پاكیزه‌ی شنگال…. دۆزه‌خی هه‌میشه‌ی كچ و ژنانی ئێزدییه‌كان … یاسین برایم
(پاكیزه‌ی شنگال…. دۆزه‌خی هه‌میشه‌ی كچ و ژنانی ئێزدییه‌كان )
یاسین برایم _ ڕواندز
—————————————-
له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بی ، پێویستی به سه‌لیقه‌و تێڕامان و قووڵبوونه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی وێنه و كۆد ومانا و واتای نێو دێره‌كانه وله هه‌مانكاتدا ، كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی تره به ئاشنابوون به جوانی و دونیای نێو ده‌قه‌كان. بۆئه‌مه‌ش خوێنه‌ر ، ده‌بێت خاوه‌ن دیده‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی و ئه‌زموونی بێت و به‌رده‌وام له جیهانی ئه‌ده‌بدا نزیك بێت وخه‌ریكی خوێندنه‌وه و خۆڕۆشنبییركردن و توانه‌وه و ڕووچوون بێت به نێو دونیا گه‌وره‌كه‌ی ئه‌ده‌ب . جا قسه‌كردن له سه‌ر هه‌ر ژانرێكی ئه‌م ئه‌ده‌به ، ده‌یان تیۆر و ڕێباز‌و قوتابخانه و دید و بۆچوونی (كۆن و تازه) ، ده‌بنه كلیك و ده‌روازه بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كان .
هه‌موو ئه‌مانه به‌رهه‌می مرۆڤن و بۆئه‌مه‌ش ده‌كرێت ، له‌گۆشه‌نیگایێكه‌وه و به تێڕوانین و تێگه‌یشتنی خۆمان ، شتێك له‌و جیهانه هه‌ڵێنجین و ڕاو بۆچوونی خۆمان بخه‌ینه ڕوو ، ئێمه‌ش بۆ بابه‌تێكی ئه‌وها ، ئاوڕێك له رووداو و نمونه‌ی نێو ڕۆمانی (پاكیزه‌ی شنگال)(1) ده‌ده‌ینه‌وه . ئازار‌و خه‌مه‌كانی كچ و ژنانی ئێزدیی نێو ڕۆمانه‌كه ، به‌دیده‌یه‌كی مرۆڤدۆستانه وخه‌مخۆرانه ، ئاشنایان ببین و هه‌ڵگری خه‌م و ئازاره‌كانی ئه‌وان بین ، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه قیزوه‌نه، له بیر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه به زیندووی بمینێته‌وه و له به‌رچاوان بێت.
ڕۆمانێك ، تژی له كاره‌سات و هاوار و خه‌م و فڕمێسكڕشتن. خوێناوی له خوێنی بێتاوانان و ڕه‌ش له‌لایه‌ن هێزی تاریكپه‌رست و شمشێر به‌ده‌ست. شه‌ڕی ناشیرینكردنی هه‌موو جوانییه‌كان و له‌كه‌داركردن وسوكایه‌تیكردن به به‌هایه‌كانی مرۆڤ. وێرانكردن وسڕینه‌وه‌ی سومبله ئایینییه‌كان و مزگه‌وت و په‌رستگه‌و كه‌نیسه‌كان وگۆڕی پیاو چاكان و ته‌نانه‌ت ته‌قاندنه‌وه‌ی گۆڕی پێغه‌مبه‌ران و ماڵی خواش! له لایه‌ن ئه‌وانه‌ی خۆیان به نوێنه‌ری خودا ده‌زانن. جا هێزێك ئه‌مه كار و كرده‌وه‌ی بێت ، دڕنده‌یی و بێبه‌زه‌یی ئه‌وانه ده‌رده‌خات ، كه چ هێزێكی ترسناك و پیس و قین له دڵن. ده‌بینین سه‌رجه‌م مافه‌كانی مرۆڤ ، پێچه‌وانه جێبه‌جێده‌كرێت. مافی منداڵ و ژن و به‌ساڵاچوان و ئاژه‌ڵان و دار‌و دره‌ختیش له ژێرخانه‌ی سفر خۆی ده‌دۆزێته‌وه. له جێبه‌جێكردنی فه‌رمانێكی خودا (به‌قسه‌ی ئه‌وان) ، سه‌دان فه‌رمانی خودا پێشێل ده‌كرێت. ڕۆمانێك ، پڕه له وشه‌ی غه‌مناك ودێری خوێناوی و وێنه و چیڕۆكی ناخهه‌ژێن.
گێڕانه‌وه‌ی مێژووێكی ناشیرینی ئه‌م سه‌ده‌یه ، كه تێدا نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست وئایین و مه‌زهه‌به‌كان و دووچاری چه‌وسانه‌وه‌و ڕه‌گه‌زپه‌رستی وسڕینه‌وه وله ناوبردن ده‌بنه‌وه. تاوانگه‌ڵێك له پێش چاوی هه‌موو وڵاتان و گه‌لانی دونیا ئه‌نجامده‌درێت. تا نهۆش به چه‌ندین شێواز و رێگا و ئایدیا و ده‌سته و هێزی ده‌مارگیرو نه‌ته‌وه‌په‌رست و ته‌وژمی سیاسیی و ئایینی توندڕه‌و و به‌رگی جۆراوجۆر، درێژه به‌م مێژووه ڕه‌ش و قیزه‌وه‌نه ده‌ده‌ن. كاره‌ساتی شنگال و ئێزدییه‌كان له‌م ڕۆمانه ره‌نگیداوه‌ته‌وه . چه‌ندین لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندی ئاڵۆز‌و جیاواز له خۆ ده‌گرێت. له هه‌ر گۆشه‌نیگایێكه‌وه، بڕوانینه بنیات و داڕشتن وكاكڵ و كرۆكی بابه‌ته‌كانی ڕۆمانه‌كه. قسه‌و باس و وردبینی قووڵ وشڕۆڤه‌كردنێكی تێروته‌سه‌ڵی ده‌وێت.. ڕۆمانێكه ، مێژوو ، سیاسه‌ت ، ئایین ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، ده‌رووناسی و ئایدیا و فكری توندره‌و و نادادی وچه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ و ژێرده‌ستی و زوڵم و سته‌می ناڕه‌واو ده‌یان رووداو و دیارده‌ی ناشیرین وتاوانی به‌كۆمه‌ڵ و سه‌یر ، له نێو ڕۆمانه‌كه خۆیان نمایش ده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌م تاوانانه بووه وای له (سه‌لیم به‌ره‌كات)(*)ی ڕۆماننوسی گه‌وره كردوه ، ئازار‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئێزدییه‌كان بكاته هه‌وێنی ڕۆمان و پێشانی جیهان بدات.
له ڕۆمانی (پاكیزه‌ی شنگال) ، ئاه وخه‌م و كۆژانی سه‌دان منداڵ و كچ و ژنی تێدایه. پاكی و فریشته‌یی ئه‌وانه‌یه كه هێزێكی پیس و دڕنده و له به‌هاو ڕه‌وشتی مرۆڤ بوون، دایان ده‌ماڵن و ده‌یانكه‌ن به كویله. ده‌نگی خۆڕاگری و بوێری و چاونه‌ترسی ئه‌و كچ و ژنانه‌یه كه به (نا)یه‌كانیان. ملكه‌چی حه‌زو داواكاری ئه‌و هێزه نابنه‌وه‌و (مه‌رگ) به شانازییه‌وه هه‌ڵده‌بژێرن ، نه‌ك دیلی و ژێرده‌ستی. ئه‌م ڕۆمانه ، ژان و ئازاری ژنه دوو گیانه‌كانه. خه‌می منداڵی بێ لانه‌و بێ سه‌رپه‌رشتیاره. ده‌نگ و هه‌ناسه‌ی دایكه جه‌رگ سووتاوه‌كانه. فرمێسك و گریانی ژنه مێردكوژ وكچه به زۆر فرۆشراوه‌كانه. ڕۆمانێك پڕه له تاوان و چه‌وسانه‌وه و خوێن و فرمێسكی مرۆڤه بێتاوانه‌كانی ده‌ڤه‌ری شنگاله.
بڕیارده‌ركردن
هێزێك ، پیشه‌ی خوێنڕشتن و سووتان و گرتن و كوشتن بێت. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌میشه بڕیار به‌ده‌ستن و هه‌رچی بیانه‌وێت ده‌یكه‌ن و شه‌رعییه‌ت به‌كاره‌كانیان ده‌ده‌ن ، تا هێزو ترس له نێو خه‌ڵك بڵاوبكاته‌وه. بڕیار و یاسا و فه‌رمانه به په‌له و تونده‌كانیان ، ژیانی خه‌ڵك ده‌كه‌نه دۆزه‌خ. كاتێك ده‌ڤه‌رێكی زۆر ده‌كه‌وێته ژێرده‌ستیان و هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌بێ جیاوازی ده‌گرن و ئازاریان ده‌ده‌ن. ئه‌می رو گه‌وره‌كانیان ئه‌وها فه‌رمان به چه‌كداره‌كانیان ده‌كه‌ن. كه به‌چ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و مرۆڤانه بكه‌ن ، كه له ژیرَده‌ستی ئه‌وان دان. چۆن فه‌رمانی كوشتن وگرتن و فرۆشتنیان ده‌ده‌ن .
” هه‌ر كافرێك له‌مانه ، بووه مایه‌ی زه‌ڵه‌زه‌ڵ و ده‌نگه‌ده‌نگ بیكوژن، ئه‌و منداڵه‌ی ده‌گری و كپ نابێته‌وه په‌لی بگرن و به‌دیواره‌كه‌یدا بده‌ن… كچه وشه‌ڕكه‌ره‌كان له ولایه‌تی موسڵ بنێرن…. ئه‌و منداڵانه‌ی نێرینه‌ن بیانخه‌سێنن، تاكو له‌سه‌ر بێ جاهێڵه‌كان له به‌ته‌مه‌نه‌كانیان جیابكه‌نه‌وه و بۆ ماڵه‌كانی خه‌لیفه و موجاهید ئه‌مری خودا گه‌وره نه‌بن، ئه‌وانه كۆیله‌ی ئێوه‌ن، به پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌سكه‌وته‌كانیان ، ژنه له نێو خۆتاندا دابه‌ش بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی ده‌مێننه‌وه بۆ فرۆشتن بۆ بازاڕیان بنێرن….ل262″
به پێی ئه‌و لێكۆڵه‌ر وشاره‌زایانه‌ٍی له‌سه‌ر (داعش) ئه‌نجامیان داوه ، ئه‌و زانییاریانه‌یان پشت ڕاستكردۆته‌وه، یه‌كێك له ئامانجه‌كانی داعش ، له ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی ئێزدییه‌كان و ئایینه‌كه‌یان بووه ، بۆئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی له ده‌ستان هات كردیان. به‌ڵام خه‌ونه‌كانیان نه‌چووه سه‌ر.
خه‌ساندن
كرداری خه‌ساندن بۆ ئاژه‌ڵه نێرینه‌كانی وه‌كو (جوانه‌گا و گا و كه‌ر و ئه‌سپ) به‌كاردێت به مه‌به‌ستی به‌هێزبوونی جه‌سته‌و سوود وه‌رگرتن له كاروباری جووتكردن و بارهه‌ڵگرتن . ئه‌گه‌ر ئه‌مه بۆ ئاژه‌ڵ ئازاربه‌خش بێت. ئه‌ی بۆمرۆڤ چ تاوانێكی گه‌وره‌یه ، نێرینه‌كان بخه‌سێندرێن و له پیاوه‌تیی و شه‌هوه‌ت و وه‌چه‌یان بكه‌ن.ده‌سه‌ڵاتدارو شارستانیه‌ت و نه‌ته‌وه زلهێزه‌كان . مێژووێكی ڕه‌شیان له‌م كاره تۆمار كردووه. پاشا و میرو سوڵتان و خه‌لیفه و والی و بازرگان و پاره‌به‌ده‌ست و شمشێربه‌ده‌سته‌كان . له كۆشك و ته‌لار و حه‌رمسه‌راكانی(2) خۆیان، سوپایه‌كی زۆریان له‌م خه‌ساوانه هه‌بووه، بۆمه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان. ئه‌گه‌ر بۆ سه‌رده‌می كۆیلایه‌تی ئه‌مه ڕه‌وا بێت ، هه‌رچه‌نده ڕه‌واش نییه. كه‌چی له سه‌رده‌می ئێستادا ، ئه‌مه تاوانێكه لێخۆشبووونیان بۆ نییه ، به بێ هیچ هۆكارێك كۆمه‌ڵێك منداڵ ، بخه‌سه‌ندرێن. له‌م ڕۆمانه ، دیمه‌نی به‌كۆمه‌ڵخه‌ساندنی تێدایه ، بۆ ئه‌وه‌ی تا مردن ، دیل و ره‌زیلی ده‌ستی ئه‌وان بن!
” … ئه‌و منداڵانه‌ی نێرینه‌ن بیانخه‌سێنن، تاكو له‌سه‌ر بێ ئه‌مری خودا گه‌وره نه‌بن، ئه‌وانه كۆیله‌ی ئێوه‌ن… ل262″
خه‌ته‌نه‌كردن
كارێكی سووك و قیزه‌وه‌ن ، كه مرۆڤ له باسكردندا شه‌رم ده‌كات، كه‌چی ئه‌وان پاكییه‌تی ئافره‌ت له‌و سونه‌تكردنه ده‌بینه‌وه. ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ركچان و ژنان و خه‌ته‌نه‌كردنیان به كارێكی پیرۆز بزانن ، وه‌ك جیهاد سه‌یربكه‌ن. ئه‌وانه‌ی له سه‌ربڕین رزگاریان بووه و نۆره‌ی بنبڕینیان دێته سه‌ر!. ئایا ئه‌مه كاری پیاو وكه‌سانی ئایینییه ، ده‌ست و په‌نجه‌ی لێ هه‌ڵده‌كه‌ن و روو ده‌كه‌نه نێو گه‌ڵیان. ده‌بێ ئه‌و چه‌قۆ به ده‌ستانه، پرسیاریان له خۆیان كردووه، ئاخۆ دایك و خۆشك و كچی خۆیان خه‌ته‌نه‌كراوه وخۆیان خه‌ته‌نه‌ی ده‌كه‌ن؟ یا جورئه‌ت و ئازایه‌تیان تێدایه ، ده‌رپێ له خوشك و دایكی خۆیان بێنه خوارو خه‌ته‌نه‌یان بكه‌ن؟! ئه‌ی خه‌ته‌نه‌كردن و كوشتنی شه‌هوه‌ت و حه‌زی ئه‌م هه‌موو كچ و ژنانه له پێناوچی!! خۆ ئه‌وان به‌خێوكه‌رو ڕێپێدراوی ئه‌وان نین ، تا ئه‌م كاره بكه‌ن. لێره‌شدا باس و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وانه ده‌خه‌ینه روو ، كه هه‌موو مرۆڤایه‌تی شه‌رمه‌زار ده‌كات.
” له خه‌ته‌نه‌كردنی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ری ، هه‌ربه‌ته‌نیا ئه‌و خه‌ته‌نه نه‌كرا، گه‌لێ ژنی لادێی دیلی دیكه‌شیان له گه‌ڵ ئه‌و دا خه‌ته‌نه‌كرد…. ل258″
” تۆ ئێزدییه‌كی قه‌حبه‌ی كافری… بڕیار دراوه خه‌ته‌نه‌ت بكه‌ین، ئه‌و پنتكه زیاده‌یه‌ت ببڕن. سوپاسی خودا بكه كه ناتسووتێنین و هه‌ڵتناواسین. ل266″
” به‌سه‌زمانه … باسی بۆكردم چۆن به زۆر لاقه كراوه له لایه‌ن ئه‌میرێكی شیشانییه‌وه… دواجار هه‌لاتبوو، به‌ڵام گرتیان و بردیانه‌وه…. به‌زۆر و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی و دڕندانه خه‌ته‌نه‌یان كردبوو…. ل196″
لاقه‌كردن و سوكایه‌تیی پێكردن پیشه‌ی هه‌میشه‌یان ، بڕوانه ئه‌و كیژو ژنانه ، لاقه‌ده‌كه‌یت وخه‌ته‌نه‌ی ده‌كه‌یت و وه‌ك قه‌حپه سه‌یری ده‌كه‌یت دواتر وشه‌ی كافربوونی ده‌ده‌یه پاڵ . ئه‌وجا سوپاسی ئه‌وان بكه‌یت كه (نه‌یانسووتاندووه و هه‌ڵیاننه‌واسیووه). ئایا ئه‌م سوكایه‌تییه ، گه‌وره‌ترین كوشتن نییه ، ڕۆح و كه‌سایه‌تی بۆ هه‌تا هه‌تایه پارچه پارچه ده‌كه‌یت! به ڕۆژ سوكایه‌تیی و به‌شه‌ویش ، خۆیان به قوربانی ناو گه‌ڵیان ده‌كه‌ن . به كافرو قه‌حپه ناویان ده‌به‌ن ! له‌لایه‌كی تریش پێشبركێ ده‌كه‌ن له سه‌ر كچ و ژنه‌كان له خۆیان ماره‌ده‌كه‌ن و كه تێرده‌بن و ده‌یفرۆشنه‌وه به هاوڕێیه‌كی خۆیان و هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی یه‌كێكی ترده‌ده‌ن.. له‌وانه‌یه جوانترین پێناسه بۆ ڕه‌وشت و كار و كرده‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه ، هه‌ر ئه‌وه بێت ئافره‌تێك به‌م شێوه‌یه باسی ده‌كات.
” له‌م دونیایه‌دا له كوشتن و گان وگولله و پاره وسامان به‌ولاوه، هیچی دیكه نازانێت…. ل186″
سووكایه‌تیی و مردنی هه‌میشه‌یی
كچ و ژنانی ئیزدیی به‌وه ناسراون ، خاوه‌ن ڕه‌وشتی به‌رز و داوێنپاكی و بوێری و ڕاستگۆن. پابه‌ندی ئایینی خۆیانن و له یاسا‌و ڕێسایه‌كانی خۆیان لاناده‌ن و پێگه‌و به‌هاو كه‌سایه‌تیی خۆیان هه‌یه. ئه‌مانه به ئاسانی ئایینی خۆیان ناگۆڕن ، تووشی كوشتن و هه‌ڵواسین ده‌بن ، یان به زۆری ئایینه‌كه‌یان پێده‌گۆڕن و سووكایه‌تییان پێده‌كه‌ن. له‌وانه‌یه دیمه‌نی ئه‌و هه‌رزه‌كارو كیژۆڵه ئیزدییانه ، ئه‌وه‌نده ئازارهێن و خه‌مهێنه‌ر بێت ، هه‌ر له ڕۆژیی دوایی بچێت ، كاتێ نایانه‌وێت ئایینه‌كه‌یان بگۆڕن ، له‌به‌رچاوی خه‌ڵك (نێوبازاڕ) ، به ڕووتی داركاری ده‌كرێن و پرچیان ده‌تراشن و هه‌تكیان ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌وان سوورن له سه‌ر ئایینه پیرۆزه‌كه‌ی خۆیان و به‌رگه‌ی هه‌موو سووكایه‌تییكیش ده‌گرن.. ئه‌م رووداوه ، هه‌ر له رووداوه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی جووه‌كان ده‌چێت كه زمان ناتوانێت بگێرێته‌وه و چاو توانای بینیین نییه ، چونكه ئه‌وه‌نده قیزه‌وه‌نه.
“ئۆتۆمبێله‌كه له له ناوه‌ڕاستی بازاڕه‌كه ڕاوه‌ستا و چوار چه‌كداری لێ دابه‌زین، له پشتی پیكابه‌كه شه‌ش كیژۆڵه‌ی ڕووت‌و قووت ، ته‌مه‌نیان نزیكی یه‌كه ، هه‌رده‌ڵێی جمكن و له یه‌ك ڕه‌حمه‌وه ده‌رچوون. له شه‌رم و ئابڕووی خۆیاندا هه‌ر ئه‌وه نییه بتوێنه‌وه…. هه‌موو به یه‌ك زنجیر به‌ستراونه‌ته‌وه…. ل35″
” روخسار ئاوه‌ڵیینه‌كه چووه ناو پیكابه‌كه‌وه ، یه‌كه یه‌كه ده‌ستی له سمتیان ده‌دا، وه‌ك گرانی هه‌ڵسه‌نگێنێ، به شێوه‌یه‌كی شه‌رمه‌زارانه و بێئابڕوانه ئه‌وه‌ی ده‌كرد، بزه‌ی سه‌ركه‌وتنی ده‌خسته سه‌ر لێوی، به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا نووكی داره‌كه‌ی به كۆمی یه‌كێ له كچه‌كاندا كرد….. ل41″
” كه قامچییه‌كه‌یان به‌رزده‌كرده‌وه ، شوێنه‌كه‌ی گورجێ خوێنی لێ ده‌چۆرا، كه قامچییه‌كه‌یان داده‌هێنایه‌وه، پریشی خوێنی جه‌سته‌یان به‌ملاوبه‌ولادا ده‌پرژا، سێیه‌م كچی ڕیزی یه‌كه‌م سه‌ری لاربووه‌وه و له هاواركردن كه‌وت، پێستی بووبووه نه‌خشه‌یه‌ك له خوێن وله ناو گه‌ڵیشیه‌وه میز به ڕان وقاچیا هاته خواره‌وه. ل42″
بوێری كیژ و ژنان هه‌میشه سوورن له سه‌ر ئایینی خۆیان ، ده‌زانن له لایه‌ن ئایینێكی تر ئه‌م سوكایه‌تییه‌یان پێده‌كرێت. ئه‌وان خۆڕاگرن ، له‌به‌رده‌م راسپارده‌و بڕیار‌و یاساكانی ئه‌وان (نا) ده‌ڵێن. به‌ڵام ئه‌وان بێ‌تاوانن له به‌رده‌م هێزێكی وا ، كه دیلی ده‌ستی ئه‌وان و ئه‌وانیش دڕێخی ناكه‌ن له لێدان و ئازار و كوشتن و ملكه‌چكردنیان به زۆره‌مڵی .. كه‌چی ئه‌وان مردنیان پێخۆشتره ، به سه‌ربه‌رزی و شكۆیی ده‌زانن ، نه‌ك مل بۆداواكارییه سه‌پێندراوه‌كانی ئه‌وان دابده‌ن.. بۆ ئه‌مه‌ش نمونه‌ی ئازایه‌تی و هه‌ڵوێستجوانی ئه‌وان ده‌بیندرێت. مه‌رگ هه‌ڵده‌بژێرن، نه‌ك ژینی ژێرده‌ستی و چه‌وساندنه‌وه.
” له‌شه‌رمی نامووسی خۆمدا خه‌ریكه ده‌مرم، هیچم ناوێت له مردن به‌ولاوه….به‌ناوی دینه‌وه به قه‌حبه بووم… هه‌موو ڕۆژێك جاشێك به ناوی دینه‌وه لاقه‌م ده‌كات… هه‌رچی پاكی و خاوێنی له جه‌سته‌مدا هه‌بوو هه‌موویان مژی و پڕیان كردووم له ژار…. ل309″
بوێری ئه‌و كیژیانه زۆرن ، نایه‌نه‌وێت به زۆر وه‌ك ده‌سكه‌وتی شه‌ڕ و له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه ده‌ستدرێژیان بكرێته سه‌ر ، یان له رێگای ماره‌كردنێكی ناچاری و بچنه باوه‌شی دوژمنه‌كانیان ، نه‌خاسمه كه‌سانێك پیر و گه‌وره‌ی وه‌ك باوكیان بۆ تێركردنی حه‌زو ئاره‌زوویان به‌رده‌بنه گیانی ئه‌م كچ و ژنه دیل و داماوانه. نمونه‌ی وه‌ها زۆرن ، له‌م ڕۆمانه په‌نجه بۆ ئه‌و كیژۆڵه‌یه ده‌به‌ین، كه گونده‌كه‌یان تووشی سه‌ربڕین و كۆشتارگه‌ی مه‌زن هاتووه،
“كچێكی تازه هه‌ڵچووی دانیشتووی گوندی (كوجو)خۆی كوشت، كه زانیی وه‌كو ده‌سكه‌وتی شه‌ڕ به ئه‌میرێكیان به‌خشیوه… ئازایانه خۆی خنكاند….ل339″(**)
رووداوه سه‌یره‌كان
رووداو و هه‌واڵی سه‌یرله سه‌ر كار و كرده‌وه‌كانیان گوێمان لێ بووه ، یان له گرته‌ی (ڤیدیۆ و ئینته‌رنێت )، هه‌واڵی پڕ شۆك و جه‌رگبڕمان پێش چاو هاتووه. له‌م ڕۆمانه‌ش ، شتی وا زۆره ، كاتێك كه‌سێك ، كارێك ئه‌نجامده‌دات كه به‌دڵی ئه‌وان نییه ، تووشی سزای توند ده‌بێته‌وه ، كارێك پێش هاتنی ئه‌وان ئاسایی بووه، هیچ شه‌رم و تاوان و ناشیرین نه‌بووه. به‌ڵام ئه‌وان كاری وا نیشانی بكه‌ری كاره‌كان ده‌ده‌ن ، زۆر قیزه‌وه‌نتره.. مناڵێك له سه‌ر گۆرانی عه‌ره‌بی و پانتۆڵا و جگه‌ره و مه‌ی و نوێژنه‌كردن.. به قامچی و دار وپه‌ت ، دۆزه‌خی بۆدروست ده‌كه‌ن…
“گه‌نجێ به هۆی تاوانی جگه‌ره‌كێشانه‌وه له یه‌كێ له چایخانه‌كان پێستی به‌ده‌م قامچیه‌وه داده‌ماڵرێ ، دوو ڕیشداریش هه‌ریه‌كه و سه‌رێكی په‌ته‌كه‌یان گرتووه ، داره‌كه‌ش بۆ شكاندنی قاچی گه‌نجێكی دیكه‌یه، چونكی تاوانێكی گه‌وره‌ی كردووه و پانتۆڵی جینزی له پێدا بووه… هه‌ینی ڕابردوو ژنێكیان هه‌ڵواسی، چونكی ملكه‌چی مێرده مجاهیده‌كه‌ی نه‌بووه. … ل66″
له‌سه‌ر مه‌یخواردنه‌وه‌ش ، به نه‌عل و پێڵاو له مه‌یخۆران ده‌ده‌ن ، گوایه فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری له سه‌ر جێبه‌جێده‌كه‌ن.
” ئه‌مه مه‌یخۆره ، نه‌فره‌تی خودای لێ بێت و شه‌رمه‌زاری بكات… به نه‌عل و لقی دارخورما له مه‌یخۆران بده‌ین…. ل69″
ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ژنان
هه‌ر شوێنێك له لایه‌ن ئه‌و هێزه داگیركرابێت و ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتبێت ، ئه‌گه‌ر بۆ كاتژمێرێكیش بێت ، كاره‌سات و تاوانی خوێناویان ئه‌نجام داوه ، كوشتن و ڕه‌فاندن كاری سه‌ره‌كییان بووه، كچ و ئافره‌ته به شووه‌كان وبگره پیره‌كانیش، وه‌ك ده‌سكه‌وت و خه‌ڵات و پاداشتی سه‌ركه‌وتنیان ڕه‌پێش خۆیان داون . ده‌ستدرێژیان كردونه‌ته سه‌ریان و لاقه‌یان كردوون. ته‌نانه‌ت به‌زۆری و زۆرداری له به‌رچاوی خێزان و باوك و براكانیان یان دایكیان! ده‌ستیان بۆ بردوون و جه‌سته‌ی پاكیان پڕ ژه‌هر وپیسایی وشه‌هوه‌تی بۆگه‌نی خۆیان كردووه.. كچانیان به دیاری بۆ گه‌وره‌كانیان بردوون و ئه‌وانیش وه‌ك گورگی هار، چڕنۆكیان له جه‌سته‌ی ناسكیان گیركردووه .
زۆریشیان له به‌رچاویان هاوسه‌ره‌كانیان كوشتوون و سه‌ریان بڕیوون. یان له‌دایكیان جیاكردونه‌ته‌وه و بۆ كرین و فرۆشتن و بازرگانی پێكردن ره‌وانه‌ی شوێنی تایبه‌ت به خۆیان كردوون. بۆئه‌مه كچ و ژنانی ئیزدیی و مه‌سیحی به بیانووی ئایینی جیاواز و كافربوونیان هه‌رچی خوا پێی ناخۆشه ، له به‌رامبه‌ریان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.. چیرۆَكی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه ئه‌وه‌نده زۆرن ، هه‌موو كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و گوند و شار و ئۆردوگایه‌ك ، چیرۆكگه‌لی وا ، سه‌یرو قیزه‌وه‌ن و سووك و ویژدانهه‌ژێن و توقینیان تێدا ئه‌نجامدراوه.. مرۆڤ له بیستن و بینین و گێڕانه‌وه ، شه‌رمه‌زار ده‌بێت.. مێژوێكی ڕه‌ش و تاریك و خوێناویی و پڕكاره‌سات كه تێدا ژنان قوربانی گه‌وره‌ن!له‌سه‌ر زاری ئه‌و ژنه دۆزه‌خدیوانه ، ئه‌وها باسی تاوانه‌كان ده‌كه‌ن…
“خه‌ڵكێكی زۆریان كوشت ، به بێ هۆ، ده‌ستدرێژیان كرده كچ و كچۆڵه‌كان و ژنه به‌شووه‌كان. ل25″
” له پێش چاوی باوك و برایانه‌وه ده‌ستدرێژییان كردۆته سه‌ر كچه‌كان، ئه‌مه له سه‌ره‌تای داگیركردنه‌كه‌دا ڕووی دا ، ئیسلامی درنده نازانین له كام بیابانه‌وه په‌یدا بوون…. ل58″
” زۆر به ئاسانی هاوسه‌ره‌كه‌میان كوشت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دووگیان بووم و مانگی خۆم بوو، وازیان لێ هێنام…. ل74″
” هاوسه‌ره‌كه‌میان سه‌ربڕی، به به‌رچاومه‌وه، وه‌كو به‌رخ سه‌ریان له له‌شی جیاكرده‌وه…. ل76″
بازرگانی كردن به كچ و ژنان
یه‌كێك له هه‌ره ناشیرینه‌كانی ئه‌و هێزه تاریكپه‌رسته ، بازرگانیكردن به كچ و ژنان و فرۆشتنیان به دۆست و لایه‌نگر و كریاره‌كانی خۆیان. بۆئه‌مه‌ش بازاڕێكی گه‌وره‌یان بۆخۆیان دروستكرد و كه‌وتنه مامه‌له‌كردن به جه‌سته‌ی ژنان و فرۆشتنیان به نرخێكی هه‌رزان. ئه‌مه‌ش جۆرێكه له سوكایه‌تییكردن به مرۆڤ . ئێمه ئه‌و كاره كرین و فرۆشتنی دیل و كه‌نیزه‌كان له چیرۆكه‌كانی (هه‌زارو یه‌ك شه‌وه )(***) ده‌بینن كه چه‌ندین سه‌ده ئه‌م بازرگانیكردنه روویداوه. به‌ڵام بۆ سه‌رده‌می ئێستا و له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌وه ئه‌و په‌ری سوكایه‌تیكردن به پیرۆزییه‌كانی مرۆڤ و ئایین ونه‌ته‌وه‌كان ده‌كرێت.. هێشتاش ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و ژن و كیژۆڵانه به‌م شێوه‌یه بێ سه‌رو شوێن كراون و چاره‌نووسیان نادیاره. هه‌ندێكی تریش ئه‌وه‌نده ده‌ستاو ده‌ستیان پێكراوه له‌و شار بۆ شارێكی تر گواستراوه‌ته‌وه ، وه‌ك ده‌سكه‌وتی شه‌ڕ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه.. ئه‌و هێزه‌ی له پێناو خودا ده‌جه‌نگێت ، دیویكی تری بازرگانیكردن و په‌یداكردنی پاره‌و سامان وماڵه. هه‌رچی حه‌زیان كردووه و ویستوویانه بۆ ده‌ستكه‌وتنی خه‌ون و حه‌زو سامانه‌كانیان.
بێ ماندوو بوون به ناوی مجاهید و ئه‌میر و خه‌لیفه بۆخۆیان ده‌سته‌به‌ر كردوووه. بۆئه‌مه‌ش هه‌میشه به‌دوای كچ و ژنانی جوان وناسك گه‌ڕاون و له ده‌وری خۆیان كۆكردونه‌ته‌وه. یان له نێو خۆیان وه‌ك دیاری و به‌خشیش ده‌ستاوده‌ستیان پێوه‌كردوون. یان له رێگای ده‌لاله‌كانیانه‌وه به پاره‌یه‌كی كه‌م هه‌رزانفرۆش كراوون.
“هه‌موو ژنه ئێزدییه‌كان ، كه‌نیزه‌ی دیلن . زۆربه‌یان له موسڵا و ڕه‌ققه و حه‌له‌ب و فه‌لوجه فرۆشران…. هه‌ر داعشێك به‌شی خۆی له ژنه كه‌نیزه دیله‌كاندا هه‌یه، ده‌توانێت بیانهێڵیته‌وه له گه‌ڵ خۆیدا ، ده‌شتوانێ بیانفرۆشێته‌وه به هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت ، تا شتێ پاره‌ی ده‌سكه‌وێت… ل54″
” ژن و كچه دیله‌كان ده‌فرۆشن، یان به‌سه‌ر موجاهیده‌كاندا وه‌كو دیاری دابه‌شیان ده‌كه‌ن، …. ل152″
خیانه‌ت
كاره‌ساته‌كه ، هه‌ر ئه‌وه نییه ده‌ڤه‌رێك ، ده‌كه‌وێته ده‌ستی هێزێكی بێگانه ودڕنده. ئه‌وی له خه‌یاڵی خه‌ڵكه‌كه به ئاسانی باوه‌ڕناكرێت و ناچێته مێشكیان ، چۆن ئه‌وها به ساناهی و به‌و شێوه به‌رفراوانه هه‌موویان وه‌ك مه‌ڕێك بدرێنه ده‌ستی ئه‌م گه‌له‌گورگانه. پشت له خاك و خه‌ڵكه‌كه بكرێت و به‌رگرییه‌كی ئه‌وها نه‌كرێت كه شانازیی پێوه بكه‌ن.. ئه‌مه‌ش به جۆرێك له فرۆشتن و بازرگانیكردن به پیرۆزیه‌كانیان ده‌زانن.. هه‌مووان پشتی تێده‌كه‌ن . ئه‌م كۆمه‌ڵكوژیه دووباره ده‌بێته‌وه، كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و نه‌ته‌وه و هێز و ده‌مارگیری ئایینی له ڕابردوو به‌رامبه‌ر به ئێزدییه‌كان ئه‌نجامدراوه. بۆیه ئه‌م ڕه‌خنه‌یه به ئاشكرا له ده‌می كه‌سایه‌تییه‌كانی نێو رۆمانه‌كه ده‌بیسترێت ، كه ئه‌مه به خیانه‌ت و فرۆشتن به هێزێكی دڕنده له قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن.
” سه‌گه‌كانی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و حزبه‌كان به ته‌نیا جێیانهێشتین… ل57) ”
ته‌نانه‌ت پرسیاره‌كه ئاراسته‌ی هێزه كوردییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ش ده‌كرێته‌وه كه به‌و شێوه‌یه نه‌بووه شایه‌نی باسكردن بێت . چونكه ده‌ڤه‌رێكی به‌رفراوان ئه‌وه‌ها بدرێته ئه‌و هێزه‌یه كه به‌رگریكردن و شه‌ڕكردن وه‌ك پێویست نه‌بووه.
“هه‌موویان ئێمه‌یان خه‌ڵه‌تاند…حكومه‌ت فرۆشتینی ، پێشمه‌رگه‌ش ئێمه‌ی فرۆشت…من هه‌موو كه‌سوكاره‌كه‌م له ده‌ست دا و كه‌سیان نه‌مان… ل229″
جا خودی كاره‌ساته‌كه ئه‌وه‌نده مه‌زنه ، مێژووی مرۆڤایه‌تی شه‌رمه‌زار ده‌بێت . كه بۆچی ئه‌مه به ئاسانی ڕوویدا. بۆئه‌مه‌ش پرسیارگه‌لێك ، رووبه‌رووی ئه‌وانه ده‌بێته‌وه . كه كه‌مته‌رخه‌م بوون له‌م كاره‌ساته گه‌وره و جیهانهه‌ژێنه. كه تێدا مرۆڤ هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌كات. چونكه ئێزدییه‌كان زه‌ره‌مه‌ندی یه‌كه‌م بوون و خاك وئایین و بنه‌ماڵه‌و خێزانه‌كانیان، بوونه قوربانی ئه‌و شه‌ڕه نه‌گبه‌تییه، كه ئه‌وان بێ‌تاوان وهه‌رچی تاوانی ناشیرینه‌و نه‌خوازراوه به‌رامبه‌ریان ده‌كرێت. برینێكه ساڕێژبوونی نییه له مێژووی ئێزدییه‌كان.
” له هه‌رماڵیكی ئێزدی‌دا، كوژراوێك و ده‌ربه‌ده‌رێك و ونبوویه‌ك و دیلێك هه‌یه…. ل75″
له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه ، مرۆڤ هه‌ست به گه‌وره‌ترین كۆژان ده‌كات. چه‌وسانه‌وه‌و زوڵم و سته‌می و ده‌ستدرێژی و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌و ئایینی ومه‌زهه‌بی . بێبه‌هاكردنی مرۆڤ به بێگوێدان به ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و شكاندنی شكۆ و پیرۆزیه‌كانیان. رووداو و كاره‌ساتی جه‌رگبڕ و ترسناك ، كه تێدا كۆمه‌ڵكوژیه‌ك نیشانی جیهان ده‌دات ، دادگایه‌كان له ئاستیدا شه‌رمه‌زارده‌بن و مافه‌كانی مرۆڤیش له‌م باره‌یه‌وه ته‌نها ده‌بنه قسه‌و برگه و رسته‌ی سواوی نێو به‌یاننامه‌و مانشێتی ڕۆژنامه و تیڤییه‌كان. ئه‌م ڕۆمانه كۆی به‌ڵگه‌و رووداو و مه‌رگ وئازاری بێكۆتایی ده‌ڤه‌ری ئێزدییه‌كانه ، ئاوێنه‌یه‌كی ڕاستی ئه‌و مێژووه‌یه ، كه كچ و ژنان ، له دۆزه‌خی هه‌میشه‌یدا ، ده‌نگی ئازار‌و هاواری بێ‌تاوانیان دێت. برینێكی قووڵه‌و ساڕ‌ێژ نابێت وخوێنی لێ ده‌چۆڕێت . ئازاره‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌ش ، نه هه‌ر به‌نووسینێكی بچووك ، به‌ڵكو ده‌یان فیلم ناتوانرێت مشتێك له خه‌روارێكی رووداوه‌كان بخه‌نه ڕوو.
———————————–
سه‌رچاوه و په‌ڕاوێز :
1. پاكیزه‌ی شنگال، وارید به‌در السالم، وه‌رگێڕانی : ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل، 2018 ، سلیمانی. چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م .
* ڕۆمانی( سه‌لیم به‌ره‌كات) به ناوی (سبایا شنگال)ه.
2. ئافره‌ت له‌ودیو په‌رده‌ی حه‌ره‌مسه‌راكانه‌وه ، حه‌سه‌ن ئازاد، و: وریا قانیع ، چاپی یه‌كه‌م ، 2007، هه‌ولێر.ٍ
**. كۆجۆ : گوندێكی ئیزیدی نشینه و (23) كیلۆمه‌تر له ڕۆژئاوای شنگاله. (داعش) ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌ی كۆمه‌ڵكوژكرد و ژماره‌یه‌كیش به دیل گرتن و ماڵ و موڵكیشان به تاڵان بردن. بۆ زانیاری زیاتر له سه‌ر گوندی (كۆجۆ) و رووداوه‌كه بڕوانه : كتێبی (جینۆسایدی ئێزدییه‌كان … كۆجۆ)، داود مراد خه‌تاری ، وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن : ته‌ها سلێمان ، چاپی یه‌كه‌م ، 2015.
* * * هه‌زار و یه‌ك شه‌وه ، له لایه‌ن (جه‌وهه‌ر مه‌حمود داراغا) وه‌ڕگێراوه بۆ كوردی وله ناوه‌ندی هونه‌ری وڕۆشنبیری ئه‌ندێشه، به چواربه‌رگ، چاپ كراوه. چه‌ندین سه‌ده‌یه ئه‌م چیڕۆكانه ده‌گێردرێنه‌وه‌و به‌شی زۆری چیرۆكه‌كانیش باس له بوونی كرین و فرۆشتنی ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌نیزه‌و خزمه‌تكاروكویله كراون
تێبینی : له هه‌فته‌نامه‌ی (ریگای كوردستان) ، ژ (1143) به‌شی یه‌كه‌م ، ژ (1144) به‌شی دووه‌م ، بڵاوكراوه‌ته‌وه.