ئه‌مریكانیزم و هه‌ژموونی منداڵه له‌نده‌نیه‌كان …. ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
ئه‌مریكا هیچ ناكات له ئێراق جگه لهسوستماتیك كردنی گه‌نده‌ڵی نه‌بێت، به‌مانای كه‌سه گه‌نده‌ڵه‌كان ده‌باته شوێنه هه‌ستیاره‌كانی وه‌ك وه‌زاره‌ت و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تیه‌كان. به‌مه‌ش ئه‌مریكانیزم ته‌نها ده‌موچاوه‌كان ده‌گۆڕێت، چونكه ئه‌وان له نه‌شته‌رگه‌ری ده‌موچاودا، چ له‌وڵاتی خۆیاندا و چ له‌ده‌ره‌وه‌دا ده‌ستێكی باڵایان هه‌یه!
گابرێل گارسیا ماركێز له ڕۆمانی (سه‌د ساڵ له گۆشه‌گیری) له‌زاری یه‌كێك له‌پاڵه‌وانه سه‌ره‌كیه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ی (كۆلۆنێل ئۆرلیانۆ بۆیندیا) ده‌ڵێت؛ (( سه‌یری ئه‌م گووه بكه تێیكه‌وتووین، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێواره‌یه‌ك گرینگۆیهكمان ده‌عوه‌تكرد بۆ ماڵی خۆمان بۆئه‌وه‌ی مۆزی تایبه‌تی ناوچه‌كه‌مان بخوات، ئاوا كه‌وتینه ناو ئه‌م هه‌موو گووه وه …١*))…له‌ئه‌مریكای لاتیندا كه ده‌ڵێن ؛ (گرینگۆ) ئه‌وا مهبهسهتیان ئه‌مریكی سپیه.
به‌مشێوه‌یه له‌و زه‌مه‌نه‌ی سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆره له میسره‌وه بووه پیاوی ئه‌مریكا و له ساڵی ١٩٦٣ گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌شداریكردن له كۆدێتای ڕووخانی حكومه‌تی ژه‌نراڵ عه‌بدولكه‌ریم قاسم و شیوعیه‌كان، ئیدی ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی به‌عسیه‌كان و سه‌دامه‌وه هاته ناو شانۆی ڕووداوه‌كان ٢، له‌و كاته‌وه ئه‌م (گرینگۆیهمان) دهعوهتكردووه بۆئه‌وه‌ی بێت مۆزی ناوچه‌كه‌مان بخوات. هه‌ربۆیه گه‌مه‌كانی گرینگۆ ئه‌مجاره ته‌نها بۆ هێشووه مۆزێك یان دووان نییه، به‌ڵكو بۆ كۆی كێڵگه‌كانی ناوچه‌كه‌یه. لێره‌وه و له‌م گرینگۆیهوه قسه‌ده‌كه‌ین و باس له‌كۆی ناوچه‌كه ده‌كه‌ین و باسی دوا گه‌مه‌ی ده‌كه‌ین له هه‌رێمی كوردستاندا.
بێگومان من وه‌ها چاوه‌ڕوانده‌كه‌م له داهاتوویه‌كی نێزیك‌دا ئێراق هێمنیه‌كی كاتی به‌خۆیه‌وه ببینێت، به‌ڵام تێبینی ئه‌وه بكه‌ن له ملیاره‌ها دۆلاری سامانی ئه‌م وڵاته ته‌نها كه‌متر له سه‌دا یه‌ك به‌ر خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌كه‌وێت…پارادۆكسه‌كه له‌وه‌دایه خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌م هێمنیهش ڕازین، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام نابێت. ئیدی دووباره قه‌یران و دووباره هێمنی و دووباره قه‌یران، ده‌بێته شێوازی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌ناوچه‌كه‌دا. به‌مه‌ش گروپه ئیتینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و مه‌زهه‌بیه‌كان و حزبه سیاسیه‌كان هه‌میشه به‌نیگه‌رانی و گومانه‌وه، له ترسی له‌ناوچوونی شوناسی خۆیان و ژیانیان، له‌ناوخۆیاندا گۆشه‌گیرده‌بن. به‌مه‌ش متمانه به‌یه‌كتری له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌میشه له‌قه‌یراندا ده‌بێت، تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی (گرینگۆ) دێت و قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات. بێگومان وه‌های چاره‌سه‌ر ده‌كات كه قه‌یرانێكی دیكه له‌هه‌ناویدا بخه‌وێت. ئاوه‌ها گرینگۆكان قه‌یران له‌ناو هه‌ناوی خه‌سڵه‌ته كولتورییه‌كان و ئاین و مه‌زهه‌ب و بیروڕای خهڵكهكاندا به‌رهه‌مده‌هێنن.
له‌ڕاستیدا ئه‌م جوڵه‌یه‌ی دوایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێراقی ٢٠١٨ و هه‌رێمی كوردستان و نیشاندانی ئه‌وه‌ی؛ گوایه ئه‌مریكا و ئێران له‌زۆرانبازیدان! جگه له گه‌مه‌یه‌ك نه‌بێت هیچیتر نه‌بوو، جگه لهوههمێك نه‌بێت هیچیتر نییه. ماكۆرگ و حاجی سوله‌یمانی له‌سه‌ر یه‌ك سفره و له‌سه‌ر یه‌ك مێز گه‌مه ده‌كه‌ن و هێشتا ئه‌مریكا و ئێران له‌به‌رژه‌وه‌ندییه گه‌وره‌كاندا هاوبه‌شن. هه‌ربۆیه من بڕوام به كێبڕكێی مه‌كۆرگ و حاجی سوله‌یمانی نه‌بووه، چونكه گه‌مه‌كه ته‌نها گه‌مه‌ی ئه‌مریكانیزمه. به‌مانایه‌كی دیكه، ئه‌م حكومه‌ته نوێیه؛ نه حكومه‌تی چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی ده‌بێت و نه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوكه و نه‌چاره‌سه‌ری فیدرالیه‌تی هه‌رێمه…چ حكومه‌تی نوێی داهاتوویی ئێراق و چ حكومه‌تی نوێیی هه‌رێم جگه له گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان نه‌بێت، هیچیتر نین.
ئه‌م هیلاكیه‌ی ( گرینگۆكان) بۆ دووباره پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێراق و هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌یه هه‌موو گرێبه‌ست و پاره‌كان بێ سێ و دوو له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی خۆیاندا بێ به‌ربه‌ست ئیمزابكرێت و بێ به‌ربه‌ست پاره بڕوات به‌ره‌و ئه‌مریكا. تێبینی بكه‌ن كۆمپانیاكانی ئه‌وروپا (جگه له‌بریتانیا نه‌بێت) كه‌مترین شانسیان به‌ركه‌وتووه. بۆئه‌مه‌ش پێویسته ئێراق بۆ ماوه‌یه‌ك ئارامی به‌خۆیه‌وه ببێنێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش كاتی ده‌بێت، به‌مانای نیمچه ئارامی پڕ قه‌یرانی بچوك و هه‌ندێك جار خوێناوی به‌رۆكی ناوچه‌كه ده‌گرێت.
ئه‌مریكانیزم باش ده‌زانێت له‌گه‌ڵ (ئارامی ته‌واو) دا ئه‌و هه‌سته له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بینادهبێت، به‌وه‌ی دیموكراتیه‌ت ده‌بێت فروانتر بكرێت و ئازادیه كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كان بگاته ئاستێكی باڵا. مرۆڤ كه ئارامی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت، ئه‌وسا خۆشگوزه‌رانی و ژینگهپاراستنی زێده‌تری ده‌وێت، ئه‌مه سروشتی مرۆڤه و سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیه كه نایه‌وێت له‌ناو هه‌ژاری و دوكه‌ڵی جه‌نگ و دوكه‌ڵی كارگه‌ی سه‌رمایه‌داراندا بژی، بێگومان ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه بۆ سه‌ر سیاسه‌تی نیولیبرالیزم له‌ناوچه‌كه‌دا كه له مۆدێلی ئه‌مریكانیزمدا خۆی به‌رجه‌سته ده‌كات.
به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وروپای یه‌كگرتوودا مۆدێلی ئه‌مریكی ناشرینترین مۆدێلی حوكمڕانی كۆمه‌ڵگه‌یه، نه بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ئه‌مریكا بوونی هه‌یه و نه كاژێری كاركردن به‌یاسا وه‌ها ڕێكخراوه كه به‌هاكانی مافی كرێكار و كارمه‌ندی تێدا ڕه‌چاو بكرێت. چینێك ته‌واو له‌سه‌ره‌وه و چینی ناوه‌ڕاستیش ئیداره‌ی سه‌رمایه‌ی مادی و ڕه‌مزی چینی سه‌رمایه‌دار ده‌كات و كۆمه‌ڵگه‌ش له‌ناو هه‌ژاری و نه‌خۆشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و پۆرۆنۆگرافیهت و شمهكخۆریدا وه‌ك كۆیله بۆ ئه‌م سوستێمه كارده‌كه‌ن…مرۆڤ له‌ئه‌مریكا دوانزه كاژێر كارده‌كات، هه‌فته‌ی یه‌ك ڕۆژ پشووی هه‌یه. به‌گشتی مرۆڤ له ڕۆژدا هاتوچۆی بخه‌یته سه‌ر، ڕۆژی زیاتر له شازه‌ده كاژێر كارده‌كات. ساڵی هه‌فته‌یه‌ك یان پێنج ڕۆژت هه‌یه مۆڵه‌تی بێ پاره‌ت هه‌یه. له‌هه‌ندێك كۆمپانیا و شوێنی تر ئه‌م ڕێژه‌یه زیاد و كه‌م ده‌كات، به‌ڵام به‌گشتی وه‌ك مۆدێلی ئه‌ڵمانی یان سویدی یان بریتانی و فه‌ڕه‌نسی و هۆڵه‌ندی نییه، كه كۆتایی هه‌فته پشوو بێت و ساڵی چوار تاوه‌كو پێنج هه‌فته‌ت مۆڵه‌تت هه‌بێت. له‌زۆر وڵاتی ئه‌وروپی مانگی دوانزه له كریسمیس ده‌بڵ مووچه وه‌رده‌گریت.
به‌م به‌راوورده بچوكه ئه‌مریكانیزم له‌وڵاتی خۆشی‌دا مۆدێلێكی خراپه، بۆ نمونه گه‌ر نه‌خۆش بكه‌ویت پاره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ت ده‌بڕدرێت، زۆرجار نیوه‌شه‌و له‌ده‌رگات ده‌ده‌ن و كۆمپانیاكه ده‌یانه‌وێت بزانن به‌هه‌قه‌ت له‌ماڵه‌وه‌یت و نێرسێكت بۆ ده‌نێرن نه‌ك بۆئه‌وه‌ی ئاگای لێت بێت، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی بزانن كحولت خواردۆته‌وه، له‌ماڵیت یان نا، درۆده‌كه‌یت یان نا؟!…ڕۆمانی (پۆست ئۆفیس) ی نوسه‌ری ئه‌مریكی (چارلس بۆكۆفسكی) كه خۆی زیاتر له بیست ساڵ كرێكار بووه، باس له‌و ژیانه شڕه‌ی كرێكاران ده‌كات له ئه‌مریكا كه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ گۆڕانكاری ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی گرانترین كه‌رته، بۆ بچوكترین نه‌خۆشی ده‌بێت پاره بده‌یت، پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی و تاقه‌تپڕوكێن…هاوڕێ ئهمریكایهكانمان؛ چ هاوڕێ كورده ئهمریكایهنمان و چ هاوڕێ ئه‌مریكاییه ئینگلیز زمانه‌كانمان كه هه‌ندێكیان پڕۆفیسۆرن له‌به‌شی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا و یه‌كێكیتریان ئه‌ده‌بی ئینگلیزی و خاوه‌نی چه‌نده‌ها كتێبن. یان هه‌ندێكی تریان زیاتر له چل ساڵه له سهندێكای كرێكاراندا كارده‌كه‌ن، چیرۆكی سه‌یر سه‌یریان ده‌رباره‌ی گیرۆده‌بوونی ئه‌مریكایه‌كان به‌ده‌ست كه‌رتی ته‌ندروستیه‌وه بۆ گێڕاوینه‌ته‌وه.
گه‌ر له‌سه‌ر جاده ئۆتۆمبێل لێتبدات و شۆفێره نه‌ناسراو بێت و ببرێت بۆ به‌شی فریاكه‌وتن، دوایی لیستێكی پشتشكێنی پاره‌ت بۆ ده‌نێرن و ده‌چیته ژێر قه‌رزه‌وه، به‌مانای ده‌وڵه‌ت تێچوونی ڕووداوه نهخوازراوهكانیش ناگرێته ئه‌ستۆ. ته‌نانه‌ت زۆر نه‌خۆشی له‌پڕ كه ده‌برێن بۆ خه‌سته‌خانه چاره‌سه‌ر ناكرێن به‌ته‌واوه‌تی، هه‌ندێكیان ده‌مرن چونكه تێچوونی چاره‌سه‌ریان بۆ دابین ناكرێت. (باراك ئۆباما) هه‌وڵیدا ڕیفۆرمێكی بچوك بكات له‌م بواره‌دا، به‌ڵام (دۆناڵد ترامپ) كه هاته كۆشكی سپی نه‌ك هه‌ر گاڵته‌ی پێكرد، به‌ڵكو كۆی بڕیاڕه‌كانی ئۆبامای هه‌ڵوه‌شانده‌وه. خۆ هه‌موو كه‌سێك بچێته ناو میترۆی نییۆركهوه (وه‌ك نمونه) ده‌بینێت شتێك نییه پێی بڵێین كه‌رتی گشتی و خزمه‌تگوزاری گشتی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ئه‌وروپا ده‌یبینین. ئاوه‌ها تۆ وه‌ك مرۆڤ فڕێده‌درێیته ناو ئه‌م سوستێمهوه و به‌م شێوه ژیانه‌ش ده‌ڵێن؛ خه‌ونی ئه‌مریكی – ئه‌مریكان دریم!
به‌دیوێكی تردا، ئه‌مریكانیزم نایه‌وێت مۆدێلی دیكه له ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌بێت و به‌مه‌ترسی تێده‌گات له‌سه‌ر بوونی خۆی، هه‌ربۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وروپادا هه‌میشه له ململانێدایه بۆئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و سوستێمی سۆسیال و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، وه‌ها بكه‌ن مرۆڤ گه‌ر كاری نه‌بێت بكه‌وێته سه‌ر جاده وبه‌مه‌ش پاڵ به‌خه‌ڵكه‌وه بنێن وه‌ك كۆیله كاربكه‌ن. ئه‌و شته‌ی لێ بستێننه‌وه كه پیێده‌ڵێن هه‌ڵبژاردنی كار و پیشه و بیمه‌ی بێكاری و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌م مۆدێله وه‌نه‌بێت دزه‌ی نه‌كردبێته ئه‌وروپاوه له‌ڕێگه‌ی حزبه لیبرال و كۆنزهرهڤاتیڤهكانهوه، به‌ڵام چه‌پ و سۆسیال دیموكرات و سه‌وزه‌كان به‌رده‌وامن له‌دژایه‌تیكردنی. ئه‌مریكا نایه‌وێت دونیا سوستمێكی وه‌ك ئه‌ڵمانیای هه‌بێت كه ملیۆنێك و چوار سه‌د هه‌زار په‌ناهه‌نده‌ی له‌ماوه‌ی ساڵێكدا وه‌رگرت و پاره‌ی ژیان و ته‌ندروستی و خواردنیان بۆ دابینده‌كات. ئه‌مریكانیزم ئاوه‌ها وه‌ك نه‌خۆشیه‌ك كه له جه‌سته‌ی كاپیتالزمی وه‌حشیه‌وه هاتۆته ده‌ره‌وه، ده‌یه‌وێت دونیا و ژنیگهش پیس بكات. هه‌ر بۆیه تاوه‌كو ئێستاش ئیمزای له‌سه‌ر (په‌یماننامه‌ی كیۆتۆ) نه‌كردووه كه ده‌وڵه‌تان له‌ژێر یاسای ژینگه‌پارێزی ڕێكده‌خات.
لێره‌وه گه‌ر كورد له‌ڕووی ناچاریه‌وه مه‌جبوریش بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا بكات، ئه‌وا نابێت به ته‌واوه‌تی هه‌موو وه‌ره‌قه‌كانی بخاته سه‌ر مێزی قوماری گرینگۆكان، نابێت وڵاته‌كه‌ی خۆی پڕ بكات له زانكۆی بریتانی و ئه‌مریكایی و قوتابخانه‌ی بێگانه تایبه‌ت. نابێت بودجه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ندروستی كه‌مبكاته‌وه. ده‌نا دوایی چۆن ئه‌مریكای لاتینیان گووشی، ئاوه‌هاش كوردستانت به گوشراوی بۆ جێ‌دێڵن. ئه‌مریكای لاتین كاتێك مۆز و مه‌تاتی هه‌بوو پڕی بوو له كۆمپانیا و كارگه و بواژنهوه، به‌ڵام كه مۆز و مه‌تات نرخی نه‌ما، وێرانه‌یان بۆ بهجێهشێتن. گابرێل گارسیا ماركێز له‌سه‌ر زاری پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی (پایز پاتریاركدا) ده‌ڵێت؛ ته‌نانه‌ت ده‌ریای گه‌وره‌یان پارچه پارچه كرد و خستیانه سندوقه‌وه و بردیان، ئێستا جگه له سارایه‌كی بێ سنوور هیچیتر نییه….
ئاوه‌ها ئه‌مریكایه‌كان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وێرانت بۆ جێ‌دێڵن و سه‌ری هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌خۆن كه بوونه دارده‌ستیان. نێزكترین نمونه سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر بوو كه‌ده‌یگووت؛ من به‌سه‌ر پشتی ده‌بابه‌یه‌كی ئه‌مریكی هاتوومه‌ته سه‌ر حوكم…هه‌ر بۆیه تاوه‌كو دواساته‌كانی له‌سێداره‌دانی بڕوای وه‌هابوو، ئهمریكایهكانی هاوڕێی له به‌ندیخانه ده‌رده‌هێنن و ده‌سه‌ڵاتی پێ ده‌به‌خشنه‌وه. ٣
له‌م گۆشه نیگایه‌وه ئه‌مریكانزم هه‌میشه پشتگیری ئه‌و حزب و كه‌سایه‌تیانه ده‌كه‌ن كه بێ ویژادن و ههستمردوون و له‌هه‌موو كاتێكدا ده‌توانن بارودۆخه‌كان پڕبكه‌ن له‌قه‌یران و خوێن، و خه‌ڵك برسی بكه‌ن. بێگومان ئیسلامی سیاسی (شیعی و سونی) و ڕژێمه‌كانی وه‌ك ئێران و توركیا وسوریا وحزبه ئیسلامیه‌كانی دیكه‌ش له‌ناو هه‌مان هاوكێشه‌ی ئهمریكانیزمدان و فاكتۆری قه‌یرانن. ئه‌مریكا بوونیان به پێویست ده‌زانێت، ته‌نها كار ده‌یكات ئه‌وه‌یه جارجاره سنوورداریان ده‌كات.
لێره‌وه هه‌موو گروپێكی چه‌پی ڕاسته‌قینه و هه‌موو گروپێكی ڕۆشنبیران له ده‌ره‌وه‌ی نیولیبرالیزمی ئه‌مریكایی كاربكه‌ن و بنوسن و بیروڕای خۆیان ده‌ربڕن، به‌ر فشار و گه‌مارۆی هێزه لۆكالیه‌كان ده‌بنه‌وه و ده‌نگیان خه‌فه ده‌كرێت و فه‌رامۆشده‌كرێن و له‌پۆستی حكومی و په‌ڕله‌مانی و وه‌زیفی شیاو به‌خۆیان دوورده‌خرێنه‌وه. له‌باری دیكهداشدا بوونی مه‌عنه‌وه‌ی و فیزیكیان ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه.
بێگومان ئه‌مریكا هه‌میشه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌ی ته‌رخانی كردووه بۆ ڕێكخراوه مه‌ده‌نی NGO و میدیاكاران، فیگوری نیولیبرال و میدیاكاری به‌تاڵ و سیاسی سوپه‌ر ستار دروستده‌كات. زانكۆی ئه‌مریكی و زانكۆ تایبه‌ته‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌شێكن له‌و سیاسه‌ته‌ی كه چینێكی ئۆرستۆكرات له لۆكالهكاندا دروستده‌كه‌ن، بۆ هیچ نا، ته‌نها بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی ئهمریكانی و لایڤ ستایلی ئه‌مریكی و تێڕوانینی نیولیبرالیزمانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. بێگومان ئه‌م توێژه ئۆرستۆكراته، ئه‌مریكه‌ن لایڤ ستایلی و ماگدۆنالزییه، له‌داهاتوودا پشتگیری ده‌كرێن بۆ وه‌گرتنی پۆست و پله و وه‌زیفه‌كان له كایه لۆكالیهكاندا، به‌ڵایه‌كی ترن بۆ ڕێخۆشكردنی دزینی سامانی كۆمه‌ڵگه‌كان. هه‌ر بۆیه سه‌یر نییه چ له‌هه‌ولێر و چ له‌سلێمانی ئه‌مریكا و بریتانیا زانكۆكانی خۆیان كردۆته‌وه، هه‌ر یه‌كه‌و له‌ژێر ناوێك‌دا ئه‌میان به‌ناوی زانكۆی كوردستان و ئه‌ویتریان زانكۆی ئه‌مریكی.
ئاوه‌ها له‌ڕێگه‌ی ئه‌م میدیاكار و ڕاوێژكاره ئه‌كادیمیست و ڕێكخراوه‌كانی به‌ناو كۆمه‌ڵگه مه‌ده‌نی NGO و زانكۆی ئه‌مریكی و ڕاپۆرتنوسی سه‌فاره‌ته‌كان، ئه‌مریكا ده‌م و لووت و گوێچكه‌ی خۆی ده‌خاته ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی خاوه‌نی سامانی گه‌وره‌ی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وین. ئاوا به پله‌ی یه‌كه‌م سه‌فاره‌ت و كارمه‌نده‌كانیان له‌پشت مه‌كینه‌ی دروستكردنی قه‌یرانه‌وه وه‌ستاون، و به‌پله‌ی دووهه‌م ڕێكخراوه‌كانی به‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی NGO و خێرخوازیه‌كان. هه‌موو ئه‌مانه ئه‌ركی سه‌ره‌كیان ڕاپۆڕتنوسینه له‌مه‌ڕ خه‌ڵكی ناوچه‌كه و چۆنێتی بیركردنه‌وه‌یان و سیاسه‌ت و حزبه سیاسیه‌كان و كو‌لتور و ئاین و جوڵه‌ی سیاسی و حه‌زه‌كانیان. وورده‌كاری وه‌ها لهڕاپۆرتهكانیاندایه كه ئه‌قڵی خه‌ڵكی لۆكالی ناوچه‌كه مه‌زنده‌ی ناكات. بێگومان له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌زاره‌ها ڕاپۆڕتی ڕۆژانه‌ی ئه‌م ڕاپۆرتنوسه مۆدێرنانه، سیاسه‌تی بردنی قووتی خه‌ڵكی ناوچه‌كه پیاده‌كرێت.
به‌مجۆره ئه‌مریكا قه‌یران بۆ میلله‌تان ده‌خوڵقێنت، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی جوڵاندنی ئه‌م حزب و فیگورانهوه كه له‌هه‌موو شوێنێكدا به ته‌زكیه‌ی سه‌فاره‌ت و بێگانه‌كان له‌حزب و ڕێكخراوه‌كاندا دانراون، بۆ هیچ نا، ته‌نها بۆئه‌وه‌ی پاره‌ی زیاتر بۆقاسهی ئه‌مریكی په‌مپ بدرێت. كه قهیرانهكانیش ده‌گه‌نه خاڵێك په‌مپی پاره‌كه له كار بخات، خۆیان ده‌بنه فریادڕه‌س، بێگومان ئه‌مه سروشتی ئه‌مریكانیزمه ئه‌مه‌ش به‌گشتی ناوی (ڕیكۆلۆنیالیزهكردنه – recolonisation) به‌مانای دووباره كۆلۆنیالیزهكردنی وڵاتانه.
گرنگه ئاماژه به‌وه بكه‌ین، كه داگیركردنی ڕاسته‌وخۆ وه‌ك مۆدێلێك كه له‌سه‌رده‌می كۆلۆنیالی بریتانی و فه‌ڕه‌نسی و ئیتاڵی هه‌بوو، پاره‌و سه‌رباز و خوێنی تێده‌چوو. شۆڕش و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و قه‌یرانی ناوخۆی بۆ حكومه‌تانی داگیركه‌ر دروستده‌كرد. ته‌نانه‌ت مۆدێلی (پۆست كۆلۆنیال) یان (دوای داگیركردن) چیتر به‌كه‌ڵكی فراوانبوونی بازاڕ وبازاڕی جیهانگیری و گڵۆباڵیزم نایه‌ت.
له مۆدێلی پۆست كۆلۆنیالدا دیكتاتۆرێكی وه‌ك سه‌دام، ڕژێمی شای ئێران و قه‌زافی و حافز ئه‌سه‌د و…هتد پشتگیریدهكران، ئه‌وانیش به‌خۆیان و سوپا گه‌وره ترسناك و به پشتگیریی ئه‌مریكاوه، ده‌بوونه پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا. نابێت ئه‌وه ڕووداوه له‌بیر بكه‌ین كه سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر له هه‌شتاكاندا كاتێك ده‌وڵه‌تانی ئۆپێك نرخی نه‌وتیان له‌بازاڕی جیهانیدا به‌رزكرده‌وه و بۆرسه‌ی ئه‌مریكا قه‌یرانی تێكه‌وت، ده‌وڵه‌تی سعودیه هه‌نارده‌ی نه‌وتی خۆی زیادكرد و نرخهكری به‌رز نه‌بۆوه، له‌ولاشه‌وه سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر نه‌ك هه‌ر پابه‌ند نه‌بوو به بڕیاڕی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، به‌ڵكو له‌ژێره‌وه وه‌ك ڕاپۆڕته نهێنیه‌كان باسیدهكهن، نه‌وتی خاوی به به‌لاش بۆ ئه‌مریكاییه‌كان په‌مپدا…به‌ڵام ئه‌م دیكتاتۆره پۆست كۆلۆنیالانه جارجاره شێت ده‌بن و سوپاكانیان له‌دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا به‌كاردێنن و ململانێ ده‌ستپێده‌كه‌ن…هه‌ربۆیه میتۆدی نوێی ئه‌مریكا لێدانی ئه‌م ڕژێمه پۆست كۆلۆنیالانه‌ی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست بوو، له‌ڕێگه‌ی پشتگیریكردنی (به‌هاری عه‌ره‌بی) و خه‌تی ئیسلامی سیاسی له‌ناو هه‌ژموونه نوێیه‌دا. ئامانج وه‌ك ده‌یبنین كۆی ناوچه‌كه له یه‌مه‌نه‌وه بیگره تاوه‌كو كه‌ندا و سوریا و ئێراق و ئێران و توركیا و لیبیا و میسر له‌ژێر مه‌ترسی ئه‌م گروپانه‌دا ده‌ژیت و گیرۆده‌ی ئیسلامی سیاسیه. خه‌ڵكی ناوچه‌كه له‌نێوان ڕژێمێكی گه‌نده‌ڵ و ئۆپۆزیسێۆنی ئیسلامی و شێواز ئیسلامی دۆش داماوه. به‌م میتۆده، له‌نێوان دیكتاتۆر و ئیسلامیزمدا، ئه‌مریكانیزم هه‌ناسه‌ی بزواتی چه‌پ و بزواتی كرێكاری ده‌خنكێنێت و خه‌ونه‌كانی ئازادی میلله‌تان ده‌خنكێنێت و به‌لاڕێیدا ده‌بات.
له‌ڕووی مۆدێلی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی پۆست كۆلۆنیاله‌وه كه له قه‌واره به‌زۆر سه‌پاوه‌كانی وه‌ك ئێراق و ئێران و سوریا بوونیان هه‌یه، ئه‌وا ئامانجی ئه‌مریكانیزم ئێستا ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تۆچكه‌ی پارچه پارچه دروستبن، نه‌ك بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوونیان، نه‌خێر، به‌ڵكو بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی لۆكالیزم و كردنی ئاین و كو‌لتور به شوناسی سیاسی و تیژكردنهوهیان له‌دژی یه‌كتری.
بۆ نمونه؛ ئه‌مریكا له سێپتمبه‌ری ٢٠١٧ دژی ڕیفراندۆمی هه‌رێم بوو، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی چینی سیاسی كوردی ده‌سه‌ڵاتداری به‌دڵ نه‌بوو، نه‌خێر، چونكه ئه‌و ڕیفراندۆمه هه‌ركه‌سێك له‌پشتیه‌وه بێت، ئه‌وا بنه‌ما ترادیتسیۆنهكانی و نهریتهگهراییه نه‌ته‌وه‌یه‌كانی كوردی زیندووده‌كرده‌وه، شوناسێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و كوردبوونی ده‌كرده به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مێژوویی. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و مۆدێله لاوازه نییه كه ئه‌مریكانیزم نه‌خشه‌ی بۆ كێشاوه. به‌مانای مۆدێلی ئه‌وان ڕاسته دانپێدانانه به سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی هه‌رێم و پاراستنی شوناسی لۆكالی و نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام ده‌بێت قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی لاواز و پڕ نیگه‌رانی بین و ئاسۆگه‌ی دیكه‌ی له‌خۆدا هه‌ڵنه‌گرتبێت. هه‌ر بۆیه دوو جوڵه‌ی كرد یه‌كه‌م؛ پاڵپشتی هێزه مه‌زهه‌بیه‌كانی شیعه‌ی كرد. دووهه‌م ؛ ته‌وژمێكی دژه سه‌ربه‌خۆیبوونی له‌ناو خه‌ڵكی كوردستاندا خۆی دروستكرد. ڕۆشنبیر و میدیاكاره‌كانی خۆی خسته گه‌ڕ بۆ دروستكردنی ئه‌و كه‌ش و هه‌وایه. زیره‌كیه‌كه‌ی له‌وه‌دا بوو په‌لاماری ته‌وژمی پۆپۆلیستیان دا له كوردستاندا و كۆی ئه‌كتی سه‌ربه‌خۆییان پابهندكردهوه به ئه‌زموونی خراپی حوكمی بیست و حه‌وت ساڵه‌ی هه‌رێم. به‌مه‌ش وه‌ك هه‌وێری ژه‌هرێك وه‌ها بوو زۆربه‌ی ڕۆشنبیر و سیاسی ئه‌م هه‌ویره‌یان خوارد، بێئه‌وه‌ی مێژووگهرایانه له پرسه‌ی دروستبوونی ڕۆحی نه‌ته‌وه و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بڕوانن.
مه‌به‌ست له‌م نمونه‌یه هه‌ڵسه‌نگاندنی كرده‌ی ڕیفراندۆم نییه، به‌ڵكو تێگه‌یشتنه له‌وه‌ی كه ئه‌مریكانیزم له‌گه‌ڵ هیچ ئه‌كتێك نییه ڕه‌گه مێژوویه قووڵه‌كانی شوناسی نه‌ته‌وه و كو‌لتور بجوڵێنێت، له‌گه‌ڵ هیچ ئه‌كتێك نییه نه‌وه‌یه‌كی تر بێن ڕه‌خنه له (ئه‌كته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان) بگرن و ئه‌و به‌شه ناته‌واوه‌ی ته‌واوبكه‌ن. له‌گه‌ڵ هیچ جوڵه‌یه‌كدا نین كولتوری ناوچه‌كه بخاته به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن و ململانێیه دروسته‌كانی خۆیه‌وه. بۆ زیاتر پشتگیری ئه‌م بۆ چوونه ده‌بێت لێره‌دا ئاماژه به ڕیفۆرمی (دكتۆر موسه‌ده‌ق ) بكه‌ین له‌دژی گه‌نده‌ڵیه‌كانی شای ئێران و ده‌رئه‌نجام شای ده‌رپه‌ڕاند. دكتۆر موسه‌ده‌ق ده‌یویست گه‌لانی ئێران خۆیان نه‌وتی خۆیان بفرۆشن و شوناسه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زهه‌بیه‌كانی خۆیان له‌نێو خۆیاندا بێ كاریگه‌ری ده‌ره‌كی یهكلایبكهنهوه. به‌ڵام له‌ساڵی ١٩٥٣ دا سیای ئه‌مریكی، كۆدێتایه‌كی بۆ ڕێكخست و فڕیاندایه زیندانه‌وه، وه‌ك چۆن ئه‌مریكاییه‌كان دوای چه‌نده‌ها ساڵ دانیان به‌وه‌دا نا، كه كۆدێتاكه‌ی هێنانه‌وه‌ی شای ئێران ده‌زگای سیای له‌پشته‌وه بوو٤
له ئێستاشدا هه‌مان گه‌مه دێرینه‌كه‌یه ، به‌ڵام به میتۆد و پلانی نوێیه‌وه، ئه‌ویش تیژكردنه‌وه‌ی شوناسی گروپه مه‌زهه‌بی و تایفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه، و پڕكردنیانه له‌نیگه‌رانی و بێ متمانه‌یی له نێواناندا. كردنی شوناسه كولتوریی و ئاینیه‌كانه به دیسكۆرسێكی سیاسی، به‌جۆرێك دژایه‌تی یه‌كتر بكه‌ن، چونكه نیو لیبرالیزم له‌ڕێگه‌ی بیرمه‌نده ساخته‌كانیانه‌وه له‌و بڕوایه‌دان؛ كه كولتوره‌كان له‌دژی یه‌كتر له‌زۆرانبازیدان. وه‌ك چۆن چه‌مكی (ململانێیی شارستانیه‌كان) ی هێنایه ئاراوه، كه له‌ڕاستیدا قسه‌یه‌كی بێ‌مانا نه‌بێت، هیچیتر نییه. چونكه شارستانیه‌تیه‌كان یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن، كولتوره‌كان یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن، موزیكی میلله‌تان یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن. كولتوری خواردن و بازرگانی و پیشه‌ی ده‌ستی ژیانی شارستانی نه‌ك له‌زۆرانبازیدا نین، به‌ڵكو به‌بێ یه‌كتری و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا نه‌بێت توانای به‌رده‌وامیان نییه. به‌ڵام ئه‌وه ئه‌مریكانیزمه له دوورگه‌یه‌كی دووره‌وه دێت و ده‌یه‌وێت كولتوره‌كان بكاته دێودرنج له‌یه‌كتری و سیاسه‌تی دژایه‌تی كولتوره‌كان و دژایه‌تی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناوچه‌كه‌دا پیاده ده‌كه‌ن.
گرینگۆكان له‌ڕێگه‌ی سیاسیه‌كانی ناو حزبه لۆكالی و ڕێكخراو و به‌ناو كه‌سایه‌تی و به‌ناو ڕاوێژكارهكانهوه دێنه نێوان ئه‌م پارچه پارچه‌ییه پۆست كۆلۆنیالیهوه و كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. وه‌ك له به‌هاری عه‌ره‌بیدا بینیمان دیكتاتۆره‌كان ڕۆیشتن، به‌ڵام بۆ نمونه (لیبیا) بۆته چه‌نده‌ها ناوچه‌ی دژ به‌یه‌ك ، سوریا له‌سه‌ر زه‌وی په‌رتبووه و ئێراقی دوای سه‌دامیش هه‌ر به‌ناو یه‌كگرتووه و له‌داهاتوودا ئێران و توركیاش یه‌كگرتوویی به‌زه‌بریان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. به‌مه‌ش گروپ و نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه چۆن پێشتر له‌قه‌یرانی خوێناویدا بوون، ئاوه‌ها دیسانه‌وه له مۆدێلی تازه‌ی نیولیبرالیزمدا ده‌كه‌ونه ناو قه‌یرانی خوێناوی نوێوه.
له‌ناو ئه‌م فه‌وزای ئێستای ناوچه‌كه‌دا، فیگورێكی پۆست مۆدێرن و ئهمریكانی وه‌ك (مه‌لیك سه‌لمان) ی گه‌نج له سعودیه له‌ناو خانه‌واده‌ی (ئال – سعود) په‌یدا ده‌بێت و هه‌ژموونی ترادیتسێۆنی نه‌وه‌ی كۆن ڕاده‌ماڵێت. به‌ڵام ده‌بێت تێبینی ئه‌وه بكه‌ین ڕاسته به پۆپۆلیستی و هه‌رای مۆدێرنبوون و عه‌لمانیبوون ده‌ستپێكرد، به‌ڵام به‌گۆڕانكاری كه‌م و ته‌نها له‌فۆرمدا نیشتۆته‌وه، چونكه هێشتا سه‌ربڕین و ده‌ست بڕین و فڕاندن و ئازادی بیروڕا وه‌ك خۆیه‌تی. بێگومان ئه‌مریكانیزم له‌وه‌ش زیاتر ڕێگه نادات (بنه‌ما وه‌هابیه‌كانی) ئه‌م ڕژێمه بگۆڕدرێت كه بێگومان خزمه‌ت به سیاسه‌تی نیو لیبرالیزم ده‌كات له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌مانای ئه‌وه‌نده ده‌گۆڕن كه ته‌نها به‌شی نه‌شته‌رگه‌ری جوانی ستایل ئه‌مریكایی بكات.
به‌مشێوه‌یه نه‌ریته كۆنه‌كانی عه‌ره‌بایه‌تی و كوردایه‌تی و ئیسلامه‌تی و شۆرشگێڕی ته‌قلیدی ده‌گۆڕدرێت به فۆرمێكی تر كه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكانیزم و شۆیهكانی سیاسه‌تدا بگونجێت. ئاوه‌ها له‌م شۆ و نمایشه ئهمریكانیهدا، فیگوری سیاسی له‌ناوچه‌كه‌دا وه‌ك (سوپه‌ر ستار) یان لێ دێت چۆن له‌پڕ به‌ناوبانگ ده‌بن ئاوه‌هاش له‌پڕ ده‌بن به‌هه‌ڵم و هیچ به‌جێناهێڵن. وه‌ك ههمبهگهری مهگدۆنالزیان لێ دێت ته‌نها تامی هامبهرگهری ڕاسته‌قینه ده‌دات و تامه‌كه‌ی وه‌همیه و تێربوونیش ته‌نها بۆ كاتێكی كورته. ئاوه‌ها سیاسی ئه‌م ناوچانه، ده‌بنه كرێكاره هه‌رزانه‌كانی ناو مه‌تبه‌خی ماگدۆنالزی نیولیبرال، بێ مێژوو و بێ به‌ها، چۆن په‌یدا ده‌بن ئاوه‌ها ونده‌بن.
میتۆدی نوێی ئه‌مریكانیزم و لیبرالیزمی نوێی ئه‌م مه‌تبه‌خی مهگدۆنالزه له‌ڕێگه‌ی سهفیرهكانیان و ڕاپۆرتنوسهكانیانهوه، حكومه‌ت و حزب و كه‌سه‌كان ده‌جوڵێنن، پۆپۆلیزم و ئیسلامیزم و مه‌زهه‌بیه‌ت تیژدهكهنهوه، گه‌نده‌ڵه‌كان به‌به‌رگی ته‌كنۆقرات و به‌شێوازی یاسایكردنی گه‌نده‌ڵی جارێیكتر نمایشدهكهنهوه. ئاوه‌ها له‌م كه‌رنه‌ڤاڵه نیولیبرالیهتدا سه‌رمایه‌داری له‌پڕ ده‌بن به‌سیاسی و مه‌لای واعیزی سه‌ر شاشه ده‌رده‌كه‌ون و ده‌بنه ئه‌ندام په‌ڕله‌مان و منداڵی سهكردهكانیش كه له ئه‌وروپا و ئه‌مریكا گه‌وره‌بوون دێنه‌وه ناو وڵات و گه‌مه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن.
له‌دێر زه‌ماندا بریتانیا وه‌ك هێزێكی ئیمپریالی ته‌قیلدی، خه‌ڵكیان ده‌نارده ناو شۆڕشه‌كان و ئه‌وانه ده‌بوون به‌پاڵه‌وان و سه‌ركرده و ڕووداوه‌كانیان ئاڕاستهدهكرد. ئه‌مانه ئه‌م پیاوی بریتانی و هه‌ندێك جار ئه‌مریكایانه دوای مردنیشیان له یاده‌وه‌ری میلله‌تاندا ماونه‌ته‌وه وه‌ك شۆرشگێڕ، به‌ڵام هه‌ر كاتێك زانیوویانه خه‌ریكه ده‌بن به ڕه‌مزێك و نه‌وه‌ی داهاتوو بۆ گه‌ڕان به‌دووی سیاسه‌تێكی نوێ و شوناسێكی بهكاریدێنن، ئه‌وا ئه‌رشیفه‌كانیان ئاشكرا كردووه. به‌ڵام له‌م سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌دا و پۆست مۆدێرن و گڵۆبالیزهیشنهدا چیتر ئه‌م مۆدێله درێژخایه‌نه پێویست نه‌ماوه. چونكه له‌هه‌شتاكانه‌وه ئه‌مریكانیزم میتۆدی دیكه‌ی تاقیكردۆته‌وه وه‌ك دروستكردنی ئه‌فغان عه‌ره‌ب و قاعیده له‌ڕێگه‌ی عه‌بدوڵا عه‌زام و ئوسامه بن لادن و ئه‌یمه‌ن زه‌واهری و موخابه‌راتی پاكستانه‌وه. به‌ڵام كاتێك ئه‌مانه‌ش ده‌بن به‌گرفت، بنه‌مای گه‌مه‌كه ده‌گۆڕدرێت، ئه‌مریكانیزم مۆدێلی خواردنی سه‌فه‌ری یان بڵێین مۆدێلی ماگدۆنالز په‌یڕه‌و ده‌كات، دێت و ئیسلامیزم له‌و خه‌ته ئیخوانییه نه‌ریتگه‌راییه و عه‌زامی و سهیدقوتبی و حه‌سه‌ن بهنیاییهی ده‌ردهێنێت و ده‌یكاته قاپی سه‌فه‌ری و ماگدۆنالیزهی ده‌كات.
چۆن ئه‌مه ده‌كات؟ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ماگدۆنالیزهیه تێبگه‌ین نمونه‌ی پیاوێكی شه‌رمنی وه‌ك (ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی) وه‌رده‌گرین كه ئه‌مریكاییه‌كان باش ده‌یانزانی ئه‌م پیاوه شه‌رمن و بێده‌نگه، ده‌سته ڕاستی (ئهبوموسهعهب زه‌رقاوی) ئه‌میری قاعیده بوو له ئێراق، كه‌چی له‌زیندان ده‌یهێننه ده‌ره‌وه و دوایش ده‌یكه‌ن به‌سه‌ركرده‌یه‌كی ئیسلامی جیهادی توندڕه‌و له باشووری ئێراق و شتێك داده‌مه‌زرێنێت به‌ناوی داعش و دژایه‌تی خۆی بۆ ڕێكخراوی قاعیده ڕاده‌گه‌یه‌نێت. به‌مه‌ش ئه‌مریكانیزم وێنه‌ی جیهادیه‌كان ده‌گۆڕێت له جیهادیستی ته‌قلیدییه‌وه بۆ جیهادیستی ئه‌مریكان ستایل. به‌مشێوه‌یه ده‌ركه‌وتنی (ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ) به كاتژمێرێكی ده‌ستی (ئۆمێگا) ی شه‌ش هه‌زار دۆلاریه‌وه له مزگه‌وتێكی موسڵدا، و به‌م ڕه‌مزه لایڤ ستایل ئه‌مریكانیه‌وه سه‌ره‌تای ستایلێكی نوێ و بێ په‌رده له‌ناو ڕه‌وته جیهادییه نوێیهكاندابانگهشه ده‌كات، ئه‌مریكانیزم ده‌یه‌وێت به‌م وێنه‌یه، له وێنه‌ی پیاوه كۆنه‌كه‌ی خۆی (بن لادن) ڕزگاری بێت.
ڕاسته خانه‌واده‌ی (بن لادن) له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ی (جۆرج ده‌بلیو بوش) له بازرگانی نه‌وتدا شه‌ریك بوون، به‌ڵام كاتێك پیاوه ئیسلامییه، سعودیه ئه‌فغان عه‌ره‌به دروستكراوه‌كه‌ی سیای ئه‌مریكی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه له ئه‌مریكا و له‌سه‌ر شاشه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و به جلێكی ساده‌و كڵاشنكۆفێكی شان و دهوو ده‌ستی ساده‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌م وێنه‌یه وێنه‌ی (ئوسامه بن لادن) ی ملیۆنه‌ره كه نایه‌وێت وه‌ك ملیۆنه‌رێك ده‌ربكه‌وێت، كه‌چی ئه‌بوبه‌كری به‌غدادی لهڕهچهڵكدا هه‌ژار دێت و ئه‌م نه‌ریته جیهادییه ئایدۆلۆژییه خاكییه ده‌گۆڕێت به پیاوێكی هه‌ژار كه وه‌ك (بیزنس مان) به كاتژمێری ئۆمیگای شه‌ش هه‌زار دۆلاریه‌وه و دونیایه‌ك بۆدی گارده‌وه له‌مزگه‌وتێك ده‌رده‌كه‌وێت. جله‌كانی گرانبه‌ها و گرته‌ی كامێراكه‌ی له‌كامێرا هه‌ره به‌رزه (Full HD) و نه‌ك كڵاشینكۆفی خۆی پێ نییه، به‌ڵكو له‌جیاتی كڵاشینكۆڤ زوو زوو به‌مه‌به‌سته‌وه كاتژمێره‌كه‌ی ده‌رده‌خات. به‌مه‌رجێك (ئوسامه بن لادن) هه‌میشه كڵاشینكۆفه‌كه‌ی وه‌ها داده‌نا كه به‌رچاو بێت.
ئاوه‌ها وێنه‌كانی ئه‌مریكانیزم ده‌بینین له‌نێوان دووپیاوی سیای ئه‌مریكدا، دوو وێنه‌ی شۆی ئه‌مریكی جیاوازمان نیشانده‌ده‌ن؛ ئه‌وه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیست و ئه‌وه‌ی دووهه‌زار و چوارده‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك. وێنه‌ی شۆڕشگێڕی ته‌قیلدی و شۆڕشگێری سه‌فه‌ری، سمبولی ئه‌ویان كڵاشینكۆفه و ئه‌ویتریان كاتژمێری ئۆمیگای شه‌ش هه‌زار دۆلاری. به‌م شێوه‌یه به‌غدادی سه‌ره‌تای ئێرایهكی دیكه‌ی ئهمریكانیزمی له‌ناو ڕه‌وته جیهادیهكاندا بانگهشهكرد. به‌و كاتژمێره ئۆمیگا و گرته ڤیدوێیهكی های كوالێتیه‌وه له‌موسڵ، سه‌ره‌تای گۆڕانی گه‌مه‌كه لهئاسۆگهدا ده‌ركه‌وت. به‌جۆرێك، كه قاعیده‌ی (ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری) له‌دژی ئه‌م وێنه نوێیه‌ی ڕه‌وته جیهادیهی ئێراق بوون، چونكه ئه‌وان وه‌ك فیگوری دروستكراوی سیای ئه‌مریكی و درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌فغان عه‌ره‌ب، هه‌ستیانكرد چیتر به‌كه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه نه‌ماون و به‌سه‌رچوون…
ئاوه‌ها داعش وه‌ك سوپه‌رستار وه‌هابوون چۆن په‌یدابوون ئاوه‌ها ڕۆیشتن، به‌مه‌رجێك قاعیده سه‌ر به نه‌وه نه‌ریتگه‌راییه ئیسلامیزمهكه بوو، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین، سه‌ره‌ڕای لاوازبوونی وزه‌ی عه‌سكه‌ری قاعیده، هێشتا ڕه‌گه مێژوویی و ئایدۆلۆژیه‌كه‌ی كارده‌كات و ته‌نها خواوه‌نده‌كان ده‌زانن ئه‌مریكا بۆ كه‌ی هه‌ڵیگرتوون! داعش به‌پێچه‌وانه‌وه مۆدێله مهگدۆنالزهكهی ئیسلامی سیاسی بوو، زۆر زوو سه‌رف بوو.
بۆئه‌وه‌ی زیاتر له مۆدێلی ئه‌مریكانیزم و گه‌مه‌كه‌ی تێبگه‌ین له‌ناوچه‌كه‌دا له نمونه‌ی داعش ده‌رناچین و ئاوڕێك ده‌دینه‌وه، به‌وه‌ی چۆن له‌ماوه‌ی چوار ڕۆژدا، به‌مانای له ٦ حوزه‌یران تاوه‌كو ١٠ ی حوزه‌یران (یونیو ) ٢٠١٤ داعش شاری موسڵیان داگیركرد. پرسیاره‌كه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه؛ چۆن ئه‌م هه‌موو سوپایه به‌رامبه‌ر چه‌ند كڵاشنیكۆف بهشانێك هه‌ڵاتن؟! به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كان دیاربوو، به‌وه‌ی ئه‌م داگیركردن و كشانه‌وه به‌په‌له‌یه له موسڵ، وڵاتانی كه‌نداو و توركیا و ئێرانیشی هه‌ژاند. ئیدی هه‌زاره‌ها گرێبه‌ستی كڕینی چه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ئیمزاكرا و چه‌كی ئه‌مریكی كه ئێستا به‌كه‌ڵكی ئه‌مریكایه‌كان نه‌ماون و سه‌د قات له‌وه نوێتریان هه‌یه، ناوچه‌كه‌ی ته‌نیوه‌ته‌وه. ئه‌مریكا وه‌ك ئه‌و تلیاك فرۆشه وایه كه‌سه‌ره‌تا تلیاكت به خۆڕایی ده‌داتێ به‌ڵام كه موعتاد بوویت به‌گران و سه‌د قات پێتدهفرۆشێتهوه…به‌مجۆره چه‌كی ئه‌مریكی له‌ڕێگه‌ی توركیا و قه‌ته‌ره‌وه له‌سه‌رێكه‌وه درا به‌داعش، له‌سه‌رێكی تره‌وه به كورد و سوپای ئێراقی.
به‌مجۆره له‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌مریكی له‌ناوچه‌كه، ده‌وڵه‌تانی كه‌نداو و توركیاش بۆ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی سه‌ربازی خۆیان، وورده وورده كه‌وتنه كڕینی چه‌كی نوێی ئه‌مریكی. به‌مجۆره دهخیلهكان بهتاڵدهبوونهوه، به‌تایبه‌ت توركیا كه‌وته ته‌ڵه‌ی ئه‌و فۆبیایه‌ی، كه كورد چه‌كی ئه‌مریكی به‌ده‌سته و ده‌خیله‌كه‌ی له‌جه‌نگ و سوپادا ڕۆژ به‌رۆژ به‌تاڵ و به‌تاڵتر ده‌بێته‌وه. ئێستاش له‌لایه‌ك ئه‌مریكا گه‌مارۆی ئابووری خستۆته سه‌ر توركیا و له‌لایه‌كیش سوستێمی به‌رگری ڕۆكێتی له كه‌نداو كشاندۆته‌وه، به‌مانای گه‌مارۆی سه‌ربازی خستۆته سه‌ر كه‌نداو وبه‌ئاشكرا داوای پاره ده‌كه‌ن و توركیاش له‌به‌رده‌م نابووتبوونهدایه، به‌مجۆره ئه‌مریكا به‌ری داگیركردنی موسڵ به‌هێواشی و له‌سه‌رخۆ ده‌چنێته‌وه.
ده‌بێت هه‌میشه ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و بزواته سیاسیه لۆكالانهی دژی گه‌نده‌ڵی كارده‌كه‌ن، كه ئه‌مریكا و ئه‌مریكانیزم هه‌رگیز دژی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران نین، به‌ڵكو ئه‌وانه بۆ سیاسه‌تی نیولیبرالیزم وه‌ك ئه‌و مریشكه وه‌هان كه هێلكه‌ی ئاڵتونیان بۆ ده‌كه‌ن و هه‌میشه داڵده و پشتگیریان ده‌كه‌ن. بچوكترین نمونه؛ هه‌ر له ئێراقدا و ته‌نانه‌ت پێش شه‌ڕی داعش وه‌زیری به‌رگری ئێراقی پێشوو (عبد القادر العبيدي) ، به‌پێی لێدوانی ئه‌ندام په‌ڕله‌مانی پێشووی ئێراق (هاشم الدراجی) كه له لیژنه‌ی په‌ڕله‌مانی به‌دواداچووندا بووه ده‌ڵێت؛ جه‌نابی وه‌زیر (ده ملیار دۆلار) ی بۆ چه‌ند گرێبه‌ستێك ئیمزا كردووه كه له‌بنه‌ڕه‌تدا شتومه‌كه سه‌ربازییه‌كان هه‌ندێكیان نرخیان چل هه‌زار دۆلاره به‌قازانجه‌وه، كه‌چی ملیۆنه‌ها دۆلاری بۆ سه‌رفكراوه! یه‌ك فڕۆكه‌ی جه‌نگی نرخی دووسه‌د هه‌زار دۆلار بووه، كه‌چی جه‌نابی وه‌زیر به‌دوانزه ملیۆن دۆلار كڕیویه‌تی! دوایش جه‌نابی وه‌زیر سه‌فه‌ر ده‌كات بۆ ئه‌مریكا و له‌پڕ ونده‌بێت. دوایی ده‌رده‌كه‌وێت كه له ئه‌مریكا پاڵیداوه‌ته‌وه و نه‌شته‌رگه‌ری ده‌موچاوی خۆی كردووه!٤…ئاوه‌ها به‌ڕێزان ئه‌مریكانیزم كارده‌كات، ده‌موچاوه‌كان وه‌ك وه‌زیری پێشووی ئێراق ده‌گۆڕێت! به‌مشێوه‌یه گه‌نده‌ڵی له‌ڕێگه‌ی ئهمریكانیزمهوه ڕه‌هه‌ندێكی گڵۆباڵ و یاسایی وه‌رده‌گرێت.
جوڵه‌یه‌كی تری ئه‌مریكانیزم له كوردستانی باشوور به‌مجۆره‌یه، به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له به‌ها نهریتهگهراییهكانی شۆڕشی ته‌قلیدیی كوردیی بدات كه له ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه، به‌مانای ده‌یه‌وێت پیره‌كانی شۆڕش فڕێبداته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه. بێگومان له‌ڕێگه‌ی چین و توێژێكی نوێ، كه له‌هه‌ناوی هه‌مان چین و توێژی شۆڕشه‌وه له‌دایكبوون. ئه‌مانه منداڵه ئه‌مریكی و لهندهنیهكانی سه‌ركرده زیندوو و مردووه‌كانی شۆڕشی كوردین.
ڕاسته ئه‌م منداڵانه له ده‌موچاودا جیاوازن، له‌به‌رگ و زمانزانین و ستایلی ژیانی ڕۆژئاوایدا جیاوازان، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا كوتومت كۆپی نه‌وه‌ی پێش خۆیانن. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م كۆنسێپته ئه‌مریكانییه سه‌ره‌تاكانی گۆڕانكاری له هه‌رێمی كوردستاندا له ئاسۆگهدا خۆی ده‌رخستووه؛ ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی ڕاماڵینی نه‌وه‌ی كۆنی شۆڕشه كه له ده‌سه‌ڵاتدان، به‌نه‌وه‌ی تازه‌ی مۆدێرنی له‌دایكبووی هه‌مان نه‌وه، به‌ڵام سه‌د ده‌ر سه‌د پڕۆ ئه‌مریكایی.
ئاوه‌ها چ له زۆنی زه‌رد و له زۆنی سه‌وز و مۆر، له‌ڕێگه‌ی پشتگیركردنی هه‌ژموونی ئه‌مریكانیزم له ناو حزب و بزواتهكاندا، ئه‌م چینه و توێژه پیرانه‌ی شۆڕشی كوردی ته‌قلیدی، له‌ڕێگه‌ی منداڵه ئه‌مریكی و لهندهنیهكانهوه ڕاده‌ماڵرێن و پێگه‌ی سه‌رۆك و جێگری سكرتێری گشتی و ڕێكخه‌ری گشتی گه‌ر لانه‌برێن ئه‌وا ته‌واو كاڵده‌بنه‌وه و ڕه‌مزی ده‌كرێن. ته‌نانه‌ت له‌ناو كۆنزهرڤاتیڤترین حزبی كوردی وێنه‌ی سه‌رۆك ته‌واو كاڵده‌بێته‌وه به هه‌ژموونی نه‌وه‌یه‌كی ئه‌مریكی و پڕۆ ئه‌مریكیه‌كه‌ی. له ناو سۆسیال دیموكراتی كوردیدا ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له له‌نده‌ن گه‌وره بوون، هه‌مان ئه‌رك جێبه‌جێده‌كه‌ن و سیاسه‌تی ماگدۆنالیزهكردنی یه‌كێتی وورده‌وورده ده‌ستیپێكردووه. له‌ناو گۆڕانیشدا منداڵه له‌نده‌نیه‌كان ده‌مێكه هه‌موو سامانی گۆڕانیان به‌تاپۆی ڕه‌ش له‌بنده‌ستدایه و به‌و ئاڕاسته‌یه كارده‌كه‌ن، كه نه‌وه كۆنه‌كه‌ی باوكیان ده‌ربكه‌ن. ته‌نانه‌ت كه وه‌فده ئه‌مریكی بێگانه‌كان دێن، سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو منداڵه لهندهنیهدا كۆده‌بنه‌وه، وه‌ك چۆن له‌ناو یه‌كێتیشدا هه‌مان چیرۆكه. له پارتیشدا به‌هه‌مان شێوه‌یه.
له‌كۆتایدا، من وای بۆ ده‌چم ساڵی داهاتوو، ساڵی كۆنگره حزبیه‌كان بێت، تێدا نه‌وه‌ی كۆن، چ له‌ناو پارتی و چ له‌ناو گۆڕان و چ له‌ناو یه‌كێتیدا ماڵئاوایی بكه‌ن. به‌مه‌ش سه‌رده‌م و ئێرایهك كۆتایی پێدێت. له‌ژێر ئه‌م چه‌تره‌دا ده‌موچاوی بیزنسمانی سیاسی نیو لیبرالی نوێ، وه‌ك چۆن له سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێ‌دا به‌رجه‌سته‌یه، له‌دایكده‌بن و له‌ژێر چه‌تری منداڵه لهندهنیهكاندا كه‌شێكی نوێی سیاسی ده‌ستپێده‌كات، كه كه‌ش و هه‌وای ئه‌مریكانیزمه له‌ناوچه‌كه.
ڕاسته هه‌ندێك سه‌رمایه و پڕۆژه ده‌جوڵێت، به‌ڵام كۆی كوردستان ده‌بێته پرۆژه‌یه‌ك بۆ كه‌رتی تایبه‌تبوون و فرۆشتنی ئاسمان و زه‌وی و ئیراده و كردنی خه‌ڵكی كوردستان به كۆیله‌ی كارگه‌یه‌كی گه‌وره و كرێچی و پاسه‌وانی چینێكی نوێیی سه‌رمایه‌داری وه‌حشی ڕۆژهه‌ڵاتی. بۆ ئه‌مه‌ش سیاسه‌ت له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا به ئاڕاسته‌ی (ماگدۆنالیزهكردنی كوردبوون) هه‌نگاو ده‌نێت. به‌مانای بهشمهكخۆركردنی شوناس و كو‌لتور و به‌ها كوردیی و دیموكراتی و ئازادییه‌كانه. به بێ به‌هاكردنی زمان و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردی و شوناسی كوردبوون و توانه‌ی لهئێراقبووندا ده‌ستپێده‌كات.
به‌مجۆره ئه‌مریكانیزم گه‌مه نوێیه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌ویش فڕێدانی قه‌یرانێكی دیكه‌ی ترسناكه بۆ ناو شوناسه نه‌ته‌وه‌یی و كولتوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمان. ئه‌مریكانیزم شۆی ده‌وێت، كه‌ڕنه‌ڤاڵی خۆی ده‌وێت، هه‌ربۆیه ئێرای ئه‌مریكانیزم له‌ڕێگه‌ی منداڵه له‌نده‌نی و ئهمریكانیهكانی نه‌وه‌ی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كان ده‌ستپێده‌كات و شۆیه هه‌رزانه‌كه‌ی ماگدۆنالیزهبوونی كوردبوون وه‌ك ئهنفالێكی ڕۆحی به‌رۆكمان پێده‌گرێت.
——————————————
په‌راوێزه‌كان؛
1. *One Hundred Years of Solitude – Chapter 12
٢. بۆ زیاتر ده‌رباره‌ی پشتگیری سیای ئه‌مریكی له سه‌دام له ١٩٦٣ فه‌رموون له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاپۆڕته‌ی ئیندیپێندێنتی بریتانی؛
https://www.independent.co.uk/news/world/revealed-how-the-west-set-saddam-on-the-bloody-road-to-power-1258618.html
هه‌روه‌ها؛ چۆن سیای ئه‌مریكی سه‌دامی خسته ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه – هارتفۆرد ئه‌رشیف؛
http://www.hartford-hwp.com/archives/51/217.html
هه‌روه‌ها ئه‌م لینكه؛ پێگه‌ی هه‌واڵه مێژووییه‌كان –
https://historynewsnetwork.org/article/1066
٣. ده‌رباره‌ی دانپێدانانی سیای ئه‌مریكی كه له‌پشت كۆدێتاكه‌ی ١٩٥٣ ئێرانه‌وه بوون فه‌رموون له‌گه‌ڵ گاردیان؛
https://www.theguardian.com/world/2013/aug/19/cia-admits-role-1953-iranian-coup
٤. . https://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=75761&T.
چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌كی دیكه كه‌باسی ونبوونی (عه‌بدولقادر عوبیدی) وه‌زیری پێشوی به‌رگری ئێراق ده‌كه‌ن له ئه‌مریكا
ڕۆژنامه‌ی (الوطن) ؛ https://www.alwatanvoice.com/arabic/news/2012/08/18/309555.html
ڕۆژنامه‌ی (الحیاه) ؛ http://www.alhayat.com/article/1555176
ئه‌مبابه‌ته له كو‌لتور مه‌گه‌زین بڵاوبۆته‌وه؛ http://cultureproject.org.uk/kurdish/