Skip to Content

ئاڵوودە ئەزموونێک بۆ ئایندەیەکی تر.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

ئاڵوودە ئەزموونێک بۆ ئایندەیەکی تر.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

Closed
by تشرینی دووه‌م 7, 2023 General, Literature


دوێنێ شەو لەهەولێڕ فیلمی ئاڵوودە م بینی، لەسیناریۆو دەرهێنانی سیروان محەمەدو نواندنی شوان عەتووف و بەیان عوسمان وژمارە ئەکتەرێکی تر.
فیلمەکە فیلمێکی کۆمەڵایەتی و تاوانکاری تێکەڵ بوو، باسی لە کێشەکانی ئاڵوودە بوون و کاریگەرییە نەگەتیفەکانی لەسەر خێزان و شپرزە بوونی دەکرد، بەهۆی ئەو پەتا نەگریسە، پاشان تێوەگڵانی پاڵەوانی فیلمەکە( بەمۆ) لەکۆمەڵێ کێشەو تاوانی گەورەوە کە بەهۆیەوە دەخزێتە زیندان و لەوێش دادگا لەخێزان و کچەکەی جیایان دەکاتەوە، ئیدی زیندان بۆ ئەو دەبێتە قوتابخانەیەک بۆ فێر بوونی تاوانی گەورەترو تۆڵەسەندنەوە لەدوژمنەکانی لەسەر دەستی مافیاکان.
هەر تاوان نا، خیانەتکاری برادەرە نزیکەکانی و مارەکردنەوەی ژنەکەی، لەهەلومەرجێکا کە ئەو لە زینداندا بوو.
هەموو ئەمانە هێندەی دیکە هانی دەدەن بۆ ئەوەی دوای دەرچوونی لەزیندان، تۆڵە لەیەکە یەکەی دوژمنەکانی خۆی بکاتەوە.
هەردوو تەوەری ئاڵوودەیی و دروست بوونی تاوانبار لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای کوردی، دوو دیاردەی دیارو بەرچاوی ئەم سەردەمەی ئەمڕۆن و دەکرێ ویژدان بهەژێنێ و چارەنووسێکی تاریک نیشانی ئەوانە بدات لەسینەمادا کە گیرودەی ئەو پەتایە بوونە.
بۆیە دەکرێ بڵێین فیلمەکە فەلسەفەیەکی کۆمەڵایەتی و مرۆیی بەپێز هەڵدەگرێ و بەئاراستەیەکی فیکری شایەستە بەرجەستە کراوە.
بەڵام ئەگەر فیلمەکە بکەین بەدوو بە‌ش، بەشی کۆمەڵایەتیەکەی و بەشی تاوانکاری، بینەر هەست بەوە دەکات کە ڕیتمی فیلمەکە لەبەشی یەکەمدا بۆ بەشی دووەم زۆر خێرایە، بەو ئامانجەی زۆربەی دیمەنەکان لەناوخێزان و کێشەکانی، ببن بەدیمەنی تاوانکاری، کەچی لەو نێوانەدا دەرهێنەر نا هاوسەنگیەکی دروست کردووە.
ئەگەر لەقەوارەی پرسە کۆمەڵایەتیەکانی زیتر کردایەو جەختی لە پرسە کوشندەکانی ئاڵوودە بوون بکردایەتەوە، ئەوە فەلسەفەو کاریگەری فیلمەکە گەورەتر دەبوو لەتاوانکاری.
واش پێویست ترە کە ئێمە لەسینەمادا بایەخێکی زۆرتر بەپرسە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردی بدەین و هەوڵی گۆڕینی ئامانجەکان بەو ئاراستەیە بەرین، نەک پرسی تۆڵەسەندنەوەو تاوان بەرامبەر بەتاوان، وێڕای ئەوەی دەرهێنەرانی ئێمە کە لەکۆمەڵگایەکی توندو تیژدا دەژین، ناکرێ سینەماش بکەین بەهونەرێکی توندو تیژو سینەمایەکی خوێناوی.
ئەوەتا کچی تاوانبارەکە لەدوا نامەی بۆ باوکی ئاواتی ئەوەی دەخواست، باوکی ئەو بەڵێنەی جێ بەجێ کردایە بۆ گەڕانەوەی بۆ باوەشی کچەکەی و دەسپێکردنەوەی ژیانێکی ئارام، بەڵام دەرهێنەریش لەدەسەڵاتی دا نەما دوای ئەوەی پاڵەوانەکەی هەموو شتێکی لەدەست چوو، ئەو ژیانە ئارامەی جاران بگێڕێتەوە دواوە، بەو شێوەیەی، کچەکەی و دایکی کچەکەی و باوکی و ئێمە هەموومان ئاواتمان بۆی دەخواست.
بۆیە دوای دوا بەجێ هێشتنی ژنەکەی بەئاراستەیەکی تر هەنگاوی دەنا، کە ڕەنگە خۆشی نەزانێ ئەو چارەنووسە ڕەشە بۆ کوێ ی دەبا.
دەرهێنان
بۆ من سیروان محەمەد ناوێکی ناسراو نیە لەسینەمادا، ڕەنگە بەرهەمی گۆرانی و کلیپم بەو ناوە دیبێ، بەڵام بۆ دەرهێنان و دروست کردنی فیلمی درێژ، ئەو ناوە لای من نامۆ بوو.
ڕەنگە هەندێ جار ئەزموون بۆ سینەماکارێک لەبەرچاو بگیرێ، بۆ بەراورد پئ کردن و هەڵسەنگاندنی ئاستی کۆن و نوێ، بەڵام بۆ نرخاندنی بەرهەم ئەوە بەرهەم خۆی سەرچاوەی بڕیارە .
ئەوەی ئێمەش لەفیلمی (ئاڵوودە)بینیمان زێترە لەتوانستی دەرهێنەرێک کە بۆ یەکەمجار کار لەسەر فیلمی درێژدا .بکات.
دەرهێنەر کۆمەڵێ دیمەنی وروژێنەری خستبووە نێو ڕوداوەکان، وەک دیمەنی هەڵپەڕکێ ی بە کۆمەڵی زیندانیەکان لەگەرماو و لەژێر دوش و سوڕانەوەیان بەدەوری پاڵەوانەکە، پاشان بەستنەوەی ئەو هەڵپەڕکێ و گۆرانیە بەساتی مارەکردنی ژنەکەی لە نزیکترین و ئازیزترین هاوڕێ ی.
هەروا دیمەنی هاوارو خۆ پچڕینەوەی بەمۆ لەدەستی پۆلیسەکان لەزیندان و دیمەنی تەعزیب دان و بەجێ هێشتنی مریەمی ژنی لە بەندیخانەو، چەند دیمەنێکی تری وروژێنەر بوون.
بەڵام ئەو چەند دیمەنەی ئاماژەمان پێکردن، بەس نین بۆ فیلمێکی دوورو درێژی دوو سەعاتی و لەنێوان دوو تەوەری بەرفرەوانی پڕ لەکارەسات.
هەروا لەهەندێ قۆناغدا دەرهێنەر زۆر بەخێرایی بەسەر هەندێ لەڕوداوەکان تێدەپەڕێ و ناتوانێت مافی خۆیان بداتێ، وەک قۆناغی شوکردنەوەی مریەم و لەناو چوونی مێردەکەی .
دەرهێنەر هەندێ ڕوداوی چاوەڕوان نەکراوی بۆبینەر دروست کردووە، بوونەتە سوپرایز لەهەندێ دیمەندا، لەوانە سوپرایزی ئاشکرا بوونی خیانەتی هێمنی هاوڕێ ی و پرسی دزینی پارەکەو خیانەتی ژێر بە ژێری هاوڕێکەیتری و پەیوەندی لەگەڵ مریەمی ژنی.
دەرهێنەر پێمان دەڵێ گەورەترین دەسەڵات لە زیدانەکاندا دەسەڵاتی مافیاکانن، دەستیان بەسەر هەموو شتێ داگرتووەو مرۆڤ دەکڕن و دەفرۆشن، ئەو مافیایانە لە ژوورەوە حوکمی دەرەوەش دەکەن، بۆ سودی خۆشیان یارمەتی بەمۆ دەدەن دوای ئازاد کردنی، تۆڵە لە دوژمانی خۆی بکاتەوەو دەست بەسەر پارە دزراوەکەدا بگرن.

ئەکتەرەکان
شوان عەتوف لەهەر بەرهەمێکدا بەشداری بکات، پشکی شێر بۆ خۆی دەبات، لەم بەرهەمەشدا بۆتە پاڵەوانی فیلمەکەو دەرفەتێکی فرە فرەوانی بۆ ڕەخساوە بۆ بەرجەستە کردنی ئەو ڕۆڵە کە ڕەنگە جۆرە جیاوازیەکی هەبی لەگەڵ تەواوی ڕۆڵەکانی تری.
شوان لە نواندندا لەژێر هەر کاریگەریەک بێت ناوەستێت و هەمیشە دەرفەت بۆ خۆی دەدۆزێتەوە ،ڕێگە بەخۆی نادات وەستان وشکی کاتەوە، چەند ئەوەندەش ئەکتەر یادەرهێنەر مومارەسی زۆرتری هەبێت و ئەزموونی دەوڵەمەند تر بێت، ئەوەندە زێتر لە بواری فانتازیاو جەستەو ئەتمۆسفیرەوە گەشەدەکات.
لەو فیلمەدا زۆر لە سنوورەکانی رابووردووی لە بواری نواندندا تێپەڕاندووە، ڕەنگە لەو سنوورە ئیقلیمیەی خۆی تێپەڕێنێ.
بەیان عوسمانیش لەم بەرهەمەدا خۆی نوێ کردەوە لەڕووی نواندن و زۆر لێهاتووانە بەرجەستەی ڕۆڵی خۆی کرد، بەڵام لە دیمەنەکانی سەرەتای فیلمەکە توانایەکی زۆرتری لە کۆتاییەکاندا نیشاندا.
ڤانیا سالاریش بە گڕوتین و حەماسێکی باش ڕۆڵی خۆی بینی و توانی شان لە شانی بەیان و لە هەندێ دیمەنا توانایەکی باشتر نیشان بدات.
رۆژ فایەق لە ئەکتەرە دیارەکان بوو، پێرفۆرمانسێکی جیاوازی نیشاندا، لە فیلمەکەدا شوێنێ دیار بوو.
پێشڕەو حوسێن بۆ یەکەمجارە لە فیلمی درێژدا دەردەکەوێ، تا ئێستا لە شانۆو درامادا ئەزموونی باشی هەیە، پێویستی بە دەرفەتی زێتر هەیە لەسینەمادا.
وێڕای ئەوەی لەم فیلمەدا توانایەکی باشی نیشانداین بۆ بەرجەستە کردنی ڕۆڵەکەی بە گشتی ئەکتەرەکان هەر یەکەو بەشی خۆی بەرکەوتبوو، لە هاوسەنگ ڕاگرتنی فیلمەکە.
هونەرکارەکانی دیکەی ژێر کەوالیس بەتایبەت وێنەگرەکان ، موزیک و موئەسیراتی دەنگ و رووناکی و دەنگ وڕەنگ و لوکێشن هەر یەک لەوان ئەو بوارەیان نەڕەخساند بۆشایی لەفیلمەکەدا دەرکەوێ

ئەنجام:
فیلمەکە بە گشتی ئەزموونێکی ئەرێنی بوو ، بە کەرەستەو هونەرکارو نووسینەوە لە سەرەرێ ی دروست کردنی فیلمی کوردی و بە هەموو گرفت و کەموکوڕیەکانی هەوڵێکە بۆ پڕکرنەوەی بۆشاییەکی بەرفرەوان لە سینەمای کوردی دا، کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاسۆکانی گەشترو بەرفرەوانتر دەبن.

Previous
Next
Kurdish