Skip to Content

سەروەر و بەیان .. فڕین بەرەو ناخی دەریا .. (١).. مەولود ئیبراهیم حەسەن

سەروەر و بەیان .. فڕین بەرەو ناخی دەریا .. (١).. مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by ئه‌یلول 6, 2024 General, Literature


نووسەری بەتوانا (سەروەر ئەحمەد ) گەنجێکی هەوڵیر بوو ، لە گەڵ ئێمە هاو زانکۆو هاو کۆلیژ بوو ، ڕۆشنبیرێکی گەورەو خوێنەرێکی بە توانابوو ، بەو چەند چیڕۆکەی کە بڵاوی کردەوە دەریخست کە نووسەرێکی مەزنە ، بەداخەوە دواجار لە گەڵ خاتوو( بەیان) ڕیگایەکیان هەڵبژارد .. دڵی هەمووانیان پڕ ژانکرد .
هەواڵی کوڕە هەولێریەکە..
من ساڵێ ١٩٨٠ لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیران عێراق لە زانکۆی بەغدا ، لە کۆلیژی ئاداب بەشی زمانی فارسی وەرگیرام ، بەشەکە خواستی خۆم نە بوو ، بەڵام ؛ ئەو ساڵە نمرە بەرز بووەوە من لە بەشی فەرەنسی وەرنەگیرام ! ئیتر بە ناچاری چوومە ئەو بەشە ؛ ساڵی دووەمی خوێندن ، کە( خوێندکار).(٢)ە تازەکان وەرگیرابوون ، بیستم کوڕێکی هەولێری لە بەشی ترکی وەرگیراوە ، ئەودەم گەنجە کوردەکان بەگستی پەیوەندیەکی جوانیان لە گەڵ یەکتردا هەبووە ، کە گەنجێکی تازە لە بەشێک وەردەگیرا هەموو هەوڵیان دەدا بیناسن و چی بۆیان بکرێ یارمەتیان بدەن ، هەتا ئەوانەی بێ جێگابوون و هێشتا ناویان بۆ بەشی ناوخۆ دەرنەچووبوو ، لەگەڵ خۆیان دەیانهێنانەوە بەشی ناو خۆو نەیایاندەهێشت ، بچنە ئوتێل .. زۆر بەی گەنجەکانیش کوڕە هەژارو مام ناوەندی بوون ، بۆ ئەوەی خەرجی زیاد نەکەن و هەر زوو تیکەڵ خوێندکارانی بەشی ناو خۆ بن !
ناسینی کوڕە هەولێریەکە .. من و ڕەحمەتی ( عەبدوڵڵا قادر گۆران )کە ئەو لە بەشی ئینگلیزی وەرگیرابوو، هەردوکمان تەمەنمان لە خوێندکارەکان گەورەتر بوو ، بە هۆی ژیانی تایبەتی خۆمانەوە هەریەکەو چەند ساڵیک دوا کەوتبووین ، لە گەڵ مامۆستا عەبدوڵلا گۆران بەدوای سۆراغی ئەو کوڕە هەولێریەوە داچووین ، بە هۆی کاک ( کامەران عوسمان ) کە ئەویش لەگەڵ ئێمە لە بەشی فارسی وەرگێرابوو ( سەروەر ئەحمەد )مان دۆزیەوە ، سەروەر کوڕێکی باریکەڵەی کەمێک کورتە باڵاو ڕەنگ ئەسمەری و هێمن و بن باڵ پڕ لە کتێب و گۆڤار بوو ، زۆر بەی کات جگەرەی بە دەستەوە بوو. گەنجێکی کەمدو بوو ، کە دەتدواند ئەو سەیری بەردەمی خۆی دەکرد ، زۆر تر گوێی دەگرت و کەمتر گفتوو گۆی دروست دەکرد ! بە خێر هاتنمان کردوو هەردووکمان خۆمان پێناساند و ئامادەیی خۆمان بۆ هەموو یارمەتی و هاوکاریەک دەربڕێ .. کە زانی هەردووکمان خەڵکی هەولێرین گەشانەوەیەکی لێدەرکەوت و سوکە سوپاسێکی کردین..
ئەو کوڕە هەولێریە سەروەر ئەحمەد بوو..
سەروەر زۆر کەم تیکەڵ خوێندکارەکان دەبوو ، کەمدو و لاتەریک بوو ، کەمتر سڵاوو ڕۆژباشی دەکرد .. زۆر نەرم و ساردیش وەڵامی دەدایەوە ! تەنیا کەسێک کە زۆر تر لە گەڵ ئەو دەبیندرا ، کاک کامەران عوسمان بوو ، کامەران کوڕیکی دەم پڕ نوکتەو لێو بە خەندە دەنگ بەدەرەوە بوو ، لە گەڵ سەر وەر بەردەوام بە ترکی قسەیان دەکرد ، کامەران بە نوکتەو دەنگە بەرزو خەندەکانی دەیتوانی سەروەر بخاتە پێکەنین .. پێکەنینی نەرم و لە سەر خۆ ! بە ڕاستی سەروەر لە هەمووان زیاتر دڵی بە کامەران دەکرایەوە ، کامەران ئەگەر ڕۆژێک سەروەری نەدیبا ؛ کە دەیبینی دەیگوت : سەروەر دینسز هاردە سەن ؟ ئیتر ئەو هاردە سەنە ، کلیلی کردنەوەی زارو دڵێ سەروەر بوو ! سەروەر زۆر چاک کەسایەتی کامەرانی خوێندبووەوە ، زۆر جار پێی دەگوت : کامەران دەبێتە باوکێکی باش بۆ منداڵەکانی ! هەربە ڕاستیش وادەرچوو ، کامەران پاش تەواکردنی خوێندن ڕووی لە کاسبی کردوو بەو کاسبیە ژیانێکی باشی بۆ خۆی دروستکردوو دوا ڕۆژی منداڵەکانیشی مسۆگەر کرد ، من هەر جارێکی کامەران دەبینم .. ئەو قسە حیکمەت ئامێزو پێشبینیەی سەروەرم دیتەوە یاد ، زۆر جاریش بە کامەرانم گوتووە ، ئەلحەق کامەرانیش بە زەردەخەنەیەکەوە ئەم ڕاستیەی دەسەلماند !
سەروەر ئەحمەد چیڕۆکنووس بوو ..
سەروەر بە هۆی لاتەریکی و سنوور بەندی خۆیەوە زۆر کەم تێکەڵ خویندکارەکان دەبوو ، کەمتریش لە دەرەوەی زانکۆ دەبیندرا ! تا چێڕۆکی ( سەرکەوتن بەرەو خوارەوە !!) بە زمانی عەرەبی لە گۆڤاری ( الاقلام )بڵاو کردەوە . ئەم چیڕۆکە هەژانێک بوو لە نیو ڕاگەیاندنی ئەدەبی عەرەبی ، ناوەرۆکەکەی زۆر نوێ بوو ، چیڕۆکەکە زۆر تازەو ئاست بەرز بوو ، خوێندەوارێکی زۆری بۆ خۆی پەیداکرد ! عەرەبەکان نەیاندەناسی ، لایان وابوو عەرەبە ، چۆن لە گۆڤارەکەدا ناوی بە ئیملای عەرەبی ( سرور احمد ) نووسراو بوو و ناوەکەش نوێ بوو، هەندێک بە نووسەرو چیڕۆکنووسێکی جەزائیریان دەزانێ !؟ من خۆشم کە گۆڤارەکەم کرێ وخوێندەوە ، نەمزانی ئەم( سرور احمد) ە سەروەر ئەحمەدە کەی خۆمانە ! دواتر کە گۆڤارەکەم بە بن هەنگلیەوە بینی ، پرسیم چیڕۆکی – صعود الی السفل – ت خوێندەوە ؟ بە زەردەخەنەیەکی پڕ لە شەرمەوە .. گوتی ئەوە چیڕۆکی منە !! بە ڕاستی شادیەک دایگرتم و هەتا پێمکرا دەسخۆشیم لێکردوو بە چیڕۆکەکەم دا هەڵگوت ، هەستم کرد شەرمێکی داهێنەرانە ڕەنگ و ڕووی داگرتووە !
حکومەت دەڵێ : فەرموون ئەم کتێبانە بخوێننەوە..
ئیتر لێرەوە من سەروەرم وەک نووسەرێکی گەورە هاتە بەرچاوو ، هەر جارێک یەکترمان دەدی و جار هە بوو پێکەوە لە زانکۆ دەچووینە دەرەوە ، باسمان هەر باسی ئەدەب بوو ، هەتا دەهات زۆر ترو چاکتر توانای ئەو گەنجە هەولێریەم بۆ دەر دەکەوت . بە تایبەت هەندێک لە ڕۆمانەکانی وا خوێندبووەوە ، وەک ئەوەی ڕۆمانەکەی ئەزبەر کردبێ ! کە باسی دەکردن وات دەزانی یەکێکە لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانە کان !
پاش نیوە ڕۆیەک پێکەوە لە کۆلیژ چووینە دەرەوەو لە کۆڵانە تەنگەکانی پشت شەقامی ڕەشید نانێکی هەژارانەمان خواردو لە گازینۆی پەرلەمان ، چامانخواردەوە .. پاشان هەڵساین و چووینە شەقامی ( متنبی ) و بە نێو کتێبان دا شۆڕ بووینەوە ، هەرچی چاومان گێڕا هیچمان دەسنەکەوت ، من بە دوای سەرچاوی فارسی دا دەگەڕام ، سەروەریش چاوی بە دوای ڕۆمانی تازەوە بوو ! هەردووکمان گڵەییمان لەم بازاڕە وشکەی کتیب و سەرچاوە دەکرد ، لە پڕ سەروەر گوتی : کاک مەولود دەزانی ئەو کتێبانەی ئێمە دەیانخوێنینەوە ، حکومەت پێمان دەڵی : ئەم کتیبانە بخوێننەوە !! گوتم چۆن کاک سەروەر ؟ گوتی : حکومەت ڕێگا بەوکتێبانە نادات کە بە مەترسی دەزانی بۆ ڕژێمەکەی خۆی بێنە وڵات ، ڕێگەش بەو کتبانەدەدات کە لە گەڵ بەرژەوەندی ئەو دەگونجێ ، ئەوسا دەڵێ .. فەرموون ئەم کتێبانە بخوێننەوە ! قسەکەی زۆر مەعقووڵ بوو، گوتم : ڕاست دەکەی کاک سەروەر . هەتا دەهات سەروەر زیاتر دڵی خۆی لای من دەکردەوەو ئازادانەتر قسەی دەکرد و منیش بەرە بەرە توانای سەروەرم بۆ دەردەکەوت و ڕێزم دەگرت .
سەروەر ئەحمەد بەردەوام بن باڵی پڕ بوو لە کتێب و گۆڤار ، هیچ ڕژۆێک کتێبێکی مەنهەج و بەشەکەیم – ترکی – بەدەستەوە نەبینی ! شتێکی سەرنجم دەدا هیچ کتێب و گۆڤارێکی کوردیشم بەدەستەوە نەبینی بوو ، جگە لەوەش هیچ ڕۆژێک باسی نووسەرێکی کورد یان ترکی نەدەکرد ، نە کۆن و نە نوێ ؛ زۆرتر بە دوای ئەدەبی ڕۆژئاوایی و نووسەرە ڕوسەکانەوە بوو ، بە تایبەت ڕۆمان نووسە گەورەکان .
سەروەرو لیستێک ڕۆمان ..
هاوین بوو لە هەولێر ولە شەقامی تەعجیل کاک سەروەرم بینی ، چاک و چۆنیمان کرد ، هەواڵی ئەدەب و خوێندنەوەم لێپرسی ؟ وەرەقەیەکی لە باخەڵی دەرهێنا ، لەو وەرقە خەت خەت و گەورانەی دەفتەرە سەت پەڕیەکان ، کە لە ئەی فۆڕی ئیستا گەورە تر بوو ، بە لستێک ناوی هەموی ئەو ڕۆمانانەی نووسیبوون کە خوێندبوونیەوە ؛ گوتی : ئەم ڕۆمانانەم هەمووی خوێندووتەوە ! کە سەیری لیستەکەم کرد ، ڕووێکی وەرقەکەی پڕ کرد بوو پەڕێبوەوە لای ئەودیویش ، ڕۆمانی وای تێدا بوو کە من هەر ناویشم نە بیستبوون ! بە گەرمی دەسخۆشیم لێکردوو ، لە دڵێ خۆمدا گوتم : ئەم سەرو دڵە بچووکەی سەروەر چۆن جێگای ئەم هەموو ڕۆمانە گەورەو پڕ لە ڕوداوو کەسایەتی و کێشمە کێشمەی تیدا دەبێتەوە ؟!! لە نێو قسەکانیدا گڵەیی لە کەسانێکی بەرپرس کرد ، کە لە دانیشتنێکا وایان نیشانداوە ، مادام دەسەڵات و پارەیان هەیە دەتوانن نووسەریش دروست بکەن !! گوتی : ئەوانە زۆر سەیرن !؟ گوتم : ئەو نووسەرانەی دەسەڵات دروستیان دەکات ، نووسەر نین ؛ ئامێرن !!
دەمەوێ زۆر ترین کەس بمبخوێننەوە ..
سەروەر ئەحمەد هەرچەندە چێڕۆکەکەی بە عەرەبی و لە گۆڤاری عەرەبی بڵاو کردوە ، بەڵام ؛ لە نێوەندی ئەدیبانی کوردیش گرنگیەکی زۆری پێدرا ، هەر زوو چیڕۆکەکەی کرایە کوردی و خەڵکێکی زۆر دەیانخوێندەوە .
لە گەڵ سەروەر نێوانمان گەیشتبووە ئاستێک .. بێ پەردە قسەمان لە گەڵ یەک دەکرد ، ڕۆژێک باسی ( زمانی نووسین ) هاتە نێو قسە کانمان ، گوتم : کاک سەروەر لە نووسەرانی کورد ، کەسانێک هەن بە زمانی عارەبی نووسیویانەو جوانیشیان نووسیوەو بەرهەمیان بڵاو کردووتەوە ، دوا جار جۆرێک پەشێمانیان لێ دەر کەوتووە ! تۆ چۆنە بە عەرەبی دەنووسێ ؟ چاکتر نیە بە ترکی یان کوردی بنووسی ؟! گوتی : زمان لای من گرنگ نیە ! ئەوە گرنگە نووسینەکانم بگاتە زۆر ترین خوێندەوار ! ئەگەر بە ترکی بنووسم ! سەت کەس دەمخووینتەوە !؟ ئەگەر بە کوردیش بنووسم ، هەزار کەس دەمخوێننەوە ! بەڵام ، کە بە عەرەبی دەنووسم پێنج هەزار کەس زیاتر دەمخوێننەوە !! گوتم : بمبوورە کاک سەروەر مەبەستم ئەوە نیە کە تەداخوڵ بە جۆری نووسین و زمانی نووسینت بکەم ! ئەم نووسین بە زمانێکی تر لە نێوەندی ئەدەبی بەردەوام قسەی لە بارەوە دەکرێ ! گوتی : نا ..کاک مەولود خەڵکی تریش ئەو پرسیارەیان لێکردووم ، ئاساییە و من ڕای خۆمە .
بەیان و سەروەرو دوا دیدار ..
خاتوو بەیانیش هاوکۆلیژی ئێمە بوو، من لە نزیکەوە دەمناسی ، کجێکی بەڕێزو باش بوو ، بەڵام ، ئەو کچە بە دوای بەهەشتی خەیاڵی خۆی دا دەگەڕا ، کەچی ؛ بۆی نەدەکرا ئەو بەهەشتە خەیاڵی و ئەم بەرچاو- واقیع- ە بگەینێتە یەک ! هەر بۆیە بەردەوام نیگەرانیەکی پێوە دیار بوو ! خاتوو بەیان لە پەیوەندیەکی پێشتر سەرنەکەوتبوو!

لە کۆتایی ساڵی خوێندنی ١٩٨٤ڕۆژێک پێش نیوەڕۆ گەڕامەوە بەشی ناوخۆ ، لە بەردەرگای پرسگە خاتوو بەیانم بینی و چاک و چۆنیمان کرد، گوتم : خێر بەیان خان لێرەی ؟ گوتی؟ کاک مەولود دەتوانی کاک سەروەرم بۆ بانگ بکەی ؟ گوتم : بەسەر چاو ئەگەر لە ژوورەکەی بێت ، ئاگاداری دەکەمەوە ، گوتی: من چاوەرێی دەکەم . سەرکەوتم و چوومە ژوورەکەی سەروەر ، ژوورەکە چۆڵ بوو، سەیرم رد لە سەر یەکێ لە قەلوێرەکان یەکێک لە ژێر بەتانی گرمۆڵەی کردووە ؛ هاوینیش بوو ! گوتم : کاک سەر وەر .. کاک سەروەر ! بەبێ تاقەتی بەتانیەکەی لەسەر خۆی لادو چاوی هەڵگلۆفت و گوتی : ها کاک مەولود چیت دەوێ ؟ گوتم : هەستە ئەوە خاتوو بەیان لە بەردەم پرسگەی ناوخۆ چاوە ڕێت دەکات . کە ناوی خاتوو بەیانی بیست ، بە بێ ئەوەی هیچ بڵێ ! بە پەڵە هەڵساو چووە خوارەوە! من لە بەردەرگای ژوورەکەی خۆمانەوە لە نهۆمی دووەمەوە سەیرم دەکرد ، سەروەر خێرا دەڕۆیشت و ڕۆیشتنێکی نا ئاسایی ، هەر سەیرم دەکرد .. تا لە چاو بزر بوو ! بەداخەوە ئەو دەم نەمدەزانی ئەمە دواجارە من کاک سەروەر و خاتوو بەیان دەبینم !؟ ئەوەی ڕاستیش بێت من پێشتر هیچم لە بارەی پەیوەندی ئەم دووانە نەدەزانێ و چاوەڕێی پەیوەندیەکی ئاوا نە بووم !!
ونبوونی بەیان و سەروەر ..
دواتر زۆر بەدرەنگەوە ، زۆر چیڕۆکی بێ سەرو شوێن بوونی خاتوو بەیان و کاک سەروەرم بیست ؛ هیچیان بۆ من جیگای بروا نە بوون ! لە نیو چیڕکەکانی بزر بوونیان ، دوو جێڕۆک زۆر تر بڵاو بوونەوە ، یەکیان خۆ بە ڕووبار دادان وخۆکوشتن بوو ، کە من بۆ خۆم بڕوام نەدەکرد ! ئەوەی تریان گیرانیان بوو لە لایان دەزگا ئەمنیەکانی عێراق لە هەوڵی چوونە دەرەوەیاندا !؟ بە ڕای من ئەمەیان ڕێی تێدەچوو . چۆن من ئەوەندەی لە گەڵ کاک سەروەر دوابووم ، هیچ ڕۆژێک هێمایەکی ئاوام لێ نەبیستبوو ! کە خەیاڵی خۆ کوشتنی هەبێت ! زیاتر بۆ ئەوە دەچووم کە سەروەروەک گەنجێک و نووسەرێکی بە توانا دەیهەوێ ببێتە نووسەرێکی ناودارو بەر هەمەکانی بە دنیادا بڵاو بێتەوە ! پەیوەندیەکەشی لە گەڵ خاتوو بەیان بۆمن زۆر کت و پڕو تازە بوو ، چۆن هەڵس و کەوتەکانی سەروەر و لاتەریکیەکەی لەوە نە دەچوو مەلی بە دوای کچەوە بێت ، چونکە منی هیچ ڕۆژێک نەمدیبوو لەگەڵ کچیکا ڕاوەستێ و قسە بکات ! خاتوو بەیانیش ، وەک پێشتر نووسیم بە دوای بە هەشتی خۆی دادەگەڕا ، ئێستا کە لە گەڵ سەروەر یەکتریان ناسیووە ، دەیهەوێ ژیانی داهاتووی خۆی مسۆگەر بکات !
خۆ کوشتنەکەیان بوو بەڕاست ..
کاتێ لە ژمارە (٣٧) گۆڤاری دیوان وەسیەتنامەی ئەو دووانەم خوێندەوە ، بەو پەڕی داخەوە ناچار بووم ، ئەو چیڕۆکی تراژیدی وتاڵەی خۆ کوشتنە بڕوا بکەم ! سەروەر گەنجێکی ڕۆشنبیرو بە توانا بوو، خوێندەوارێک بوو لە خویندنەوەدا کتیب خۆی لە بەر نەدەگرت ؛ بە تایبەت ڕۆمان .. سەروەر بەو گەنجیەی خۆی ڕەوشتی داهێنەرێکی خاوەن ئەزموونی هەبوو ، نان و بەرگ هەر هێندە پێویست بوون ، بەلای ئەوەوە ، ڕووت نەبێت و برسی نە بێت ؛ ئەو تەنیا شتێک کە تێری لێنەدەخوارد .. خوێندنەوە بوو خوێندنەوەی ڕۆمان .. !! سەروەر لە تەمەنی بیست و پێنج سالی دا ڕێگای مەرگی هەڵبژارد و لەم ڕێگایەشدا بە تەنیا نە ڕۆیشت .. خاتوو بەیانیشی بەگەڵ خۆی دا ، دوا جار خاتوو بەیان نەگەیشت بە بە هەشتەکەی خەیاڵێ . بەڵام ، گەیشت بە هاوڕییەکەی هەتا هەتایی و پێکەوە بەرەو ناخی دەریا هەڵفڕین.. ڕوحیان شاد ..
**
(١)چەند مانگێک لەوە پێش.. پێش نیوە ڕۆیەک لە بەردەم قەڵا ، لە تەنیشت کتێبخانەکەی سیروان ، پشتمان بە قەڵا دا بوو و سنگمان ڕوو لە هەتاو ، ئێمە چەند برادەرێ بووین مامۆستا ( سمکۆ عەبدوڵکەریم ) ی سکرتێری گۆڤاری ( دیوان ) گوتی : بە تەمای فایلێکی تایبەتین سەبارەت بە ژیانی ( سەروەر ئەحمەد )، منیش گوتم : پێکەوە بووین لە زانکۆ منیش یادگاریم لە گەڵ هەیە ؛ مامۆستا سمکۆ گوتی : باشە چی دەزانی بینووسە . گوتم : بەسەرچاو . من هەر خۆم دەمێک بوو هەستم دەکرد پێویستە ئەوەی دەیزانم لە بارەی ئەم چیڕۆکنووسە گەورەیە ..بینووسمەوە ! بەداخەوە ئەو قسەی بە مامۆستا سمکۆم دابوو لە بیرم کرد ! کە ژمارە ٣٧ گۆڤاری دیوانم بینی و فایلە تایبەتەکەی سەروەر ئەحمەدم خوێندەوە ، گوتم : حەیف زۆر دوا کەوتووم ! دەستم بە نووسین کرد . شاد دەبم ئێستا ئەگەر برایانی گۆڤاری دیوان ئەم نووسینەم بۆ بڵاو بکەنەوە .
(٢)خوێندکاروقوتابی : دەمێکە سەیر دەکەم لە بەکار هێنانی ئەم دوو ناوە ، تێکەڵیەک هەیە ؛ من بە چاکی دەزانم ، قوتابی بۆ ئەو منداڵانە بەکار بێت ، کە سەرەتا دەچنە بەرخوێندن تا دوازدەی ئامادەیی ، چۆن ئەم قۆناخە قوتابی بە خواستی دایک و باوک دەچیتە بەر خوێندن و کەمتر خواستی خۆی تێدا هەیە .
بەڵام ، قوتابی کە لە دوازدەی ئامادەیی دەردەچێ ، خواست و ئامانجێکی خۆی هەیەو بە دوای بەشێک دادەگەڕێ کە خۆی بتوانێ پێبگات ، بۆیە دەخوێنێ و کاردەکات بەرەو ئەو بەشە ، لێرەوەیە کە ئەو خوێندنە دەکات بەکاری خۆی ، بۆیە من پێمباشە بۆ قۆناخی پەیمانگاکان و کۆلیژەکان و تا دەگاتە ماستەرو دکتۆرا وشەی خوێندکار بەکار بێت .

نووسینی : مەولود ئیبراهیم حەسەن
٧/ ٢٠٢٤ – هەولێر

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress