Skip to Content

بروسکەيەکی بە پەلە لە: س. جافەوە بۆ: ئاوی شينی زرێبار

بروسکەيەکی بە پەلە لە: س. جافەوە بۆ: ئاوی شينی زرێبار

Closed
by حوزه‌یران 15, 2022 General, Literature

دەزانی کات دووی بەرە بەيانە، نازانم لە کونجی کام ديدە نيگاوە لێت بڕوانم و بە وشە سيحرئامێزەکانم فرمێسکە هەڵقوڵاوەکانی برينی ئەوينت بسڕم، بە تيشکی کام کزەچرای شەوەزەنگ لە کەناری زرێبار شەوان و ساتە مەست و خومارييەکانی قاوەتاڵەکانی زەمەنی تاريکيت ڕۆشن بکەمەوە، لە کوێوە دەستم پێت بگات و لە دۆزەخی ئەنگوستەچاو و دۆراندۆرە پڕ پاسەوانيت قورتارت بکەم، ئای لەو دەمە ئێوارە سەختەی ئەوکی برينمت هيشک هيشك کرد و هەستت بە قوڵپی گريان و ژانی سەختی دابڕانم نەکرد، چ فريستەيەک بووی لە تەختی بوڵاتی شاهانشاهيما تاجی سەروەری و سەلاريت لە سەر نابوو، نها قوڵپە بە حەسرەتەکانمان شەوی لێ درێژ کردوين و نابڕێتەوە، خەو نەک لە چاوانمان زڕاوە بگرە پەی بە بەردەرگای خاو بوونەوەيشمان نابا هەتا سەر خەوێ بشکێنين و کەمێ لە خەمی دابڕانمان دوور بکەوينەوە، کاتەکانی ئەمشەو دەزانم بۆ تۆيش بۆتە مۆتەکەيەک و بەر بۆتە وێزەت و دەتخوا……… ئیدی چاريش ناچار دەبێ هەر لێرەوە کەفوکوڵی ڕۆژانێ هەڵڕێژم کە ئومێد و هيوا دەست لە ملی دادێی تەمەنمان بکا، ئەو دەم دەزانين دابڕاندنی خودان هێز لە يەکمان ناکا، با فرمێسکەکانيشمان شەڵاڵی ئۆغری نێو ئەو دەريا مەنگەی کەسەرباريمان بکا، لێ هەرگيز لێم ون نابی ئەمجارەيان بە قسەی دايکت دەکەم و لای مەلاکەی پشتی ماڵی خۆمانەوە چاوەزارێ دەکەم، تاوەکو هيچ کەسێ جەسارەتی ئەوەی نەبێ توخنی بەردەگا بکەوێ و تارای سپيت بۆ هەڵبدا، دەتبينمەوە ئەی ڕووبارە سەرشێتەکەم زرێبار .

سەردار جاف

باد کامبێرگ . ئاڵمان
١٥ / ٠٦ / ٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish