Skip to Content

گفتوگۆی ڕۆژنامەی بۆ پێشەوە لەگەڵ گۆران عەبدوڵڵا

گفتوگۆی ڕۆژنامەی بۆ پێشەوە لەگەڵ گۆران عەبدوڵڵا

Closed
by ئازار 1, 2021 General, Opinion

گۆران عەبدوڵڵا لە ٣٠ هەمین ساڵیادی ڕاپەرین و شوراکان بۆ بۆپێشەوە دەدوێت.

  • بۆپێشەوە:
    دوای ٣٠ ساڵ لە وەدەرنانی بەعس لە کوردستان، جیاوازی سەرەکی نێوان دەسەڵاتی بەعس و دوای بەعس چییە؟ حزبە بۆرژوازییەکانی کوردستان، بەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندا، بەڵێنی کردنی کوردستان بە بەهەشتیان دەدا، بنەمای ئەو بەڵێنانە چی بوو؟ بۆچی نەیانتوانی ویستەکانی خەڵکی کوردستان وەدی بێنن؟
    گۆران:
    پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامی پرسیارەکەتان، پێمخۆشە لەسەر دەستەواژەی ( وەدەرنانی بەعس ) سەرنجی خۆم بدەم. بەعس ئاژەڵێکی دڕندەنەبوو لە کوردستان وەدەربنرێت و خەیاڵی خۆمان ئاسوودەبکەین. بەعس فیکر بوو، خاوەنی سونەتی کۆمەڵایەتی و دەزگا و دامەزراوەی خۆی بوو لەکوردستان. ئێمە بێ بیر کردنەوە لەناوەڕۆکەکەی ئەم دەستە واژەیەمان وتەوە. ئەوە حزبی کوردی بوو هەوڵیدا ڕووی خۆی لە پەنای ئەم دەربڕینانەوە بشارێتەوە. بەعس بە شوناسە سەرکوتکەرو دژە ئازادی و کۆنەپەرستێکەیەوە لە کوردستاندا ماوە. ئەوەتانێ لە دادگاکان، لە شەو کوتانە سەرماڵان و تیرۆر و ڕفاندن و لە خوێن گەوزاندنی خۆپیشاندەران و دەیان بواری تردا بوونی هەیە. بزووتنەوەی سۆشیالیستی لەسەریەتی گرنگییەکی زیاتر بە زمان و دەربڕینە سیاسێکانی خۆی بدات.
    من نامەوێت قسە لەسەر هیچ جیاوازییەکی پۆزەتیڤی ئەو دوو دەورانە بکەم، چوونکە ناڕاستەوخۆ وەکوو بەخشندەیی دەسەڵاتداران دەکەوێتەوە، کەمن پێم وایە هەموو کۆمەڵگەیەک لەگەڵ چوونە پێشەوەی دۆخە جیهانێکان، ئەویش کەموو زۆر ئاڵوو گۆری بەسەردا دێت و دەستکەوتی خۆی بەدەستدەهێنێت لەو گۆڕانکارییانە، لەگەڵ ئەوشدا دەتوانم بڵێم بەعس وەک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر بێ پەردەو ڕوو بە ڕوو لە بەرانبەرت دەوەستا و هەوڵی سڕینەوەی دەدای، کەچی دەسەڵاتی کوردی کار لەسەر بێئیرادەکردنی تاکەکانی دەکات.
    هەموو حزبێک لە دونیادا بەڵێن دەدات، بەڵێندان بەشێکی دانەبڕاوە لە کارو ئەجیندای حیزبی، بەجێگەیاندن و نەگەیاندنی ئەو بەڵێنانە پەیوەستە بە هۆشیاری خەڵک و شێوەی میکانیزمی دەسەڵات و دەستەبەرکردنی دەخاڵەتی خەڵک لە سیستەم، بەڵام ئەمانەی پێیان دەڵێی (حیزبە بۆرژوازێکانی کوردستان) من پێموایە ئەمانە نە ئەمڕۆ و نە لە مێژووی کۆنیاندا مقەوماتی بنەماکانی حیزبیان تیا نەبووە. ئەمان هەر لەسەرەتای بوونیانەوە هەوڵیان داوە حیزب درووست نەبێت (دیارە حیزب بەمانا مۆدێرنەتەکەی) هەرواشیان کرد، بۆیە حیزبیان لە خێڵ کورتکردەوە و برەویان بە پەیوەندێکانی خێڵدا. ئەم تەرزە لە حیزبی خێل هەر ئەوەندە لە هەگبەکەیدا جێیدەبێتەوە کە تاکوو ئەمرۆ داویەتی یان نیشانی داوە.

بۆپێشەوە:
ئەزموونی دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ٣٠ ساڵی دەسەڵاتدارێتیاندا، ئەزمونی سەرکوتی ئازادی و بێمافی و ڕۆژڕەشی و دەیان کوێرەوەری و مەرگەسات بوو، خەڵکی کوردستان دەبێ چ بکەن، بۆ ڕزگاربوونیان لەدەسەڵاتی کوردی؟
گۆران:
خەڵک بەم بارو دۆخەیەوە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە هیچی پێناکرێت، چەندین ڕێگای تاقیکردەوە و ناکام مایەوە لە گۆڕانکاری. ئەم هیچ نەکردنە تەنها پەیوەست نییە بە خەڵکی کوردستانەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی ڕەهەندێکی جیهانی هەیە. دە بیست ساڵی ڕابردوو ساڵی شکستی خۆپیشاندان و ڕاپەرینە جەماوەرێکان بووە لەسەرتاسەری دونیادا، هەر لە ئەوروپاوە بگرە تا ئاسیاو ئەفریکا و هەردوو ئەمریکا. بزووتنەوەکانی خەڵک لە نا ئامادەیی ڕێکخراوبوون یان فەوزای خوڵقاندووە یان بە شکستخواردووانە گەراوەتە ماڵەوە. چوار دەیە زیاترە سەرمایەداری کار لەسەر بێ ئۆتۆریتە کردنی کاری ڕێکخراوەیی دەکات هەر لە تەحەزوبەوە تادەگاتە سەندیکاو شێوەکانی تری ڕێکخراوبوون. خەڵکی کوردستان دەبێت دەست بەرێت بۆ ڕێکخراوبونی خۆی لە ڕێکخراوە جەماوەرێکانی خۆیدا بە ئاسۆو ئەلتەرناتیڤێکی ڕۆشنەوە لەگەڵ دیاریکردنی چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی لەگەڵ دەسەڵاتێکی تەواو مافیاییدا، هەروەها خۆ دوورخستنەوە لە هەموو ئەو ئەحزاب و کۆمەڵانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان تا ئێستا سوودمەند بوونە لەم دەسەڵاتە.

بۆپێشەوە:
لەدڵی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، چەپ و کۆمۆنیستەکان بەکردەوە هاتنە مەیدان و بزوتنەوەی شوراییان وەرێخست، ئەمە چۆن بوو؟
گۆران:
هەموو بزووتنەوەیەکی سیاسی هەڵگری شێوەیەکە لە میکانیزمی بەرێوەبردنی کۆمەڵگە کە لەگەڵ ئاسۆو ئامانجەکانیدا کۆکە، دیارە ئەمە بۆ بزووتنەوەی سۆشیالیستیش هەر وایە. چەپ و کۆمۆنیستەکان ئەلتەرناتیڤی شوراییان وەک بەدیلێکی گونجاو خستە پێش کۆمەڵگە وەک بنەمایەکی بنەڕەتی خۆ بەڕێوەبردن و گەڕانەوەی ئیرادە بۆ خەڵک بە شێوەیەکی گشتی، وە لەو بووارەشدا بە هەموو کەموو کوڕێکانیەوە هەوڵی شێلگیرانەی دا.

بۆپێشەوە:
ئەوانەی مێژوو دەگێڕنەوەو دەنووسن، بە دەگمەنیش باسی بزوتنەوەی شورایی ناکەن، هۆکاری ئەمە چییە؟
گۆران:
وەک وتراوە( مێژوو براوەکان دەینووسنەوە) ئێمە براوە نەبووین، بەڵام ڕۆژێک دەینووسینەوە.

بۆپێشەوە:
کاتێک بەرەی کوردستانی لەگەڵ ڕاپەڕیندا گەڕانەوە کوردستان، لێبوردنی گشتیان بۆ کرێگرتەکانی بەعس و سەرۆکی فەوجە خەفیفە و مەفرەزە خاسە و ئەمن و ئیستیخباراتە کوردەکان دەرکرد، بەڵام شەپۆلێکی ژن کوشتنیان دەستپێکرد، لە ژێر ناوی پەیوەندیان بە دەزگاکانی حکومەت و لە ژێر ناو و پاساوی ئەخلاقیدا، لەو بارەیەوە بۆچوونی ئێوە چییە؟
گۆران:
بزووتنەوەی کوردایەتی وەفادارترین بزووتنەوەیە بە مێژووی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی خۆی. ئەو لە گڕوگاڵی خۆیەوە هەروا کاری کردووەو دەیکات. ئەوە ئێمەین یان مێژووەکانیان ناخوێنیینەوە یان خۆمان دەبان دەکەین لە مێژوو فیکری ئەوان. ئەوەی دوێنێ کردیان، ئەوەی ئەمڕۆ دەیکەن، سبەینێش بە زیادەوە هەر ئەمانە دەکەن کە کردویانە. ئەوە ئەوانن وەک خۆیانن، ئەوە ئێمەین هەمیشە بە کارەکانی ئەوان توشی تاسان دەبین. خۆ خەریک کردن بە مێژووی ئەوان و چیرۆکە تەواو نەبووەکانی ئەوانەوە درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتیانە. وەک سەردەشتی ڕۆژنامەنووس وتی: (خاڵ دانێ و بڕۆ سەر دێر.) ڕستەی نوێ ئەوەیە، وازیان لێبێنە ئەوان خەریکی چیین و چی دەڵێن، باشترە لەگەڵ خەڵک ئامرازەکانی لابردنیان تاوتوێ بکرێت.

بۆپێشەوە:
بزوتنەوەی شورایی تەمەنی کورت بوو، بەڵام دیاردەیەکی نوێ و جێگای پێشوازی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بوو. هۆکانی ڕو‌هێنانی خەڵکی بەشمەینەت بۆ شوراکان چی بوو؟
گۆران:
من زۆر تەبا نیم لەگەڵ ئەوەی کە دەڵێن خەڵک ڕووی لە شوراکان کرد و وێنەیەک بە نەوەی نوێ بدەین کە شوراکان ببوە جێگەی سەدان هەزار لەخەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش. شورا چ وەک ناو چ وەک ڕێکخستن، بەتەواوی نوێبوو لای خەڵک، هەروەها ئەم تێڕوانینە لەگەڵ مێژووی سیاسی و ڕێکخستنی زاڵ لە کوردستان و عێراق نالۆجیکە و ناگونجێت. خەڵکی کورد بە شێوەیەکی گشتی ئاسۆو ئومێدی خۆی بە لوولەی چەکی پێشمەرگایەتییەوە گرێدابوو وە ئەزموونی ڕێکخستنی جەماوەری لە ناو خەڵکدا زۆر زۆر لاواز بوو. بزووتنەوەی کوردایەتی و حیزبی بەعس بە پلان و بەرنامە دژی هەموو شێوە ڕێخستنێکی خۆبە خۆی جەماوەری بوون، ئەوەی حیزبی شوعی وەک نیقابە و یەکێتێکان لە مێژووی سیاسی خۆی درووستی کردبوو، لەلایەن ئەمانەوە بەر لێدان کەوت یان لە ناوەڕۆکە جەماوەری و شۆڕشگێڕێکەی بەتاڵ کرایەوە.
خەڵک لە کوردستان بەقۆستنەوەی تێکشکانی سوپای عێراق لە کەنداو، ئەمانیش دژی دیکتاتۆری هاتنە مەیدان، وە پێشی وابوو تفەنگەکانی شاخ ئازادی بۆ ئەو دەستەبەر دەکەن. سۆشیالیستەکان بە شێوەیەکی گشتی شورایان وەک هەڵبژاردەی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە هەڵبژاردبوو، وە ئەم هەڵبژاردەیەشیان خستە پێش جەماوەرو لەگەڵ هەموو بێ ئەزمونێکانی خۆیدا لەو بارەوە ماندو نەناسانە کاریان بۆ کرد. ژمارەیەکی دیاریکراو لە ڕۆژێکی دیاریکراودا تووشی وەهمان نەکات لەوەی واقیعەکە وەک خۆی نەخوێنینەوە بۆ لێتێگەشتن و کارکردن.
باسی شوراکان و زەمینەی کارەکەی و پەیوەندێکانی بە جەماوەرو جەماوەرێکەی باسێکی جدییە و نابێت ڕاگوزەرانە بەسەریدا بڕۆین. شورا وەک ئەلتەرناتیڤی دەسەڵاتی سیاسی لەدەرەوەی ئەزموونی ٩١ شایانی تاوتوێ کردنی زیاترە.

  • بۆپێشەوە:
    دوای ٣٠ ساڵ لەدەسەڵاتی تاڵانچی و بنەماڵەیی و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، لاتان وانییە کە پیویستە ئەو دەسەڵاتە ڕابماڵرێت؟
    گۆران:
    هەر ئەو قسەیەی سەرەوە دووبارە دەکەمەوە، سبەی نا، ئەمرۆش درەنگە.

گۆران عەبدوڵڵا
٢٦\٢\٢٠٢١

http://www.bopeshawa.net/index/wp-content/uploads/2021/02/Forward-N-93-2.pdf

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە. لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو: مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.

Previous
Next
Kurdish