بیردۆزه‌كانی گۆڕان …. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
ئه‌و (كۆڕبه‌ند – تۆڕبه‌ند) انه‌ی ڕاوی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان پێده‌كه‌ن …
به تێگه‌یشتنی من قه‌ته‌ڕ وڵاتێكه له نیمچه دورگه‌ی عه‌ربی ئیسلامی به‌ده‌ست ئه‌مریكاوه بۆ سه‌ره‌نجام گواستنه‌وه‌ی ئاشوب بۆ نێو جه‌رگه و لانه‌ی ئیسلام، به‌و مانایه‌ی ئه‌م نیمچه دوورگه‌یه له مێژووی كۆندا، ئه‌و شوێنه‌یه كه ئیسلامی لێ له دایك بووه، دواتریش ئه‌و شوێنه‌یه یه‌كه‌م خیلافه‌تی ئیسلامی لێوه دروست بوو، دواتریش ئه‌و شوێنه‌یه كه یه‌كه‌م فیتنه‌ی نێوخۆیی ئیسلام له‌وێوه سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌و شوێنه‌ی كه دوای ئیسلام یه‌كه‌م خۆر و په‌یامی وه‌حدانیه‌ت و بووژاندنه‌وه‌ی ئیسلام له وێوه هات، ئه‌و شوێنه‌یه بۆ جاری دووه‌م بوو به ناوه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئیسلام له‌سه‌ر ده‌ستی (محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب) و بنه‌ماڵه‌ی (ال سعود) ئه‌و شوێنه‌یه كه بۆ جاری دووه‌م جیهاد له لایه‌ن ( اخوان من گاع الله) له‌وێوه ده‌ستی پێكرد، ئه‌و شوێنه‌یه كه لێیه‌وه بانگه‌شه بۆ سه‌له‌فییه‌ت كرا، ئه‌وشوێنه‌ی بووه سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له سه‌رتاسه‌ری جیهانی، بۆیه له دوای 11ی سپتێمبه‌ره‌وه ئه‌م نیمچه دورگه‌یه له‌وه ده‌رچووه وا بمێنێته‌وه.
ئه‌یمه‌ن زه‌واهری كاتێك ڕایگه‌یاند ئه‌وان شه‌ڕ ده‌به‌نه نێو ماڵه‌كانیان له خۆرئاوا و ئه‌مریكا، ئه‌وان له‌وه تێگه‌یشتن ده‌بێ له‌مه‌ودوا به پلان و نه‌خشه ڕێگایه‌كی دیكه‌وه ڕوو به‌ڕووی ئیسلامی نوێ ببنه‌وه، بۆیه به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وان شه‌ر به‌ته‌واوی بگه‌ێننه نێو ماڵه‌كانی ئه‌وان ئه‌وان شه‌ڕیان گه‌یانده به‌ر ده‌رگای نیمه‌چه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی ئیسلامی، به‌هاری عه‌ره‌بی چه‌خماخه‌ی ئه‌و جه‌نگه بوو كه ده‌بێ دواجار له نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی خامۆش بێت.
بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و نه‌خشه و پلان و پیلانانه‌ی داڕێژراوه چه‌ندین شێوازی جۆراو جۆر گیراوه‌ته به‌ر. یه‌كێ له‌و كه‌ناڵانه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی جێبه‌جێده‌كات، تۆڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه له رێگه‌ی چه‌ندین گرووپی بچووك بچووك پلان و نه‌خشه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات.
ئه‌كادیمیای گۆڕان (اكادمیه التغییر) ئه‌و رێكخراوه‌یه كه چالاكییه‌كانی له به‌هاری عه‌ربیدا زۆر به زه‌قی ده‌ركه‌وت .
ئه‌و ئه‌كادیمیایه بۆ یه‌كه‌مجار له ئاداری ساڵی 2006 له له‌ندن دامه‌زرا، دواتریش به شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له ساڵی 2009 له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ڕ و له ساڵی 2010 له ڤیه‌ننا (لق)یان كرده‌وه .
سه‌ره‌تای ساڵی 2005 سێ گه‌نجی میسری به مه‌به‌ستی گه‌ڕان به دوای كاردا ڕووده‌كه‌نه له‌نده‌ن، له‌وێ ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری بیری( ئه‌وتبور) واته به‌رگری، كه بزووتنه‌وه‌یه‌كی گه‌نجانه‌ی (سربی) بوو، له ساڵی 2000 له دژی (سلۆبودان میلۆسۆڤیچ) ده‌ستیان دایه خۆپیشاندان و مانگرتن و و ڕاپه‌رین به‌شێوه‌یه‌كی (ناتوندوتیژی) .
ئه‌مه له كاتێكدا ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌مریكی له 16-دیسمبه‌ری 1998 به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه، كه تێیدا نه‌خشه‌و پلانی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یوگسلافیای پێشووی بۆ چه‌ند ده‌وڵتێك تێدا به‌یان كردبوو. ئه‌مه‌ش به ئامانجی لاواز كردنی به‌ره‌ی (سۆڤیه‌تی جاران).
ئه‌م ڕێكخراوه‌یه نه‌خشه‌و پلانه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای (گۆڕان به‌بێ توندوتیژی) داڕشتبوو، دروشمی گه‌نجانی 6-ی ئیبریل له میسر هه‌مان ئه‌و دروشمه‌ی (ئه‌وتبور) یه‌كان بوو كه بریتی بوو ( له مستێكی به‌رزكراو) وه‌ك له‌و راپۆرته‌دا كه به‌ناونیشانی (ئه‌كادیمای گۆڕان- كه‌رسته‌یه‌كی ئه‌مریكی بۆ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشه عه‌ربییه‌كان) له گۆڤاری (المجتمح) كویتی بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌وتبور رێگایه‌كی موخابه‌راتی ئه‌مریكی بوو، بۆ له ده‌سه‌ڵات لادانی سه‌ركرده‌ی سربی (سلۆبودان میلۆسۆڤیچ) له ساڵی 2000.
هه‌ر وه‌ك له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتوه سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پلانه له سربیا هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بیش جێبه‌جێ بكرێ، ئه‌مه‌ش دوای مه‌شه‌ق پێكردنی گه‌نجانی عه‌ره‌ب له سه‌ر بنه‌مای (گۆڕان). دواتریش خستنه‌گه‌ڕیان بۆ سه‌راوژێركردنی داموده‌زگاكانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه ئه‌مریكا بڕیاری گۆڕینیانی دابوو ، وه‌ك ئه‌و لیسته‌ی له كاتی خۆیدا كۆندالیزا ڕایس ئاماده‌ی كردبوو، كه بریتی بوو له گۆڕین، یان گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له ده‌ستێكه‌وه بۆ ده‌ستێكی دیكه، به‌ڵام به شێوازێكی ناتوندوتیژیانه.
له‌سه‌روبه‌ندی 2004 –وه ده‌سته‌واژه‌ی (التغییر) “گۆڕان” به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌وته سه‌ر وێردی گه‌نجانی ناڕازی، كه هیچ گوومانێكی تێدا نییه ئه‌م پڕۆسه‌ی گۆڕانه به‌رنامه و پلانێكی زۆر پێشوه‌خته بووه، كه به‌گوێره‌ی زۆر له سه‌رچاوه‌كان قۆناغی جێبه‌جێكردنی به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی ده‌گه‌ڕێته‌ه بۆ دوای ڕووداوه‌كانی (11)ی سپتێمبه‌ری 2001.
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌یه، زۆربه‌ی سه‌رچاوه سیاسییه‌كان په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئه‌مریكا درێژ ده‌كه‌ن، كه به به‌رنامه‌یه‌كی ورده‌وه نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه‌ی له په‌راوێزی ڕووداوه‌كانی 11-ی سپتێمبه‌ری 2001 داڕشتوه، ئه‌گه‌ر دیقه‌تی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی كۆندالیزا ڕایس-ش بده‌ین كه له كاتی وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له به‌رده‌م كۆنگریسدا ئاشكرا كرد. (كه یه‌كه‌م هه‌نگاویان گۆڕانكاری ده‌بێ له دۆسته‌كانیان، واته گۆڕینیان به دۆستی نوێ، له‌و ده‌مه‌شدا لیستی ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه بڕیاری گۆڕینیان دابوو، له ده‌ست دابوو).
بۆیه به هه‌موو پێوه‌رێك هێنانه پێشی ده‌سته‌واژه‌ی بیردۆزی ( گۆڕان) ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ته‌واو ئه‌مریكی بوو، كه تا ئێستا به‌رده‌وامی هه‌یه ته‌نیا له‌ڕووی جێبه‌جێكردنه‌وه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه. پڕۆسه‌كه هه‌ر له سه‌ره‌تادا پێكه‌وه‌نانی گروپی بچووك بچووك بوو بۆ وروژاندنی شه‌قام و سه‌ره‌نجام ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی دژ به ده‌سه‌ڵات، به‌شێوه‌یه‌كی ناتونوندوتیژیانه.
ئه‌گه‌رچی لێره‌و له‌وێ به هۆی لادان یان له‌ده‌ست ده‌رچوونی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی كه پێشتر بڕیاری لێداربوو جۆرێك له توند‌و تیژی لێكه‌وته‌وه، ئه‌مه شتێك نه‌بوو كاربكاته سه‌ر ئه‌جنداو نه‌خشه‌ی ستراتیژی، چونكه گروپه‌كان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك مه‌شق و راهێنانیان پێكرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م خۆیان دوور بگرن له په‌نابردنه به‌ر هه‌ر جۆره توند‌و تیژییه‌ك، هه‌م له كاتی توند‌و تیژییه‌كاندا چۆن خۆیان ده‌دزنه‌وه .چونكه پلانه‌ی ستراتیژی ئه‌وه‌بووه كه ده‌بێ ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ناڕه‌زایه‌تییانه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دوور بن له توندوتیژی.
بۆیه ده‌بینین له هه‌ر شوێنێك توندوتیژی لێكه‌وتبێته‌وه نه‌توانراوه ئامانجه‌كان وه‌ك پێویست به‌ده‌ست بهێنرێن.
ئه‌گه‌ر دیقه‌تیش بده‌ین سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و جوولانه‌وه‌یدا بوو كه ئاماژه‌مان بۆی كرد، چونكه هه‌میشه سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه‌ئارای ره‌وتی فكری و سیاسی تازه مه‌سه‌له‌یه‌كی دابڕاو، یان بێ په‌یوه‌ندی نییه به یه‌كترییه‌وه.
له‌ڕووی ستراتیژییه‌وه به‌هامان شێوه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مان ستراتیژییه‌تی ناتوندوتیژی په‌یڕه‌وكرد، به‌هامانشێوه‌ش له‌ڕووی پێكهاته‌ییه‌وه بریتی بوو له تێكه‌ڵه‌یه‌كی جۆراوجۆری فكری، به شێوه‌یه‌ك له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا توانی له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه له‌وپه‌ڕی ڕاست تا ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ له نێو ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا كۆ بكاته‌وه.
له ئه‌نجامیشدا دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دوور له‌توندوتیژی هاوشێوه و هاوئامانج بوو له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی (ئه‌كادیمیای گۆڕان) ئه‌گه‌ر دیقه‌تی زیاتریش بده‌ن له هه‌ر شوێنێك و هه‌ركاتێك چالاكییه‌كان شێوازی توندوتیژییان به‌خۆوه بینیت بێت جوولانه‌وه‌كه زیاتر له ئبه‌دی هێنانی ئامانجه‌كانی دووركه‌وتۆته‌وه.
به‌دووریش نازانرێ ده‌ستێك هه‌بووبێت بیه‌وێت ئه‌و چالاكییه مه‌دنیانه‌و دوور له توندوتیژییه سیاسیانه، به‌ئاراسته‌ی توندوتیژیدا به‌رێت، به‌ئامانجی دوورخستنه‌وه و به‌لارێدابردنی جوولانه‌وه‌كه، كه سه‌ره‌نجام و دواتر خۆپیشاندن و چالاكییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ناوچه جیاجیاكان به‌و ئاراسته توندوتیژیه‌دا ڕۆیشت، كه به‌لای منیشه‌وه ئه‌وه هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو، كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م قۆناغه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا.
به هه‌مان شێوه له میسر-یش بزووتنه‌وه‌ی له‌و شێوه‌یه به‌ر له دامه‌زانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ری هه‌ڵدا.
سه‌ره‌تای 2004 به‌ر له سه‌روبه‌ندی ده‌ركه‌وتنی ئه‌كادیمای گۆڕان، بزووتنه‌وه‌ی میسری له پێناو گۆڕاندا ، به ناوی (كفایه) سه‌ری هه‌ڵدا، كه له‌ڕووی ئامانجه‌وه، ئامانجه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له كوردستان، ته‌واو هاوشێوه‌ی ئامانجه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بوو له میسر.
هه‌روه‌ها له شوباتی ساڵی 2006 له قه‌ته‌ر كۆڕبه‌ندی ئاینده “منتدی المستقبل” له لایه‌ن ئه‌كادیمای گۆڕان كه (هیشام مورسی) زاوای یوسف قه‌رزاوی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد سه‌ری هه‌ڵدا ئه‌مه‌ش به‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕێكخراوه داده‌نرێ، كه دواتر سه‌ركردایه‌تی ڕاپه‌ڕینه‌كانی ناسراو به به‌هاری عه‌ره‌بی كرد.
هه‌ره له سه‌ره‌تای ئه‌و كۆڕبه‌نده‌دا كه له قه‌ته‌ر به‌سترا ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌شداربوانی مونته‌داكه، هه‌ستیان كرد ده‌ستێك و پلانێكی داڕێژاو له پشته‌وه‌ی ئه‌و مونته‌دایه‌دا هه‌یه، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له كۆڕبه‌نده‌كه كشانه‌وه.
هه‌ندێ سه‌رچاوه ئاماژه بۆ بۆ بێئاگایی قه‌رزاوی ده‌كه‌ن له‌و به‌رنامه‌یدا كه زاواكه‌ی ئیداره‌ی ده‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوێ له وتاره‌كانی قه‌رزاوی بگرین وه‌ك موسڵمانێكی میسری نیشته‌جێی قه‌ته‌ر و وه‌ك مونه‌زرێكی ئه‌هلی سووننه‌و جه‌ماعه‌ی ئه‌شعری تێده‌گه‌ین ئه‌و ستایش و پیاهه‌ڵدانه‌ی قه‌ته‌ر هه‌روا له خۆڕایی نییه، قه‌رزاوی له وتارێكی ڤیدیویدا زۆر به‌ڕاشكاوی ئاماژه بۆ خاوه‌ندارییه‌تی قه‌ته‌ر ده‌كات له ڕاپه‌رینه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بیدا، له ڕووی راگه‌یاندن و ماددی و هه‌تا ئاماژه بۆ به‌شداری به‌شه‌ریش ده‌كات.
هیشام مورسی كه به‌هه‌مان شێوه وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی میسری له قه‌ته‌ر نیشته‌جێ بوو، به‌شێوه‌یه‌ی زۆر ستراتیژی كار ده‌كات بۆ پێگه‌یاندنی گه‌نجانی سعودی و ئیماراتی و به‌حرێنی، به ناوی بونیادنانی كۆمه‌ڵه‌گه‌یه‌كی زانستی به‌هێز كه‌بتوانێ به شێوه‌یه‌كی مودێرن و به‌ئاراسته‌یه‌كی زانستی ڕووبه‌ڕووی شارستانییه‌تی خۆرئاوایی ببنه‌وه، بۆیه كاتێك پرسیاری ئه‌وه له هیشام مورسی ده‌كرێ كه ئایا شۆڕش نیمچه دورگه‌ی عه‌ربیش ده‌گرێته‌وه، له كاتێكدا به هه‌زاران گه‌نج له سه‌ر ده‌ستی ئێوه‌و له رێگای ئاكادیماكه‌تانه‌وه خولیان بۆ كراوه‌ته‌وه و له‌سه‌ر هه‌موو شێوازێكی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه راهێنراون، بۆ ئه‌وه‌ی گلپه‌ی شۆڕش بگاته خه‌لیج، به‌ڵام ئه‌و له‌بڕی شۆڕش ئاماژه بۆ چاكسازی ده‌كات، كه ده‌بێ له‌لایه‌ن وڵاتانی خه‌لیجه‌وه ئه‌نجام بدرێ.
له‌م ڕوه‌وه قه‌ته‌ر له رێگه‌ی ئه‌كادیمای گۆرانه‌وه ڕۆلێكی به‌رچاوی گێڕا، بۆ ڕوخاندنی رژێمه دیكتاتۆره عه‌ره‌به‌كان، له كاتێكدا ئه‌مریكا ده‌مێك بوو نه‌خشه‌ی سه‌رنگومكردنی سه‌رانی ئه‌و وڵاتانه‌ی خستبووه به‌رنامه‌ی خۆیه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م كۆتایی به‌و ڕژێمه دیكتاتۆرانه بێنێ، كه دوای لێكۆلینه‌وه‌كانی ڕووداوه‌كانی 11 سپتێمبه‌ر ئه‌مریكا به‌و ئاكامه گه‌یشت بوو كه هه‌ڵكشانی(الكراهیه) ڕق و قینه‌ی گه‌لانی موسڵمان له به‌رامبه‌ریدا خاڵێكی په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه، كه ئه‌مریكا له كاتێكدا بانگه‌شه‌ی به دیموكراتییه‌ت كردنی جیهان ده‌كات، له هه‌مان كاتدا پشتیوانی له‌و ڕژێمه دژ به گه‌لانه ده‌كات كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له گه‌ڵ دروشمه كانی ئه‌گه‌ر به درۆش بێت نایه‌ته‌وه، بۆیه قه‌ته‌ڕ و ئه‌كادیمیای گۆڕان و چه‌ندین ڕێكخراوێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به ئاگایه‌وه بووبێت یان به‌بێ ئاگایی خزمه‌تی ئه‌و نه‌خشه ڕێگایه‌ی ئه‌مریكایان كردوه كه تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه، ئه‌و ئه‌كادیمایه ئامانج و دروشمه‌كانیان بریتی بوو له بونیاد نانی كۆمه‌لگه‌یه‌ك كه هه‌ر كاتێك بییه‌وێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بوه‌ستێك كه ده‌یانه‌وێ كۆتایی پێ‌بێنن، ئه‌مه‌ش زیاتر له لایه‌ن ئه‌مریكاوه نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه، چونكه ئاماده‌كردنی هاوڵاتیانی خودی وڵاته‌كه له چوارچێوه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئاسانترین و سه‌ركه‌وتوترین كارێكه كه ئه‌مریكا له هه‌ر كات و ساتێك‌دا بیه‌وه‌ی ده‌توانێ بیجوولێنێ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش قه‌ته‌ڕ ده‌وری حراك ده‌بینێ بۆ بونیادانی ئه‌و كۆمه‌لگه‌یانه‌ی ده‌یانه‌وێ به‌هێزبن و له كاتی پێویستدا به گژ ئه‌و ده‌سه‌لات و فه‌رمانڕه‌وایانه‌یاندا بده‌ن كه له مه‌یدانه‌كه‌دا كۆتاییان هاتوه.
شێواز و به‌رنامه‌ی ڕاهێنانه‌كانی ئه‌م ئه‌كادیمیای بۆ گه‌نجان بریتی بوو له هۆكاره‌كانی خۆپیشاندان و چۆنیه‌تی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان، هه‌روه‌ها زاڵ بوون به‌سه‌ر سه‌گی پۆلیسی و دواتریش ده‌رچوون له خۆپیشاندانه‌كان، ئه‌مه جگه له شێوازه‌كانی هاندانی هاوڵاتیان بۆ خۆپیشاندان و شۆڕش، هه‌روه‌ها ڕاهێنان و پیشاندانی ئه‌و كه‌رستانه‌ی كه ده‌بنه هۆی شكست پێهێانی توانای هێزه ئه‌منییه‌كان له ڕێگه‌ی فیلمی فێركاری ڤیدیویه‌وه.
وه‌ك له په‌یجه‌كانی فه‌یس بووكیش بڵاویان كردۆته‌وه ئامانجیان له‌و ڕاهێنانه (بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری گۆڕان) و به‌رجه‌سته‌كردنی پێویستییه‌كانی شۆڕشه، له ڕیگه‌ی راهێنانی كه‌وادرو ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پارتی سیاسی و كه‌سه‌كانه له سه‌ر ستراتیژیه‌تی هۆكاره‌كانی گۆڕان.
هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه جه‌نگاوه‌ره‌كانی میسر په‌یوه‌ندیان كرد به‌م ئه‌كادیمیایه‌وه.
به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ئه‌م ئه‌كادیمیایه كاری له سه‌ر پێگه‌یاندنی هه‌زاران چالاكوانی میسری و عه‌ره‌ب كرد له‌سه‌ر شێوازی نوێی یاخیبوونی مه‌ده‌نی، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ندین كوراسی فێركاریان چاپ و بڵاوكرده‌وه، به تایبه‌تی له ڕووی چۆنیه‌تی خۆپاراستن و به‌رگری له خۆكردن له كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا، هه‌موو ئه‌و راهێنانه‌ش له چه‌ندین چالاكی و خۆپیشاندانه‌كانی (شۆڕشی 25 یه‌نایر)ی میسری به‌رچاو ده‌كه‌ون كه بزووتنه‌وه سیاسییه‌كان سودیان لێوه‌رگرت.
دوای وازهێنانه‌كه‌ی (حسنی مبارك)یش ئه‌م كادیرانه‌ی ئه‌كادیمیای گۆڕان له‌سه‌ر هه‌مان نه‌هج، هه‌مان شێوازیان به‌كارهێنا له دژی (ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی) به‌ڵام به‌هه‌ندێ گۆڕانكاری كه تێدا په‌نایان برده به‌ر (به‌رد هاوێشتن و سووتاندانی ماشێنه سه‌ربازییه‌كان).
وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م بۆی كرد زۆر له سه‌رچاوه‌كان ئه‌م ئه‌كادیمیایه به هه‌نگاو و پلانێكی پێشوه‌خته‌ی داڕێژاوی ئه‌مریكی ده‌زانن بۆ جۆشادانی جه‌ماوری ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئه‌مریكا ده‌یهه‌وێ ئاشوبیان بخاته نێو، ده‌زگاكانی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكی به‌ر له ڕووداوی 11-ی سپتێمبه‌ر چه‌ندین لێكۆلینه‌وه‌یان له باره‌ی قۆناغی داهاتووی چۆنیه‌تی به‌گشداچوونه‌وه‌ی بیری توندڕۆی ئیسلامی بڵاوكرده‌وه.
(دامه‌زراوه‌ی ڕاند) “Rand Corporation” یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین و سه‌ره‌كیترین دامه‌زراوه‌ی لێكۆلینه‌وه و توێژینه‌وه له ئه‌مریكا كا له ڕابردوودا كاریگه‌ری زۆر گه‌وره‌ی هه‌بووه له‌سه‌ر دروستكردنی بڕیار. ئه‌م دامه‌زراوه‌یه كه خاوه‌نی نزیكه‌ی (1600) لێكۆره‌وه‌یه، به شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت كار له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا ده‌كات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ساڵانه گۆژمه‌یه‌كی (100 تا 150) ملیون دۆلاری بۆ ته‌رخان ده‌كرێ.
ئه‌م دامه‌زراوه‌یه له ساڵی 1999 واته دوو ساڵ به‌ر له ڕووداوه‌كه‌ی 11-ی سپتێمبه‌ر كتێبێكی به‌ناونیشانی (ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆری نوێ) و له باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئیسلام له‌سه‌ر ئه‌مریكا بڵاوكرده‌وه، كه له لایه‌ن چه‌ند پسپۆڕێكی شاره‌زای ئه‌مریكی ئاماده كرابوون.
له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا یه‌كێ له‌و پێشنیازانه‌ی خستیانه به‌رده‌م بڕیار به‌ده‌ستانی ئه‌مریكی (جه‌نگی فیكر بوو له گه‌ڵ جیهانی ئیسلامی).
له دوای رووداوه‌كه‌ی 11-ی سپتێمبه‌ر-یش ڕامسفێلد هه‌مان ئه‌و قسه‌یه‌ی دووباره كرده‌وه كه ئه‌مریكا جگه له ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی پێویستی به به‌رپاكردنی جه‌نگێكی فیكریش هه‌یه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر تا به‌ر له رووداوی 11-ی سپتێمبه‌ر ئه‌مریكییه‌كان وایان لێكدابێته‌وه كه ئه‌وان كێشه‌یان ته‌نیا له گه‌ڵ ڕوته ئیسلامی و ئیسلامییه توندڕۆكان هه‌یه، ئه‌وه دوای ئه‌و ڕووداوه جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردوه كه كێشه‌ی خۆرئاوا‌و ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ری ئیسلام و كۆمه‌ڵگای ئیسلامه، هه‌ربۆیه‌شه دروستكردنی تۆڕی جه‌ماوه‌ری و ئیسلامی له چوارچێوه‌ی جوولانه‌وه‌ی لابه‌لای ئیسلامی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئامانج گه‌لێكی دیراسه‌كراو بوون، بۆ نزیك بوونه‌وه له پێكدادانه نێوخۆییه‌كان له وڵاتانی ئیسلامی، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی دۆستایه‌تی و ڕێككه‌وتنه دوو قۆلییه‌كان، كه به‌شێكی زۆری ئه‌و رێككه‌وتنانه بۆ مێژوویه‌ك ده‌گه‌ڕانه‌وه كه په‌یوه‌ندیان به سه‌رده‌مانی نه‌شونمای كۆمه‌نیزمه‌وه هه‌بوو.