Skip to Content

پینجی ئادار.. فازیل شــەوڕۆ

پینجی ئادار.. فازیل شــەوڕۆ

Closed
by ئازار 9, 2021 General, Poems


شەو:
شار، لە ناو کوورەی ستەمدا خۆی ڕادەژاند
شاخ، پووزەوانەی ئاگری بۆ سبەینێ لە پێ دەکرد
دایک، بەسۆز لایەلایەکی دەگوتەوە، قەت پێشتر نەبیسترا بوو
شەقام، تێنوو، خوێنی بەر پێی خۆی نۆش دەکرد.

سـەحەر:
تەوێڵی گەنج لەگەڵ فیشەک شەڕی دەکرد
سینەی کچان بوون بە قەلغانی ئازادی
تەورداس و پێمەڕە و بەرچیغ و گۆپاڵ
شیشەی دەرگا و پەنجەری زیندانەکانیان
لە مێخڕا تووند هەڵدەکێشا
ژنێک. .. سووتاو
لەسەر بان هاواڕی دەکرد
“قوربانتان بم، نەێنەوە،
تا هەڵۆم بۆ نەهێننەوە
قوربانتان بم
قوربانتان بم!”

چێشتنگاوان:
ئازادی، تازە دەهات بۆ شار و شاخ
گزنگی خۆی شاباش بکا
ئێستاش خوێنی چۆڕاوەی شەهید هەر هەڵمی لێهەڵدەستا
‘ئەی پێشمەرگە” لەسەر زاران وەکو بەفر دادەباری
زامە پڕ لەفیشەکەکان
لە تاو ئازار خۆیان لە خۆڵێ وەردەدا
بەڵام هەرگیز نەدەگریان.
ئازادی، ڕمبێک لەو ئاسمانە بەرزببۆوە، خۆر بوو.
خۆرێکی تیشک سوور سوور سوور.

پاشنیوەڕۆ:
خدر، تەلەوزیۆنێکی لەسەر شان بوو جوان ڕای دەکرد
وسوو، مێز و کورسییەکی بەدوای خۆیدا ڕادەکێشا
عەلۆ، چوار کلاشنکۆف و دوو دەمانچە و دوورەبینێکی
لە قۆڵەکانی کردبوو
منداڵێک، سێ نەجمەی زێڕی لەسەر شانی خۆی بەستبوو
هۆمەر، دوور دوور ڕاوەستا بوو
وەک شێت لە سەری خۆی دەدا
ئایشەگوڵ بە خەندەیەکی پڕ لە گریان
بە گریانێک دەم بەخەندە
یاخەی هەمووانی دەگرت و لێی دەیپرسین:
“توخوا، هەڵۆتان دیتەوە؟
توخوا، پێم بڵێن لە کوێیە،
بۆخۆم دەچم دەیهێنمەوە.

٥/٣/٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish