Skip to Content

دار و ڕۆڕۆ.. برایم فەڕشی

دار و ڕۆڕۆ.. برایم فەڕشی

Closed
by August 6, 2021 General


بوون بە بێ ژینگە، نه‌بوونه‌. هەرچی ژینگە دەگرێتەوە، گرێدراوی ژیان و چاره‌نووسی مرۆڤە. گرێدراوی هەست و فانتێزی و بیرو وهزر و فەرهەنگ و تێگەیشتنی مرۆڤە، کە لە ئەدەبیات و هونەر و باوەڕی خەڵکدا ڕەنگی داوەتەوە. مرۆڤ لەو کاتەوە وەک کۆمەڵە کەس دەژیی، ژیانی گرێدراوی سیاسەت بووه‌، ‌هەرچی گرێدراوی ئه‌و بووبێ، لە بازنەی سیاسەتدا مامەڵەی لەگەڵدا کراوه‌.
به‌سه‌رهاتی سرووشت پڕ له‌ کارەساتی و کارەسات هۆی هەڵقەندن و کۆچی زیندەوەران بە مرۆڤەوە لە شوێنی سەرەکی ژیانیان بووە و گەڕیدەبوون و لە شوێنێک نەمانەوە به‌ درێژایی سەدان هەزار ساڵ، دەربڕی ئەوەیە کە لە ژینگە گرینگتر بۆ زیندەوەران نییە. هەر ئەمە، ژینگە بە هەر دوو باردا دەکاته‌ ئامانج چ بۆ ژیان و چ بۆ تێکدانی.
شەڕەکان لە سەرەتاوە هەتا ئەمڕۆ، ئەمە دەردەخەن کە وێرانکردنی ژینگە بەردەوام ئامانجی شەڕ بووە. هیچ شەڕێک لە جیهاندا ڕووی نەداوە کە ئامانجی وێرانکردنی ژینگەی نەبووبێ. دوو شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم بە پانتای شوێنی شەڕەکان وێرانی ژینگەی لێکەوتەوە. بۆمبارانی هیرۆشیما و ناکازاکی لە میانەی شەڕی دووهەم، بۆمبارانی کیمیایی شار و گوندەکانی هەڵەبجە ساڵی ١٩٨٨، شەڕی نێوان ئێران و عێراق، شەڕی باڵکان، شەڕی ئەفغانستان، شەڕی کەنداو، شەڕی داعش، شەڕی ڕژیمەکانی ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق لە گەڵ کورد، بۆمبارانی شارەکانی سنە و سەقز و سەردەشت و پیرانشار وێرانی ژینگەی لێکەوتەوە و لە هەموو ئەو شەڕانەدا، وێرانکردنی ژینگە بەشێک لە سیاسەتی شەڕ بوو. کردنە ئامانجی ژینگە بۆ مەبەستی سیاسی- ئابووریی- تیجاریی قڕژ و چەپەڵ و نامرۆڤانەیە.
کورد لە شوێنێک نیشتەجێیە، کە کۆنترین مەسکەنی نیشته‌جێبوونی مرۆڤە. ئەم مرۆڤە کۆنەی مزۆپۆتامیا (ناوچۆمان) و خەڵکانی کۆنی تری نیشتەجێ لە پانتای شاخ و کێو و دشت و پێدەشت و کەناری ڕۆبار و ناو دارستان و لێڕەوارەکان بەردەوام کەوتونەتە بەر هێرشی قەومەکانی گەڕیدە. ئەو خه‌ڵکانه‌ی تا ئێستا ماونەتەوە و لە ناونەچوون وه‌ک کورد و ئەرمەن و جوو ئەمڕۆش خۆیان و ژینگەیان دەکەونه‌ بەر هێرشی گەڕیدەکانی دوێنێ کە خۆیان بە تورک و فارس و عاڕەب دەناسێنن. میژووی هەرکام لەو گەڕیدانە گرێدراوی کوشتن و وێرانکردن بووە و گرێدراو هه‌یه‌. پەلامار بۆ سەر خاک و ژینگەی کورد و ئەرمەن و جوو ئێستاش بەردەوامە.
حکوومەتی تاران و ئانکارا و بەغدا و دمێشق سەدان گوندی کوردستانیان خاپوور کردووە و تورکیا بە بەر چاوی مێدیای جیهانه‌وه‌ دار زەیتونەکانی عەفرین و دارەکانی باشووری دزیی. ئەو دارانەی ئاوا دزران، ئەو دارستانانەی لە لایەن ئێران و سێ وڵاتی تره‌وه‌ ئاوریان تێبەردرا، تەنیا دار نه‌بوون.
ئەم دارانە ژینگەی کوردستان و ڕواڵەت و سیما و ناسنامەی وڵاتی کوردانن. ئەم دارانە لە بەر کوردبوونیان وەک ئەو مرۆڤە کوردانەی هەڵدەواسرێن و حەوت حەوت لە ناو ماڵی خۆیاندا دەکوژرێن، دەسووتێندرێن و دەبڕدرێنەوە و دەدزرێن. ئەو دارانە بە تەنیا دار و بە تەنیا ژینگە نیین.
لەم وڵاتانە و لە شەڕی مان و نەمانی کورد، دار و ژینگه‌ ده‌وری سیاسی ده‌گێڕن. دار دەکەونە بەر ڕق و توڕەیی و بەر بێبەزەیی. دار کە لە ژینگەی کوردستان خۆیان دیتۆتەوە، وەک کورد سەیر دەکرێن. هەر دارێک لە وڵاتی ئێمە مرۆڤێکە، کە دوور لە ئیرادەی خۆی سیاسی کراوه‌ و کێشراوه‌تە ناو شەڕ.
وێتنامییەکان خۆیان داری لێڕەوار و دارستانیان دەبڕییەوە و لە خۆیان قایم دەکرد و خۆیان دەبوونە دار لە شەڕ لە گەڵ یانکییەکان. دارەکان لە گەڵ سەربازانی ئامریکا بۆ پارێزگاری لە شوێنی ژیانیان چووبوونە بەرەکانی شەڕ. هەر وێتنامییەک کە دەکوژرا، دارێکیش لە گەڵی سللار دەبووە. خوێنی پارتیزان و خوێنی دارەکان جووتی یەکتر دەبوون. دارەکان سەرباز بوون، پێشمەرگە بوون. هیچ ئەمریکاییەک بەزەیی بە دارەکاندا نەده‌هات، ئەوان هەر دارێکیان کە دەکوشت، مرۆڤێک لە گەڵی سللار دەبووە. وێتنامییەکان چەندە فرمێسکیان بۆ سەربازەکانیان دەڕشت، هەرئەوەندەش فرمێسکیان بۆ دارەکان دەڕشت.
ژینگەی سەرگۆی زەوی بە دەستی مرۆڤ، هەر ساڵ و هەر وەرز و هه‌ر ڕۆژ وێران ده‌کرێ. مرۆڤ ده‌نگی ژینگه‌ی خۆی نابیستێ. ئەمساڵ زەوی لە کانەدا، ئوسترالیا، ئامریکا، ئامریکای لاتین لە بەر تەوژمی گەرما چزەی لێهەڵستا، گڕی ناو دارستانەکان لە شوێنێک و لە وڵاتێک نەوێستا و گەیشتە تورکیا و یۆنان و ئیتالیا و سپانیا، ڕێک ئەو شوێنانەی بۆ گوزەران و سەیرانی مرۆڤ تێکدراوە و ساڵانە بە میلیۆن خەڵک ڕوویان تێدەکات بە بێ ئەوەی گوێ بدرێتە وێرانی ژینگە.
ئەوەی ئەمڕۆژانە تووشی تورکیا بووە، سووتانی دار بە تەنیا نییە، دەرخستنی ڕووی فاشیستی و مەیلی تێرنەبووی سیاسه‌تبازان و تاجرانی سێکس و بازاڕیان و حه‌راجخانه‌کانی جه‌سته‌ و فابریکه‌کانی خواردنه‌وه‌ی ئەلکۆلی و ده‌ڵاڵه‌کانی محه‌به‌تخانه‌کانی ئه‌ستانبول و قه‌راخ ده‌ریا و مۆڵگه‌کانی سەیر و سیاحەت و توریسم و مەیلی تێرنەبووی حزبی ئیسلامی حاکم و سوڵتانەکەی ئانکارا و ده‌ڵاله‌که‌ی مه‌زادخانه‌کانی سیاسییه‌، کە لە جیاتی پێڕاگەیشتن بە ژینگە و خەڵکه‌که‌ی بۆ درووستکردنی کاخ و فرۆکەخانە و شوێنەکانی تر ژینگە وێران دەکات.
ئەوەی ئەمڕۆ لە تورکیا ڕوو دەدا بەرهەمی سیاسەتی قڕژ و چەپەڵی حزب و وڵات و خەڵکێکە کە سەد ساڵە بە بیر و تێگەیشتنی فاشیستی گۆژ کراون. ئەوان لە فێرگە و باخچەی منداڵان و زانستگا و ماڵەکان فێر دەکرێن کە “بیر تورک دونیایە دەیەر” تورکێک یەک دونیا دەهێنێ.
بۆ خاوەنی ئەم تێگەیشتنە، وێرانی ژینگە و مرۆڤی جگە لە خۆیان، بایخی نییە. ڕۆڕۆکردن بۆ دارستانەکانی گرێدراوی سیاسەت و فاشیسم، فێڵه‌بازانه‌یه‌!


برایم فەڕشی
٠٤/٠٨/٢٠٢١

Previous
Next