Skip to Content

مادییەتە عەقڵانییەکەی هۆبز … ئاراس وەهاب

مادییەتە عەقڵانییەکەی هۆبز … ئاراس وەهاب

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 30, 2016 General, Opinion

——————————
چی لە مرۆڤێک دەکەیت، هەوڵی بەچوارگۆشەکردنی بازنە بدات؟!!

لە نێو ئینگلیزەکاندا ساڵی (ئارامادا – Aramada) بە (ئەو ساڵەی فیلۆسۆفە گەورەکەیشمان لە دایک بووه‌)، ناسراوە، کە بریتییە لە ساڵی ١٥٨٨ی زایینی. لە (٥)ی نیسانی ئەو ساڵەدا و لە گوندی (وێستپۆرت)ی سەر بە شارۆچکەی (مالسبری) منداڵێک پێش وەختی خۆی، واتە پێش ئەوەی نۆ مانگ و نۆ ڕۆژەکە تەواو بکات لە دایک دەبێت. ئەو ڕێکەوتە، لەدایکبوونی ئەو منداڵە و نزیکبوونەوەی پاپۆڕی زەبەلاح (Giant)ی ئیسپانی (ئارامادا) بە ساڵێکی شووم لە نێو ئینگلیزەکانی ئەو سەردەمەدا ناسراوە. (هۆبز) خۆی لە یەکێک لە شیعرەکانیدا دەڵێت: دایکم لەو ڕۆژەدا دووانه‌یەکی دەبێت، یەکێکیان منم و ئەوی تریان ترسە. لە سەرگوزشتەکەی خۆیشیدا نایشارێتەوە، کە هەر ئەو ڕۆژە شوومە بووە کاریزمایی پێ بەخشیوە. ترس لای (هۆبز) ڕاستەقینە بووە، پێی وا بووە، سروشتی مرۆڤ سروشتێکی دڕندانه‌ی هەیە، برا دەتوانێت برا بکوژیت، گێلێک دەتوانێت لەسەر چەند پاوەندێک بتکوژێت. (هۆبز) ئه‌و ترسه‌ی هه‌ر لە سکی دایکییه‌وه‌ لای دروست بووە. (ئارامادا) کەشتیی بارهەڵگری گەورە، کە توانای گواستنەوەی هەشتسەد پاپۆڕی بچکۆلە و نەوەتهەزار سەربازی هەبووە، لەلایەن پاشای ئیسپانیا (فیلیپ)ی کاتۆلیکیی ئەو سەردەمەوە ڕەوانەی کەنارەکانی بەریتانیا کراوە بۆ چاوترساندنی (لیزبێس)ی پرۆتستستانی، شاژنی بەریتانیا. ئەو ڕووداوە ترسێکی زۆری خستووەتە دڵی ئینگلیزەکانەوە. هاوڕێکانی سەردەمی خۆی و فیلۆسۆفەکانی تری دوای خۆیشی دەڵێن، (هۆبز) بۆیە توانیویەتی نزیک بە سەدەیەک بژی، لەبەر ئەوەی زۆر ترساوە. (هۆبز) هەرچەندە لە ژیاندا زۆر ترساوە، بەڵام پەنجا ساڵی دووه‌می تەمەنی تووشی شەڕی زۆر قورس بووە، کە نەک هەر بەرگەی گرتووە، بەڵکو تێیشیاندا زۆر سەرکەوتوو بووە، بۆیە بووە بەو فیلۆسۆفە بەناوبانگەی ئێستا ئێمە پێی سەرسامین. شەڕەکانی (هۆبز) فیکری و فەلسەفی بوونە. بیرمەندێکی پڕشنگدار، چاونەترس و سه‌رکێش (adventurer) بووە. دکتۆر (رفائیل) دەڵێت، (هۆبز) لە بڵاوکردنەوەی بیرە فەلسەفی و سیاسییەکانی خۆیدا زۆر چاونەترس بووە، لە زۆر حاڵەتدا سوور زانیویەتی هەردوو دەستەڵاتی کڵێسا و پاشایەتی دژی هەڵدەستن، بەڵام لێیان نەسڵەمیوەتەوە. هەرچ کاتێک ئەو فیلۆسۆفە چووبێتە نێو شەڕی فیکرییەوە، بە زمانێکی زۆر توند، بە وزەیەکی بەرز و بڕوایەکی بێئەندازەوە دەریبڕیون و هیچ هەستی بە ترسیش نەکردووە. په‌لاو (challenge)ەکانی ئەم فیلۆسۆفە، بەرانبەر بە دەستەڵاتی کڵێسا و فەلسەفەی ئەرەستی ئەو سەردەمەی قوتابخانەکانی ئنگیلزەکان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بە دوژمنی سەرسەختی خوا و مەسیحیان لە قەڵەم داوه‌. هەروەها فەرمانی سووتاندنی کتێبەکانیشی دەرکراوه‌. (تۆماس هۆبز) پێش ئەوەی فیلۆسۆف بێت، زانایەکی بەناوبانگی بواری ماتماتیک بووە. کتێبی تۆماسی ماتماتیکی یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی فێرکردنی ئەو زانستە لە زانکۆکاندا. لە تیۆرییە ماتماتیکییەکانیدا خاوەنی تۆماری شەڕێکی فیکریی ٢٠ ساڵەیە لەگەڵ زانکۆی (ئۆکسفۆرد)دا. شەڕی فیکریی (جەبر و ئه‌ندازه‌)ی ئەم فیلۆسۆفە لە سەردانی دووه‌میدا بۆ پاریس دەست پێ دەکات بە تایبەت کاتێک، کە چاوی بە کتێبکەی (ئەقلیدس) دەکەوێت. هەر ئەم کتێبە بوو فیلۆسۆفی گەورەی گەیاندە ئەو باوەڕەی، ئەوەی (ئەقلیدس) لە (جەبر و ئەندازه‌)دا پێی گەیشتووه‌، ئەمیش دەتوانێت لە فیکر و فەلسەفە و سیاسەتدا بیگاتێ، لەوێوە بیرۆکەی کتێبی (لیڤایته‌ن – Leviathan) بۆ یەکەمجار لە دایک دەبێت. ئەم کتێبە بە بەناوبانگترین تیۆرییەکانی ئەم فیلۆسۆفەلە بواری سیاسەت و دەوڵەتداریدا هەژمار دەکرێت، تێیدا بنەماکانی پاسادانکردنی یەکسانیی هێزە سیاسییەکانی لە ڕووی (ئەندازه‌)ەوە وەکو زانستێکی ماتماتیکی سەلماندووە. هاوشێوەی (دێکارت)، (هۆبز)یش پێی وا بووە زانستی (ئه‌ندازە) تاکە زانستی پڕلۆژیکە، کە خوای سروشت بە مرۆڤایەتیی بەخشیوە. لە زانستی ماتماتیکیدا گومان هەیە، بۆیە خستنەبری هەیە. گومان و خستنەبری بووە وایان لە (هۆبز) کردووە، کە داوا لە مرۆڤایەتی بکات و بڵێت، باوەڕ بەوە مەکەن لە ئارادایە و گوتراوە، بەڵکو گومانەکان زۆرن و پێویستییان بە خستنەبری هەیە، پێناسەکان بەردەوام دابڕێژنەوە پێش ئەوەی بە کاری بهێنن. دانانی خاڵ (Full stop) ئەو بنەمایەیە (ئه‌ندازه‌)ی لێوە دروست دەبێت. لێرەوە ئەم فیلۆسۆفە دەچێتە قوڵاییی جووڵەوە و بنەما ئەرەستۆییەکانی پێ پووچەڵ دەکاتەوە. ئەم مرۆڤە بە شێوازێک عەشقی (ئەندازه‌) بووه‌، هەوڵی بەچوارگۆشەکردنی بازنەی داوە. لەبارەی ئەو هەوڵانەیەوە کۆمەڵێک ڕەشنووسی لە پاش بە جێ ماون، کە دواتر کۆپییەکەی دەخەینە پاشکۆی ئەم نووسینەوە. شەڕی ئەم بیرمەندە لەگەڵ بازنەدا زیاتر لە ٢٠ ساڵی خایاندووە، کاتێکیش وازی لێ هێناوە تاکو مردنی چەندین جار ویستوویەتی بۆی بگەڕێتەوە، بەڵام بۆی نەکراوە. بیرۆکەی بەچوارگۆشەکردنی بازنە لای (هۆبز) بەرهەمی ئەو یادگاری و ئەزموونە ناخۆشەیە، کە بیرمەند لە ژیانی زانکۆیدا لە (ئۆکسفۆرد) تێیدا ژیاوە. ئەو تاکو سەر ئێسک دژی سیستێمی خوێندنی ئەو سەردەمەی بەریتانیا بووە. زانکۆکانی لەبەر ئەوەی خەریکی بڵاوکردنەوەی بیری لاهووتیی بوون، بە کڵێسای تاریک ناوی بردوون. زانستی (جەبر) و (ئه‌ندازه‌) لە زانکۆکاندا بە جادوو و هونەری شەیتان لە قەڵەم دراون. ڕادەی ڕقی خەڵکی بەریتانی لە فیلۆسۆفی ناوبراو لە ژێر کاریگەیی دەوڵەتی کاتۆلیکیی ئەو سەردەمەدا گەیشتووەتە ڕادەیەک، نەخۆشییە تاعونیەکەی ساڵی ١٦٦٥ و هه‌ڵگیرسانی ئاگره‌ گەورەکەی لەندەنی ساڵی ١٦٦٦ خراوەتە پاڵ شوومیی ئەوەوه‌، گوایە باوەڕی بە خوا نەبووە. لە دوای ئەو دوو ڕووداوەوه‌ بڕیاری سووتاندنی پەڕتووکەکانی بە ناوی کتێبەکانی ئاتایست (الملحد)ەوە دراوە.
لە سەفەرێکیدا بۆ پاریس، ئەم فیلۆسۆفە ڕاهیبێکی کڵێسای بە ناوی (مارن مرسن) ناسیوە و لەوێوە لە ئەڵقەیەکی ئەکادیمی نافەرمییەوە لەگەڵ بەناوبانگترین زانا و بیرمەندی جیهانیی ئەو سەردەمەدا یەک دەگرن و زانست دەگۆڕنەوە. یەکەم شت، کە (هۆبز) لەوێدا بۆ ئەو گروپەی دەکات، پێشکەشکردنی ئەندێشەکان و بیرکردنەوەی قووڵییەتی لەبارەی بینین و هەستەکانی مرۆڤەوە. لەوێوە، دوای گەڕانەوەی بۆ ئینگلتەرا ڕێچکە فەلسەفییەکەی خۆی لەسەر سێ کۆڵەکە دادەڕژێت:
١- دیدگای میتافیزیکیی بوون بە گشتی.
٢- سایکۆلۆژیای مرۆڤ و پێوه‌ستبوونی بە فزیۆلۆژیاوە.
٣- سیاسەت و مۆڕاڵ.

لە سەرگوزشتەکەی خۆیدا (هۆبز) وای باس لێوە دەکات، کە زۆر بە ئاواتەوە بووە کتێبێک لەبارەی ئاییینه‌وه‌ لەسەر ئەو ڕیزبەندییە بنووسێت، بەڵام تێکەڵبوونی بە سیاسەت و زانستی سروشتی بواری به‌دیهێنانی ئه‌و خەونەی نه‌داوه‌. گەشتی فیلۆسۆفی ناوبراو بۆ فرەنسا ئارەزوومەندانە نەبووە، بەڵکو جۆرێک بووە لە (Self-imposed exile). واتە مەنفای هەڵبژاردە بووه‌.
(هۆبز) پێوه‌ندییەکی بەتینی لەگەڵ خێزانی (جاڤیندیش – Cavendish)دا دروست کردووە، کە ڕەچەڵەکێکی دێرینیان لە نێو کۆمه‌ڵگه‌ی بەرتیانیدا هەبووە. زۆرینەی بیرمەند، فیلۆسۆف و پیاوە سەربازی و دەستەڵاتدارەکانی ئینگلیزی ئەو چەند سەدەیە لەناو ئەو خێزانەوە هاتوون. ئەو پێوه‌ندییە دەرفەتێکی باشتری بۆ درێژەپێدان بە شەڕە فیکرییەکانی ئەو فیلۆسۆفە ڕه‌خساندووه‌. لە پاڵ ئەوەیشدا (هۆبز) لە ژیانیدا سێ گەشتی گەورەی ئەوروپیی کردووە. گەشتی یەکەمی بە یاوەریی قوتابیی یەکەمی، کە ئەندامی خێزانی (جاڤیندیش) بووە، کردووە. لە سەردەمی گەشتەکانیشیدا بەخت یاوەری بووە، ئەو سەردەمە بووە، کە (کێپلەر) زانستی فەلەکی داڕشتەوە و (گالالەیۆ)یش تازە گەڕابووەوە بۆ (تۆسکانی) و لە ڕێگه‌ی تەلسکۆبە نوێیەکەیەوە توانیبووی هەسارەی (نیپتۆن) بدۆزێتەوە. لە گەشتەکەیدا هەردووکیانیشی بینیبوو.
شەڕە فیکرییەکانی ئەم فیلۆسۆفە، لە گەشتەکەی پاریسەوە چەکەرە دەکات، بە دیاریکراوی لە دوای خوێندنەوەی کتێبەکەی دێکارت بە ناوی (An article about the curriculum)، واتای بابەتێک لەبارەی ڕێچکەوە. ڕاستییه‌که‌ی گەشەی عەقڵیی ئەم فیلۆسۆفە بەروبوومی گەشتەکانی بوو بۆ ئەوروپا. لە دوای گەڕانەوەی لە گەشتەکانی ئەوروپا، بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەی زۆر خراپ شڵەقاوە. ئەو شڵەقاندنە وای کردووە، کۆمەڵێک دەستنووسی دانسقە لەبارەی سروشتی مرۆڤایەتی، بنەماکانی سیاسەت و دەسەڵاته‌وه‌ بەرهەم بهێنێت.
هەر لە سەرەتای بەریەککەوتنییەوه‌ لەگەڵ فەلسەفەدا (هۆبز) دەست بە دابەشکردنی فەلسەفە بەسەر سێ لقدا دەکات: لە لەشدا، لە مرۆڤدا و لە هاوڵاتیدا. یەکەمیان گوزارش لە سروشت و پشت سروشت دەکات. دووه‌میان سایکۆلۆژیای مرۆڤ بە غەم وەردەگرێت و سێیه‌میشیان ئاکارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمه‌ڵگه‌ شیتەڵ دەکاتەوە. لە نێو کایەی مرۆڤدا کێشەی گەورەی بۆ فەلسەفە خوڵقاندووە. لەوێدا ئەوەی بۆ دەردەکەوێت، کە کاتێک باس لە مرۆڤ دەکەیت دەکرێت باس لە دوو هۆشی جیاواز بکەیت: یەکێکیان ئەو هۆشەیە، کە پێی دەگوترێت ئیدراک و لە ڕێگه‌ی هەستەکانەوە بەرهەم دێت. ئەوی تریشیان هۆشی ناو بەشی یادەوەریی (الذاکرە)ەیە. ئەمەی دووه‌هەمیان ئاژەڵانیش هاوبەشن تێیدا. فەیلوسەفەکانی سەردەمی خۆی (ڕۆبرتسۆن) و (هۆڤدنج) پێیان وابووە (هۆبز)یش وەکو (ئەرەستۆ) دژایەتییەکی لە نێوان ئەو شتەی پێێ دەگوترێت فەلسەفە، یاخود زانست لەگەڵ ئەو شتەی پێی دەگوترێت تاقیکردنەوە، یاخود ئەزموون دروست کردووە. ئەوان پێیان وایە ئێمە لە ڕێگه‌ی تاقیکردنەوە و ئەزموونەوە لە چییەتی (ماهیە)ی شتەکان تێ دەگەین، بەڵام فەلسفە و زانست هۆکارەکانیمان پێ دەڵێن، هەر لە ڕێگەی ئاگاداربوونمان لە هۆکارەکانی پێشووه‌وه‌ ئێمە دەگەینە ئەو شتەی پێی دەگوترێت “ئاکام / نتیجە”. واتە بەو پێیە بێت فەلسەفەکەی (هۆبز) دژایەتیی هەستە ئیدراکیەکا ن(perceptuel) دەکات. کاتێکیش دژایەتیی لاهووتی کردووە، پێی وا بووە فەلسەفە، یاخود زانست بە پێچەوانەی دەرککردن و یادەوەری (الاحساس والذاکرە)ەوەبە ته‌نیا لەسەر ڕووکەشیی دیاردەکان ناگیرسێتەوە، بەڵکو هەوڵی شیتەڵکردنی هۆکارەکانیشیان دەدات. ئەم تێڕوانینە ئاماژەیەکی ڕۆشنە بۆ ئەوەی (هۆبز) زۆر دوور بووە لە ڕێچکەی تاقیگەرییەوە، بەڵکو ڕێچکەیەکی عەقڵانیی پەتیی هەبووە. ئەم لە ڕێگەی ماتماتیکەوە بەروبوومی عەقڵی (ratiocination)مان بۆ ڕوون دەکاتەوە و کۆکردنەوە، لێدەرکردن، لێدان و دابەشکردن، ئەمانە هەموو فیکرن پێش ئەوەی بەرجەستە بن. ئێمە لە ڕێگەی فیکرمانەوە دەزانین چی دەبێت کۆ بکرێتەوە و چی دەبێت لێک دەربکرێن، یاخود دابەش بکرێن. هەرچی لاهووتە ئەو پێی وایە، مادام قسە لەسەر خوایەکی فانی دەکات، کە نە ڕەچەڵەکی هەیە و نە شوێنێکی دیاریکراوی هەیە، نە جێگەی پێ لێژ دەکرێت و نە حیساباتیشی لەسەر دەکرێت، کەواتە بەروبوومێکی عەقڵی نییە، بەڵکو ته‌نیا باوەڕە، بۆیە دەبێت لە پۆلی فەلسەفە دەربکرێتە دەرەوە. کایەی فەلسەفی لای (هۆبز) بۆ ئەو بابەتانە بەرتەسکە و هیچ جێگای ئەوانەی تێدانابێتەوە، کە بەروبوومی عەقڵی نین. لەوێدا وەکو نموونەیەک تیۆری خواپەرستیمان بۆ دەهێنێتەوە، کە پێی وایە خواپەرستی بەروبوومێکی عەقڵیی فیکریی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو کاریگەریی پلانی کڵێساکانە وا لە مرۆڤەکان دەکات بەو ئاراستەیە بیر بکەنەوە. لەسەر هەمان بنەما (هۆبز) فەلسەفە لە مێژوویش دادەبڕێت و پێی وایە، مادام مێژوو پشت بە ئەزموون و تاقیکردنەوەکان دەبەستێت و ئەوانەیش بەروبوومی فیکریی عەقڵی مرۆڤ نین، بەڵکو لە ڕێگه‌ی ئیدراکه‌کانەوە دێن، بۆیە فەلسەفەی مێژوویی دەکاتە خانەی دەرەوەی فەلسەفەوە وەکو زانست.
گەر بمانەوێت بڕێک لە بارەی (مێتۆد)ەوە بدوێین، دەبێت لەوێوە دەست پێ بکەین، کە چەرخی حەڤدەیه‌م، ئەو چەرخەی ئەم فیلۆسۆفەی تێدا پەروەردە بووە، سەردەمی گەشەی مێتۆد بووە. هەندێک لە فیلۆسۆفەکان دەیگێڕنەوە، کە لەوێوە، واتە دوای گەشەی (مێتۆد) عەقڵی مرۆڤایەتی گەشەی نوێ و جیاوازی بە خۆیەوە بینیوە. لەم تێزەدا (هۆبز) پێی وایە، مرۆڤ دەتوانیت بگاتە ئەو ڕاستییانەی بە شوێنیاندا دەگەڕێت بەو مەرجەی (مێتۆد)ێکی دیاریکراوی هەبێت. پێش ئەو سەردەمە، مرۆڤایەتی وا لە (مێتۆد) تێگەیشتبوو، گوایە لە هەناوی کەلتوور و ڕابردوودا خۆی حەشار داوە، بەڵام ئەوە (هۆبز) و هاوڕێکانی بوون ئەوەیان سەلماند، کە هەر مرۆڤێک بە (مێتۆد)ێکی تایبەت بە خۆی دەیەوێت بگاتە ڕاستی. هەر (مێتۆد)ی ماتماتیکی و ئەندازه‌یش بوو وای لەم فیلۆسۆفە کرد عەشقی فەلسەفە ببێت. کاتێکیش بە (گالالیۆ) دەگات و (مێتۆد)ەکەی لە بواری کۆزمۆلۆژیدا دەبینیت، پێی سەرسام دەبێت. شیکاری و پێکەوەنان (ترکب والتحلیل) ئەو ڕێچکەیە بوو ئەم فیلۆسۆفە گرتبوویە بەر لە مەیدانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کۆمه‌ڵگه‌ی ئەو سەردەمەدا. ئەو دەهات وەکو تیۆرییە ماتماتیکییەکانی شیکردنەوەی دەکرد، پێکهاتەی تازەی دەکرد و ئاکامەکانی بەیان دەکرد. (دێکارت) بە هەمان شێوەی *(هۆبز) (مێتۆد)ی ماتماتیکیی کردووە بەو ڕێچکەیەی فەلسەفە عەقلانییەکەی خۆیی لەسەر دامەزراندبوو. (هۆبز) بە حوکمی ئەوەی لە خێزانی دەستەڵاتدارانی هەم بەریتانی و هەمیش فره‌نسییەوە نزیک بووە، توانیویەیتی ئەو تێزانە پتەوتر بکات. (هۆبز) پێناسەکەی (دێکارت)ی بۆ شوێن (مکان) پێ قەبووڵ نەکراوە. ئەو پێی وا نییە، کایەی جیۆگرافی کایەیەکە درێژ دەبێتەوە، بێکۆتاییە و شتێکە سەربەخۆیە لە زه‌ین (ذهن). لای ئەم فیلۆسۆفە کایەی جیۆگرافی نە ماتەرە و نە درێژبوونەوەیە، بەڵکو وێنەیەکی زه‌ینییە و بەبێ بوونی زه‌ین ئەو بوونی هەیە. لەم میانەیەدا پرسیارێکی زۆر جەوهەری لەم فیلۆسۆفە کراوە، ئەویش ئەوە بووە: ئایا مادده‌ بوونی هەیە لە دەرەوەی فیکری ئێمە یان نا، خۆ گەر وایە فیکری ئێمەیش بەرهەمی مادده‌ین، کەواتە دوو ماددەمان هەیە هەردووکیان لە دەرەوەی فیکری ئێمە بوونیان هەیە. ئەم فیلۆسۆفە تا سەر ئێسک خۆی بە ماددی زانیوە و لە نووسینەکانیشیدا، بە تایبەت لە (لیڤایته‌ن)دا ئاماژەی پێ کردووە، کاتێک، کە قسە لەسەر دەروون، گیان و مەلاک دەکات، کە هەر یەک لەمانە جێگایەک لە بۆشایدا داگیر دەکەن، کە هیچ پێوه‌ندییان بە زه‌ینی ئێمەوە نییە، بەڵکو لە حەقیقەتدا بوونیان هەیە. کێشەی (هۆبز)، کە خۆی ددانی پێدا ناوە، جەوهەری ماددە بووە. ئەم کێشەیەیشی کاتێک بۆ دروست بووە، گەر پیاوێکی لاهووتی ویستوویەتی لەبارەی گیان و دەروونەوە قسەی لەگەڵدا بکات و تیۆرییەکانی پووچەڵ بکاتەوە. کێشەی (هۆبز) لەمە گەورەتر بووە، بەڵکو ئەویش تووشی هەمان گرێکوێرەی (هیگڵ) بووە، کە پێی وا بووە، جەوهەری مادده‌ لە دیاردە (مظهر)وە سەرچاوە دەگرێت و دیاردەیش لە گۆڕانێکی بەردەوامدایە، کەواتە جەوهەری ماددەیش لە گۆڕاندایە. ئەمە ئەو ڕاستییە تاڵە بووە، هەردوو فیلۆسۆف لە سەردەمەکانی خۆیاندا دەرگیریی بوون. لێرەوە بووە کێشەی مادییەتی عەقڵانیی (هۆبز) لای خەڵک دروست بووە. خەڵکی دەپرسن و دەڵێن: ئایا دەشێت مادده‌ و عەقڵ لە ڕێچکەیەکدا یەک بگرنەوە؟

لەبارەی جووڵەوە، ئە فیلۆسۆفە پێی وابووە، کە گەردوون هەمووی لە تەنی جوڵاو پێک هاتووە. لە نێوان زەوی و ئاسماندا، لە گەردیلەیەکی دەنکە لمێکی بیابانەوە تاوەکو گەورەترین تەنی نێو مەودای بینین، مرۆڤ، ئاژەڵ و تەواوی پێکهاتەکانی تری ناو ئەم گەردوونە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە. کێشەی (هۆبز) لە جووڵەدا هەمان کێشەی (گالالیۆ) و (کێپلەر) بووە، کە باوەڕیان وا بووە تەنەکان لە خۆیانەوە لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر بێ هۆکار ناجووڵێن. ئەو هۆکارە بووه‌ گرێکوێرەی ئەم فیلۆسۆفە. لەم مەیدانەدا، کاتێکە (ئەرەستۆ) دەڵێت دەبێت هۆکارێک هەبێت بۆ ئەو هێزی جووڵێنەرە، ئیتر لێرەوە بیرۆکه‌ی بوونی زاتێکی گەردوونی دروست دەبێت و (هۆبز) ناچار دەبێت شەڕی لەگەڵ بکات. چه‌سپاو (سکون) لای (هۆبز) بوونی نییە. ئەم تێزە لە میانەی باوەڕبوون بە زاتێکی گەردوونی، کە ئایین بە خوای ناو دەبات، ئەوەندی تر ئەوی تووشی گرفت کردووە. بۆ ئەوەی لە گرێکوێرەی ئەم فیلۆسۆفە تێبگەین، ناچار دەبین نموونەیەک بهێینیەوە: کاتێک مرۆڤ پارچەلیمۆیەک دەبینێت، یاخود باسی لیۆمی بە وردی بۆ دەکەیت، شتێک، کە ڕوو دەدان لە جەستەی ئەو مرۆڤەدا ڕشتنی گلاندە. ئەم گلاندە (هۆبز) و تەواوی فیلۆسۆفە مادییەکانی تر بە پەرچەکرداری ماددیی لە قەڵەمی دەدەن، بەڵام بەربەستی گەورەی ئەوان لەم تێزەدا ئەوە بووە: ڕاستە ئەو گلاندڕشتنە پەرچەکردارێکی ماددییە، بەڵام گەر ئەو مرۆڤە هەرگیز لیمۆی لە ژیانی خۆیدا نەبینیبێت و تامی نەکردبێت ئەو پەرچەکردارە ڕوو نادات، گەر ئەوەش ددان پێدا بنێین ئەو کات ئیتر ئیدراکی ئیحساسیمان بۆ زیندوو دەبێتەوە، کە (هۆبز) ڕەتی دەکاتەوە و لە خانەی فەلسەفەی کردووەتە دەرەوە. گلەییی فیلۆسۆفەکان لە دوای ئەو پێناسە و چەمکە نوێیانە لەم فیلۆسۆفە گەورەیە ئەوە بووە، گوتویانە، گەر (هۆبز) ئەوەندە (ئیستینباطی) بێت، ئیتر ماددییەت لە کوێدا دەمێنێتەوە.
هێزە مەعریفییەکانی ناو مرۆڤ، کە جێگەی باسی ئێمەیە، (هۆبز) بە (imaginative) یاخود (conceptive)، بە واتای بینینی شتێک لە خەیاڵدا، یاخود به‌ هێنانه‌به‌رچاو و وێناندن ناویان دەبات. ئەمانە ئەو هێزانەن، ئەم فیلۆسۆفە کاری لە سەر کردوون و مرۆڤی لە ئاژەڵی ناعاقڵ پێ جیا دەکاتەوە. بەپێی ئەو تیۆرییانە، ئەم وای بۆی چووە، سەرەتاکانی هەموو مەعریفەیەک بە دروستکردنی وێنەیەک لە خەیاڵدا، لە زه‌یندا دەست پێ دەکات. هەرچی هەست لە مرۆڤدایە، لە ڕێگه‌ی کارتێکردنەوە دەوروژێت. ئەو کارتێکردنە دەشێت دەستلێدان، بۆنکردن، چونەژوورەوەی تیشک بۆ ناو چاو، هتد سەرچاوە بگرێت. ئەمانە هەموویان لە ڕێگه‌ی جووڵەوە دەخوڵقێن و کاتێکیش کاریگەریی خۆیان لەسەر هەستەکانی ئێمە دادەنێن دەبنە هۆی دروستکردنی جووڵە لەو دەرمارە و نیۆرۆگلیانەدا، کە ئەو وێنانەمان پێ دەڵێن. جووڵە لای (هۆبز) هەمیشە جووڵەی تر بە دوای خۆێدا دێنیت، ته‌نیا ئەو جوڵانەیشن وێنەکان لە خەیاڵماندا دروست دەکەن، کە دەبنە سەرچاوەی مەعریفەی ئێمە. بیانووی (هۆبز) بۆ پێناسکردنی ئیدراکه‌ە هەستییەکان ئەوەیە، گوایە ئێمە لە ڕێگه‌ی ئەو کاریگەرییانەوە ناتوانین جەوهەری شتەکان بناسین، بەڵکو ته‌نیا هەست بە بوون و ڕووکەشیان دەکەین. لێرەوەیە بە (وێنە لە خەیاڵدا) ناویان دەبات. لەم تێزەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، تەنەکان وەکو ڕاستیی دەرەکی دەرناکەون، مادام ڕاستەوخۆ جەوهەرەکانیان نازانین، بەڵکو لە ڕێگه‌ی بەروبوومی عەقڵییەوە دەیانناسین و تێیان دەگەین. لە درێژەی ئەم باسەیدا (هۆبز) دەڵێت، بەروبوومی هەستەکان هەمیشە وێنەن، وێنەکانیش زۆرن و لە هەلی جیاجیادا و بە هۆکاری جیاوازەوە لە ڕێگه‌ی ئیدراکەکانمانەوە بۆمان دروست دەبن. ئەم وێنانە کۆپییان لە ناو زه‌ینماندا دەمێنێتەوە، کە دواجار دەبنە سەرچاوەی مەعریفیمان. لە هەمان باسدا ئاماژەیش بەوە دەکات، کە تەنانەت دوای چاوداخستنیشمان ئەو وێنانەی لە دوا چرکەی بینینەکانماندا دروست دەبن، هەر دەبیننین و دەیشیانناسینەوە چ تەنێکی سەربەخۆن لە دەرەوه‌ماندا. لەم تێڕوانینەوە دەچێتە سەر قسەکردن لەبارەی جنۆکە (goast)ەوە و دەڵێت ئەو کۆپییانەی ئۆبجێکتەکانە وامان لێ دەکەن باوەڕمان بە تارمایی (شبح) هەبێت. لەباره‌ی خەویشه‌وه‌ (هۆبز) بێدەنگ نەبووە، بەڵکو قسەی خۆیی هەیە و دەڵێت خەو بەروبوومی جووڵەی پێکهاتەکانی جەوهەریی ناوەکیی دەماغی بوونەوەرەکانە. خەو هیچ نییە جگە له‌ وروژاندنی مێشک و دواجار بەرهەمهێنانی ئەو وێنانەی وەکو خەو دەیانگێڕینەوە. یەکێک لە خەسڵەتەکانی خەوبینین، کە تاکو ئیستا مرۆڤایەتی و زانست نەیانتوانیوە دەرک بە هۆکارەکەی بکه‌ن ئەوەیە ئێمە لە خەوماندا، تەواو پێمان وایە لە واقیعداین و هەرگیز دەرک بە واقیعیی خودی خەوبینینیەکە ناکەین. لە خەونەکانماندا مردووەکانمان دەبینینەوە، لەگەڵیاندا هەڵسوکەوت دەکەین، دەخۆین، دەخەوین و هەموو ئەو شتانەی لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئارەزوومان لێیەتی، دەیانکەین، بەڵام هەرگیز هەست بەوە ناکەین ئەوە خەوە. لە واقیعدا پێچەوانەکەی ڕاستە، ئەویش ئەوەیە واقیعی خەو ڕەت دەکەینەوە و گاڵتەی پێ دەکەین. مرۆڤی سەرەتایی بیرۆکەی خاڵق، ڕۆح، جنۆکە، زیندووبوونەوە و نەمرییان بە هۆی خەوبینییەوە بنیات ناوە، لەبەر ئەوەی هیچ ڕاڤه‌یه‌کیان بۆی نەبووە. هەستکردن و ئەزموون، کە سەرچاوەی کەڵەکەبوونی خەزێنەی مەعریفی ئیمەن، بە ته‌نیا نیشانەی ناسینەوەی فیلۆسۆفی تاقیگەری (التجریبی) نین، بەڵکو فیلۆسۆفی عەقڵانیشیان پێ دەستنیشان دەکرێت. ته‌نیا جیاوازییەک لە نێوانیاندا ئەوەیه‌ جۆری یەکەمیان، باوەڕیان بە دابەشبوونی مەعریفە نییە بەسەر دوو بەشدا، لە کاتێدا پۆلی دووەمیان، باوەڕیان وایە مەعریفە دوو سەرچاوەی هەن، یەکەمیان، ئیدراکەکانمانە، مەبەست لە پێنج هەستەکەیە و دووەمیشیان بەروبوومی عەقڵمانە. فەلسەفەی تاقیگەری لە هەستەوە دەست پێ دەکات و لەوێیشدا کۆتاییی دێت، بەڵام فیلۆسۆفی عەقڵانی لەسەر یەقینی ماتماتیکی کار دەکات و بە پاساودانی عەقڵی کۆتایی پێ دەهێنێت. فیلۆسۆفە عەقڵانییەکان، کە (هۆبز) وەکو ڕابەرێکی ئەو ڕێچکەیە هەژمار دەکرێت، کاتێک دژی هەستەکانمان دەوەستنەوە، هەروا بێ هوودە نییە، بەڵکو باوەڕیان وایە هەستەکانمان درۆمان لەگەڵ دەکەن، هەڵماندەخەڵەتێنن و بە لاڕێماندا دەبەن. لەم بارەیەوە نموونەی زۆریش هەن، بەڵام ئێمە لە نێویاندا ته‌نیا نموونەیەک دەهێنینەوە: کاتێک لە شوێنێکی تاریکەوە دەڕوانینه‌ دەروازەیەکی ڕووناک، جا ئەو دەروازەیە پەنجەرەی ژوورێکی تاریک، یاخود کونێکی بچکۆلەی شوێنێکی ئەو ژوورە تاریکە بێت، گەر بۆ چەند چرکەیەک سەیری ئەو دەروازە ڕووناکە بکەین و لە ناکاو چاومان دابخەین، دەبینین، کە وێنەی ئەو دەروازەیە بە تەواوەتی لە چاوماندا چاپ دەبیت و تا چەند چرکەیەکیش دەمێنیتەوە. عەقڵ لای (هۆبز) دوو ئامانجی هەیە: دەسنیشانکردنی هۆکارە مەرجییەکانی ئاکامه‌ دیاریکراوەکان، ئامانجی دووه‌میش دەسنیشانکردنی ئاکامەمەرجییەکانی هۆکارە دیاریکراوەکان.

زمان ڕۆڵێکی گرنگی لە فۆرمۆڵەبوونی فەلسەفە عەقڵانییەکەی (هۆبز)دا بینیوە، تەنانەت هەندێک لە فیلۆسۆفەکانی سەردەمی خۆی پێیان وا بووە، فەلسەفەی (هۆبز) پێشەنگی فەلسەفەی زمان و شیکارییە. گرنگیدانی ئەم فیلۆسۆفە بە زمان بە ئامانجی هەڵوەشاندەوە و ڕیسواکردنی گرفتە ساخته‌ و درۆیینەکانی فیلۆسۆفی چەرخەکانی ناوەڕاستە. لە کتێبی (لیڤایته‌ن)ەکەیدا بە ڕۆشنی ئاماژە بە پێویستیی ژیانی مرۆڤایەتی بۆ زمان دەکات، کە لە ڕێگه‌یەوە پێناسەکان دادەڕێژین، ناوەکان دەنێین و گوزارش لە عەقڵمان ده‌کەین. ئەم پێی وا نییە، کە ئەوە ته‌نیا عەقڵە جڵەوی زمان دەگرێتە دەست و کۆنتڕۆڵی دەکات، بەڵکو پێچەوانەکەیشی ڕاستە. بە واتایەکی تر زۆر کات زمان عەقڵمان کۆنتڕۆڵ دەکات و بەپێی جۆری گوزارشی ئەو زمانە عەقڵمان هەڵسوکەوت دەکات و فکر بەرهەم دەهێنێت. لە (لیڤایته‌ن)ەکەیدا ئاماژەیەکی ڕۆشن بەوە دەدات، کە ئەوەی چاپەمەنیی دۆزیوەتەوە زۆر پاڵەوان نەبووە، بەڵکو ئەوە پاڵەوان بووە، کە پیتی داهێناوە. زمان لای ئەم فیلۆسۆفە شتێکی فیکریی زۆر سەیر و سەمەرە نییە، بەڵکو بەرهەمی مرۆڤایەتییە، لە ئاکامی پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤەکانەوە لە بەریەککەوتنیاندا لەگەڵ یەکتردا سەرچاوەی گرتووە. دواجار (هۆبز) زمان به‌ ڕاستیییه‌وه‌ (الحقیقە) دەبەستێتەوە. لای ئەو ڕاستی تەواو پشت بە ڕیزبەندییەکی دروستی وشەکان دەبەستێت، ئەوەیشی بیەوێت بە دوای ڕاستیدا بگەڕێت، دەبێت وشە بە وشە بیری بێت چی دەڵێت، چۆن ڕیزیان دەکات، ئەگینا وەکو خۆڕاپسکان دەبێت لەناو تۆڕێکدا، کە ئەوەندەی تر تۆڕەکەی لێ ئاڵۆز دەبێت.
(هۆبز) وەکو سۆسیۆلۆژێکی شارەزا گفتوگۆی فراوانی لەبارەی مۆڕاڵ و ویژدانەوە هەبووە. لە دیدگایەکی سایکۆلۆژیەوە مۆڕاڵی شرۆڤە کردووە و قسەیەکی زۆری لەسەر سۆزەکان و هەڵچوونە فسیۆلۆژییەکانی مرۆڤ هەبووە. ئەو پێی وا بووە یاسا سروشتییەکان جێگیرن و گۆڕانیان بەسەردا نایەت. ئەوانەی قەدەغەن، هەرگیز ناتوانرێت ئازاد بکرێن و ئەوانەیشی ئازادن هەرگیز ناتوانرێت قەدەغە بکرێن. لەوبارەیەوە لە (لیڤایته‌ن)ەکەیدا دەیان نموونە لەسەر ئارەزوو و ئاره‌زووه‌ نەستییەکانی مرۆڤمان بۆ باس دەکات و دەیانخاتە ژێر کاریگەریی دەرەکییەوە. ئەو بنەما سایکۆلۆژییانەی (هۆبز) تێڕوانینە مۆڕاڵییەکانی خۆیی پێ دەخاتە ڕوو بریتین لە بەراوردکرنی (خێر/ باشە) بە (لەزەت)، (شەڕ) بە (ئازار)، … هتد. بە بۆچوونی ئەو، هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ وەکو ئارەزوو سەیریان دەکات، ناوی ناون (خێر/ باشە) و هەموو ئەو شتانەیشی جێگای ڕقن بۆی ناوی ناون (شەڕ / خراپە). بەم پێیە، چەمکەکانی (شەڕ) (خێر) و هاوشێوەی دەلالاتەکانی خۆی لەو کەسانەوە وەردەگرێت، کە بە کاریان دەهێنێت، لەبەر ئەوەی شتێکی ڕەها و سەربەخۆ نییە ناوی (شەڕ) یاخود (خێر) بێت. لێرەوە (هۆبز) ڕێژەییی مۆڕاڵمان بۆ پێناس دەکات و مادامیش (خێر)ەکانمان گوزارشمان لە هەموو ئەو شتانە بۆ دەکەن، کە بۆمان باشن و (شەڕ)ەکانیشمان گوزارشمان لەو شتانە بۆ دەکەن، زیانبەخشن، کەواتە دەتوانین بڵێین، (خێر) بنەمای مۆڕاڵی کۆمەڵایەتیی مرۆڤایەتی پێک دەهێنیت. ئەوانەی باسیان لێوە کرا، بە ئەنگێزە خودییەکان ناو دەبرێن، کە مرۆڤایەتی توانیویەتی بۆ مانەوە و درێژەدان بە بوونی خۆی پێناسیان بکات و مامەڵەیان لەگەڵ بکات. لە بەرانبەردا، (هۆبز) پێی وایە، کاتێک ئێمە گوزارشت لە (سندوقێکی چوارگۆشە) دەکەین، ئەم گوزارشتە هیچ ئەنگێزیەکی خودیی تێدا بە دی ناکرێت، بەڵکو خه‌سڵه‌تێکی ڕەهایە و لە دەرەوەی خودی مرۆڤایەتیدا بوونی هەیە.

لە تیۆرییەکانیدا لەبارەی سیاسەتەوە، (هۆبز)دەڵێت: هیچ کەسێک نایەوێت ملکەچی یاسا و ڕێساکانی ژیان بێت، مەگەر لە سزا بترسێت. هەروەها کاتێک مامەڵە لەگەڵ کۆمه‌ڵگه‌یەک دەکەین، دەبێت هەمیشە چاوەڕێی ئەوە بکەین، کە خەڵکانێک قووت دەبنەوە، گەر هەڕەشەی سزایان لێ نەکەین یاسا پێڕۆیی ناکەن. یەک لەو تێزانەی (ئەرەستۆ) لە میانەی پێناسی مرۆڤدا (هۆبز) نکووڵی لێ دەکات، ئەوەیە (ئەرەستۆ) پێی وایە مرۆڤ بە سروشت بوونەوەرێکی چاکەکارە بۆ کۆمه‌ڵگه‌. (هۆبز) دژی ئەو تێزە یۆنانییە کۆنانەیە، پێیان وایە مرۆڤ بە سروشت شارستانییە لەو بارەیەوە دەڵێت: زۆرینەی زۆری فیلۆسۆف و نووسەرە کۆنەکان پێمان دەڵێن، مرۆڤ بە سروشت شارستانییە، وەکو ئەوەی دامەزراندنی دەستەڵاتێکی تۆکمە و بەهێز، بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاساییش پێویستی بە کۆنتراکتی مرۆڤەکان لەسەر کۆمەڵێک مەرج، کە دواجار پێی دەگوترێت یاسا، نەبێت. ئەم تێڕوانییەی خۆی بەوە کۆتا دێنێت: (دامەزراندنی کۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی پرۆژەیەکی زۆر لەوە گەورەترە ته‌نیا بڵێین مرۆڤ بە سروشت شارستانییە. لە ناو شارستانییەتدا ناکۆکییەکان، هێزە سروشتییە شاردراوەکانی مرۆڤ، ئەنگێزەکان و تەواوی توانا و ویستەکانی مرۆڤ دەوروژێن و دەکەونە گەڕ). (هۆبز) پێی وایە، لە سروشتدا شارستانییەت نییە، دەوڵەت، که‌لتوور، زانست و دەیان بەرهەمی تری مرۆڤایەتی بوونیان نییە، بەڵکو هەموویان لە باوەشی بەشارستانیبوونی مرۆڤدا لە دایک دەبن. (سکستۆس ئیمبریکس) نووسەرێکی کۆنی لاتینییە لە نووسراوەکانیدا نموونەیەکی مامەڵەکردنی فارسە کۆنەکانمان لەمەڕ هەڵبژاردنی پاشای نوێدا لە دوای مردنی پاشای هەنووکەیی بۆ باس دەکات و دەڵێت: کاتی خۆی، فارسەکان، که‌ پاشاکەیان ده‌مرد، ڕاستەوخۆ پاسایه‌کی دیکه‌یان هەڵنەده‌بژارد، بەڵکو ٥ ڕۆژ چاوه‌ڕییان ده‌کرد. لەو پێنج ڕۆژەدا ئاژاوە و پشێوی سەرتاپای وڵاتی گرتووەتەوە، کوشتن، بڕین، دەستدرێژی سێکسی و هەموو ئەنگێزە ناشیرینە وەحشییەکان ئاکتیڤ بوون‌. لە دوای ئەو پێنج ڕۆژە کاتێک هەرچ کەسێکیان بە پاشا دەستنیشان کردبیت، ئەوا خەڵکی ڕاستەخۆ ملکەچیی خۆیانیان پێشان داوە و پاڵپشتییان لێ کردووە. ئەم نموونەیە، کە (هۆبز) بۆمان دێنیتەوە بۆ ئەوەیە پێشانمان بدات، لە دوای هەموو ئاژاوە و پشێوییەک مرۆڤەکان ملکه‌چی (وەلاء)یان بۆ یاسا و دادپەروەری زۆرتر و زۆرتر دەبێت.
کتێبی (لیڤایته‌ن)ەکەی (هۆبز) بە کتێبێکی زۆر سه‌یر تێڕوانینی بۆ دەکرێت. وشەی (لیڤایته‌ن) وشەیەکی عیبرییە و بە مانای دڕندەیەکی دەریایی دێت، کە زۆر گەورەیە و لە ڕێگه‌ی شەڕەوە بەسەر هەموو گیانلەبەرە ئاوییەکانی تردا زاڵ دەبێت و مەملەکەتەکەیان داگیر دەکات. لەم کتێبەیەوە (هۆبز) دەیەوێت دەوڵەتێکی بەهێز و تۆکمە دابمەزرێنێت، کە توانای تێکشکاندنی پشێوی، فیتنە و شەڕەناوخۆییەکانی هەبێت. کەواتە (لیڤایته‌ن) دەوڵەت بووە، نەک فەرمانڕەوا و پاشا. (هۆبز) ئەم کتێبەی کردووە بە چوار بەشی سەرەکییەوە، لە بەشی یەکەمدا باس لەو کەرەستانە دەکات، کە دەوڵەتێکی بەهێزیان لێ دروست دەبێت. گرنگترینی ئەو کەرەستانەیش بە مرۆڤ ناو دەبات. لەوێوە فیلۆسۆفی ناوبراو دەوڵەت بە کۆمه‌ڵگه‌یەکی سیاسی لە قەڵەم دەدات، کە پێکهاتەکەی مرۆڤە و دەوڵەتیش داهێنانی خۆیەتی. لە بەشی سێیه‌می کتێبەکەیدا، ناوبراو باس لە بنەما دینییەکانی دروستبوونی دەوڵەتی مەسیحی دەکات و هەموو ئەو بنەمایانەیش دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە. لە بەشی چواره‌میدا باس لە تاریکیی ڕۆح دەکات، کە تێیدا گوزارش لە خراپ وەرگێڕانی کتێبی مەسیحی دەکات و باوەڕبوونیشی بە جنۆکە و ڕۆح ئەو شتانە دەچوێنێت بە ئایینی بتپەرستیی کۆن.
لە بەشی گرێکۆمەڵایەتی و دامەزراندنی دەوڵەتەکەیدا (هۆبز) باس لە هەردوو مافە سروشتییەکان (حقوق الطبیعیە) و یاسا سروشتییەکانمان بۆ دەکات. مافە سروشتییەکان بەسەر چوار بەشدا پۆڵین دەکات:
– ئەو مافانەی لە پێناو مانەوەی خوددادا هەن.
– ئەو مافانەی که‌ره‌سته‌ی ئەو مانەوەیە مسۆگەر دەکەن.
– ئەو ماڤانەی ئامانج دەستنیشان دەکەن.
– ئەو مافانەی خاوەندارێتی دەسنیشان دەکەن.
بۆ یاسا سروشتییەکانیش ئەم فیلۆسۆفە پێی وایە ئەو بنەما و بیرۆکانەن لە ڕێگه‌ی عەقڵەوە دەدۆزرێنەوە، تاکو بەربەستەکان لە بەردەم بەردەوامبوونی ژیاندا وەلا بنێت. ئەم یاسایانە، لەگەڵ ئەوەیشدا سروشتین، بەڵام دواجار لەبەر ئەوەی لەلایەن عەقڵەوە دەدۆزرێنەوە بە عەقڵیش پێناسیان دەکات، پێیان دەگوترێت یاسا عەقڵییەکان، یاخود یاسا مۆڕاڵییەکان، کە پێشتر ئاماژەمان پی کرد. (هۆبز) پێمان دەڵێت هیچ بیانوویەک بۆ تێنەگەیشتن و خۆگێلکردن لە یاسا سروشتییەکان نییە. نەزانی (جهل) بۆ یاسا سروشتییەکان لە سێ ئاستدا خۆی دەبینێتەوە: نەزانی بەرانبەر بە یاسا (دەستوور)، نەزانی بەرانبەر بە دەستەڵات و دواجاریش نەزانی بەرانبەر بە سزا. دەربارەی سروشت، ئەوەی لە (ئەرەستۆ)ەوە بۆمان ماوەتەوە و بە ڕادەیەکی زۆریش کاریگەریی لەسەر (هۆبز) داناوە، ئەوەیە دەڵێت: سروشت هەندێک بوونی دروست کردووە تاوەکو فەرمان بدەن و هەندێک بوونی تریشی دروست کردووە، تاکو ملکەچ بن، سەرباری ئەمان هاوسەنگی و بەرابەرییەکیشی داناوە. لە درێژەی باسەکەیدا (ئەرەستۆ) دەڵێت، خۆ ئەگەر سروشت توانی مرۆڤەکان نابەرابەر بخوڵقێنێت ئەوا هیچ هێزێک نییە بتوانێت ئاشتییان لە نێواندا بۆ دابین بکات.

(هۆبز) تێڕوانینی تایبەت، بەڵام جیاواز لە سەردەمەکه‌ی خۆیی بەرانبەر بە ئایین هەبووە. کەسانێکی زۆر لە سەردەمی خۆیدا (هۆبز)یان بە ئاته‌ئیست (ملحد: خوانەناس) بە خەڵک ناساندووە، بەڵام ئەوەی زۆر باش (هۆبز)ی ناسیوە و توانیبێتی تێڕوانینی کەسایەتیی شی بکاتەوە ئەو کەسانە بوون، کە هاوڕێی نزیکی بوون و گفتوگۆیان لەگەڵ کردووە. (جون ئۆبری) یەکێک بووە لەو کەسانە، هاوڕێیەتیی نزیکی لەگەڵ فیلۆسۆفی ناوبراو هەبووە. (جون) پێی وا نەبووە، کە (هۆبز) خوانەناس بووبێت. هەندێکی تر لە هاوڕێ نزیکەکانی پێیان وابووە، (هۆبز)، نەک هەر ئاتایست
بووە، بەڵکو ئاتایزم کرۆکی فەلسەفەکەی بووە و بنەمایەکیش بووە بۆ دارشتنە تیۆرییە سیاسییەکانی. لێرەدا ناکرێت ڕای پیاوانی ئایینیی سەردەمەکەی خۆی لە یاد بکەین و قسەیان لەبارەوە نەکەین. زۆربەی پیاوانی ئایینیی ئەو سەردەمەی کۆمه‌ڵگه‌ی بەریتانی (هۆبز)یان بە خوانەناس لە قەڵەم داوە. لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی باوەڕ لە مەعریفە، لە ژیانی فەلسەفیی خۆیدا (هۆبز) هەوڵی جیاکردنەوەی لاهووتی لە فەلسەفە داوە. لە میانەی سەرهەڵدانی دینەوە، ئەم فیلۆسۆفە پێی وایە مرۆڤ خۆی ئاژەڵیکی دیندارە و دین لای هیچ بوونەوەرێکی تر بوونی نییە، مادام بەرهەمەکانی دینداریی ته‌نیا لای مرۆڤ بەرچاو دەکەویت. سروشتی مرۆڤ بەوە لە بوونەوەرەکانی تر جیا دەکرێتەوە، کە حەزی بە بەدواداچوون (Curiosity)ە. هۆکاری هەموو مەینەتییەکانی ژیان لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە مرۆڤایەتی بە دوای هۆکارەکان (علل)دا دەگەڕێت و تا نەیاندۆزێتەوە واز ناهێنیت، تاکو دەگاتە ئەو شوێنەی بۆ هەندێک هۆکار، کە ناتوانێت هۆکاری پێشتری بۆ بدۆزێتەوە، ئیتر لەوێدا دەوەستێت و دەیخاتە پاڵ (خوا)، مادام پێی وایه‌ ئەزەلییە. ته‌نیا مرۆڤە دەتوانیت دەرک بە سەرهەڵدان و گومبوونی شتەکان و دیاردەکان بکات. لەوێوە ئەو بیرۆکەیەی بۆ دروست بووە، شتێک، کە سەرەتای هەبێت دەبێت هۆکارێکیش هەبێت بۆ دروستبوونی. ئاژەڵەکانی تر ئاسوودەیی ته‌نیا لە ئەنگێزەکانی خواردن، سێکس و نەبوونی دوژمندا دەبیننەوە، بەڵام لای مرۆڤ پێچەوانەیە. مرۆڤ هەست بە بەختیارییەک دەکات، کە لە ئاییندەدا دەتوانێت دروستی بکات. یەکێکی تر لە خه‌سڵه‌تەکانی مرۆڤ لای (هۆبز) ترس و دڵەڕاوکێیە. ترس و دڵەڕاوکێ لە کاتێکدا دێنە ئاراوە، کە مرۆڤ هۆکارەکانی دیاردەکانی لا گوم دەبن و ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات. ئەو چەمکانەی باسیان لێوە کرا، ئەوانەن (هۆبز) سەرهەڵدانی دینی لای مرۆڤ پێ شرۆڤە کردووە. نەزانین (جهل) لای (هۆبز)، کە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی دینە، نەزانییە بەرانبەر سەرچاوەی دیاردەکان. ترس لای مرۆڤ یەکێکی ترە لە بنەماکانی دروستبوونی دین. کۆمه‌ڵگه‌ سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتی کاتێک بەر یەک کەوتوون پێویستیان بە سیستمێکی حوکومڕانی بووە بۆ ڕێکخستنی ژیانی خۆیان و مسۆگەرکردنی ئاساییشی مانەوەیان. بۆ دابینکردنی ئەو مسۆگەرییەیش پەنایان بردووەتە بەر ترساندنی مرۆڤ لە ئەشکەنجە و ئازارەکانی هێزە شاردراوەکان. بۆ هەر هێزێکی سروشتیی نادیاریش مرۆڤ توانیویەتی وێنەیەکی لە مێشکی خۆیدا بۆ بخوڵقێنیت و توانیویەتی پەیکەرێکیشی بۆ دروست بکات. سەرەتاییترین دین دینی بتپەرستی بووە، هەر بتێکیش سیومبوڵێک بووە بۆ هێزە سروشتییە نادیارەکان، هیزی شەیتان، هێزی چاکە و خێر، هیزەکانی ئاگر و هەورەگرمە و ،،،،، هتد. زۆربەی فیلۆسۆفەکان و لە نێویشیاندا (هۆبز) پێیان وایە، عەقڵی مرۆڤ توانای هێنانه‌به‌رچاو و تێگەیشنی بێکۆتایی (ما لانهایە)ی نییە. لەبەر ئەوەی خوایش لەو پۆڵێنەیە، وێنەیەکی ڕۆشنی ماتەریی خوا لای مرۆڤایەتی دەست ناکەوێت.

بابەتی عەقڵی فەلسەفی لای ئەم فیلۆسۆفە تەنێکە، ئێمە دەتوانین وێنای بکه‌ین، ڕەچەڵەکەکەی دەستنیشان بکەین و دەیشتوانین بڵێین شتێکە قابیل بە هەڵوەشاندنەوە و فۆرمەڵکردنەوەیە. بەڵام کاتێک قسە لەسەر خوایەکی ئەزەلیی بێسەرەتا دەکەین، کاتێک قسە لەسەر خوایەک دەکەین، کە قابیل بە هەڵوەشاندنەوە و دووبارە فۆرمۆڵەکردنەوە نییە، ئەوا ئەو خوایە لای (هۆبز) دەکەوێتە دەرەوەی خانەی فەلسەفەوە. ئەوەی بە لای ئەوەوە پڕۆبلێماتیکی فەلسفەییە ئەوەیە، سروشتی خوا خۆی ئاڵۆزە، قابیل بە جێگەگرتنەوە نییە، ناتوانرێت دەرکی پێ بکرێت، ناتوانین لە دەستەلاتێکی ڕەهای خوایی تێبگەین. خوا دوا هۆکاری بوونە، هێزی یەکەمی کۆکردنەوەی هەموو هێزە شاردراوەکانی ترە، هۆکاری یەکەمی کۆکردنەوەوەی هەموو هۆکارەکانە. خەسلەتە نەرێنییەکان هەمووی لە خوادا کۆ بووەنه‌تەوە، بێکۆتایی، نەبوونی سەرەتا و هەتاتاییی سەردەمەکەی. بە بۆچوونی (هۆبز) مرۆڤەکان هەموویان لە بەرانبەر ئەو دیاردانەی دەستەڵاتیان بە سەریاندا ناشکێت ناچار دەبن خوایەک بۆ خۆیان دروست بکەن، تاکو هێزە بێکۆتاییەکانی ڕادەست بکەن. لەبارەی دین و دەوڵەتەوە (هۆبز) پێی وایە مرۆڤ ناتوانێت دوو گەورەی هەبن، یەکێکیان، ڕۆحی بێت و ئەوی تریان زەمەنی، بەڵکو ته‌نیا دەتوانێت گوێ لە یەک گەورەی زەمەنی بگرێت. دەوڵەتی دینی مەملەکەتێکە خوا پاشاکەیەتی و مرۆڤەکان تێیدا ملکەچیی خۆیانیان پێشان دەدەن.

ئەم نگارانەی خوارەوە ڕەشنووسی هەوڵەکانی هۆبزە بۆ بەچوارگۆشەکردنی بازنە:

null

…………………………….

پەراوێز:

*جێگەی سەرنجمە، کە لەم فیلۆسۆفە، لەم باسە قوڵە عەقڵییەدا یاریی شەترەنجی باس نەکردووە. یاری شەتڕەنجیش یەکێکیە لەو کارە فیکرییانەی (ڕێچکه‌)ێکی تایبەتی خۆیی هەیە و ناکرێت بەروبوومی زه‌ینیی مرۆڤ نەبێت. لە ڕووبەرێکی بچووکدا و بە هۆی ٣٢ داشەوە نزیک بە دە ملیۆن پێکهاتە(combination)ی زه‌ینیمنان بۆ دەخولقێنێت. فەزایەکە تێیدا جگە لە فیکر هیچ شتێکی تر جێی نابێتەوە. بەزاندنی بەرانبەر لە ڕێگه‌ی فیکر و قووڵبوونەوەوەیە نەک لە ڕێگه‌ی ئیدراکەوە.
سەرچاوەکان:
١- د. إمام عبدالفتاح إمام ……… توماس هوبز والفلسفة العقلانية
٢- اللفياثان الأصول البيعية والسياسية للدولللة…….توماس هوبز

Previous
Next
Kurdish