دیدار لەگەڵ شێوەكار ئیڤان نەجمەدین.. هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
شێوەكار ئیڤان نەجمەدین: ڕەنگ بۆ تابلۆ زۆر گرنگە من زۆر ئارەزووی تێكەڵكردنی ڕەنگەكان دەكەم
شێوەكار ئیڤان نەجمەدین: وانەی هونەر بۆ قوتابیان گرنگە بۆئەوەی بیرۆكەو داهێنان لە گشت بابەتەكاندا بكەن
خاتوو (ئیڤان نەجمەدین ساڵح )، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە خوولیا و ئارەزووی هونەری وێنەكاشانی هەبووە لە قوتابخانە بەشداری سەرجەم پیشانگاكانی كردووە ئەو حەزو و ئارەزووە وای لێكردوە بچێتەئەكادیمیای هونەرەجوانەكانی هەولێر بەشی شێوەكاری هەرلەپێناو برەودانی زیاتر بە بەهرەكانی توانی لە ساڵی 2023 بروانامەی ماستەر لە هەمان بواردا بەدەست بهێنێت بۆماوەی چوار ساڵ لەیەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر مامۆستای پەروەردەی هونەر بووە …لەئێستادا مامۆستایە لە زانكۆی موسڵ ئێمەش بەباشمان زانی بەچەند پرسیارێك بەسەریبكەینەوە.
هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا شێوەكار ئیڤان چۆن خۆی بە خوێنەرانمان دەناسێنێت ،چۆن ئاوێتەی هونەری شێوەكاری بوویت؟
- من شێوەركا (ئیڤان نەجم دین ساڵح )، دەرچووی كۆلێژی هونەرەجوانەكانم لە ساڵی 2019، هەروەها ماستەر لە 2023 بەدەست هێناوە لە هەمان بواردا لەئێستا مامۆستای هونەرم لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر .ئەوەی ڕاستی بێت هەر لەتەمەنی منداڵیمەوە حەزو وئارەزووی زۆرم هەبوو بۆ وێنەكێشان لە هەموو قۆناغەكانی خوێندنم چالاكانە بەشداریم لە پیشانگاكانی قوتابخانە دەكرد،هەرئەو حەزو و ئارەزوەش وای لێكردم بڕیاربدەم دوای تەواوكردنی پۆلی 12 بچمە كۆلێژی هونەرەجوانەكان بەشی شێوەكاری بۆ ئەوەی پەرە بەتواناكانم بدەم لەوێ زیاتر بەشێوەیەكی ئەكادیمی فێری ئەلف و بای وێنەكیشان ببم.
- بەرێزت زیاتر لەسەر كامە قوتابخانەی هونەری كاردەكەیت؟
- من لەسەرەتای منداڵیم، ئارەزووی زۆرم لەوردەكاری وێنەكێشان هەبوو،وە هەر لە سەرەتایی كۆلێژیش زیاتر لەسەر قوتابخانەی ڕیالیزم كارەم دەكرد، لە ئێستاش زۆربەی كارەكانم پۆرترێتن بە شێوازی ڕیالیزم وێنەدەكێشم.
*كامەن ئەو هونەرمەندە شێوەكارانەی كاریگەریان لەسەر تۆ هەبووە یاخود سەرسامی بە كارەكاریان؟ - زۆرن ئەو هونەرمەندانەی كارەكانیان جوانن وسەرنجی منیان راكێشاوم بۆ نموونە لە هونەرمەندە جیهانیەكان( ئێدوارد مانێ و ڤانكوخ ) بە تایبەتی، لە هونەرمەندە كوردەكانیش (خەیری ئادەم، ،محەمەد ئیسماعیل، عەبدولڕەحمان میرزا زۆر بەكارەكانیان سەرسامم.
*دووخاڵی سەرەكی لە زۆربەی تابلۆكان بوونی هەیە (ناڕوونی و جوانی)، بینەر چۆن دەتوانێت لە تابلۆكان بگات بێ ئەوەی شیكردنەوەی بۆ بكرێت؟ - زۆربەی تابلۆكان لە ڕوویی ڕەنگ و تەكنیەكان چێژ بە بینەر دەبەخشێت لەلای هەر كەسێكیش ڕەنگە تێڕوانینی جیاوازی لا دروست بێت مەرج نیە كەسێك شیكردنەوە بكات بۆ ئەوەی چەمك و پەیامی تابلۆكە بگەیەنێت . جوانی لەلایی هەر كەسێك بە جۆرێكە ناڕوونی بە پێی كار وتەكنیكی هونەرمەندەكەیە هەندەكیان بابەتەكە دیارە لەسەر چی كراوە بەشێكی تریان بینەر دەتوانێت لەڕێگەی ڕەنگ وشێوازی كاركردن لە بابەتەكەحاڵی بێت.
*تەكنەلۆژیای سەردەم بۆ نیگار كردنی تابلۆكانت بەكار دەهێنیت؟ بۆنموونە بەرنامەكانی كۆمپیوتەر؟ - نەخێر، لەبەرئەوەی كارەكانم پۆرترێتن دەست كاری وێنەكە ناكەم، بەڵام ئەگەر لە داهاتوودا پێویست بكات بەكاری دەهێنم وەكو فۆتۆشۆب كە ئێستادا زۆر ێك لە هونەرمەندان سوودی لێوەردەگرن.
*رەنگ مادەیەكی سەرەكی هەر تابلۆیەكە چۆن دەڕوانیتە كاریگەری رەنگەكان لە تابلۆیەكانت؟ - بەدڵناییەوە ڕەنگ بۆ تابلۆ زۆر گرنگە هەر بۆیە من زۆر ئارەزووی تێكەڵكردنی ڕەنگەكان دەكەم لە پۆرترێتەكانمدا بۆ ئەوەی ڕووخسار و ناخی كەسەكە ڕەنگ بداتەوە لەكارەكەمدا هەروەها نەرمی و وردەكاری تێیدا بەڵام بەكارهێنانی بۆهەرتابلۆیەك دەبێ بەشێوەیەكی زانستی بەكار بێت ،لە خزمەت ناوەڕۆكی تابلۆیەكەدا بێت.
*چوار ساڵ مامۆستای پەروەردەی هونەری بوویت، كاریگەری وانەی هونەر بۆقوتابیان چۆن دەبینیت ؟ - ڕۆڵی وانەی هونەر لە قوتابخانەدا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە قۆناغی بنەڕەتی قوتابیان ئاشنابن بە زۆربەی تەكنیكە هونەرییەكان قوتابیانیش زۆر حەزوو ئارەزوویان بۆ وانەكە هەیە.. من بۆ ماوەی ( 4) ساڵ مامۆستای وانەی هونەر بووم ئەزموونێكی باشم هەیەبەتایبەتی لە قۆناغی بنەڕەتی لە هەرسێ بازنەی خوێندن هەوڵم داوە زۆرترین كاری هونەری بكەن، قوتابیان بەهرەكانی خۆیان بدۆزنەوە لەگەڵ هەر تەكنیكێكدا،هەروەها ڕێگایەكی گرنگە بۆ بیرۆكەو داهێنانیان لە گشت بابەتەكاندا .
*تۆڕەكۆمەڵاتییەكان تاچەند سوودیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی زانیاری و چالاكییە هونەرییەكان؟ - لە ئێستادا كە سەردەمی تەكنەلۆجیایە زیاتر لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بابەتەكان بڵاودەكرێنەوە. بۆ كاری هونەری زۆر گرنگە چونكە بینەری زیاتری دەبێت لەوەی بە كردنەوەی پێشانگایەك زۆر كەس دەتوانێت بینەری كارەكانت بێت و سەرنجی خۆیان بخەنە ڕوو.