ناسینی كتێب … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
هه‌ر ڕووداوێك، كه ماوه‌یه‌كی به‌سه‌ردا ده‌چێت. ده‌بێته یادگاری، یادگاریش مرۆڤ به ڕوونی ده‌بینێت. له ماڵه‌كه‌ماندا په‌نجه‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌ی داری به هێڵه‌ك داپۆشراو هه‌بوو، به ته‌نیشتییه‌وه ده‌لاقه‌یه‌كی لاكێشه‌یی نیمچه گه‌وره‌ی تێدا بوو، به په‌رده‌یه‌كی سپی داپۆشرابوو، په‌رده‌كه‌ش به ده‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ وێنه‌ی مانگ و چیا و مامز و كه‌وی لێ نه‌خشابوو. ئه‌م ده‌لاقه‌یه تایبه‌ت بوو به كاكم خالید. ته‌واو قووڵایی منیشه، به‌داخه‌وه ئه‌و برایه‌م له 25/8/1988دا جه‌یشی شه‌عبی، له هه‌ولێر شه‌هیدیان كرد.
شه‌هیدبوونی ئه‌م برایه‌م گورزێكی كوشنده‌بوو به‌ر ڕۆحی من كه‌وت و ئازاری هێناكایه‌وه. له‌خۆ ئاماده‌كردندا بووم، ئه‌م ڕووداوه له‌ناو پێكهاته‌یه‌كی كاریگه‌ردا به‌كاربهێنم، تا ئێستاش بۆم نه‌كراوه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له سه‌ره‌تای شیعردا به‌دوای ئاكامێكی نه‌زاندراودا ده‌ڕۆم و له درێژبوونه‌وه‌یدا ده‌یدۆزمه‌وه. له بینینی دۆزراوه‌كه‌دا به‌ئاگادێمه‌وه، نایابترین دۆزینه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه له ئاكامدا ده‌ربكه‌وێت.
له سه‌ره‌تادا ئاكامی ئه‌و ڕووداوه‌م ده‌زانی و له كۆتایشدا نه‌متوانی بیدۆزمه‌وه. واته: له ڕووداوێك ده‌دوێم هێشتا ڕووی نه‌داوه. له‌وانه‌یه ڕووبدات. هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و (له‌وانه‌یه) بدۆزمه‌وه و له دۆزینه‌وه‌یدا به‌ئاگابێمه‌وه، دۆزینه‌وه ڕوونكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌یه.
سه‌ره‌تای ڕێگا و به‌ركه‌وتنم له‌گه‌ڵ كتێبدا، یان ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له نێوان خوێنه‌ر و كتێبدا دروست ده‌بێت و ده‌مێنێته‌وه. له‌م ده‌لاقه‌یه‌وه خاڵی بوون و سه‌رچاوه‌ی دره‌وشاوه‌ی وه‌رگرت و بوو به ئه‌فسوونێكی به‌هێز و نه‌شكاو و قه‌ڵای پشت پێدان. كۆمه‌ڵێك كتێب و دوو شووشه مه‌ره‌كه‌بی چینی، یه‌كێكیان ڕه‌ش و ئه‌وی دی شین و قه‌ڵه‌م پاركه‌رێكی بیست و یه‌كی ڕه‌نگ جه‌رگی تێدابوو، كتێبه‌كان زۆربه‌یان عه‌ره‌بی بوون. ئێستا نازانم ئه‌ده‌بی بوون، یان فه‌لسه‌فی، كۆمه‌ڵناسی، سیاسی، مێژوویی، په‌روه‌رده‌یی، ئایینی ….. تاد، له‌ناو كتێبه‌كاندا دیوانی: (حاجی قادری كۆیی ) به به‌رگ تێگیراوی هه‌بوو، هه‌میشه كه‌ڵه‌گیای بۆنخۆشی له‌ناو داده‌نا، كه گیایه‌كه وشك ده‌بوو، ده‌یگۆڕی و دووباره دایده‌نایه‌وه. ئه‌م كتێبه هی ئامۆزایه‌كی باوكم بوو، مامۆستای قوتابخانه‌ی گونده‌كه‌مان بوو. له دامێن و ئه‌م لا و ئه‌ولا سپییه‌كانی بۆنه و ڕێكه‌وته‌كانی بنه‌ماڵه‌كه‌مانی هه‌مووی تێیدا تۆماركردبوو، وه‌ك: ڕێكه‌وتی مردن و له‌دایكبوون و ژنهێنان و چوون بۆ حه‌ج و گه‌ڕانه‌وه و ناونووسكردنمان له قوتابخانه ….. تاد.
ساڵی 1973 جگه له كتێبه‌كانی قوتابخانه، یه‌كه‌مین كتێب به‌ر هه‌ست و نه‌رمایی په‌نجه‌كانم كه‌وت ئه‌م دیوانه بوو. كاكم به ده‌نگ و ڕۆحێكی ئاهه‌نگسازییه‌وه ده‌یخوێنده‌وه. به وریایی و ئارامی گوێم سووك و ڕوون ڕاده‌گرت. بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی واش له شیعره‌كان حاڵی ببم، به‌ڵام له‌ناو چێژ و ده‌نگ و مۆسیقایه‌كه‌یدا ون ده‌بووم و بڕوام به هه‌ستێكی نادیار ده‌هێنا، به دوای گه‌نجینه‌ی شاراوه‌ی زه‌ینی خۆمدا وێڵ ده‌بووم، وێڵبوونێك مه‌گه‌ر ڕێكه‌وت ده‌ستم بگرێت و بمهێنێته‌وه سه‌ره‌خۆ، دوایین مانای ژیانم پێ بدات، كه مه‌رگه. مه‌رگیش یارمه‌تی ته‌واوی ئازاره‌كان ده‌دات. ئێستا به گه‌شه و خۆشحاڵی و چێژی ئه‌وكاتم له كتێبخانه‌كه‌مدا له ڕیزی دیوانی شاعیرانی كلاسیكی كوردیدا، دیوانی حاجی قادری كۆییم یه‌كه‌مین دیوان ڕیزبه‌ند كردووه و ئه‌وانی دی به دوایدا.
له سه‌ره‌تای منداڵیمدا حه‌زێكی بێ پێوانه و ئه‌فسووناویم بۆ گۆرانی تێدا ڕسكابوو، ڕادیۆیه‌كی نیمچه گه‌وره‌مان هه‌بوو، سندووقه‌كه‌ی فایبه‌ر بوو، به پێستێكی قاوه‌یی داپۆشرا بوو، ئه‌میش وه‌ك ده‌لاقه‌كه له قوماش به‌رگێكی سپی بۆ كرابوو، به ده‌زووی ڕه‌نگاوڕه‌نگ وێنه‌ی مانگ و چیا و مامز و كه‌وی له‌سه‌ر نه‌خش كرابوو، هه‌میشه‌ش گوێم لێی ڕاده‌گرت و له كه‌ناری مۆسیقاوه ده‌جووڵام، له شه‌ڕه‌به‌رد و ئاژاوه و ڕاوه كێشكه و نیشانه‌شكاندن به دارلاستیك و هه‌ڵه‌پاسی دووری ده‌كردمه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاواز و نه‌وایه‌ی گوێم نه‌رمه بارانێك بێت به‌سه‌ر خاك و خۆڵی ده‌وروبه‌رمدا بڕژێت و هه‌ناوی فێنك و ده‌موچاویشی نه‌رم بكاته‌وه. زۆر جاران بێ ئاگاداریی خوشك و برایه‌كانم به شانی خۆمه‌وه‌م ده‌كرد و ده‌ڕۆیشتم، به‌م كرده‌یه‌م لێم تووڕه نه‌ده‌بوون و سه‌رزه‌نشتیان نه‌ده‌كردم، گردێك له پشت ماڵمان هه‌بوو، به‌دڵ گردێكی دڵبه‌ربوو، ده‌چووم له ته‌ختایی ئه‌م گرده‌دا داده‌نیشتم و ته‌ماشای ئه‌م لا و ئه‌ولا و شینایی ده‌مه‌وعه‌سران و زه‌رده‌ی ئێوارانم ده‌كرد و گوێم له به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراو ڕاده‌گرت، هه‌موو ڕۆژێك ده‌مه‌وعه‌سران دووباره ده‌بووه‌وه و له‌گه‌ڵیدا نه‌رمه‌بایه‌كی ڕه‌حمه‌ت به‌سه‌رمدا هه‌ڵیده‌كرد. جیهانێكی بۆ دروست ده‌كردم، هه‌ستی خۆمم له‌ناو داده‌مه‌زراند. بڕواشم به جیاوازیی ده‌نگه‌كان ده‌هێنا، له‌م ڕێگایه‌شدا ده‌گه‌ڕام، كه پێیدا هاتبووم. واته: ناخی خۆم. سه‌گێكی به‌وه‌فاشمان هه‌بوو، ناوی ده‌بان بوو، كه له ماڵ ده‌رده‌چووم له‌گه‌ڵم ده‌هات و پاسه‌وانی ده‌كردم.
به هیچ ئا و نایه‌كیش دوو هه‌نگاو لێم دوورنه‌ده‌كه‌وته‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌وره‌یه‌كم بێت و پێی گوترابێ چاودێریم بكات. نازانم ئه‌م ئه‌فسوونه چی بوو، كه‌وتبوومه ژێر ئه‌فسوونی ده‌نگی: (سه‌ڵاح داوده)وه، به تایبه‌تی گۆرانی كوێستانان خاڵخاڵ، كه له به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراودا زۆر داوا ده‌كرا. هه‌ركاتێك ئه‌و گۆرانی بگوتبووایه ڕادیۆكه‌م داده‌نا و دوومه‌ترێك لێی ده‌كشامه‌وه و ته‌ماشای شكۆیم ده‌كرد. وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌لیسمێك بێت ئه‌م حاڵ و جه‌زبه و حاڵه‌ته پڕ له خۆشی و شادی و ژیانه و داكشانه‌وه به‌ره‌و ناخه‌م، ته‌نیا له‌گه‌ڵ له‌ره‌ی ده‌نگی گه‌رمی ئه‌م گۆرانیبێژه‌دا بۆ په‌یدا ببوو، پاشان له‌ناو شه‌پۆله‌كانی بادا بۆی ده‌گه‌ڕام و له هه‌ستمدا سۆزی سووتێنه‌ر و پڕ ئومێدم ده‌دۆزییه‌وه، ئه‌و دۆزینه‌وه و پشووی ناخه ئه‌وپه‌ڕی تایبه‌تمه‌ندی بوو. هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر گوێم له گۆرانی ده‌گرت. شاره‌زایییه‌كی سه‌ره‌تاییم له‌سه‌ر چینه‌كانی ده‌نگیش په‌یدا كردبوو، ده‌متوانی له‌سه‌ر شێوازی به‌شێك له گۆرانیبێژان گۆرانی بڵێمه‌وه. هه‌ر شتێك، كه تاسه و خواست و ئاره‌زووت بۆی هه‌بوو، تواناشت بۆی په‌یدا ده‌بێت. به‌هیچ جۆرێكیش حه‌زم له گۆرانی زرم و كوت نه‌بوو، هه‌میشه حه‌زم له‌و گۆرانییانه ده‌كرد، كه وه‌ك هێڵێك خه‌یاڵ درێژ ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌م ئه‌شقی گۆرانییه له‌گه‌ڵمدا مایه‌وه و گه‌شه‌ی كرد و پێكهاته و بنچینه‌ی خۆی دامه‌زراند، ئێستاش گۆرانی هاوسه‌نگیم ده‌پارێزێت و له‌گه‌ڵ خۆم به‌خشنده و شكۆمه‌ند و ئاسووده و خۆشحاڵ و قووڵم ده‌كاته‌وه، وه‌ك مۆسیقایه‌كی نه‌رم بژیم.
ساڵی 1978 له پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندیدا مامۆستای وانه‌ی كوردیمان: (شێركۆ ئه‌حمه‌د حه‌وێز) بوو، له ڕۆژێكی زستانی باراناوی و سارددا له پۆل داوای لێكردین داڕشتنێك له‌باره‌ی (سروشتی لادێ) بنووسین. به‌و پێودانگه‌ی، كه من كوڕه‌لادێیی بووم له‌وانی دی كه‌مێك زیاتر شاره‌زای ئه‌م سروشته‌م. بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو داڕشتنه‌كه‌ی هێنایه‌وه و بۆ هه‌موو قوتابییه‌كان نمره‌ی شیاوی خۆی دانابوو، ته‌نیا ئه‌وه‌ی منی نمره له‌سه‌ر دانه‌نابوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ستی به كارخراپییه‌كی من كردبێت، به تووڕه‌یییه‌وه گوتی: (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن) كێیه و بێته‌ده‌رێ، بێ ئه‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌ك بكات له ته‌نیشت ته‌خته‌ڕه‌شه‌كه‌دا ڕایگرتم. ئه‌م مامۆستایه، مامۆستایه‌كی به‌جه‌رگ و ده‌گمه‌ن و ملاومل په‌روه‌رده‌كار و خۆش سروشت بوو، تا ئه‌و په‌ڕیش دڵبه‌ده‌ره‌وه بوو، له‌گه‌ڵ وانه‌ی كوردی و دنه‌دانی قوتابی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و دامه‌زراندنی گۆڕانكارییه‌كی ئه‌ده‌بی. به‌و بیانووه‌ی وانه‌ی كوردی زمانی خۆمانه و پێویسته له‌ناویدا بكوڵێین و به دۆخه‌كانی ساردبوونه‌وه ڕه‌تببین، له‌م نێوانه‌دا بگه‌ین به دۆخی دۆزینه‌وه و باش له پێكهاته و بنچینه‌كانی شاره‌زابین. زمانیش هه‌ستێكی گه‌رماوگه‌رم و خۆڕسك و ده‌گمه‌ن و پشوودرێژ له مرۆڤدا دروست بكات. هه‌ر قوتابییه‌ك له شه‌ست كه‌متری وه‌ربگرتبوایه لێی ده‌دا و لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرد. دوای ئه‌وه‌ی ئافه‌رینی به‌شێكی كرد و له به‌شێكیشی دا. ڕووی له من كرد و گوتی: كێ بۆی نووسیوی. منیش له‌و هه‌سته تۆقێنه‌ره‌ی چه‌ند چركه‌یه‌ك پێشتر تێیدا خولم ده‌خوارد و بیرۆكه‌ی په‌رت و بڵاو گه‌مارۆی دابووم. زۆر به ئارامییه‌وه گوتم: ئه‌دی مامۆستا له پۆلدا نه‌ماننووسی. نه‌ختێك چووه‌وه ناو زه‌ینی خۆی و تووڕه‌یییه‌كه‌ی خاو بووه‌وه و خوێنێكی خۆشیی له ده‌موچاوی خۆش سروشتی‌دا گه‌ڕا. ئینجا نمره‌ی له‌سه‌ر داڕشتنه‌كه‌ی منیش دانا و گوتی: ئافه‌رین (سه‌ت). ئای چۆن سه‌ركه‌وتنێكی بچووك له دنیای ژێری ده‌تباته دنیای سه‌روو. ڕۆژی دوایی هاته‌وه كۆشیعری: (تاریك و ڕوون)ی هێمنی بۆ هێنابووم. منیش هێنده شه‌یدا و دڵبرده و دڵه‌دووی ئه‌و ئافه‌رینه بووم، نیو هێنده شه‌یدای شیری ناو گوڵه‌گه‌نمی كێڵگه‌ی گونده‌كه‌مان نه‌بووم. مه‌گه‌ر ئه‌و ده‌مه‌وعه‌سران و زه‌رده‌ی ئێوارانه‌ی له‌سه‌ر گردی پشت ماڵمان، یان گردی ئاشناییم گوێم له به‌رنامه‌ی گۆرانی داواكراو ڕاده‌گرت و ده‌چوومه‌وه ناو زه‌ینی خۆم و له خودام ده‌خواست ناوله‌پ و ناوچه‌وانم ڕێگاوبان بوونایه، گۆرانیبێژه‌كان به‌ناویدا هاتوچوویان بكردبووایه.
سه‌ره‌تای ڕێگا و به‌ركه‌وتن و یه‌كه‌مین په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ خانمی كتێبدا له‌م ڕووداو و خۆشبه‌ختییه‌وه ده‌ستی پێكرد و بووه هێڵ و هێمای بوونم. ئه‌و هه‌فته‌یه به هه‌موو بوونێكمه‌وه له‌ناو كۆشیعره‌كه‌دا ژیام، ژیانێك مه‌گه‌ر به‌س مته‌سه‌ووفه‌كان له مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر دووگورد و شه‌ونوێژ و چاوداخستن و وێرد به‌رزكردنه‌وه‌دا، هێنده چێژیان وه‌رگرتبێت و له بوونی خودا و له خۆیان نزیك بووبێتنه‌وه و گه‌یشتبن به ناخی خۆیان. واته: یه‌كبوون له‌گه‌ڵ خودا و هێزی ئه‌ده‌ب. بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو كۆشیعره‌كه‌م بۆ گه‌ڕانده‌وه. گوتی: بۆ ئاوا زوو هێناته‌وه. به‌دڵت نه‌بوو، یان له خوێندنه‌وه‌یدا په‌له‌ت كرد. منیش به بێباكی و نه‌ختێك به هه‌وابه‌رزی و به خۆهه‌ڵخستنه‌وه گوتم: مامۆستا زۆرینه‌م له‌به‌ره. وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوام پێنه‌كات و له قسه‌كه‌م به گومان و دوودڵ بێت گوتی: ده‌فه‌رموو ئه‌گه‌ر ده‌مت سپییه وه‌ره به‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش و ئه‌وه‌ی له‌به‌رته بیڵێ. منیش گوتم كامه شیعر. دیسان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی تری كرد و چووه‌وه ناو زه‌ینی خۆیه‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت بمخاته به‌ر ڕووناكییه‌كی هێمنه‌وه و له بڕوا به‌خۆبوون و خۆهه‌ڵخستنه‌كه‌م دڵنیابێت. لاپه‌ڕه‌ی هه‌ڵدایه‌وه و ناونیشانێكی ده‌گوت. ته‌واوی وانه‌كه، چل چركه بوو. من شیعرم تێیدا خوێنده‌وه. له گۆكردن كه‌مێك هه‌ڵه‌م ده‌كرد، بۆی ڕاست ده‌كردمه‌وه، له كۆتایی وانه‌كه‌دا پێمی گوت: به‌هره‌یه‌كی ده‌گمه‌ن و كه‌م وێنه‌ی، ئه‌و وزه‌یه‌ی هه‌ته باش مشتوماڵی بكه، چالاك نیشانت ده‌دات. هه‌ر هه‌مان ڕۆژ منی به كتێبخانه‌ی (ته‌ئمیم) و خاوه‌نه‌كانی: (جومعه و ئه‌حمه‌د)، كه دوو مرۆڤی هێمن و له‌سه‌ره‌خۆ و ڕووخۆش بوون، ئاشناكرد و ناوی ڕۆژنامه و گۆڤاره كوردییه‌كان و كاتی ده‌رچوونیانی بۆ نووسیم. یه‌كه‌مین كتێبیش، كه كڕیم كتێبی: (كاروانی شیعری نوێی كوردی) كاكه‌ی فه‌لاح بوو.
له‌و ڕۆژه‌وه له‌فه و به‌ده‌مچه و كه‌وكه‌و و شه‌ڵغه‌م و له‌وزینه‌گه‌زۆ و شه‌كرله‌مه و فه‌ریكه‌نۆك ….. تاد، خواردن نه‌ما. ڕۆژانه‌كه‌م بووه خه‌رجی ڕۆژنامه و گۆڤار و كتێب، یارمه‌تی ئه‌وه‌ی دام توانا له خۆمدا بدۆزمه‌وه و ئاراسته‌ی كردم و جیهانی نادیارم كه‌وته گه‌ڕ.
له ناوه‌ڕاستی هه‌شتایه‌كاندا: (مه‌حموود زامدار) نووسینێكی ڕۆژنامه‌وانی له ڕۆژنامه‌ی (هاوكاری)دا له‌باره‌ی نوێبه‌خشی شیعری كوردی و گرووپی (پێشڕه‌و)دا نووسی. له‌و نووسینه‌یدا ده‌سته‌واژه‌ی (كرمی كتێب)ی بۆ من به‌كارهێنابوو، ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌شی دابوو: خه‌ونی ئه‌م لاوه خه‌ونێكی درێژه. ئه‌گه‌ر پێی له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی خوێندنه‌وه‌دا لانه‌دا. حاڵه‌تێك به شیعری هاوچه‌رخی كوردی ده‌به‌خشێت.
شیعره‌كانی: (هێمن) چێژی زمانی ئه‌و گونده‌ی ده‌دا، كه خۆی تێیدا له‌دایك بووه. به ساده‌ییش وێنه‌ی ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كێشاوه، كه هه‌ستان و دانیشتنی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه. واته: ده‌ره‌نجامی ژیان و گوزه‌رانی خۆیه‌تی. زمان و زمانڕه‌وانی شیعره‌كان كه‌مێك لادێیی بوون. چاو و زه‌ین و ئه‌قڵییه‌تی ئه‌وسای منی به پڕی ڕاده‌گرت، تا ئه‌وپه‌ڕی چێژ، بردمیه وه‌رگرتنی دۆخی چێژی خودایی. چێژی كتێب له توانایدایه بیابان بكاته به‌هه‌شت. ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و ساده‌یی و بریقه و زمان پاراوییه بووبێت زمانی لا كردمه ئه‌و به‌هه‌شته‌ی په‌رستن و شه‌ونوێژی بۆ ده‌كه‌م، بچمه ناوی و بیكه‌م به ڕوانگه و گوتاری ناخم و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی گونجاوی تێدا بده‌م. وه‌رچه‌رخانێكی ته‌واوی ئاراسته‌كانی ژیان بوو، هه‌روه‌ها تاڕاده‌یه‌ك ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی دامێ، بزانم هێز و بێ هێزی زمان له كوێی ده‌قدا ده‌رده‌كه‌وێت و به ئهدهبیبوونی ده‌قیش له چ به‌كارهێنانێكدا ئاسته‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت. واته: ئه‌وه‌ی بابه‌تێك ده‌كاته بابه‌تی ئه‌ده‌بی، زانیاری و هێزی زمانه، یان هێزی زمان و كاریگه‌ریی بابه‌ت.
شیعر به ته‌نیا له تێڕوانینی زمانه‌وه ئاستداری ده‌ستنیشان ناكرێت. له تێڕوانینی بابه‌تی هه‌ستی و به‌كارهێنانی ئه‌ده‌بییانه‌ی زمانه‌وه، گه‌شانه‌وه‌ی هه‌ستی و زمانیی لای خوێنه‌ر گه‌ڵاڵه و به‌رجه‌سته ده‌بێت. به شیعربوونی هه‌ر ڕسته‌یه‌ك مانای ئه‌وه‌یه زمان له به‌كارهێنانی زمانی ڕۆژانه‌دا ده‌رهاتووه و هێندراوه‌ته ناو زمانی ئه‌ده‌به‌وه، هه‌روه‌ها كارلێكردنی وشه له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، چۆن هێزی وشه وشه‌یه‌كی دیكه ڕاده‌كێشێت و دروستی ده‌كات و تۆڕی زمان ده‌چنێت.
ئه‌گه‌رچی (هێمن: 1921 – 17/4/1986) وه‌ك ته‌مه‌ن حه‌ڤده ساڵ دوای (گۆران: 1904 – 18/11/1962) له‌دایك بووه. حه‌فت ساڵیش له‌م زیاتر ژیاوه، به‌ڵام نوێبوونه‌وه‌ی شیعری كوردی چاوگه‌كه‌ی له گۆرانه‌وه ده‌ست پێده‌كات. هێمن له چه‌مكی شیعری ئاسایی ده‌رنه‌چووه، به‌و ئاست و ئاراسته‌یه‌ش ده‌ینووسی. واته: وه‌ك شێواز كۆنه‌خواز بوو، به‌ڵام وه‌ك بیروڕا و ده‌ربڕین نوێخواز بوو، دیوانه‌كه‌ی له لام ئاماده‌یه و سێبه‌ره‌كانی به ته‌واوی له‌ناو زه‌ینمدا ده‌جووڵێن، هیچ خاڵێكی گۆڕانكاری فۆرم و نوێبه‌خشی و توخمی نوێی شێوازی پێشكێش به دیوانی شیعری كوردی نه‌كردووه. له ده‌قی: (به‌هاری كوردستان)، به شیعر له‌باره‌ی سروشتی نووسیوه، له‌م ده‌قه‌یدا به شاعیر داناندرێت، به‌ڵكو به ڕووه‌ك ناس و شاره‌زایه‌ك له‌باره‌ی ژیانی لادێ داده‌ندرێت. به‌ڵام به‌شێك له شیعره‌كانی كۆشیعری: (ناڵه‌ی جودایی) شیعری مه‌یدان كورت نین و له شیعره هه‌ره ده‌گمه‌نه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردین. به‌تایبه‌تیش شیعری: (ئێواره‌ی پایز)، شیعرێكی ته‌واو هه‌ستییه.
ئه‌و ئاوه ڕوون و ڕه‌وانه‌ی ڕشتوویه‌تی بۆ ئه‌به‌د ڕۆحی ته‌ڕ كردووم و له ناخی دڵه‌وه له‌گه‌ڵم ده‌دوێ و ناخی كردووم به مێزگرد و مێزی گفتوگۆ و ئاهه‌نگی ژیان، به‌ڵام هه‌ستی شیعریی من له‌سه‌ر هه‌ستی شیعری ئه‌و دانه‌مه‌زرا، هه‌روه‌ها به‌هیچ ڕێبازێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش كاریگه‌ر نه‌بوویمه و نه‌بوونه‌ته ڕێ ڕوونیم، بێجگه له شیعر خۆی نه‌بێت، شیعری بێگه‌رد. دوای ئه‌وه‌نده ساڵه و بڕینی هه‌زار و یه‌ك ڕێگای دوور و نزیك، نازانم چۆن ده‌ربڕین له پایه و به‌های تۆ بكه‌م و پاداشتت بده‌مه‌وه. به كامی دڵ له باوه‌شت ده‌گرم و ده‌ستت ماچ ده‌كه‌م و ڕێز له سیما و چاوی پڕ له ڕازت ده‌گرم، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌م بۆنه‌یدا هه‌ل و بوارێك وه‌رده‌گرم تا گوناهێك له‌سه‌ر شان و ڕۆحم هه‌ڵگرم و باری گران و به ئازاری شان و ڕۆحم سووك بكه‌م. گوناهێك، دواتر بۆ نووسه‌ره‌كه‌ی به خێر گه‌ڕایه‌وه. له ته‌مه‌نم یه‌ك جار كتێبم له كتێبخانه له غه‌فڵه‌تی خاوه‌نه‌كه‌یدا بردووه، ئه‌ویش له 14/10/1985، كۆچیرۆكی: (پێكه‌نینی گه‌دا)ی حه‌سه‌ن قزڵجی بوو، نه‌مده‌زانی به شه‌قامدا ده‌ڕۆم، یان به‌ناو تونێلێك ئاگر، یان له ڕه‌وه‌زه شاخێكی عاسێدا گیربوویمه و هه‌ڵدێران هه‌ڕه‌شه‌م لێ ده‌كات، ها ئێستا نا، دوو هه‌نگاوی تر ده‌كه‌ومه ناو چاڵێكی بێئامانه‌وه. له نیوه‌ی ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه، یه‌كڕاست به ڕه‌نگی زه‌رد و هه‌ڵبزڕكاو و ده‌روونی ماندوو و نیوه‌ڕۆح بوومه‌وه گه‌ڕامه‌وه لای: (جومعه و ئه‌حمه‌د)، دانم پێدانا ئه‌م كاره خراپه‌م كردووه. ئه‌مانیش ده‌ستیان له‌سه‌ر شانم دانا و دڵیان دامه‌وه و گوتیان: بۆیه دڵمان به كتێب و ژیان خۆشه، هێشتان مرۆڤی باوه‌ڕ به‌پاكیی خۆی وه‌ك تۆی تێداماوه، به بچووكترین هه‌ستپێكردن له ناخه‌وه ئازاری پێبگات. لێیان بووریم و كتێبه‌كه‌یان لێ وه‌رنه‌گرتمه‌وه و دیوانی: (مه‌حوی)شیان به دیاری وه‌ك ڕه‌فتار و كرده‌وه‌یه‌ك پێدام. له‌م باره‌ی لێبووردنه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌تا له خۆشی‌دا گه‌شكه نه‌یده‌بردمه‌وه، له قووڵایی بوونمه‌وه پاك بوومه‌وه و به‌ره‌و ئارامیی ده‌روونی ڕۆیشتم.
كتێبه‌كه‌م هه‌ر له‌لا مایه‌وه و هه‌میشه‌ش لێی ده‌سڵه‌میمه‌وه. تا ساڵی 2010، پێشنیازم بۆ ده‌زگای چاپ و بڵاوكراوه‌ی ئاراس: (به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب) كرد، كه چاپی سێیه‌می ئه‌م كۆچیرۆكه بكه‌نه‌وه. هه‌ردوو ده‌ستی له‌سه‌ر چاوی ڕه‌زامه‌ندی دانا و گوتی: شه‌یدای زمانی ئه‌و چیرۆكنووسه‌م و سوودیشم له پێكهاته و بنچینه‌ی زمانه ئێجگار زیندووه‌كه‌ی وه‌رگرتووه، توانایه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌یه له به‌كاربردنی وشه‌ی په‌یوه‌ست به ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردییه‌وه و زمان تائه‌وپه‌ڕی ده‌ناسێت و باش له ناوكی وشه‌ش تێده‌گات، فه‌رهه‌نگی وه‌ك خاكی سوارچاكان پاگژه و ده‌زانێت چۆن بنووسێت. ئه‌مانیش دوای هه‌وڵ و كۆشش و په‌یوه‌ندیكردن، شه‌ش چیرۆكی تری چیرۆكنووسیان خسته پاڵ چیرۆكه‌كانی: چاپی یه‌كه‌م: 1967 – به‌غدا، چاپی دووه‌م: 1985 – به‌غدا، ساڵی 2010 چاپی سێیه‌میان خسته كتێبخانه‌وه.
هه‌ر به ڕێ ڕوونی كتێبه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌می هه‌ستپێكراو و دنیای زه‌ینی زۆرێك له شاعیر و نووسه‌ران ئاشنا و پێیانه‌وه په‌یوه‌ست بوویمه، كه‌م و زۆر توانای ئه‌وان له خۆڕاچڵه‌كاندن و گه‌شه و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌قڵ و خه‌یاڵ و داڕشتنی بینا و بینایی من، گه‌نجینه و هێزی ڕۆح و پێوانه‌ی شیاو و سه‌رچاوه‌ی دره‌وشاوه و سۆزی شاراوه بوونه. هه‌میشه‌ش له ئه‌زموونی خۆمدا ویستی یه‌كه‌م و بێ پێوانه‌م ئه‌وه بووه، به‌رهه‌مێكی خۆكردی حه‌ڵاڵزاده‌ی خۆم به‌رهه‌م بهێنم. چیشم زانیوه، ئه‌وه‌م نووسیوه. جه‌وهه‌ری پێكهاته‌ی مرۆڤیش ئه‌وه‌یه چی ده‌زانێ ئه‌وه بنووسێت.