Skip to Content

وابڕوات، جیهان دەبێتە دوو جیهان.. فازیل شەوڕۆ

وابڕوات، جیهان دەبێتە دوو جیهان.. فازیل شەوڕۆ

Closed
by August 6, 2021 General


گەرچی مێشکی مرۆڤ، یەکێکە لە ئاڵۆزترین لوغزی بوونی مرۆڤ و کاری خالقی هەسارە بێسنوورەکەمان، زانایانی پسپۆڕی ئەم بابەتە، زۆر نهێنیی گەورە و بە سوودی ئەو پێکهاتەی جەستەی مڕۆڤیان کەشف کردووە، کە هەر لە (٣-٥٪) جەستەمان پێکدەهێنیت و لە (٢٠٪)ی وزەی لەشمان بۆ خۆی دەبات.

زانایان دەڵێن، مێشکی مرۆڤ، بەرهەمی گۆڕانکاریی و ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی چەندان ملیۆن ساڵەی بوونی ئێمەیە. لێ خێرایی گەشکردن و پڕزانیاریکردنی لەو سەدەیی دواییدا، بێسنوور و کاریگەرە. ئەوەشمان لەبیر نەچی کە هەر (١٠٪)ی مێشک بەرپرسە لە ئەنجامدانی داهێنان و گواستنە و ئاڵۆگۆڕی زانیارییەکان کە پێدەگوتریت(بیرکردنەوە)، وە لە (٩٠٪)ەکەی دیکەی، وەک بەردەست و کارگۆزار، کاردەکات بۆ خزمەتکردنی ئەو بەشە بچووکەی بەرپرسی (بیرکردنەوەیە)، هەرچەندە، هەموو بەشەکانی مێشک بەیەکەوە، لە هەموو چرکەیەکدا کاردەکەن، بەڵام کارەکانیان جیاواز و فرەشێوەیە.

لە پۆلی پێنجەمی ئامادەیی( پۆلی ی١١ ئێستا)، جاران لە کتێبی ئینگلیزی بابەتێک دەخوێندرا، کە کابرایەک (١٠٠) ساڵ دەخەوێت و کە چاودەکاتەوە، شتێ ئەوتۆ دەبیێنت، کە ناچیتە ئەقڵ… . ئێمە خوێندکاری ئەوکات، ئێستا، نەک تەواویی ئەو شتانە، بەچاوی خۆمان دەبینین و بەکاریان دەهێنین، بەڵکۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەردەم، داهێنانی ئەوتۆی کردووە، کە هەر لە سیحر و ئەفسانە دەچن و ڕۆژانە هی سەیر و سەمەرتر دەبینین.

ئێستا، پرسیارەکە ئەوە نییە (١٠٠)ساڵی دیکە، چ داهێنان و تەکنەلۆژیا و زانیارییەک بەرهەمدێنین، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە، ژیان لە (١٠) ساڵی داهاتوودا چ گۆڕانکارییەکی بەسەردادێ، هەرنەبێ لە رووی زانست و تەکنەلۆژیاوە؟


لەوەتەی فامدەکەم، لە کۆمەڵی ئێمەدا، نەک هەر باوانەکان دەڵێن:(نازە خانی کچم… کاکە هێڤی کوڕم… دەبێتە دکتۆر، ئین شائەڵڵا!) بەڵکو، مامۆستا و ڕابەرەکانیشیان لە دەفتەر و لەسەر پەڕەی ئەزموونەکان بۆیان دەنووسن: ئافەرین دکتۆرە ناز… ئافەرین دکتۆر هێڤی… . جا جێگیربوونی خەونی (بوون بە دکتۆر)یش لە سوونگەی ئەوەدانییە، کە ئەوان دەبنە فریادڕەسی نەخۆش و دەردەدار و پەککەوتووەکان، بەڵکو هەم بۆ پێداهەڵگوتنە بە ژییری و لێهاتووی ئەو منداڵانە و شانازیکردنشە بە داهاتووی ماددی زامنکراوی ئەوان. گەرچی تەمەنم لە نێوەندی پەروەدەکاریدا بەڕێکرد ــ بۆ سۆدرەی سەران ڕۆژێک، نەمدیت و نەمبیست، بەڕێوەبەر، ڕابەر، مامۆستا، لە وتارێكدا، لە هەڵبەستێکدا، لە ئاماژەیەکدا، پایە و مەقامی کەناس و کارگوزار و شۆڤێر و پینەدۆز…. باسبکەن. لە کاتێکدا با یەک ڕۆژ بەردەست و کارگوزارەکانی نەخۆشخانەیەک، مان بگرن ئەوجا دەزانن، حاڵی دکتۆرەکان چۆن دەبێ!

خوێنەری بەڕێز، ئەوەی، لێرەدا دەیخوێنیەوە، نە خەونە نە خەیاڵ، بەڵکو پەرۆشییە بۆ بێئاگایی بەرپرسان و داهاتووی پاشکەوتەی نەوەکانمان، ئەگەر زوو بەئاگا نەێنەوە و هەنگاوی جددی بۆ گۆڕانکاریی ڕێشەیی لە سیستەمی پەروەردەی وڵات نەکەن. جیهان، ئیمڕۆ روو لەیەک لەو دوو ئاراستەیە؛ ئاراستەی گەشەی تەکنەلۆژی و زامنکردنی خۆشگوزەرانی تاکەکان… وە ئاراستەی چەقێن و تەراتێنکردن لە خاڵی جێگیری نەگۆڕ و قوڕبەسەر کردنی نەوەکانی داهاتووی نزیک… .

مەڵێن، “گوریس بە یەکسەری نەدەگەیشتە و جەنابیشت…. .” من لەناو جەرگەی گۆڕانکارییەکاندام و لە نزیکە و دەزانم و دەبینم، چ نەخشە و پلان و بەرنامەیەک، (لەو وڵاتانەدا) ئامادە دەکرێت بۆ خزمەتکردنی ئاێندە، دەشبینم، ئێمەمانان، سەرەڕای ئەو هەموو بنەما و کەرەستە بایەخدارو مەزنانەی کە خودا پێی بەخشیووین، لە چ پاشەگەردانی، قور ولیتە و زەڵکاوێکدا، ئەو کاتە جوانانەی تەمەن، دەکوژین بەبێ وەدەستهێنانی هیچ داهێنان و بونیاتنانێک… !

هەر (دە) ساڵێکی دیکە، ئەم جیهانە دەبێتە دوو جیهان: ژیان و ژینگەی جیهانی تەکنەلۆژیاو زانست و خۆشگوزەرانی، وە، ژیان و ژینگەی جیهانی جەهل و دواکەوتن و کەوتن.

لە جیهانی یەکەمدا، نەوەیەک دێنە سەر سەکۆی ژیان، پێیان دەڵێن (نەوەی ئەلفا) (Alpha Generation)، بیرکردنە و پێشە و کارکردنی ئەوان، ‌ ئاسمان و ڕێسمان جیاوازە لەگەڵ، ئەوەی ئێمە لە پڕۆگرامی خوێندندا هەمانە. ئەوان هەم ژیانی خۆیان هەم ئایندەیان زامندەکەن بە کارکردن:

(لە بوارەکانی ڕۆبۆت)دا: چاککردنەوەی ڕۆبۆت، چاودێریکردنی ڕۆبۆت، کارپێکردنی ڕۆبۆت، بەرنامەڕێژیکردنی ڕۆبۆت، ئەمزموونگەرایی ڕۆبۆت، بونیاتنانی بەهاکانی ڕۆبۆت، داهێنەرانی ڕۆبۆت، جوانکاریی ڕۆبۆت، نووسینگەی ڕۆبۆت، پێشەنگاو نمایشکردنی ڕۆبۆت، فرۆشگای رۆبۆت…. .

(لە بوارەکانی داتا)دا: زانای داتا، لێکۆلەری داتا، دەرهێنەری داتا، شیکەرەوەی داتا، چاودێری داتا، پسپۆڕی پاراستنی داتا، بریکاری داتا، دەڵال و فرۆشیاری داتا… .

(لەبوارەکانی فڕۆکەوانی)دا: فڕۆکەی بیفرۆکەوان، بەڕێوەبەری بنکەی ئەو فڕۆکانە، ئەندزیاری ئەو فرۆکانە، شۆڤێری تەکسی ئەو فڕۆکانە، فیتەری ئەو فڕۆکانە، پۆلیسی هاتووچۆی ئاسمانی ئەو فڕۆکانە، دیزاینەری ئەو فڕۆکانە، بەرکاربەری ریمووت کۆنترۆلەکان، نووسینگە و پێشەنگای کڕین و فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە… .
(لە بورەکانی تەندرووستی)دا: گەنجکردنەوەی پیرەکان، پارێزەرەی تەندرووستی ئەقڵی خێزان، خزمەتکاریی بەساڵاچووان، ڕێکخەری جیناتەکان، بەهێزکەر و گەشکەری مێشک، ئاڵۆگۆڕکردن و چاککردنی جینات.

(لە بوارەکانی زیرەکیی دەستکرد)دا: سەرپەرشتیاریی زیرەکیی دەستکرد، نووسەری زیرەکیی دەستکرد، مۆزیکژەنی زیرەکیی دەستکرد، هونەرمەندی زیرەکیی دەستکرد، کارگێری زیرەکی دەستکرد، شارەزای زیرەکی دەستکرد، پارێزەری ئاسایشیی ئیلکترۆنی ئەو زیرەکییە، بەکاربەری زیرەکی دەستکرد… .

(لە بوارەکانی هاتووچۆ)دا: فەرمانبەری بنکەی هاتووچۆی زیرەک، ، فەرمانبەری دارایی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ، ئەندازیاری ڕێگەی زێرەک، چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە، تیپی خاوێنکردنەوە، بنکەکانی داگرتن (شەحنکردنەوە)، دیزاینەری ئۆتۆمبیل و گالیسەی تازەبابەت.
(لە بوارەکانی بلووتوس)دا: ئەندازیاری بلووتووس، یاساناسی بلووتووس، دیزاینەری بلووتووس، کارگێری کۆمپانیای بلووتووس، پسپۆڕی بەکاربەری بلووتووس، فرەکاری بلووتوس، بەڕیوەبەری بەرهەمهێنەری بلووتوس… .

(لە بوارەکانی چاپی سێ ڕەهەندی)دا: ئەندازیاری خانووی دیگیتەڵی، دیزاینەری خانووی دیگیتەڵی، وەستای خانوودروستکردنی سێ ڕەهەندی، بەرهەمهێنەری کەرەستەکانی سێ ڕەهەندی، پسپۆڕانی سێ ڕەهەندی لە نشتەرگەریدا، چاپ و چاپەمەنی سێ ڕەهەندی، لێکۆلەری کەرەستەی سێ ڕەهەندی، تەکنەلۆژایی شتە زیندووەکان، ئەندازیارو وەستای چاپی سێ رەهەندی، پشکێنەری ئامێر و کەرەستەی چاودێری چاپی سێ ڕەهەندی، پێشخەرانی بەرانامە و بەرنامەکاری چاپی سێ ڕەهەندی… .

(لە بوارەکانی پارەوپوولی دیگیتەڵی)دا: یاساناسی پارەی دیگیتەڵی، صەڕافی دیگیتەڵی، پسپۆڕی پارەی دیگیتەڵی، بەڕێوەبەری سامانی پارەی دیگیتەڵی، کارگێڕیی تەئمین کردنی پارەی دیگیتەڵی، دیزاینەری پارەی دیگیتەڵی، شیکەرەوەی زانیاری و داتای پارەی دیگیتەڵی… .

(لە بوارەکانی کەرەستەی هەستدار)دا: دیزاینەری کەرەستەی هەستدار، وەستای بەستن و دانانی کەرەستەی هەستدار، جۆڵا و تەونکەری قوماشی هەستدار، ئەندازیاری گواستنەوەی زانیاریی کەرەستەی هەستدار، بەگردرووی قوماشی هەستدار، تەکنیککاری سیستمی هەستدارو چاککردنەوەی… .

(لە بوارەکانی ئاسمان و فەزا)دا: نەخشەدانەری کار و پەیامی تایبەتمەند بە فەزا، بەڕێوەبەری مووشکهەڵدان، تیپی مووشەکهەڵدان، تیپی بارو بارکردنی مووشەکەکان، تیپی کەشناسی فەزا، چاودێریی هاتووچۆی فەزا، سەرپەرشتیاری بنکەی هەڵدانی مووشەک، زانایانی شیکەرە و پشکنینی مووشەی گەڕاوەی لە فەزا، شارەزا لە بواری پاراستنی بەها رەوشتییەکان لە پیشەسازیی فەزادا…

(لە بوارەکانی کان و سەرچاوەکانی فەزا)دا: دۆزەرەوە و کەشفکەری ئەستێرە و ئەستێرۆکەکان، تیپی سەرزەوی بۆ دەرهێنانی کانەکانی ئەستێرەکان، پسپۆڕی هاروردەکردنی کانەکان لە فەزاوە، بەکاربەری ڕۆبۆتەکانی کانەکانی فەزا، زانای پسپۆر لە ماددەکانی ئەستێرەکاندا، کریکاری توواندنەوەی کانەکانی ئەستێرەکان، بەڕێوەبەری شیکەرەوەی داتا و زانیارییەکانی ئەو کانانەی لە فەزاوە هاوردەکراون… .

(لە بوارەکانی وەزی ناوەکی)دا: دیزینەری بەرهەمهێنانی وزەی ناوەکی، ئەندازیاری کارگەی وزەی ناوەکی، تەکنککاری وزەی ناوەکی، سەپەرشتیاریی کارگەی وزەی ناوکی، کارگێریی کۆمپانیای ئەو وزەیە، کۆنتڕاکتەری بەرهەمهێنەری ئەو وزەیە، نەخشەدانەری وەبەرهێنانی وزە لە فەزادا، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی وەزەی ناوەکی…

(لە بوارەکانی پزیشکیی جینی)دا: پێشکەشکاری ڕاچیتەی خواردنی تەندرووست، توێژەری ڕاچێتەی خواردنی تەندرووست، شارەزای خۆراکی تەندرووست، تەکنیککاری پسپۆڕ لە گۆڕینی جینەکاندا، ئەندازیاری ڕێکخەر و هەموارکەری جینەکان، پشکێنەری پسپۆڕی زانیارییەکانی جینی، دیزینەری دروستکەری کۆئەندامەکان لە بواری جینەکاندا… .

(لە بوارەکانی میتڕۆ)دا: نەخشەسازی تؤری میتڕۆ، کریکار لە بواری کاری میتڕۆ، ئەندازیاری سەلامەتیی کریکارانی میتڕۆ، بەکاربەرەی تۆڕی میتڕۆ، وەستای چاککردنەوەی تۆڕی میتڕۆ، پاسەوانی میتڕۆ، چاودێری میتڕۆ… .

(لە بوارەکانی کۆمپیوتەری کۆانتیۆم)دا: بەرنامەداڕێژەری کۆمپیوتەری کۆانتیۆم، شیکەرەوەی زانیاریی کۆانتیۆمی، چاودێریی تایبەتمەندی کۆمپیوتەری کۆانتیۆم، بەڕێوەبەری بواری بەرنامەی کۆانتیۆمی، بەکاربەری بەرنامەی کۆانتیۆمی، چاودێری تەندرووستیی تایبەت بە بەرنامەڕێژی کۆانتیۆمی… (کۆانتیۆم، لقی زانستێکی زانیاریی کۆمپیوتەرە، کە زانیارییەکی بێسنووری ئاماردەکات، بۆ ڕێکخستن و چاککردنەوەی بەرنامەکانی کۆمپیوتەر، بۆ نموونە هاککردنی دەزگایەکی کۆمپیوتەریی… .)

(لە بوارەکانی واقیعی تێکەڵ)دا: ـ تایبەت بە ئاوێتەکردنی ژیانی واقیعی بە زانیاریی دیگیتەڵی و خەیاڵئامێزیدا، بریکاری سەفەری ئەوانەی لە کارەکانیاندا واقیعی تێکەڵ بەرجەستە دەکەن، چارەسەرکەری ئەوانەی لە کارەکانیاندا واقیعی تێکەڵ بەرجەستە دەکەن، ڕاهێنەری ئەوانەی لە کارەکانیاندا واقیعی تێکەڵ بەرجەستە دەکەن، سەرپەرشتیاری ئەوانەی لە کارەکانیاندا واقیعتی تێکەڵ بەرجەستە دەکەن، دیزاینەری گەمەکانی واقیعی تێکەڵ، بەرهەمهێنەری فلیمی واقیعی تێکەڵ، دەرهێنەری ئەو جۆرە فلیمە… .

(لەبوارەکانی گۆشتی دەستکرد)دا: دیزاینەری تاقیگەی زیندوو بۆ بەرهەمهێنانی گۆشت، بەڕێوەبەری خانەی گوشتی دروستکراو لە تاقیگەدا، دیزینەری گێڵکەی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە گۆشتە، ڕاوێژپێکراوی ئەو جۆرە تاقیگەیە، شارەزا لە بوای بەها ڕەوشتییەکانی ئەو جۆرە بەرهەمە، چاودێری ئەو جۆرە بەرهەمە، ئەندازیارو بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە گۆشتە… .

(لەبوارەکانی پڕۆتۆکۆلی ئینتەرنێتی)دا: شارەزا لە داهێنانی بەرنامەی پڕۆتۆکۆلی ئینتەرنێتی، وەستای خانوبەری پڕۆتۆکۆلی ئینتەرنێتی، دیزاینەری پۆشاکی زیرەک پەیوەست بە بەرنامەی ئینتەرنێتی، چاودێری تەندرووستی ئەوانەی لەو بوارەدا کاردەکەن، پسپۆر لە تائمینکردنی کەسەکانی ئەم بوارە، شارەزا لە ئامارکردنی زانیاریی و داتای پڕۆتۆکۆلی ئینتەرنێتی، زانای ئەنترۆپۆلۆژیی لە بواری پڕۆتۆکۆلی ئینتەرنێتی، وەستاو تەکنیککاری ئەو ئامێرانەی ئەو زانستە… .

(لە بواری فێرکردنی زیرەک)دا: دیزاینەری سیستمی فێرکردن و خوێندن بە زیرەکیی دەستکرد، داهێنەر و پشخەری بەرنامەی فێرکردن و خوێندن بە زیرەکیی دەستکرد، ئەندازیار لەو بوارەدا، وەستاو تەکنیککار لەو بورەدا، ڕاهێنەر لەو بوارەدا، چاودێر لەو بورەدا، شارەزا و داهێنەر لەو بورەدا… .

ڕیزبەندێکی درێژ لە گۆڕانکاریی چاوەڕوان دەکرێت، لەم بوارانەی باسمان کردن، لەم چرکەساتەدا کاریان تیدا دەکرێ و داهاتوویان نزیکە، لەم ڕۆژانەدا ئیسرائیل، یەکەم سەبەتە گۆشتی دەستکردی خستە بازاڕەوە.

چۆن ئێستا هەرزەکارەکانمان نازانن، پیشەی مەنجەڵسپیکەرە و مسگەریی و ناڵبەندی و خومچییەتی چیبووە، هەربزانە، زۆریش لەو پیشانەی ئێمڕۆمان دێنە ڕیزی، پیشە کۆنە بەسەرچووەکان و هەر لە فەرهەنگەکاندا ناویان دەمێنێ.

چاوخشانێکی خێرا بە ناوەڕۆکی بەرنامەکانی ئیمڕۆی خوێندن لە هەرێمی خۆماندا، ئاماژەیە بۆ ئاست و ئاراستەی پەروەردە و فێرکردن لەو ناوچەیەدا، کە بۆشاییەکی گەورە هەست پێدەکرێ لە نێوان پڕۆگرامی وڵاتە پێشکەتووەکان و ئەوەی خۆمان. ڕاستە کۆسپەکان زۆرن، بەڵام ماقوولیش نییە، هەروا تەراتێن بکەین و لەسەر بەرنامە و پڕۆگرامە کلاسیکییە بەسەرچووەکاندا بڕۆین. ئەگەر لە کتێبی جوگرافیای، تا ئێستا زەوی، دوو جوولەی هەبێ، ئەوا لە کتێبی جوگرافیای ئەو وڵاتانەدا، فێرخواز فێردەکرێت کە زەوی (١٢) جوولەی هەیە.

تۆ بڵی کاتی ئەوە نەهاتبێ، ئیمەش جوولەیەک بکەین و ئەو قۆناغە تێپەڕینین؟!

وا بڕوا، جیهان دەبێتە دوو جیهان. چەقین لە جیهانی نەزانیدا، تاوانێکی مێژوویی گەلەک گەورەیە دەرحەق بە نەتەوە و مرۆڤایەتی.

گرتەیەکی چەند غەمگین بوو، کە لەم ڕۆژانەدا، باوکێک گوتی:” هەر پێنج منداڵەکەی خۆم لە بەر خوێندن دەرهێناون، متمانەم بە پەروەردە و فێرکردنی ئەم وڵاتە نەماوە!”

(سەرچاوەکان، ئینتەرنیت بە چەند زمانێک.)

فازیل شەوڕۆ ــ دوبلن

Previous
Next