Skip to Content

ڕاپـەڕیــن؛ یـادگـــاریـەکــی منـاڵیــم … بۆتان لەتیف ماویلی

ڕاپـەڕیــن؛ یـادگـــاریـەکــی منـاڵیــم … بۆتان لەتیف ماویلی

Closed
by ئازار 14, 2017 General

هەموو ساڵێ لەسەرەتای مانگی ئازار؛ خەڵکی کوردستان یادی ڕاپەڕین دەکاتەوە، کە لە ٥ ی ٣ ی ١٩٩١ لەشاری ڕانیە دەستی پێکردو گەلی کوردستان لەدەزگا داپڵۆسێنەرەکانی حیزبی بەعسی فاشی ڕاپەڕین ولەکوردستان وەدەرنران. ئەوەی دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم؛ ڕاپەڕینی خەڵکی سۆران وڕواندزە، ئەوەی لەیادو بیری من هەیە لەو ڕۆژەدا لێرە بەکورتی بیخەمە ڕوو.
دوای ئەوەی گوندی ماویلیان لەلایەن بەعسەوە وێرانکرا؛ ئێمە ماڵمان چووە بناری کارۆخ، کەئەو کات پێی دەگوترا سنوری ئازادکراو، دواتر لەساڵی ١٩٨٩ باوکم (شێخ لـەتیف ماویلی) لەلایەن بەعس دەستگیرکرا، کە لەدەرگەڵەوە بۆ ماویلیان وبەرزێوە دەهاتین بەمەبەستی سەردانی لای خزمان، ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی ماڵمان بگوازرێتەوە گوندی کەورین کە چەند کیلۆمەترێک لەڕۆژهەڵاتی سۆرانە.

بەبیرم دێ وەختی ڕاپەڕین، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٠/٣/١٩٩١ باوکم (شێخ لـەتیف ماویلی) جلی مەلایەتی( جوببەو مەندیل)ی کردە بەرو، چەکێکی کەلاشینکۆفی لەخزمێک وەرگرت وڕەختێک مەخزەنی لەسەر ئەو جلە بەست، ئێمە ئەو کات ماڵمان لەگوندی کەورین بوو، باوکم پێشنوێژو وتارخوێن بوو لەوێ، چونکە بێجگە لەوەی خوێندنی فەقێیەتی تەواو کردبوو؛ دەرچووی کۆلێژی شەریعەو قانوونیش بوو لەزانکۆی بەغدا. زۆرێک لەپیاوانی ئەم گوندە لەدەوری کۆبوونەوەو چەکیان هەڵگرت، دیاربوو پێشتر باسی ئەو ڕۆژەی لۆ کردبوون، مام عەبدولڕەحمانی مام عەوڵا گەورە چەکی قازیفەی پێ بوو، هەروەها مام تۆفیق ومام ئیبڕاهیم وکاک مزەفەرو شیخ خالید، کەئامۆزای بابم بوو ئەویش لەماڵمان بوو، بەباوکمی گوت: منیش دەچم چەکێک لەماڵی مام حاجی ئاغا دێنم ولەگەڵتان دێم، هەروەها زۆر کەسی دیکە کەڕەنگە ئێستا ناوەکانیانم لەبیر نەبی بەتەواوی، هەموو پێکەوە بەڕێ کەوتن بۆ شاری سۆران، کەنزیکەی (٦ بۆ ٧) ئۆتۆمبێل دەبوون، لەسەر ڕێگای گشتی هاملتۆن لەلای گۆڕستانی دەشتێ، لای پارکی گوڵانی ئێستا؛ گەیشتنە قافلەی ئۆتۆمبێلەکانی قائیدی فڕقەی (٣٣)، کە ڕەنگە زیاتر لە (٢٠٠) ئۆتۆمبێلی پڕ سەربازو چەکی بەدواوە بوو، باوکم لەبەردەم ئۆتۆمبێلەکەی ڕاوەستاو دەستی بەرزکرەوەو پێی گوت( عاش الحق، عاش الشعب الکوردی)، ئیدی ئەم قائیدەو دارودەستەکەی خۆیان بەدەستەوەدا، پاشان باوکم وهاوڕیکانی بەرەو بارەگای منەزەمە چوون لەشارۆچکەی دیانا( بەرگوان) وابزانم ئێستا بارەگای ناوچەی پارتی تێدایە، لەگەڕانەوەیاندا لەنزیک فلکەی پێشمەرگەی ئێستا گەیشتنە مام عزت بەگ دەرگەڵەیی وهاوڕیکانی کەلەسەربازگەکەی دەشتێ دەهاتنەوە، کەلەلای پارکی گوڵان –گۆڕستانی کەورین- هەتا دەگاتە گەروێ سۆرەپەلێ وبگرە تا نزیک فلکەی پێشمەرگەی ئێستا هەموو سەربازگە بوو، سەربازگەیەکی زۆر گەورە بوو!!.. مام عزت بەگ پێی گوتبوون فەرموون بابچینە ماڵی ئێمە چایەک بخۆینەوە، ئەوانیش چووبوون. واتا سۆران ئازادکرا.. لەوێ مام عزەت بەگ وهاوڕێکانی دەوری باڵایان هەبوو لەڕاپەڕیندا.. هەروەها ڕواندز درەنگتر ئازاد بوو، چونکە لەحامیەی ڕواندز بەعس هەندێ تەقەی کردو بەرهەڵستی کرد، بەڵام دواتر ئەویش ئازاد بوو..

هەرچی قەزای چۆمانە؛ هەندێک لەماویلیەکان کەدوای ڕاگواستنی ماویلیان لەبێنوریان نیشتەجێ ببوون، هەروەها خەڵکی بەرزێوە بەرەو چۆمان ڕۆیشتن کەبارەگایەکی فەوجی لێبوو.. چونکە بێجگە لەگوندی بەرزێوە گوندەکانی تر هەموویان ڕاگوێزران وخاپورکرابوون!.. ئەوکات د.سەلام کوڕی عەبدولقادری شێخ وهاوڕێکانی بەرەو منەزەمەی چۆمان چوون، لەبەرزێوەش موسلیح زێوەیی وهاوڕێکانی وخدر ماویلی بەرەو ئەو منەزەمەیە چوون، لەناو منەزەمەکە مام سەلام(د.سەلام) گوتی: یەکێک لەفرسانەکانی ئەوسا؛ چەکی لەئامیری فەوجەکە ڕاکێشاو پێی گوت: سلم نفسک!.. ئەویش وەڵامی دابۆوەو پێی گوتبوو: ئەی خائین، ئەدی ئەتو دوێنێ نەهاتیە لام وپێت گوتم: مەترسێ سەیدی هەر شتێک بوو ئێمە دەگەینە لات ودەتپارێزین؟!.. مامیشم(د.سەلام) دەڵێ منیش بەو مستەشارەم گوت: تۆ لێگەڕی با خەڵک ڕاپەڕین بکەن، تۆ ڕاست ناکەی، ئەگەر ئەو سەربازگەیە دامەزراوەیەکی سەربازی وفەرمی دەوڵەت بێت؛ تۆ فرسانێک زیاتر نی، سەربە ئەوانی!.. پاشان ئامیرەکە بارەگای فەوجی بەجێهێشت وتەسلیم بوون، ئیدی ئاپۆرای جەماوەری گوندەکان ودانیشتوانی چۆمان وڕواندزو سۆران پێکەوە لەدەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس ڕاپەڕین ولەو دەڤەرە وەدەرنران. بێگومان بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ سەربازەکان کرا، کەئەمە سەروەری وڕەوشتێکی زۆر جوانی خەڵک بوو.. بەڵام ئەوەی جێی ڕەخنەیە؛ بەداخەوە زۆر خەڵک ئەو کات بۆ پوڕو تاڵانی هاتبوون!! هەموویان بەتاڵان برد!!.. کەل وپەلی هەموو شوێنەکان بەتاڵانبران!!؟.. باوکم یەکێک بوو لەوانەی زۆر هەوڵیدا تاڵانی نەکرێت، بەو خەڵکەی دەگوت کەکەلوپەل وشتەکانیان بۆخۆیان دەبرد؛ ئەمە هەم لەڕوو ئایینی حەرامە هەم لەڕوو نەتەوەیی ونیشتیمانی، چونکە موڵکی گشتیەو هی دەوڵەتە، لێگەڕێن بابەرەی کوردستانی وەکو دامەزراوەیەکی فەرمی ئەم بارەگاو کەرستە سەربازی وهەرچی کەل وپەل هەیە وەربگرێت ولەبەرژەوەندی گشتی سودیان لێ ببینرێت.. بەڵام کەس گوێی پێ نەدا!!.. هەتا بەردی بناغەش دەرهێندرا لەمەعەسکەرەکەی سۆران. پاساویشیان ئەوە بوو کە ئەمە هی ڕژێمێکی فاشیستی چەوسێنەرەوەیە، موڵکی ئێمەی خەڵکە ئاساییە لۆخۆمان بیبەین.

ئێمەی منداڵانیش بەشدار بووین، پێمان خۆش بوو ئەو فەوزایە دروست بووە، چونکە من بەسروشت؛ منداڵێکی سەربزێوو بەجولە بووم، ئەو کات تەمەنم لەدەوری (٧ بۆ ٨) ساڵی دەبوو، لەگەڵ چەند منداڵیکی دیکەی کەورین؛( عەلی ومحمد کوڕانی مام سۆفی خورشید، سەلیمی مام حاجی ئاغا، حەسەنی مام مەعروفی وزۆری دیکەش کەداوای لێبوردن دەکەم ناویانم وەبیر نەماوە) چوبووینە ئەو شوێنە(سەربازگەکەی دەشتێ/ سۆران)، لەوێ یاریمان بەو چەکانە دەکرد کەلە پاش بەعس بەجێمابوون، بارووتی گولەی ئاربیجی وگولە دۆشکەو کەلاشینکۆفمان دەردەهێناو ناوی خۆمان وشتی دیکەمان پێی دەنوسی وپاشان دەمان سوتاند هەتا نەخشەکەی لەسەر خاک دەربچێت، وە بۆ یاری منداڵانە بەکارمان دەهێنان، بەتایبەت ئەو یاریەی ئێمە پێمان دەگوت(قالکانە) کە قالکی فیشەکەکانمان دادەنایەوە لەسەر زەوی وسەرە گوللـەکانیشمان دەگرتنێ. هەروەها زۆر یاری دیکەی منداڵێش.. زۆر خەڵکم دەدیت وەکو چاودێر(حەڕەس) لەدەوری کۆیەکی زۆری چەک وکەلوپەلی وەکو خواردن وشتی تر بوون، ئەو کات من نەمدەزانی ئەوە تاڵانی وپوڕە کۆکرایتەوەو حەڕەسی لۆداندراوە!!.. کەگەورە بووم، زۆرم پێ ناخۆش بوو.. ئەوانەی شوفێرییان دەزانی؛ بەئیڤاو زیلی عەسکەری شتیان دەبردەوە.. لەهەندێ ژوو دەجووینە ژوورێ؛ هەمووی مەرجەبی سەربازی بوو/ کەلوپەلی سەربازی، هەندێ ژوور بەس سجل ودەفتەرو شتی لەو بابەتە بوون.. هەر خوا دەزانێ چی لێنەبوو!!.. دامەزراوەیەکی زۆر گەورە بوو ئەم سەربازگەیە، بۆ نوێژی نیوەڕۆ ئاوی تێوەرکراو هەمووی تاڵانکرا.

دواجار دەڵێم: ئیدی ئەم ڕاپەڕینە هی هەموو خەڵکی سۆران بوو، بەوانەشەوە کە خۆیان گونجاندبوو لەگەڵ حزبی بەعس. هەموو چین وتوێژەکان بەوپەڕی ورەو وزەو بوێرییەوە بەشداریانکردو لەزوڵم وزۆری بەعس ڕاپەڕین، لەپێناو ئازادی وداد، لەپێناو نانێکی سەربەرزانەو لەحوکمڕانیەتێکی خۆماڵیدا.. من نامەوێت قسە لەسەر دوای ڕاپەڕین بکەم، ئەوەی مەبەستم بوو تەنها وەبیرهێنانەوەی یادێکی مناڵیی خۆم بوو، کەوەک ئاوێنە زۆربەیم لەبیرە..

بۆتان لەتیف ماویلی
٩/٣/٢٠١٧ – هەولێر

Previous
Next
Kurdish