Skip to Content

فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..6/ ستیڤان شەمزینی

فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..6/ ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 6, 2021 General, Opinion

ستیڤان شەمزینی
بەشی شەشەم

ئەمڕۆ رۆژێکی ناخۆشە، تەلەفزیۆنەکان تەنیا بۆنی مەرگ و بارووت و خوێنیان لێدێت، ختووکەی هەستە ساناتۆسییەکانمان ئەدەن. هەموو شتێک بۆنی شەڕی گرتووە، شەڕێک کە ئێستا ناوێرم بڵێم ناڕەوایە چوونکە بە تۆمەتی خیانەت بە میقسەڵە ژەنگاوییەکەی شۆڕش سەرم لە لاشە دەکەنەوە. بڕیارمداوە وەک هەموو رۆژەکانی تر سەرخۆش بم و خۆم بێئاگا بکەم لەم کۆمەڵگەیە کە سەرچۆپی و خەنەبەندانییەتی بۆ ئەو کوشتارە بێمانایەی لەسەر دەسەڵات لە کوردستان هەیە. کارەباش نییە، بۆیە دەچم بۆ هۆڵی میدیا، دەخوێنمەوە و گوێ لە پارچە مۆسیقای “مۆنامۆر” دەگرم. دوێنی لە خوێندنەوەی رۆمانی “الحب فی الزمن کولیرا” ی گارسیا مارکیز بوومەوە، لەوانەیە ئەمڕۆ شتێک لە گوڵە بەدەکانی “بۆدلێر” بخوێنمەوە. دوای ئەوەش ئەڕۆم بۆ باڕی “نزار” لە خوار چایخانەی شەعب، چاوەڕوانی برادەرێکیش ئەکەم بە رێکەوت بیبینم و پێکەوە دوو پێک بۆ خەمی قووڵی نیشتمان هەڵدەین.
ئەگەرچی پارتی بیست رۆژێک پێش ئێستا، لەلایەن خۆیەوە شەڕی راگرت، بەڵام هێشتا لە بواری کرداریدا، هیچ هەنگاوێک بۆ ئاشتی نییە. پێموایە هەردوولا ماندووبوون لە شەڕ، رەنگە جۆرە رێککەوتنێک بهێننە دی بە لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندیی هەردوولا، لەبەرئەوەی شەڕەکە وەک ئەوە نییە لە راگەیاندنەکانەوە باسی لێوە ئەکرێ، چوونکە چەند وردە رۆشنبیرێک وا بۆی چوون و پێیانوایە کە دوای 31ی ئاب و پێکهێنانی بەرەی ئەنتی پارتی “هاوپەیمانی دیموکراتی کوردستان” هیچ ئومێدێک بۆ پێکەوەهەڵکردن و گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و پارتی نەماوە بەو جۆرەی لەکاتی “بەرەی کوردستانی”دا هەبوو. لێدوانەکانی مەسعود بارزانیش کە وتبووی “دەستی خۆم ئەبڕم گەر جارێکی دیکە دەست بخەمەوە دەستی تاڵەبانی” تەنیا قسەیەکی عاتیفییە و باهۆزی بەرژەوەندییەکان رایدەماڵێ.
لایەنی دووەمی پرۆسێسەکە ئەوەیە، ئەو شەڕەی نزیکەی سێ ساڵە و هەشت مانگە بەردەوامە لە پای چی؟ ئەو هەموو خوێنە لە بەرژەوەندیی کێ؟. لەوە تێناگەم ئەو خەڵکە چۆن بڕوایان کرد کە شەڕەکە دەستبەسەراگرتنی پارەی گومرگی برایم خەلیلە لەلایەن پارتییەوە؟ خۆ شەستەکان و زەمەنی مەلایی و جەلالی گومرگ لە ئارادا نەبوو. ئەی شەڕی هەکاری و پاکتاوی هەشتاکان بۆ چی بوو؟؟! نەخێر ئەمە شەڕی دەسەڵاتە و مافی خەڵک تەنیا ناونیشانێکە بۆ بەردەوامی و رەواییدان بە کۆنەپەرسترین شەڕی باڵەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی. لەلای پارتیشەوە ئەوەی لە رۆژنامە و تەلەفزیۆنی “گوڵان”ەوە ئەوترێ تەنیا درۆ و پاساوداتاشین و سەفسەتەیە. ناوزەدکردنی تاڵەبانی بە شەیتان و شاگردی “مەکیاڤیلی” تەنیا هەوڵێکی پووچە بۆ مودمینکردنی شەڕکەر و جەماوەری حزبەکەیان.
کە ساڵی 1992 هەموو شتێک لە نێوان پارتی و یەکێتی فیفتی فیفتی دابەشکرا، ئێمەی کۆمۆنیستەکان وتمان کوا ماف و ئازادیی خەڵک؟ لە بادینان هاوڕێ نەزیر عومەر “ئارام” و لە سلێمانیش “بەکر عەلی”یان تیرۆر کردین!! ئەو زەمەنە کە وەزارەتی دارایی بە دەست یەکێتی و کاک “دارۆ”وە بوو، بۆ باسی برایم خەلیل نەبوو؟ ئەوسا کە داهاتی کوردستانیان وەک برا بەش دەکرد بۆچی پارتی نەیدەووت جەلال تاڵەبانی پیلانگێڕی ئەکا؟ دیمەنەکە ئاشکرایە، شەڕەکە شەڕی بەرژەوەندییەکانە، کەی بەرژەوەندییەکانیان کەوتە ئاشتی وڵات ئەکەن بە ماستی مەیو.. سیاسەت قێزەونە و مەڵێن شێت بووی گەر بڵێم دوور نییە رۆژێ بێتە پێشەوە دووبارە برابەشی داهات و دارایی کۆمەڵگە دابدۆشن و قاقاش لێدەن بۆ ئەو “کەر”انەی خۆیان لە شەڕی ناوخۆدا بە کوشتن داوە.

20-12-1997

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 24-27 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.

Previous
Next
Kurdish