Skip to Content

ئەو ڕێوییەی بە خۆیدا چووەوە … و: محەمەد بەرزی

ئەو ڕێوییەی بە خۆیدا چووەوە … و: محەمەد بەرزی

Closed
by حوزه‌یران 14, 2020 General, Kids Literature

منداڵە خۆشە ویستەکان ، لە دامینی شاخێکی بەرزی هەزار بە هەزاردا ، دارستانێکی زۆر گەورەی چر و پڕهەبوو . شاخ و دارستانەکە پڕ بوون لە ئاژەڵ و باڵندەی جوان . سەرلەبەیانییەکی زۆر زوو ، هەموو ئاژەڵ و باڵندەکان بەخەبەرهاتن . هەمووشیان زۆر شاد و کامەران و دڵخۆشبوون ، چونکە ئەو ڕۆژە ڕۆژی یادی جەژنی لە دایکبوونی دوو سەد ساڵەی گەورەترین داری ناو دارستانەکە بوو ، کە گەڵا و لق و پەلی ئەوەندە بە چڕیی بڵاوبوو بۆوە ، سێبەری بۆ هەمووان کردبوو . ئاژەڵ و باڵندەکان سەرقاڵی دروستکردن و ئامادەکردنی خواردنی زۆر خۆش و بە تام بوون ، وەک : شەکرلەمە و کێک و کولیچە و گاڵگاڵی و محەلەبی و زۆر خواردنی خۆشیتریش . چەند ئاژەڵێکیشیان خەریکی پێچانەوە و ڕازاندنەوەی خواردن و دیارییەکان بوون ، تا بە دیاری بیبەن بۆ دارە پیرە خۆشەویستەکەی خۆیان . چەند ئاژەڵ و باڵندەیەکی تریشیان سەرقاڵی ڕازاندنەوەی هەموو لایەکی دارستانەکە بوون . بەڵام ئەوەی سەیر بوو ، لە ناو هەموویاندا ، تەنها ڕێوی دڵگران و پەست و خەمبار بوو . ئەو نەک هەر ئیشی نەدەکرد ، بەڵکو بەردەوام خەریکی فرکان فرکان و کردنەوە و خواردنی دیارییەکانبوو . جارجارێکیش دەچوو قردێلە و میزڵدان و کاغەزە ڕەنگاو ڕەنگەکانی لە گەڵا و لقی دارەکانی ناو دارستانەکە دەکردەوە . کاتێک دارە گەورەکە ڕێوییەکەی بینی ، زۆر بە کارەکانی دڵتەنگبوو ، بۆیە بە ڕێوییەکەی وت : ( ئەرێ بە ڕاست تۆ هەتاکەی واز لەو هەڵسوکەوتە ناشیرینانەی خۆت ناهێنیت ؟ . ئەی باشە تۆش بۆ ناچیت تۆزێک یارمەتی هاوڕێکانت بدەیت ؟ ) . ڕێوییەکەش لە وەڵامدا وتی : ( ئاخر بۆیە وادەکەم ، چونکە هیچ هاوڕێیەکم نییە و هەمووان لە من بێزارن و حەزیان لە دۆستایەتیم نییە ، یەک کەسیشیان منی بۆ ئەم ئاهەنگە زۆر خۆشەی تۆ بانگ نەکردووە ، بەڕاستی خۆشم نازانم بۆ وا منیان خۆشناوێت و حەزیان لە چارەم نییە ؟ ) . ئنجا دارەکە زۆر لەسەرخۆ وتی : ( هەموو ئاژەڵ و باڵندەکان بۆ ئەم ئاهەنگەی من بانگکراون ، بەڵام بۆیە تۆیان بانگ نەکردووە ، چونکە بە ڕاستی تۆ بە تەواوی لە تامت دەرکردووە ، لەگەڵ هەموواندا بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەیت ، فێڵبازیت و فێڵیان لێدەکەیت ، هیچ چاکەیەکت نییە و بەردەوام درۆ دەکەیت و ئازاریاندەدەیت ، هەر بۆیە کەسییان حەزیان لە هاوڕیێ یەتی تۆ نییە . جا تکایە تۆزێک بیربکەرەوە و نەختێک بە خۆتدا بچۆرەوە و واز لەو هەڵسوکەوتە خراپ و ناشیرینانەی خۆت بهێنە ، دڵنیام ئەو کاتە هەموویان تۆشیان خۆشدەوێت و هاوڕێیەتیشت دەکەن ، پەیمانیشت دەدەمێ ئەو کاتە منیش هاوڕیێ یەتیتان دەکەم ) . قسەکانی درەختەکە زۆر کاریکردە سەر ڕێوییەکە ، هەر بۆیە بە باشی بیریکردەوە و بە وردی بە خۆیدا چووەوە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا وا خۆی چاککرد ، درەختەکە و هەموو ئاژەڵ و باڵندەکان بوون بە هاوڕێی و زۆریشیان خۆشدەویست و بۆ هەموو ئاهەنگێکیش بانگیاندەکرد و کارتیشیان بۆ دەنارد .

تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish