بۆ دەبێت بەشداری و پشتیوانی لە ناڕەزایەتی یەکانی خەڵکی عیراقدا بکرێت…؟! … موزەفەر عەبدوڵا
لە یەک دوو هەفتەی ڕابردوەوە هەتا ئێستا بەردەوامی ناڕەزایەتی یە جەماوەری یەکانی خەڵکی لە زۆربەی شارەکانی عیراق، کە لە شاری بەسرەوە دەستی پێکرد ،بۆتە گەورەترین هەواڵی گەرم و ڕوداوی گەورەو جێگای قسەوباسو پرسوڕای گشتی لە ئاستی ناوەوەو دەرەوە.
ئەگەر چی شێوازی ئەم ناڕەزایەتی یانە بەهۆی سەرکوتگەری هێزی سەربازی دەسەڵاتو هێزی میلیشایی تاقمە ئیسلامی و تایەفی یەکانەوە توندو تیژی لێکەوتۆتەوەو بۆتە هۆی کوشتنو برینداربونو دەسگیرکردنو ئازاردانی دەیانو سەدانو بگرە هەزاران کەسیش ،بە تایبەتی لە هەڵسوراوانی نارەزایەتی یەکان ،کەچی هێشتا بەردەوامی هەیەو لە ڕێڕەوی مەدەنیانەو جەماوەریانەی خۆی دەرنەچوە.
هاوکات زۆربەی خواستو داواو دروشمەکانی خۆپێشاندەران بە تەواوی ناوەڕۆکێکی چینایەتی جەماوەری و ئازادیخوازانەیان پێوە دیارە.
بەڵام لەگەڵ هەمو ئەم ڕاستییە ڕون وڕاشکاوانە شدا هێشتا هەندێک دەستەو لایەن، لەسەرو هەمویانەوە حزبی شیوعی عیراقی ،لایەنگری و پشتیوانی لەم خۆپیشاندانانە ناکەن و بانگشەی ئەوە دەکەن کە نابێت بەشداری تیدا بکرێت .بەڵگەشیان ئەوەیە کە لە نێو دروشمەکاندا دروشمی دژی حزب و حزبایەتی بەرزکراوەتەوە.
ئەمە جگە لەوەی هەندێک لایەن بە گومانی هەبونی دەست لە پشتەوە ،جا لە نێو لایەنو تاقمەکانی دەسەڵادابیت یاخود دەخاڵەتی داعشو هەتا دەخاڵەتی ئەمریکا بۆ گۆڕینی هیز هاوسەنگی بە قازانجی خۆیان، بانگشەی ئەوە دەکەن نابێت پشتیوانی و بەشداری ئەم خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیانە بکرێت.
ئەمە جگە لەوەی زۆربەی تاقمە ئیسلامی و تایەفی و قەومی یەکانی ناو دەسەڵات بە سوننەگەراو شیعەگراو قەومیگەراوە لە دژی خۆپیشاندانو بە دەستی دەرەکی تاوانیاریان دەکەنو هاوکات لە پاڵ وەعدی درۆ بە وەڵامی داواکان بە دڕندانەترین شێوازیش سەرکوتیان دەکەن و هەوڵ دەدەن کۆتایی پێ بێنن.
بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە بۆ دەبێت سەرەڕای هەمو ئەو پڕوپاگەندانەو سەرەڕای هەر لاوازیو کەموکوڕیەک لە دروشمو خواستو ڕێڕەوی ناڕەزایەتی یەکانو نەبونی یەک ڕابەری چینایەتی خاوەن بەدیلی سیاسیش هەر دەبێت پشتیوانو بەشداری تیادا بکرێت؟!
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند بەڵگەوخاڵێک بکەین کە بەرهەقی ئەم خۆپیشاندانە دەردەخاتو وا دەکات پشتیوانی وبەشداری تێدا بکرێت .
خاڵی یەکەم: چینایەتی بونی کرۆکی ئەم ناڕەزایەتی یانەیە لە ڕویی کۆمەڵەیەتی یەوە کە بەشی هەرە زۆری لە جەماوەری ستەمدیدەو بیبەشو هەژارو نەبونەدارو ئاوارەو بیخانەولانەی پلیشاوەی ناو کۆمەڵگایە. ئەمەش لە خواستەکانیاندا دیارە وەک خواستی دابین کردنی کارو وەزیفەو خزمەتگوزاری ئاووکارەباو دابین کردنی خزمەتگوزارییەکانی تری وەک تەندورستو پەروەردەو خویندن هەتا دەگاتە کۆتایی پێهێنانی گەندەڵی .
خاڵی دووەم: ئەم خۆپێشاندانە دژی هەمو باڵەکانی ناو دەسەڵاتە بە شیعەگەراو سوننەگەراو قەومی و تایەفی یەوە. بەڵگەی ئەمەش سوتاندنی بارەگاو مۆڵگەی زۆربەی ئەو تاقمانەی وەک ئال سەدرو ئال حکیم و عەلاوی و مالکی و عەبادی وعامری ..هتد.هاوکات وێرای دابین کردنی داواکاری یە کۆمەڵایەتی و ئابوری یەکانیان داوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئیسلامی و تایەفی و قەومی دەکەن وەک لە دروشمەکەیان دیارە کە دەڵێن : لا سنیە لا شیعیە حکومە علمانیە.جا ئەگەر هێشتا ئەم دروشمە لە ڕویەکەوە زۆر کۆمەڵایەتی نیەو هەروەها کرۆکێکی چینایەتی سۆسیالسیتیشی نی یە بەڵام مادام دژی هەمو ڕەوتەکانی ناو دەسەڵاتی ئیسلامی و تایەفی و قەومییە ئەوە هێمایەکە بۆ ئازادیخوازبونو سەربەخۆ بونی لەهەمو ئاستەکاندا.
خاڵی سێهەم:ئەم ناڕەزایەتیانەی ئەمجارەش وەک هەمو ناڕەزایەتی یە جەماوەری یەکانی ساڵانی پێشو ،چ لە شارەکانی ناوەڕاستو خوارووی عیراق ،چ لە کوردستان و ،تەنانەت چ لە زۆر ووڵاتی تر لەوانە ئیران لە چەند مانگی ڕابردودا کە بوە ،بەرەنجامی کۆبونەوەی توێژیکی کرێکاران یان بێکارانو خەڵكی هەژار بوە.ئەمجارەش لە ئاکامی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی بێکاری شاری بەسرەوە دەستی پێکرد. ئەم شارەش یەکێک لە ناوەندە سەرەکی یە پیشەسازییە گەورەکانی بەرهەمهینانی نەوتە لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین دیاردەی بیکاریو نەداری و هەژاری و بێخانەولانەیی تیادایە.
خاڵی چوارەم:ئەم خۆپێشاندانە ناڕەزایەتیانە ڕاهینانی بەکردەوەی ئەو دەنگە بەرزە نایە جەماوەری یە بوو کە بەرامبەر بە گاڵتەجاری هەڵبژاردن بەرزیان کردەوە.
لە کاتی گاڵتەجاری هەڵبژاردن هەمو بەرەی ڕاستی لۆمپەن بۆرژوازی ئیسلامی و تایەفی و قەومی و،تەنانەت عەلمانی وەک حزبی شیوعیش، بانگەوازی جەماوەریان دەکرد بۆ بەشداری کردنی دەنگدان بۆ مەستی خۆیان . بەڵام جەماوەر زۆرکەمتر لە نیوە بەشدار بوون. ئەمە جگە لەوەی ئەو لایەنەی کە پروپاگەندەی نوێنەرایەتی خەڵکی هەژاریان دەکردو سەرکەوتن کە لیستی سائیرون بو هەتا ئیستا نەیان توانیوە حکومەت پێک بێنن بەهۆی زیاتر قوڵبونەوەی قەیرانی هەمەلایەنەی هەمو باڵەکانی بۆرژوازی لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەکەو جیهان.
بە مانایەک هەم دەنگ نەدانو هەم خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان نەک هەر دژی بەناو پرۆسەی سیاسی چەند ساڵە بون هاوکات دژی دەخاڵەتی هەمو ڕژێمەکانی ناوچەکەو جیهانیش بون.بە تایبەتی دەخاڵەتی بێ سنوری ڕژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران کە لە سوتاندنی هێماکانی سەرانی ئێران ڕەنگی دایەوە.
خاڵی پینجەم:بە جۆرێک لە جۆڕەکان ئەم ناڕەزایەتیانە درێژکراوەی ناڕەزایەتی یەکانی ساڵانی پێشوە نەک هەر لە ئاستی ناوخۆیی عێراق بەڵکو لە ئاستی ناوچەکە بە تایبەتی لە ئێران کە بێئاکام مانەوە لە دابین کردنی خواستو دروشمەکانیان .
جا هەر وەک چۆن هەردو ڕژێمی ئیسلامی و تایەفی لە ئێران و لە عێراق لە زۆر لایەنەوە هاوچارەنوسی و هاوبەرژەوەندن ئاواش جەماوەری ستەمدیدەی هەردو ئەم وڵاتەش هاوچارەنوس و هاوبەرژەوەندنی چینایەتین.
وەک بینیمان لە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی خەڵکی لە ئێران بە بەرزکردنەوەی دروشمی: ئیسلام تەلەب ئوسول گەرا دیگە تەموم شد ماجەرا دەستیان پێکرد . خۆپیشاندانەکانی خەڵکی لە عیراقیش بە بەرزکردنەوەی لا سنیە لا شیعیە حکومە علمانیە ڕوی لەهەمو باڵەکانی ناو دەسەڵاتە.تەنانەت ڕووی لەو ڕەوتو تاقمە ئیسلامی و قەومیانەشە کە خۆیان بە دژی دەسەڵاتیش دەزانن وەک بەعسی یەکان و داعشیەکان.
هەڵبەت ئەم دروشمە سەرەڕای ڕەخنەو ناکۆکی ئێمە کە پێمان وایە ناوەڕکێکی چینایەتی کرێکاری نی یە بەڵام خودی بەرزکردنەوەی لە دژی ئەم دەسەڵاتە ئیسلامی و تایەفی و قەومیانە هەنگاوێکە بۆ پێشەوە.
بۆیە لەسەر بنەمای ئەم بەڵگەو ڕاستیانە پێویستە لەسەر هەمو کەسو لایەنێکی چەپوکۆمۆنسیتو ئازادیخواز پشتیوانی و بەشداری ئەم خۆپێشاندانو ناڕەزایەتیانە بکات.وە هەوڵ بدەن هەرچی زوە یەکگرتوتر و ڕێکخراوتریان بکەن. بە تایبەتی ڕێکخراو کردنی کرێکاران و بێكاران و کارمەندان ومامۆستایان و خوێندکاران و لاوان و ژنان و …هتد لە شوێنی کارو ژیانیان. تا ئەو ئاستەی جەماوەر خۆی ببێتە بەدیلی دەسەڵاتو پاشان بەردەوامی ئەم ناڕەزایەتیانە تا ئاستی ڕاپەین و ڕوخانی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی و تایەفی و قەومی و کۆتایی پێهێنانی دەخاڵەتی ڕژێمەکانی ناوچەکەو دەوڵە زلهیزەکانیش لە عێراقدا.
٢٢-٧-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا