
بەرچنەیەک لە بۆنی گزنگ.. ستیڤان شەمزینی
ساتێک چوومە ژێر خاک
پڕ بە گەرووم هاوارم ئەکەم عەشق ئاینم بوو
ژنێک لەتوخمی پەروانە
فەرمانڕەوای سەرتەختی ئیمپراتۆریای دڵم بوو
کاتێ رەوانم لەسەر شاپەڕی باڵی فریشتەیەک
بەرز ئەبێتەوە بۆ ئاسمان
بە خوداوەند ئەڵێم ئاشقی ژنێکی سرک بووم
لە سولالەی با و تۆفان
کاتێ لە تراویلەکەوە ترنجامە
کارێزی روون و بێگەردی میهرەبانیتەوە
تریفەت لەبەر پێمدا راخست و
دەروازەی گزنگت بە ڕوومدا کردەوە
کاتێ عەشقت خۆی گەیاندە دڵم
وەک ماسییەک بووم بە تۆڕی تۆوە
بیرتە لەسەر تەمی پەنجەرەی خەونێک نووسیم
عەشق دوا گۆرانی منە
بۆ دۆزینەوەم سەرت کرد
بە هەزار کەلاوەی رووخاو و وێرانبوودا
نەتزانی لە ژێر دارتوویەکی بێ نازدا
مێژووی گەڵاڕێزان ئەنووسمەوە
پێش هەرەسهێنانی شەو لە خەونمدا
بۆنی پەرچنەیەک گزنگم کردبوو
هەر تۆ دەرکەوتیت لەگەڵ تیشکی هەتاو
کەوتمە مەراقی ژوانێکەوە
پێش زەمەنی لە سێدارەدانی باخچە
هیچ کاتێک بۆنی هەناسەت نەکردم
ئێستاش ئێشک ئەگریت
بەدیار خۆڵەمێشی بابردووی حەسرەتەکانمەوە
کاتێ بە ئاسمانەوە تۆم ئەبینی
لە جەستەی هەورێکی سەرخۆشدا
نەمدەزانی رۆژێک دێ
دڵۆپ دڵۆپ فرمێسکەکانت ئەبارێتە سەر دڵم
بیرمە لە ساتی مەرگی چڵە نێرگزدا
تاڤگەی هەستت رژایە ناو منەوە
کانییەکی ترت پێناساندم
لەودیو تەمتوومانی مەرگ و فەنابوونەوە
هەر ئەوەندە ئەزانم لەدڵی تۆوە هەڵئەقوڵێم
رێچکە ئەگرم بۆ ناو رۆحت
ئەوە بزانە لە عەشقی منەوە ئەبارێی و
جۆگەلە ئەبەستی بۆ ناو هەستم
لە یادی مەکە ئادرێسی هەمیشەییم
لە گەڕەکی هەناسە گەرمەکانتدایە
لە یادی ناکەم گۆڕی جاویدانی عەشقم
لە پرچە قەترانییەکانی تۆدایە
سۆلنا – سکەندەناڤیا مۆڵ
ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم – سۆلنا