Skip to Content

گیرفانانە..!!! …   پشکۆ ناکام

گیرفانانە..!!! … پشکۆ ناکام

Closed
by ئایار 3, 2018 General

ـ….کاک ” عدنان عوسمان ” ی پارلەمانتاری پێشووی هەولێر و ئەمجارەش کاندید بۆ بەغا ، لە نیمچە وتارێکا بابەتێکی هێناوەتە پێش کە هەر لە ناوونیشانەکەیا مایەی سەرنج لێدانە : گەنجانە ، گیرفانانە….!!! بەڕاستی من بەش بەحاڵی خۆم زۆر وشەی نزیک لەو دوانەم بیستوە : جەژنانە ، سەرانە ، هەرزەکارانە ، سەرسەختانە ..و… هتد.
بۆ یەکەم جارە ” گیرفانانە”شمان بیست ..کە دیارە ئەمەش داهێنانێکی تری میدیای حیزبیە! گوایە ئەم وشەیە بەرابەرە بەو مووچەیەی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئەدرێ بەو کەسانەی کە بێ کارن.
جا مەرجیش نیە هەموو کەسێکی سەروو هەژدە ساڵی ئەم گیرفانانەیەی کاک عدنان بیانگرێتەوە چونکە نەخۆش و هەندێکی تر ناگرێتەوە کە بە هۆی تابەتییەوە توانای کارکردنیان نیە .
بۆ ڕێکخستنی ئەمەش هەر وڵاتێک دامەزراوەی تایبەتی خۆی هەیە ، هەڵگرتنی نەک ئەم بەردە زلە بەڵکو ئەم لۆرییە بەردە نیشانەی ئەوەیە کە تەنها ریکلامە بۆ خاوەن داهێنانی وشەی گیرفانانە و جۆرە بانگەشەیەکیشە بۆ خودی کاک عدنان، چونکە لە هەموو ناوچەکە و ئاسیای ناوەراست و زۆر وڵاتی تر کە نیانە باری ئابوریان لە عێراق و هەرێم باشتر نەبێ نەهاتۆتە دی.
جا نازانم بۆ ئەوەی دوای بوونی بە ئەندام پارلەمانی بەغا کاک عدنان نیازی هەیە بەو چوار ساڵە گیرفانانەکەی لەوەی ئەوروپا چەن قورستر ئەکا و ئاخۆ بە یورۆ ئەبێت یان بە دینار..!؟
کاک عدنان لەهەموو کەس باشتر ئەزانێ کە بەم سیستەمەی عێڕاق و بەو حوکمرانییەی هەرێم ئەوەی خاوەن کارە مووچەی خۆی وەک خۆی وەرناگرێ ، چ جای ئەوەی تۆ بۆ ئەوەی ببیت بەپارلەمانتار گفتی گیرفانانە بەیت بەوانەی بێ کارن..!
ئەم خەیاڵە ئەمڕۆ و لە مەودای نزیکا زەحمەتە لەگەڵ واقیعا سەرەتاتکێ بکا، هەوڵ بۆ هەڵگرتنی ئەو لۆرییە بەردە تەنها بۆ فڕێ دانی بەردەکان و بارکردنی دەنگی گەنجانە تا کاک عدنان هەر بەو لۆرییە بگاتە پارلەمانی عێراق ، بە تایبەتی کە خۆی ئەزانێ گەنجانی کوردستان لە زۆر شت مەحرومن لە پێش هەموو شتێکەوە بێ کاری و دابین نەکردنی بژێوی بۆ خۆیان زۆر جاریش بۆ خێزانەکانیان.
تا عێراق وەک دەوڵەت وابێ تا لە هەرێم بنەماڵە فەرمان رەوا بێ ئەوە خەویش نیە ، تەنها سەرخەو شکانە کە پێویست ناکا لە جێگەیا بی بۆ ئەوەی بیبینی.

باشتر وایە کاک عدنان خۆی کە بۆ یەک رۆژیش لە بزووتنەوەکەی خۆی پێویستی بە گیرفانانە نەبوە و نابێ، بە دروشمی واقیعی و ئاسان لە بەدیهێنانی بانگەشە بۆ خودی خۆی ولیستەکەی بکات ، دەنا کە بەدەستی بەتاڵ لە بەغا گەرایەوە چی وەڵامی ئەوانە ئەداتەوە کە گیرفانانە ئەیانگرێتەوە ..؟
خۆ ئەگەر کاک عدنان زۆر لە خەمی گەنجانە و دڵی پڕ بوە بۆیان ، بۆ ڕێگەی نەدا لە جیاتی خۆی گەنجێکی بزووتنەوەکەی خۆی کاندید بکردایە هەر بەقەرز تا ئەو کاتەی گیرفانانەکە ئەهاتە دی خۆ شوکر خۆشبەختانە ئەو لە پاشماوەی مووچەی پارلەمانتارییەکەی هەولێری ئەوەنەی ماوە عەریزە نەیات بۆ گیرفانانە.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress