Skip to Content

قەسیدەی چاوەڕوانی ژنێک بووم… ستیڤان شەمزینی

قەسیدەی چاوەڕوانی ژنێک بووم… ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 21, 2022 General, Poems

چەندان ساڵ
تەرمی خۆمم بەشانمدا دابوو
شار بە شار
وڵات بە وڵات
لەگەڵ خۆم دەمگێڕا
نەمتوانی لە هیچ پاسارێکی غەمگین
لە هیچ گۆڕستانێکی مەلول
ئەسپەردەی بکەم
چاوەڕێم دەکرد لەدڵی ژنێکدا بینێژم
چەندان ساڵ
کاروانچییەکی چاوەڕوان بووم
هەگبەم دیوانێک شیعر و
دڵێکی بەخورپە داپۆشراو بوو
نەمتوانی یەک دێڕ شیعر
بۆ هیچ ئێوارەیەکی لێو بەبزە بخوێنمەوە
دڵیشم
بۆ هیچ ئەستێرەیەکی خامۆش بکەمەوە
چاوەڕوانی دەرکەوتنی ژنێک بووم
لەوسەری ئەوسەری دنیای لێڵی منەوە
لە دەم کەلی بێهودەییەکانمەوە هەڵبێ
شیعرەکانم بگرێتە باوەش
پەڕە پەڕە خورپەکانم بخوێنێتەوە
چەندان ساڵ
بە گەشتە دوورەکانەوە خەریک بووم
جارێک لە ناو کتێبێکدا ون بووم
جارێکی تر
لە فڕۆکەی جوانی کەوتمە خوارەوە
جارێکی تریش
لەژێر دارچناری قەدەغەدا خەوم لێکەوت
هەموو جارێک
سەفەر رەنگی هەڵدەپڕوسکاندم
لە هەموو گەشتەکانمدا
هەر چاوەڕێی ژنێک بووم
هاوسەفەرم بێت لە شەمەندەفەری ئەویندا
رۆژووی تەنهاییم لەگەڵ بشکێنێ
گۆرانی بۆ بڵێم کاتێک پێدەکەنێت
لە گۆمی دڵخۆشیمی هەڵکێشم
ساتێ خەفەتبار دەبێت
بیخەمە بەر رێژنەی ماچ
کاتێک تینوو دەبێت
چەندان ساڵ
کتێبی گریانم دەخوێندەوە
لە ژێر هەر وشەیەکیدا
دەریایەک فرمێسکم رشت
لە پەنا هەر پیتێکیدا هەزاران هەنسکم دا
لە کۆتاییدا کتێبێکم نووسی
بە پەڕەمووچی پێکەنین
نەمهێشت هیچ کەس
ئەو کتێبە بخوێنێتەوە
نە “با”یەکی سەرکێش
توانی پەڕەیەکی لێ هەڵبداتەوە
نە باران توانی بە ئەسرین بیخوسێنێت
ژنێک
لە باکووری زەردەخەنەوە پەیدا بوو
لە نێوان دێڕەکاندا خۆی ون کرد
هێشتاش نەگەیشتە ئەو دێڕەی دەڵێت
خۆشم دەوێی بە هەموو حەسرەتەکانتەوە
چەندان ساڵ
موریدی تەریقەتی پایز بووم
چی گوڵی تازە شکۆفەکردبوو وەرین
چی مەتەڵەکانی ژیان بوو
رەنگی خۆڵەمێشیان گرت
چی میوەکانی هەستم هەبوو
یەک یەک گەنین
ئا لەم وەرزە خەزاناوییەی تەمەندا
چاوەڕێی ژنێک بووم
لە رەگەزی یاسەمین
لەسەر بەرماڵی زەردهەڵگەڕاوی پایزییم
نوێژی بەهاری عیشقێک داببەستێت
لەم وەرزی وەرینەدا
بمخاتەوە حاڵی چرۆکردن
لەم گەڵاڕێزانەی عومردا
گیرفانم پڕ بکات لە هەنجیری ژیان
بەستەڵەکی ئەم تەنهاییە قاقڕەم
بە هەتاوی ژوانێک
بکاتە خۆرهەڵاتی ئاوەدانی
چەندان ساڵ
لە مەیخانەیەکی زۆر دێرین
شیعری “خەیام”م دەخوێندەوە
فاتیحام بۆ هێشووە ترێ دەخوێند
لەگەڵ فڕکردنی هەر پێکێک شەرابدا
خۆزگەیەکم لە دایک دەبوو
لە هەر هەناسەیەکی ئانی مەستبووندا
خەیاڵ بە باوەشی ژنێکەوە دەیبردم
چاوەڕوانی ژنێک بووم
قوم قوم ماچم لەگەڵ بخواتەوە
تەنهایی لە چاوەکانم بتەکێنێت
لەسەر شانۆی ئارەزووەکانم
سەما بکات
لە دارستانی شیعرمدا
نەمامێکی ساوا بڕوێنێ
لە ناو نوێنی عاتیفەمدا
بە خەونێک دوو گیان بێت
خەونێک کۆرپەی شیعرم
تێیدا بکەوێتە سەرپێ و
هەتاوی نیگام
لە ماڵی چاوم بێتە دەرەوە
چەندان ساڵ
لە بن درەختی زڕی
غوربەتدا گەوزابووم
هەناسەکانم
بۆنی بەفری مەنفایان لێ دەهات
ئەندێشەکانم
ببوونە گوڵدانی مرۆڤێکی ئاوارە
گەڵای زەردەخەنەکانم
دەوەرینە حەوشەی بێکەسییەوە
لەشی عیشقم
دومەڵی پەرتەوازەیی دەرکردبوو
لێوی پڕ بزەی پێشووم
گریانی لێ دەباری
ئا لەم ساتەوەختە پڕ وەیشوومەیەدا
چاوەڕوانی ژنێک بووم بە شمشێرێکەوە
قڵشت بخاتە نێوان من و تەنهاییەوە
گریان لە چاوم جیا بکاتەوە
دەستی ئەو ئاگرە بێ دووکەڵە وەڕسە ببڕێت
بە هۆی بێ نیشتمانییەوە سزام دەدا و
بە زیندوویی دەمسووتێنێت
لەشی ئەو ئیبلیسە
هەپروون هەپروون بکات
بە هەنگوینێکی ژەهراویی
هاتە بن کڵێشەم و
جانتای سەر هەڵگرتنی
بەرەو هەندەران دایە دەستم.

سەرەتای بەهاری 2019
بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتایسۆنی نۆرۆلۆگی

Previous
Next
Kurdish