
بافڵ بەڕێگەی دیکتاتۆرەکاندا.. گۆران هەڵەبجەیی
[ بەچەکی دیموکراتی دیموکراتیم کووشت- هیتلەر]
پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی [١٩٣٣] دا حیزبەکەی هیتلەر
{حیزبی کارگەرانی نەتەوەیی سۆشیالستی ئەڵمانیا-نازیەت} زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمانی هێنا ، ئەوەبوو بەتەنها حکومەتی پێک هێنا . ئەم سەرکەوتنە هیتلەری دووچاری حاڵەتی لەخۆبایی بوون کرد،ئیدی دەستی وەڵا بوو بۆ جێبەجێ کردنی پلانە مەترسیدارەکەی کە لەمێژبوو چاوەڕێی دەکرد . ئەوانەی ئاگاداری مێژووی ئەوسەردەمەن دەزانن کەئەو پلانەی هیتلەر چ ئاکامێکی کارەساتباری بۆ جیهان بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی و گەلی ئەڵمانیا بەتایبەتیتر هەبوو.
سەرەتا پلانەکەی لەناو خۆی ئەڵمانیا جێبەجێ کرد ،بەوەی هەرچی حیزب و ڕێکخراو و ئۆرگان هەیە هەرهەموویانی هەڵوەشاندەوە ،ئەندامە باڵاکانی خستە بەندیخانە یا کەمپە بەدناوەکان.
ئەو حیزبانەی بەر ئەم شاڵاوە کەوتن بریتی بوون لە پارتی کۆمۆنیست،سۆشیال دیموکرات،دیموکراتی مەسیحی و حیزبە موحافیزکارەکان،بەمجۆرە جگە لە حیزبەکەی خۆی هیچ حیزبێک بوونی نەما.
پاش چەند ساڵێک هەموو ئەڵمانیا یەک ڕەنگی پۆشی ئەویش ڕەنگی نازیەت بوو، هاوکات یەک سومبڵ، لۆگۆ،ئاڵا فەرزکرا ئەویش ئاڵاو لۆگۆی نازیەت بوو.
هیچ دەنگێکی موعارەزە یا ڕەخنە نەما ،هەرکەسێک ناڕەزایی لەبارەی هەر شتێکەوە دەرببڕیایە و بگەشتایەتەوە دەمی پۆلیس یا{گستاپۆ}ئەوە لەناویان دەبرد ،خۆگەر شانسی هەبووایە لەبری گووشتن لەبەندیخانەیان تووند دەکرد،یاخود هەرکەسێک بۆنی حیزبە قەدەغەکراوەکانی لێبهاتایە، چارەنووسی زۆر دژواردەبوو. بەم جۆرە نازیەکان ترس و تۆقندنیان لەهەموو قوژبنێکی وڵاتدا چاندبوو،هەناسەی ئازادی بەتەواوەتی خەفەکرابوو.
دکتاتۆرەکان سیمایان جیاوازە ،بەڵام ڕەفتارو ئامانجیان یەکە ئەویش کۆکردنەوەی دەسەڵاتی ڕەهایە لەدەستی کەسی یەکەمدا و بەڕێوەبەدنی وڵات بە جەور و ستتەم وچەوساندنەوە.
دەخوازم ئەودۆخەی ئەڵمانیای سەردەمی هیتلەر ،بەتایبەتی ڕووەناوخۆییەکەی و ئەزموونی دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکان گرێ بدەم بە ئێستای دۆخی زۆنی سەوزەوە.
ئەوەی تا ئێستا سەرەتاکانی بەدیارکەوتووە ئەوەیە کە ئاماژەکان و هەنگاوەکان لەمەملەکەتی سەوز بەهەمان ئاراستە دەڕۆن کە هیتلەر و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان گرتیانەبەر.
- سەرەتا پاڤێل لە نێو حیزبەوە دەستی پێکرد،ئەوەبوو زۆربەی ئەندامە ناڕازیەکانی دوورخستەوە ،یاخود پەروپاڵی کردن،بەمەش بووە تاکەسی بڕیاردەر لە نێو یەکێتیدا.
- دەمێک زانی کۆنترۆڵی تەواوی حیزبی کردوە ئەوجا کەوتە وێزەی هێزە چەکدارەکان و هەموویانی خستە ژێر باڵی خۆی،بەجۆرێک بێ ڕەزامەندی ئەو، کەس نەیدەتوانی هێز بجوڵێنێت.
- هاوکات ئەوسەرکردانەی یەکێتی کەخاوەنی هێزی تایبەت بوون ئەوانیشی هەڵوەشانەوە یا کەمیکردنەوە،بەشێوەیەک کەترس و کاریگەریان نەما.
- سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن کەلەسەر یەکێتی حساب بوون یاسێبەری یەکێتی بوون ،هەموویانی بەستەوە بەخۆیەوە ،یا کەسانێک دەیانبەن بەڕێوە کە گوێرایەڵی خۆین .
+بۆپتر سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەکی خێراتر لە ڕێگەی میدیاوە ، کەنالی{٨}ی تایبەت بەخۆی دامەزراند..
+ڕاگەیاندنی سەربەخۆ یا ئەهلی کەجاران تا ڕادەیەک ئازادانە بواری کارکردنیان بۆڕەخسابوو ،ئەوانیش سنووردارکران ،بەوەی بەهۆی سوکە ڕەخنەوە لە خودی باڤێڵ یا قوبادی برای گێچەڵیان پێ دەگرتن ودەدرانە دادگا، یاخود سزایەکی قورسی دارایی دەدران. - ڕاگەیاندنەکانی موعارەزەش لەدەستی پاڤێڵ و حیزبەکەی بەدوورنەبوون ، بەهۆی ڕەخنەکانیان لەسەرانی یەکێتی و خودی باڤێڵ ، فشاری بەردەوامیان لەسەر بوو تا ئاستی هەڕەشە، هەر بەم هۆیەوە بڕێک لەو میدیایانە بۆ دوورکەوتنەوە لە گێچەڵی پاڤێڵ خۆیان سانسۆرکرد .
+سەبارەت بە ڕێکخراوەجەماوەریەکانیش، بەپێشنیاری خودی پاڤێڵ کەسانێکی گوێڕایەڵ کرانە بەرپرسیان کە لە فەرمانی سەرووی خۆیانەوە دەرنەدەچوون. - لێسەندنەوەی مافی لێدوان بۆ میدیاکان لەزۆربەی سەرکردە سیاسی و سەربازی و ئەمنیەکان و هێشتنەوەی لەدەستی خۆی و قوبادی برای و یەکدوو کەسی دیکەی سەرکردەی جێ متمانە.
- خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بوونەسەراب، بەجۆرێک گەر ڕێگەیان بەئەنجامدانی بدایە ئەوە زۆر زۆر سنووردار دەکران ، پۆلیس و دژەتەرۆر ڕێگەیان بۆ دیاری دەکردن کەچۆن و لەکوێ دەستپێبکات و لەکوێ و کەی کۆتایی بێت ،بەمەش ئەو چالاکیانە لە ماهیەت و ئامانج و مەبەست بەتاڵ دەبوونەوە.
- دیارە ئەوجۆرە چالاکیانە پێویستیان بە ڕوپۆشی میدیایی هەیە،لەمەشدا میدیاکاران دووچاری سووکایەتی ،لێدان،کامێراو مۆبایل شکان و گرتن دەبوونەوە.
- بێ دەسەڵاتکردن و سوک و ڕسواکردنی دەزگاکانی دادوەری ،بەچەشنێک ئەو دادوەرانە بوونەتە گەمەی دەستی پاڤێڵ.
+دواخاڵ بڵاوکردنەوەی ترس و ئیرهابە لە نێو یەکێتیەکاندا بەوانەی هەندەرانیشەوە ،زۆرجار بیستوومانە یا خوێندومانەتەوە کە لەسەر لایکێاک یاکۆمەنتێک خاوەنەکەی سزادراوە یا هەڕەشەی لێکراوە.
تەنها کۆسپێک لەڕێگەی باڤێڵدا مابوو تا ببێتە دیکتاتۆرێکی [فول مواسەفات] بوونی لاهوربوو کە وەک نەیارێکی سەرسەخت بەرامبەر پاڤێڵ وەستابوو. باڤێڵ باش دەیزانی تەنها بە لادانی ئەو شەقامەکەی تەواو بۆتەخت دەبێت.
بۆدەرفەتێکی گونجاو دەگەڕا تا لەو کۆسپەش ڕزگاری ببێت،ئەوبوو لە شەڕەکەی لالەزاردا لەو کۆسپەش دەربازبوو.
ئەم هەنگاوانەی باڤێل ڕێک لەهەنگاوەکانی هیتلەر ، مۆسۆلۆنی ، سەددام و دیکتاتۆرەکانی دیکە دەچن.
مێژوو سەلماندویەتی کە هیچ دیکتاتۆرێک بە زەبروزەنگ و چەوساندنەوە نەیتوانیوە خەڵک لەخۆی ڕازیبکات،یاخود ئاسایش و ئارامی و پێشکەوتن مەیسەر بکات،بەڵکو مەرگی خۆیی و دەسەڵاتەکەی نزیک کردوەتەوە. کەم نەبوون ئەو دیکتاتۆرانەی وایان نیشاندەدا کە لەکن خەڵک زۆر خۆشەویستن بەڵام مێژوو پێچەوانەکەی سەلماند.
دەبێ پاڤێل بەوە نەخڵەتێت کە لە دەرکەوتنێکدا لێرەولەوێ هەندێک گەجەرو گووجەرو بندیوار گەر سێلڤیەکیان لەگەڵدا گرت ،واتێبگات کە خۆشەویستی نێو جەماوەرە.
جاگەر پاڤێل ئەمجۆرە حکومڕانیە لە تاکڕەوی و تۆتالیتارزم بە ڕێگایەکی درووست و سەرکەوتوو بزانێت ،ئەوە زۆر بەهەڵەدا چووە.
خەڵک نان و کارو ئازادی و پاراستنی کەرامەت و ژیانێکی ئاسودەی دەوێت کەلە ئێستادا نەلەزۆنی سەوز و نەلەزۆنی زەرد بوونیان نیە.