ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی و دۆنكیشۆته‌كانی سه‌ربه‌خۆیی … ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین
به‌راییه‌كی تێوری
(ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی – سینیزم Zynismus ) وه‌ك چه‌مك له‌فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانیه‌وه (پیته‌ر سلۆته‌ردایك) وه‌ریده‌گرم، به‌ساده‌یی قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م، به‌وه‌ی فیگوری مۆدێرن و ڕۆشنگه‌ر، له‌بانگه‌شه‌دا شتێكه و له‌ئه‌كت وكرده‌دا شتێكی دیكه ده‌كات.
به‌گشتی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی die zynische Vernunft – یان cynical reason – له‌هه‌موو ڕووداوه مێژووییه‌كاندا، له‌جوڵه كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ناو نوسه‌ران و بیرمه‌نداندا، لێره‌و له‌وێ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌وه‌ی نمایشی شتێكه و جه‌وهه‌ری خۆیشی شتێكی تره. سلۆته‌ردایك له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا (ڕه‌خنه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی – ١٩٨٣) بانگه‌شه‌ی كۆتایی ئه‌و ئایدیا گه‌ورانه ده‌كات كه‌ده‌یانویست دونیا بگۆڕن، هه‌ر له‌ڕۆشنگه‌رییه‌وه بیگره تاوه‌كو ده‌گاته ماركسیزم. له‌هه‌موویاندا ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی مۆتیڤ و پشته وێنه‌ی نادیار بووه و ئه‌كت و ئایدیا و جوڵه مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی جوڵاندووه. هه‌میشه له‌پشت گوتاره‌وه discurs سلۆته‌ردایك له دووتوێی ٩٥٤ لاپه‌ڕه‌دا ڕۆشنگه‌ری و فرۆدیزم و ماركسیزم و مێژووی سیاسی ئه‌وروپا خستۆته به‌رده‌م فاكته مێژووییه‌كانه‌وه و لێره‌وه كۆتایی درۆگهورهكان له‌ناو ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕیدا پشته وێنه‌ی نمایشه گه‌وره‌كانی ئایدیاكانه.
به‌گشتی (سینیست – یاخود گاڵته‌جاڕ) ئه‌و كه‌سه‌یه، ئه‌و فیگوره‌یه، كه‌له‌ناو ئایدیا و جوڵه مێژووییه‌كاندا نیه‌ته ڕاسته‌قینه‌كانی خۆی ده‌شارێته‌وه، له‌هه‌ندێك ئه‌كتدا، جوڵه‌دا، كرده‌دا، به‌شێك له‌م جه‌وهه‌ره ئاشكراده‌بێت، له‌هه‌ندێك پێچ و هه‌ڵسوكه‌وت و لێدوان و كرده‌ی مێژوویدا (خوده ڕاسته‌قینه‌كه) ی ئاشكراده‌بێت. به‌ڵام ئه‌م فیگوره زیره‌كه smart ڕۆشنگه بووه به هۆشمه‌ندیه‌كی ڕۆشنگه‌رانه‌ی ساخته‌وه – das aufgeklrte falsches Bewutsein – به‌رده‌وام گه‌مه ده‌كات و خاوه‌ن ماسكێكی تونده، به‌جۆرێك ئه‌وه‌نده چۆته ناو پێستی ده‌موچاویه‌وه، كه جوداكردنه‌وه‌ی له‌ده‌موچاوه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی كار و ئۆپۆزیسیۆنبوونێكی كولتوری و ئه‌زموونی زۆری ده‌وێت.
لێره‌وه ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی پشته وێنه و مۆتیڤه‌كانی مێژوو و دیسكۆرس نیشانده‌دات نه‌ك ته‌نها دیسكۆرس Diskurs به‌ڕووتی خۆی. به‌دیوێكی تردا، قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌قڵه گاڵته‌جاڕیه، هه‌وڵدانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م (خوده گاڵته‌جاڕه) – ئه‌م (سوبێكته سینیسته) له‌كۆنتێكسته جیاوازه‌كانیدا. خوێنه‌ری ئازیز ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ سێینه كتێبی (سلۆته‌ردایك له‌نێزیكه‌وه*( – به‌شی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی) له‌وێ، به‌درێژایی له‌چه‌نده‌ها كۆنتێكستدا باسمان لێوه‌ی كردووه.
ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوری و فیگوری دۆنكیخۆته ده‌لامانجا
ئه‌م نوسینه هه‌وڵدانه بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی فیگوری دۆنكیخۆتهیه له‌ناو ژینگه‌ی سیاسی كوردیدا، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌م نوسینه‌دا فۆكۆسی له‌سه‌ر ده‌كه‌م چۆنێتی مامه‌ڵه‌ی (ئه‌قڵی سیاسی كوردیه) له‌گه‌ڵ پرسێك كه ناوی ( به‌های سه‌ربه‌خۆیی) یه له‌كۆنتێكسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یدا. له‌م نوسینه‌دا به‌دووی؛ (دووفاقیه‌ت – هایپۆكرهسی Hypocrisy ) و (سینكاڵیهت /گاڵته‌جاڕی – Zynismuns ) و (پۆپۆلیزمی – Populism ) ئه‌م فیگوره‌دا ده‌گه‌ڕێین. ده‌مانه‌وێت بزانین ئه‌م ئه‌قڵه چۆن خۆی فڕێداوه‌ته ناو كایه‌كی مێژووییه‌وه و چۆن مامه‌ڵه له‌ته‌ك به‌هایه‌كی وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات؟ به‌مانای ئه‌و فیگوره سیاسیانه‌ی كه (پڕۆ سه‌ربه‌خۆین) و ئه‌وانه‌ی دژ یاخود (كۆنترا سه‌ربه‌خۆین)، چۆن مامه‌ڵه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌دا ده‌كه‌ن و چۆن توخمه سینستیه، گاڵته‌جاڕیه‌كه لێره و له‌وێ دێته سه‌ر ڕووكه‌شی مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وتیان؟ بێگومان ده‌نگده‌ری به‌ڵێ و نه‌خێر و بایكۆت، له‌م نوسینه‌دا ته‌نها ده‌نگده‌رن و ده‌رئه‌نجامه‌كان به‌رچاو ده‌گیرێت، به‌مانای ئه‌وه‌ی جێگه‌ی فۆكۆسی منه له‌م نوسینه‌یه‌دا فیگوره سیاسیه‌كه‌یه، ئه‌كتی فیگوره سیاسیه‌كه‌یه له‌ناو ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تی و پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌دا.
ئه‌م فیگوره سیاسیه بكه‌ره به‌ڕای من، چۆته ناو تونێلێكه‌وه كه‌ته‌نها یه‌ك ڕێگه‌ی چوونه ده‌ره‌وه‌ی هه‌یه و توانای گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه، و گه‌ڕانه‌وه‌ش كۆتاییه به خه‌ونێكی گه‌وره له‌خودی خۆیدا وه‌ك ئه‌كته‌رێكی سیاسی پۆزه‌تیڤ، كه لێره‌دا دۆنكیشۆتمان بیرده‌خاته‌وه و كۆی گوتاره‌كه هه‌وڵدانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م فیگوره له‌مێژوویی ئێستاماندا چ له‌ناو ده‌سه‌ڵات و چ له‌كایه‌كانی جوڵه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیكه‌دا.
له‌ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (سێرڤانتس) به‌ناوی (دۆنكیخۆته) پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ی (دۆنكیخۆته ده‌لامانجا – یان دۆن‌كیشۆت ) ئۆرستۆكراتێكه و له‌وه‌همی ئه‌وه‌دا ده‌ژی كه دونیا له‌هه‌ژدیها و هێزه شه‌ڕانیه‌كان ڕزگار ده‌كات و دونیا چاوه‌ڕێی سوارچاكی ئه‌و ده‌كات. ئاوه‌ها به‌خۆیی و ڕمێكی شكاو، بارگیرێكی لاته‌وه گه‌شته‌كه‌ی ده‌ستپێده‌كات، دونیای لێ ده‌بێته دونیای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و به‌ها گه‌وره‌كانی شه‌ڕ و خێر و دڵداری پاك و جه‌نگه مێژووییه‌كان و شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ڕۆحه شه‌ڕانیه‌كان و ئه‌ژدیهاكان. دۆنكیخۆته دالا مانج له‌ناو وه‌همه‌كانی خۆیدا ده‌یه‌وێت (مێژوویه‌كی سوارچاكی) بۆ خۆی دروستبكات، له‌دونیایه‌كدا ده‌مێكه سه‌رده‌می سوارچاكه‌كان بوونی نه‌ماوه، به‌ڵام دۆنكیخۆته سووره له‌سه‌ر موماره‌سه‌كردنی سوارچاكی و ڕزگاركردنی دونیا له‌هه‌ژدیها و ڕۆحه شه‌ڕانیه‌كان كه‌زۆر ده‌مێكه زه‌مه‌نیان به‌سه‌ر چووه. بێگومان له‌دوایدا ده‌بێته قه‌شمه‌ری خه‌ڵك و كهوهئاگادێتهوه دونیا ڕاسته‌قینه ده‌بینێت، ئیدی به‌نائومێدی له‌سه‌ر دواپێخهف ده‌مرێت.
له‌م ڕووبهڕووبوونهوهیهمان له‌گه‌ڵ فیگوری دۆنكیخۆته دالامانجا، به‌ریه‌كه‌وتنی دۆنكیخۆته ده‌بینین له‌گه‌ڵ بههاگهورهكان كه (ڕزگاركردنی دونیایه) له هێزه شه‌ڕانیه‌كان، به‌بێئه‌وه‌ی ئامڕازه‌كانی ئه‌و به‌گژاجوونه‌وه‌ی پێ بێت. لێره‌وه ده‌بینین ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی له‌چه‌ند پێچێكدا له‌گه‌ڵ (به‌هاكانی نه‌ته‌وه) دا یهكدگیردهبێت، به‌بێئه‌وه‌ی به‌هاكانی خۆی وه‌ك ئه‌كته‌ری سیاسی بزانێت. به‌مانای به‌بێئه‌وه‌ی وه‌ك كاراكته‌ر سه‌ربه‌خۆیی له‌كه‌سێتی سیاسی خۆیدا بوونی هه‌بێت، تاوه‌كو گوتاری سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نێت و مامه‌ڵه‌ی له‌سه‌ر بكات. به‌مه‌رجێك كۆی له(سه‌دا نه‌وه‌د و دوو) ی كورد، به‌زۆرینه‌ی ڕه‌ها ته‌عبیری له‌و سه‌ربه‌خۆبوونه كرد، لێره‌وه (سینیزمی كوردی – ئه‌لی گاڵته‌جاڕی كوردی) گه‌مه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كات، به‌ده‌ستلێدان له دوو به‌های گه‌وره (ڕۆحی نه‌ته‌وه) و (به‌هاكانی سه‌ربه‌خۆیی).
نیگه‌رانی سوبێكتی سیاسی له‌به‌رامبه‌ر به‌هاكان
ئاشكرایه كه ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت و گۆڕانكارییه گه‌وره‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی (به‌هاكان die Werte – Values – ) داده‌مه‌زرێن، به‌مانای كاتێك به‌هایه‌كی نوێ دێته ئاراوه، ئیدی كه‌ش و هه‌واكه ده‌گۆڕێت، له‌وانه‌یه سه‌ركه‌وتنی سیاسی به‌ده‌ست نه‌یه‌ت، له‌وانه‌یه ئه‌كته‌ره سیاسیه‌كان له‌ناوه‌ڕاستی ڕێگه پاشگه‌زببنه‌وه، به‌ڵام ئیدی به‌ها نوێیه‌كه هاتۆته ئاراوه، وورده وورده ده‌بێته فاكتێكی مێژوویی كه‌ده‌بێت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت. له‌م خاڵه‌وه تێده‌گه‌ین بۆچی توركیا و ئێران و ئێراق وه‌ك خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ نه‌كردنی ڕیفراندۆمدا بوون به‌هه‌ر نرخێك بێت، چونكه ئه‌وان ده‌زانن فڕێدانی به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك (سه‌ربه‌خۆیی) بۆ مه‌یدانی پراكتیكی و (ئه‌قڵی گشتی) نه‌ته‌وه‌یه‌ك كارێكی ترسناكه. ئه‌وان ده‌زانن چۆن ده‌وڵه‌ت دروستده‌بێت، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌هاكان و دوایش به‌هاكان وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانی ئابووری و داموده‌زگا و په‌یوه‌ندییه‌كان. خۆ ئه‌گه‌ر دوایش سه‌ركردایه‌تیه سیاسیه‌كه‌ی كورد گه‌مه به‌ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم بكات ( كه ئه‌مه زانراوه و تاقیكراوه‌ته‌وه) ئه‌وا به‌ڕای ئه‌وان هه‌ر هه‌ڵه گه‌وره‌كه‌یان ئه‌نجامداوه؛ چونكه به‌هایه‌كی سیاسی گه‌وره‌یان فڕێداوه‌ته ناو ڕۆحێكهوه كه تاوه‌كو ئێستا وه‌ك (خه‌ونی شاعیران) سه‌یر كراوه، به‌ڵام ئێستا ده‌بێته ئه‌كتێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه‌ش هه‌وڵدانی یه‌كه‌مه بۆ بیناكردنی (ڕۆحی نه‌ته‌وه) كه بۆ شۆڤێنزمی ناوچه‌كه كارێكی ترسناكه. بێگومان گه‌ر سه‌ركردایه‌تی ئێستای كوردی سه‌ودای پێوه بكات، ئه‌وا ئه‌م به‌ڵگه‌نامه مێژووییه له‌ناو فه‌زای سیاسی‌دا ئاماده‌یه و وه‌ك گوتارێك هێزه سیاسیه نوێیه‌كان ده‌توانن بیكه‌ن به‌گوتاری خۆیان، چونكه ده‌نگه‌كان ده‌نگی زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بووه و كردوویانه به‌گوتارێكی مێژوویی. ئه‌مه به‌ڕای شۆڤێنزمی توركی و عه‌ره‌بی و فارسی ترسناكترین ئه‌كت بوو كه شۆڤێنزمی ده‌وڵه‌تی ناوچه‌كه پێی وابوو نه‌ده‌بوایه بكرایه. به‌مانای ده‌وڵه‌تانی چوارده‌ور نیگه‌رانی كرده مێژووییهكهن، نه‌ك كاراكته‌ره سیاسیه‌كانی پشت ڕیفراندۆمه‌كه! نیگه‌رانن به‌وه‌ی به‌هایه‌ك هاتۆته ناو سایكۆلۆژیه‌تی میلله‌تانی ناوچه‌كه و میلله‌تێكی دیاریكراویش كه كورده به‌زۆرینه‌ی ڕه‌ها ده‌نگی له‌سه‌ر داوه. هه‌ر بۆیه هه‌موویان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن؛ كه پێویسته سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كان ڕابگه‌یه‌نن و نایه‌نه‌وێت دان بهدهرئهنجامهكاندا بنێن. به‌مانای نایه‌نه‌وێت له كه‌ش و هه‌وایه‌كی دیكه‌دا مامه‌ڵه و سه‌وداكاری بكه‌ن.
له‌ڕووی ئه‌قڵانیه‌تی پراكتیكیه‌وه، گه‌ر تاوه‌كو 25.09.2017 سه‌ربه‌خۆیی خه‌ونی ته‌نها شاعیران بووبێت، ئه‌وا له‌دوای ئه‌م مێژووه خه‌ونی له‌سه‌دا نه‌وه‌د و دووی میلله‌تێكه، وه‌ك به‌ڵگه‌نامه و مێژوو. به‌مانای كرده‌یه‌كی مێژوویی ڕوویدا، له‌گروپێكی بچوكه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فراوان. ئه‌مه‌ش گه‌مه ترسناكه‌كه بوو، كه به‌ڕای شۆڤێنزمی ناوچه‌كه نه‌ده‌بوایه ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه كوردییه، به‌م مێژووه پڕ كێشه‌ی دیموكراتی گه‌نده‌ڵییه‌وه بیكردایه، ئه‌مه ئه‌كته چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كه بوو، چونكه ئه‌وان چاوه‌ڕوانی ئه‌م ئهكتهیان له‌م كاراكته‌ره سیاسییه نه‌ده‌كرد.
به‌دیوێكی تردا، ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی له‌م كرده مێژوویه‌دا به‌رامبه‌ر دابه‌شبوونی كاراكته‌ری خۆی بۆوه، به‌مانای به‌رامبه‌ر دووفاقی مێژوویی خۆی ده‌بێته‌وه، به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت هه‌م قۆرخكاری سامانی میلله‌تی خۆی بێت و هه‌م گره‌وی مێژوویی سه‌ربه‌خۆییش بباته‌وه. ئه‌مه‌ش سه‌رسوڕمانه گه‌وره‌كه‌ی كۆی ناوچه‌كه بوو، به‌وه‌ی ئه‌م دوو به‌هایه یه‌كناگرنه‌وه. له‌ڕاستیشدا ده‌بێته ئه‌و پوشه‌ی عه‌ره‌ب ده‌ڵێت؛ پشتی حوشتر ده‌شكێنێت. هه‌ر بۆیه من پێموابوو؛ كه‌ده‌نگدانی به‌ڵێی خه‌ڵكی كوردستان به سه‌ربه‌خۆیی له‌ناوه‌ڕۆكیدا ڕووتكردنه‌وه‌ی ئه‌قڵی سیاسیه كوردی بوو له‌به‌رده‌م به‌ها گه‌وره‌كانی وه‌ك؛ (ڕۆحی نه‌ته‌وه) (سه‌ربه‌خۆیی) و (كوردبوون) (مێژووگه‌رایی) و (ڕیزپهڕكردنی گرێی به‌خۆ كهمزانین)… بێگومان ئه‌م به‌هایانه هه‌موو ماسكه‌كان له‌ناو فه‌زای پراكتیكیدا لێده‌كاته‌وه، چونكه ئه‌م به‌ها گه‌ورانه ئه‌كته‌ره سیاسیه‌كان ده‌خاته به‌رده‌م لێپسراوێتیه مێژوویی و ئهخلاقیهكانیانهوه.
دووفاقیه‌تی ئه‌قڵی سیاسی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسێۆنی سیاسی و میدیایی
پرسی وه‌ها گه‌وره مامه‌ڵه دووفاقیه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسێۆن و ته‌نانه‌ت ئه‌قڵی كۆمه‌كی كوردی خسته به‌رده‌م (خود – ناسینه‌وه) هه‌ر له ناسینی (گرێی خۆبه‌كه‌مزانین) به‌رامبه‌ر بێگانه، تاوه‌كو ناسینی ئاستی ڕاستی و درۆیی (كوردبوون) له‌ناوكۆمه‌ڵگه‌دا. لێره‌دا هه‌ڵوێستیه‌ك ده‌كه‌م له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕووتكردنه‌وه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی له‌دوو ئه‌كتی سیاسی‌دا:
یه‌كه‌م ئه‌كت؛ ئۆپۆزیسێۆن – به‌ره‌ی نه‌خێر:
دیاره به‌هایه‌كی وه‌ها گه‌وره (سه‌ربه‌خۆیی) ئه‌كته‌رێكی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی خسته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ختی (ئیراده) و (بڕیاڕدان) له‌مه‌ڕ ئه‌كته مێژووییه‌كان. خستیه به‌رده‌م ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ی كه‌چۆن توانای ئه‌وه نییه كارته‌كانی ده‌ستی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بخاته ده‌ستی خۆیه‌وه و یان چ نه‌بێت نه‌هێڵێت به‌ته‌نێ جۆكه‌ری سیاسی له‌ده‌ستدا بێت، بێگومان ئه‌م قسه‌یه‌ش بۆ یه‌كێتی نیشتیمانیش ڕاسته به‌ڵام له‌فۆرمێكی تردا. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له دواچركه‌ی ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا كۆی پارته‌كه‌ی كرد به )یانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی( و ئه‌ندامه‌كانی سه‌رپشك كرد به‌وه‌ی كێها ئاره‌زوویكرد، به‌ئاره‌زووی خۆی ده‌نگبدات بدات به‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ی (سه‌ربه‌خۆیی) یان (دژه سه‌ربه‌خۆیی) بێت. ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه له‌چركه ساتێك‌دا كۆی پارتێكی سیاسی به‌ناو ئۆپۆزیسێۆنی گۆڕی بۆ یانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌وه‌ی هه‌ر كه‌سه و به‌ئاره‌زووی خۆی ئه‌وه بكات كه‌ده‌یه‌وێت، گرنگ ئه‌وه‌یه تۆ ئه‌ندام بیت له‌یانه‌كه‌دا و هیچیتر، یاخود كۆی پارتێك تاوه‌كو نیوه‌شه‌وی ڕیفڕاندۆم بڕیاڕه نه‌دات و دوایی بڕیاڕ بدات به‌وه‌ی بڕیاڕ نه‌دات!
لێره‌وه (ناچالاكبوونی (بڕیاڕدان) مان بینی كه‌چۆن پارتی سیاسی ده‌كاته )یانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی( و گوتاری سیاسی لێ ده‌ستێنێته‌وه. ئه‌مه زیاتر له‌ناو بزواته (پشتخانه چه‌په‌كاندا) ڕووده‌دات و پارته كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كان ناگرێته‌وه. ئه‌م یانه‌یه و ئه‌م ئه‌قڵی (یانهگهرێتییه) ئاپۆڕه‌ی به‌هاوار دروستده‌كات، خه‌ریكی هاواری میدیاییه، مردنی سه‌ركرده‌كان وه‌ك ئایكۆن ده‌چێته جێگه‌ی گوتاری سیاسی و دیسكۆرسی سیاسی و ئه‌كتی سیاسی. لهڕووداوهكانیشدا یانه‌كان هه‌ر یانه‌ن هه‌ر یه‌كه‌و به‌ئاره‌زووی خۆی لێدوان ده‌دات و لایه‌نگری ده‌كات، به‌بێئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی سزای حزبی بێت، چونكه گرنگترین خاڵ له‌چوونه ناو یانه‌كانه‌وه ئه‌وه‌یه خاوه‌نی ناسنامه‌ی یانه‌كه بیت و ئابوونهكهت بده‌یت، ئه‌ویتر بۆ خۆت ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه، بۆ یه‌كمجاره له‌مێژووی ئێمه‌دا (یانه‌ی سیاسی ) جێگه به (حزبی سیاسی) بگرێته‌وه، ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیش یه‌كێتی كه‌سی نه‌بوو و گۆڕانیش چه‌نده هاوار ده‌كات دژی سه‌رۆك كه‌چی كه‌سی كاندید نه‌كرد بۆ سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانی یانه‌كه‌ش پرسیار ناكه‌ن بۆ ئه‌مه ڕووده‌دات؟ چونكه (یانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی) ئه‌ركی سیاسی و لێپسراوێتی سیاسی له‌سه‌ر شانی هه‌مووان لاده‌بات، هه‌ر بۆیه ئه‌ركی یانه، كوشتنی پرسیاره له‌مه‌ڕ جه‌وهه‌ری یانه‌كه، گرنگ بوونته له‌ناو یانه‌كه و هیچیتر. هه‌ر بۆیه كه‌س پرسیاری نه‌كرد بۆچی سێ ڕۆژ دوای به‌سه‌ر ماوه‌ی خۆ كاندیكردندا به‌سه‌رچوو، ئه‌وسا كاراكته‌رێكی بێده‌نگی خۆی خۆی نارد بۆ خۆ تۆماركردن و ڕه‌تكرایه‌وه؟
ئاوه‌ها ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی (كڵابیزم – یانهچێتی) ده‌خاته بری (پارتی سیاسی) خاوه‌ن دید و بڕیاڕ و ئه‌كتی مێژوویی. ده‌بێت لێره‌دا ئاماژه به‌ئه‌وه بكه‌م كه ئه‌كته‌ره سیاسیه‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان كه هه‌ڵسوڕێنه‌ری هه‌ردوو پارته‌كه‌ن، پاشماوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی چه‌پی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیستن له‌ناو كۆمه‌ڵه‌ی ماركسیزم لینیزمهوه پێگه‌یشتوون، ئه‌مانیش وه‌ك هه‌موو بزواته چه‌په‌كانی دونیا بوون به (یانه‌ی سیاسی) كه جگه له‌دروستكردنی (ڤاریتێ سوبێكت – Vérité Subjekt – خودی نمایشكار) هیچی تریان لێ به‌رهه‌منایه‌ت، كۆی چه‌پی دونیاش ئێستا هه‌ر خه‌ریكی نمایشه و خودی نمایشكاره وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌كت بكات. به‌دیوێكی تردا نه‌خۆشی ( یانه-بوونی چه‌پ و كۆنه چه‌پ) دیارده‌یه‌كی دونیایی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه و به‌شێوازێكی دیكه فیگوره چهپهدێرینهكانی دونیای سێهه‌می تووشكردووه، هه‌ر بۆیه ئهكتهرهكانیان ده‌بینی به‌رده‌وام له(خود-نمایشی Vérité Subjekt ) به‌رده‌وامدان وه‌ك (خودێكی هه‌موو شت زان) و (گێڕه‌وه‌ی هه‌موو شت زان) خۆیان نمایشده‌كه‌ن . سه‌یریش نییه له‌ناو ئه‌م یانه نمایشكارانهدا بێژه‌ران و دروشمخوازه‌كان خۆشه‌ویست بن. تێبینیش ده‌كه‌ین ژماره‌ی بێژه‌ره‌كان و نمایشكارانی ده‌نگ گڕی ماسكولین، كه‌توانای هاوار و دروشم گوتنه‌وه‌یان هه‌یه زۆرترین ژماره‌ی كورسیه‌كانی په‌ڕله‌مانی كوردستان پێكبهێنن، چونكه له‌یانه‌دا نمایش مه‌رجه، نه‌ك دیسكۆرسی سیاسی. له‌م خاڵه‌وه به‌ره‌ی نه‌خێر وه‌ك دیارده‌یه‌كی هاوته‌ریبی ئه‌م (نمایشكارییه) دروستبووه و له‌ناو هه‌نای میدیاوه خۆی ده‌هاوێته ناو فه‌زا سیاسیه‌كه‌وه.
به‌ره‌كه‌ی دیكه (به‌ره‌ی نه‌خێر) ڕوونتره له هه‌ڵوێست و ته‌عبیركردن له‌ئیراده و شه‌ڕی خۆی كردووه و له‌سه‌دا حه‌وتی زیاتر به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی له‌م گوتاره‌دا پۆپۆلیزمه به‌هه‌موو فۆرمه دووفاقیهكهیهوه، له‌وه‌دا ته‌عبیر له‌خۆی ده‌كات كه هێزی پشته‌وه‌ی ئه‌م به‌ره‌یه پرۆدێكتی گه‌نده‌ڵیه و موماره‌سه‌ی دژه گه‌نده‌ڵی ده‌كات، دژه سه‌ربه‌خۆییه بێڵام گوتارێكی دژه گهندهڵیهكهوه كه خاوه‌نی هیچ مێژوویه‌كی ئۆپۆزیسۆن بوون نییه. له‌سه‌ر گریمانه‌یه‌كی پۆپۆلیستی ساده وه‌ستاوه به‌وه‌ی؛ مادام ده‌سه‌ڵات ئه‌م ئه‌كته‌ی گرتۆته ده‌ست، ئیدی ده‌بێت ئێمه دژی بین، چونكه ده‌سه‌ڵاتێكه گه‌نده‌ڵی هه‌یه و له‌زۆر ئه‌كتدا نادیموكراته! ئه‌م (ئه‌قڵه پۆپۆلیزمه) سه‌یری ده‌سته‌كانی خۆی ناكات كه ده‌ستێكی دروستكراوی گه‌نده‌ڵیه له‌فۆرمێكی تردا بۆ كاپیتالێكی تر خۆی ڕاپسكاندووه. ئه‌م ئه‌قڵه له‌به‌ر به‌ره‌ژوه‌ندی بێت یان به‌شێكی بچوكیان به‌بڕوای خۆیان بێت، مه‌له‌فه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی و دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی و ئازادیان تێكه‌ڵكردووه، به‌ڵام وه‌ك هه‌موو ته‌وژمێكی پۆپۆلیزمی نوێ له‌دونیادا به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست هۆشیارییه‌كی ساخته دروستده‌كات، له‌سه‌ر بنه‌مای زۆر ساده كار ده‌كات، بۆ نمونه پۆپۆلیزمی (ناسیونال – سۆسیالزم \نازیه‌ت) له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م كۆی دۆڕاندنی جه‌نگ و باجی گه‌وره‌ی دۆڕاندنیان نه‌خسته سه‌ر گه‌نده‌ڵی حوكمی پرۆیسیهكان، به‌ڵكو هاتن خستیانه سه‌رشانی جوله‌كه‌كانی ناو ئه‌ڵمانیا و به‌مه‌ش له‌هه‌ڵبژاردندا بردیانه‌وه و چوونه ناو ده‌سه‌ڵات و (ئادۆلف هیتله‌ر) ی نه‌مساوی توانی پێی ببێته به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاتێكی دیكه ئه‌ڵمانیایه.
له‌دونیای سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا هه‌مان كاركردنه، هه‌مان گه‌وجاندن و سهرلێشواندنه، به‌ڵام پشت ده‌به‌ستێت به (تۆك شۆ) و نمایشی ساده‌كاری پڕنسیبهكان و گه‌مه‌كردن پێوه‌ی بۆ گه‌وجاندنی گشتی و دروستكردنی ژنیگه‌یه‌كی پۆپۆلیستی تێدا گه‌وجاندن مێگه‌لی سیاسی دروستده‌كات. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو وه‌ك چۆن بزوتنه‌وه‌ی AFD ڕه‌گه‌زپه‌رست و دژه بێگانه له‌م ساڵانه‌ی دوایی له‌ئه‌ڵمانیادا توانیان چینی ناوه‌ڕاست، یان بابڵێن بۆرژوازی بچوكی ڕۆشنبیر بۆ خۆی ڕاكێشێت و ئێستا له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دوایدا توانیان ببنه هێزی سێهه‌م له‌په‌ڕله‌مان و حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا. ئاوه‌ها ئه‌م به‌ره‌ی نه‌خێره چه‌ند هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیری بۆ خۆی ڕ‌اكێشا. لێره‌دا پێموایه ته‌وژمی پۆپۆلیزمی نوێ ده‌موچاوێكی دیكه‌ی گڵۆباڵیزمه و له‌م ساڵانه‌ی دوایی مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌ی لهههڵكشانیدا بۆ سه‌ر به‌هاكانی ده‌وڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و موڵتی كولتوریزم و سۆلیداڕێتی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستكردووه ، بۆنمونه پارتێكی ڕاستڕه‌وی وه‌ك UKP له‌بریتانیا توانی ڕیفراندۆمی برێكست له‌سه‌ر ڕسته‌یه‌كی ساده وه‌ك ( بریتانیا ته‌نها بۆ بریتانیهكانه) بباته‌وه و ڕایان وه‌هابوو ده‌بێت ده‌رچن له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا، شۆك بوو كه‌ئه‌مان به‌م ساده‌كارییه توانیان برێكست ببنه‌وه، ته‌نانه‌ت بۆ به‌شێك كۆنزهڤاتیزمی ئه‌م بردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم بریتانیش شۆك بوو.
سیفه‌تێكی دیاری ئه‌قڵ پۆپۆلیستی ئه‌وه‌یه دوورده‌كه‌وێته‌وه لهههمهلایهنی له‌گوتاری نوسراو و گوتراودا، هه‌میشه ئه‌و هۆشمه‌ندییه ساده‌ی سه‌رجاده زیندووده‌كاته‌وه و ده‌یكات به‌فۆرمێكی سیاسی و دووباره فڕێداداتهوه ناو مۆب و كۆمه‌ڵگه، به‌ئامانجی دروستكردنی مێگه‌لی جه‌ماوه‌ری به‌هاوار به‌مانای دروستكردنی ( مێگه‌ل – Pöbelپوۆپل – Mobمۆب) سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ ئه‌مه‌ش جنێوی سیاسی، مۆرلێدان له‌م هێز و یان ئه‌ویتری نه‌یاری، قسه‌فڕێدانی بازاڕیانه له‌فۆرمێكی میدیایی و دروستكردنی حه‌یاچوون و سكانداڵه‌كان كاری ئه‌وه. ئه‌م ئه‌قڵه هه‌میشه هاوار ده‌كات، به‌بێ هاوار توانای ژیانی نییه. ئه‌م ئه‌قڵه لهقووڵبوونهوه و هه‌ستی جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م له‌ئه‌ویتر ده‌ترسێت. ئه‌م ئه‌قڵه خۆی به‌ڕسته‌ی كورت و ته‌شهیری په‌له و ڕسته‌ی تیژی بۆ شكاندین به‌رامبه‌ر ده‌خاته گه‌ڕ.
هه‌ره‌ها گشتاندن و ستیرۆتایپكردن و مۆرلێدانی ئه‌م و ئه‌و به گه‌نده‌ڵ و دژه گه‌نده‌ڵ و شۆڕشگێڕ و جه‌لاد و فریشته كاری ڕۆژانه‌یه‌تی. دیاره ساڵانێكه ڕۆشنبیرانێك هه‌ن به‌جووته و به‌كۆمه‌ڵ گوتاری پۆپۆلیستی ده‌نوسن، ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌موو شتێك قسه‌بكه‌ن و پابه‌ندی بكه‌نه‌وه به شه‌ڕه‌كانی خۆیانه‌وه. میتۆدهكی دیكه‌یان به‌رده‌وامی ده‌ركه‌وتنه له‌سه‌ر شاشه‌كان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ڕسته‌ی جاده له‌فۆرمێكی ساده‌دا به‌ناوی شرۆڤه‌ی سیاسیه‌وه، كۆی ئه‌م ژینگه پۆپۆلیزمه و زۆنگاوه پڕ هاواره‌ی دروستكردووه. ئه‌م ئه‌قڵه كه كاری له قاڵبدانی ڕای جیاوازه و خه‌ریكی پۆلێن‌كردن و جنێوی سیاسی دروستكردنه، كه‌شێكی دروستكردووه كه مێگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی پڕ كردووه له وزه‌ی نێگه‌تیڤی پڕ جنێو، كهدهرهاویشتهی ئه‌م گوتاره جنێوبازییه هیچیتر نییه، جگه له پۆپۆلیزمی ئه‌قڵێكی گاڵته‌جاڕی له‌و وه‌همه‌دا ده‌ژی كه پراكتیزه‌ی گوتاری ڕۆشنگه‌رانه ده‌كات. ئه‌م هۆشمه‌نده ساخته‌یه به‌ده‌ربڕینی سلۆته‌ردایك كۆی میدیای بنیراو بیستروا و نوسراو له‌كوردستاندا كاری له‌سه‌ر ده‌كات و له‌كوردستانیشدا ساڵانێكه ئه‌م له‌قاڵبدان مۆر لێدان و جنێوفرۆشیه بۆته خۆراكی بردنه‌وه‌ی كورسیه په‌ڕله‌مانی و وه‌رگرتنی پسوڵه‌ی نه‌وتی دزراو و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی خێرا له‌ڕێگه‌ی پۆپۆلیزمه‌وه.
ئاوه‌ها له‌فۆرمێكی لاوازدا كاپیتالیزمی به‌رهه‌مهاتووی مافیاگه‌رایی له‌كوردستاندا به‌ره‌یه‌كی دروستكرد به‌ناوی (به‌ره‌ی نه‌خێر) هه‌موو جارێكیش به‌ئاشكرا ده‌یانگووت؛ گه‌ر ئێمه به‌رهه‌می گه‌نده‌ڵین بۆچی دادگایمان ناكه‌ن؟…ئاوه‌ها ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی له‌ناو كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی یه‌كتردا شه‌ڕی یه‌كتریان ده‌كرد. لێره‌وه پۆپۆلیزمێكی ساده‌ی كاپیتالی لۆكالی كه‌خه‌ون به‌وه ده‌بینێت وه‌ك ده‌سه‌ڵات ببێته كاپیتالی نه‌وت، له‌به‌رامبه‌ر (به‌های سه‌ربه‌خۆیی) گه‌مه‌ی پۆپۆلیستی خۆی له‌فۆرمێكی بچوكدا وازی ده‌كات. به‌ده‌سته ئه‌نقستی جیاكردنه‌وه‌ی (ئه‌م) له (ئه‌ویتر) تێكه‌ڵ ده‌كات، یاخود بۆ به‌رژوه‌ندییه‌كی لۆكالی و كه‌سی، باز به‌سه‌ر بڕیاڕدان به‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌دا ده‌دات و لۆجیكی لێ تێكده‌چێت.
له‌ڕاستیدا گه‌نده‌ڵی پرسی ژیانی ڕۆژانه‌یه به‌درێژایی سه‌ده‌كان له‌چه‌نده‌ها فۆرمدا خۆی دووباره ده‌كاته‌وه و ده‌بێت به‌رده‌وام شه‌ڕی بكرێت، به‌ڵام سه‌ربه‌خۆیی شوناسه، سنووره، كه‌رامه‌تی نیشتمانییه و یه‌كجار ڕووده‌دا و جێگیر ده‌بێت. خۆ ئه‌گه‌ر وڵاتانی دونیا چاوه‌ڕێیی ئه‌وه‌یان بكردایه تاوه‌كو دیموكراتی بگاته دوا ترۆپكی كه‌ماڵ، ئه‌وسا سنوور و پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان بانگه‌شه بكردایه، ئه‌وا ده‌بوایه له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه یه‌ك نه‌ته‌وه‌ی تێدا نه‌بێت كه‌خاوه‌ن سنوور و ده‌وڵه‌ت بێت. خۆ لهگریكی كۆنه‌وه ده‌وڵه‌ت هه‌یه، به‌ڵام دیموكراتیه‌ت پڕۆسه‌یه‌كه تا ئه‌مڕۆ كۆتایی نایه‌ت. لێره‌وه ده‌وڵه‌ت قه‌واره‌یه، سنووره، ماڵه، شوناسێكی سه‌ره‌تاییه، ده‌بێت هه‌تبێت، تاوه‌كو نه‌تبێت دیموكراتی له‌كوێدا به‌دیده‌هێنیت. ته‌نانه‌ت وه‌كو نوسه‌ر (به‌كر عه‌لی) ده‌ڵێت؛ تاوه‌كو نه‌ته‌وه نه‌بیت نا‌توانیت نێونه‌ته‌ویی بیت، تۆ ده‌بێت National بیت ئه‌وسا ده‌توانیت International وه‌ك ئه‌وه وه‌هایه تۆ بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایت نه‌بێت و بته‌وێت بچیت له‌زانكۆ بخوێنیت.
به‌ڵام ده‌شبێت ئه‌وه بڵێین؛ كه گومان له‌وه‌دا نییه كهدهوڵهت دروستكردن له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا هه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دیموكراتیه‌ت دامه‌زرابێت، به‌ڵام (دیموكراسیه‌كی كامڵ) وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی لێوه ده‌كرا، ئه‌مه خاڵی گاڵته‌جاڕیی ئه‌م ئه‌قڵه‌یه. ساده‌كارییه بڵێین؛ كهڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ناو میلله‌تێكدا مه‌رجی جێبه‌جێكردنی یهكڕاستهی نییه، زۆر میلله‌تان هه‌ن چه‌نده‌ها جار ڕیفراندۆمیان كردووه و ده‌یكه‌نه‌وه، به‌مانای به‌چه‌نده‌ها قۆناغدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌مه چركه ساتێكه كۆی میلله‌تێك، گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بڕیاڕده‌دات به‌وه‌ی چی لهدڵیاتی به‌كۆ بیخاته ناو سنقوی ده‌نگدانه‌وه. ئه‌وه‌نده‌ی ڕه‌مزییه‌تی ده‌رئه‌نجامه‌كان گرنگه، به‌وه‌ی به‌هایه‌كی نوێ ده‌خاته ناو كایه‌ی سیاسی و كولتورییه‌وه، كه گوتاری سیاسی له‌دوایدا به گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه كاری له‌سه‌ر ده‌كات. ئه‌مه‌ش گرنگی هه‌ر ڕیفراندۆمهكی سه‌ربه‌خۆییه له‌هه‌ر شوێنێكی دونیادا بێت به‌تایبه‌ت به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی هیچی نه‌كردبێت، (شوناسێكی ڕه‌مزی) دایه‌وه به كورد خۆی وه‌ك میلله‌تێك كه‌به‌درێژایی مێژوو جینۆساید كراوه و زمانی لێ قه‌ده‌غه‌كراوه و بوونی فیزیكی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامدا بووه. ئه‌م به‌ڵێیه له‌دژی دووباره جینۆساید ، له‌دژی ئه‌قڵی كۆلۆنیالستی و شۆڤێنزمی ناوچه‌كه بوو، بانگه‌شه‌ش بوو بۆ ئه‌وه‌ی دووباره ئه‌م میلله‌تانه پێكه‌وه دانیشتن و باس له‌چاره‌نوسی هاوبه‌ش بكه‌ن، به‌مانای چه‌نده‌ها ڕه‌هه‌ندی مێژوویی گه‌وره‌ی له‌خۆی گرتووه، ده‌نا له‌سه‌دا نهوهدووی باشووری كوردستان و به‌پشتگیری كۆی كورد، ده‌نگی خۆی پێ نه‌ده‌به‌خشی. ئه‌م ڕیفراندۆمه ده‌نگدانێك بوو له‌دژی شۆڤێنزم و پان عه‌ره‌بیزم و توركیزم و ئێرانیزمی ده‌وڵه‌ته ناسیونالیزمیهكانی ناوچه‌كه. لێره‌وه ئه‌م ده‌نگدانه ده‌چێته پاڵ ئه‌و هێزه‌ی كه‌داوای فراوانكردنی دیموكراسیه‌ت و دادگایكردنی گه‌نده‌ڵی ده‌كات، چونكه ئه‌م وزهگهورهیه كۆمه‌ڵگه كه‌داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات، هه‌مان وزه‌یه كه‌داوای دادپه‌روه‌ری ده‌كات، به‌ڵام له‌به‌ر غیابی هێزی سیاسی ئۆپۆزیسێۆنی ڕاسته‌قینه، ئه‌م وزه‌یه ده‌چێته ناو ده‌ستی هێزه تهقلییدیهكانهوه، كه‌ئه‌مه‌ش لاوازی ئه‌م به‌ره‌یه نیشانده‌دات كه‌جگه له فینۆمێنێكی میدیایی و كولتوری هاواركردن نه‌بێت، هیچیتر نین. له‌سه‌ر ئاستی كرده‌یی، مۆبیلاریزهكردن و ڕێكخستن و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌ندامه‌كانیان، به‌هه‌مان میتۆد و كولتوری هێزه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵاته، هه‌ر بۆیه گوتارێكی جیاواز، دیسكۆرسی جیاواز نابینین له‌سه‌ر ئاسته سیاسی و كردهییهكهدا، و ناتوانێت ئه‌م وزه گه‌وره‌یه ی له‌سه‌دا نهوهدودووه مۆبیلاریزه بكات، به‌ڵكو نه‌زانانه له‌دژی خه‌ونه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی ده‌وستێته‌وه یاخود دوودڵه له‌ده‌نگدان.
دووفاقیه‌تی سیاسی و مۆڕاڵی ، چۆن لهكاركتهره سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ئاشكرایه، ئاوه‌هاش له‌ناو (به‌ره‌ی نه‌خێره فه‌رمییه‌كه) و ڕابه‌ڕی یه‌كه‌مدا ئاشكرا خۆی نمایشده‌كات. ئه‌م كاراكته‌ره خۆی به‌رهه‌می گه‌نده‌ڵییه، به‌شێكه لهئابوورییهك له‌كوردستانێكدا، كهئابووری میلیشیا و مافیایزمه. پڕۆژه‌ی ئابووری گه‌وره له‌كوردستاندا یه‌كسانه به گه‌نده‌ڵی و دۆسیه‌كانی ده‌سه‌ڵات و كه‌سایه‌تیه سیاسیه‌كانی پشت پرۆژه‌كان، ئه‌مه لای منداڵێكی قۆناغی سه‌ره‌تایی ئاشكرایه، ئیدی چۆن گه‌نجێك ئاوه‌ها له‌پڕ بوو بهملیۆنێرێكی ترسناك و بیزنس مانێك له‌وڵاتێكدا كه‌خاوه‌نی هیچ پیشه‌سازی و ئابووریه‌كی به‌رچاو نییه. ئه‌مجۆره ئابوورییه مافیاگه‌راییه له‌ئه‌مریكای لاتین، كامبۆدیا و كۆڵۆمبیا و ئه‌رجه‌نتین و زۆریتر له‌وڵاتانی ئه‌فریقادا بوونی هه‌یه، كهملیۆنهرهكان له خانووی ته‌نه‌كه‌وه دێنه ده‌ره‌وه بۆ خانووی ئاڵتونی. لێره‌وه نه‌خشه‌ی ئه‌م (نه‌خێره فه‌رمییه) دهرهاویشتیهكی دیكه‌ی گه‌نده‌ڵییه له‌ته‌نیشت ده‌رهاویشته‌كانی دیكه‌وه و به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردییه.
دووهه‌م ئه‌كت – پارتی دیموكرات و نیوه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی؛
ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی سیاسی، سینیزمی سیاسی، له‌ناو پارتی دیموكراتدا به‌جۆرێكی دیكه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ها گه‌وره‌یه (سه‌ربه‌خۆیی) كرد. وه‌ك گه‌مه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرد، كه‌بتوانێت نه‌یاره لۆكالیه‌كانی تێكبشكێنێت و لاوازیان بكات، بوارێكی فراوانیش بكاته‌وه بۆ كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی، بێگومان به‌جۆره‌ی پارتی خوازیارێتی.
دیاره پێش هه‌موو شتێك یه‌كێك له‌سیفه‌ته‌كانی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی ئه‌وه‌یه شتێك ده‌ڵێت و شتێكی دیكه ده‌كات و شتێكی تر له‌پشت كردهكانیهوهیهتی، به‌مانای هه‌ڵسوكه‌وت و شێوازی بیركردنه‌وه و كرده‌ی وه‌ك یه‌ك نین. لێره‌دا له‌ناو پارتیدا به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست بێت یاخود ده‌رهاویشته‌ی ئۆتۆماتیكیانه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی بێت، به‌هاكان ده‌چنه ناو كایه‌ی كاركته‌ره گه‌مه‌كاره سیاسیه‌كه‌وه، به‌مانای به‌هاكان تاوه‌كو ئه‌و چركه ساته به‌هان، كه‌چه‌ند ئامانجێكی لۆكالی بچۆك ده‌پێكن، ئیدی ڕه‌هه‌نده گه‌وره دوو مه‌وداكه‌ی جێگه‌ی گرنگی پێدا نییه. بێگومان ئه‌م ئه‌قڵه یان ئه‌وه‌یه نه‌زانانه خۆی داوه‌ته به‌ر ئه‌م پرسه گه‌وره‌یه، كه‌ئه‌مه گریمانه‌یه‌كی لاوازه، یاخود له‌پێچێكدا بیری له‌و بۆشاییه گه‌وره‌یه‌ش كردۆته‌وه كه‌دوای ڕیفراندۆم دێته ئاراوه و ده‌توانێت گه‌مه‌ی تێدابكات، به‌وه‌ی گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت له‌كوێدا بكرێت، له‌سنووری ده‌نگدانی سه‌ربه‌خۆیی كه ناوچه جێ ناكۆكه‌كانه یاخو له سنووری هه‌رێمه فیدرالیه ئێراقیهكه؟
لێره‌وه جارێكی‌تر سینزمی كوردی گه‌مه به‌به‌هاكان ده‌كات، چونكه گه‌ر ئۆپۆزیسێۆن داوای هه‌ڵبژاردنی گشتی بكات له‌واده‌ی خۆیدا، ئه‌وا له‌به‌ر یه‌كلانه‌بوونه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند سنووره جوگرافیهكهی هه‌ڵبژاردن گرفتی تێده‌كه‌وێت، گه‌ر سووربێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌پێی سنووره هه‌بووه‌كان ، ئه‌وا به‌رامبه‌ر دووگرفت ده‌بێته‌وه؛ یه‌كه‌م وه‌ك ئه‌وه وه‌هایه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سنووری هه‌ڵبژاردنی ڕیفراندۆم بكات. چونكه گه‌ڕانه‌وه بۆ سنووری پێش ڕیفراندۆم خۆی له‌خۆیدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌كی پراكتیكیانه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆمه! به‌مه‌ش دووباره ئۆپۆزیسێۆن ده‌خرێته به‌ر هێرشی دژه سه‌ربه‌خۆیی و نیشتمان په‌روه‌ری ده‌خرێته به‌ر پرسیار، كه‌ئه‌مه‌ش زیان لهئۆپۆزیسهۆنهكان ده‌دات، یاخود ئه‌وه‌یه ده‌بێت رازی بن به چاوه‌ڕێكردنی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ڕیفراندۆم كه سه‌رۆك بارزانی دووساڵی بۆ دیاریكردووه، به‌مه‌ش هه‌م پرۆسه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن دواده‌خرێت، و هه‌م پێگه‌ی پارته‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات به‌هێزتر ده‌بێت…
ئه‌وه‌ی له‌م كرده‌یه‌دا، له‌م شێوازی بیركردنه‌وه‌یه‌دا سه‌رنجی من ڕاده‌كێشێت، دروستكردنی فه‌زایه‌كه تێدا دووفاقی و دوو ده‌موچاوی دروستده‌كات، به‌مانای دروستكردنی ژنیگه‌یه‌كی پڕمیكرۆبی گاڵته‌جاڕی كه كاراكته‌ره‌كان بۆ سیاسه‌تكردن ده‌بێت یان بێده‌نگ بن، یان بچنه باری چاوه‌ڕوانی، یاخود ده‌بێت گه‌مه‌ی دووفاقی بكه‌ن، به‌مانای هه‌ڵبژارده‌كانی كه پارتی دیموكرات وه‌ك هه‌موو پارتێكی كۆنزهڤاتیڤهكی دونیا ده‌یخاته به‌رده‌م هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی دوو چاره‌سه‌ر ده‌هێڵێته‌وه یان ده‌بێت گه‌مه‌كار بیت له‌گه‌لیدا، یاخو ده‌بێت له‌ناو ونبووندا ، بۆهیمیانه لێدوان و هه‌ڵوستی دژ بهیهكت هه‌بێت. ئه‌م گه‌مه‌یه ته‌نانه‌ت توانیوویه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردسیتانیش بكاته دووبه‌شه‌وه، گۆڕان بكاته دووبه‌شه‌وه له‌ده‌نگداندا، و له‌به‌غدا شتێك و له‌كوردستان شتێكی دیكه، له‌سه‌ر شاشه‌كان شتێك و له‌هه‌ڵوێستێكی دیكه شتێكی تر، ئاوه‌ها تاكه كه‌س كه كۆی ئه‌م كۆڕاڵه هیپۆكرسیه (دووفاقییه) ده‌جوڵێنێت پارتی دیموكراتی كوردستانه.
دیوێكی دیكه‌ی بیركردنه‌وه‌ی گاڵته‌جاڕی له‌وه‌دا خۆی نمایشده‌كات كه پارتی دیموكرات چاوه‌ڕوانی ئه‌و پشتگیریه گه‌وره‌یه‌یان نه‌ده‌كرد له‌م پڕۆسه‌یه، خۆیان بۆ گه‌مه‌یه‌كی سووكتر ئاماده‌كردبوو، نه‌ك گه‌مه‌یه‌كی قورس له‌گه‌ل جیهاندا. ئه‌م بیروڕایه له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌یه گه‌مه‌ی خۆی ده‌كرد، به‌وه‌ی گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه بیروڕای (ئه‌نتی – پارتی) كاردانه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانراو ده‌بێت به‌وه‌ی؛ بارزانی ده‌یه‌وێت به‌م پرسه شوێنای خۆی له‌سه‌رۆكایه‌تیدا درێژه پێبدات…ئه‌مه لای هه‌مووان ئاشكرایه. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه مه‌زنده‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كه خه‌ڵكی كوردستان به‌شداریی بكه‌ن، به‌ڵام ده‌ڤه‌ری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان و كوردانی هه‌نده‌ران و گۆڕان و ئیسلامیه‌كان و به‌شێكی زۆری مووچه‌خۆران ده‌نگ نه‌ده‌ن و بایكۆتی بكه‌ن. به‌مانای ئه‌م ئه‌قڵه وه‌های مه‌زنده كردبوو؛ كه به‌شدارییه‌ك ده‌بێت خۆی له‌سه‌روو په‌نجاوه ده‌دات، به‌مانای (به‌ڵێیه‌كی لاواز) بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بێگومان (به‌ڵێی لاواز) ده‌كرێت سه‌وداكاری له‌سه‌ر بكرێت چونكه به‌ڵێیه‌كی لاوازه. یاخود گریمانه‌ی ئه‌وه‌یان دانابوو، كه كۆی ده‌نگدان (په‌نجا به‌په‌نجا) بكه‌وێته‌وه، یاخود له‌حاڵه‌تی ده‌گمه‌ندا نه‌خێر ده‌بێت. به‌مانای به‌شداری و به‌ڵێیه‌كی لاواز ده‌نگدانه‌وه‌ی جیهانی به‌رچاو به‌دووی خۆیدا ڕاناكێشێت، یاخود ده‌نگدان به‌نه‌خێر ده‌شكێته‌وه، به‌مه‌ش پارتی دوو قازانجی سیاسی له‌به‌رچاو بوو:
یه‌كه‌م: گه‌ر شكستی هێنا پارتی ده‌بێته پاڵه‌وانی نیشتمانی و ئه‌وانیتر دژه سه‌ربه‌خۆیی.
دووهه‌م: گه‌ر سه‌ركه‌وتنێكی لاوازی هێنا، ئه‌وا له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌یه‌كی ڕه‌ها نین، ده‌توانێت له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌ودا بكات و به‌مه‌ش پارتی له‌گۆشه‌گیری سیاسی ئێستای دێته ده‌ره‌وه و ده‌یكاته‌وه به‌ئه‌كته‌ری بڕیاڕده‌ری چاره‌نوسه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌هایه‌كی دیكه ده‌به‌خشێت به پارتی، وه‌ك پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نمایشده‌كات.
لێره‌وه پێموایه گه‌ر پارتی دیموكرات دركیان به‌وه بكردایه، نه‌یاره سیاسی و فیكرییه‌كانی پارتی به‌و جۆشه‌وه بهشداریدهكهن وده‌چن ده‌نگ به (به‌ڵێ) ده‌ده‌ن و زۆرینه‌ی ڕه‌ها به‌ده‌ستدێنن، ئه‌وا پارتی دیموكرات ئه‌م هه‌نگاوه‌ی نه‌ده‌نا. گه‌ر بیانزانیانه له‌سه‌دا نه‌وه‌د و دوو به‌شداری ده‌كات به (به‌ڵێ) كه ئه‌م ژماره‌یه له‌وه‌ی (كاتالانیا) به‌رزتره، به ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ی میلله‌تی كورد هۆشیاره به‌وه‌ی چوار ده‌وری به‌سوپای زۆر دڕنده دراوه و سزای توند ده‌درێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه ده‌نگ بهبهڵێیهكی به‌هێز ده‌دات. به‌مجۆره وه‌ك گریمانه‌یه‌ك پێموایه هاوكێشه‌كه بۆ پارتی دیموكرات قورس‌تر كه‌وتۆته‌وه. دیاره ده‌كرێت له‌ڕووی سیاسیه‌وه پێچه به‌ده‌وره‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، به‌ڵام گه‌ر بیكه‌ن، ئه‌وا له‌ڕووی ئه‌خلاقی و دۆسیه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، نسكۆیه‌كی تره نه‌ك ته‌جاوزی نسكۆی ١٩٧٥ ناكات، به‌ڵكو ده‌بێته نسكۆی ٢٠١٧ بۆ مێژووی پارتی دیموكرات و خودی سه‌رۆك بارزانی.
له‌م گریمانهیمدا پێموایه ئه‌وان گره‌ویان له‌سه‌ر (به‌ڵێی لاواز) یان تاڕاده‌یه‌ك نه‌خێر كردبوو. بۆ پشتڕاسكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕایه بچوكه‌م، ئه‌وه‌بوو له كاژێره‌كانی یه‌كه‌می ڕۆژی ده‌نگداندا (نێچیره‌ڤان بارزانی) به‌په‌له كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی گرت و ویستی قه‌باره‌ی ده‌نگدان كه‌مبكاته‌وه و ئه‌و گووتی: ڕیفراندۆمی بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سنوور نییه! …ئه‌مه‌ی كاتێك گووت كه‌هێشتا خه‌ڵك ده‌چن ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی بده‌ن. لهوبڕوایهشدا نیم ئه‌وه‌نده هۆشیار نه‌بن به (شوێن و كات) ی لێدوانه‌كانیان!
هه‌موو كه‌س ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌كرد؛ ئایا ئه‌و (هاوكاتیه) بۆ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی گونجاو بوو، كه ئه‌و قسه ترسناكه‌ی تێدا بكرێت؟ بێگومان ئه‌وان هوشیاربوون له‌وه‌ی كه‌ده‌یڵێن و ده‌یانه‌ویست (به‌ڵێیه‌كی لاواز بێت) نه‌ك به‌ڵێیه‌كی به‌هێز، چونكه به‌ڵێی به‌هێز، كۆی گه‌مه‌كه قڵپدهكاتهوه، به‌ڵام تازه زۆرینه‌ی ڕه‌ها هاوكێشهكهی قڵپكرده‌وه.
سه‌ركردایه‌تی كوردی ده‌سه‌ڵاتدار له‌باشوور وه‌های له‌مێشكدا بوو، كه‌ده‌توانێت ئه‌كتی سه‌ربه‌خۆبوون بكات به‌بێئه‌وه‌ی خۆی (كاراكته‌ری سه‌ربه‌خۆیی) له ڕۆحی‌دا و له‌كه‌سێتی سیاسی‌دا بوونی هه‌بێت. به‌مه‌ش ده‌ریخست كهلاوازیهكی هه‌یه بۆ ده‌ركپێكردنی وانه مێژووییه‌كانی دونیا. ده‌ستدان له (به‌ها گه‌وره‌كان) و فڕێدانی بۆ ناو كۆمه‌ڵگه، ده‌رخسته‌ی مێژوویی گه‌وره‌ی ده‌خاته‌وه، كه‌وه‌ك شمشێری دووتیغ وه‌هایه، گه‌ر ئاگادار نه‌بیت ئه‌وا خۆت له‌تده‌كات. لێره‌وه ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی ئه‌و شمشێره‌ی هاته ناودهستهوه كهسهربهخۆییه و ناوێرێت به‌هیچ لایه‌كدا بیوه‌شێنێت، چونكه ده‌زانێت كه‌خۆی پێ زامدار ده‌كات، هه‌ر بۆیه له‌سه‌ره‌تادا گووتم؛ به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌هه‌ناویدا نه‌خێری بۆ دیسپۆتی كوردی هه‌ڵگرتووه.
تازه دونیا ناگه‌ڕێته‌وه بۆ دوای چونكه 25.09.2017به‌هایه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك (سه‌ربه‌خۆیی) ده‌ستی لێدرا، له‌خه‌ون و سروود و خه‌ونی شاعیرانه‌وه كرا به‌ده‌نگ و به‌ڵێیه‌كی مێژوویی و به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی حاشا هه‌ڵنه‌گر. ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی له‌وه‌دا ماسكه‌كانی كه‌وت كه هه‌ر له‌یه‌كه‌م كاژێره‌كانی پڕۆسه‌ی ده‌نگدانه‌وه، وه‌ئاگاهاته‌وه، به‌وه‌ی تازه سنوورێكی به‌زاندووه زۆر ترسناك، سنوورێك به‌م كاراكته‌ره‌وه ناتوانێت به‌ره‌نگاری بێته‌وه.
لێره‌وه دۆنكیخۆتهمان بیردێته‌وه كه ده‌یه‌وێت به‌ره‌نگاری په‌روانه‌كانی (ئاشی با ) بێته‌وه ، چونكه وه‌ها ده‌زانێت هه‌ژدیهاكانی سه‌ده تاریكه‌كانی ناوه‌ڕاستن، له‌دواجاریشدا كه له‌خه‌ونه سوارچاكیهكهی وه‌ئاگادێته‌وه، له‌ناو پێخهفهكیدا به‌دڵشكاوی ده‌مرێت. به‌هه‌قه‌ت ده‌بێت سه‌رۆك بارزانی ئاگادار بێت و ئه‌م كه‌یسه به‌ناو ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕیدا نه‌بات، له‌م پێچه‌دا له‌ڕووی ڕه‌مزییه‌وه جله سوارچاكیهكانی دۆن‌كیشۆت له‌به‌ر نه‌كات، چونكه وه‌ئاگاهاتنه‌وه، دووباره نسكۆیه‌كی هه‌زارو نۆسه‌دو حه‌فتاو پێنجه، به‌ڵام له سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كدا. ئه‌مجاره نسكۆیه‌كه ته‌نها بۆ خۆی و پارته‌كه‌ی، نه‌ك بۆ میلله‌تی كورد.
ته‌واو
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیدار به‌م باسه‌وه :
– ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین / به‌كر عه‌لی – سلۆته‌ردایك له‌نێزیكه‌وه – سێینه كتێب – ده‌زگای سه‌رده‌م ساڵی ٢٠١٦
– Peter Sloterdijk, Kritik der zynischenVernunft. SV. 1987
– Migel de Cervantes, Don Quijote , a new translataion by Burton Raffel. editing by Dina De Armas Wilson.
تێبینیه‌ك: ئه‌م نوسینه چه‌ند سه‌رنجێكی خێرا وتێبینیهكن له‌دیارده‌ی (ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی كوردی له‌كۆنتێكسته مێژووییهكهیهدا) هه‌وڵدانێكه بۆ تێگه‌یشتن له‌كۆی ئه‌قڵی سیاسی كوردی له سێكته‌ره جیاوازه‌كانیدا، بۆ هیچ مه‌به‌ستێكی سیاسیانه‌ی به‌رته‌سك به‌كارنایه‌ت.
ته‌واو – له‌نده‌ن 02.10.2017