Skip to Content

فیلمی “گوڵ نیسا” خەڵاتی زێڕینی “ڕێمی” لە فێستیڤاڵی هۆستۆن لە ئەمەریکای بەدەستهێنا

فیلمی “گوڵ نیسا” خەڵاتی زێڕینی “ڕێمی” لە فێستیڤاڵی هۆستۆن لە ئەمەریکای بەدەستهێنا

Closed
by ئایار 15, 2018 Cinema, General

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” لە دەرهێنانی “سەتار چەمەنی گوڵ” خەڵاتی زێڕینی “ڕێمی” لە فێستیڤاڵی فیلمی “هۆستۆن” لە وڵاتی ئەمەریکا بەدەستهێنا.

فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” Golnesa یەکەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “سەتار چەمەنی گوڵ” و لە نووسینی سیناریۆی سینەماکاری کورد “ڤیدا ساڵحی” لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی پەنجا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” Worldfest لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و کاندیدی چوار خەڵاتی “ڕێمی” لەوانە: باشترین “فیلمسازی سەربەخۆ”، باشترین “سیناریۆ”، باشترین “ئەکتەری پیاو” و هەروەها باشترین “فیلمهەڵگرتن”ی ئەم فێستیڤاڵە گرینگەی سینەمای جیهان بوو و لە کۆتاییدا توانی خەڵاتی زێڕینی “ڕێمی” Remi بۆ باشترین “فیلمسازی سەربەخۆ” بۆ “سەتار چەمەنی گوڵ” دەرهێنەری سنەیی و هەروەها خەڵاتی باشترین “ئەکتەری پیاو” بۆ “عەلی محمەمەد ڕادمەنێش” ئەکتەری ئەم فیلمە بەدەستبێنێت.

خەڵاتی “عەلی محمەمەد ڕادمەنێش” لە لایەن ئەنجومەنی ڕخنەگرانی سینەمای ئەمەریکا و لە ڕێگای “نیک نیکلسۆن” Nick Nicholson ئەکتەری ئەمەریکی و دادوەری هەڵبژاردە لە لایەن ئەنجومەنی ڕخنەگرانەوە پێشکەش بەم ئەکتەرەی سینەمای ئێران کرا.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” Houston بە یەکێک لە گرینگترین و کۆنترین فیستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆکانی جیهان دێتەئەژمار و گەورەترین سینەماکارانی جیهان لەم فێستیڤاڵەدا، خەڵاتی “ڕێمی”یان بەدەستهێناوە.

پەنجا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” بە بەشداریی بەرهەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە رۆژانی 20 تا 29ی ئەپرێلی 2018 لە ویلایەتی تیگزاس لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” کە لە ساڵی 1961 دامەزراوە، لەگەڵ فێستیڤاڵەکانی فیلمی “سانفڕانسیسکۆ” و “نیۆیۆرک” لە ریزبەندی گرینگترین فیستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆکانی ئەمەریکا دێنەئەژمار. ئەم فیستیڤاڵە لە سەرەتادا بە شێوەی دەرەوەی پێشبڕکێی دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و لە ساڵی 1968 بەملاوە بە شێوەی پێشبڕکێی بەڕێوەدەچێت.

“ئستیون ئێسپیلبێرگ” Steven Spielberg، “جۆرج لۆکاس” George Lucas، “ئەنگ لی” Ang Lee، “جان لی هێنکاک” John Lee Hancock، “رێنداڵ کلیزێر”، “ریدلی ئێسکات” Ridley Scott، “رابێرت رۆدریگێز” Robert Rodriguez، “رابێرت تاونزەند” Robert Townsend، “برایانی کۆئێن” Coen brothers، “ئسپایک لی” Spike Lee، “ئۆلیوێر ئستۆن” Oliver Stone و “دیوید لینچ” David Lynch بە وەرگرتنی یەکەمین خەڵاتی خۆیان، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” وەکوو کۆنترین فیستیڤاڵی فیلمە سەربەخۆکانی جیهان و یەکێک لە گرینگترین سیمینارەکانی فیلم لە ئەمەریکای باکوور ناویان هێناوە.

بە چاوخشاندنێک بە ناوی دەرهێنەرەکانی براوەی خەڵاتی زێڕینی “ڕێمی” Remi دەتوانین پێی بە گرینگی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “هۆستۆن” بەرین، لەوانە: “دیوید لینچ” David Lynch لە ساڵی 1970 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی The Grandmother، “ئستیون ئێسپیلبێرگ” Steven Spielberg لە ساڵی 1983 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Amblin، “ریدلی ئێسکات” Ridley Scott لە ساڵی 1970 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Apple Computer، “جاناتان دێمی” Jonathan Demme لە ساڵی 1984 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Stop Making Sense، “برایانی کۆئێن” Coen brothers لە ساڵی 1985 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی of Blood Simple، “ئۆلیوێر ئستۆن” Oliver Stone لە ساڵی 1986 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Salvador، “رابێرت رۆدریگێز” Robert Rodriguez لە ساڵی 1991 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Bedhead و هەروەها “ئەنگ لی” Ang Lee لە ساڵی 1992 براوەی خەڵاتی باشترین فیلم بە ناوی Pushing Hands.

فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” بە بەڕێوەبەرایەتی وێنەگرتنی “محەمەد فەکووری” و بە ڕۆڵ بینینی سەعید داخ، عەلی محمەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی بە ماوەی مانگێک لە یەکێک لە کوورەخانەکانی خشت لە ناوچەی قەرچەک لە تەنیشت شاری وەرامین سەر بە پارێزگای تاران وێنەگیراوە.

“سەتار چەمەنی گوڵ” و “ڤیدا ساڵحی” لە بڵاوکەرەوە سەرکەوتووەکانی نێودەوڵەتی فیلمن کە پێشتر لە بواری کورتە فیلم و فیلمی بەڵگەنامەییدا چالاکییان کردووە و خەڵاتی گرینگیان لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان بەدەستهێناوە.

لە پوختەی چیرۆکی “گوڵ نیسا”دا هاتووە: گوڵ محەمەد و گوڵ نیسا دوو هاوسەر لاوی ئەفغانین کە بە شێوەی نایاسایی هاتوون بۆ ئێران و لە یەکێک لە کوورەخانەکانی خشت سەرقاڵی کارکردنن و لە رێگای رووداوەێکەوە کە بۆیان دێتەپێشی ژیانیان گۆڕانکاریی بەسەردادێت و … .

هەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی بڵندی چیرۆکی “گوڵ نیسا” بریتین لە:
دەرهێنەر: سەتار چەمەنی گوڵ، نووسەری سیناریۆ: ڤیدا ساڵحی، بەڕێوەبەریی فیلمهەڵگرتن: محمەمەد فەکووری، دەنگهەڵگر و دەنگدانەر: بێهرووز موعاونیان، مونتاژ: کاوە عەزیزی، ئاوازدانەر: کارەنگ کەرباسی، بەرپرسی پلان: حوسێن مەرزبان، دیزاینی میکیاژ: ڤیدا ساڵحی، بەرپرسی بەرهەم: مەریەم قاسم ئابادی، یاریدەدەری یەکەمی دەرهێنەر: سیاوەش رەمەزانلوو، یاریدەدەری دووهەمی دەرهێنەر: محەمەد تۆریوەریان، چاککردنی ڕەنگ: سامان مەجدوەفایی، لابراتواری دیجیتاڵ: مێهرداد سولەیمانی، مونشی سەحنە: مەریەم رووزبەهانی، یاریدەدەرانی فیلمهەڵگر: حوسێن سادقی، حەمید محەمەدزادە، ناسح عەبدوڵڵاهی، ئەحمەد رەزا سادقی، یاریدەدەری دەنگ: سوهەیل حوسێن خانی، جێگری بەرهەم: عەباس ئەبوویەسانی، بەرپرسی سەحنە: حامید ئەحمەدی، ئەرشیفی جلووبەرگ: تاهیرە سەروەری، گرووپی تەدارەکات: کەیهان عەلیزادە، عەلی قودرەتی، هاتووچۆ: سەعید مورادی، ئەکتەرەکان: سەعید داخ، عەلی محمەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی و …، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی و مەنووچێهر جیهانی و بەرهەمهێنەران: سەتار چەمەنی گوڵ و یۆسف کەرەمی، بەرهەمی: کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلمی سنە”.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish