Skip to Content

سایکۆلۆژیاى پێشمەرگەى دێرین.. ستیڤان شەمزینی

سایکۆلۆژیاى پێشمەرگەى دێرین.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 2, 2021 General, Opinion

خوێندنەوە و شیتەڵکاریى دەروونناسیى پێشمەرگەى دێرین بابەتێکى ورد و ئاڵۆز و دژوارەر و پێویستى بە لێکۆڵینەوەى زانستیى چڕوپڕ و هەمەلایەنە و مێژوویى هەیە، بەڵام ئەم چەند دێڕە هەوڵێکى سادە و بەراییە لەو بوارەدا و کردنەوەى دەروازەیەکیشە بۆ قسە و باسى زیاتر و خوێندنەوە و شرۆڤەکاریى جیددیتر و ئەکادیمى. ئەم کورتە نووسینە تەقەلایەکى بچووکە بۆ راڤە و شیکاریى لایەنێک لەلایەنەکانى دەروونناسى پێشمەرگەى دێرین یان چاکترە بڵێم سەرەتاى کارێکە بۆچوونە ناوەوە و شرۆڤەکردنى لایەنێکى هەرە گرنگى دەروونناسى پێشمەرگەى دێرین ئەویش پرسى توندوتیژییە وەک بەشێک لە سایکۆلۆژیاى پێشمەرگەى دێرین. کەمتر هەوڵدەدەم بەدووى ئەو هۆکارانەدا بڕۆم کە خوڵقێنەرى توندوتیژییە لە کۆمەڵگەى کوردستان چون ئەم باسە پێشینەیەکى زۆرى دەوێ و لە سنوورى وتارێک دەردەچێت و هۆکارەکانیش ورد و ئاڵۆزن. هەروەک توینبى دەڵێت “ئەو هۆکارەى هەوڵدەدەین دیارى بکەین شتێکى سادە نییە، بەڵکو ئاڵۆز و داڕژاوە”. بەڵکو هەوڵمداوە بەدووى رەگوریشەی توندوتیژییدا بچم لە ژیانى پێشمەرگەى دێریندا.
بەر لەوەش بەپێى لێکدانەوەى قوتابخانەى دەروونشیکاریى مرۆڤ بوونەوەرێکى لاساییکەرەوەیە یاخۆ دەیەوێ خۆى لەگەل هەبووەکانى ترى چوار دەوریدا رابهێنێ و بگونجێنێت. ئەرستۆتالیس لەم بارەیەوە دەڵێت “مرۆڤ زیندەوەرێکە هەر لە منداڵییەوە حەز لە لاساییکردنەوە دەکات، دەیەوێت چاوى بەهەر شتێک کەوت یان گوێى لێ بوو لاسایى بکاتەوە”. پێشمەرگەى دێرین هەوڵیداوە لەگەل بارودۆخى خەباتدا کە توندوتیژیى بەسەریدا زاڵبووە خۆى بگونجێنێت، بۆیە حاڵەتێکى نۆرمال و سروشتییە توندوتیژیى بەشێکى گرنگى بیرکردنەوە و رەفتارى داگیرکردووە، ئەمەش پێویستییەکى قۆناغ بووە لە پێناو بەرگریکردن لە شوناسى نەتەوە و بەرەنگاربوونەوە لەگەل دوژمنەکانى. کەسایەتى پێشمەرگە هەڵهێنجراوى بارودۆخێکى سەختى خەبات و شۆڕشى چەکدارانەیە، سەربارى ئەوەش بەردەوام ژیانى لە جەنگ و پێکدادان و ژێر سایەى روحمى گوللەدا بووە و لە نزیکەوە ئاشنایەتى لەگەل مەرگ و خوێن و هاواردا پەیدا کردووە، ئەوجا بیهێنەرە پێش چاوى خۆت مرۆڤێک ساڵانێکى زۆر تەنیا بە چیا و کۆسارەوە بووبێت، دوور لە هەموو شارستانى و ژیانێکى هاوچەرخ، داخۆ کەسێتى ئەم بوونەوەرە چۆن و بە چ شێوەیەک دەبێت؟ مرۆڤ بوونەوەرێکە دابڕاو نییە لە کارتێکردنەکانى دەرەوەى خۆى لە ژینگە و سروشت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى، هەرواش کەسایەتییەکەى رەنگدانەوەى هەمان بارودۆخە.

پێشمەرگەی دێرین و پرسی توندوتیژیی

زاناى دەروونناسى (مێشێل بۆتۆر) لەم لایەنەوە بۆچوونێکى جوانى هەیە و دەڵێت “کەسایەتى هیچ بوونێکى نییە تەنیا لە چوارچێوەى پەیوەندییەکانى نەبێت لەگەل کەسانى دەوروبەر و شتەکاندا”. هەروەها بە پێى تیۆرى دەروونشیکاریى و دەرەنجامە تاقیگەییەکانى (پاڤلۆڤ) راهێنان گەورەترین کارکردى لەسەر سایکۆلۆژیاى نەک مرۆڤ بەڵکو گشت بوونەوەران و گیانلەبەرانى تر هەیە، چیرۆکى سەگەکەى پاڤڵۆڤ لە ئاستى گەلێریدا بەناوبانگە هەر کاتێک زەنگى بۆ لێداوە لیک بە دەمیدا هاتۆتە خوارەوە چوونکە چاوەڕوانى پلە گۆشتەکە بووە. هەر بۆیە پێشمەرگەى دێرین لە قۆناغى خەباتى شاخ و رزگاریى نیشتمانیدا لە رێى پەروەردەى سیاسیى و کەناڵەکانى تەبیلغات و ئەدەبیاتى حزبیى و پێشمەرگانەوە لەسەر توندوتیژیى و هەڵمەتبردن و بەرەنگاربوونەوە و یاخیبوون راهێنراوە، ئەمەش بۆتە بەشێکى جیا نەبووەوە لە سایکۆلۆژییەت و رەفتارەکانى. پێش ئەوەى بەسەرماندا تێپەڕێت هەوڵدەدەم ئەوە ئاشکرا بکەم ئەو توندوتیژییەى سەردەمى خەباتى چیا هەرگیز نەگەیشتۆتە ئاستى تیرۆر و رەشەکوژیى و دڕندەیى، ئەم گەواهییە بۆ مێژوو دەدەم هەموو ئەو توندوتیژییانەى ئەوێ رۆژێ پێشمەرگە پیادەى کردووە لە چوارچێوەى زەبروزەنگى شۆِرشگێڕانە و جەنگى پارتیزانیدا بوون، واتە کردار نەبووە بەڵکو پەرچەکردار بووە تا داگیرکەرانى کوردستان ناچار بکرێن بۆ سەلماندنى بوون و مافەکانى کورد و بەرقەرارکردنى ئاسایش لە وڵاتدا، هەروەک چۆن کاتى خۆى (ماوتسى تۆنگ) وتى “بۆ ئەوەى ئاشتى بەرقەرار بێت دەبێت بجەنگین، ئێمە لە پێناوی ئاشتیدا دەجەنگین”.
بەهەر حال لە کاتێکدا لە بارودۆخى ئەمڕۆى رزگاریى و قۆناغى دەسەڵاتى کورد خۆى، کەسایەتى پێشمەرگەى دێرین پەڕاوێز و پشتگوێ دەخرێت، دەشێ ئەم هۆیە کاریگەرییەکى راستەوخۆى هەبێت لە تەقاندنەوەى ئارامیى پێشمەرگەى دێرین بە شێوەیەکى توندوتیژانە، چون با لە یادمان نەچێت ئەو تەنیا دەتوانێت بە میکانیزمى توندوتیژانە گوزارشت لە خۆى بکات و داواکانى بەرز بکاتەوە هەروەک وتیشم لە سەردەمى شۆڕشدا لەسەر ئەوە راهێنراوە لە رێى ئەم میکانیزمەوە خواستەکانى بەدەستبهێنێت. ئەمە لەلایەک و لەلایەکى ترەوە ئەوێ رۆژێ لە شاخ بەڵێنى بەهەشتێکى پڕ لە کامەرانى پێدراوە و بە سۆسیالیزم و یەکسانى و دادپەروەریى فریودراوە، ئێستا کاتێک ژیانى لە ژێر هێڵى هەژارییەوە راگیراوە حەتمەن قبوڵى ناکات و کاردانەوەى دەبێت، پێموایە زۆر واردە کاردانەوەکەى توندوتیژانە و زەبروزەنگ ئامێز بێت. بۆ وێنە پێشمەرگەى دێرین هەندێک لە هاوەل و هاوڕێ دێرینەکانى خۆى دەبینێت، وێنەى هەژاریى و نەداریى دوێنێیانى لەبەرچاوە و ئەمڕۆش لە پۆشاکى پادشا و بەرگى ئیمپراتۆر لەسەر عەرش و ناو کۆشکى ئەفسووناویدا دەیانبینێت، تووشى تەناقوزات دەبێت لەگەڵ خۆی و کاریگەریى نەرێنى لەسەر سایکۆلۆژییەتى دادەنێت کە دیسان ئەمەش وروژێنەرى هەستى خەفەکراوییەتى، ئەو هەستەى بە گووتارە ئاگرینەکانى شاخ و ئەدەبیاتى قۆناغى بەرگریى ئاخنراوە بە توندوتیژیى و رۆحى سەرکێش و تۆڵەسەنەندنەوە و بەرەنگاربوونەوە.

تیۆدۆر دۆبانقیل دەڵێت “لاوازیى هەندێک، ورگى هەندێکى تر دروستدەکات”. پێشمەرگەى دێرین قبوڵى ناکات بە لاوازبوونى جەماوەر و خۆی، لەسەر حیسابى رەنج و مەینەتى و حەسرەت هەڵکێشانى ئەو هەندێکى تر شاهانە و قەڵەوانە بژین، بێگومان کاردانەوەى بەرامبەر بەم حاڵەتە هەیە. هەنووکەش کە قۆناغى ئازادیى و حوکمى دەسەڵاتى خۆماڵییە دەبێت هەوڵبدرێت بۆ باشترکردنى ژیانى پێشمەرگەى دێرین بەپێى بەرنامەیەکى تۆکمە و دامەزراو، دەبێت حکومەت و دامودەزگاى پەیوەندیدار بە دەنگ داوا و موعاناتیانەوە بچێت بەتایبەت هەندێکیان ئەندامانى جەستەى خۆیان لە دەستداوە یان ئەوەندە ماندوون شتێک لە کەمئەندام گەڕاونەتەوە!. بەم رێگا و شێوازە دەتواندرێت کاریگەریى جیددى دابنرێت لەسەر سایکۆلۆژییەتیان و دەبێتە هۆى دامرکانەوەى بڵێسەى قینى پەنگخواردوویان کە مەترەحە لە ساتێک لە ساتەکاندا بەوپەڕى توندوتیژییەوە بتەقێتەوە. باسى ئەوە ناکەم پێشمەرگەى دێرین دیسان شۆڕش دژى دەسەڵاتى کوردیى و ئەزموونى ئەمڕۆ بەرپا دەکات، وا بزانم کەم کەس هێندەى ئەوان قوربانیان بۆ هێنانەدى رۆژێکى وا دابێت و بۆ پاراستنیشى وەک ئەوان دڵسۆز و بە پەرۆش بن، بەڵام ئەمەش ئەگەرێکى نزیک و بەهێزە پێشمەرگەى دێرین نەتوانێت بەرگەى ئەم هەموو نادادپەروەریى و بێ مافییەى خۆى و خەڵک بگرێت و رەنگبێ بە ناچاریى هەڵوێست وەربگرێت.
ئەم حاڵەتە و ئەو فەرامۆشکردنەى پێشمەرگەى دێرین پڕ مەترسییە، هەروەک ئۆرتیگا دەڵێت پێویستە هەموو زەنگەکانى مەترسى لێبدەین. خودئەڤینی و سەرسامبوون بە خۆى پێشەرگەى دێرین بە جۆرێکە لە لوتکەدایە، هەوڵدان بۆ تێکشاندنى ئەم دەروونە و بچووک و نزمکردنەوەى کەسێتییەکى بۆ ئاستى راکردن بە دواى موچەى خانەنشینى و پرسگەى وەزارەتەکاندا، رۆڵى خراپ لەسەر سایکۆلۆژییەتییان دادەنێت و لەوانەیە بۆ بەرز راگرتنى ئەو پلە و پایە باڵا مەعنەوییەى پێشووى خۆى، چالاکى و جووڵە نیشان بدات تاوەکو وەک ئەو قارەمانە نموونەییە بمێنێتەوە کە لە قۆناغى باڵابوونى شۆڕشدا لێى دەڕوانرا، بەڵام ئەم جارە لە قۆناغ و سەردەمێکى نوێدا. ئەوى ماوەتەوە لە کۆتاییدا بیڵێم ئەوەیە رووى دەمم لە دەسەڵاتى کوردیى دەکەم و دەڵێم پێشمەرگەى دێرین تا نهۆ ئارامگرتووە بووە، بەڵام وتەکەى (جۆن داریدن)تان لەبیر نەچێت: وریاى خۆت بە لە شۆڕشى پیاوى ئارامگرتوو.

پێشمەرگەى دێرین و رەمەکى سێکس-sex
هەرچەندە حەزى ممارەسەى سێکسی بە شێوازێکى سروشتى رێگەى لێبگیرێت، هێزى دەروونى کە پەیوەندیى بەم حەزەوە هەیە دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى دڵەڕاوکێ
فرۆید

رەمەکى سێکس هەستیارترین رەمەکى لکاوە بە کەسێتى مرۆڤەوە، چون هەر لە یەکەم چرکەى لە دایکبوونەوە ئەم رەمەکە ئەکتیڤ دەبێت و گەشە و نەشونما دەکات لەگەڵ مرۆڤدا. پێشان پێیانوابوو رەمەکى سێکس لە ساتەوەختى هەرزەکارییدا وردە وردە سەرهەڵدەدات، بەڵام ئەنجامى شیکردنەوەى زانستیى و تاقیگەیى پێچەوانەى ئەمەى سەلماندووە، زاناکانى بوارى فیسۆلۆجیى و بایۆلۆژیى پێداگریى لەسەر ئەوە دەکەن ئەم غەریزەیە لەگەڵ لە دایکبوونى هەر مرۆڤێکدا ئەویش لە دایک دەبێت، لە گرنگترین ئەو زانا و پسپۆڕانەى ئەم بیرو رایەیان هەیە هەردوو زانای دەروونناسی (سیگمۆند فرۆید و ولیەم رایش)ن.
فرۆید، پێیوایە (ژیانی سێکس لە قۆناغی هەرزەکارییەوە دەست پێناکات، بەڵکو هەر لە کاتى لە دایکبوونەوە چەکەرە دەکات و رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر گەشە دەکات). لەوەتى مرۆڤیش هەیە لە هیچ وێستگەیەکى مێژووییدا سێکس و ممارەسەى ئەم حەز و چێژە لێى جیانەبووەتەوە جا هەر لە کۆمۆنەى سەرەتایى و کۆمەڵى بەرایى و پریمیتیڤەوە بیگرە هەتا دەگاتە دنیاى گەشەکردووى تەکنۆلۆژیى ئەمڕۆمان. لەبەرئەوە سێکس بە هیچ کلۆجێک لە سایکۆلۆژیا و جەستەى مرۆڤ جودا نابێتەوە، بەڵکو بەردەوام مرۆڤ لە هەوڵدابووە بۆ تێرکردنى ئەم رەمەکە و خۆ بەتاڵکردنەوە لە گووشار و پاڵنەرى توندى لە کاتى چەپاندنیدا. دیسان زۆربەى زاناکانى پسپۆر لە بوارى سایکۆلۆژیا و سێکسزانیی دووپاتى دەکەنەوە: سێکس لە نێو هەر هەموو غەریزەکانى تردا کاریگەرترینیان و هەستیارترینیانە و بە قووڵیی مرۆڤ دەخاتە ژێر کاریگەرییەکانییەوە، لەم بارەوە (فرۆید) دەنووسێت (رەمەکى سێکس بەهێزترین و مەترسیدارترین رەمەکى تاکە لە ئەوى کەسایەتیدا).
گومانیش لەسەر ئەوە نییە مرۆڤ بێ بڕانەوە بە دواى تێرکردنى ئەم غەریزەیەدا عەوداڵە و هەمیشە بە دواى رێگاکانى بەتاڵکردنەوەیدا گەڕاوە بە چەندین شێواز، رەنگە هاوسەرگیریى دیوێک لە دیوەکانى ئەو داهێنانانە بێت لەو رووەوە. ئەگەر بمانەوێ بچینە ناو خودى باسەکەوە و لە بابەتى سێکس لاى پێشمەرگەى دێرین بدوێین، پێش هەر شتێک لەوە دڵنیاین پێشمەرگە وەک مرۆڤ خودانى غەریزەى سێکسە و وەک هەر مرۆڤێکى تریش هەوڵیداوە ئەم رەمەکە تێر بکات وەک مافێکى سروشتى خۆى، بەڵام ئاخۆ لە رۆژانى خەباتى سەختى شاخ و دوور لە هاوسەر و دەزگیران و ئافرەت پێشمەرگە چۆن چۆنى وەڵامى ئەم رەمەکەى خۆی داوەتەوە؟ ئایا چەپاندن بەرەو لادانى سێکسی بردووە؟ ئایا بۆتە کەسێکی هۆمۆسێکسواڵ؟ ئایا سێکسى لەگەڵ ئاژەڵان ئەنجام داوە؟ یان لە هەر رێگەیەکەوە بێت ئافرەتێکی دەستخستووە بۆ ئەنجامدانی کاری سێکس؟ ئایا تەنیا بە دەست خۆی بەتاڵ کردۆتەوە؟ یان بەردەوام لە خۆ چەپاندن و سەرکوتکردنی ئەو رەمەکە هەراشەدا بووە؟ لەبەرئەوەى بەشێوەیەکى گشتیى زۆربەى هەرە زۆرى پێشمەرگە دێرینەکان سەڵت و گەنجى زگوردی بوون و هاوسەریان نەبووە، بێ شک دووچارى چەپاندنى سێکس بوونەتەوە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان نەبیستراوە پێشمەرگە بۆ خاڵیکردنەوەى ئەم غەریزەیە پەنا بباتە بەر ئیغتیسابى ئافرەتان، ئەگەر بە وردیى سەیرى پانۆراماى ساڵ و رۆژەکانى بزووتنەوەى چەکداریى گەلی کورد بکەین، رەنگە بە تاک و تەرا بەر حاڵەتى ئیغتیساب بکەوین و لە ئاستى ریزپەڕدا بوونى هەیە. پێشمەرگەى دێرین خودانى مۆراڵێکى شۆڕشگێڕیى و ئەخلاقیاتێکى بەرز بووە، هەرگیزیش پرنسیپەکانى شۆڕش رێی نەداوە بە هیچ پێشمەرگەیەک تا ئافرەتێک بە تۆبزى زەوت بکات.
بۆ وێنە لە نێوەڕاستى هەشتاکانى سەدەى رابردوودا کاتێک جورنالیستێکى بیانیى پرسیار لە هەندێک پێشمەرگەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەکات: ئایا چۆن کارى سێکسیى دەکەن؟ لە وەڵامدا پێشمەرگەکان دەڵێن ئێمە سێکس ناکەین!. رۆژنامەنووسەکە دەست بۆ گوندێکى نزیک رادەکێشێ و دەڵێت لەوێ ژن هەیە بۆ سێکسیان لەگەڵ ناکەن؟!. لە وەڵامدا پێى دەڵێن: ئەوانە خوشکى ئێمەن، یاساکانى سروشت رێنادەن لەگەڵ خوشکى خۆتدا ئەو کارە بکەیت. رۆژنامەنووسەکە زۆر جەختیان لێدەکات ئایا لەناو خۆیاندا یان لەگەڵ ئاژەڵدا یان بە رێگەیەکى تر سێکس ئەنجام نادەن؟ پێشمەرگەکان دڵنیاى دەکەنەوە ئەوان تەنیا سەرگەرمى خەبات و بەرخودانن بۆ کوردستان و هیچى تر. دواجار رۆژنامەنووسەکە بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: یان ئەم قسانەتان هیچى راست نین یان ئەوەتا ئێوە فریشتەن و مرۆڤ نین!. لە راستیدا ئەو پێشمەرگانە فریشتە نەبوون، بەڵام لەوەشدا راستگۆ بوون چون ئەوان تەنیا سەرقاڵى خەبات بوون و کەمتر قەرەى سێکس کەوتوون. لەبەرئەوە بە هیچ شێوەیەک پێشمەرگەى دێرین تەنیا لە ئاستى ریزپەردا نەبێ هەوڵى نەداوە بە تۆبزیى یان ئازادانە لەگەڵ ئافرەتێک کە هاوسەرى نییە کردارى سێکسى بکات. تەنانەت کولتوورى کوردەواریى و دابونەریتى گوندنشینان و خەڵکى رەشۆکى ئەودەمە کولتوورێکى بێ ئەندازە داخراو و چەپێنەر بووە، بە راددەیەک تەنانەت قبوڵى پەیوەندیى خۆشەویستیان نەکردووە، ئەوەتا یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ساڵانى حەفتاکان و لە سەرەتای شۆڕشدا ناچارە قارەمانترین پێشمەرگەى خۆى لەسەر داخوازیى عەشیرەت و بۆ شووشتنەوەى ئابڕوو لە گوندى قامیشەڵان لەسەر خۆشەویستى بکوژێت، کە دواتر شاعیرى بە توانا (شێرکۆ بێکەس) لە شیعرێکیدا بە ناوى (قامیشەڵان) باسى ئەم کردەوەیە دەکات و هاوکات مەحکومى کوشتنى ئەو پێشمەرگەیە دەکات!! شێرکۆ هەر لەو شیعرەدا یەکێتى بە دارکونکەرە وەسف دەکات.

فوکۆ، کاتى خۆى وتى (ژیارى ئێمە هونەرى ئیرۆتیکاى تێدا نییە) ئەو باسى ژیارى خۆرئاوا دەکات، سەرەڕاى ئەو هەموو کرانەوە و تێکشکاندنەى چەقبەستوویى کولتوور و پێناسەکردنەوەی چەمکەکانی رەوشت و سێکس هێشتا پێیوایە ژیارێکە ئیرۆتیکا تێیدا غائیبە، ئەوجا بیهێنە بەرچاوى خۆت گوندێکى دوورە دەست لە دامێنى شاخێکدا نە کارەباى بۆ چووە و نە شەقامى قیرتاوى دیوە و نە رۆژێک لە رۆژان کتێبێک خۆى کردووە بە ماڵەکانیاندا، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیرۆس و خۆشەویستى دەکەن؟ لەوەش بگەڕێ دەبێت هەستیان چەند رقئامێز و ئاگراویى بێت لە کاتێکدا کەسێک ببینن لە دەرەوەى بازنەى هاوسەرگیریى لەگەڵ کچ یان خوشک یان کەسێکى نزیکیاندا ممارەسەى سێکس دەکات؟ پێشمەرگەى دێرین ئەوکات لەگەڵ ئەم کولتوورە رووبەڕوو بوو بۆیە چەند خوازیارى سێکس بوایە و پێویستى پێى هەبایە نەیدەتوانى لە سایەى ئەو کولتوورەدا ممارەسەى بکات.

هەرواش هیچ کاتێک پێشمەرگەى دێرین بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەم چەپاندنە رووى نەکردۆتە لادانى سێکسى، بۆیە دەبینین سێکسکردن لەگەڵ ئاژەڵ و ئیغتیساب و سێکس لەگەڵ مناڵان و لادانى تر تاکوتەرا نەبێت لاى پێشمەرگەى دێرین بوونى نەبووە، هەر ئەمەشە سیحرى ئەوەى وای لەو رۆژنامەنووسە بیانییە کرد پێشمەرگە بە شێکى سەرتر لە مرۆڤ ناوزەد بکات. تەنانەت چەند کەسانێکى دیاریکراو و زۆر کەم نەبن زۆربەى هەرە زۆرى پێشمەرگە دێرینەکان خۆیان پاراستووە لە هۆمۆسێکسوالێتی، بەڵکو بەپێى دابونەریتى کۆمەڵگا ئەم خووە جۆرێکە لە نەنگى و داڕمانى رەوشت و بەهاى کۆمەڵایەتی، کە دواجار کەسى خاوەن خوو دەکاتە کەسێکى فاشیل و بێ متمانە و بێ ئۆتۆریتە لە کۆمەڵدا، وەلێ هۆمۆسێکسوالێتى کردەیەکى ترسناک و خەتەر نییە تاکو بەو جۆرە مامەڵەى لە تەکدا بکرێت.
تەنانەت ئەو جۆرە لادانانە و ناچارکردنى خەڵکان بۆ ئەنجامدانى کردارى سێکسیى لە دادگاکانى شۆڕشدا سزاى لەسەربوو، چەندین نموونەم لەلایە چۆن دادگاکانى شۆڕش یان فەرماندەییەکانى ئەوکات سزاى ئەو پێشمەرگانەیان داوە پێشێلى ئەم پرنسیپانەیان کردووە. پێشمەرگەى دێرین هەوڵى خۆپاراستنى داوە و نەیوستووە جڵەو بۆ غەریزە بێ کۆتاییەکانى شل بکات و سەرەنجام ببێتە هۆی (لەکەدار)بوون و رووشاندنى پایەى کەسێتى خۆى. فرۆید دەڵێت (دوو جۆر پاڵنەرى ناوەکى لە سیستمى دەروونى مرۆڤدا کاریگەرن، ئەوانیش پاڵنەری حەزەر و پاڵنەری چێژن، هەر کاتێک مرۆڤ جڵەوى شل کرد بۆ ئارەزووەکانى بەبێ ئەوەى حەزەر بکات ئەوە زوو بە زوو سزاکەى وەردەگرێتەوە). پێشمەرگەى دێرین لە ترسى سزا وەرگرتنەوە، یەکەمجار سزاى مەعنەویى و ئەوجا سزاى ماددیى و جەستەیى هەمیشە حەزەرى لە سێکسکردن کردۆتەوە و جڵەوگیر بووە یان با بڵێین خۆى لغاو کردووە و نەیهێشتووە بە بەرەڵڵاکردن و دەرگا لەسەر پشتنانى رەمەکى سێکس ببێتە کەسێتییەک کە رووبەڕووى (شوورەیى) بێتەوە، چوونکە هیچ نەبووبێت کۆمەڵگە دواکەوتووەکەى خۆى بە باشى ناسیوە.

رایش هەمان بڕواى (فرۆید)ی لەسەر ئەم بابەتە هەیە و ئەویش لە بابەتێکدا دەنووسێت (کەسایەتى مرۆڤ لە قۆناغى ئۆدیبۆ دروست دەبێت، لە ئەنجامى ناکۆکى نێوان خواستى سێکسى شاراوە و بە واقیعی نەکردنى ئەو خواستە کەسایەتى دروست دەبێت، لەو قۆناغەدا –من- بێهێزە، ئەو-من-ەش بۆ خۆپاراستنى لە سزاکانى دەورووبەر هەوڵدەدات خۆى بگونجێنێت). من بە تەواویى و دەقیقى مەبەستم لەو دەربڕینەى (رایش)ە، دروستبوونى وێناى قارەمان بۆ پێشمەرگە بەشێکى بۆ ئەو خۆگونجاندن و خۆپاراستنە سێکسییە دەگەڕێتەوە، تەنانەت لە بیرمە جاران لە پەیڕەو و پرۆگرامى نێوخۆیى حزبەکاندا دەنووسرا پێویستە ئەندامى حزب دەست و دەم و داوێن پاک بێت!!!. دیسان ئەوە بۆ پێشمەرگە هەمان شت بوو بەڵکو هەندێک سەخت و قورستر بوو. پێشمەرگەى دێرین بەردەوام خۆى چەپاندووە، تاکە رایەڵ و کەناڵێک توانیبێتى خۆى پێ خاڵى بکاتەوە بریتى بووە لە دەستپەڕ (عادە سری) ئەمیش کردەیەکی زۆر نهێنى و پەنهانە و کەسانى تر ناتوانن دەرکى پێبکەن، دەنا پێشمەرگەى دێرین لە هەموو روویەکەوە خۆى گرتووە و بە ناچاریى دوور کەوتۆتەوە لە سێکس.
بە بڕواى زۆربەى زانایانی دەروونی چەپاندنى سێکس و غەریزە هەوێنى لە دایکبوونى شارستانى و ژیارە. فرۆید دەنووسێت (هەموو شارستانییەک لەسەر کارى زۆرەملێ و نکۆڵیکردن لە غەریزەکان دادەمەزرێت). فرۆید چاکى پێکاوە، تۆ بڕوانە هەڕەمەکانى میسر، شورە و دیواربەندى چین و قەڵا قایمەکان، شۆڕشە خوێناوییەکان و هەزاران شار و پەرستگا و کەنیسە و مزگەوت و خەزنەى زێڕ و زیو لەسەر بنەماى نکۆڵیکردن لە غەریزە و کارى بە زۆر و ناچارکردنى کەسانى دى دامەزراون. شۆڕشى کوردیى و بەرهەمێکى کەم و بچووک کە ئەمڕۆ هەیەتى بەر مەبناى چەپاندن و زۆر لە خۆکردنى ئەو کاتەى پێشمەرگەیە. وەلێ غەریزەى سێکس پێویستییەکى گرنگ و سەرچاوەیەکى بنەڕەتى شادیى مرۆڤەکانە، بەڵام ئەو رۆژانە پێشمەرگە ناچار ببوو چاوپۆشى لێبکات و خۆى لە لەززەت و خۆشییەکانى ببوێرێت. رایش دەڵێت (هەموو بەختەوەرییەکانى ژیان لە بەختەوەرییەکانى سێکسەوە سەرچاوە دەگرێ) کەچى ئەو رۆژانە بەختەوەریى پێشمەرگە تێرکردنی سێکس نەبوو، بەڵکو خۆى لە تۆمارکردنى داستان و نەبەردییە پڕ سەروەرییەکاندا دەبینییەوە، لوتکەى شادییەکانى خۆی لە گورزوەشاندن لە دوژمن و رزگارکردنى کوردستان و بەرپاکردنى ئازادیى و دامەزراندنى ژیاندا کۆکردبووەوە.
پێویستە لەم دەرفەتەدا ئەوەش بوترێت بەشێکى هەرە زۆرى ئەو چەپاندنەى پێشمەرگە بە بەرنامە و خۆویستانە نەبووە بەڵکو لە ژێر کاریگەریى و رەچاوکردنى بارى کۆمەڵایەتی بووە و جۆرێک بووە لە خۆ قووتارکردن لە حەرام، حەرامێک لە کۆمەڵگەى سوننەتى ئێمەدا راستەوخۆ بەستراوە بە جەستەى مرۆڤ و نێوان هەردوو رانییەوە. لەبەر ئەوەى کۆمەڵگەى ئێمە کۆمەڵگەیەک بووە لیپاولیپ لە حەرام و دەستوورى قەدەغە، پێشمەرگە ناچار بووە خۆى سنووردار بکات و هێڵى سوورى حەرام نەبەزێنێت، چوونکە حەرام یەکەمین شت بووە لەگەڵ هەبوونى مرۆڤدا سەری دەرهێناوە و چەکەرەى کردووە. فۆنت لە کتێبەکەیدا (سایکۆلۆژیاى میللەت) دەنووسێت (حەرام دەستوورێکى نەنووسراوى کۆنتر لە مرۆڤایەتى دەنوێنێت، وەک دیارە بەشێوەیەکى گشتیى حەرام لە خواوەندەکان کۆنترە و لە بنەڕەتدا بۆ کاتى پێش هەموو ئاینەکان دەگەڕێتەوە). دواجار ماوەتەوە بڵێم ئەوەى ئەمڕۆ بەدەست هاتووە لە کوردستاندا بەرهەمى دوێنێی پڕ لە چەرمەسەریى و خۆگوشین و ئازار و مەینەتى پێشمەرگە و تێکڕاى خەڵکی کورد بووە. پێشمەرگەى دێرین بۆوەى خەباتەکەى لە وێستگەى سەرکەوتن دابنێت تەنانەت نکۆڵى لە غەریزەکانی کرد، بگرە ئەو رۆژانە و نەهامەتییەکانى و خۆچەپاندنەکانى هەرگیز ناتواندرێت قەرەبوو بکرێتەوە، هەر لەبەرئەوەشە ئەوانەى وا دەزانن ئەو لیبرالیزمە سێکسیی و فرەژنى و بەرەڵڵاییە جنسییەی لاى بەرپرسەکان هەیە نیشانەیەکە بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو رۆژانە، بێگومان بەهەڵەدا چوون، لەبەرئەوەی:
یەکەم: بەرپرسەکان ئەوکاتیش لە رووى ممارەسەى سێکسەوە کێشەیان نەبووە، هیچ نەبووبێت هاوسەرەکانیان لەگەڵ بووە.
دووەم: سێکس و پیاوێتى نیشاندان لاى بەرپرسەکان جۆرێکە لە ممارەسەى دەسەڵات نەک قەرەبوو، ئەگەر ئەمە وا بوایە دەبوو هەر پێشمەرگەیەکى دێرین دە ژن و دە عەشیقەى هەبوایە و ئێستا لەبەر ئەوان ژن دەستى کەسی تر نەدەکەوت و پرۆسەى هاوسەر بوون بۆ خەڵکانى دی ئاسان نەدەبوو. دەسەڵات لەم رۆژهەڵاتەدا لەسەر قانوونی دارستان رێکخراوە، شێر لە دارستاندا زگی برسی و غەریزەکانی لە رێی هێزەوە تێر دەکات، بەرپرس و سەرکردە رۆژهەڵاتییەکان لە نێویشیاندا ئەوانەی کورد هەروا.

پێشمەرگەی دێرین و قۆناغی نوێ

هەر کەسێک تەنیا کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی
هیگل

کاتێک باس لە قۆناغی نوێ دەکەین مەبەستمان لە قۆناغی دوای راپەڕینی ئازاری ساڵی (1991)ە، کە دوای ئەم مێژووە ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی بەسەر ئەرک و رۆڵی پێشمەرگەدا هاتووە. ئەگەر لە قۆناغی بەرگریی و رزگاریی گەلی کوردستان ئەرکی پێشمەرگە بریتی بووبێت لە چەک هەڵگرتن و رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لە بەرامبەر دوژمن، بێگومان لە قۆناغی ئازادیی دوای راپەڕین ئەرکی پێشمەرگە دەگۆڕێت بە پارێزەری ئەو ئازادییە و تاکێکی خزمەتگوزار. ناکرێت پێشمەرگەی دێرین بە هەمان بیرکردنەوەی قۆناغی خەباتی چەکدارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەشدا بکات، لەبەرئەوەی دوو قۆناغن جیاوازیی ریشەیی و قووڵیان لەگەڵ یەکتر هەیە و کەمترین پەیوەندیی و وێکچوون لەنێوانیاندا هەیە. ئەگەر ئەوکات شۆڕشی کورد دژی حکومەتی ناوەندیی و دەستەڵاتی بەڕێوەبەریی بووبێت چ لە خودی کوردستان چ لە عێراقدا، ئێستا ئەم شۆڕشە خۆی حکومەتە لە کوردستان و بەشێکیشە لە دەستەڵاتی بڕیاردان لە عێراقدا. ئەگەر ئەوکات پێشمەرگە و شۆڕشی کورد لە چیاکان بەرەنگاریی هێزێکی پڕ چەکوچۆڵی رژێمێکی هار و دڕندەی دەکرد، ئەمڕۆ لە شارە و بووەتە دەستەڵاتێکی هەڵبژێردراو، پێویستە وەک خۆی بە هەناسەی حکومەت و دەستەڵاتەوە ئەرکی سەرشانی راپەڕێنێت. بە هەموو جۆرێک و لە دەیان گۆشەنیگا و رووەوە قۆناغی هەنووکە جیاوازە لە قۆناغی داگیرکراویی ئەم بەشەی کوردستان، هەڵبەتە لەگەڵ گۆڕان و وەرچەرخانی قۆناغدا ئەرک و رۆڵەکانیش دەگۆڕێن، ناکرێت کەسێک لە دوو قۆناغی جیاوازدا تەنیا یەک جۆرە ئەرک و رۆڵی هەبێت، ئەمە مومکین نییە.

کەواتە رۆڵی نوێی پێشمەرگەی دێرین چییە؟. رۆڵی پێشمەرگەی دێرین لەم قۆناغەدا رۆڵێکی خەباتگێڕانەیە، بەڵام بە دیوە مەدەنییەکەیدا، لە کورتترین و پوختترین دەربڕیندا ئەرکی سەرشانی پێشمەرگەی دێرین ئەوەیە تێکۆشانی مەدەنیانە و ئاشتیخوازانە بکات بۆ بەرینکردنەوەی مەودای ئازادیی و خزمەتگوزاریی و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری. من ئەم تێکۆشانە بە درێژکراوەی هەمان خەباتی شاخ دەزانم و لە رووی بەها و گرنگییەوە لە شانی یەکتردا دەیانبینم، بەڵکو ئەمەیان قۆناغێکی زۆر باڵاتر و پێگەیشتووترە لە ئەرکی پێشمەرگایەتیدا. ئەم قۆناغە وا لە پێشمەرگەی دێرین دەخوازێت دەستبەرداری خولیای خۆی و ئەو نەرگسیەتە قووڵە بێت تووشی هاتووە و لە بژاردنی سەروەریی و شانازییەکانی دوێنێ بێتە دەرێ و لە جەرگەی واقیعی ئەمڕۆدا بێت و بە کردەوە بیسەلمێنێت دەتوانێت لە واقیع و قۆناغی دوای راپەڕینیشدا وچان بە ئەرکەکانی بدات، بەو پێیەی لەگەڵ بارودۆخ و ژیانی ئەم قۆناغەدا ئاوێتە بووە، ئەرکی پێشمەرگەی دێرین لەوە تێپەڕی کردووە پاسەوانی یانژی فەرماندەی بارەگا و بەرپرسێکی سیاسیی یان سەربازیی بێت، بەڵکو ئەرکی ئەو ئەوەیە زێرەڤانی مافی خەڵک بێت و لە سەنگەری داوا و خواستەکانی جەماوەردا رابوەستێت و یەخەی دەستەڵاتدارانی لەسەر رابوەشێنێت.

ئیدی پێویستە و کاتی ئەوەیە پێشمەرگە دێرینەکان کەتافییەکانی بەریان دابکەنن لەگەڵیدا چەمک و زاراوەی شۆڕش بخەنە سەبەتەیەکی خاشاکەوە، چوونکە چیتر ئێمە شۆڕش نین!! لە کاتێکدا تۆ سەرۆک کۆماری عێراقیت، سەرۆکی هەرێمت هەیە، ئیدی شۆڕش چ مانایەکی هەیە؟ ناکرێت بە چەشنی بەعس و لەسەر هەمان بیرکردنەوەی سەدام حسێن رۆژانە و هەر دە خولەک جارێک وشە و زاراوەی شۆڕش بە گوێی خەڵکیدا بچرپَنین و بیکەینە نان و ئاویان، ئێمە چیتر شۆڕش نین، بەڵکو دەستەڵاتێکی کارگێڕیین، هەر بۆیە ئێمە وەک هاووڵاتیان داوا و خواستەکانمان لە بەرپرسانی کورد وەک دەستەڵات و حکومەتە نەک شۆڕش. ئیدی کاتی ئەوەیە پێشمەرگەی دێرین بە میکانیزمی ئاشتیخوازانە و دیموکراسییانە جوڵەی بەهێز لە خۆی نیشان بدات تاکو گۆڕانکاریی بەرچاو لە ئازادیی و ماف و خزمەتگوزارییدا رووبدات و بەرجەستە بکرێت، ئاخر ناکرێت پێشمەرگەی دێرین بە وەهمی (دوێنێ)وە سەیری ئەمڕۆ و سبەینێ بکات، یان لە گۆشەیەکی پەڕاوێزەوە لە بەردەم خۆیەوە پرتە و بۆڵەی بێت، بەڵکو دەبێت داینەمۆی جوڵەی سیاسیی و سەرمەشقی بزووتنەوەی مەدەنیانە بێت لە کوردستاندا.

فەیلەسووف و هزرمەندی فەڕەنسی (میشێل فوکۆ) دەڵێت (من راڤەی ئەوەم کردووە گۆڕان پەیوەندیی بە جوڵەی رامیارییەوە هەیە). بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا تێپەڕێت و گۆڕان لەسەر بەرینترین ئاست و مەودا رووبدات دەبێت جەماوەری کورد لە پێشیانەوە پێشمەرگەی دێرین و دەستەبژێری رۆشنبیر و خوێندەوار جوڵەی سیاسیی لە خۆیان نیشان بدەن، ئیرادەیان هەبێت بۆ هەنگاوی نوێ و تێپەڕاندنی واقیع رووەو باشتر و چاکتر و ئازادتر. پێشمەرگەی دێرین نابێت دەست و پێ سپی بێت لە ئاست ئەو هەموو ناڕەواییەی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە، نابێت بێدەنگ بێت لە بەرامبەر ئەو رێژە زۆر و ترسناکەی گەندەڵی و رۆتین و بیرۆکراسییەت، ناکرێت خۆی غافڵ بکات لە بەرامبەر ئەو هەموو بەفیڕۆبردنەی سامانی وڵات و ئەو هەموو بەرپرسە فایلدارە و ئەو لەشکرە لە سیاسیی بازرگان بە خوێنی ئابووری وڵاتەوە. لە راستیدا کاتێک گەندەڵیی و نالێپرسراویی و نادادپەروەریی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەگاتە لوتکە و راددەیەکی سەرسوڕهێنەر و خەیاڵیی بەرئەنجامی ئەوە نییە دەستەڵات زۆر بەهێز و بە قودرەتە، بەڵکو بەشێکی هەرە سەرەکی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە نەیارانی ناعەدالەتی و خەڵک خۆیان بێدەنگ و زۆریش لاوازن.

رۆمەن رۆڵان دەڵێت (من ئەمەم زۆر جاران وتووە خراپتر لە هەموو خراپەکان کە جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت بێ دەستەڵاتی چاکەخوازانە نەک دەستەڵاتی خراپەکاران). ئەوەی ئەم دۆخەی لە کوردستان خوڵقاندووە بێ هێزیی و بێ دەستەڵاتی جەمسەر و باڵی چاکەکار و ریفۆرمخوازە، نەک ئەستووریی و بەهێزیی باڵی گەندەڵ و خراپەکار. پێشمەرگەی دێرین لەسەریەتی کۆمەک بکات بە ئاقاری بەهێزکردنی رەوتی چاکساییخواز و مەدەنی و دیموکراتیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان و هەماهەنگ بێت لەگەڵ کار و پڕۆژەکانیان، هەروا پێویستە چۆن لە خەباتی شاخدا پێشڕەو و سەرمەشقی جەماوەرێکی زۆری خەڵک بووە ئێستاش هەر بە هەمان رۆحییەتەوە هەوڵ بدات و کار بکات تا پێشەنگی ئەو جەماوەرە بە مێگەلکراوە بێت تەنانەت زمانیان نییە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان. دەکرێت بڵێم پێشمەرگەی دێرین دەبێت زمانحاڵی ئەو خەڵکانە بێت بەهەر هۆیەک بووە ناتوانن گوزارشت لە ئازار و نەهامەتییەکانیان بکەن، قاچی ئەوانە بێت لەبەر هەر رێگرییەک بووە ناتوانن هەنگاو بنێن بۆ سەندنی مافەکانیان، دەستی هەموو ئەوانە بێت لەبەر هەر هۆکارێک بووە ناتوانن لافیتەیەک بەرز بکەنەوە یان یەخەی حاکمان بگرن و رایانوەشێنن تاکو لە خەوی بێئاگایی لە بارودۆخەکە بێدارییان بکەنەوە.
پێشمەرگەی دێرین ئەگەر ئەرکێکی لەسەرشان بێت یان ئەگەر قەرارە لەم بارودۆخەدا رۆڵێک بگێڕێت پێویستە بەرهەڵستیی دەستەڵات بکات نەک بۆ ئەوەی بیڕوخێنێت بەڵکو بۆ ئەوەی چاکی بکات و بیهێنێتەوە سەر ئەو هێڵە راستەی دەبێت هەیبێت. پێشمەرگەی دێرین دەبێت واز لەو خەیاڵە بهێنێت هەر بەرهەڵستییکردن و بەرەنگارییەکی دەستەڵات کۆمەکە بە دوژمنانی کورد و سەرئەنجام ئەم حکومەتە (ساوا)یەی پێ لاواز دەبێت، بەڵکو پێویستە بەو شعورەوە کار بکات لازمە شۆڕشەکەی دوێنێی ماف و ئازادیی و ژیان بۆ هاووڵاتیان دابین بکات ئەگینا هەرگیز دەمی خۆی ناگرێت و وەدەنگ دێت لەسەر مافی بەشخوراوان، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لە ئاست تاڵییەکانی ژیانی هاووڵاتیان و بەرهەڵستیی دەکات لەبەرامبەر هەر چەوتی و نابەجێییەکی ورد و درشتی دەستەڵات. دەبوایە تاوەکو ئێستا چەندان رێپێوان و کەمپینی پێشمەرگەی دێرینمان بدیبایە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەستەڵات و حکومەت، کەچی بەداخەوە تاوەکو ئێستا بێدەنگن و جاروبار لێرەولەوێ لە سوچی لاپەڕەی رۆژنامەیەکدا سکاڵانامە یان نامەیەکی کراوە بۆ بەرپرسێک یان لایەنێکی بەرپرسیار دەنێرن و هیچی تر.

مایکڵ هاردت– ئەنتوان نیگیری دەڵێن (زۆر لە زاناکانی سیاسەت دەڵێن مەسەلەکە لەوەدا نییە بۆچی خەڵک بەرهەڵستیی دەکەن؟ بەڵکو لەوەدایە بۆچی بەرهەڵستیی ناکەن؟). ئاخر ئەگەر سبەینێ پێشمەرگە دێرینەکان ناڕەزایی دەرببڕن، پرسیار ناکەین بۆچی ناڕەزایەتی دەردەبڕن؟ چون هەموو دەزانین چەندە بێبەش و مافخوراون، چەندە دڵگرانن بەم بارودۆخە، بەڵکو هەنووکە پرسیار دەکەین ئاخۆ لەبەرچی و بۆچی پێشمەرگە دێرینەکان ناڕەزایەتی دەرنابڕن و هیچ بەرهەڵستییەک ناکەن؟ ئەگەر هەر ئەمڕۆ چی پێشمەرگەی دێرین هەیە بەر دەرگای وەزارەت و فەرمانگەکان بگرن و خۆپیشاندان ساز بدەن، هەموو ئەوەمان لەلا ئاشکرایە وەزارەتەکان بە جۆرێک گەندەڵ و کەمتەرخەمن، تەنیا پێویستە لە دژیان رێپێوان سازبکرێت، بۆیە لامان سەیر نییە. بەڵام ئەگەر پێشمەرگەی دێرین و دواتر کۆی خەڵک ئەم کارەیان نەکرد، پرسیارەکە لەلامان دەوروژێت و دەپرسین ئاخۆ لەبەر کام هۆ و بەهانە بەرهەڵستیی ناکەن و تاکەی خۆیان دەخۆنەوە و بەرگە دەگرن؟. پێشمەرگەی دێرین لەسەریەتی لە پەنا ناڕەزایەتی و داخوازییەکانی خەڵکدا بوەستێت لە بەرامبەر دەستەڵات، هەروەک چۆن لەسەریەتی رچە و یەکەمین بێدەنگیی بشکێنێت و کەلەپچەی کەڕیی رابماڵێت. خەڵکی ئەم وڵاتە تەواو بێزار و بێ هیوابوون لە بەرپرس و دەستەڵات و پادشا نوێیەکان، تەنانەت گەنجەکان ئەم وڵاتە وەک (گەراج) یان فڕۆکەخانەیەک سەیر دەکەن تا لێوەی بڕۆن بۆ تاراوگە، ژیان زەحمەتییەکی قورسە و هەزار و یەک کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریی سەریان دەرهێناوە، هەموو چاوەڕێی فریادڕەس و دەستەڵاتێکی راستەقینەن، لەبەرئەوە پێشمەرگەی دێرین نابێت کەمتەرخەم بێت بەرامبەر بە ژیانی جەماوەری گەل و دەبێت لەگەڵیاندا کار بکات بۆ بەرقەرارکردنی دەستەڵاتێک کە رێز لە مافەکان و ئازادیی هاووڵاتییەکانی بگرێت.

(د.ناجی تکریتی) لە وتارێکیدا زۆر باش نوسیووێتی (خەڵکی لە قسەی رووت بێزار و نائومێدبوون، پێویستیان بە رزگارکەرێکە لەو مەینەتییە رزگاریان بکات، ئەمەش تەنیا هەر بە قسە و وادەی بێ کردەوە فریویان نەدات، لە چاوەڕوانیی سەرکردەیەکن قسە و کردەوەی وەک یەک بێ). پێویستە پێشمەرگەی دێرین هاوکار و یارمەتیدەری خەڵک بێت و لەگەڵیاندا بێت بۆ راستکردنەوەی دەستەڵاتداران و جێگیرکردنی سەرکردە و دەستەڵاتێک بەشێوەیەکی راستەقینە نوێنەرایەتیان بکات. بە کورتی رۆڵی پێشمەرگەی دێرین لەم قۆناغە بریتییە لە داکۆکیکردن لە مافی خۆی و خەڵک، گۆڕانێتی لە پێشمەرگە و سەربازەوە بۆ تاکێکی ئەکتیڤی مەدەنی و هەردەم لە بەرامبەر دەستەڵاتدا بوەستێت بۆ زیاتر چەسپاندنی مافەکانی خودی خۆی و هاووڵاتیان، دواجاریش بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی. رۆشنبیری عەرەب (حسێن دەروێش) دەنووسێت (لە مێژوودا چیرۆکی فەرماندەیەکی رۆمانی هەیە کە بە سەرکەوتوویی لە جەنگێک دێتەوە و بە سەربەرزییەوە لە شەقامەکانی شارەکەیدا پیاسە دەکات، خەڵک لە دەوری جەم دەبن و هوتاف بە ناوی دەدەن و سەرکەوتنەکانی نەمر دەکەن. هەر هەمان مێژوو دەڵێت لە پشت ئەو فەرماندەیەوە سەربازێکی بازوو و مەچەک ئەستوور رێی دەکرد، ئەرکی ئەو سەربازە تەنیا پاراستنی فەرماندەکەی نەبوو لە ناپاکیی و پیلانگێڕیی، بەڵکو ئەوە بوو هەموو کات بە گوێی فەرماندەکەی بچرپاندبایە: لە یادت بێت تۆ مرۆڤیت، لە یادت بێت تۆ مرۆڤیت). ئەرکی پێشمەرگەی دێرینیش ئەوەیە هەمیشە بە گوێی دەستەڵات و سەرکردەکانی کورددا بچرپێنێت لە یادتان بێت، ئەو خەڵکەتان لە یاد بێت، بەڵێن و وادە و پەیمانە زلەکانی خۆتان لە یاد بێت.

پێشمەرگەى دێرین و نائومێدیى و نامۆبوون

نائومێدیی و نامۆبوون بەشێکی جیانەکراوەى دەروونى مرۆڤە، لەگەڵ مرۆڤدا نامۆبوون گەشەى کردووە و بە بەردەوامى وەک سێبەرێک لە تەکییەوە رۆشتووە. لە رووى شیکردنەوەى دەروونییەوە زاناکان و قوتابخانەکانى دەروونشیکاریى کۆکن لەسەر ئەوەى نامۆبوون لە قووڵایى ناخى هەموو مرۆڤێکدا چێنراوە و هیچ مرۆڤێک نییە لە ژیانیدا تووشى شۆک و نائومێدیی نەبێت. هەرچەندە رێژە و ئاستى ئەم نامۆبوونە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکى تر دەگۆڕێت بە هەمان شێوە هۆکارەکان رۆڵێکى ئێجگار گرنگ دەگێڕن لە زیاتر نامۆکردنى مرۆڤدا. پێشمەرگەى دێرین ئالی و سوپەرمان نەبووە و نییە بەڵکو مرۆڤێکى تەواو ئاساییە و بەدەر نییە لەگرێ و ئاڵۆزییە دەروونییە هاوبەشەکانى مرۆڤ، ئەویش وەک هەموو کەسانى تر ژیانى دابەشبووە بەسەر لەحزەى گەشبینى و کامەرانى و لەحزەى نائومێدیی و نامۆبوون. رەنگە لەبەر چەند هۆکارێکى تایبەت و دیاریکراو پێشمەرگەى دێرین زیاتر تووشى نائومێدیى و تەنانەت تێکشکان ببێتەوە. گرنگترین فاکتۆر لەم راستایەدا بریتییە لە وردوخاشکردن و بەسەرابکردنى خەونەکانى، ئەو خەونانەى لە قۆناغى خەباتى شاخدا هەزارەها جار بەڵێنى بەدیهاتنیان پێدەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بارودۆخە نەخواستراوترە پڕ گەندەڵیى و نادادپەروەرییەى دواى راپەرین یەکێکى تربووە لە فاکتۆرە هەرە بەهێزەکانى نامۆبوون ئەمە نەک هەر بۆ پێشمەرگەى دێرین بەڵکو بۆسەرجەم هاووڵاتیانى کورد. هەنووکە دەبینین وەهمەکانى نەتەوایەتى و سۆسیالیزم و مافى چارەى خۆنووسین تەبەخوریان کرد و وەک هەڵم بە ئاسمانى بێدەنگیدا چوون.
ئەوەتا کوردستان دواى هەڵەبجە و ئەنفال و کارەساتە سامناکەکانى لەسەر دەستى بیرۆکەى پانعەرەبیزم جارێکى تر دەلکێنرێتەوە بە عێراقى بێ هیوایى و نەهامەتییەوە. نەتەوایەتى و کوردایەتى بووە بە کۆمپانیا و دوکانداریی و کاڵایەکى بە نرخ و گرانبەهاى بازاڕی سەفقات، هەنووکە بەرهەمهێنەرانى دوێنێی گووتارى نەتەوایەتى بازرگانى هەرە گەورەى ئەمڕۆی وڵات و بزنسمان و خاوەن کۆمپانیاى زەبەلاح و سەروەت و سامانى خەیاڵیی و نەبڕاوەن،. دروشمەکانى وەک مافى مرۆڤ و مافى چارەنووس و ئازادیى بیروباوەڕ و دیموکراسى لە بازاڕى کوردیدا ئێکسپایەر بوون و فڕێدراونەتە تەنەکە خۆڵەکانى شارەوانییەوە. سۆسیالیزم و (وتە زێڕینەکانى) ماوتسى تۆنگ و کولتوورى چێ گیڤارا وەک بەرگێکى کۆن و دڕاو لەبەری حزبەکان داکەنرا. درێژترین رووبارى خوێنى پێشمەرگە و شەهیدان تێکەڵ بە مەى و شامپانیا و کۆنیاکى بەرپرسە چاوشۆڕەکان بووە و بۆیان بۆتە جۆگەى کەوسەر و شەرابى فیردەوس. هەنسک و حەسرەتى هەژاران و ماڵوێرانانى رێگاى رزگاریى بۆتە خۆشترین نوکتە بۆ دەسەڵاتداران و ئەو ئەو بەرپرسە نمەک بە حەرامانەى تا دوێنێ لە شاخ تەنیا بە دۆى مەشکەى گوند تینووێتیان دەشکا. ئیتر مرۆڤى کورد چۆن تووشى نامۆبوون نابێت؟. ئەى پێشمەرگەى دێرین چۆن لە هەموومان زێدەتر و زەقتر بەم دەردە بیمار نابێت و تاکو سەر مۆخ هەست بە ئازار و ئێش ناکات؟.

نووسەرى ناسراوى عەرەب (حسێن دەروێش) لە یەکێک لە ژمارەکانى رۆژنامەى (البیان)دا باس لەو نامۆبوونە دەکات لاى نەوەى شۆڕشگێرى عەرەبى و دەنووسێت (ئەو نەوەیەى کە نەوەى نیوەى یەکەمى سەدەى پێشوو بوون بە وەهمى نەتەوایەتى و نیشتمانى گەورەى نەمرەوە ژیان، لە دواى ئەو وەهمانەشەوە وەهمى سەروەتیشى هاتە سەر، هەر ئەم نەوەیە ئێستا بە چاوى خۆى دەبینێت خەونەکانى چییان بەسەرهات و لە کۆتایدا گەیشتۆتە چ رۆژێکى کوشندە ئەمڕۆکە دەیبینین). پێشمەرگەى دێرین وەک نەوەى نیوەى دووەمى سەدەى رابردوو (سەدەى بیست) دواى بێ هۆشکردنى بە تلیاک و وەهمى نیشتمانپەروەریی و کوردستانێکى سەربەخۆ و پڕاوپڕ لە ئازادیى و ماف، ئەمڕۆ دەبینێت خەونەکانى یەک لە دواى یەک هەرەس دەهێنن و ئەو جادووەى لە شاخ لێیکراوە یەک بە یەک پووچەڵ دەبنەوە و ماهییەت و سروشتى راستەقینەیان بەدەر دەکەوێت. ئەمڕۆکە بە چاوى خۆى دەبینێت خەونەکانى چییان لێ بەسەر هاتووە و رۆژگارى کورد گەیشتووەبە چ چارە رەشییەک!، ماف و ئازادیى گەورەترین و تاڵترین درۆ بوو لەگەڵیدا کراوە. دواى ئەم هەموو بەتاڵکردنەوە و لە باربردنەى خەون و ئاواتەکانى دوێنێى، پێشمەرگەى دێرین هیچ رێگایەکى ترى لەبەردەم نییە یان بەرپەرچدانەوە یان خۆخواردنەوە و ئازارى ویژدان و نامۆبوون. دەبینین تا ئەمڕۆ پێشمەرگەى دێرین رێگاچارەى دووەمى هەڵبژاردووە، رێگەچارەى خۆخواردنەوە و ئازارى رۆح و ویژدان.

پێشمەرگەى دێرین ئەوێ رۆژێ لە خەباتى سەخت و دژوارى قۆناغى شاخدا، خەونى بە وڵاتێکەوە دەبینى هاووڵاتیان لە ئەرک و ماف و ئازادییەکاندا یەکسان بن، رێز لە مرۆڤبوون بگیرێت پێش هەر شتێک، بە چەکى شۆڕش و نەبەردیى و هەڵمەتى سەربازییانە چاوى لە پاشەڕۆژێکى رووناک و ئارام و ئاسایى بڕیبوو. هەموو ناڕەحەتییەکانى شاخ و هەوراز و نشێوەکانى رێگاى هەوڵ و خەباتى قبوڵ بوو تاسبەینێ دادپەروەریى چێ بێت و یاسا سەروەر بێت و مافى هەموو کەسێک پارێزراوبێت، نەک وەک ئەمڕۆ پارە دەسەڵاتدار بێت، ئاخر کاتێک پارە دەبێتە خودا، مرۆڤ دەبێتە بەندەى پارە و دەبێت وەک کۆیلەیەک پارە بپەرستێت، ئیتر ئەمەش سەرەتاى هەموو خراپەکارییەکانە. برتۆڵد برێخت، دەڵێت: (لە کۆمەڵگەیەک پارە تیایدا فەرمانڕەوایە و بەدەستهێنانى پارە جگە لە رێى ناپەسەندەوە مەیسەر نییە، چاکەکاریى دەبێتە درۆ). پێشمەرگەى دێرینیش چاوى هەیە و ئەوە دەبینێ (سەربەستى رابەرایەتى گەل ناکات) بەڵکو پارە تاکە والی و فەرمانڕەوایە، ئەو بیروباوەڕ و پرنسیپانەشى لە شاخ دیعایەیان بۆ دەکرا تووڕ دراونەتە زبڵدانى مێژووەوە و بە کلاسیک هەژمار دەکرێن، ئیتر بڕواى بە هیچ چاکەکارییەکى حزب و سەرکردایەتییەکەى نامێنێت، ئاسانیش نییە دواى ئەو هەموو ناڕەحەتى و قوربانیدانە بە ژیانى خۆ هەروا بە بڕیارێک دەستبەردارى حزبەکەی ببێت، ئاخر ئەمە قورسترین بڕیارە و سەرسەختترین دەروونى گەرەکە، مرۆڤ ناتوانێت بە دەستى خۆى کۆرپە یان کوڕە جگەرگۆشەکەى زیندەبەچاڵ بکات! لەگەڵ ئەوەشدا پێى شادمان بێت. سەختییەکە لێرەدایە پێشمەرگەى دێرین لەنێوان دوڕیان و دوو رێگادا تووشى شۆک و ئازار بووە:
یەکەم: دەستبەردان لە حزب و کاروانى دوورودرێژى خەبات، ئەمەش کارێکى ئەستەم و پڕ لە ناڕەحەتییە و چۆڵکردنی مەیدانیشە بۆ گەندەڵکاران.

دووەم: قبوڵکردنى ناعەدالەتی و ئەو قەیرانە خنکێنەر و کوشندەیەى کۆمەڵگەى کوردى تیایدا دەژى لەگەڵ چاوپۆشین و دیزە بەدەرخۆنەکردنى دزى و گەندەڵیى دەسەڵات و پاساو هێنانەوە بۆ نەبوونى ئازادیى و نەبوونى خزمەتگوزارییەکان و بێ مافییەکانى جەماوەرى خەڵک.
ئەمەشیان دوورە لە سروشتى راستەقینە و واقیعی پێشمەرگەى دێرینەوە، چوونکە ئەو کەسێک بووە لە سەردەمى پێشووتر قبوڵى ئەمانەى نەکردووە بۆیە شاخ و خەباتى هەڵبژاردووە، بۆیە ئەگەر ئێستا پێى رازى و قایل بێت کەواتە خەبات و بەرخودانى چەندان ساڵى لەسەر چیاکان چ مانایەک دەبەخشێت؟ سەروەرییەکانى دوێنێ قابیلى ئەوەن بە هەڵەکانى ئەمڕۆ لەناوچن وەک ئەوەى بەرپرسەکان کردیان. بارودۆخى کوردستان لە کەنارى هەڵدێر و رۆخى تیاچوونە، چوونکە مرۆڤى کورد لە هەموو روویەکەوە تێکدەشکێنرێت و هەناسەى سافى دوکەڵاویى دەکرێت، هەژاریى وەک پەتایەکى کوشندە پەرە دەسێنێت، ژمارەى هەژاران و بێدەرامەتان لە ئاستێکى ئاسایى دەرچووە، لەولاوە چەندان کەس و بەرپرس بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر دەبنە سەرمایەدار و ملیۆنێر بەبێ ئەوەى کەسێک هەبێت پرسیاریان لێبکات ئەمەیان بە چى؟. د.ناجى تکریتی، لە وتارێکدا بە ناوى (نامەیەک بۆ کاربەدەستى وڵات) دەنووسێت (دەبێت هەمیشە ئەوە بزانیت هەرچەندە ژمارەى ملیۆنێران زۆرتربێت ژمارەى هەژاران و نەداران دوو هێندە دەبێتەوە). پێویستە کاربەدەستانى وڵات بزانن هەژارانى ئەم نیشتمانە خەمناکە سەد بەرابەر و هەزار بەرابەرى ئەو ملیۆنێرە بێ بەزەییانە دەبن کە بەوێنەى گروپەکانى مافیا دەستیان بەسەر بازاڕ و ئابوورى و بژێویی هەژاراندا گرتووە. خەڵک لەم نادادپەروەریى و جیاوازییە قووڵە چیناییەتیە بێزار و رق ئەستوورە بە قەدەر ئەوەش تووشى نائومێدیی و بێ هیوایی و رەشبینى بووە، پێشمەرگەى دێرین بە پلەیەکى زیاتر لە خەڵکانى تر دووچارى ئەم حاڵەتە بووە، چون ئەو لە سەرێکەوە خۆى بە تاوانبار دەزانێت کە ئەمە بەرهەمى خەباتەکەیەتی، لە سەرێکى ترەوە ناڕازی و بێزارە چوونکە خوازیارى ئەم رۆژە نەبووە و هیچ کات لە نیازیدا نەبووە بۆ کوردستانى گەندەڵیى و راوڕووت خەبات بکات، ئەگەرنا نەیدەکرد.
پێشمەرگەى دێرین دەیویست مرۆڤى کورد کوردستان لە ئەولەویەتى کاردا بنیات بنرێتەوە، ئەوى رژێمى بەعس سووتاندى سەوز بکرێتەوە، ئەوى داگیرکەرانى کوردستان کاولیان کرد بە رازاوەترین شێوە دروست بکرێتەوە، ئەوى بەعس تاریک و لێڵى کرد لەسەر دەستى کورد سپى و روون بکرێتەوە. هەروەک (حسێن دەروێش) دەڵێت (بەر لەوەى بیر لە بنیاتنانەوەى نیشتمان بکەینەوە پێویستە بیر لە بنیاتنانى مرۆڤەکان بکەینەوە، هیچ مرۆڤێکیش ناتوانێت بنیاتنەر بێت ئەگەر بێتو ئازاد نەبێت، ئازادیش وشەیەکى ترسناکە لە نیشتمانێکدا کە کراوە بە زیندانێکى گەورە). پێشمەرگەى دێرین کارى بۆ ئەوە کردووە وڵات نەبێتە ئەو زیندانە گەورەى حسێن دەروێش باسى دەکات، بۆیە هەموو ناڕەحەتى و تاڵییەکانى دوێنێی لا شیرین بووە، بۆیە نوستن لەسەر تاشە بەردى شاخى بەلاوە دۆشەکى لۆکە و حەریر بووە، بۆیە چەکى سەرشانى لەهەموو شت لا پیرۆزتر بووە. ساتێک ئێستا دەبینێت ئاوەدانکردنەوەى چى؟ بنیاتنانەوەى چى؟ خەباتى چى؟ کورد و کوردستانى چى؟ کولتوورى بەرگریى چى؟ نەتەوایەتى و گەلی چى؟ مرۆڤ و مافەکانى چى؟ چى و چى… هەر هەمووى بوون بە درۆیەکى گەورە و جێگەى گاڵتە و شۆخى پێکردن، ئیدى وەرە مرۆڤێک بەو هەموو دەرد و ئازارەى زۆرەى شاخەوە بتوانێ بەرگەى ئەمە بگرێت!. لەبەرئەوە پێشمەرگەى دێرین ناتوانێت لەگەڵ ئەو بارودۆخە بسازێت، چوونکە رۆحە سەرکەشەکەى رێى پێنادات، مادام وایە نائومێدیى و نامۆبوون لە هەموو لایەکەوە قانگى دەدات و داگیرى دەکات. بۆ نەگبەتى ئەو کۆمەڵگەیەشى پێشمەرگەى دێرینى تیا دەژى تووشى هەمان شۆک و پەتا هاتووە ئیدى چۆن دەتوانێت بارى سەرشانى سوک بکات و موراعاتى بکات، کۆڵن وڵسن وتەنى (ئەگەر ژیارێک رۆحى نەخۆش بێت تاک بە هەمان نەخۆشییەوە دەتلێتەوە).

کە کۆمەڵگەى کوردى خۆى نەخۆش بێت و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتى سیاسیى یەکەم کەس بێت بەم ڤایرۆسە تووش بووبێت، چۆن خەڵک بە گشتیی و پێشمەرگەى دێرین بە تایبەتى دووچارى نەخۆشى و گرێى دەروونى نابن؟ بۆ پێشمەرگە حاڵەتەکە زۆر جیاوازتر و قورستریشە، چوونکە ئەو لە هەموو کەس زیاتر خۆى بە خاوەنى ئەم خاک و وڵاتە دەزانێت. هەر لەبەرئەوەش ئازار و نائومێدیى پێشمەرگەى دێرین لەوانیتر زیاترە و هەستێکى قووڵ و مەزنترى لە خەڵکە ئاساییەکە هەیە، ئەو دوێنێ بە گیانى خۆیشى ئامادەبوو داکۆکى لە وڵاتەکەى بکات ئەمڕۆ چۆن دەتوانێت دیل و ملکەچ بێت؟ پێشمەرگەى دێرین وەک مرۆڤى مەزن، بە پێچەوانەى پیاوە گرگنە دەربارییەکان خەمى لە هەموو کەس زیاترە، ئازارى لە من و تۆ بەسوێترە و ویژدانى زووتر دەڕوشێت و بریندار دەبێت. شاتوبریان، دەڵێت (سەرت سووڕ نەمێنێت لە ژیاندا ئەرک و ئازارمان لە کەسانى دیکە زۆرترە، چوونکە کەسانى مەزن و بەهرەدار ئێش و ئازارى لە کەسانى بێ جورم و بچووک زۆرترە). لاى منیش سەیرو جێی واق وڕمان نییە وەختێک دەبینم زمانى پێشمەرگە پڕ گلەییترین زمانە و ویژدانى پڕ ناسۆرترین ویژدانە و رۆحى بریندارترین رۆحە و جەستەى شەکەتترین جەستەیە. بێزاریى و نائومێدیى پێشمەرگەى دێرین تەنانەت تا ئەو سنوورە رۆشتووە لە بەرامبەر ژیاندا تەواو دڕدۆنگن و ئیرەیى بە مەرگ و گۆڕ دەبەن، بۆ خۆم لە کەسێکى زۆر نزیکم کە ساڵانێکى زۆر پێشمەرگە بووە بیستووە: وتوویەتى حەزم دەکرد لەگەڵ فڵان کەس لە فڵانە داستان شەهید بوومایە و ئەم رۆژە رەشە و ئەو شکست و هەرەسە گەورەیەى بیروباوەڕ و حزبەکەم نەدیبا. واتە هەرەسى پەشیمانبوونەوە لە بەڵێن و وادە و خەونەکانى قۆناغى شاخ.
تەنانەت هەندێکیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى وەک (لامارتین) بڵێن (گیانم خەمناکە وەک مردن، ئیرەیى بە گڵکۆ دەبەم، ئاى بۆ ئەو خەوە قووڵە درێژە). زۆر جار لە بەرپرسە باڵادەستەکانى دەبیستم دەڵێن پێشمەرگەى دێرین بۆ ناراِزییە؟ ئەوە نییە زەویمان پێداون و مووچەى خانەنشینیان هەیە!!. بێگومان هەیە لەسەر جۆرى رێژەى بەهرەمەندبوون لەم ئیمتیازاتانە ناڕازییە، بەڵام راستیەکەى ئەوەیە پێشمەرگەى دێرین تەنیا شینى خۆى ناکات، ئەو دەیەوێ هەموو خەڵکى سوودمەند بن، ئەوى بۆ خۆى هەڵدەبژێرێت بۆ سەرجەم هاووڵاتیانى گەلەکەى هەڵدەبژێرێ. سارتەر وتى (ئەوى بۆ خۆمى هەڵدەبژێرم واتە بۆ گشت مرۆڤى هەڵدەبژێرم). پێشمەرگەى دێرین بە هەستێکى سارتەرییانەوە داوا دەکات و هیچ شتێکی تەنیا بۆ خۆى نییە. پێشمەرگەى دێرین هەرگیز نایەوێت خۆى پۆشتە و پەرداخ و خەڵک رووت و رەجاڵ بێت، ئەو گەرەکییەتى یەکسانى بە بێ من و تۆ و هیچ پێودانگێکی تر بەرجەستە بکرێت. (س- ش) و (ل- ع) وەک یەک بن لە تەرازووى یاسا و ئەرک و مافەکاندا. خەون و خەباتى پێشمەرگەى دێرین بۆ وەرگرتنى پارچەیەک زەوى نەبووە، ئەو کە چیاو دۆڵ و خەرەند و تاڤگە و جۆگە و ئەشکەوت و رەز و باخ و کانى و زنەى ئەم وڵاتە بە موڵکى خۆى دەزانێت چ پێویستى بەو پاداشتە هەیە تاپۆیەکى رزیوى بدەنە دەست و بڵێن فەرموو ئەو پارچە زەوییە لە برى هەموو خەباتەکەت. پێشمەرگەى دێرین خۆى بە (مۆسۆلینى) نازانێت تا بڵێت (ئەوەى پۆڵاى هەیە نانى هەیە)!. ئەو دەیەوێ پۆڵادار و بێ پۆڵا، چەکدار و بێ چەک هەموو نان و ئازادییان بەر لە هەر شتێک هەبێت و هەلی ژیانیان بۆ بڕەخسێنرێت و کامەرانى و شادییان بۆ مسۆگەر بکرێت. بەڵام لە واقیعى حاڵدا نە پێشمەرگەى دێرین و نە خەڵک بە گشتیى سوودمەند نەبوون، لەوە پتریش بوونەتە هەوێن و سووتەمەنى رێگاى دەسەڵاتدارانى کورد بۆ مانەوەیان لەسەر کورسى فەرمانڕەوایى.
مرۆڤ لە نێوان یاخیبوون و نائومێدییدا یەکێکیانی بۆ دەمێنێتەوە، لە واقیعى گۆڕاوى دنیاى نوێدا یاخیبوون قورس و ناڕەحتترە بۆیە نائومێدیى بە ئاسانى یەخەى خەڵک دەگرێت، خەستترین نائومێدیی و نامۆبوونێکیش دەبێتە میوانى دڵى پێشمەرگەى دێرین. لە خۆڕا نییە دەبینین هەندێکیان بەرگە ناگرن و بەبێ هیوایەوە رێگاى تاراوگە دەگرنەبەر یان بەشێکى هەرە زۆریان بەهۆى ئەلکهول و مەى خواردنەوە خۆیان بەتاڵ دەکەنەوە و هەوڵى خۆ قووتارکردن دەدەن لە دەست ئەو واقیعە تفت و تاڵ و نائومێدکەرە، بگرە هەندێکیان ماددەى سڕکەر و بێهۆشکەر و ئارامبەخش بەکاردەهێنن بۆ راگرتنى هاوسەنگى خۆیان تاکو ئەوە هیچ نەبێ لە ئاکامدا شێت نەبن. ولیەم فاش دەڵێت (ئەو کەسەى خەمى هەیە شەرابیشى هەیە). فاش دەڵێَى ئەم قسەیەم تەنیا بۆ پێشمەرگە دێرینەکانى کورد کردووە، چونکە پێشمەرگەى دێرین زۆربەیان هیچیان نییە جگە لە غەم و شەراب.
بەهەرحاڵ دواى راپەڕین لەبرى ئەوەى پێشمەرگەى دێرین قەرەبووى رۆژانى ناهەموارى بۆ بکرێتەوە، لە جیاتى ئەوەى خەونەکانى بکرێتە واقیع و ئاوات و ئومێدەکانى بەدیبهێنرێت کەچى هەنووکە فەرامۆشکراوە و تووشى نائومێدیی و بێ هیوایى کراوە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کۆڵبدات، رەنگبێ وازهێنان و بەرەڵڵاکردنى جڵەوى ئەسپەشێى دەسەڵات کارەساتى لەوە زیاتر بنێتەوە، حەقوایە پێشمەرگەى دێرین جووڵە لە خۆى نیشان بدات، راستە تووشى شکست بووە، بەڵام شکست بە ماناى کۆڵدان نایەت، هەمەنگوای، دەڵێت (رەنگە مرۆڤ تێکبشکێت، بەڵام هەرگیز کۆڵنادات). ئێمە چاوەڕوانییمان هەیە لە پێشمەرگەى دێرین هەرچەندە دەزانین لە ناخى هەریەکێکیاندا گریانێکى بە کوڵ هەیە و لە رووخسارى کاتى پێکەنینیاندا فرمێسکێک خۆى حەشارداوە، رەنگە هەر بەو جۆرە بێت (نازم حیکمەت) لەم چەند دێڕە شیعرەدا وەسفى دەکات:
مرۆڤ چۆن ئەتوانێ بگرى و ناخى دڵى پێى نەزانێ
مرۆڤ چۆن ئەتوانێ شەرم داینەگرێت و
وەکو لێزمەى باران بگرى
وا راهاتووى، وەکو پەیکەرێکى بەردین دائەنیشى و
ناخت ئەگری و رووخساریشت پێئەکەنێ
ئاى کوڕم چەند گرانە
گەیشتن بەو قۆناغە گریانەى وەکو
گریانى قووڵى دایکانە

پێشمەرگەی دێرین لە جەنگاوەرەوە بۆ خانەنشین

هیگڵ راستی کرد وەختێک وتی هەریەک لە ئێمە تەنێ کوڕی سەردەمەکەی خۆمانین و لەوە بترازێت ناتوانین کوڕی دوو سەردەمی لێک جودا بین، هەرچەندە کەسانێک هەبوون ویستوویانە کوڕی زۆرێک لە سەردەمەکان بن، بەڵام بۆیان نەچووەتە سەر، دروست بە پێچەوانەوە بوونەتە گاڵتەجاڕی نەوەیەک کە هەرگیز ناتوانێت لە ویست و خەونەکانی ئەو تێبگات، نەوەیەک سەرلەبەری رابردوو بە هەڵگرانی گووتار و دروشمەکانییەوە رەت دەکاتەوە و دەیەوێت بیانخاتە پەڕاوێزەوە. پێشمەرگە ئەگەر لە قۆناغی رزگاریی نیشتیمانیی و خەباتی دژواری ژێردەستەییدا مۆمی گەشی ئومێد بووبێت ئێستا کە قۆناغی پاش شۆڕش و چنینەوەی دەستکەوتەکانی قوربانیدانی پێشانە، رۆڵی بەسەرچووە وەک قارەمان یان وەک ئەو کەسێتییە بە هەیبەتەی لە ئەندێشەی نەوەی پێش ئازادیی وێنەی بۆ کێشرابوو، لە زۆر بۆنە و جێگەی دیکەشدا ئاماژەم بۆ ئەوە کردووە سەردەمی بزۆز و پڕ لە ئاڵوگۆڕ و گەشەسەندووی دوای توانەوەی بەستەڵەکی جەنگی سارد سەردەمێکە ئاوس نییە بە قارەمان و کاریزمای رۆحیی بەڵکو کۆمەڵگەی تەکنۆلۆژیی هاوچەرخ هەموو چەمکەکانی شۆڕش و سەرکردەی کاریزمیی و قارەمانی رادەستی مۆزەخانە کردووە و کردوونی بە کەلەپوور.
تەواوبوونی سەردەمی پێشمەرگە بە مانای ئەوە دێت رۆڵی کلاسیکی پێشمەرگە کە مەیدانەکەی جەنگی پارتیزانیی و نەبەردیی سەربازیی بوو کۆتایی پێهاتووە، چوونکە بارودۆخی ئەو قۆناغەی جەنگ و خەباتی شاخە و شاخی فەرز کردبوو ئەویش کۆتایی پێهاتووە و مێژوو دەرگای لەسەر قۆناغێکی تر خستۆتە سەر پشت کە قۆناغی دەستەڵاتی خۆماڵییە، بەڵام هێشتا پێشمەرگە دەتوانێت بە مۆدیلێکی تازە و هاوچەرخ کار بکات، کارکردنێک تەبا بێت لەگەڵ رۆحی سەردەم و وێنەدانەوەی هەلومەرجی بابەتی و هەنووکەیی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەمڕۆ بێت. سەرەکیترین پرسیار لێرەدا قووت ببێتەوە پرسیاری شێوازی نوێی کارکردنی ئەو ژمارە کەسەیە لەژێر ناونیشانی پێشمەرگەی دێریندا دەیانناسینەوە، وا دەردەکەوێت هەموو بەوە قایل کرابین ئەو دەستە خەڵکە بنێردرێنەوە بۆ ماڵەکانیان و بە مووچەی خانەنشینی رێزیان لێبنرێت، کەچی لەبنەڕەتدا بەشی دووەمی کاری پێشمەرگە بە کۆتا نەهاتووە، ئەویش دروستکردنی کۆمەڵگەیە وێڕای ئەوەی ستەمی نەتەوەیی لەسەر نییە، لە رووی ئابووری و ژیانی تاکەتاکی هاووڵاتییەکانیشییەوە کۆمەڵگەیەکی رەفاه و خۆشگوزەران و کەم کێشەیە.
مەهامی یەکەم هەر لەگەڵ یەکەم بڵێسەی راپەڕینەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە بەهاری ساڵی 1991 دا دەستەبەر بوو، هەرچی دووەم ئامانجیشە بە درێژایی شانزە ساڵی رەبەقی دەستەڵاتی کوردیی و پانزە ساڵی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک بەدینەهاتووە بگرە بە بەراوورد بە رابردوو لە پاشەکشەدایە یان لە شوێنی خۆی فەڕتەناش لێدەدات و ناڕواتە پێشەوە بەو ئاقارەی شۆڕش لە شاخ بیری لێدەکردەوە یان بە زمانێکی تر بەو فۆرمەی خەڵکیان لێ تێگەیاندبوو. ئەم بار و زرووفەی هەیە پێویستی ئەکتیڤبوونی سەرجەم مرۆڤی کورد دەکاتە پێویستییەکی ژیانی، لە نێوانیاندا پێشمەرگەی دێرین بێ رۆڵ نییە و دەتوانێت جێگە پەنجەی بدات لەسەر بارودۆخەکە یان بە دیوێکی تردا لەتوانایدا هەیە نەخشی هەبێت لە باشترکردنی ئەو دۆخە نەخوازراوەی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە کە نەوەی دوای راپەڕین یان نەوەی قۆناغی ئازادیی نائومێد کردووە بە جۆرێک گومان لە رابردوو بکات، گومان لە رەنج و قوربانیدانی هەزاران کەس بکات کە هەموو خەون و زەحمەتێکیان بۆ هێنانەدی کوردستانێکی ئازاد و دوور لە ژێردەستیی بووە.
ئەرکی پێشمەرگەی دێرینە خەباتەکەی بگۆڕێت بۆ خەباتێکی مەدەنی ئاشتیخوازانەی هاوچەرخ تا وەک گروپی فشار و بەشێک لە بزووتنەوەکانی کۆمەڵی مەدەنی قورسایی هەبێت لەسەر ئاڕاستەی کار و هەنگاوەکانی حکومەت و لە بەرژەوەندیی گشتیی داکۆکیان لێبکات، ئەگەر قۆناغی پێشمەرگایەتی ماتریاڵەکانی خەبات بریتی بووبن لە چەک و تەقەمەنی و بارووت و سەنگەر و حەماسەت و ورە بەرزیی، ماتریاڵەکانی ئەم خەباتەی بریتین لە پێنووس و رۆژنامە و رێپێوان و نمایش و میتینگی جەماوەریی و ورووژاندنی رای گشتیی و واژۆ کۆکردنەوە و میکانیزمەکانی تری کاری مەدەنی کە هەنووکە لە دنیای شارستانی و پێشکەوتوودا بەکاردەهێنرێت وەک چەکێکی کارا و بەهێز. پێشمەرگەی دێرین نابێت وەک خانەنشین لە خۆی بڕوانێت هەروەک چۆن پێویستە واز لەو خولیا و بیرە ژەنگاوییە بێنێت کە خاوەنی هەموو دەستکەوتەکانە، دەبێت وەک کەسێک لە دێریندا چۆن بە هەڵبژاردنی رێی پێشمەرگایەتی هەڵوێستی هەبووە و بە گوڕ و تینەوە کاری بۆ دۆزێک کردووە بە هەمان حەماس و گەرم و گوڕییەوە بەشدار بێت لە نەخشاندنی کۆمەڵگەیەک ئازادیی بنەماکانی بێت و بەرز راگرتنی ژیانی مرۆڤەکانیش ئامانجی بێت.
ئەم قۆناغ و هەلومەرجە ئەم کارە لە پێشمەرگەی دێرین دەخوازێت نەک سەرقاڵییەکانی بە خوێندنەوەی حکایەتەکانی دوێنێ کە هیچ مانایەکیان بۆ ئەمڕۆ تێدا نەماوە، نابێت خانەنشینکردنی پێشمەرگەی دێرین خانەنشینکردنی هەڵوێست و چالاکیش بگرێتەوە نابێت خانەنشینکردنی پێشمەرگە مانای خستنە لاوە و پەڕاوێزخستن بگرێتە خۆی بەڵکو تەنێ وەک رێز و داهاتێک تەماشای بکرێت کە بۆ ژیانی وی پێویستە. لەم کاتەدا چیرۆکێکم بیر دەکەوێتەوە، داپیرەم هەرچەندە زۆر پیر ببوو زوو زوو پێی دەوتین ئەگەر تەواویش لە پەل و پۆ بکەوم هێشتا هەر متمانەم بە خۆمە هەندێک کاری خۆم راپەڕێنم، هەر هیچ نەبێت تاقمی ددانەکانم پێ دەشۆردرێت! ئیدی بە چاوی پڕ لە گریانەوە دەیووت پیریی و هەزار عەیب، بەخوا دە سەعات بە پێ رۆشتووم و دواییش دوو چین هەڵپەڕیووم!!. جا ئەگەر پێشمەرگەی دێرین وزەی جارانیشی نەمابێت و نەتوانێت بەهەمان گوڕ و تینەوە کاربکات، بەڵام هەر چاوەڕێی جوڵە و هەڵوێستی لێدەکرێت ئەگەرچی ئەو جوڵە و کارە وەک ئەوەی دایە گەورەی من بچووکیش بێت.

*ئەم توێژینەوە بە پێنج بەش لە رۆژنامەی “مادێنە” لە کۆتایی 2006 و سەرەتای 2007 بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
Kurdish