(من)ـایه‌تی له تۆغیانی هه‌ڵكه‌وتنیدا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ
خه‌یاڵ بۆ ئه‌وه ده‌چێ له‌وه‌ته‌ی ئاده‌مزاد قۆناغی كۆكردنه‌وه‌ی بژێوی به‌جێ هێشتووه و گه‌یوه‌ته قۆناغی جێگیربوون و عاقڵی به پاوان و پاوانخوازی شكاوه ، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی منایه‌تی تێدا بزوتووه..
با شاش نه‌چین ، مه‌به‌ست لێره هه‌ر ئه‌و (منایه‌تی)یه نییه كه بیریارانی چه‌پ و ڕاست لێكیان داوه‌ته‌وه ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی باس له دڵتاریكی و كینه‌جوویی و چزوو وه‌شێنی و فشار پێكهێنانه به خۆدیده‌یی و هه‌موو ئه‌و ده‌رگا و بانه ئاشكرا و نهێنییانه‌ی ده‌چنه‌وه سه‌ری.
ئێستا منایه‌تی به هه‌ڵپه‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌دا ته‌شه‌نه‌ی كردووه ، ده‌رفه‌تی لێكهه‌ڵاوێردنی نه‌وه‌كانیشی وێكهێناوه‌ته‌وه ، تۆ ده‌توانی (منایه‌تی) چۆن له به‌ناو ته‌مه‌ندا چوویه‌كدا ببینی ، ئاوه‌هاش له تۆلازێكی هه‌رزه‌كار ، له گه‌نجێكی كامڵدا هه‌ست پێ بكه‌ی..
با خه‌یاڵمان دوور نه‌ڕوا كه له‌وه حاڵی نین به‌شێكی ڕواڵه‌تی پێشكه‌وتن له‌خۆ خوێندنه‌وه‌دایه كه ڕه‌گه‌زی كێبه‌ركێ و ململانێ دروست ده‌كا و ئیكسیری پێشكه‌وتنه ، به‌ڵام ئه‌و دیارده‌یه‌ش كه ده‌گاته سنووری به‌خۆوه‌ژییه‌تی و حیساب نه‌كردنی به‌رامبه‌ر ته‌نانه‌ت له‌وه‌نده‌ی له توخمی ئاده‌میایه‌تیدا كۆده‌بنه‌وه ، شیرازه‌ی ژیان له باڵ یه‌ك ده‌ردێنێ ، بنیاده‌م ئه‌و بوونه‌وه‌ره جوانه ، له باتی ئه‌وه‌ی ببێته كانگه‌ی كۆڕگه‌رمی و جوانیی ژیان و دره‌وشانه‌وه‌ی ، زۆر له‌و گیانه‌وه‌رانه دڕنده‌تر ده‌رده‌كه‌وێ كه ئێمه وه‌ك ئاده‌می و مرۆڤ به دڕنده‌یان ناو ده‌به‌ین هه‌ر ئه‌و منایه‌تیه‌شه له به‌ته‌نێی و یه‌ك یه‌ك ژیاندا سه‌رچاوه ده‌گرێ و ڕاده‌ی ئه‌م په‌ڕی )عه‌داله‌ت)یش به زیندووی چاوان ده‌نێژێ ، به‌و ئاسته‌ی )منایه‌تی) خودی خۆیشی له‌بیر ده‌باته‌وه ، ئینجا تۆ بیری لێ بكه‌وه..
ئه‌وه‌ش تیوراندن و پرسیارپێچكردن نییه ، دیارده‌یه‌كه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سرووشتی ئاده‌مزادیشدا بێ ، هیچ وه‌ختێك وه‌ك ئێستا دیار و هه‌ڵكه‌وتوو دوور له‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ ویژدان په‌ره‌ی نه‌سه‌ندووه ، به‌و چه‌شنه هه‌موو چین و توێژ و ئاست و وه‌چه جیاوازه‌كانی گرتووه‌ته‌وه..
هیچ وه‌ختێكیش به‌و جۆره ئاسۆی به نادیاری نه‌شاردووه‌ته‌وه و به لێڵی ده‌رنه‌خستووه .
لێره‌ڕا ده‌خوازێ تا ئاسۆمان به‌دوایی لێ ون نه‌بووه بڕیار بده‌ین به هه‌ر ڕاده‌یه‌كی وه‌ك مرۆڤ له‌سه‌ری كۆك ده‌بین پێكه‌وه بین..
با تاقیی بكه‌ینه‌وه ، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش بێ .