Skip to Content

سەرنجێک لەسەر شەڕی دژی داعش لەموسڵ و جیاوازی هەڵوێستەکان لەناو چەپدا ! … عەبدوڵا ساڵح

سەرنجێک لەسەر شەڕی دژی داعش لەموسڵ و جیاوازی هەڵوێستەکان لەناو چەپدا ! … عەبدوڵا ساڵح

Closed
by تشرینی دووه‌م 15, 2016 General

جەنگ درێژکراوەی سیاسەتە وەک لینین دەڵێ ، ئەگەر ئەم شەڕەی موسڵ بەو پێوانەیە هەڵسەنگێنین ، ئەوا سیاسەتێک کە لەپشتی ئەم شەڕەوە وەستاوە سیاسەتێکێ تەواو کۆنەپەرستانەیە لە هەردووک لایەنی شەڕەکە ، ئەمریکاو هاوپەیمانانی لە هێزە ناوخۆیەکان و ئیقلیمیەکان و نێو دەوڵەتیەکان ، ئەوانەی هۆکارێک بوون بۆ سەرهەڵدانی داعش وەک نوێترین و دڕەندەترین نوسخەی ئیسلامی سیاسی ، ئەمڕۆ کە ئەم نوسخەیە ماوەی بەسەرچوەو هێڵەسوراکانی ئەوانی بەزاندوە ، ئیتر کارێکیان پێ نەماوەو بەدوای نوسخەیەکی تازەترەوەن بۆیە قۆڵیان هەڵماڵیوە بۆ لەناو بردنی ، لێرەوە ئاشکرایە کە لەناوبردنی سەربازی داعش لەلایەن ئەو هێزانەوە لەبەر خاتری چاوی کاڵی کەس نیە.

تەرەفی ئەولاتر کە داعشە بۆ بەرگری لەخۆیی و بەردەوامی بردنە پێشەوەی ئامانجەکەی کە بریتیە لە ” بەجێگەیاندنی شەرعی خوا لەسەر ئەرز ” شەڕی مان و نەمان دەکا . هەر بۆیە لەهەردووک لاوە شەڕێکی کۆنەپەرستانەیە .
ئەم شەڕە دەبێ هەرئێستا ڕاوەستێ ! ئەوە داخوازی حیزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێڕاقە و حیزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستانیش بەهەمان شێوە بەڵام بە دەربڕینێکی جیاواز ، ‌هەندێک لە هێزە چەپەکانی دیکە وەک حیزبی کۆمۆنستی کرێکاری ئێران / حیکمەتیست بەپێچەوانەوە دەڵێن ئەم شەڕە جێگای موخالەفەتی ئێمە نیە ، لێگەڕێن با ئەوانەی داعشیان دروست کرد هەر خۆشیان لەناوی بەرن ، ئەم دوو هەڵوێستە جیاوازە بۆتە مایەی باس و جەدەلێکی توند لەناو هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکاندا لە نێوخۆی عێراق بە گشتی و لە کوردستان بەتایبەتی .
بەرلەوەی بچمە ووردەکاری باسەکە دەمەوێ بڵێم من لەگەڵ ئەوەدام ئەم سەرەتانە لەجەستەی مرۆڤایەتی دا هەڵکەنرێ ، بەدەر لەوەی کێ هەڵیدەکەنێ ، بەتایبەتی ئەو هێزانەی خۆیان خوڵقێنەری بوون . ئەگەرچی باوەڕی تەواوم هەیە بەوەی ئەم شەڕە شەڕێکی کۆنەپەرستانەیە ، ئەگەرچی بەشێک لە قوربانیانی خەڵکی سڤیلن و دەبێ فشارێکی زۆر بخرێتە سەر لایەنی پەلاماردەر بەتایبەتی کە هەرچۆنێک بۆی لواوە خۆی بەدوور بگرێ لە شۆێنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و شۆێنە گشتیەکان لەلایەک ، وە لەلایەکی دیکەوە شۆێنی حەوانەوەو نێشتەجێبونی پێویست بۆ ئاوارەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە دابین بکرێ ، هەروەها باوەڕی تەواوم هەیە کە ئەم شەڕە بەتەواوی داعش لە ڕوی سەربازیەوە لەناو نابا ، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەگەر تێک شکانی داعش لەموسڵ بەراورد بکەین بە تێک نەشکانی و مانەوەی ، دەبینین ، بە بڕوای من ، لابردنی ئەم مۆتەکە شومەی ئیسلامی سیاسی و دەرپەڕاندنی لە موسڵ لە قازانج و بەرژەوەندی خەڵک دایە تاکو مانەوەی ،هەرچەندە ئەم بۆچونەی من ڕەنگە وەک مەسەلەیەکی محەلی چاوی لێبکرێ ، بەڵام من خۆم بەواقعی دەزانم ئەوێش لەبەر هۆ گەلێکی یەگجار زۆر کە من لێرەدا هەندێکیان دەژمێرم :
1 / خۆزگە هێزە چەپ و پێشکەوتوخوازەکان ئەوەندەیان لە توانا دابایە ، کە لەتوانایاندا نیە ، جەماوەری ئەسیرکراوی دەستی داعش لە موسڵ ڕابەری بکەن و بە پشتیوانی ئەو هێزە جەماوەریە داعش لەموسڵ وەدەرنێن و حەماسەیەک بخوڵقێنن لە شێوەی حەماسەی کچان و کوڕانی خەباتکار و قارەمانی کۆبانی ، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکە بەرەی پێشکەوتوخواز و موتەمەدنی دنیا هاتبانایە دەنگ و پشتیوانیان لەم حەماسە جەماوەریە بکردایە هەر وەک چۆن لە جەنگی بۆش و بلێر بۆ داگیرکردنی عێراق کردیان لە شوباتی ساڵی 2003 ، بەڵام داخەکەم نە ئەویان هەیە و نە ئەمیان ! ئەوەتا لەسەر ئاستی جیهاندا دەبینین چۆن هێزە ڕاستڕەوەکان مەیدانداری دەکەن ، هەڵبژاردنی ترامپ و دەرچونی بەریتانیا لە ئیتحادی ئەوروپی دوو نمونەی زیندوی ئەم حاڵەتەن .

2 / لەماوەی ئەم دوو ساڵ و نیوەی حوکمی داعش لە موسڵ پرۆگرام و پرۆسەی خوێندنیان بە جۆرێک بە ڕێوە بردوە کە زەین و هۆشی منداڵ و مێرمنداڵ و گەنجانیان وا شستو شۆ کردوە کە فەریکە داعشی زۆر توندڕەو تر لەخۆیان بەرهەم بێنێ ، قوربانیانی دەستی داعش هێنراونەتە قوتابخانەکان و بەربەرچاوی قوتابیانەوە ئیعدام کراون و تەنانەت زۆر جاریش ئەرکی جێبەجێکردنەکەیان بەوان سپاردوە !
3 / ژنان کە نیوەی کۆمەڵن بە نیوە مرۆڤیش حیسابیان بۆ نەکراوە ، جیا لە پۆشینی جل و بەرگی تایبەت و مەقنەعەو ئەسیر کردنیان لە کوونی ژوور ، ڕێگا چونە دەرەوەشیان لێقەدەغە کراوە مەگەر لەگەڵ مەحرەم ، خۆ باسی سەبایا و کچە یەزیدیەکان هەر ناکرێ !
4 / ئەم چوارچێوە جوغرافیایەی داعشی تێدا حاکم بووە لە کۆمەڵگای بەشەری دایان بڕاندوە و وەک لە ئەستێرەیەکی تر بن ، هەرکەس سەرپێچیشی کردبێ شەلاق ی کوشتن حازر و ئامادە !
5 / عێڕاق کە خۆی لە بارێکی ئابوری زۆر خراپدایە ، ئەی دەبێ دانشتوانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە موسڵ حاڵیان چۆن بێ ؟
6 / چەکدارانی داعش خۆیان دادگاو خۆیان دادوەر و خۆیان جێبەجێکارن ، حوکمی شەرعی ئیسلام لە هەمان چرکەساتەکەدا بەجێدەگەیەنن !
خۆ باسی ئازادی تاک و مافەسەرەتایەکانی مرۆڤ هەرناکرێ، تەنانەت جگەرە کێشانیش قەدەغەکراوە ! ئەمە چ دۆزەخێکە و چ مۆتەکەیەکە بەسەر سینگی بەشەریەتەوە ؟
مەنسوری حیکمەت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئەنتەرناسیونالی هەفتەگی ژمارە 77 بەرواری 26 / 10 / 2001 دا لەباسی دنیا دوای 11 ی سیپتامبەر ئاوا باسی تالیبان دەکا : ( ڕاگەیاندنی جەنگ لەلایەن هیچکەسێکەوە ، تەنانەت ئەمریکاو ڕۆژئاواش ، بەدژی تالیبان ، ناکرێ مەحکوم بکرێ ، تالیبان دەبێ بڕوا ، لە کۆتاییدا دەبێ بەزەبر بڕوا و بەکردەوەی سەربازی بڕوا، دوژمنی ڕۆژئاوا بۆ تالیبان باشترە لە دۆستایەتیەکەیان . هیچکەس ڕێگر نابێ لەبەردەم پێچانەوەو داخستنی لاپەڕەی ئەو ئینسان کوژانەی کە ڕۆژئاوا خۆی هێناونیە سەر کار ) لێرەدا دەبێ بڵێم تەئکیدیش لەوە دەکاتەو کە جیاوازی هەیە لە نێوان جەنگ و تیرۆر ، ئەمە ڕاستە ، چونکە ئەوکات تالیبان لە چیاکانی تۆرا بۆرا خۆی حەشار دابوو و ئەمریکاش ئەو ناوەی بەسەر سەری دانیشتوانی دا خاپور دەکرد گوایە شەڕی تالیبان دەکا ، وەک چۆن دەڵێن دەریاچەکە ووشک بکە تاکو ماسیە بۆگەنەکە بکوژی ! کە ئەمەش تیرۆریزمێکی حاشا هەڵنەگرە . بەڵام ئەمڕۆ داعش پانتایەکی زۆری خاک بەدانیشتوانەکەشیەوە لەژێر چنگ دایە ، دەوڵەتی ڕاگەیاندووە ، با دەوڵەتێکی موتەعارەفیش نەبێ ، کۆمەڵگا بەڕێوە دەبا بەتەمایە سیکەی پارە لێبدات ، سوپای هەیە ، کەواتە ئەمە شەڕی نێوان دوو لەشکرە .
با بگەڕێمەوە سەر ئەسڵی باسەکە ، ئەو کێشە سیاسیەی نێو چەپ دەربارەی شەڕی موسڵ . بوونی جیاوازی بیرو ڕا دەربارەی مەسەلەیەکی سیاسی و تەنانەت مەسەلەیەکی فکریش لەنێو بزوتنەوەیەکدا یاخود لە نێو حیزبێکی سیاسیشدا شتێکی زۆر سروشتیە ، هەروەها بوونی باس و جەدەل لەسەر ئەو بابەتانە حاڵەتێکی تەندروستە ، بەڵام ئەوەی جێگای داخە وون بوونی ئاسۆی سۆسیالستی لە هەندێک لەو باسانەدا و پابەند نەبوونی تەرەفەکان بە ئوسۆڵ و پرەنسیپی کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە بە جۆرێک کە کەشو هەوایەکی سالمی سیاسی فەراهەم بێنێ بۆ بردنە پێشەوەی ئەم باس و جەدەلە ، نەک تەنیا ئەوە بگرە پەنابردنی هەندێک لایەن بۆ هەمان شێواز و ئوسوڵی حیزبە بۆرجوازیەکان بە وەشاندنی تانەو تەشەری سیاسی و تەنانەت شەخسیش بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکۆنەکان لەسەر یەکتر !؟ ئایا ئەمە کوێی کۆمۆنیزمی کرێکاریە ؟ ئایا نەدەکرا ئۆلگۆیەکی ئوسوڵی کۆمۆنیستی وا بدەینە دەست لەم جۆرە خیلافاتانەدا کە دەرسێکیش بێ بۆ هێزەکانی تری دەرەوەی بزوتنەوەی چەپ لەبری گەیاندنی کارەکە بە شۆێنیك کە برینەکانی وا بەئاسانی ساڕێژ نەبن ؟ ئایا ئەمە خزمەتە بە بزوتنەوەکە یاخود بە نەیارانی ؟
ئەمڕۆ هەموو هێزەکانی مەیدانی سیاسی لە عێراق خەرێکی خۆ ئامادەکردنن بۆ قۆناغی دوای داعش چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ شەڕەکە ئیدامەی هەیە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە ، بمانەوێ و نەمانەوی داعش لەڕوی سەربازیەوە بەرەو شکست دەڕوا ، چۆنیەتی خۆ سازدان بۆ قۆناغی دوای داعش ئەرکێکی بێئەملاو ئەولای گشت هێزە سیاسیەکانە، حیزبە بۆرجوازیەکان لەو بارەوە بێخەم نین ، بەڵام کۆمۆنیستەکان ، بەداخەوە ، وەک لە ئەجیندایاندا نەبێ وایە ! وادیارە ئەمڕوداوە تێپەڕدەبێ و ئەوانیش لەتەماشاچی بەولاوە چیتر نەبن !
کاکڵەی باسەکە بە وتەیەکی لینین دێنمەوە لە باسی سۆسیالیزم و جەنگ کە دەڵێ : ( هەرگیز ناتوانرێ جەنگ لەناوببرێ بەبێ لەناوبردنی چینەکان بەبێ دامەزراندنی سۆسیالیزم ) .

12 / 11 / 2016

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish