Skip to Content

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی”خەتی بزماری” …  بۆتان لەتیف عەبدولقادر

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی”خەتی بزماری” … بۆتان لەتیف عەبدولقادر

Closed
by ته‌مموز 24, 2018 General, Literature

خەتی بزماری؛ ناونیشانی ڕۆمانێکی”حسێن سجادی قائمقامی فەرهانی- قادر عەبدوڵلا”یە، “شەفیقی حاجی خدر” لەهۆڵەندیەوە کردویەتیە کوردی ولەساڵی ٢٠١٧ دەزگای ئەندێشە چاپی کردووە، ڕۆمانێکە؛ دەربارەی ڕەوشی کۆمەڵایەتی وڕامیاری ئێران؛ لەماوەی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕۆمانێک؛ کۆتایی سەردەمی شاهنشەهی وسەرەتای دەرکەوتنی ڕژێمی ئایەتوڵڵایی پێکدەناسێنێت وبەسەرکەوتنی ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان بەسەر “ڕەزا شا”دا کۆتایی دێت. شاری زنجان وکێوی زافەران ئەبنە هێماو ڕەگەزی وەشەوق وزەوق هێخستنی ڕەوشی ڕووداوەکان وئەگەرو پێشهاتەکان لەوێ ئاماژەدەگرن.

نوسەر؛ لەم ڕۆمانەدا کەلکی لەچەند چیڕۆکێکی ناو قوڕئانی پیرۆز وەرگرتووە، سەرتا بەچیڕۆکی (یارانی ئەشکەوت) دەستپێدەکات، هەروەها چیڕۆکی “مریەم”یش ئاماژە پێدەدات.
ئەگەر سەیری پاشخانی نوسەر بکەین لەمیانەی ڕۆمانەکەوە؛ دەبینین خۆی وەکو کەسێکی پێشکەوتوو چەپ پیشاندەدات، کەسێک کەکەڕو لاڵە، هەتا بێ هەودا بژی، بێ ئاگا بی لەو ڕەوش وشێوەی ژیانکردنەی ئەوسا، ئەمە لەڕێگای کەسایەتی سەرەکی “ئاغا ئەکبەر” دەردەکەوێت، بەڵام دواتر ڕۆلی گەورەی دەبێت لەئاشکراکردنی واتای ئەو دەستەواژانەی بەخەتی بزماری نوسراون و، وەک تابلۆیەک لەئەشکەوتی شاخی زافەران هەڵواسراوە. هەروەها نوسەر دەیەوێت بەراوردێک بکات لەنێوان ژیانی کۆن ونوێدا، ژیانی کۆنی زنجان لەڕێی ئەشکەوتەکەی شاخی زافەران و چاڵی “مەهدی چاوەڕوانکراو”، هەروەها هاتنی کەرستەی نوێی ژیانکردن، وەکو شەمەندەفەرو ئۆتۆمبێل، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تر؛ ئەمە هەڵدەنێت لەسەر بنەمای چێڕۆکی یارانی ئەشکەوت وئەو ڕەوشە ئایینیەی لەشاری مەککەی سعودیە هەیە، وەکو حەج، هەروەها ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی نەتەوەی فارس وئێران دەیەوێت بڵێت لەڕووی ئایینیەوە خاوەنی شوێنی پیرۆزو پێشەواو پیاوی خودایی خۆیەتی، هەروەک ئەوەی بەریەککەوتنی هەردوو ڕێبازی شیعەو سونەشە.

ئەمە بێجگە لەوەی “ئاغا ئەکبەر” ی کەڕو لاڵ وپاڵەوانی کوتک بەدەست بۆکردنەوەی ڕێگای شەمەندەفەر لەشاخی زافەران؛ نازانێ بۆچی “ڕەزا شا” چاڵی “مەهدی چاوەڕوانکراو” پڕدەکاتەوەو کۆنکریت دەکات.. ڕەنگە ئەمە ترسی “شا” بێت لەلەدەستدانی دەسەڵات لەڕێی شۆڕشی مەلاکان بەڕابەرایەتی “خومەینی”، هەروەها ئەمە هێمایەک بێت بۆبەریەککەوتنی دەسەڵاتی دینی ودونیایی، لەوەی “شا” هێمای دونیاگەری وپێشکەوتنە، خەتی بزماری ویارانی ئەشکەوت، حەج لەمەکەو حەج لەشاخی زافەران و زنجان، پاشماوەی مێژویین وهێمای کۆنەپارێزین، ئەمە بەپێی بەراوردی نوسەر لەناو ڕۆمانەکەدا، هەرچەندە نوسەر خۆی ئاوارەو پەڕاگەندەی وڵاتانی تر بووە لەترسی دیکتاتۆریەتی “شا”ی ئێران، کەجێگای خەڵکی ڕۆشنبیرو کراوەو ئازادیخواز نابێتەوە لەسایەیدا، هەروەک ئەوەی خەڵکی زنجان وئەسفەهان وئێران بەگشتی چاوەڕێی فریادڕەسێکە بۆئازادبوون لەدیکتاتۆریەتی “ڕەزا شا”، ئینجا “مەهدی چاوەڕوانکراو” بێت یان “ئاغا ئەکبەر”. لەلایەکی تر لەڕووی نوسینی دەقەوە؛ ئەمە پێی دەگوترێت دەقئاوێزانی ئایینی.

ڕۆمانەکە؛ لەڕووی هونەری بنیاتنانی کەرستەیی ڕۆمانەوە بەم شیوەیەیە:

یەکەم/ناونیشان:

بەپێی قسەکانی وەرگێڕ بێت؛ بۆناونیشانەکە پرس وڕاوێژی لەگەڵ نوسەر کردووەو گەیشتوونەتە ئەوەی کە ناونیشانەکەی(خەتی بزماری) بێت. ناونیشان؛ وەکو دەروازەو بێرایی چوونە ژوورەوە وایە، بۆیە ناونێشان زۆر گرینگە، بەپێی بۆچوونی (لیوهۆک) سێ ئەرک لەئەستۆی ناونیشانە:
١- دەستنیشانکردنی بابەتی پەرتووک.
٢- دیاریکردنی ناوەرۆک(دەق)ی پەرتووک.
٣- ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر
بەپێی ڕای ڕەخنەگرانی وەکو جیرار جینیت وگۆڵدمان یش بێت، ناونیشان گرینگترین وێستگەی نوسینە، چونکە دەروازەو بێرایی نوسینە. ئەگەر سەیری ئەم ڕۆمانە بکەین؛ دەبینین پەیوەیندیەکی ڕیک وبنیاتی لەنێوان ناونیشان وناوەرۆکەکەی هەیە، چونکە لەناو ئەشکەوتی چیای زافەران تابلۆیەکی نوسینی خەتی بزماری هەیە، کەهەمووان دەیانەوێ بزانن کەوا چیە نوسراوە.

دووەم/ دابەشکردنی ناوەرۆک:

بەشێوەیەکی گشتی؛ ناوەرۆکی ڕۆمانەکە بۆ سێ وێستگە دابەشکراوە، هەر وێستگەیەک ناوی لێنراوە کتێب، واتا(کتێبی ١، کتێبی ٢، کتێبی٣)، هەر کتێبێکیش لەچەند بەشێک پێکهاتووە.. لەکتێبی یەکەمدا ناونیشان نیە، هەرچی کتێبی دووەمە؛ ناوی(زەمینەیەکی نوێ)، وە کتێبی سێیەم ناوی(ئەنوا)یە، چیڕۆکێکی ناو کتێبە پیرۆزەکەی ماڵی “ئاغا ئەکبەر”ە. ئەوەی جێی سەرنجە؛ لەبەشی یەکەمی کتێبی یەکەمدا بە(ئەنوا) دەستپێدەکات، بەڵام کتێبی سێیەم ناولێدەنێت(ئەنوا)، ئەمەش لەڕووی فەزای گشتی وبواری گشتییەوە؛ جێی سەرنجە، لەوەی کە لەسەرەتادا (ئەنوا) چیڕۆکی کتێبە پیرۆزەکەیە، بەڵام لەکۆتاییدا وێستگەی ژیانی کەسێکی بێناسنامەو وێڵ وسەربزێوەو چەپە، ئەمەش بەپێی بۆچوونی زانای کۆمەڵناس (هابرمانس) بێت؛ بواری گشتی دەرچوونە لەچوارچێوەیەکی دیاریکراوی خێزانی، دەوڵەتی، یان کۆمەڵایەتی وڕامیاری وتاد.. هەروەها سەربزێوی وسەرپێچیکردنی هەندێ خەسڵەت وتایبەتمەندی وداب ونەریتە. هەرچی (ئیمانۆئێل کانت)یشە پێش (هابرمانس) لەوتارێکیدا بەناونێشانی(ڕۆشنگەی چیە) باس لەو بارودۆخە دەکات، وەختی تاک لەناو ڕەوشێکی دیاریکراودا تێی دەکەوێت وچوارچیوە وەردەگرێت، بەڵام پێیەوە پەیوەست وپابەند نابێت، واتا لەفەزایەکی گشی دایە، دەکرێت بڵێین “ئاغا ئەکبەر” لەفەزای گشتی دایە ودەیەوێت لەنوێوە دەستپێبکاتەوە.

سێیەم/ هونەری مەڕاقکردن/ فن الحبکة(ڕستن وچنینی ڕووداوەکان):

سەرەتا؛ ڕۆماننوس بەگێڕانەوەی چیڕۆکی یارانی ئەشکەوت، کەلەقوڕئانی پیرۆز هەیە دەستپێدەکات، پاشان وردە وردە دێتە سەر ئەشکەوتی شاخی زەنجان ونوسینی بزماری وژیانی کەسایەتی سەرەکی”ئاغا ئەکبەر”.
تابلۆی خەتی بزماری؛ لەناو ئەشکەوتی شاخی زافەران؛ کە بنارەکەی شاری زنجانە، بووەتە خاڵی وەرچەرخان وڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر، لەوەی کەکەسایەتیەکانی ڕۆمانەکەی بەخۆوە سەرقاڵکردووە، بەتایبەت کەسایەتی سەرکی(ئاغا ئەکبەر)ی کەڕو لاڵ. ڕەخنەگرو ئەدیبی بەریتانی(ئیدوارد مورگان فۆستەر) لەبارەی ڕەگەزی وروژاندن وئارەزووپێدان/ عنصر الرغبة والتشویق، دەڵێت: (گرێی ڕۆمان لەمەڕاقکردن وچۆنیەتی داڕشتنی ڕووداوەکان دایە)، وەختی خوێنەر ڕۆمان دەخوێنێتەوە؛ دەبێ خاڵێک هەبێ کە تیایدا هەست بەوە بکات کە بەئامانجی نوسەر گەیشتووە، ئەمەش ڕای دێنێت کەبەردەوامبێت، بەجۆرێک تامەزرۆیی زۆرتر بەخوێنەر دەبەخشێت وڕایدەکێشتێت تا کۆتایی ڕووداوەکان. لەم ڕۆمانەدا؛ نوسینە بزماریەکە گرێیەکی سەرکیە، کەلەڕیی کەسایەتی سەرەکی ڕووداوەکە(ئاغا ئەکبەر) دەبێ وەربگێڕدرێتە سەر زمانی سەردەم، هەتا هەمووان تێبگەن کەچی نوسراوە. لێرەدا هەست بەوە دەکەین کەڕۆماننوس سەرکەوتووە لەوەی پەیوەندیەکی گەرم وگوڕ لەنێوان ڕووداوو گرێی ڕۆمان وکەسایەتیەکانیدا دروستبکات، هەتا مەبەستەکەی بگات.

چوارەم/ کەسایەتی وکات وشوێن:

ئەم ڕۆمانە، چەندین کەسایەتی تێدایە، کەسایەتی سەرکی”ئاغا ئەکبەر”ی کەڕو لاڵە، کەخەڵکی زنجانی بناری شاخی زافەرانە، لەڕێی “هاجەر”ی دایکی و”کازم خان”ی خاڵی گرینگی پێدەدات وڕۆڵ وئەرکەکانی بۆدیاری دەکات. هەروەها چەندین جار ناوی”شا” دێنێت، لەوەی ئەو دەسەڵاتداری ئەوسای ئێرانە، باسی مەلاکان دەکات وناوی “خومەینی”یش دێنێت وەختی لەڕێی شاخەکانی زنجانەوە لەدەست “شا” ڕادەکات ودواتر بەسواری فڕۆکەیەک دێتەوەو دەبێتە حاکمی ئێران، ئەمەش “ئاغا ئەکبەر” سەرسام دەکات. هەروەها چەندین کەسایەتی تریشی تێدایە وەکو “ئیسماعیل، تینا، جەمیلە، موسەددەق، چەرچڵ، بولفەزل و..ناوی چەند شاعیرێک وچەند کەسایەتیەکی تریش. لێرەدا؛ هەست بەهەژموونی نوسەر دەکەین لەوەی خۆی ئەرک وڕۆڵ بەهەر کەسایەتیێک دەدات وهەڵیاندەسوڕێنێت.
کاتی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە؛ سێ دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردووە. هەرچی شوێنی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەیە؛ بەگشتی ئێرانە، بەڵام نوسەر بینینی خۆی وەکو هێمایەک لەشاری زنجان وشاخی زافەران چڕکردۆتەوە.

پێنجەم/ زمان وگوفتار:

هەرچی زمانی وەرگێڕانەکەیە؛ زمانێکی ڕێک وشیاوی نوسینی ڕۆمانە، وەرگێڕ سەرکەوتوو بووە لەگواستنەوەی ڕووداوەکان وپێکهاتەکانی تری ڕۆمانەکە بەگشتی، وەک دەڵێن: وەرگێڕان وەک ئەوە وایە تۆ مافورێکی کاشان وەربگێڕیە دیوەکەی تری وئینجا ڕایبێخی. واتا هیچ کات وەرگێڕان وەک زمانی زگماکی نوسین نایێتەوە، بەڵام بەگشتی هەست ومەبەستی نوسەر بگەیەنێت بەپێی ئەو هونەرەی نوسینی پێدەنوسرێت گرینگە.
هەرچی پەیوەندی بەگوفتاری ڕۆمانەکەوە هەیە؛ ڕاناوی کەسی یەکەم(من) بەسەریدا زاڵە، کەگوزارشت لەکەسایەتی ڕۆماننوس دەکات. لەوەی کە نوسەر (ڕۆماننوس) وەک چۆن زاڵە لەپێدانی ڕۆڵ بەهەر کەسایەتیێک؛ ئاواش لەدواندنیاندا زاڵە، بەڵام بەیەکداچوونی نێوان ڕووداوەکان وکەسایەتیەکانیش گرینگە ویەکلاکەرەوەیە.

لەم ڕۆمانەدا؛ گێڕەرەوە خودی نوسەرە، چونکە هەموو شتەکان دەربارەی هەموو کەسایەتیەکان دەزانێت بەکەسایەتی سەرەکی”ئاغا ئەکبەر”یشەوە. لەوانەیە “کازم خان” خودی نوسەر(ڕۆماننوس) بێت، بەپێی ئەم چەند دێرەی لاپەڕە ١٩ی ڕۆمانەکە بێت کەدەڵێت: “ئێمە دوو کەسین چیڕۆکەکە دەگێڕینەوە. ئیسماعیل ومن. من گێڕەرەوەی هەمەشت زانم. ئیسماعیلیش کوڕی ئاغا ئەکبەرە کەکەڕو لاڵ بوو”.

ڕەخنەگری فەڕەنسی(جۆن بۆیۆن)پێی وایەکە گێڕەرەوە؛ بەگوێرەی زانیاریەکانی دابەش دەبێت بۆ سێ جۆر، ١- گێرەرەوە لەکەسایەتی سەرەکی زیاتر دەزانێت. ٢- گێڕەرەوە هەندی کەسایەتی سەرەکی دەزانێت. ٣- گێڕەرەوە کەمتر دەزانێت لەکەسایەتی سەرکی.
لەم ڕۆمانەدا؛ گێڕەرەوە کەخودی ڕۆمانوس(نوسەر)ە؛ لەجۆری یەکەمیانە، بۆیە وەختی ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە؛ هەست بەهەژموونی نوسەر دەکەین لەوەی خۆی ئەرک وڕۆڵ بەهەر کەسایەتیێک دەدات وهەڵیاندەسوڕێنێت. لەبەرئەوە پێم وایە، ئەم ڕۆمانە بەشیک بێت لەژیاننامەی نوسەر. واتا لێرەدا بەیەکداچوونی ڕەگەزی دەقەکان ڕوویداوە، لەوەی ڕەگەزی ڕۆمان وڕەگەزی ژیاننامە جووت دەبن و”توانەوەی جۆری” دروست دەبێت، بەوەی دەقێکی ئەدەبی هەژموون بەسەر دەقێکی تردا دروستدەکات.

بۆتان لەتیف عەبدولقادر
هەولێر ١٢/٧/٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish