Skip to Content

تەرممان وا بە سێدارەی سیستەمەوە!.. نوری بێخاڵی

تەرممان وا بە سێدارەی سیستەمەوە!.. نوری بێخاڵی

Closed
by نیسان 19, 2021 General, Poems

من لە دونیا نا،
لە خۆم،
بەگشتی، لە مرۆڤ پەستم!

ژیان کە وەک جومگەی لەبارچووی لێ هاتووە
خەتای ئەو نییە
ڕۆژگار کە وەک گەڕی کۆنکان
بەپێچەوانەی میلی کاتژمێر دەسووڕێت
گوناهی خۆی نییە
سیستەمە دار و پەردووی هیچ شتێکی بەسەر یەکەوە نەهێشت!

لە بنەڕەتدا ژیانی سیستەماتیک
واتە داماڵینی ژیان لە بەهای ڕاستەقینەی خۆی
سیستەم، واتە سەراوژێرکردن
ئاوەژووکردنەوە
شێواندنی سروشتی شتەکان!

سیستەم دێت دەستکاری فیترەتی مرۆڤ دەکات
ژیان وەک پارچەکانی ئامێرێک
لەبار یەک هەڵدەوەشێنێتەوە
کە بە کەس نەچێتەوە سەر یەک

کە واتایەک بۆ ژیان نامێنێتەوە
هۆیەکەی سیستەمە
یان ویستی شەیتانیانەی بە سیستەماتیککردنە!

بڕوانن!
چیتر نە مرۆڤ هەمان مرۆڤە ڕەسەنەکەیە
نە سروشت
نە ژینگە
تەنانەت کەشوهەواش!

تازە تێکشکاندنی سیستەم ئاسان نییە
بۆیە خەون بینین بە ڕۆژێکی نوێ
خۆفریودانە

ئێستا هەر ئەوەمان بە دەستەوە ماوە
لەناو یادەوەریماندا
سۆراخی سێبەری خۆشبەختییەکانمان بکەین
ئەوە ئەگەر تەم و دووکەڵی جەنگەکان
هەوری ڕەشی نەگبەتییەکان
کڵاوڕۆژنەیەکیان بۆ ئەو گرتە و چرکەساتانەمان هێشتبێتەوە،
تا ئەگەر بە زۆریش بێت
لەو درزە تەنگانەی نەهامەتییەکانەوە دزە بکەن!

سیستەم پشووەکانمانی پڕ کرد لە ماندوێتی
خەونەکانمانی تژی کرد لە دڕک و دەنکە زیخ!

سیستەم خۆمان و هەموو شتێکمانی
گەردوون و هەموو شتەکانی
بەسەر دڕکەزیدا هەڵواسیوە
کە گەرمای هیچ میهرەبانیێک
دەرەقەتی وشککردنەوەی خوێنی برینەکانیان نایەت!

تازە کێ دەتوانێ منداڵیمان بداتەوە؟
کێ و چۆن دڵی کونبوونی بەرگەی هەوا دەداتەوە؟
چ هێزێک دەتوانێت،
سییەکانی ژینگە خاوێن بکاتەوە و
وەرگەڕانی وەرزەکان بێنێتەوە سەر دۆخی سروشتیی خۆی؟
سیستەم هەموو ئەوانەی شێواند
تێکیدان!

ئێستا،
نە ژیان خودی خۆیەتی،
نە سروشت دەچێتەوە سەر ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی خۆی،
نە گەردوون لەسەر هەمان شێوەی ئەندازەیی خۆی ماوەتەوە،
نە ئێمەش مرۆڤە ڕەسەنەکەین!

کوا،
ئاخۆ سووڕی زەوی وەک خۆی دەڕوا؟
خۆر بە هەمان تیرێژەکانی جارانی،
گزنگان لە پێچی پەردەکانەوە سەر بە ژوورەکانماندا دەکات؟
مانگ جوانیی جارانی ماوە؟
باران بەم هەموو درەنگکەوتنەی، تامێکی بۆ پاییز هێشتووەتەوە؟

ئێمە کەسمان کوشتەی دەستی ژیان نین
ئەوە گەردوون نییە چەپگەرد دەڕوا
ئەوە سیستەمە،
ڕەسەنی مرۆیی و
سووڕی گەردوون و
تەنانەت سروشتی دار و بەرد و ئاویشی شێواند!

لە تەنیاییدا،
کاتێ لەگەڵ خودی خۆتدا خەڵوەت دەگریت
ئینجا تێدەگەیت سیستەم چ وێرانەیەکە
هەر ئەوەندەیە دوێنێشت زەوت ناکات!

خۆت دەبینیت
قالۆنچەیەکیت و لەژێر پێیدا دەتپلیشێنێتەوە
تازە خێرایی کەروێشکیش لەم گەرداوە ڕزگارت ناکات
درەختێکی باریکەڵەیت
لەڕ و لاواز،
باهۆزەکەی بە تەڕی دەتشکێنێت!

گوێت لە قرچەی دڵی خۆتە، کە دەشکێت
بەچاوی خۆت دەبینیت
دانە دانە گەڵای خەونەکانت دەوەرێن و
تۆش تازە هیچت بۆ ناکرێت

سیستەم لە یەک کاتدا هەم جادووە و هەم ژەهریش
یان فریوت دەدا و دەکەویە داویەوە
یان ئەوەتا دەیخۆیتەوە و دەبێ خۆت بکوژیت

سیستەم دەم و کاتی نییە
لە وەخت و ناوەختدا بیرت دێنێتەوە کە
تۆ چیتر کائینێکی خەونبین نیت

چیتر شەپۆل نیت و لە کەنارێکدا گەرداوی هیواکانت
لە نێوچەوانی تاشەبەردێکدا بسوویت
تا ماکەکەی جێ بمێنێت
ئەو بۆ خۆی شەپۆلە و
هەر خۆت نابات
قەوزەی خەونی سەر دڵیشت ڕادەماڵێت

سیستەم ئێستایەکت بۆ ناهێڵێتەوە تیایدا پێبکەنیت
مەگەر بە پارێزەوە بزەیەک لە یادەوەریت قەرز بکەیت

داهاتووت هەر هیچ
لەگەڵ سیستەمدا
تۆی گۆشت و ئێسقان
تۆی خوێن و دەمار
تۆی دڵ و مێشک
تۆی هەست و نەست
تۆی مرۆڤ
هیچ نیت!

سیستەم وەک ئێستات دەدزێت
داهاتووشت داگیر دەکات
بۆیە ئەگەر شوێنکاتێکت هەبێت، ئەوە دوێنێیە
دوێنێی دوور

لەگەڵ سیستەمدا تۆ هیچ نیت
داشێکی دامەیت و
بە ویستی خۆی لە گۆشەیەکدا داتدەنێت
زارێکی تاوڵەیت و
لەناو پەنجەکانیدا مرۆڤبوونت دەگوشێت و
دواجار فڕێت دەداتە سەر تەختەی یارییەکانی
هەندێک جاریش
وەک زار و مار
لەوسەری سەرەوەی پلیکانەی ئومێدەوە
دەتخاتەوە ناو چاڵی بێهوودەیی

سیستەم ئاوایە
مەگەر لە تەنیاییدا خۆتی لێ بدزیتەوە و
چێژێک لەو بۆشاییەدا ببینیت
کە تیایدا مەلی بیرەوەریت ڕەها بکەیت
دەنا هەر ئەو تەنیاییەت جێهێشت
سیمرخی سیستەم دەنیشێتەوە سەر هێلانەی خەونەکانت

سیستەم خۆشیی لە گۆشەگیریی مرۆڤ نایەت
زەندەقی لەوە دەچێت تەنیا بێت
بۆیێ دەبێ لەو چرکەساتەدا بژیت کە تەنیایت

لە تەنیاییدا ئێستا و دوێنێ هی خۆتن
وەلێ خاوەنی هیچ ئاییندەیەک نیت
لە گۆشەگیریدا دەرفەتی دواندنی ئێستا و
ختووکەدانی ڕابردووت هەیە
بەڵام داهاتووت وەک تراویلکەش نابینیت!

با خەونیش بێت
کە دەتوانی لە تەنیاییدا دمودوێک لەگەڵ ئێستاتدا بکەیت و
ڕابردووت وە قسە بێنیت
بۆ نا؟
هێندەی چاوتروکانێکیش بێت، سووچی تەنیایی هەڵبژێرە
بەقەد وەنەوزێکیش بێت، گۆشەگیر بە

با واهیمەش بێت
کە تەنیایی خوێنی دوێنێت دێنێتەوە ناو دەمارەکان
کە گۆشەگیری دڵی ئێستات دەخاتە ترپە
بۆ نا؟
ئەوەندەی بۆت دەکرێ تەنیا بە
چش لەو دواڕۆژەی
کە نازانیت سیستەم لە ئاشی کام دەردی دەکات
چش لەو داهاتووەی
کە دڵنیا نیت بەر کەڵبەی کام کەتنی سیستەم دەکەوێت
چش لەو ئاییندەیەی
کە پێشبینی ناکەیت
کوللەی چ ئافاتێکی سیستەم، دەیکرمێنێت
کرمی چ پەتایەکی سیستەم، بۆگەنی دەکات

بڕێ جار چێژ لە هەڵدانەوەی بریندایە
برینی یادەوەری
ئێ یادەوەریی خۆشبەخت بۆ ئێستایەکی ئاڵۆز،
برینێکە بۆ خۆی

هەندێ جاریش چێژ لە دڵەڕاوکێدایە
دڵەڕاوکێی ئێستا
ئێستایەکی نیگەران، کە ئاسۆی هیچ داهاتوویەکی لە تەوێڵیدا دیار نییە

باش ئەوەیە بە دیار کەڵکەڵەی داهاتوویێکی ون
چێژی دوێنێی ناو تەنیایی و
لەززەتی ئێستای ناو دڵەڕاوکێ لەدەست خۆت نەدەیت
دەنا سیستەم سپەیسێکی پەشیمانیت ناداتێ و
بێ بەزەییانە دەتکرۆژێت!

فێڵی تەکنەلۆژیا فریوت نەدا
ئەوە تەڵەی خودی سیستەمە کە بە تەکنیکەکانی
خۆتت بیر دەباتەوە

ئەها، لە وێنە دیجیتاڵییەکەت ورد بەرەوە
تێدەگەیت چەند پارچە پارچەیت
تا ئەوەی گەردیلە، تەنانەت خانەکانی جەستەت دەدۆزیتەوە و
دەزانیت چیتر وێنەی ناو کامێرای پۆلۆڕاید نیت

وێنەی ئێستا چی دی ڕاگرتنی تەمەن نین لە چرکەیەکدا
چوون سیستەم لەناو خودی ئەو چرکەیەشدایە و
دەستکاری ڕووخسارت دەکات
زۆرت لێ دەکات
پێبکەنیت
بگریت
گرژ و مۆن،
یان ڕووخۆش بیت
عاقڵ دانیشتبیت
یان سڕ وەستابیت
یا باز بەناو بۆشاییدا بدەیت

بە کورتی:
لەناو وێنە دیجیتاڵییەکانی ئێستادا هیچ نیت
جگە لە لیبۆکی دەستی سیستەم
ڤیدیۆکانیش هەروا،
تیایاندا بووکەڵەی دەستی ئەویت!

مرۆڤ لە سای سیستەمدا هەستەکانی لەدەست دەدات
تووشی ڕەنگکوێری دەبێت
تامی بیر دەچێتەوە
ژێی دەنگەکانی ژەنگ دەیانگرێت
گوێچکەکانی قفڵ دەدرێن
چیتر گریانەکانی لە قووڵاییەوە قوڵپ نادەن و
پێکەنینەکانی لە ناخەوە هەڵناقوڵێن

لە سای سیستەمدا کە شەڕ بووەتە ڕووخساری ژیان
مرۆڤ چێژە ڕاستەقینەکانیش ون دەکات
قێزی لە میوزیکی کلاسیک دەبێتەوە
لەبری ئیتیک، دەبێتە دیلی ئەتەکێت
لەجیاتی بەهاکان، گیرۆدەی مۆد دەبێت

سیستەم مرۆڤ دەخاتە بەردەم دوو بژارەی
خۆکوشتن، یان بە کاڵابوون
گوێڕایەڵیی دەبێتە پێناسەی بوونە مرۆییەکەی
بەهاکەی بە دوا فلسی ناو گیرفانی پێوانە دەکرێت

سیستەم دەستکاریی مرۆڤ دەکات،
دەستکاریی بوونە مرۆیی و سروشتکردەکەی
لە هەستە ڕاستەقینەکانی دادەماڵێت
تایبەتمەندییەکانی کاڵ دەکاتەوە
چیتر نە پێکەنینی سروشتییە و
نە گریانیشی ئاسایی

مرۆڤی ناو سیستەم لە لووتکەی غەمگینیدا پێدەکەنێت
هەر وا، لە ئەوجی دڵخۆشیشدا دەگریێت
پێدەکەنێت، تا غەمگینییەکەی سواخ بدات
دەگریێت، تا ئیرەیی بە دڵخۆشییەکەی نەبرێت
ڕەنگە داهێنانی ئیمۆجیی ناو ئاپەکانی سۆشیال میدیا،
ڕووێکی ئەم یارییە بێت!

سیستەم مرۆڤی جڵەو کردووە
مۆڵ و مۆد و مۆبایل، سێ کەلەبچەن بۆ کۆتکردن
ئەتەکێت و پرۆتۆکۆڵ، دوو سندمی دیکەن
بە تەنیشتیانەوە، فیلتەر و ئیفێکت هەن
تا بە هۆیانەوە فێڵ لە خۆت و ژیانیش بکەیت
لەوانیش ترسناکتر، کۆدە، کۆد!

تۆی پێشتر مرۆڤ، چیتر خۆت نیت،
خۆتی مرۆڤ، خودی ئازاد!
تۆ ئیتر تەنیا بریتیت لە (کۆد)ێکی ناو سیستەم
بە سیمکارتی سەر ناسنامەکەت نا،
بە لۆکەیشنی مۆبایلەکەت
بەوان نا،
بە بارکۆدی سەر کاتژمێرەکەت، کۆنتڕۆڵت دەکات!

سیستەم، ئەرێ سیستەم
تەنیا بۆ ئەوەی هەستەکانی بشارێتەوە
درۆ لەگەڵ خۆیدا بکات و
برینەکانی بخواتەوە
مرۆڤی ناچار بە نواندن کردووە
ئێستا کە ناتوانێت بە ڕووخساری ڕاستەقینەی بێتە ناو ژیان و
خووی بە ماسک و ئارایشتەوە گرتووە
ئەوەیە کە سیستەم نەک هەر مرۆڤ،
ژیانیشی لە ناوەڕۆکە ڕۆحییەکەی خاڵی کردووەتەوە!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish