Skip to Content

ئێوارەیەک لە خۆڵەمێش.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

ئێوارەیەک لە خۆڵەمێش.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by ئه‌یلول 25, 2021 General, Poems


با هاژە سیمفۆنیای شۆڕشێکی تر،
کەلاوەخاکی جیهان بهاژێنێ،،
پێدەشتی خۆر، سوور،،،
بە خوێنی کاتی لەدەستچوو،
نامرم، تا تۆ گەردوون،
لە چاوتا زیندانی بێ،،
پەرتبوونی جەستەی ئێوارەیەکیش، لە خۆڵەمێش،
هێندەی شەکەتبوونی مەلە تەرەکانی دووریتە،،
هێشتا گژو گیای مۆری….
ژێر نەشتەری بروسکە، ،،
مەستە، بە زرنگە بەندۆلی کاژێری نامۆیی ،،
پرسیت، بۆ ترپەی دڵی نمە،
هەڵاڵەکانی شەوێکی مۆر ناژاکێنێ؟!
شەتڵی نێرگزی قەترانی یاخیبوونم ڕواند ..
تا ئەو سنورەی،،
ڕۆحی چوارمێخە کێشراوی هەردوکمانی تیا تەلبەندە،،،
پێش هەورسوتان،،،
پەپولەو گوڵی بابردووی چوونتم سۆراخکرد ،،
تاوەکو شکۆفەی ووشە بیرچوەکان،،
لە بەردەم کانی بەخوڕی جوانیت زیندووکەمەوە،
ئای لە سوتماکی خاکێ…
چەتەکانی شەو جێیان هێشت،،
گەیشتنی سمکۆڵانی ئەسپی سوور،
هەروەک هەتاوی دەربازبوون،،،
تابلۆیەکە هێشتا ڵێڵ و تەواو نەبوو،،
جریوەیەک لە چۆلەکەی مسینی بێهودەیی،
لە تاوێرە بەردی مێژویەک سیخناخە،،
بە خوێنی نوسراو لەسەر تەوێڵی مێژونوسی دوێنێ ،
ئەو ڕوبارە سەرکێشەی ساڵە خؤلەمێشیەکانی بردین،
کاتێ هەموو پەریە باڵسوتاوەکان لە کۆڕەوی..
ژێر گابەردی خلۆربووی نیشتمانا بوون ،،
ئەستێرەوانی سەرکەلی بێهودەیی مرۆڤ ،
بە پەنجە وەریوەکانی سەر ڕۆژمێری خۆڵ ..
پەیامە نەگیشتوەکانی فیردەوسێکی لە سەراب خوێندەوە،
دارەکان ڕوبارەکان کۆئەکەنەوە،،
کۆتەرەری وشەکانیش ،
لە سۆراخی پایزێکی سەرو ڕوخسار سپی،
بڵێسەی گرت ، مەلێک…
لە نێوان زیندانی ..
خۆشبەختی..و…
بەدبەختی..
وەک هەورازێ لە حەسرەت،،
قەتیس ماوە، گەرچی مەنفا تەنها…
لە هەوارگەی ئێوارەیەکی خۆڵەمێشی،،
ڕۆخی ئاڵتونینی زەریای جێماوی نیگاتە،،،
دوای ڕەهێڵە ئێوارەیەک لەخۆڵەمێش،
بە نێوڕەزی ووشک و سوتاوی بێدەنگی،،
ساڵانی زڕی تێپەربوو، تێئەپەڕم،
شەبەنگی ڕەشی غوربەت،،،
پێش هاتنیشمان..
شنەبایەکی ئاوزەنگبووە ،،
بە چیرۆکی نەمانی ئەم هەوارە لەسوتماک،
پێش نەمانیشمان،،
بەفری ڕەشی تەنیایی دایپۆشی، ،،
بێستانی شەختەگرتووی دڵی ژنانی جەنگ،،
پێم ووت، ئاو لە ڕۆحی تۆیە، یان..
ڕەنگی بیابان،،
هەمان خاکی خؤڵەمێشبووی ڕوخسارتە؟،
بۆ گلێنەی هەورێ ووشکترە،،
لە کانیە کوژراوەکانی بەهەشت؟
بە دەوەنێک لە ڕابردوو، هەڵزەنی…
کەناریەک لە خۆڵەمێش..
کچە زەریاپۆشەکان،
یادەوەریە پەرشوبڵاوەکانی شاریان، لە سەفەرا..
بردەوە سندوقی ڕەشی ئۆقیانوسی بیرچوون،،
سەرگوزشتەی ئەندێشەنوسەکان،،
لە دوتوێی ئەفسانەی کەنارا هەڵگیرا،،
هەر وشەیەکی بای غوربەت،،
تەمەنێ ئەگوزەرێنێ،
تارمایی من و تۆ،
وەک دوو پەڕی ڕۆژنامەی..
بابردووی لێهات،
کڵاوی پیاوی بێهودەیی..
لە شەقامەکانی دوێنێدا،،
بای نیشتمانێکی دزراو بردی،،
زەریاش لەگەڵ شەو دەستی تێکەڵاو..
تا گلێنەی چاوی هەورەکان ،،
دڵۆپە تەنیایی تۆ ببارێ..
ژیان، تابلۆیەکی تەواونەکراوی مرۆڤ،
لەبەردەم پەنجەرەیەکی پۆڵاینی ژەنگنی واڵا
بەسەر شانۆی وێرانەجیهان،
پروشە لمی ساتەکان،،
مێژوی ڕۆشتویەکی…
بێ شوناس ئەنوسێتەوە،،،
وەرزی ..و…ە..ر..ی…ن..ی..
هەموانە،،..
لە ئاوێزانی تیشکێ،،
شەکەت و بێزار،
لە نەهاتنی بەهارێک،
پڕ لە تۆ.

………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری پۆڵەندی /
Maria .Bochina
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish