
نیگاری كاریكاتێری له رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا به‌شی -1- … هه‌ندرێن خۆشناو
سه‌ره‌تا پێمان باشه كه په‌یوه‌ندی نیگاره كاریكاتێرییه‌كان له گۆڤاری منداڵاندا به هونه‌ری كاریكاتێره‌وه دیاری بكه‌ین، ئایا ده‌توانرێت به كاریكاتێر دابنرێت یان نا؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ده‌بێت به‌راوردێك له نێوان پێكهاته‌ی ئه‌م نیگارانه و پێكهاته‌ی كاریكاتێردا بكه‌ین، كاریكاتێر پێكدێت له شێوه‌كاری و كۆمیدیاوه، زێده‌ڕۆییش به‌كاردێنێت له وێناكردنی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه باسیان لێوه‌ده‌كات، زۆرجاریش ئه‌و زێده‌ڕۆییه، زێده‌ڕۆییه‌كی توێكاریانه‌یه، له وێناكردنی به‌شه‌كانی له‌شی مرۆڤه‌وه، نیگاره كاریكاتێریه‌كانیش له رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا پێكدێت له شێوه‌كاری و زۆرجار زێده‌ڕۆییش به‌كاردێنێت، به‌ڵام كۆمیدیا تێیدا مه‌رجی پێویست نیه، بۆیه پێمانوایه كه ناتوانرێت به كاریكاتێر دابنرێت، په‌یوه‌ندیشی به كاریكاتێره‌وه له به‌كارهێنانی شێوازی زێده‌ڕۆییكردن ده‌بینێته‌وه و زیاتر نا، ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكێكی كۆمیدیانه‌شی هه‌بێت، ئه‌م كۆمیدیایه واباوه كه په‌یوه‌ست بێت به‌ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته ئه‌ده‌بیه‌كه كه نیگاره‌كان هاوشانی بڵاده‌بنه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێك چیرۆك له گۆڤاری منداڵاندا پشت به ده‌قی ئه‌ده‌بی نابه‌ستێت و نیگاره كاریكاتێرییه‌كان به‌سیه‌تی، ناوه‌ڕۆكێكی كۆمیدیانه‌شی هه‌یه، ئه‌دی ئه‌م جۆره چیرۆكانه ده‌چنه خانه‌ی چ هونه‌رێكه‌وه؟ به‌بێ گومان ده‌چنه خانه‌ی كاریكاتێره‌وه، ده‌توانرێت بخرێته خانه‌ی كاریكاتێری كۆمیكس یان كاریكاتێری زنجیره‌یی، به‌مجۆره سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه نیگاره كاریكاتێرییه‌كان به‌كاردێنن له رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا به شێوه‌یه‌كی روون ناچنه خانه‌ی كاریكاتێره‌وه، به‌ڵام زۆرێكی تر له‌م چیرۆكانه به شێوه‌یه‌كی روون به‌شێكن له هونه‌ری كاریكاتێره‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه و ئه‌وه‌شه‌وه ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی روون ئینتیمابوونیان دیارنیه، كه‌چی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌تین به هونه‌ری كاریكاتێره‌وه‌ی ده‌به‌ستێته‌وه، كه ته‌نیا زێده‌ڕۆییكردن خۆی له خۆیدا بریتیه له به‌لادانێك به‌ره‌و كۆمیدیاوه.
پرسیاری یه‌كه‌میش كه خۆی ده‌خاته به‌رده‌ممانه‌وه، ئه‌وه‌یه كه بۆ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵان شێوازی كاریكاتێری به‌كارده‌هێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كانیشی كۆمیدیایی نه‌بن؟ به‌بیروڕای ئێمه‌شه‌وه وه‌ڵامه‌كه روونه، ئه‌ویش شێوازی كاریكاتێریی نزیكتره له هزر و خه‌یاڵی منداڵه‌وه، له شێوازی نیگاركێشانی واقیعیه‌وه، له وێناكردنی پاڵه‌وانه‌كاندا، له‌مه‌ش زیاتر به‌كارهێنانی شێوازی زێده‌ڕۆییكردن رێ به زیادكردنی ده‌ربڕینی زیاتر ده‌دات بۆ روخساری پاڵه‌وانه‌كان، چ ئه‌رێنی بێت یان نه‌رێنی، پیرێژنه جادوكاره‌كه ده‌توانرێت وێنابكرێت به شێوه‌یه‌كی ناشیرین، و خراپه‌كارێكیش له رێی زێده‌ڕۆییه‌وه ده‌توانرێت كڵپ و چڕنوك و كلك و قۆچ و چه‌ند شتێكی تریشی بۆ زیادبكرێت، كه خزمه‌تی ده‌قه‌كه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به پاڵه‌وانی ئه‌رێنیشه‌وه، ده‌توانرێت خه‌سڵه‌ته‌كانی دڵنه‌رمی و چاكی و به‌هێزی و پیاوه‌تی، به چه‌ند هێڵێكی شێوه‌كاریانه‌ی كاریكاتێریانه بخرێته به‌رچاو، كه شێوه‌كاری واقیعی له توانایدا نه‌بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش زێده‌ڕۆییكردن زیاتر سه‌رنجڕاكێشتره و تێنویتی خه‌یاڵی منداڵان ده‌شكێنێت، ئه‌ندێشه و خه‌یاڵكردنه‌وه‌ی منداڵ گه‌شه‌پێده‌دات، كه هێشتا شته‌كان به شێوه‌یه‌كی كامڵ پێكنه‌هاتوون تێیدا، ئامانج و ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه كاریكاتێریش جێبه‌جێیان ده‌كات له رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا، له شوێنێكی دیكه باسیان لێوه‌ده‌كه‌ین، پێویسته لێره‌دا به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی باس له تایبه‌تمه‌ندی كاركردن بكه‌ین له گۆڤاره‌كانی منداڵاندا، منداڵ بوونه‌وه‌رێكه له رووی عه‌قڵه‌وه پێكهاته‌كه‌ی ناته‌واوه، توانایی هه‌ڵهێنجان و ده‌رخستنی تا راده‌یه‌كی زۆر لاوازه، هه‌روا قبوڵكردنی شته‌كان له‌لایه‌وه به راستگۆیی و متمانه‌وه ده‌ناسرێته‌وه، بۆیه چه‌ندین شت هه‌یه كه ده‌بێت هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریست له رۆژنامه‌گه‌ری منداڵاندا ره‌چاویان بكات له‌وانه‌ش: 1- وێناكردنی شته‌كان. 2- جێبه‌جێكردنی نیگاره‌كان.
هه‌ندرێن خۆشناو