![كاریكاتێر له رۆژنامه‌گه‌ریی گشتگیردا … هه‌ندرێن خۆشناو كاریكاتێر له رۆژنامه‌گه‌ریی گشتگیردا … هه‌ندرێن خۆشناو](https://dengekan.info/wp-content/uploads/2020/04/Karikater_Handren.jpg)
كاریكاتێر له رۆژنامه‌گه‌ریی گشتگیردا … هه‌ندرێن خۆشناو
رۆژنامه‌گه‌ریی گشتگیر به جه‌ماوه‌ریترین و ته‌شه‌نه‌ترین بڵاوكراوه‌ی خولاو ده‌ژمێردرێت، و له هه‌موویان كاریگه‌ری زیاتره له‌سه‌ر توێژه‌كانی خوێنه‌راندا، له‌به‌ر هه‌مه‌جۆری بابه‌ته بڵاوكراوه‌كانی له گاڵته و سیاسه‌ت و ئابوری و ئه‌ده‌ب و وه‌رزش و كشتوكاڵ و زۆربه‌ی بواره‌كانی تری ژیاندا، بابه‌تێك نیه كه له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی گۆشه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ری گشتگیردا بێت. بۆیه خوێنه‌ر ئاره‌زوو و هه‌وه‌سی هه‌رچیه‌ك بێت، مه‌به‌ستی خۆی له لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م رۆژنامانه‌دا ده‌بینێته‌وه، ئه‌وه‌ی به‌دوای كات به‌سه‌ربردندا وێڵه گۆشه‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه، ئه‌وه‌ی به‌دوای دوایین هه‌واڵدا ده‌گه‌ڕێت به‌ده‌ستی ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی شیعر خوێندنه‌وه‌یه ده‌توانێت بیبینێته‌وه، ئه‌وه‌شی حه‌زی له وه‌رزشه لاپه‌ڕه‌ی خۆی هه‌یه، و هه‌روه‌ها كێشه و كاروباره‌كانی تریش.
له‌و روانگه‌یه‌وه رۆژنامه‌ی گشتگیر له بواره هه‌ره ئازاده‌كانی كاریكاتێر داده‌نرێت، كه ده‌توانێت بابه‌تی خۆی له‌هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك له لاپه‌ڕه‌كاندا ببینێته‌وه، و ده‌توانێت بوارێك و جێگه‌یه‌كی ده‌ست بكه‌وێت له هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كدا، واباوه له‌م رۆژنامه‌گه‌رییه گشتگیره‌دا گۆشه‌یه‌ك یان چه‌ند گۆشه‌یه‌كی تایبه‌ت به كاریكاتێر هه‌بێت، زۆربه‌ی ئه‌م رۆژنامانه له لاپه‌ڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌یدا (یه‌كه‌م و دواوه) گۆشه‌یه‌كی به‌رده‌وامیان بۆ كاریكاتێر ته‌رخان كردووه، هه‌روه‌ها گۆشه‌ی به‌رده‌وام له لاپه‌ڕه‌كانی ناوه‌وه‌شدا هه‌یه بۆ كاریكاتێر، كه په‌یوه‌ست بێت به تایبه‌تمه‌ندی لاپه‌ڕه‌كه، وه‌كو لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزش و نێوده‌وڵه‌تی و لاپه‌ڕه‌كانی تر، سه‌باره‌ت به گۆشه به‌رده‌وامه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ش، واباوه كه كاریكاتێریست ئازادییه‌كی هه‌بێت له بژاردنی بابه‌تی كاریكاتێره‌كه‌ی، كه زۆرجار بابه‌تێكی زیندوو هه‌ڵده‌بژێرێت، كه پێیده‌گوترێت بابه‌تی رۆژ، و كاریكاتێریانه چاره‌سه‌ری ده‌كات، ئه‌م بنه‌مایه‌ش زۆر جار ملكه‌چی هه‌ڵاوێژكردن ده‌بێت، كه كاریكاتێریست زۆرجار بابه‌تێكی زیندووی گشتی هه‌ڵده‌بژێرێت كه په‌یوه‌سته به دیارده‌یه‌ك نه‌ك رووداوێك، كه ئه‌مه‌ش وای لێده‌كات پارێزگاری له كارایی كاریكاتێره‌كه‌ی بكات، له گۆشه كاریكاتێریه‌كه‌ی دووه‌میشدا، وا باوه كه كاریكاتێره‌كه په‌یوه‌ست بێت به بابه‌تی لاپه‌ڕه‌كه خۆی، له لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزش بابه‌تی كاریكاتێره‌كه وه‌رزشی ده‌بێت، له لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌بیش ئه‌ده‌بی ده‌بێت، له لاپه‌ڕه‌ی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش سیاسی ده‌بێت و به‌م شێوه‌یه.
له زۆرێك له رۆژنامه‌كان ژماره‌یه‌كی زۆر له كاریكاتێر بڵاوده‌كرێته‌وه له‌وانه‌یه بگاته ده كاریكاتێر له‌هه‌ر ژماره‌یه‌كدا، گۆشه به‌رده‌وامه‌كانیش له چه‌ندین كاریكاتێر پێكدێن، له‌م بواره‌دا ده‌توانین ئاماژه بۆ رۆژنامه میسرییه‌كان بكه‌ین، كه كاریكاتێر زۆر به فراوانی به‌كاردێنن له كاره‌كانیاندا.
هه‌روه‌ها وا باوه كه رۆژنامه‌كان له گۆشه به‌رده‌وامه‌كان وێنه‌ی كارمه‌ندانی خۆشیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه له هونه‌رمه‌ندانی كاریكاتێر، له گۆشه ناجیگێره‌كانیش زۆرجار كاریكاتێرێكی بڵاوكراوه له رۆژنامه‌كانی ده‌ره‌وه، دووباره بڵاوده‌كه‌نه‌وه (به‌بێ ده‌ستكاری و ناو قوتكردنی خاوه‌نه‌كه‌ی)،
به‌ڕای ئێمه‌ش ده‌بێت رۆژنامه‌كان به شێوه‌یه‌كی فراوان پشت به كاریكاتێره‌وه ببه‌ستن له كاره‌كانیاندا، چونكه كاریكاتێر خاوه‌نی چه‌ندین سیفه‌تی جیاكارییه، له‌وانه سه‌رنجی خوێنه‌ران راده‌كێشێت، له ناخیاندا حاڵه‌تی ده‌روونی ئه‌رێنی ده‌ژیێنێته‌وه، هزر و بیریان هانده‌دات و ده‌وروژێنێت، و ماده‌یه‌كی ئاسان و خوێنده‌وه‌شی خێرایه، و چه‌ندین سیفه‌تی تریشی هه‌یه كه بابه‌ته رۆژنامه‌وانیه‌كانی تر نیتیان، هه‌ڵبه‌ته وا په‌سندتره كه گۆشه به‌رده‌وامه‌كان له لاپه‌ڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی رۆژنامه‌كاندا بڵاوبكرێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌بێ ماندووبوونێكی زۆر چاویان به كاریكاتێره‌كان بكه‌وێت، كاتی خۆی زۆرێك له رۆژنامه‌كان كاریكاتێریان له دوالاپه‌ڕه‌كاندا بڵاوده‌كرده‌وه، ئێستا كه دركیان به گرنگی و بایه‌خی كاریكاتێر كردووه، كاریكاتێره‌كان له لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌مدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه، هه‌ندێكیشیان هه‌ر راسته‌وخۆ دوای ناوی رۆژنامه‌كه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی دركپێكردنی گرنگی كاریكاتێره له‌لایه‌ن رۆژنامه‌كانه‌وه، جێ و شوێنی شیاوی خۆی ده‌ده‌نێ وه‌ك هونه‌ر به پله یه‌ك، و به پله دووش وه‌ك ماده‌یه‌كی كارای رۆژنامه‌وانی.
هه‌ندرێن خۆشناو