
گفتوگۆ لەگەڵ گۆرانیبێژ(ئومێد قادر زیرەك).. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
ئومێد قادر زیرەك: مەرج نیە گۆرانی بێژ ژەنیار بێت بەڵام مەرجە گوێچكەی موزیكی بێت و دەنگەكان بناسێت
ئومێد قادر زیرەك: هەندێك لە گۆرانی باوكم هەیە تائێستا بڵاونەكراونەتەوە لەلای خۆمان پاراستوومانە
گۆرانیبێژ(ئومێد قادر زیرەك) ئەگەر چی بەرهەمی بڵاوكراوەی كەمە بەڵام لە ئێستادا چەند بەرهەمێكی ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە ،كاریگەری دەنگی هونەرمەندی كۆچكردووی باوكی (قادر زیرەگ) ،هۆكار بووە گە ئەویش بیر لە گۆرانی ووتن بكاتەوە هەربۆیە لەسەردەستی هونەرمەند مامۆستا(وریا ئەحمەد) دەچێتە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێر پێنج لە بەشی موزیگ دەخوێنێت،دوایش دەچێتە ئەكادیمای هونەرەجوانەكانی هەولێر لەوێش چواری خوێندنی موزیك بەسەركەوتووی تەواو دەكات لە ئێستادا سەرپەرشتیاری هونەرییە لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر ئێمەش لە نزیكەوە ئەم هەڤپیڤینەمان لەگەڵیدا سازدا.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
*پێمان باشە سەرەتا بۆ خوێنەرەنمان باس لە كاروانی هونەری خۆت بكەیت.
- كاروانی هونەری من لەو كاتەوە دەست پێدەكات كاتێ چاوم كردەوە تەنیا لە تیڤی و وێنەكان باوكی ڕەحمەتیم (قادر زیرەك) دەبینی و گوێم بۆ گۆرانیەكانی شل دەكرد بەدەم سۆز و ئاوازە پڕ لە دەنگە زوڵال و كوردانەكەی بە دڵێكی پڕ لەخەم و دووری چاوەكانم هێدی هێدی نەرمە بارانێك ئاسا هەندێ جار بەر شاشەكەی لێ دەگرتم هەندێ جار ڕومەتەكانمی تەڕ دەكرد و بەكۆلێك خەمەوە رۆژانم بەرێ دەكرد تا ئەو كاتەی بە هاوكاری مامۆستای موزیك ژەن و ئاواز دانەر مامۆستا(وریا ئەحمەد) خۆم لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بینیەوە و دواتر تەواوكردنی كۆلیژی هونەرە جوانەكان لە هەردوو قۆناغی خوێندن دا بەشداری بەشی زۆری چالاكییە هونەرییەكانم دەكرد ..لە دوای دەرچوونم لە چەندین گۆرانی تایبەت بەخۆم بڵاوكردەوە لە ئێستاش سەرپەرشتیاری پەروەردەیم لە پسپۆڕیەتی هونەرییم لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر.
*ئەو كاتەی هونەرمەند(قادر زیرەك)ی باوكت كۆچی دوایكرد تۆ منداڵ بوویت هەبووە چێت لەیاد ماوە؟
-ئەوكاتەی باوكم كۆچی كرد من تەمەنم چوار ساڵ بوو سۆزی باوكایەتی لەبەردەم شاشەی تیڤی و ڕادیۆ و ریكۆرد بوو كە ئەوكات فێنكایەكی زۆریان پێ دەبەخشیم و ئارامیان دەكردمەوە.
*هونەرمەند قادر زیرەك تائێستا گۆرانی هەیە بڵاونەكرابێتەوە؟ هەموو ئەرشیفی لەلای بەرێزتان هەیە؟ - بەڵێ ئەرشیفی هونەری باوكم بەشێكی زۆری لەلای منە و ئەوانەی بڵاویش بونەتەوە چەند وێنەیەك نەبێت هەمووی هی ئ
لێمەیەو و بڵاوكراوەتەوە وە هەندێكی گۆرانی هەیەبڵاونەكرایتەوە تائێستا پاراستوومانە.
*تاچەند گرنگە گۆرانیبێژ ژنیار بێت؟ خۆت كامە ئامێر دەژێنیت؟ - بۆ پرسیاری ئەوەی تا چەند گرنگە گۆرانیبێژ ژەنیار بێت .. ئێمە با وابلێین تا چەند گرنگە گۆرانی بێژ یا هونەرمەد بەگشتی ڕۆشەنبیر بێت لە ڕوی ژەنین و ئامێر ناسیەوە …چونكە رۆشەنبیریەتی ژەنین و ژەنیار بۆ گۆرانی بێژ گرینگە تا بتوانێ هاوكاری دەنگی بكات مەرج نیە گۆرانی بێژ ژەنیار بێت بەڵام مەرجە گوێچكەی پاك بێ و دەنگەكان بناسێ و توانای ئەدای لەبەرزترین مەودا هەبێت و هەما هەنگی و لەگەڵ ئامێری موزیك بكات و بەنەشاز نەبێت.
*ئێمە دەزانین چەندین گۆرانی خۆت هەیە، هۆكار چیە تائێستا بڵاونەكردۆتەوە؟ - دیارە زانیاریتان هەیە…
*بەڵێ بێگومان هەر بۆیە ئەو پرسیارەشمان كرد؟ - من لە ٢٠٠١ گۆرانی (بێ سۆداغ نیم) تۆ مار كرد لە تیڤی هەرێم كاری وێنەگریم بۆ كرد و بڵاوم كردەوە، دواتر پلانم دانا تا سی دیەك بڵاو بكەمەوە كە ئەوكات باری دارایی زۆر خراپ بوو هەندێ گۆرانیم تۆمار كرد لە سەر ئەركی خۆم ئەوەبوو برا بچوكەكەم نەخۆش كەوت و منیش ئەركی ئەو خێزانەم لە ئەستۆ بوو هیچ پاڵپشتیەكم نەبوو دواتر هەستم كرد تاوانە دەرهەق بە خۆم و خانەوادەكمان دەكەم بۆیە گۆرنیەكان لە ساڵی ٢٠٠٦ وە تا ئێستا ماون و بڵاوم نەكردیتەوە ئەركی خێزان زۆر قورسە ئامانەتێكە دەبێت بیپارێزی بۆیە من بێم پارە لە قوڕگی مناڵەكانم بگرمەوە بۆ كاری هونەری و لەولاشەوە هونەرەكەم كە ناتوانێ بمژینێ تاوانی من نیە بۆیە دەبێت بیرێك لەمەوە بكەینەوە هونەرمەند بتوانێ بە هونەرەكەی بژیێ ئا لێرە كەی پاڵپشتی هەبوو منیش دەست بەكاری هونەری دەكەمەوە.
*كلیپی گۆرانی تایبەت بە خۆت هەیە؟ چۆنە دەڕوانیتە كلیپەكانی گۆرانی بەگشتی؟ - وەك گوتم یەك گۆرانی كلیپی لۆ كرا لە تیڤی هەرێم لای من نەماوە لە ئەرشیفی تیڤی هەرێم خۆیانە .. تایبەت بە كلیپەكانی ئەمڕۆ بەداخەوە بەشێكی زۆری تەقلیدە و هەیانە نوێكاری تێدایە بەڵام نەگەیشتۆتە ئاستی ئەفڕاندن وە هەندێ كلیپ هەن هەر دوورن لە بابەتەكە و تەنیالكێندراون بەیەكەوە.
*وەكو هەر گۆرانیبێژێك ئەو گرفت كێشانە چین كەرووبەری گۆرانیبێژ دەبنەوە؟ - خراپترین حاڵەت نەبونی پاڵپشتی و هاوكاری هونەرمەندان خۆیانن لە نێو خۆیان جاران هونەرمەندی ژەنیار و گۆرانی هاوكاری یەكتر بون و بە روحیەتێكی هونەری و نیشتیمان پەروەری هاوكاری یەكتر بون بۆ خستنە ڕوی بەرهەمێكی هونەری پڕ ڕوحیەت و هاوكات نیشتیمان پەروەری بەڵام ئێستا بیر لە پارە دەكرێتەوە و بەلایەوە گرینگ نیە چی دەبێت وە هەندێ جار دەنگە پڕ سۆزەكان لە ستۆدۆ دەمرن.
-وەكو لاوێك ئاستی گۆرانی كوردی چۆن دبینیت؟ - ئاستی گۆرانی كوردی لە ڕوی ئەداوە هەنگاوی باشی بڕیوە بەڵام بەگشتی فەوزایەك هەیە لە گۆرانكاریە خێراكان جاری وا هەیە مۆركی كوردی لەدەست داوە یاخود تۆن و دەنگ بۆتە قوربانی كلیپ ئەمە بگرە لە نەفەس كورتی و نەبونی بەردەوامی بەهەر هۆكارێك بێت.
*وەكو سەرپەرشتیارێكی پسپۆری هونەری وانەی هونەرلەنێو قوتابخانەكان و ئاستی هونەری قوتابیان لەچ ئاستێك دایە؟ - بەداخەوە لە زۆرێك لە قوتابخانەكان، وانەی هونەری لە قوتابخابەكان بۆتە قوربانی ڕێكخستنی میلاكی قوتابخانە .. پەندەكی كوردی هەیە دەڵێ.. ( چ بایە و چ بارانە هەر لە تەمەنی بەفر كورت دەكاتەوە ) لە نێو قوتابخانەكانیش یا لە باڵاتر هەر گۆرانكاریەك ڕوو دەدات لەبەشە وانەی هونەری كەم دەكرێتەوە ئەوە جگە لە هەندێ قوتابخانە خشتەی دابەش كرایە و بۆ تەواوكردنی میلاك هەر دوو وانەیەك دراوەتە مامۆستایەك بۆیە دەبێت وەزارەتی پەروەردە،لە ناوەندەكانی خوێندن گرنگی زیاتر بە وانەی هونەری بدات،چونكە وانەی پەروەردەی هونەری مێشك چالاك دەكات.
سەبارەت قوتابیانیش ،سوپاس بۆ خوا من وای دەبینم ئاستی قوتابیەكانمان لە وانەی هونەری زۆر باشە بەڵام بە داخەوە كەمی مامۆستای پسپۆری و گرینگی نەدان بە بەهرە هونەرییەكانیان دواتر بەرە بەرە دوور دەكەونەوە بەڵێ لە هەندێ قوتابخانە هەندێ مامۆستا و قوتابی هەن زۆر دڵخۆشكەرن بەڵام نەبوونی پاڵپشتی و هاندان ئەوانیش لە بازنەیەك دەسورێنەوە ناتوانن هەنگاوی گەورە تر بهاوێژن. - باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی تا قوتابیەكی هونەرمەند و فێرخوازێكی ژیر دەركەوێ تا دوارۆژ پارێرزەرێكی یا دكتۆرێكی هونەرمەند ی لێ دەرچێت؟
- بۆ ئەم پرسیارە دەبێت گرنگی تەواو بە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی هونەری بدرێت و دەستی واڵا بكرێت لەروی پركردنەوەی میلاكی مامۆستای هونەر ی لە هەمان كاتدا كردنەوەی خوولی بەهێزكرنی مامۆستای پەروەردەی هونەری لە ناوەندەكانی خوێندن لەگەڵ ئەنجامدانی فیستیڤاڵ و پێش بڕكێی هونەری ساڵانە لە نێوان قوتابخانەكاندا.
