ئەو دەمەی یار دێ، وشە پێ دەگرێ! … شوان شەفیق
سێڵاوی شیلە
شارە غەمگینەکەی دڵ دا دەپۆشێ
مچوورکەیەک بەگیانما دێ
بارگاویم دەکا بە وزەی عەشق،
چ سۆزێکە!
ھەناسە لە گۆشەی نەوەتدا وەستاوە
بۆ بەگەڕ خستنەوەی
سێسەت و شەست پلە خوولانەوەم بە دەوری نقێمەکانی ڕوومەتیدا پێویستە!
چ حەجێکە یەکگرتن!
بۆ کێشانی تابلۆیەک
فڵچەیەک لە وردە مووی مووحیبەت
بە شەرابی ئەو ئێوارەیە دەگرمەوە
مەستانە خەیاڵ ڕەنگ دەکەم
خەون لە چوار چێوە دەگرم
چ ھاتنەوەیەکە!
ھەسانە سنگی
نیگاکانم تیژ دەکا
ئەقڵم دوو لەت دەکا
داوا دەکا
گۆرانییەکی (نەجمەی غوڵامی) بۆ بڵێم
ھۆش لە کللەم سەفەر دەکا
چ تاسانێکە!
کەی دەگاتە جێ
لەنگەر بگرێ
ئەو کەشتییەی
لە باکوورەوە دێ
بڕیارە یار ھەڵبگرێ
چ گەیشتنێکە!
بەرد دەشێلم!
ئاو دەخەمە گریان!
سەرمسووڕماوە لە ڕەقی ھەویر!
با دەگرم، خەیاڵ سرکە ناگیرێ!
گوڵیش باخچە جێ دەھێڵێ
پێ دەگرێ!