Skip to Content

من و سێبەرەکەم..  خولیا حوسێن

من و سێبەرەکەم.. خولیا حوسێن

Closed
by ئه‌یلول 14, 2022 General, Poems


ورد ورد
ڕێ دەکەین
جارێک لە پێشمەوە
جارێک لە دوامەوە
جارێک لە لای ڕاستە و
هەندێک جاریش لە لای چەپەم
هێواش یان خێرا
لەگەڵ هەنگاوەکانی من
خۆی دەگونجێنێت و
دەڕوا
سێبەرەکەم

بە باشی و
خراپیەکانم
بە جوانی و
ناشرینیەکانم
بە هەبوونی و
نەبوونیەکانم
لە حەسانەوەیی و
لەکاتی ماندوێتیەکانم
دادوەریم بەسەردا ناکا
خودم چۆنە
وەکوو خۆم منی قبووڵە
چاوەڕێی گۆڕانم ناکا
سێبەرەکەم

هەرگیز جارێک
خیانەتی لێ نەکرووم
هەربەتەنها
سێبەرەکم
بۆ ئەزموونیش
قەت قەت
جارێک
خیانەتی لێ نەکردووم
هەر بەتەنها سێبەرەکەم

بەبێ پیلان
هەر جارەی بەرامبەر تاڤگەیەکی زیوین
ڕووبارێکی درێژ درێژی
بە بێ سەرەتا و
کۆتایی
لەنێو دارستانێکی چڕ
یاخود لەدەم دەریایەکی
دوور، دوور
دەگیرسێینەوە
من و سێبەرەکم

هەر سێبەرەکەم و
خۆم
پێیەکانمان رووت دەکەین و
بە هێمنی قاچەکانمان لە زیخ و لمی
دەم کەنارەکان دەخشێنین و
هێواش هێواش
دەڕۆینە ناو
قووڵی دەریا

بێدەنگین
سێبەرەکم و
من
بێدەنگ، بێ دەنگ
شل، شل
خۆمان دەدەینە دەستی شەپۆلەکان و
ون دەبین لەنێو
شینی شەپۆلەکان
ون، ون
لە نێو لەزەتی ون بوون

من و سێبەرەکم
باس لە چێژی بەرکەوتنەکانی جەستەو
ئاو و
زیخ و
لمی دەم کەنارەکان ناکەین و
هێمن هێمن
دوور، دوور، دوور
دەڕوانینە شەپۆلە بێ شومارە
دوورترەکان و
بیر لە هیچ شتێک
ناکەینەوە
جگە لە چێژی ئاوێزان بوونی
ئاو و جەستە و
لەوچرکە ساتە ئەفسووناویەی
کە دەڕوات و نایەتەوە

خولیا حوسێن \کەنەدا

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress