
شانۆ و کۆمەڵگا.. نیهاد جامی
پەیوەندی نێوان شانۆ و کۆمەڵگا هەمیشە بۆ من بابەتێکە جێگەی گرنگی تایبەتیم بووە، بەپێی قۆناغ و ئاستەکان ئەوەی جیاوازی بۆ خوڵقاندوین زادەی تێگەیشتنمان بووە لە زمانی شانۆیی، لێرەشدا لەسۆنگەی ئەم پەیوەندیە هەندێک سەرنج دەخەینە ڕوو.
نمایشی شانۆیی زادەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگایە، نمایشێک نیە لەهەر کۆمەلگایەک نمایش بکرێت کاریگەریەکانی لەیەک ئاستدا بن، ئەوەش پەیوەستە بە گرنگی پەیوەندی نێوان نمایش و کۆمەڵگا، کە پێویستە گوزارشت لەخەمی کۆمەلگا بکات، هەر کاتێک شانۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا بەجێنەهێشت مانای وایە شانۆیەکی دابڕاوە لەژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی ئەو کۆمەڵگایە.
بۆیە ئەو دەمەی دەرهێنەری شانۆیی هەست دەکات شانۆنامەیەک لەگەل دیدی دەرهێنانی ئەو ناگونجێت بەبیانوی دیدگای دەرهێنانی و چارەسەری درامی و خوێندنەوەی نوێ ناکرێت تێکست ببڕێت و زیادی بکات کە سەرەنجام کار لەتەک شانۆنامەیەک دەکەیت کە بەویستی خۆت دەستکاریت کردووە، لەو کاتەدا باشترین کارێک ئەوەیە واز لەنوسەرەکەو شانۆنامەکەی بێنیت و بۆ خۆت ئەو شانۆنامەیەی دەتەوێت بینووسیت، یاخود ئەوەی دەتەوێت لەگەڵ شانۆنوسێک رێکبکەویت کە شانۆنامەیەکی لەو شێوەیەت بۆ بنووسیت، ڕابردووی ئێمە لەشانۆدا یادەوەریەکی سەرگەردانە لەژێر ناوی سەیرەوە، بۆیە پێویستە لەئێستادا خالێک بۆ ئەو ڕابردووە دابنێین، هەڵەکانیش هێندە زۆرن چاوپۆشی لێکردن و بەردەوامی لەسەری تەنیا گوزارشت لە نەزانینی ئێمە دەکات، دەبێت بوێری ئەوەمان هەبێت دان بەهەلەکانی ڕابردومان بنێین.
بۆیە پێویستە ئەوە بزانین کەوا کردەی ئامادەکردنی چیرۆک یا ڕۆمان بۆ شانۆنامە، کردەی گۆڕینی ژانری ئەدەبیە، نەک لەپشت ناوی نووسەر هەلبستین بە نووسینی دیمەن و لا بردنی بونیادی پێکهاتەی چیرۆک، لەدەرەوەی ئەو کردەیە نووسەر دەتوانێت شانۆنامەیەک بنووسێت ئاماژە بۆ ئەوە بکات کەوا بیرۆکەکەی لەچیرۆکێک وەرگیراوە، ئێمە لەڕابردوو ئەوەمان ناوبردوە بە دەقئاوێزان، کە ئەوەش خەوشێکی مەعریفەی شانۆیی ئێمە بووە، نووسەر دەتوانێت وەک نووسینی سەربەخۆ ئاماژە بۆ شانۆنامەکەی بکات، بە ئاماژەکردن بەو چیرۆکەی وەک بیرۆکە کاری لەتەکدا کردووە.
وەک ئاماژەمان بۆ کرد ئامادەکردن گۆڕینی ژانرە، ئەو ڕوانینەی بڕوای وایە گۆڕینی ژانر دەکرێت وەک نووسینی سەربەخۆ ناوی بەرین لەراستیدا کە کارەکتەرو رووداو و شوێن و ململانێی درامی زادەی رۆمان یان چیرۆکەکە بێت بەهیچ جۆرێک ناتوانین وەک تێکستی سەربەخۆ ناوی بەرین لەڕێی گۆڕینی ژانرەوە، گۆڕینی ژانر دەبێتە کردەی ئامادەکردن بۆ شانۆ.
بۆیە پێویستە ئەوە بخەینە ڕوو کەوا دەقئاوێزان لەنمایشی شانۆییدا بریتی نیە لە کۆکردنەوەی چەند دەقێک لەناو دەقێکدا، یاخود گواستنەوەی دیالۆگ و دەستەواژەکانی دەقیتر، ئەو تێگەیشتنە هەڵە حاڵی بوونی دەرەوەی تیۆرە، لەڕاستیدا ئیشکردنەوەی دەقئاوێزان لەشانۆدا وەرگرتنی چەمک یاخود کارەکتەرە، بۆ سەر لەنوێ نووسینەوەی دەقێکی نوێ کە تێگەیشتنی دەقی پێشوو بگۆڕێتە سەر مانای نوێ، وەک ئەو تێگەیشتنەی فەیلەسوفی فەڕەنسی ژیل دۆلۆز لەکتێبی دژە ئۆدیب ئەوە دەخاتە ڕوو کە نایەوێت بەرەو تێگەیشتنی فرۆید بۆ گرێی ئۆدیب بگەڕێتەوە، هێندەی مەبەستیەتی فاشیزمی نوێی خۆرئاوای پێ بخوێنێتەوە.
بۆیە ئەو شانۆنامانەی مانای نوێیان بە دەقئاوێزان بەخشیووە چەمک و کارەکتەر و روداویان وەرگرتووە نەوەک دیالۆگی شانۆنامەی پێشوو بێنن کۆی بکەنەوەو بەویستی خۆیان شانۆنامەکە وەک کۆلاژێک بخەنە ڕوو، ئەوەی لەبزوتنەوەی شانۆی ئێمە بینراوە کۆلاژی شانۆنامەکانە نەک دەقئاوێزان، بۆ من ئەو بابەتە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە لەداهاتوودا لەڕێگەی توێژینەوەیەکی زانستیەوە لەسەری دەوەستم ولێی دەکۆڵمەوە.
نیهاد جامی