتەی واقیعێکی گشتیترە. لە هەموو سیستمە سەرمایەدارییەکاندا، بزووتنەوە و حزبی جۆراوجۆری بۆرژوازی لەسەر چۆنیەتی پاراستنی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان لە کۆمەڵگادا دروست دەبن، کە لە ڕووی سیاسییەوە جیاوازن لە یەکتر. لە دیموکراسی پەرلەمانیدا ئەم ناکۆکییانە لە هەڵبژاردنەکاندا دیاری دەکرێن، لە سیستەمی دیکتاتۆریشدا، بە پیلانگێڕی و کودەتا و هێز. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا بابەتی ناکۆکی ناوخۆیی حیزب و هێزەکانی بۆرژوازی (چ ڕیفۆرمخواز، لیبراڵ، کۆنەپەرست، فاشیست و هتد)، لەسەرچۆنیەتی پاراستن و بەهێزکردنی تەواوی سیستەمی سەرمایەدارییە. ئەم ڕاستییە لە هەلومەرجی سیاسی ئێراندا بە ڕوونی دەبینین. دژایەتی هێز و لایەنە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ کۆماری ئیسلامی لەبەر ئەوەیە کە پێیان وایە ئەم حکومەتە هەموو سیستمی خوازراوی چینەکەیانی خستووەتە مەترسییەوە و ئەم سیستەمە خوازراوە بۆ پاشایەتیخوازەکان کە بەشێکی سەرەکی لە باڵی ڕاستی- ئۆپۆزسیۆنن، هیچ نییە جگە لە گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆری شاهانە کە ٤٥ ساڵ لەمەوبەر، کۆمەڵگە چارەنووسی خۆی لەگەڵ یەکلایی کردووە و ئێستاش کە ئەم هێزانە لەژێر گوشاری بزوتنەوەی ژن ژنان ئازادیدا پێداگری لەسەر شۆڕش و ڕووخاندن دەکەن، بەئاشکرا بەرگری لە سوپای پاسداران و بەسیج و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەن بە مەبەستی “پێشگرتن لە ئاژاوەگێڕی”. ئەم دۆخە ئەو ڕاستیەدووپات دەکاتەوە کە تەنانەت کاتێک بەشێک لە هێزە سیاسییە بۆرژوازییەکان ناچار دەبن لەدژی حکومەتەکەیان بووەستنەوە، ئامانجیان ڕێگریکردنە لە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمەدا کەهەیە. لە ڕاستیدا لە ڕیزبەندی خەباتی چینایەتیدا، هەموو هێزە ڕاستڕەوەکان، لە ئۆپۆزسیۆن و لە حکومەتدا، لە دژی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵک دادەنرێن، کە ئەرکیان بنبڕکردنی هەر جۆرە هەڵاواردن و نایەکسانی، هەژاریی و نائەمنی ئابووریەکە. ئینتەرناسیۆناڵ: چ کاتێک دەتوانرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت کە خەباتی چینایەتی لە بەرژەوەندی کرێکاران کۆتایی هاتووە؟ ئایا خەباتی چینایەتی لە بنەڕەتدا بە دامەزراندنی سۆسیالیزم کۆتایی دێت؟ حەمید تەقوایی: ئاشکرایە کە دامەزراندنی سۆسیالیزم ئامانجی کۆتایی چینی کرێکار و حزبەکەیەتی، بەڵام ڕێگای گەیشتن بەو ئامانجە ستراتیژییە، چەندین نەبەرد و پێشکەوتن و دەستکەوت لەخۆدەگرێت. سەپاندنی مافی ڕشتەیی و مەدەنی (مافی ڕێکخستن، مافی مانگرتن، کەمکردنەوەی کاتی کارکردن، زیادکردنی کرێ و…)، وە جێبەجێکردنی ئەو داخوازییە خۆشگوزەرانیانەی کە هەموو کۆمەڵگە لێی بەهرەمەندە (چاودێری تەندروستی و خوێندنی بێبەرامبەر، کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، بێکاری و بیمەی پزیشکی و هتد) خزمەتگوزارییەکانی خۆشگوزەرانی) هەموویان دەستکەوتی بزووتنەوەی کرێکاری و دەرئەنجامی سەرکەوتنیەتی لە شەڕە چینایەتییە بەردەوامەکاندا. ئەم پێشکەوتنانە هەم بارودۆخی ژیانی کرێکاران و تەواوی خەڵک باشتر دەکەن و هەم هەلومەرجی سەرکەوتنی کۆتایی، دامەزراندنی سۆسیالیزم، فەراهەمتر دەکەن. دەستداماڵینی سیاسی بۆرژوازی و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی خاڵی وەرچەرخانە لەم پرۆسەیەدا، هەرچەندە خۆبەخۆ بە مانای دامەزراندنی سۆسیالیزم نییە؛ بەڵام سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی چینی کرێکارە بۆ ئەوەی بەرەو دەستداماڵینی ئابووریی بۆرژوازی و بەدیهێنانی سۆسیالیزم و دواجار لەناوبردنی چینەکان بڕوات. لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن چینی کرێکارەوە، هێز و حزبە بۆرژوازییەکان وەدەرنراوە بۆ ئۆپۆزسیۆن؛ بەڵام سیستەمی چینایەتی دەم دەست لەناو ناچێت. خەباتی چینایەتی تەنانەت دوای ڕووخانی سیاسی چینی سەرمایەداریش بەردەوامە؛ بەڵام ئەمجارەیان بە چینی کرێکار لە دەسەڵات و بۆرژوازی لە ئۆپۆزسیۆن. لەم دۆخەدا چینی کرێکار لە پێگەی دەوڵەتەوە، کەلە شێوەی شوراکان جەماوەی خەڵکی لەخۆدەگرێت و لە دەسەڵاتدارێتیدا بەشداری پێکردووە، و بە پشت بەستن بە یاسا و دەسەڵاتی حکومەتی شوراکان، لە پێگەی زۆر بەهێزترەوە، بەردەوام بن لە خەباتکردن بۆ ڕزگارکردنی هەموو کۆمەڵگا لە هەر جۆرە جیاکارییەک و زاڵبوونێکی چینایەتی. ململانێی چینایەتی کاتێک دەگاتەکۆتایی، یەکەم، کار چالاکیی داهێنەرانە و ئازادانەی هەر تاکێک بێت و مەرجی پێشوەختە نەبێت بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانی خۆی و دووەم: دەوڵەت بە مانای ئۆرگانێکی سیاسی لەناوچووە و بووەتە ئۆرگانێکی ئیداری. واتە کاتێک بە بڕوای مارکس کۆمەڵگەی مەدەنی گەشەیسەندووە بۆ “کۆمەڵگەی ئینسانی، یان ئینسانیەتی کۆمەڵایەتی”. ٤