بەکورتی38: ناشاعیربوون…. شاعیرەبیرمەندمان پێویستە.. ئازاد حەمە
پێویستمان بەو ئەزموونە شیعرییانەیە، کە سەمەرەیی دەخەنە ناو ئەزموونی ئەدەبیمانەوە، کە بەهۆیەوە پرسیاری چیەتیی شیعر پرسیاری چییەتیی شاعیربوونیش دروستدەکات. لێرەوە دەگەینە ئەو تەماشاکردنەی، کە شاعیرەبیرمەندمان پێویستە، نەک شاعیری بێ بیر. چونکە شاعیرەنابیرمەند هیچی پێنییە بۆ گوتن و وشەسازییەکانیشی شتێكی ئەوتۆ بەرهەمناهێنێت.
شاعیرەهزرەڤان شاعیرە بووناوییەکانن(تراکڵ Trakl، ڕێڵکە Rilke، سیلان Celan و ..)،کە شیعرەکانیان زۆرێک لە بیرمەندانیان بەخۆیانەوە سەرسام كردووە. شیعری شاعیرانی بووناویی جۆرە خەسڵەتێكیان تێدایە، كە شیعری تر دەخەنەوە و ئاسۆش لەبەردەم شیعری دواتردا دەكەنەوە. لەناو شیعری شاعیرانی هزرەڤاندا مەرامێک بوونی هەیە، کە بووناوییە، کە پێویستی بە پەیپێبردنە. هاوکات ئەستەمیەک لەناو شیعری شاعیرەبیریارەکاندا پەنهانە، کە پێویستە بدرکێنرێت، کە گوتنی نەگوتراوی تیابەدیدەکرێت. .
شیعر بۆ هەیە؟ لە نەستی شیعردا چی پەنهانە؟ ناشاعیر کێیە؟ ناشاعیرەکان شاعیرە بێ هزرەکان نیین؟ ئەی شاعیرەهزرەڤانەکان کێن؟چۆن لەڕێگای شیعرەوە هزردێتەبەرهەم؟چۆن شاعیر هزرەڤانی پیادەدەکات؟ چیرۆكی مەراق گێڕانەوە لە شیعردا بەهەموو شاعیرێک دەکرێت؟ چۆن دەكرێت ڕەفتار لەتەك هزری شاعیرێکی هزرەڤاندا بكرێت، کە بە بێدەنگی، بە هێمنی و هیچگەراییانە ڕووداو و گێڕانەوەكان دەهۆنێتەوە و لە ڕێگەی ئەوانەیشەوە هزرەڤانی پیادەكات؟ تێهزرین لەناو شیعردا واتە چی؟ ئەی چۆن شتە لەكیسچووەكان (وون و بزرەكان) بەهۆی شیعرەوە بەدەستبهێنین؟ گەر لە شیعردا شوێنێک بۆ سازدانی بیركردنەوەی فەلسەفیی بوونینەبێت،کەواتە شیعر چیی لێسەوزدەبێت؟
ناشاعیر non poet کێێە؟ناشاعیر ئەو کەسەیە( ئەو شاعیرەیە)کە شیعری هزرەڤانی نانوسێت، یان هزرەڤانیناکات بەسەر شیعرنوسینەوە. کۆمەڵگە کە پڕ بوو لە ناشاعیر، ئیدی کۆمەڵگە وردە وردە نوقمی ناجوانیناسی دەبێت.بەڵام دەربازبوونی کولتورێک لە شیعری ناشاعیرەکان ئاسان نییە.
ئەی شاعیرەهزرەڤانەکان کێن؟ ئەوانەن کە فەلسەفە (بیرکردنەوەی فەلسەفیی) دزەدەکاتە ناو شیعرەکانیان، ئەوانەی هزرەڤانئاسا شیعردەهۆننەوە. ماتریاڵی شیعریی شاعیرەهزرەڤانەکان جودایی ، بێدەنگیی، تەنهایی، مەرگ، تارمایی، دابڕان، خەمۆكی، هاوڕێیەتی و زۆرێک چەمکی هەستیاری ترن. ئەم جۆرە شاعیرانە چ جۆرە شاعیرێکن؟ ئەڵبەتە ئەوانەن، کە بەهۆی شیعرەوە دیدگای نوێ دەخەنەوە؛ جا دیدگای نوێ بێت بۆ وێنەی شیعریی یان زمان. هاوکات بینینیان بۆ جوانکاری كانگای هزرەڤانی پێكدەهێنن، وەکیتر وەک زمانەوانیش قڵپکەرەوەن؛ رۆنێ شار، گۆران، بۆدلێر ، سۆھراب سپێھری یان سیلان لەو جۆرە شاعیرانەن.
کاتێکیش مۆریس بلانشۆ لە ڕوانگەی شیعریی رۆنیە شار دەدوێت بەمجۆرە دێتەگۆ: کارەکانی نموونەیەکی سەرەکین لەسەر شیعری مۆدێرن، کە بەلایەنە بنەڕەتییەکانی زمان(بێدەنگی لە زماندا)، نەبوون و پەیوەندی رەوشتی بە ئەویترگەرییەوە سەرقاڵە. دەبینین بلانشۆ، شار شانبەشانی مالارمێ و هۆڵێدرلین بە خاڵی وەرچەرخان لە ئەدەبی مۆدێرن و کاریگەرییە فەلسەفییەکانی دەناسێنێت.
سەرباری ئەوەی گوترا، ئەوەش دەڵێێن، کە شیعرێک کە دیلی خۆی و دوچاری خورپەی هزرییمان نەکات شیعر نییە. بۆیە پێویستە مەراقی ئەو شیعرانەبیین ئەو شتانەمان بۆ دەگێڕنەوە کە لێمانوونە، کە تامەزرۆیانین بیانبینینەوە. تەنیا ئەو شیعرانە دەرەقەتی گێڕانەوەی شتە لەكیسچووەكانمان دێن،کە شاعیرەبیریارەکان دەینووسن. چونکە شیعر یەکێکە لە نهێنیەكانی بوونمان، شاعیربوونیش بەشێكە لە هەقایەتی بوونمان!
لەناو شیعری شاعیرە هزرەڤانەکاندا گەڕان شتێکی پێشمەرجە، ئەڵبەتە گەڕانیش شڵەژان و گومان دەكات بە بنكە بۆ تێگەیشتن لە شتەكانی ناو بوون و ژیانمان. لەبەرئەوە، بەپێی بینینی ئێمە، بڕێك لەو ئەدەبانەی سەركەوتنی نەك هەر ئەدەبی، بەڵكو هزریشیان وەدەستنەهێناوە ئەو ئەدەبانەن، یان چاترە بڵێین ئەو ئەزموونە ئەدەبیانەن، لەتەك خۆخواردنەوە و گەڕاندا دەستلەملان نەبوونە، بۆ؟چونكە ئەدەبی ڕووكەش ناتوانێت بە گوتنی سادەی بێ ناواخن و دووبارە دونیایەكی هزری ئالۆز دروستبكات. ئەمەیش وادەكات ئەو هزرەی لە پشت ئەو ئەدەبەوە بووە ئەزموونێكی نەك هەر ئەدەبی، بەڵكو هزریش نەخوڵقێنێت.
لێرە زۆر دوور نارۆین گەر بلێین ئەزموونی ئەدەبی كافكا Kafka ، مالارمێ Mallarmé، ڕیلكە ، ئارتۆ Artaud،لەو جۆرە ئەدەبەن ئەزموونیان خستووەتەوە و هزرێكیان لەپاش خۆیان وەگەڕخستەوە، هەر ئەو هزرەشە ئەمڕۆ كارە ئەدەبییەكەی وەك ئەزموون قوتكردووەتەوە و واشی لە بیرمەند و ڕوناکبیرە ڕۆژئاواییەكان كردووە هزرەڤانی بەسەر ئەو جۆرە ئەدەبەوە بكەن، كەسانێكی وەك كافكا، مالارمێ، ڕیلكە، ئارتۆ و…..هتد لەپاش خۆیان بەجێیانهێشتووە و ئێستاش وەك ئەزموونێك لە تێڕامانی فەلسەفی تەماشاكرێن. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بڵێین: تەنها ئەو ئەزموونە ئەدەبیانە دەبنە شوێنی تێهزرینی بیریاران، كە لەخودی خۆیاندا هەڵگری تووخمی هزریین.
کۆتا گوتنمان لەسەر پێویستی بۆ شاعیرەبیرمەند ئەوەیە، کە هزرکاریی لە ئەدەبدا کارێکی سانا نییە و گشت ئەدەبی میلەتانیش وەک یەک نەیتوانیووە بەو ئەرکە هەڵستن. ئەدەب، کە بە ئاقاری هزرکارییدا بڕوات بەدڵنیاییەوە شتێک دەخاتە سەر خەرمانەی هزر، کە ئەوەیش لەوسەرەوە کردەی فەلسەفەکردن بەپیتدەکات. ئەدەبی لەم شێوەیە، واتە ئەدەبی هزریی، ئەدەبێک دەهێنێتەکایەوە، کە لە کەناری فەلسەفەدا پشودەدات. چیەتیی ئەدەبیی لەم جۆرە دەکرێت بگوترێت، چیەتیی فەلسەفە، یان هزریش، لەگەڵ خۆیدا دەورووژێنێت. ئەدەبی فەلسەفیی، پاسترناک، بۆدلێر، یان لۆتریامون بۆنموونە، ئەدەبێکە پرسیاری هزریی دروستدەکات و دەچێتە خانەی ئەدەبی نەگوتراوەوە. چیەتیی ئەدەب، هەروەک چیەتیی فەلسەفە، پرسیارە لەسەر ڕەچەڵەک و چۆنێتیی داهێنانی هزر.
مایەوە ئەوەش بگوترێت، کە ئەو جۆرە خوێنەرانەی بە مێژووی ئەدەبی نوێی ڕۆژئاوا ئاشنانیین، ئەوانەش کە بێئاگان لەوەی، کە زێدی ئەدەبی هاوچەرخی ئێمە لە هزری فەلسەفیی ڕەنجاوە بە ئاسانی لە لوغزی هزریی و ئەدەبی بینینە ڕەخنەییەكانی ئەو گوتنانەمان حاڵینابن، کە لایسەرەوە هێمایبۆکرا. بۆیە ئەو جۆرە ئەدەبەی ئێستا زۆرێک كاری تیادەکات ناکارێت پرسیاری چیەتیی شیعر بکاتە بەشێک لە خەمە ئەدەبییەکانی.
ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
