Skip to Content

دیدارێک لەگەڵ ڕۆماننووسی کۆڵۆمبی گابریال گارسیا مارکیز.. وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

دیدارێک لەگەڵ ڕۆماننووسی کۆڵۆمبی گابریال گارسیا مارکیز.. وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by ئایار 21, 2024 General, Literature


سازدانی : گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ

لەم دیدارەدا گابریال گارسیا مارکیز؛ پێشنیاری حکومەتێک دەکات کە بتوانێت خەڵکی هەژار دڵخۆش بکات. ڕۆماننووسی کۆڵۆمبی گابریال گارسیا مارکێز؛ وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب ١٩٨٢؛ ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ ی نیسانی ٢٠١٤، لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا ژیانئاوایی لێکردین. گابریال گارسیا مارکێز بەناوبانگترین نووسەری ئەمریکای لاتین بوو؛ هەروەها چەپێکی مولتەزیم بوو. دەقی ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوە لە ژمارە ١٣٨ ی ئازار-نیسانی ١٩٨٣ی گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێدا بڵاوکراوەتەوە.

دەقی دیدارکە
گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئایا دەتوانین ئاوڕێک لە شێوازی گەشەسەندنی بیروباوەڕی سیاسیت بدەینەوە؟ باوکت کۆنەخوازە. کۆڵۆمبیا دوای سەربەخۆیی لە ئیسپانیا لە ساڵی ١٨١٩وە؛ بە سەدەیەک شەڕی ناوخۆی پچڕپچڕدا تێپەڕی، دوو پارتی سیاسی لە دەیەی چلەکانی سەدەی نۆزدە هاتنەبوون: پارێزەران کە فەلسەفەی نەریتگەرایییان لەسەر بنەمای بنەماڵە، کەنیسە و دەوڵەت بوو؛ و لیبراڵەکان کە ئازاد لە بیرکردنەوە و دژە ڕۆحانیی و لیبڕاڵی ئابووری بوون. خوێناویترین شەڕەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە جەنگی هەزار ڕۆژە (١٨٩٩-١٩٠٢) بوو کە وڵاتەکەی ئیفلاس و وێران کرد. لە کۆڵۆمبیا باوە دەڵێین کۆنەپەرستبوون یان لیبراڵ بوون بەندە بەوەی کە باوکت چییە، بەڵام دیارە باوکت بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی سیاسیت نەبووە چونکە زۆر زوو بەرەی چەپت هەڵبژارد. ئایا ئەم هەڵوێستە سیاسییەت کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە بنەماڵەکەت؟

گابریال گارسیا مارکیز : نا؛ بەو جۆرە کاردانەوەم دژی بە بنەماڵەکەم نەبووە ، چونکە دەبێت لەبیرتان بێت کە هەرچەندە باوکم کۆنەپارێزە، بەڵام باپیرم کۆڵۆنێڵێکی لیبڕاڵ بووە. ڕەنگە بیروباوەڕی سیاسیم لە سەرەتاوە لەلای ئەوەوە هاتبن، چونکە لەبری ئەوەی لە منداڵیدا چیرۆکی ئەفسانەییم بۆ بگێڕێتەوە، بە گێڕانەوەی ترسناک لەبارەی دوایین شەڕی ناوخۆ کە بیرکەرەوە ئازادەکان و دژە پیاوانی ئایینی، دژ بە حکومەتی کۆنەپەرستی هەڵیان گیرساندبوو، دڵخۆشی دەکردم. هەروەها باپیرم باسی کۆمەڵکوژی کرێکارانی کێڵگەی مۆزی بۆ دەکردم کە لە ئاراکاتاکا لە ساڵی لەدایکبوونمدا ڕوویدابوو (١). کەواتە دەبینیت بنەماڵەکەم کاریگەرییان لەسەر من هەبووە بەرەو یاخیبوون نەک بەرەو بەرزڕاگرتنی سیستەمی دامەزراو.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : تۆ لەیادتە کەی و لەکوێ یەکەم دەقی سیاسی خۆت خوێندەوە؟
گابریال گارسیا مارکیز : قوتابخانەی ناوەندیم لە زیپاکیرا؛ پڕ بوو لەو مامۆستایانەی کە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن مارکسیستێکەوە لە کۆلێژی ڕاهێنانی مامۆستایان لە سەردەمی حکومەتی چەپی سەرۆک ئەلفۆنسۆ لۆپێزدا وانەیان پێگوترابوو.(٢) مامۆستای جەبر لە کاتی پشووی نێوان وانەکاندا ماتریالیزمی مێژوویی پێ دەوتینەوە، مامۆستای کیمیا کتێبی لینین پێ دەداین و مامۆستای مێژووش باسی ململانێی چینایەتی بۆ دەکردین. کاتێک ئەو زیندانە سەهۆڵاوییەم بەجێهێشت، نەمدەزانی باکوور و باشوور لە کوێن، بەڵام دوو قەناعەتی زۆر بەهێزم هەبوو. یەکێکیان ئەوە بوو کە ڕۆمانی باش دەبێ گواستنەوەیەکی شیعریی واقیع بێت و ئەوی دیکەیان ئەوە بوو کە داهاتووی نزیکی مرۆڤایەتی لە سۆسیالیزمدایە.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئایا قەت ئەندام بوویتە لە حیزبێکی کۆمۆنیستیدا؟
گابریال گارسیا مارکیز : من لە تەمەنی بیست ساڵیدا بۆ ماوەیەکی کورت سەر بە شانەیەکی حیزبی کۆمۆنیست بووم، بەڵام بیرم ناچێت هیچ کارێکی سەرنجڕاکێشم کردبێت. من زیاتر هاوسۆزی حیزب بووم نەک جەنگاوەرێکی ڕاستەقینە. لەو کاتەوە پەیوەندی من لەگەڵ کۆمۆنیستەکاندا هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆوە بینیوە. زۆرجار ئێمە کێشەمان هەبووە چونکە هەر جارێک هەڵوێستێک دەگرمەبەر کە ئەوان حەزیان لێی نییە، ڕۆژنامەکانیان بەجیددی هێرش دەکەنە سەرم. بەڵام من هەرگیز بە ئاشکرا تەنانەت لە خراپترین ساتەکانیشدا ئیدانەم نەکردوون.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : من و تۆ لە ساڵی ١٩٥٧ پێکەوە گەشتی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتمان کرد و سەرەڕای ئەوەی هیواکانمان بە سۆسیالیزمەوە چەسپاندبوو، بەڵام ئەوەی بینیمان بەدڵمان نەبوو. ئایا ئەو سەفەرە قەناعەتی سیاسی ئێوەی گۆڕی؟
گابریال گارسیا مارکیز : بەڕاستی کاریگەرییەکی تەواو یەکلاکەرەوەی لەسەر بیروباوەڕی سیاسیم هەبوو. ئەگەر لەیادت بێت من ئەو کات لە زنجیرە وتارێکدا بۆ گۆڤارێکی بۆگۆتا،(٣) کاریگەرییەکانی ئەو گەشتەم لەسەر بیروباوەڕی سیاسیم باس کردووە. وتارەکانم بێ خواستی خۆم دوای نزیکەی بیست ساڵ جارێکیتر بڵاوکرانەوە ئەویش نەک وەک ئەوەی من دەیبینم لەدەرەوەی هەر بەرژەوەندییەکی ڕۆژنامەوانی یان سیاسی، بەڵکو بۆ ناکۆک لەگەڵ گەشەسەندنی سیاسی خۆم نیشانی بدەن.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئەی هیچ ناکۆکییەک هەبوو لەو نێوەدا؟
گابریال گارسیا مارکیز : نەخێر، هیچ ناکۆکییەک نەبوون. کتێبەکەم یاسایانە ئامادەکرد و ئاخنیمە نێو کۆ بەرگەکانی بەرهەمەکانم و بەتەواوەتی خستمنەڕوو کە بە چاپە بەربڵاوەکانیان لە هەموو گۆشە و شەقامێکی کۆڵۆمبیا دەفرۆشرێن. یەک وشەم تیایاندا نەگۆڕیوە. لەمەش زیاتر، پێموایە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر سەرچاوەی قەیرانی ئێستای پۆڵەندا لەو بابەتانەدا دەدۆزرێتەوە کە دۆگماتیستەکانی ئەو سەردەمە دەیانگوت لەلایەن ئەمریکاوە پارەیان پێدراوە. ئەوەی جێی پێکەنینە ئەوەیە کە هەر ئەو دۆگماتیستیانە ئەمڕۆ دوای بیست و چوار ساڵ لەسەر کورسییە ئارامەکانی دامەزراوە سیاسی و داراییەکانی بۆرژوازیدا جێگیرن لە کاتێکدا مێژوو ڕاستی و دروستی من دەسەلمێنێت.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئەی بۆچوونت چییە سەبارەت بەوەی کە پێێ دەڵێن دیموکراسییەکانی خەڵک؟
گابریال گارسیا مارکیز : ناوەندی گریمانەی ئەو وتارانە ئەوەیە کە دیموکراسییەکانی خەڵک بە شێوەیەکی ڕاستەقینە سۆسیالیستی نەبوون و هەرگیزیش نابنە سۆشیالیست ئەگەر ئەو ڕێگایە بگرنەبەر کە لەسەری بوون، چونکە سیستەمی سۆشیالیزم دانی بەو بارودۆخە تایبەتییانە دانەدەنا کە لە هەر وڵاتێکدا زاڵ بوون. سیستەمێک بوو کە لە دەرەوە لە لایەن یەکێتیی سۆڤییەت و لە ڕێگەی حیزبە کۆمۆنیستییە ناوخۆییە دۆگما و بێ ئەندێشەکانەوە سەپێنرا کە تاکە بیرکردنەوەیان ئەوە بوو کە مۆدێلی سۆڤییەت لە کۆمەڵگایەکدا جێبەجێ بکەن کە ناگونجێت.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : با بچینە سەر یەکێکی تر لە ئەزموونە هاوبەشەکانمان ، ئەوکاتانەی لە پرێنسا لاتینا، ئاژانسی هەواڵی کوبا بووین. من و تۆ هەردووکمان کاتێک حزبی شیوعی کۆنی کوبا دەستیکرد بە دەستبەسەرداگرتنی زۆرێک لە دامەزراوەکانی شۆڕش، دەستمان لەکار کێشایەوە پێت وایە ئێمە بڕیارێکی دروستمان دا؟ یان پێت وایە تەنها ڕاچڵەکینێک بوو لە پرۆسەیەکی درێژخایەندا کە ئێمە نەمانتوانی بەو شێوەیە بیبینین؟
گابریال گارسیا مارکیز : پێم وایە بڕیارەکەمان بۆ جێهێشتنی پرێنسا لاتینا دروست بوو. ئەگەر ئێمە دەستمان بە دیدگاکانمانەوە بگرتایە، لە کۆتاییدا مۆری دژە شۆڕش، نۆکەری ئیمپریالیست و هەتادواییمان بەناوچەوانەوە دەلکا، کە دۆگماتیستەکانی ئەو سەردەمە بەسەرتدا دەیان چەسپاند . ئەوەی من کردوومە، ئەگەر لەبیرتان بێت، ئەوە بوو کە خۆم خستە پەراوێزەوە. من لەنزیکەوە زۆر بەوردی دیقەتی پرۆسەی گەشەسەندنی کوبام دەکرد ئەو کاتەی خەریکی نووسینی کتێب و سیناریۆی فیلمی ڕۆمانەکانم بووم لە مەکسیک. ڕوانگەی من ئەوەیە کە هەرچەندە شۆڕش دوای هەڵچوونە زریانییە سەرەتاییەکان ڕێڕەوێکی سەخت و هەندێکجار دژ بەیەکی گرتەبەر، بەڵام هێشتا ئاسۆی نەزمێکی کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکات کە دیموکراسیتر و دادپەروەرترە و زیاتر لەگەڵ پێداویستییەکانمان دەگونجێت.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئایا تۆ دڵنیایت؟ ئایا هەمان هۆکارەکان هەمان ئەنجام بەرهەم ناهێنن؟ ئەگەر کوبا سیستەمی سۆڤییەت وەک مۆدێلێک وەربگرێت (دەوڵەتێکی تاکە حزبی، ناوەندگەرایی دیموکراسی،جنەقابەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت، ڕێکخراوە ئەمنییەکان کە کۆنترۆڵی توند بەسەر دانیشتوواندا دەکەن)، ئایا بەدەستهێنانی “نەزمی دادپەروەر و دیموکراسی” بەو شێوەیە قورس نابێت لەوێ وەک چۆن لە یەکێتیی سۆڤییەتدا هەیە؟ ئایا تۆ لەم شتە ناترسیت؟
گابریال گارسیا مارکیز : کێشەی ئەم شیکارییە خاڵی دەستپێکردنیەتی. تۆ لەو بنەمایەوە دەست پێدەکەیت کە کوبا مانگی دەستکردێکی سۆڤییەتییە و من باوەڕم بەوە نییە. پێم وایە شۆڕشی کوبا بیست ساڵە لە باری نائاساییدایە بەهۆی دوژمنایەتی و تێنەگەیشتنی ئەمریکاوە کە تەحەمول بە سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤی حکومەت ناکات کە نەوەد میل لە کەناراوەکانی فلۆریدا دوورە.
ئەمە خەتای یەکێتیی سۆڤیەت نییە، کە بەبێ هاوکاری ئەو (پاڵنەر و ئامانجەکانی هەرچییەک بن) شۆڕشی کوبا ئەمڕۆ بوونی نەدەبوو. لە کاتێکدا دوژمنایەتی بەردەوامە، دۆخی کوبا تەنیا لە ڕووی باری نائاساییەوە دەتوانرێت حوکم بدرێت کە ناچاریان دەکات بە شێوەیەکی بەرگریکارانە و لە دەرەوەی کایەی بەرژەوەندی مێژوویی و جوگرافی و کولتووری سروشتی خۆیان مامەڵە بکەن. کاتێک دۆخەکە ئاسایی بووەوە، ئەوکات دەتوانین جارێکی تر باسی بکەینەوە.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : فیدڵ کاسترۆ پشتیوانی لە چوونە ژوورەوەی یەکێتیی سۆڤییەت کرد بۆ یۆگۆسلاڤیا،( ئەمە ڕاستە لەگەڵ ڕەچاوکردنی هەندێ شت)، هەڵوێستی تۆ چی بوو؟
گابریال گارسیا مارکیز : من لەو کاتەدا ناڕەزایەتییەکی گشتیم کرد و ئەگەر هەمان دۆخ سەرهەڵبدات جارێکی دیکە هەمان شت دەکەمەوە. تاکە جیاوازی لە نێوان هەڵوێستی من و فیدڵ کاسترۆ (چاو تا چاو لە هەموو شتێکدا وەک یەک نابینین) ئەوەیە کە ئەو لە کۆتاییدا ڕەوایەتی بە دەستێوەردانی سۆڤییەت هێنا و من هەرگیز ڕەوایەتی نادەم. بەڵام ئەو شیکارییەی کە لە وتارەکەیدا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی دیموکراسییەکانی خەڵک کردبووی، زۆر ڕەخنەگرانەتر و بەهێزتر بوو لەوەی کە من لە وتارەکانمدا کردوومە کە ساتێک لەمەوبەر باسمان دەکرد. لە هەر حاڵەتێکدا داهاتووی ئەمریکای لاتین لە هەنگاریا، پۆڵەندا، یان چیکۆسلۆڤاکیا هەرگیز دیاری ناکرێت، بەڵکو لە خودی ئەمریکای لاتین دیاری دەکرێت. بیرکردنەوە لە هەر شتێکی تر وەسوەسەیەکی ئەوروپییە و هەروەها هەندێک لە پرسیارە سیاسییەکانتان بۆنی ئەم وەسوەسەیەی لێدێت.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا و دوای ڕەخنەلەخۆگرتنە بەناوبانگەکەی شاعیری کوبا هێبێرتۆ پادیلا، (٤)پادیلا لەلایەن پۆلیسی ئەمنییەوە دەستبەسەرکرا بۆ سین و جیم لەسەر هەڵوێستە سیاسییە “گومانلێکراوەکان”ی لە بەرهەمەکانیدا، دوای مانگێک و دوای دانپێدانانی بە ئاشکرا بۆ مەیلی دژە شۆڕش ئازادکرا. ئەمەش لافاوێکی ڕەخنەی ڕۆشنبیرانی ئەوروپی و ئەمریکای لاتینی لێکەوتەوە. ئەمەش وەک ڕوودانێکی گرنگ لە پەیوەندی نێوان نووسەران و شۆڕش دەبینرا چ وەک سەردەرهێنانی ستالینیزمێکی نادیار، یانیش وەک سەلماندنی ئەوەی کە ڕۆشنبیری بۆرژوازی خیانەت لە ئەرکەکانی خۆیان دەکەن بە وەستانیان لە بەرەی شۆڕشی لە ژێر گەمارۆدا حەسرکراو. هەندێک لە هاوڕێکانتان بە خۆمەوە خۆمان لە ڕژێمی کوبا دوور خستەوە، بەڵام تۆ نەتکرد. تۆ واژۆت لەسەر ئەو تەلەگرامە ناڕەزایەتییە نەکرد کە ئێمە ناردمان. تۆ سەردانی کوبات کرد و بوویتە هاوڕێی فیدڵ. چی وای لێکردیت کە هەڵوێستێکی ئاوا لەبار لە بەرامبەر ڕژێمی کوبا بگرێتەبەر؟
گابریال گارسیا مارکیز : زانیاری باشتر سەبارەت بەوەی کە بەڕاستی چی ڕوویداوە و هەروەها ڕوانگەیەکی سیاسی پێگەیشتووتر بوو وای لێکردم بتوانم بە ئارامی و سەبر و تێگەیشتنێکی مرۆیی زیاترەوە سەیری دۆخەکە بکەم.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : جگە لە تۆ ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران لە ئەمریکای لاتین باس لە سۆشیالیزم (مارکسیست-لینینیست) دەکەن وەک بەدیلێکی خوازراو. پێتوانییە ئەمە جۆرێک لە سۆشیالیزمی “مۆدێرن” بێت؟ سۆشیالیزم چیتر ئەبستراکتێکی بەخشندە نییە، بەڵکو واقیعێکی تا ڕادەیەک ناسەرنجڕاکێشە. ئایا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەوەی لە پۆڵەندا ڕوویدا، کەس باوەڕ بەوە نەکات کە چینی کرێکار لەو وڵاتانەدا دەسەڵاتدارە؟ ئایا دەتوانن بژاردەی سێیەم بۆ کیشوەرەکەمان لە نێوان سەرمایەداریی خراپ و “سۆسیالیزم”ی خراپدا ببینن.
گابریال گارسیا مارکیز : من باوەڕم بە بژاردەی سێیەم نییە. من پێم وایە بەدیلەکان زۆرن ، ڕەنگە تەنانەت بەدیلەکانیش بەقەد ژمارەی وڵاتانی ئەمریکای لاتینی ئێمە و لەنێویاندا ئەمریکاش هەبن. من قەناعەتم وایە دەبێت چارەسەری خۆمان بدۆزینەوە. دەتوانین لە هەر شوێنێک کە بتوانین سوودمەند بین لەوەی کە کیشوەرەکانی دیکە لە مێژووی درێژخایەنی پڕ لەپەشێوی خۆیاندا بەدەستیان هێناوە، بەڵام نابێت بەردەوام بین لە کۆپیکردنیان بە شێوەیەکی میکانیکی وەک ئەوەی تا ئێستا کردوومانە. بەم شێوەیە لە کۆتاییدا دەتوانین مارکەی خۆمان لە سۆسیالیزم بەدەست بهێنین.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : قسەکردن لەسەر بژاردەکانی تر، حکومەتی فەرەنسا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت لە ئەمریکای لاتین؟
گابریال گارسیا مارکیز : لەم دواییانەدا لە نیوەڕۆ خوانێکدا لە مەکسیک، سەرۆک میتران(٥) لە کۆمەڵێک نووسەری پرسی، “چاوەڕوانی چی لە فەرەنسا دەکەن؟” وەڵامەکەیان گفتوگۆیەکی وروژاند کە بەرەو ئەوە ڕۆیشت کە کێ دوژمنی سەرەکی کێیە. ئەوروپییەکانی سەر مێزەکە کە قەناعەتیان هەبوو کە لە لێواری هەندێک نەخشاندنی نوێی جیهاندان کە لەسەر شێوازی یاڵتا بوون،(٦)دەیانگوت دوژمنی سەرەکییان ئەمریکایە. من وەڵامی پرسیارەکەی سەرۆکم دایەوە (هەمان پرسیارەکە کە ئێستا دەیکەیت) بەم شێوەیە وتم، “بەو پێیەی هەریەکەمان دوژمنی ژمارە یەکمان هەیە، ئەوەی پێویستمانە لە ئەمریکای لاتین دۆستێکی ژمارە یەکە. فەرەنسای سۆسیالیستی دەتوانێت ئەو هاوڕێیە بێت”.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : ئایا پێتوایە دیموکراسی وەکچۆن لە وڵاتانی سەرمایەداری پێشکەوتوودا هەیە، لە وڵاتانی جیهانی سێیەمیشدا جێبکەوێت؟
گابریال گارسیا مارکیز : دیموکراسی لە جیهانی پێشکەوتوودا بەرهەمی گەشەسەندنی خۆیانە و بە پێچەوانەوە نییە. هەوڵدان و چاندنی لە دۆخی خامەکەیدا لە وڵاتانی (وەک ئەوانەی ئەمریکای لاتین) کە کلتوورێکی تەواو جیاوازیان هەیە، ئەوەندەی هەوڵدان بۆ چاندنی سیستەمی سۆڤیەت لەوێدا، تەقلیدی و ناواقیعییە.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : تۆ وای دەبینی کە دیموکراسی جۆرێک لە خۆشگوزەرانی وڵاتە دەوڵەمەندەکانە، لەیادت نەچێت ئەو دیموکراسییە هەڵگری خەسڵەتی پارێزگاری لە مافی مرۆڤە کە تۆ بەردەوام بۆی جەنگاویت.
گابریال گارسیا مارکیز : من باسی بنەما دیموکراسییەکان ناکەم بەڵکو باسی فۆرمەکانی دیموکراسی دەکەم.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : بەو بۆنەیەوە، ئەنجامی جەنگە درێژخایەنەکەت لەپێناو مافی مرۆڤ لەبواری سەرکەوتن و دۆڕاندا چیبووە؟
گابریال گارسیا مارکیز : پێوانەکردنی زۆر قورسە. هیچ ئەنجامێکی ورد و دەستبەجێ لەگەڵ کارەکانی وەک من لە بواری مافی مرۆڤدا نییە. زۆرجار کاتێک دێن کە تۆ کەمترین چاوەڕوانییان لێ دەکەیت و بەهۆی تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانەوە کە مەحاڵە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بەشەیان بکەیت کە کردارێکی تایبەتی خۆت دەیگێڕێت. ئەم بەرهەمە وانەی بێفیزییە بۆ نووسەرێکی بەناوبانگی وەک من، کە بە سەرکەوتن ڕاهاتووە.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : کام لەو هەنگاوانەی کە ناوتن زۆرترین ڕەزایەتبەخشی پێبەخشیوی؟
گابریال گارسیا مارکیز : ئەو کردارەی کە دەستبەجێترین ڕەزامەندی کەسی پێبەخشیم، کارێک بوو کە پێش سەرکەوتنی ساندینیستا (٦)لە نیکاراگوا ئەنجامم دا. (٧)تۆماس بۆرگێ کە ئێستا وەزیری ناوخۆیە، (٨)داوای لێکردم بیر لە ڕێگەیەکی باش بکەمەوە بۆ فشارخستنە سەر سۆمۆزا(٩) بۆ ئەوەی ڕێگە بە هاوسەرەکەی و کچە حەوت ساڵانەکەی بدات باڵیۆزخانەی کۆڵۆمبیا لە ماناگوا بەجێبهێڵن کە داوای پەنابەرییان لێکردبوو. دیکتاتۆر خەریکی ڕەتکردنەوەی ڕەفتارێکی سەلامەت بوو، چونکە ئەوان بنەماڵەی کەسێکی کەمتر نەبوون لە دوایین دامەزرێنەر و ئەندامی بەرەی ساندینیستا کە لە ژیاندا مابوو.
من و تۆماس بۆرگێ بۆ چەند کاتژمێرێک کێشەکەمان هەڵگەڕاندەوە تا خاڵێکی بەسوودمان بۆ هات. کچە بچووکەکە هەوکردنی گورچیلەی هەبوو. پرسیارمان لە پزیشکێک کرد کە بارودۆخی ئێستای چۆن کاریگەری لەسەر ئەمە دەبێت؟ وەڵامەکەی ئەو ئارگیومێنتەی پێداین کە بەدوایدا دەگەڕاین. کەمتر لە چل و هەشت کاتژمێر دواتر دایک و کچ لە مەکسیک بوون، ئەمەش بەهۆی ڕەفتارێکی سەلامەتەوە کە بە پاساوی مرۆیی نەک سیاسی بەخشران.
لە بەرامبەردا زۆرترین دۆسیەی بێهیواکەرم ئەو کاتە بوو کە یارمەتیم دا بۆ ئازادکردنی دوو بەڕێوبەری بانقی ئینگلیزی کە لە ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن گەریلاکانەوە لە ئەلسەلڤادۆر ڕفێندرابوون. ناویان ئیان ماسی و مایکل شاتەرتۆن بوو و چونکە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوو لایەندا نەکرابوو ، بڕیار بوو لە ماوەی چل و هەشت کاتژمێردا لە سێدارە بدرێن.
ژەنەڕاڵ عومەر تۆریخۆس(١٠) بەناوی خێزانی پیاوە ڕفێنراوەکانەوە تەلەفۆنی بۆ کردم و داوای لێکردم یارمەتیدەر بم لە ڕزگارکردنیان. لە ڕێگەی چەندین ناوەندەوە پەیامەکەم بۆ گەریلاکان گواستەوە و لە کاتی خۆیدا گەیشتە گەریلا. بەڵێنم دا کە ڕێکبخەم بۆ ئەوەی دەستبەجێ دانوستانەکانی فیدیە دەست پێبکاتەوە و ئەوانیش ڕازی بوون. پاشان داوام لە گراهام گرین کرد کە لە ئەنتیبێس دەژێت، پەیوەندی بە لایەنی ئینگلیزییەوە بکات.
دانوستانەکانی نێوان گەریلا و بانکەکە چوار مانگی خایاند. ڕێککەوتن کرابوو کە نە من و نە گراهام گرین هیچ بەشدارییەک لە دانوستانە ڕاستەقینەکاندا نەکەین بەڵام، هەرکاتێک کێشەیەک دروست دەبوو، لایەنێک یان لایەنێکی دیکە پەیوەندییان پێوە دەکردم بۆ ئەوەی هەوڵبدەن و گفتوگۆکان دووبارە دەستپێبکەنەوە.
بەڕیوبەرەکان ئازاد کران بەڵام نە گراهام گرین و نە خۆم یەک وشەی سوپاسگوزاریمان وەرنەگرت. بێگومان زۆر گرنگ نەبوو، بەڵام تا ڕادەیەک سەرم سوڕما. دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، ڕوونکردنەوەیەکم بۆ هات، من و گرین شتەکانمان ئەوەندە باش ڕێکخستبوو کە ئینگلیزەکان پێیان وابوو ئێمە بەشداری پیلانین لەگەڵ گەریلاکان.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : زۆر کەس وەک جۆرێک لە باڵیۆزی سەرگەردان لە کاریبی سەیرت دەکەن ، بێگومان باڵیۆزێکی نیازپاکی. تۆ هاوڕێی شەخسی کاسترۆیت، هەروەها هاوڕێی تۆریخۆس لە پەنەما، کارلۆس ئەندرێس پێرێز لە ڤەنزوێلا، ئەلفۆنسۆ لۆپێز میشێلسۆن لە کۆڵۆمبیا، هاوڕێی ساندینیستاکان لە نیکاراگوای. تۆ قسەکەرێکی ئیمتیازداریت بۆ هەموویان. چ پاڵنەرێک لەئارادایە بۆ وەرگرتنی ئەم ڕۆڵە؟
گابریال گارسیا مارکیز : ئەو سێ کەسایەتییەی کە باسیان دەکەیت لە یەک کاتدا لە دەسەڵاتدا بوون کە کاتێکی زۆر گرنگ بوو بۆ کاریبی. ڕێکەوتێکی زۆر بەختەوەرانە بوو. بەداخەوە کە ئەوان نەیاندەتوانی بۆ ماوەیەکی زیاتر هاوکاریان بکەن. ساتێک هەبوو کە ئەو سێ کەسە کە لەگەڵ کاسترۆ و سەرۆکێکی وەک جیمی کارتەر لە ئەمریکا کاریان دەکرد. بێگومان دەیانتوانی ئەم ناوچەی ململانێیە بخەنە سەر ڕێگای ڕاست. گفتوگۆیەکی بەردەوام و زۆر ئەرێنی لە نێوانیاندا بەڕێوەدەچوو. نەک هەر شایەتحاڵی ئەوە بووم بەڵکو هەرکاتێک توانیبێتم یارمەتیم داوە. پێموایە ئەمریکای ناوەڕاست و کاریبی (بۆ من یەک شتن و تێناگەم بۆچی پێیان دەوترێت دوو شتی جیاواز) گەیشتوونەتە قۆناغێکی گەشەسەندن و خاڵێک لە مێژووی خۆیاندا؛ کە ئامادەن بۆ شکاندن و دەرچوون لە چەقبەستوویی نەریتی خۆیان. بەڵام منیش لەو باوەڕەدام کە ئەمریکا هەر هەوڵێکی لەو جۆرە پووچەڵ دەکاتەوە، چونکە بە واتای دەستبەرداربوون لە ئیمتیازە زۆر کۆن و گرنگەکانە. کارتەر لەگەڵ هەموو سنووردارکردنەکانیدا باشترین لایەن بوو بۆ ئەم گفتوگۆیەی کە کاریبی لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەیبووە و ئەو ڕاستییەی کە سەرۆکایەتییەکەی هاوکات بوو لەگەڵ سەرۆکایەتییەکەی تۆریخۆس و کارلۆس ئەندرێس پێرێز و لۆپێز میشێلسن، بەڕاستی زۆر گرنگ بوو. هەر ئەم دۆخ و قەناعەتە تایبەتە بوو کە هانی دام بەشداری بکەم، هەرچەندە بە شێوەیەکی نێوانڕۆییش بێت. ڕۆڵی من تەنیا ڕۆڵی ناوەندێکی نافەرمی بوو لە پرۆسەیەکدا کە ئەگەر هەڵبژاردنی کارەساتبارانەی سەرۆکی ئەمریکا نەبووایە کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان دەکات، زۆر لەوە زیاتر دەڕۆیشت. تۆریخۆس دەیگوت کارەکەم “دیپلۆماسی نهێنی”یە، زۆرجاریش لەبەردەم خەڵکدا دەیگوت ڕێگەیەکم هەیە بۆ ئەوەی هەواڵی ناخۆش وەک خۆش دەرکەوێت. هەرگیز نەمدەزانی ئەمە سەرزەنشتە یان دەستخۆشی.

گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ : چ جۆرە حکومەتێکت پێخۆشە لە وڵاتەکەت لە دەسەڵاتدا بێت؟
گابریال گارسیا مارکیز : هەر حکومەتێک بێت بەس خەڵکی هەژار ئاسوودە بکات. ئینجا بزانە!

تێبینییەکان وەرگێڕ ئامادەی کردوون :
(١)کۆمەڵکوژی بەکۆمەڵی کرێکارانی کۆڵگەکانی مۆز لە کۆمپانیای یونایتد فروت کە لە ڕۆژانی ٥ و ٦ ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٨ ڕوویدا. سەرەتا کرێکارانی گیڵگەکانی مۆز مانیان گرت لەپێناو :
١-باشترکردنی هەلومەرجی کارکردن.
٢-کرێ هەفتانە بدرێت.
٣-بیمەی کاریان هەبێت.
٤-خزمەرگوزاری نەخۆشخانە باشتر بکرێت.
٥-واز‌ێنانی کۆمپانیا لە دامەزراندنی کڕیکارانی کاتیی وەک هەڕەشە بۆ سەر مانگرتووان.
٦-زیادکردنی هەقدەست.
٧-شەش ڕۆژ کارکردن لە هەفتەدا.
دەوڵەتی کۆڵۆمبیا و سەرمایەدارانی کۆمپانیای یونایتد فروت کرێکارانیان بە کۆمۆنیست دەناساند و دواتر فەرمانی تەقەکردن دەرکراو کرێکاران کەوتنە بەر دەستڕێژی گوللە و ٤٧ کڕێکار گیانیان بەخت کرد و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.دیارە بەشێکی بەرچاوی بەشداربووان لە کرێکاران ئەندامی حیزبی لیبڕاڵ و حیزبی کۆمۆنیستی کۆڵۆمبیا بوون.
(٢)ئەلفۆنزۆ لۆپز ( ١٨٨٦ – ١٩٥٩) سیاسەتمەدارێکی کۆڵۆمبیا کە دووجار بە سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا و لەڕیگەی حیزبی لیبڕاڵی کۆڵۆمبیاوە گەیشتە دەسەڵات. لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەم سەرۆکەدا ماف و ئازادی بزووتنەوەی نەقابی لە کۆڵۆمبیا پەرەی سەند و دەسەڵات زیاتر بەلای چەپدا قورسایی خۆی دانابوو.
(٣)گۆڤاری بۆگۆتا؛گۆڤارێک بوو لە شاری بۆگۆتا لە وڵاتی کۆڵٶمبیا دەردەچوو.
(٤)هێبێرتۆ پادیلا ( ١٩٣٢ – ٢٠٠٠) شاعیری کوبی کە سەبارەت بە هەڵوێستی دەرهەق بە شۆڕشی کوبا و دوای هاتنە دەرەوەی لە زیندان، سەرنجی نێونەتەوەیی چووە سەر ناسرا.
(٥)فرانسوا میتەران(١٩١٦ – ١٩٩٦) سەرۆکی فەرەنسا بوو لەنێوان ١٩٨١ – ١٩٩٥. سکرتێری حیزبی سۆشیالیستی فەرەنسا بوو. میتەران یەکەمین چەپ و درێژماوەترین سەرۆک بووە لەمێژووی فەرەنسا.
(٦)یاڵتا یان ساری یاڵتا کەوتۆتە کەنارەکانی باشووری ئۆکرانیا کە بە دەریای ڕەش دەورەدراوە.
(٧)ساندینیستا؛حیزبی سۆشیالیستی سیاسی نیکاراگوا کە بە ئەندامەکانی دەوترا ساندینیستا.
(٨)تۆماس بۆرگێ(١٩٣٠ – ٢٠١٢) ئەندامی حیزبی سۆشیالیستی نیکاراگوا و وەزیری ناوەوەی نیکاراگوا لەسەردەمی دەسەڵاتی دانیال ئۆرتێگا.
(٩)سۆمۆزا؛دیکتاتۆر ئەنەستاسیۆ سۆمۆزا گارسیا ( ١٨٩٦ – ١٩٥٦) کە بۆ ماوەی چەند دەیە قۆرخی دەسەڵاتی وڵاتی نیکاراگوای کربوو و ساڵی ١٩٥٦ تیرۆر کرا.
(١٠)ژەنەڕاڵ عومەر تۆریخۆس؛یان عومەر تۆریخۆش هیرارا ( ١٩٢٩ – ١٩٨١)دیکتاتۆر و سەرکردەی وڵاتی پەنەما بوو و ئەو کەسەش بوو کە سەودای بە کەناڵی پەنەماوە لەگەڵ ئەمریکادا کرد.

سەرچاوە : گۆڤاری لێکۆڵینەوەی چەپی نوێ؛ ژمارە ئازار و نیسانی ساڵی ١٩٨٣
New Left Review.
سایتی جاکۆبین
https://www.jacobinmag.com/2014/04/gabriel-garcia-marquez-our-own-brand-of-socialism

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish