دیكتاتۆری پرۆلیتاریا یان دیموكراتی پرۆلیتاریا؟, له یادی 149 ساڵه‌ی كۆمۆنه‌ی پاریس.. عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د
زه‌مینه‌ی دامه‌زراندنی كۆمۆنه
له رێكه‌وتی 4-8-1870 پروسیه‌كان له سیدان تێكشكانێكی گه‌وره به‌سه‌ر سوپای فه‌ره‌نسادا ده‌سه‌پێنن, له رێكه‌وتی 2-9 هه‌موو سوپای فه‌ره‌نسا له‌پێشیانه‌وه ئیمپراتۆرو 39 ژه‌نه‌رال و 86 هه‌زار سه‌رباز دیل ده‌كرێن له لایه‌ن پرۆسیه‌كانه‌وه , له كۆی سوپایه‌ك ژماره‌ی 120000 سه‌رباز بوو, سوپای پرۆسی تا قه‌راغی شاری پاریس رانه‌وه‌ستان.
له رێكه‌وتی 18-1-1871 له ڤێرسایه‌وه ” به‌شێكی پاریسه” ڕایخی ئه‌ڵمانی ڕاگه‌یه‌نرا, كه زۆربه‌ی توێژه‌ره‌وان و چاودێران هه‌ڵبژاردنی ئه‌م شوێنه‌یان بۆ ڕاگه‌یاندنی ڕایخ به سوكایه‌تی به هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی فه‌ره‌نسیه‌كان زانی, به پێی ده‌ستووری نوێ فیلهیلیم بووه قه‌یسه‌ری ئه‌ڵمانیا و بسماركیش بوو به سه‌ره‌ك وه‌زیرانی وڵات, له رێكه‌وتی 19-2-1871 تییر حكومه‌تی له بۆرژوازی و پاشایه‌تی خوازانی فه‌ره‌نسا پێك هێنا كه ملكه‌چی رێكه‌وتن بوون له گه‌ڵ ئه‌ڵمانه‌كان, كۆماریخوازه‌كان سه‌رشۆڕییان ره‌تكرده‌وه, دوای ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنێكی ته‌نها پیاوانه‌دا له رێكه‌وتی 8-2-1871 پۆسته‌كه‌ی مسۆگه‌ر كرد.
له رێكه‌وتی 26-2-1871 په‌یماننامه‌یه‌ك له نێوان ئه‌ڵمانیاو فه‌ره‌نسا ده‌به‌سترێت, به پێی ئه‌و په‌یمانامه‌یه ئه‌لزاس و لۆرین ده‌درێت به ئه‌ڵمانیا, ناوچه‌ی لۆرین به هه‌رێمی متزوتیون ڤیلوه‌وه, ئه‌لزاس بێ بلفۆرت و ده‌ورو به‌ره‌كه‌ی, له پاڵ ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی سێ یه‌كی خاكی فه‌ره‌نسا, تا ئه‌وكاته‌ی قه‌ره‌بوی زیانه‌كان ده‌كرێته‌وه له لایه‌ن فه‌ره‌نساوه ,بڕه‌كه‌ی دیاری كرابوو به 5 ملیار فره‌نكی فه‌ره‌نسی.
تیر بۆ ئه‌وه‌ی داخوازه‌كانی بسمارك جێ به جێ بكات, پێویستی به‌وه هه‌بوو چه‌ك و تۆپه‌كانی (پاسه‌وانی نیشتمانی)بدات به ده‌سته‌وه, پاسه‌وانی نیشتمانی له پاریس وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی دوولایه‌نه مامه‌ڵه‌یان ده‌كرد له به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی, هه‌یبه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ی تیریان لاواز كردبوو, تیر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی و جێ به جێ كردنی په‌یمماننامه سه‌ر شۆڕانه‌كانی, ویستی پاسه‌وانی نیشتمانی چه‌ك بكات, تۆپه‌كانیان لێ وه‌رگرێته‌وه.
له 18ی ئازار سوپایه‌كی 4000 سه‌ربازی نارد له‌سه‌ر خواستی پروسییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و 227 تۆپه‌دا بگرن كه پاریسیه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو, بۆ به‌رگریكردن له شاره‌كه‌یان كه له لایه‌ن سوپای پرۆسیاوه ئابلوقه درابوو له ساڵی پێشوه‌وه له به‌رزایه‌كانی مۆنمارت و بلفێل دایان به‌ستابو.
له رێكه‌وتی 16-3 تییر ده‌سه‌ڵاتدارانی شاری بانگ كرد بۆ شاره‌وانی له رێكه‌وتی 17-3 له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه نه‌خشه‌ی چه‌ككردنی پاسه‌وانانی نیشتمانی داڕێژرا, ژه‌نه‌راڵه‌كانیش تیایدا به‌شدار بوون, ژه‌نه‌رال ڤیوا دیاری كرا به‌سه‌رپه‌رشت كاری بڕیاره‌كه, بڕیار درا به‌زوترین كات چه‌ككردنی پاریس جێ به‌جێ بكرێت, بۆیه له رێكه‌وتی 18-3-1871 بڕیاری چه‌ككردنی (پاسه‌وانی نیشتمانی )یاندا, به ناوی ئه‌وه‌ی گوایه ئه‌و تۆپانه موڵكی ده‌وڵه‌تن, بۆیه ده‌بێت بگه‌ڕێنرێنه‌وه بۆی, به‌مه‌ش تیر ده‌یه‌ویست له لایه‌كه‌وه بڕیاره‌كه جێ به جێ بكات له لایه‌كی دیكه‌وه مه‌ترسی یاخی بونه‌وه له سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی لاببات, به‌ڵام پاسه‌وانانی نیشتمانی به بڕیاره‌كه ڕازی نابن, چونكه ئه‌و چه‌كانه ئه‌وانه بون كه پاسه‌وانانی نیشتمانی له‌و شوێنانه ڕزگاریانی كردبوو كه پرۆسیا داگیری كردبوو, بۆیه موڵكی ده‌وڵه‌ت نه‌بوون, دیاره ده‌ست گرتن به‌سه‌ر چه‌كه‌كاندا, به‌مانای ده‌س گرتن ده‌هات به‌سه‌ر پاریس‌دا.
برسیه‌تی,گرانی, بێكاری,نه‌خۆشی و هه‌ژاری باڵی به‌سه‌ر پاریس‌دا داگرتبوو, له‌م بارودۆخه ناسكه‌دا, بۆرژواكان به خۆیان و خه‌زێنه‌و سه‌روه‌ت و سامانیانه‌وه, له پاریس به كۆمه‌ڵ هه‌ڵدێن, نیشتمان له ناخۆشرین ڕۆژه‌كانیدا بۆ كرێكاران و ڕه‌نجده‌ران به‌جێ ده‌هێڵن .
بڕیار بوو كاتژمێر 2 ی شه‌و هێرش ده‌س پێ بكرێت, پۆلیسیش بڕیاره ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و كۆمیته هه‌ڵبژێردراوه‌كانی 20 گه‌ڕه‌كه‌كی شاری پاریس و لقی فه‌ره‌نسای ئنته‌رناسیۆنالیزم ده‌ستگیر بكه‌ن, شه‌ڕ كاتژمێر 5 به‌یانی رێكه‌وتی 18-3 ده‌ستی پێكرد, له ئاكامی به‌رگری بێ وێنه‌ی پاسه‌وانانی نیشتمانی و خه‌ڵكی پاریس به ژن و پیاوه‌وه كه به‌ره‌و روی سوپاكه‌ی تیر بونه‌وه بۆ داكۆكی له تۆپه‌كان, ده‌ستیان به‌سه‌ر به‌شێكی شاردا گرت, شكستیان به نه‌خشه‌كانی تیر هێنا, جه‌ماوه‌ری پاریس ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كانكه‌وتنه سه‌نگه‌ر لێدان, سه‌ربازان خۆ به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن و ئه‌فسه‌رانیش هه‌ڵدێن و خۆیان ده‌شارنه‌وه, خه‌ڵكه‌كه دروشمی بژی كۆمار بژی كۆمۆنیان ده‌وته‌وه, ته‌واوی باڵاخانه‌كانی شار ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا, چه‌ك وته‌قه‌مه‌نیه‌ك زۆر گیرا, ته‌نها له قه‌ڵای فانف 450000 تفه‌نگ ده‌سكه‌وت بوو, له كۆی 300000 سه‌ربازی به‌رگری نیشتمای, ته‌نها 300 كه‌س به‌دوای داخوازه‌كانی تیره‌وه چون, ئه‌وانی دیكه په‌یوه‌ست بوون, به به‌ره‌ی شۆڕشه‌وه, ده‌ست به‌سه‌ر باره‌گای شاره‌وانیدا ده‌گرن و تیر له پاریس هه‌ڵدێت.
رێكه‌وتی ( 19 -3) ه‌یه‌و پاریس ئازاده, نه حكومه‌تی تیر وه نه سوپای داگیركه‌ری پروسی تێدایه, له به‌یانی زوه‌وه شار جمه‌ی دێت, كرێكار, دوكاندار,پیشه‌گه‌ر, ڕۆشنبیران,پاساوانانی نیشتمانی, ژنان, منداڵان, گه‌نج و لاو, ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان, كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پاسه‌وانانی نیشتمانی, له باره‌گای شاره‌وانی پاریس, كه له بان باڵاخانه‌كه‌ی ئاڵای سور بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوودا ده‌له‌رێته‌وه, به‌یاننامه‌یه‌كی ڕوو له خه‌ڵكی پاریس ده‌ركرد, به یاننامه‌كه به كۆماری فه‌ره‌نسا و دروشمی “سه‌ربه‌ستی,یه‌كسانی,برایه‌تی” دروشمه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسا ده‌ستی پێكرد, له بانگه‌وازه‌كه‌دا داوا له خه‌ڵكی پاریس كرا, له شوێنی خۆیان ئاماده بن بۆ ئه‌نجام دانی هه‌ڵبژاردن, ئه‌م بانگه‌وازه له لایه‌ن 21 ئه‌ندامی ئاماده‌بووی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پاسه‌وانانی نیشتمانیه‌وه واژۆ كرا له كۆی 40 ئه‌ندام, كه هه‌رئه‌وانه له‌و كاته‌دا له‌و شوێنه ئاماده بوون, ئه‌وانی دی به‌هۆی كاروباره‌وه ئاماده نه‌بوون, رێكه‌وتی26-3 واته دوای یه‌ك هه‌فته دیاری كرا بۆ هه‌ڵبژاردن, هه‌ر ئه‌و ڕۆژه بڕیاری ئازاد كردنی زیندانییه سیاسیه‌كان ده‌ركرا.
هه‌ڵبژاردنی كۆمۆن
دوای 8 رۆژ له هه‌ڵبژاردنێكی ئازادانه‌دا به به‌شداری نزیك 230 هه‌زار كه‌س له پیاوان و ژنانی پاریس ئه‌نجومه‌نێكی 78 كه‌سه‌ییان هه‌ڵبژارد, له‌وكاته‌دا ژماره‌ی دانیشتووانی پاریس ده‌وروبه‌ری ملیۆنێك هاووڵاتی بوو, به‌شێكی پاریس وه‌ك فێرسای به‌ده‌ست كۆمۆناركانه‌وه نه‌بوو, وه سه‌رمایه‌داره‌كانیش له ترسی ئابلووقه‌ی پاریس به‌شێكیان هه‌ڵاتبوون.
ڕانۆی رێكه‌وتی 28-3 له‌به‌رده‌م شاره‌وانی پاریس, ناوی هه‌ڵبژێردراوه‌كان بڵاو ده‌كاته‌وه , به دروشمی بژی كۆمار , بژی كۆمۆن ده‌ستی به قسه‌كانی كرد .
هه‌مان ڕۆژ كۆمۆن ده‌ستی به كاره‌كانی كرد, به سه‌رپه‌رشتی شارل بلی ته‌مه‌ن 76 ساڵه, كه پیرترین ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراوی كۆمۆن بوو.
له 26 ئه‌پریل هه‌ڵبژاردن ته‌واو كرا, شاعیری گه‌وره ئۆژین پۆتیه” نووسه‌ری سرودی ئه‌نته‌رناسیۆنال”و چوار ئه‌ندامی دیكه هه‌ڵبژێردران له‌و خوله‌دا.
له هه‌ڵبژێردراوان 33 كه‌سیان كرێكار‌و پیشه‌گه‌ر بوون, ده كه‌سیان هونه‌رمه‌ند بوون, له ناویاندا وێنه‌كێشی به‌ناو بانگ غۆستاف كۆربیه هه‌بوو, 5یان خاوه‌ند پیشه‌ی بچووك بوون, وه ژماره‌یه‌ك ژن له نوێنه‌رایه‌تیدا جیگایان گرت كه له حكومه‌تی بۆرجوازیدا مافی ده‌نگدانیشیان نه‌بوو, له‌وانه لویز میشیل, ئه‌لیزابیس دمتریف نوێنه‌ری ماركس و ناتانی لۆمل, دوای دو رۆژ نوێنه‌ران كۆمۆنه‌ی پاریس‌یان راگه‌یاند.
له روی پێك هاته‌ی سیاسییه‌وه نوێنه‌ران له یه‌عقوبییه لایه‌نگره‌كانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی, كۆمارییه شۆرشگێڕه‌كان,ئانارشیسته‌كانی لایه‌نگری پلانكی و بردۆن و ماركسییه‌كان پێك ده‌هاتن, 21 بلانكی و 20 برۆدۆنی و 2 ماركسی (فرانكل و سیریالیه فارلین), به شێوه‌ی گشتی یه‌كسانیخوازان به هه‌موو باڵه‌كانیه‌وه, برۆدۆنی, بلانكی, ماركسی, یه‌عقوبیه‌كان, زۆربه‌ی زۆری كۆمۆنه‌یان دیاری ده‌كرد, دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی یه بوون.
ماركسییه‌كان هۆی هه‌ڵبژاردنی زۆربه, له ورده بورژوازی له ڕوی چینایه‌تی, باڵه سۆسیالسته غه‌یره ماركسییه‌كان, له ڕوی سیاسییه‌وه, ده‌به‌نه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له‌و كاته‌دا وڵاتی بۆرژوازی بچوك, وه ماركسیزمیش بیر‌و باوه‌ڕێكی نوێ بوو .*
بڕیاركانی چۆنه دا
كۆمۆن ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیه‌كی دیموكراسی راسته‌وخۆ بوو, بڕیاره‌كان راسته‌وخۆ ده‌درا, سه‌ركردایه‌تی هه‌ره‌می نه‌بوو, هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه, دین له ده‌وڵه‌ت جیاكرایه‌وه, خوێندن به خۆڕایی كرا, یه‌كسانی ژن و پیاو مسۆگه‌ر كرا, بێگانه‌كان بوونه هاووڵاتی, شوێنی له‌ش فرۆشی قه‌ده‌غه كرا, موچه‌ی نوێنه‌ران به 6000 فره‌نك وه‌ك موچه‌ی كرێكارێكی هوشیار دیاریكرا….. .
كۆمۆن له ڕوی به‌شداری هه‌مووان به بێ جیاوازی چینایه‌تی و ڕه‌گه‌زی له سه‌روی 18 ساڵییه‌وه له ده‌نگداندا, یه‌كه‌م ئه‌زمونی دیموكراسی بوو تاكو ئه‌و كاته مرۆڤایه‌تی به خۆیه‌وه ببینێت, كه تا ساڵی 1944 له فه‌ره‌نسای مه‌ڵبه‌ندی دیموكراسی, ژنان مافی ده‌نگدانیان نه‌بوو, كۆمۆن نمونه‌یه‌كی نۆێی دیموكراسی پێشكه‌ش مرۆڤایه‌تی كرد, خه‌ڵكی پاریس له سه‌رده‌می پاشایه‌تی و دواتریش دابه‌ش ده‌كران به‌سه‌ر سێ توێژدا” نه‌بیله‌كان,پیاوانی كه‌نیسه,ئه‌وانه‌ی داهاتیان مام ناوه‌ندی بوو(بورژوازی)”, توێژی یه‌كه‌م و دووه‌م له باجدان ئازاد كرابوون, مافی ده‌نگدان بۆ هه‌مووان نه‌بوو, به‌ڵام كۆمۆن كوده‌تایه‌كی شۆڕشگێڕی كرد به‌سه‌ر سیاسه‌تی باودا, نموونه‌یه‌كی نوێی سیاسه‌تی بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی مرۆڤایه‌تی پێشكه‌شكرد, هه‌موو ئمتیازاتێكی له چینه باڵاكان سه‌نده‌وه.
كۆمۆنه ته‌نها 72 رۆژ به‌رده‌وام بوو, له‌و 72 رۆژه پاریس نه‌خه‌وت, نوێنه‌ران شه‌و و رۆژ به موچه‌ی كرێكاری هه‌ر بیریان ده‌كرده‌وه‌و كاریان ده‌كرد.
له 2 نیسانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی تیر هه‌وڵه‌كانی خسته گه‌ڕ بۆ روخاندنی, به هاوكاری سوپای داگیركه‌ری پرۆسی, له 21ی ئایاره‌وه په‌لامار ده‌ستی پێكرد, له28ی ئایار دوای كوشتنی زیاتر له 30 هه‌زار كۆمۆنار كه روباری سین له خوێنی ئه‌وان سور ببوو كۆمۆنه تێك شكێنرا, به‌ڵام په‌ندو ئه‌زموونه‌كانی بۆ مێژوو مایه‌وه.
ئایا دیكتاتۆری پرۆلیتاریا مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی كرێكاری یه؟
تا ئێستا ئه‌و مه‌قوله‌یه‌ی ده‌ڵێت ده‌وڵه‌ت چینایه‌تییه, ئامرازێكه به ده‌ست چینێكه‌وه بۆ سه‌ركوتی چینێكی دیكه له ناوه‌ڕۆكدا راسته, ئه‌گه‌ریش له نمایشدا خۆی وا نه‌نوێنێت و به رواڵه‌ت له رێگای ده‌نگدانه‌وه وا خۆی ئاشكرا بكات له نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بێلایه‌نه, لێ ئه‌وا له رێگای ده‌ستور و یاسا‌و راگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵاتی قوڵه‌وه چینی فه‌رمانڕه‌وا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی ده‌سه‌پێنێت و به ئاگرو ئاسن موڵكدارێتی تایبه‌تی و په‌یوه‌ندی به‌رهه‌م هێنانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌پارێزێت, بۆیه ده‌بینین ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نها گۆڕینی ده‌موچاوه‌كانه, ئه‌وجارانه‌شی قازه ره‌شه‌كه‌یان بۆ ده‌رده‌چێت, ئه‌وا ده‌یكوژن نموونه جیمی كۆربین و بیرنه‌ر سانده‌رز و سیریزاو ئێس په‌ی….., به گشتی ئه‌نجامی كایه سیاسییه‌كه جێگۆڕكێیه‌ك كه‌مه به خاڵه‌كانی بودجه نه‌ك سسته‌م, به پێی ئه‌و به‌نجه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگا سیاسه‌تمه‌دارانی چینی باڵاده‌ست ده‌یبڕنه‌وه له‌و قوناغه‌دا.
به دوای كۆمۆنه ده‌سته‌واژه‌ی دكتاتۆری پرۆلیتاریا له زمانی رابه‌رانی ماركسیزمه‌وه هێنرایه ناو ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و له زۆربه‌ی حاله‌ته‌كاندا له ژێر ئاڵای دكتاتۆری چینێك كه زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا پێك ده‌هێنێت دكتاتۆری حیزب و كه‌س داسه‌پێنرا.
به بۆچونی ماركس دكتاتۆری پرۆلیتاریا شێوه‌یه‌كی ڕامیاری یه, له‌م دوایه‌دا ده‌ركه‌وت, كه ڕزگاری ئابووری بۆ كار به‌ده‌ست دێنێت, ئه‌مه‌ش له كۆمۆنه‌دا ده‌ركه‌وت . هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: له بارودۆخی گواستنه‌وه له سه‌رمایه‌دارییه‌وه بۆ سۆسیالستی, شێوه‌ی ده‌وڵه‌ت ناكرێت هیچ شێوه‌یه‌ك بێت جگه له دیكتاتۆری شۆڕشگێرانه‌ی پرۆلیتاریا.
ئه‌نگلزیش له ناساندنی كۆمۆنه‌دا ده‌ڵێت: ( به‌ڕێزه خۆشه‌ویسته‌كان, ئایا ده‌تانه‌وێت بزانن دیكتاتۆری پرۆلیتاریا چی یه و چۆن خۆی ده‌نوێنێ؟ فه‌رموون چاوێك به كۆمۆنه‌دا بخشێنن, له ڕاستی دا ئه‌وه دیكتاتۆری كرێكاران بوو).
لینین له په‌رتووكی كاوتسكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌دا پێداویستی دیكتاتۆری پرۆلیتاریا له‌م خاڵانه‌دا ده‌بینێته‌وه: (1- سه‌ركوت كردنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێزی بورژواكان.2 – ترس خستنه دڵی كۆنه‌په‌رستان.3 -پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی پرۆلیتاریا دژ بۆرژواكان. 4 – تا پرۆلیتاریا به هێز له دوژمنه‌كانی بدات.
له دوای كۆمۆنه ناوه‌ڕۆكی كۆمۆنه له رێگای چه‌مكی دیكتاتۆری پرۆلیتاریاوه, له هه‌مه ره‌نگی, ئیراده‌ی زۆرینه, كاركردن, بڕیارانی به كۆمه‌ڵ, نه‌هێشتنی داموده‌زگای سه‌ركوتكه‌رو ئیمتیازاتی چینی ده‌سه‌ڵاتدار, داهێنان و پێشه‌نگی له سیاسه‌ت مرێندرا, ته‌نانه‌ت مۆركی به‌شداری زۆرینه‌ی ئانارشیستی نا ده‌سه‌ڵاتداری له سه‌ركردایه‌تی كۆمۆنه له گۆڕنرا, هه‌موو كۆمۆنه له چه‌مكی دكتاتۆریه‌كه كورت كرایه‌وه, به‌مه‌ش سۆسیالسته‌كان به‌ناوی وه‌فاداری بۆ كۆمۆنه به‌ره‌و روی ناوه‌ڕۆكی كۆمۆنه بونه‌وه.
له یه‌كه‌م ئه‌زموونی دوای كۆمۆنه, به دوای شۆرشی ئۆكتۆبه‌ردا, ئه‌و هه‌موو ستایشه‌ی كه پێشتر لینین له په‌رتووكی ده‌وڵه‌ت و شۆڕشدا بۆ كۆمۆنه‌ی كردبوو, ساڵێك به‌رگه‌ی هه‌مه ره‌نگی په‌رله‌مانه‌كه‌ی نه‌گرت و هه‌ڵیوه‌شانده‌وه, كه له 25ی نۆڤه‌مبه‌ری 1917 له گه‌رماو گه‌رمی دوای شۆڕش و بڕیاره گرنه‌كان وه‌ك زه‌وی بۆ جوتیار, ئاشتی, كار بۆ كرێكار, به‌شداری هه‌موووان له هه‌ڵبژاردن و ده‌نگی یه‌كسان بۆ هه‌مووان” پێشتر ده‌نگی چینه باڵاكان چه‌ند ده‌نگی هه‌ژاران ده‌ژمێردرا, ئه‌نجامدرابوو نموونه له هه‌ڵبژاردنی 1907 دا خاوه‌ند زه‌وییه‌كی ده‌ره‌به‌گ ب 230 ده‌نگ, كه‌چی كرێكارێك به 125000 ده‌نگ و جوتیارێك به 60000 ده‌نگ ده‌چونه دۆماوه, بۆیه له دوا هه‌ڵبژاردنی پێش شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر 51%ی ئه‌ندامانی دۆما له نوبه‌لا پێك ده‌هات” له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا 103 لیست به‌شداری تێدا كردبوو, له ئه‌نجامدا سۆسیالسته شۆڕشگێڕه‌كان زۆرینه بوون 37,61%ی ده‌نگه‌كانیان هێنابوه‌وه, به‌لشه‌فیكه‌كان 23,26% ی ده‌نگه‌كانیان هێنایه‌وه, ده‌یكرده ده ملیۆن و شه‌ش سه‌ت و حه‌فتاو یك هه‌زارو سێسه‌دو هه‌شتاو حه‌وت ده‌نگ, مه‌نشه‌فیكه‌كان ته‌نها 3,02%ی ده‌نگه‌كانیان هێنابوه‌وه.
له كۆمۆنه‌وه بۆ ئێستا, زاراوه‌ی دیكتاتۆری پرۆلیتاریا, خاڵی باسی بۆرژواكان و ماركسیه‌كان بووه, به‌رده‌وام له رۆژه‌فی گه‌رمدا بووه, له كاتێكدا ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه هاته پێشه‌وه, ده‌سه‌ڵاتداری دكتاتۆری موتڵه‌ق له زۆرینه‌ی جیهان به پراتیك پیاده ده‌كرا, كه‌چی بۆرژوازی دژی چه‌مكی دكتاتۆری پرۆلیتاریای زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا بوو, هه‌ڵبژاردن له جوگرافیایه‌كی بچووكی جیهان ته‌نها بۆ پیاوانی چینه باڵاكان بوو, كرێكاران و ره‌نجده‌ران به‌شدارییان زۆر لاواز بوو له ژیانی سیاسی یان هه‌ر نه‌بوو, گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی هێواش بوو, شۆڕشی پیشه‌سازی سێ و چوار و لێكه‌وته‌كانی نه‌بوو, خه‌باتی سیاسی سه‌ركوت ده‌كرا, بریكاریا ناویشی نه‌بوو,……له بارودۆخێكی وادا كه دكتاتۆریه‌ت باڵی به‌سه‌ر جیهاندا كێشابوو, كۆمۆنه له به‌رامبه‌ر دكتاتۆری چینه باڵاكانی ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌داران له جیهاندا, شێوه حكومه‌تێكی دیكه‌ی هینایه پێشه‌وه, ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه, لێره‌دا هه‌ژاران ده‌سه‌ڵاتدارن ناونرا دكتاتۆری پرۆلیتاریا, كه وه‌ك له‌شكره‌كه‌ی سپارتاكۆس زه‌بروزه‌نگی پیاده ناكرد, دڵی گه‌وره‌و به به‌زه‌یی بوو, كه له ناوه‌ڕۆكدا زۆر دیموكراسیانه‌و مرۆڤ دۆستانه بوو, ته‌نانه‌ت حوكمی ئیعدامی تێدا هه‌ڵه‌شابوه‌وه, گفتوگۆی سیاسی له لوتكه‌دا بوو, زۆر كۆڕوكۆمه‌ڵه له‌و ماوه‌یه‌دا پێك هاتن, رۆژنامه داخراوه‌كانی پێشوو ئازادی كاركردنیان پێ درایه‌وه‌و ئازادی بێ قه‌یدو شه‌رتی سیاسی زه‌مانه‌ت كرا جگه له دژه شۆڕشان, بۆیه هه‌موو ئه‌و پراتیكانه له گه‌ڵ به‌كار هێنانی چه‌مكی دكتاتۆری یه‌ك ناگرێته‌وه.
هه‌رچه‌نده هه‌نووكه چه‌مكی دیكتاتۆری پرۆلیتاریا, بێ ئه‌وه‌ی ڕابگه‌یه‌نرێت, به‌شی زۆری پارته ماركسی و كۆمۆنیستیه‌كان جیهان, له ئه‌ده‌بیات و به‌رنامه‌ی خۆیان لایان داوه.
ئه‌گه‌ر ماركس پاش كۆمۆنه, له ئه‌زمونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه چه‌مكی دیكتاتۆری پرۆلیتاریای هێنایه ناو ئه‌ده‌بی ماركسیزمه‌وه, ئایا دوای ڕوخانی شوره‌وی و كامپی خۆرهه‌ڵات و ئه‌و پێشه‌وه چونانه‌ی دیموكراسیه‌ت له بواری یاسای هه‌ڵبژاردن و به‌شداری هه‌مووان تیایدا‌و زه‌مانه‌تی به‌شێكی باش له ئازادییه‌كان ناویه‌تی, وه ناشرینی و قێزه‌ونی چه‌مكی دكتاتۆری, و خراپ به‌كار هینانی چه‌مكه‌كه له رابردوودا به‌ناوی ماركسیزمه‌وه كه ده‌ریایه‌ك خۆێنی به‌هۆوه رژێنراوه, ئه‌مڕۆ ماركسیش له ژیاندا بووایه, هه‌وڵی گۆڕینی چه‌مكه‌كه‌ی ده‌دا, رایده‌گه‌یاند كۆمۆنه نموونه‌ی دیموكراسی راسته‌وخۆی پرۆلیتاریایه.
كۆمۆنه قازه ره‌شه‌كه‌ی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری بوو, ئه‌وپه‌ڕی دیموكراسیه‌تی تێدا جێبه‌جێ كرا, تا ئێستا پاریسیه‌كان كه قیبله‌نه‌مای بیركردنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه‌ن له سیاسه‌ت له جیهاندا پێی نه‌گه‌یشتوون, بۆیه پێویسته ده‌سته‌واژه‌كه بگۆڕێت, هه‌رچه‌نده ده‌شێت بۆ هه‌نده‌ك ئه‌مه كفره گه‌وره‌كه بێت.