Skip to Content

دڵتەنگیی وەک بیانوویێک بۆ گریان!.. نوری بێخاڵی

دڵتەنگیی وەک بیانوویێک بۆ گریان!.. نوری بێخاڵی

Closed
by ئایار 2, 2021 General, Poems

وا باشترە خەیاڵت ببەمەوە سەر چیڕۆکی برینێک
تا لە دۆخی شکست نا، لە دڵشکان تێبگەیت
بتبەمەوە لای ئاوازی گۆرانیێک،
کە خوێنی برینێکی سەرنەکردووی لەبەر دەڕوات،
گۆرانیی:
“ئەی دڵ خەتا تاکوو کەی، مایل بە خەتاکاریی
دوێنێ کە دەمێکم بوو، ئەمڕۆ نەدەمێکم بوو”

ئیتر ئاوا،
ململانێ لەگەڵ دڵی خۆت، دژوار و بە ژانە
مەیدە کەللەڕەقیی لەگەڵیدا
شتێکی دڵخۆشکەرە کەسێک لەناو دڵت بێت و
کەس نەزانێت،
نەک هەر ئەوەی نەزانن کەسێک لەوێیە،
ئەوەیش درک بەو ژانە نەکەن کە بە هۆی غەمگینیی ئەو کەسەوە دەتخواتەوە!

‏‎غەمگینیی ئەوەی خۆشت دەوێت، وەک شەقیقە وایە،
گێژت دەکات
وەک برینێک، کە شەکرە نەهێڵێ وشک بێتەوە،
هەمیشە تەڕە
وەک شێرپەنجە، کە ترسی ژیانەوەی خانەکانی هەبێت،
بڕینەوەیشی ئارامت ناکاتەوە!

ئەرێ،
بەرگەی ئێشی خۆت و دڵشکانەکانت دەگریت،
وەلێ دەرەقەتی ناڵە و نرکەی ئەو نایەیت
ئاسان نییە، بەڵام ڕۆژێک دێ و تێدەگەیت
غەمگینیی خۆت نا، دڵتەنگیی ئەو،
زیاتر ئازارت دەدات
پتر ماندووت دەکات و
زۆرتر تۆ دەگریێنێت، تا ئەو!

ڕۆژێک دێت دەزانیت، کە لە دۆخی ئاوادا
دەتوانی دەست لە خۆت بشۆیت،
واز لە هەموو خەونێکت بێنیت
خەیاڵت لای برینەکانی خۆت نەبێت
خەم لە دڵشکانەکانت نەخۆیت و
بیرت هەر لای ئەو بێت
بیرت لای ئەوە بێت، چۆن دڵی بدەیتەوە
ئارامی بکەیتەوە
بیخەیتەوە سەر ڕیتمی پێکەنین
خۆشیی تێدا بڕوێنیت و
بەختەوەریی تیادا ئاو بدەیت!

ڕۆژێک دێت تێدەگەیت چۆن خۆتت فریو دا و نەتزانی
ڕاستیی لەناو زۆر شت دایە، کە وەک گاڵتە دەرتدەبڕین
تێدەگەیت زۆرترینی ڕاستیی لەناو قۆشمەیی و
جار جارەش لە هەوڵی تەریق نەبوونەوەدا بوو
ئەها ئەوەی دەتگوت:
ببەخشە، گاڵتەم کرد!
نا، ئاساییە، نیگەران مەبە!

ئەو ڕۆژە دێت و پەنجەی خۆت دەگەزیت،
کە خۆشباوەڕانە لەبیری خۆتت بردەوە:
“هیچ نییە، ئەوەش تێدەپەڕێت”، سەرچاوەی زۆرترین ئازارە
دوای “سوپاس، هەموو شتێک باشە”،
چەند پێویستیت بە دەستێکە
“من باشم”، لە پشتی زۆرترین خودئەشکەنجەدانەوەیە
وەک چۆن زۆرترین تووڕەییش،
لەناو گەرووی “ئاساییە، چۆنت پێ باشە با وا بێت، بە دڵی خۆت”، قوت دەدرێتەوە و
لەناو تەندووری “بێدەنگیی”دا دەکرێتە قەرەبرووت!

هەموو ئەمانە دەکەیت تا دڵی خۆت نا،
دڵی ئەو نەشکێ
غەمگینیی خۆت نا،
دڵتەنگی ئەو کاڵ بکەیتەوە!

هەموو کەس هەر وا ئاسان لەو ڕازە تێ ناگەن و
نۆتە پەرشەکانی ئەم گۆرانییە غەمگینەیان بۆ ناچنەوە سەر پەیژەی ئاواز و
ڕەنگە ڕژاوەکانی ئەم تابلۆ غەمبارەیان بۆ کۆناکرێتەوە!

نیگەران مەبە،
نە کەس پێشت دەکەوێت و نە تۆش ڕیزت بەزاندووە
ئیتر وایە،
هەر کەسە و ڕوو بەرەو قەدەری خۆی هەنگاو دەنێت و
کەس ڕێی ناچێتەوە سەر هەواری چارەنووسی ئەوی تر
تێگەیشتن لەمە هەر وا ئاسان نییە
بۆ ئەمە بێدەنگیی باشترین شتە، تا پشوو بە خۆمان بدەین
ئاخر ماندوو بووین ئەوەندەی ڕوونکردنەوە بدەین
بۆ خەڵکێک کە تێناگەن
ئەوەیە دەڵێن: تێنەگەیشتن لە بەڵای ناگەهان خراپترە!

بەڕاست، دەمەوێ ئەوەش بزانیت
هەندێک جار پێویستیمان بە بیانوویێکە بۆ گریان
با بیانووەکە زۆر سادەیش بێت
تەنانەت گڕووگرتنیش بێت
تا ئەوەی ئەگەر جۆرێکیش بێت لە گەمژەیی
بەڵام هەر دەبێ پاساوی گریانێک بدەینەوە
گریانێک قەرەبووی شکستەکانمان
دۆڕانەکانمان
دڵشکانەکانمان
بێ ئومێدییەکانمان و
ڕەشبینییەکانمان بکاتەوە!

گریان بۆ شتگەلێک، کە لە کاتی خۆیدا نەمانتوانی،
نا، نەمانویست بۆیان بگرین
چونکە ڕووشکێن دەکراین
بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبین،
دەبوو ئەو چرکەساتە نەگرین و
هەر چۆنێک بووە، هێز بدەینە بەر خۆمان
ددان بە خۆماندا بگرین
خۆمان بخۆینەوە، تا ڕیسوا نەکرێین!

بەڵام چ هێز و خۆگرتنێک؟
هێز و خۆگریێک، دواتر ئازارێکی سووکیش بەس بێت،
تا تێک بشکێین و وێران بین
ئەمەو بێ ئەوەی کەسێک پرسیاری ئەم وێرانبوونەمان لێ بکات!

بەهەرحاڵ، کە لەگەڵ کەسێکیت، هەموو شتێکت جیاوازە
تەنانەت گریان و پێکەنینەکانیشت
لەگەڵ ئەودا باری قورسی سەر ڕۆحت سووک دەبێت و
لە تاریکترین شەویشدا، تیشکێک درزێک هەر دەدۆزێتەوە
دڵی دڵت بپێکێت!
ئەو کە بۆ هەمیشە لە نێوان کاغەز و دڵی تۆدا نهێنیێکە
خەڵکی وەک نیوە ڕستەیەک دەیبینن و حونجەی دەکەن،
کەچی لەناو تۆدا چیڕۆکی هەزار و یەک شەوەیە!

ڕۆژێک دێت دەزانیت، غەمگینیی خۆت نا،
دڵتەنگیی ئەو زیاتر ماندووت دەکات
ئەو کاتەی فێر دەبیت ‏‎لە نێوان خۆت و خودی خۆتدا
کەسێکت خۆش بووێت!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish