
گه‌مه شاراوه‌كانی با (3) …. نه‌ژاد عزیز سورمێ
” ئه‌م ده‌قانه له ئه‌سڵدا به عه‌ره‌بی نووسراون .
نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر( نه‌جات حه‌مید ئه‌حمه‌د )
به پێداچوونه‌وه‌ی نووسه‌ر كردوونی به كوردی .”
به‌شی سێیه‌م
(1)
بڕوانه ئێمه له كوێی
ئه‌و نامه لاڵانهداین ..
ماڵئاواییش سیحری خۆی هه‌یه ،
سڵاو له ئاسۆی ساویلكه‌یی ..
گه‌ر ئه‌و قه‌ده‌رانه‌ی تێدا به نه‌مری بمێنێته‌وه
ژیانمانی به به‌رائه‌ت و جوانی ڕه‌نگ كرد .
بڕوانه ئێمه له كوێی
ئه‌و ساته ترسناكانه داین ؟
به شیعرێكی دواخراو ده‌چێ ،
ڕووبار و مانگی له ئامێزدایه
شیعرێك له چۆله‌وانی ته‌نیایی و ژاوه‌ژاو وه‌ڕس نابێ ..
سڵاو ئه‌ی ڕووناكایی تیشك !
سڵاو له تارماییه‌كانی مێژوو و جوگرافیا
له نێو بۆشایی گه‌ردوونی داڵانه تاریكه‌كاندا
ده‌بریسكێنه‌وه …
سڵاوت لێ بێ نزاكانی سپێده
پاش ئه‌وه‌ی ،
به داوی شه‌وی تاریكستانه‌وه بوون ..
بڕوانه ئێمه له كوێین !
وه‌كو دوورگه‌یه‌كی سووتاو جێم مه‌هێڵه
یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌ڵلووشێ ..
جێم مه‌هێڵه وه‌كو په‌ڕه‌یه‌كی سپی
هیچ شتێك نه‌نوێنێ ..
جێم مه‌هێڵه وه‌ك ڕه‌زمێكی لاسه‌نگ
جێم مه‌هێڵه وه‌ك پایز
به ته‌نیا به‌ره‌و ڕووی چاره‌نووسی ببێته‌وه
ج..
ێ م
مه
هێ
ڵه ..!
24\10\2004
(2)
سروودگه‌لی پایز ،
هه‌ر زوو زستان له ئامێزی گرتن .
پرۆژه‌ی هۆنراوه‌یه‌ك بوو له كریستاڵ ..
ساماڵێك ، بوونایه‌تی خۆی به‌جێدێڵێ و
پرد بۆ پیاوی خۆڵه‌مێشی هه‌ڵده‌نێ ..
ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ر یاده‌وه‌ری له خاچدراوی
ڕۆژگاری پووچدا خۆیان ڕاگرتووه ..
ئا ئه‌مه‌یه حاڵ ، هۆنراوه ئازیزه‌كه‌م !
بێده‌نگی له هاوار ڕاستگۆتره
هاوار وای لێهاتووه له چه‌قی ڕێگا چۆل و هۆڵه‌كاندا
بووه به وه‌ڕین ….
هه‌واداریی پاڵی به ئاره‌زووی جه‌سته‌وه داوه
ئه‌وه‌ی له ئێواراندا ده‌مێنێته‌وه ..
جێگه‌ی هه‌ناسه‌یه‌كی پڕ به سییه‌كانی تێدا نابێته‌وه
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ،
به‌شی ئه‌وه ناكا له باوه‌شت بگرم
وه‌ك چۆن له ته‌لاناندا له باوه‌شی ماندووم ده‌گرتی ..
ئه‌مانه سروودی پایزێك بوون
هه‌ر زوو ،
زستان له ئامێزی گرتن ..
پرۆژه‌ی هۆنراوه‌یه‌ك
نه‌خێر پرۆژه‌ی گێژهنووسێك
كه سه‌ره‌تاو كۆتایی نقوم كرد
ئه‌مانه سروودی ساویلكه‌یی بوون
ئینجا بۆ ئه‌وه‌ی بژیت
ده‌بینی شه‌و و ڕۆژ خه‌ونه‌كانی ده‌كرۆژێ ..
30\10\2005
(3)
به شه‌رمه‌وه ..
ئه‌وه‌تا چرا له گۆشه‌كاندا هه‌ڵواسراون ..
شه‌و به‌سه‌رچوو ..
خه‌تی كازیوه‌ش ڕووی تۆی
له ڕووپه‌ڕی دڵی ماندوومدا ،شاردۆته‌وه .
لێو هه‌ڵده‌له‌رزن ..
داڵانی تاریك و نووته‌ك ..
بۆ كوێ ده‌چێ ؟
وه‌شانی ته‌نیایی ،
وێنه‌ی گه‌ڵای پایز ،
به به‌ر چاوته‌وه په‌رت ده‌بن
دڵه‌كوته‌ی شه‌وق و تامه‌زرۆیی گه‌ڕایه‌وه
دیسان گه‌ڕایه‌وه
باڵه‌كانم ببڕێت ..
كه له ناپاكی باهۆزه‌وه خوێنایان لێ ده‌تكێ ..
بۆچی قیساره شكاوه‌كه‌م ؟
له‌به‌رچی تارماییم ؟
دڵداریه شكست خواردووهكانت
له جوگرافیای دڵم داوێی ؟
بۆچی ؟
من زه‌مه‌نێكم هه‌یه ، له ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌نی تۆدایه
مێژوویه‌كیش ڕه‌نگه بۆره‌پیاوان
پشت گوێی بخه‌ن
به‌ڵام به‌نده‌كانی
له نێو خوڕه‌ی جۆگه‌له و هه‌ناسه‌ی دره‌خت و
سرووده‌كانی پایزدا .. ده‌مێننه‌وه
ئه‌و مێژووه به ته‌واوه‌تی ..
له ڕۆژو مانگ و ساڵانی
هه‌ناسه‌بڕكێ به‌دوای سه‌رابدا جیاوازه
ئا ئه‌مه‌شه حیكمه‌تی چرا هه‌ڵواسراوه‌كانی
گۆشه‌و كونجان
كه به شه‌رمه‌وه ههڵدایسێن ..
28\11\2004
(4)
ئه‌وه به‌دبه‌ختیه
تۆ
به به‌ختیارێكی بێ وێنه‌ی ده‌بینی ..
ڕێچكه‌یه‌كی ئاڵۆزه ، هه‌نگاوه له‌رزۆكه‌كانت
خستۆته سه‌ری ..
وه‌همێك شك نابه‌ی
به‌ره‌و ئاسۆیهكت ببا
به‌دبه‌ختیه ، به‌ختیاری نییه
تونێڵه تاریكه‌كان جێدێڵی و
ده‌ستت له پرچت ده‌گێڕی
وه‌ك ئه‌وه‌ی له كۆستێكدا بیت ..
ئه‌وه‌تا ده‌بینی ،
ئه‌وه ڕووباره
وێڕای به‌دبه‌ختیی
به ستراتیژیای پاكبوونه‌وه‌دا ده‌ڕوا..
ئاوازی شه‌یدای ڕۆشنایی نوور ،
چرپه‌ی فێنكی دارستانن ..
تژی خۆشی و كامه‌رانی
ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ، هه‌رگیز تۆ تێی ناگه‌ی
پشیله‌ی فێڵباز !
5\12\2004
(5)
ئه‌وه مه‌مله‌كه‌تی منه ،
نیشتیمانێك به ئه‌ستێره‌ی مه‌لان گه‌شاوه‌ته‌وه .
ئه‌ی پاسه‌وانی ئاوێنه !
ئه‌وه مه‌مله‌كه‌تی منه ..
شه‌و به دڵی دانیشتووانییه‌وه ماندووه …
له سرووتی ڕۆح ، چیمان ده‌ست كه‌وت ؟
پاسه‌وانی ئاوێنه !
چیمان له سووتانی زستان و بێڵایی شه‌وق ده‌ستكه‌وت ..
چی ؟
چیمان له هاوكێشه لاسه‌نگه‌كان و
سه‌یركردنی ئاوێنه‌دا درویه‌وه ؟
فرمێسكه‌كانمان گه‌رماییان له سۆزی كانیاوه‌كانه‌وه
وه‌رگرتووه ..
سێبه‌ری داڵانه‌كانی مێژوو له جوگرافیای ماندوودا
چه‌ند هێمایێكن سیحر‌و تۆقاندنیان به‌رجه‌سته كرد ..
هه‌وره‌كان نزمن ..
ته‌نیاییه‌كه بۆره‌پیاوان تێی ناگه‌ن
ئه‌وانه‌ی كاتیان
به‌و شتانه به‌سه‌ر ده‌به‌ن
كه كه‌سانی دی فڕێی ده‌ده‌ن
ئینجا بۆچی سه‌رسڕمان؟
له پای چی هاوڕێ ؟!
بۆچی سه‌رسڕمان..؟
كه تۆ به‌دزیه‌وه هاتیته ناو داڵانه‌كانی دڵم..
شار بوو به به‌ردێكی لاڵ
میری مه‌یخانه و
پاڵه‌وانانی شه‌وانی سوور خلۆری ده‌كه‌نه‌وه…
ته‌نیاییه‌ك بۆره‌پیاوان تێی ناگه‌ن
ئه‌وه ته‌نیایی منه ..
سهرگهردانییهك (( زانایانی تاریكی)) په‌ی پێ نابه‌ن
سه‌رگه‌ردانیی منه..
شووره‌ی شه‌وق و ناكاوی
ته‌نها ئه‌وانه ده‌توانن لێی بپه‌ڕنه‌وه
به عه‌شق و ئه‌به‌دیه‌ت و
گۆرانی جودابوونه‌وه چه‌كدارن …
ئه‌وه مه‌مله‌كه‌تی منه ، پاسه‌وانی ئاوێنه !
12\12\2004
(6)
“هاوڕێ و گوڵ و ئه‌ستێره
هاوڕێ و گوڵ و ئه‌ستێره نین
ئه‌گه‌ر هاوڕێ و گوڵ و ئه‌ستێره‌یان تێدا نه‌بینی .”
شاعیری ئه‌رژه‌نتینی
ئهنیتۆ نیو بۆركیا
تۆ له كوێی ،
خۆشه‌ویستی له‌وێیه ..
براده‌ران ،
له سێبه‌رێكی كز به‌ده‌ر هیچیان لێ نه‌ما ..!
كه له نادیدهدا ده‌دره‌وشێنه‌وه ..
هاوڕێیی چیدی مانای په‌نجه نابه‌خشێ ..
كه ده‌ستیان به‌سه‌ر ژێیه‌كانی دڵدا ده‌هێنا
یا ئه‌و موژده‌یه‌ی ،
هه‌ر كاتێك ده‌رده‌كه‌وت
خه‌نده‌ی له سیمایاندا ده‌كێشا…
براده‌ر !
سه‌رده‌م له زه‌ڵكاو ده‌چێ
چه‌ندی به‌هێزتر ده‌ستی بگوشی
به‌هێزێكی پتره‌وه نقوومت ده‌كا ..
گوڵیش وای لێهاتووه
به دڕك خۆی ده‌پارێزێ ..
ئه‌ستێره‌یش قیبله‌نمای بۆش دیاریان ده‌كا ..!
ئای داخی گرانم.. هاوڕێ..!
ئه‌ستێره‌كان
شوێنه‌وارێكیان نه‌ماوه بیانبینی
چ جای ئه‌وه‌ی
شتێكیان لێ بدۆزیه‌وه ..
19\12\2005
(7)
شه‌پۆل خۆی به ته‌نیایی خۆیدا ده‌دا ..
په‌رده لاده بتبینم !
ناكاو ئه‌و دڕكانهم دێنه پێش
كه هه‌ڵاڵه‌ی گوڵانیان دزیوه‌و
خۆیان به باخچه‌ی هه‌ڵواسراو داناوه ..
ته‌نیایی دڵی شه‌كه‌ت كردووه ..
ئه‌ی شه‌وگار !
ئه‌ی ئاسایی و له به‌رده‌ستان ..
ته‌نیایی دره‌وشانه‌وی لێ ون كردووه ..
په‌پووله‌یه‌ك نه نشینگه و نه ئاسمانێكی هه‌یه
كه‌ناری ڕۆحی پارچه پارچه‌م نه‌بێ ..
پارچه‌ی وا ، له‌گه‌ڵ هۆره‌ی پێ په‌تی و
ئاوازه ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌كان هه‌ڵده‌فڕن ..
نوزانه‌وه‌م له ده‌وروپشتی ده‌م و چاوه هه‌ڵبزركاوه‌كان
باڵه‌فڕێیانه ..
ئه‌مانه نزای ماڵاوایین ..
ده‌بێ خۆمان بده‌ینه ده‌ست چاوه خه‌واڵووه‌كان
موجیزه ئه‌وه‌یه تا دوا هه‌ناسه به عاشقی بمێنینه‌وه
نه‌ك ته‌نیا خۆ بنوێنین و هیچیتر..
هه‌ندێ شت هه‌یه ده‌ڕۆن ،
هه‌ندێكی دی ده‌مێننه‌وه ..
تۆیش هه‌ڵبژێره
چارۆگه‌ی ((كه‌شتیه‌كه‌م)) ،
ئه‌ی ئاوازه بێدهنگهكهم !
ڕۆژگار خه‌ریكه ده‌گوزه‌رێ ، به‌سه‌ر ده‌چێ ..
لێ ڕامێنه ! ته‌ماشام كه !
ئاخر سه‌یرو تهماشایش باخچه‌و كه‌ناری هه‌یه
ته‌ماشام كه !
چه‌ندی تێتدایه ته‌ماشام كه !
ئه‌ی ئه‌و خه‌رمانه‌یه‌ی چاوه‌كانت ماندوو كردووم و
یاده‌وه‌ریه‌كانت دزیوم ..
2\1\2005
(8)
ده‌شێ تۆز و گه‌رد
له هه‌رای شه‌وانی سووره‌وه هاتبن
جه‌نگێك بوو ، بۆنی نهێنیه‌كانی لێده‌هات
سه‌دایه‌ك له‌گه‌ڵ باڵی نه‌وره‌سه ماندووه‌كاندا ده‌فڕی
با باوه‌ش به گۆشه‌گیری و دووره‌په‌رێزیدا بكه‌ین
بنه‌وشه‌یش ،
بڕیاریدا باخچه‌و مێرگان به‌جێبێڵێ
هه‌موو هه‌وڵ ده‌ده‌ن دونیا كۆبكه‌نه‌وه‌و
به مێژوو و جوگرافیایه‌وه ،
له گیرفانیانی بپه‌ستن
ئێستا ((ڕه‌نگه)) و ((له‌وانه‌یه)) بۆته ڕاستیه‌كی زه‌ق
كۆڵان و جادان تهی ده‌كه‌ن ..
جاده به جاده ..
كۆڵان به كۆڵان ..
ئه‌وه‌ی بێته پێشی پێی پیا ده‌نێ ..
خۆشه‌ویستیت شێوێندراوه ..
بۆچی چاوه‌كانت پشت گوێ خستووه و
لێی گه‌ڕاوی به نیانیه‌كی پووچه‌وه تیرۆر بكرێن ؟
به‌سه !
ئیتر به‌سه شێوێنه‌ری درۆزن..به‌سه !
چیدی ناهێڵم گه‌ردی
شه‌وه سووره به ژاوه‌ژاوه‌كان
میزاجم تێك بده‌ن ..
13\3\2005
(9)
چۆن بووی هه‌ر وا به !
ئاخر زۆربه‌ی پیاوان له پیشه‌سازی فریودان
له سه‌رسڕمان زیاتر نازانن …
پاشی ئه‌وه‌ی ڕۆیی
چۆن بووی هه‌ر وا به !
له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌دا گه‌مه ده‌كا و
تا خوا ده‌ڵێ به‌س ، یاریان پێ ده‌كا
چرایه‌كی هه‌ڵواسراو خه‌و له چاویان ده‌تۆرێنێ
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
وه‌كو خانمێكی قدیس له هه‌واڵه‌كان ده‌رده‌كه‌وێ ،
به عه‌ترو بخور ده‌ست نوێژ بشوا ..
به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و
جه‌سته‌یه‌كه به وه‌رزه‌كان تێر نابێ
چۆن بووی هه‌ر وا به !.
بۆچی وا نه‌بی ؟!
مه‌ودایه‌ك له نێوان هاوار و گۆرانیدا..
له نێوان ساوی ئاوریشم و ساوی تێلدڕ نه‌ماوه !
چۆن بووی هه‌ر وا به !
ئافره‌تی گه‌مه‌باز
كه به پۆشاكی په‌رییان خۆت ده‌نوێنی…
13\3\2005
(10)
ئه‌وه‌نده‌ی ناوی تۆیان هێنا ،
پیته‌كانم په‌رش و بڵاوبوونه‌وه ..
هه‌مووم له تۆدا توایه‌وه ..
ڕۆژهه‌ڵاتم .. رۆژئاوام
باكورم .. باشوورم
ئه‌رێ كاتی باوه‌ش به‌یه‌كدا كردن ، سووتان
نه‌هاتووه ؟…
ئه‌ی ئافره‌ته سه‌وزه‌كه.. ئافره‌تی حه‌ربا !
سپێده خۆی له بانیژه‌كه‌م ده‌سوێ ..
گوڵه زونبووقهیهك تازه ده‌می كردوه‌ته‌وه ،
نه‌خشه‌یه‌كی تازه بكێشێ ..
بۆ نیشتیمانێك به هه‌ناسه‌بڕكێوه
به‌سه‌ر ڕووتدا ده‌ڕوانێ ..
فرمێسكێكیش له‌سه‌ر ڕوومه‌تتدا ڕاكشاوه
چه‌ند سرووتێك بوون به ناچاری جێ‌مان هێشتن
چه‌ند ماچێك له نێو ترس‌دا مت بوون
به فرمێسك پیرۆزم كه ! تا بكوژێمه‌وه ..
من به شێوه و ناوه‌رۆكه‌وه ده‌سووتێم
ساتێكه له هه‌ڵاتن ئه‌ی حه‌ربا..!
كه شه‌وگار به تاریكیه‌وه به‌سه‌ر جێگه‌ماندا ده‌دا
وه‌ختێ ته‌سلیمی سێوی گوناه ده‌بین ….
3\4\2005