Skip to Content

رۆمانی ( گۆشەگيری ) خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە -3- سەردار جاف

رۆمانی ( گۆشەگيری ) خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە -3- سەردار جاف

Closed
by ئاب 21, 2022 General, Literature


{ بەشی سێيەم }


گۆشەگيری
خوێنەر کاتێک ئەم رۆمانە دەخوێنێتەوە هەست بە ماندووبوونێکی زۆری نووسەر دەکات، وەلێ ئاخۆ نووسەريش توانيويەتی تێيدا تا ئەندازەيەکی باش سەرکەوتوو بێت، ياخود هيچی بە خوێنەر نەگەياندووە جگە لە دەردە دڵێکی خودی نەبێت خراوەتە روو، خوێنەرێک لە خوێندنەوەی نزيکەی ( ٥٠٠ ) لاپەڕەيەک هەست بە شەکەت و ماندووبوونێک بکات ئاخۆ نووسەر چەندی ماندوو بوون بە ديار نووسينەوەی چەشت بێت، ئێمە نامانەوێ لە ماهييەتی ماندوو بوونی کەم بکەينەوە، وەلێ هەر وەک گوتمان ئێمە دەق دەبينين و لەوێوە قسەی خۆمان دەکەين.
سەرەتا و بەر لە هەموو لايەنە جوايەزەکان دێين و هەڵوێستە لە سەر ناو و ناوەڕۆکی رۆمانەکە دەخەينە روو ئاخۆ هاوتەريبن، هەرچەندە نووسەر ئازادە لە دەستنيشان کردنی ناونيشان وەلێ وا دەست نيشان کراوە کە پەيوەستن پێکەوە بۆيە قسەی خۆمان دەکەين، ئێمە دوای خوێندنەوەی رۆمانەکە بۆمان ساغ بۆوە کە گۆشەگيری بۆ ئەم حاڵەتانەی نێو رۆمانەکە بە هيچ شێوەيەک يەکناگرنەوە، لەم روانگەوە ئێمە قسەی خۆمانی لە سەر دەکەين، ئێمە پێمان وايە خودی نووسەريش لە گەڵمان هاوڕايە کە ئەوەی لێرەدا هەيە ونبوونە نەک گۆشەگيربوون.

گۆشەگير بەو کەسە دەگوترێت کە ژيانی تەنهایی هەڵدەبژێرێت ئاخود هەميشە لە هەموو تاکێکی مرۆڤ خۆ بە دوور دەگرێت، خەڵوەتنشينی سۆفيگەرێتی خۆی لە خۆيدا گۆشەگيربوونە (( شوبنهاوەر وای دەبينێتەوە کە گۆشەگيری فەيلەسوف هەڵوێستێکی فەلسەفيانەيە رەنگدانەوەی پاکی و راستگۆييەتی ، نەمازە ئەو گۆشەگيرييە دەرئەنجامێکی حەتمی هەلوێستە رەتکراوەکانی بێت بەرامبەر کۆمەڵگايەکی گەندەڵ و ساختەکار و هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە بيرکردنەوەيەکی هەڵەناراستييەکان دەسڕێتەوە )) ٤. لە رووی فەلسەفيشەوە دەبينين کە گۆشەگير بوون بۆ راژە کردن و بەرژەوەندی چاکەکارييە، هەروەک لە ئايينيشدا هەمان بۆ چوونە، (( بە پێی ئەو چەمکەی لای شۆبنهاوەر بۆ گۆشەگيری هەيە، جياوازی لە نێوان دوو جۆر لەو فەيلەسوفانە دەکا، پۆلينێک بۆ خۆی بيردەکاتەوە و نوێنەرايەتی زۆرينە دەکات، پۆلينەکەی دی بۆ خەڵکی بير دەکاتەوە و نوێنەرايەتی کەمينە دەکات، ئەوەی بير لە خود دەکاتەوە لە کۆمەڵ دانابڕێت وەلێ لە پرسەکانی گۆشەگير دەبێت، ئەوە کار لە سەر راستیيەکی ساختە دەکات و يان ساختەیی راستی دەگوازێتەوە، هەرچی ئەوانەيشە کە بير لە خەڵکانی دی دەکەنەوە، ئەوا لە کۆمەڵ گۆشەگير دەبێت، بەڵام لە پرسەکەی دانابڕێت. چونکە تەنها کار لە سەر راستييەکان دەکات، ئەوا بەم پێيە لە بەرژەوەندی راستی و کۆمەڵ لە هەمانکاتدا کار دەکات)) ٥-. پێمان وابێ باشتر بۆ خوێنەر روون دەبێتەوە کاتێک خوێنەر رۆمانەکە دەخوێنێتەوە دەزانێ دوور و نزيک لە هەموو روويەکەوە ناونيشانەکە يەکانگير نابێتەوە لە تەک ناوەڕۆکی رۆمانەکە..

ونبوو ئەو کەسەيە کە سەرلێشێواوی سەراپا ژيانی دەتەنێت، ئەو دەمانە خود ون دەبێ، هەميشە ونبوونيش تاک بەرەو ئاراستەی هەڵدێر دەبات نەک راستکردنەوە، دەکەوێتە نێو ئەو بڵقانەوە کە نازانرێت لە چ کاتێکدا دەتەقێتەوە و هەپروون بە هەپروون دەبێت. (( بوون دابەشی ، بوونی دەرەکی و بوونی زهنی دەبێت، يەکەميان بريتييە لە پێکهاتەيەک لە بەر چاو کە ئەم بوونە ماتريالييە، بەڵام دووەم بريتييە لە پێکهاتەيەک لە زيهندا، ئەوەيش بوونی ئاوەزی” عقلي ” يان لۆژيکييە )) ٦ ، ئەم ديدگايە ئەوە دەسەلمێنێ کە رۆمانەکە هەردوو حاڵەتەکەيە، يەکەميان کەسەکان ونبوويەک نين لە بەر چاو ونبوو بن وەلی وەک ديدە ماتريالييەکە بوونيان هەيە لێ لە رووی زهنييەوە ونبووی تەواون، لە ناخەوە ون بوون ئەمەيش ئاراستەيەکە زۆربەی نووسەران بۆ ونبوونی تاک لە ئەدەبدا پەنای بۆ دەبەن، بابزانين نووسەر بۆ رۆمانەکەی چۆن لە گەڵ ونبووندايە. (( کە گەڕايەوە بۆ هوتێلەکە زانی تەنهاييەک لە نێويدا بۆ ئەبەد درێژ دەبێتەوە و کۆتایی نايەت، بۆنی چەرچەفەکانی کرد، بۆنی خۆی کرد، بۆنی دونيايەک شێواو و بێمانای کرد، بۆنی بۆن دڕنی ئەو ئاژەڵەی کردکە بەم ژوورەدا تێپەڕيووە، بۆنی خوێنی کرد لە هەموو شوێنێک، بۆنی ساردی لاشە دوورەکانی کرد لەئاسمانی ئەم بەيانيەدا، بۆنی ونبوونی کرد لە هەموو شوێنێک، ل ٣٩١ )) نووسەر تەنها جارێک باس لە ونبوون ناکات چەندين جار لەو دەرگايە دەدات، (( هەموو ئەو ونبوونەی لە نێوان سوزی و ڤێسنا و سێرژی روسی و ئورسولا باومان، هەوڵدان بوو لە راکردن لەو گۆشەگيرييە سەختەی دەيهاڕی، دەيبردەوە ناو تاريکی و هەستيدەکرد ژيان هيجيتری تێدا نەماوە بۆ بەردەوام بوون. وەک ئەوەی خومار بێت بە ئیکسيرێکی پڕ جادوو، ئاوا بە نێو کەس و رووداوەکاندا تێدەپەڕی، گوێی دەگرت و هەندێک شەو دەچوو سەمای دەکرد، بە تەنێ سەمای دەکرد،… لە نێو تاريکی پاسەکەدا کە بەرەو قاهيرە جادەکەی قووتدەدا، بيری لەوە دەکردەوەکە زەمەنە سەماکار بوو، ئەو پووتە پۆستاڵيەی بيرکەوتەوە، ملپێچە مۆر و قەمسەڵە کورتەکەی و جێنزە شينەکەی، بيری کەوتەوە ماوەيەک بوو خومار بوو بە سەما، سەما تەنها لە گەڵ خۆيدا، لە گەڵ تەنهاييدا، لە گەڵ گۆشەگيريی و ونبوونيدا کە نێوی نابوو ” ونبوونێکی جوان” کە ڕاستييەکەی هيچتر نەبوو جگە لە ونبوون نەبێت لە نێو گۆشەگيريدا. ل ٤٣٢ )). نووسەر لەم پەنا بردنە بەر ونبوونە دەکەوێتە هەڵەوە کاتێک ونبوون لە ناو گۆشەگيری دەبينێت، مرۆڤ بەر لە بوون ، کائينێکی نەبووە، ئەو کاتە گۆشەگيری ناخوڵقێت کە دەکرێ بڵێين خەڵوەتيش بەشێکە لە گۆشەگيری، بەڵام کاتێک مرۆڤ بوونی بوو وەک ماتريالی يانی بوونی جەستە، بەو چەمکە فراوانەی ونبوونەوە گەر ورد ببينەوە، تێدەگەين ئەو دەمە مرۆڤ دەتوانێ گۆشەگير بێت، کە مرۆڤ ون دەبێت دەکارێ بخزێتە نێو گۆشەگيرييەوە تا خۆی بدۆزێتەوە، (( لە تەک هەر جيابوونەوەييەک، زنجيرەيەکی ونبووی سەپێندراو دەردەکەوێت، زيندەوەرێک دەست بە هەنگاوەکانی دەکات رووەو جۆرێکی تازە، کە بە جۆرە گوازراوەکان ناسراوە)) ٧. نامانەوێ زياتر لە سەر ئەم پرسە هەڵوێستە بکەين ئەوەی بە لامانەوە گرينگە ناوەرۆک و لايەنەکانی ديکەی رۆمانەکەيە، رۆمان چەند جۆرێکی هەيە لەوانە رۆمانی ؛ مێژوویی ، پۆليسی ، رۆمانسی ، تراژيدی ، کۆمەڵايەتی ، ترس و تۆقاندن ، پۆرنۆگرافی” سيکسی ” …..تاد.

ئەم رۆمانە دوورونزيک پەيوەندی بە رۆمانسييەت و ئيشقەوە نييە، کە نووسەر بۆ خۆی هاوتای ئيشقی کردۆتەوە، بە تەواوی دەکارێ بێژين گۆشەگيری دەقاودەق دەخزێتە خانەی ئەدەبی پۆرنۆگرافييەوە، واتا بە ئاشکرا بێڕووپۆشکردن باس لە سێکس دەکات؛ (( هەندێجار بە مەبەستی ئامۆژگاریی سێکسی و تەندروستی خراونەتەڕوو، هەندێجاری ديش بە مەبەستی ئاشنابوون بە ئەندامە سێکسييەکان و شارەزابوون لە چۆنێتی پرۆسەکردنی سێکس ئەنجام دراون )) ٨. لەم ساڵانەی دواییدا رۆمان بە شێوەيەکی گشتی و بە تايبەتی لە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان رەواجێکی زۆری پەيدا کردووە و کتێبێکی پڕفرۆشە، بە تايبەتی رۆمانە ئیرۆتيکييەکان، چونکە لەوێ لای خوێنەر چێژ دەخوڵقێنێت، ئيشق باڵا دەکات، وەلێ ئەم رۆمانە ئەو چێژە ناداتە خوێنەر، رەنگە ئەمە هۆکارێک ببووبێت بۆ پەنا بردنە بەر ئەم جۆرە رۆمانە، يانيش پێی وابووبێت کە دەتوانێ لەم رۆژگارەدا رچەشکێن بێت، ئەوەيشيان وانييە، چونکە پێشتر شێخ رەزای تاڵەبانی لە رێگای شيعرەکانييەوە ئەو دەرگايەی واڵا کردووە، هەروەها لە ئەدەبی کوردی و بواری چيرۆکيشدا (( ئەحمەد سەيد عەلی بەرزنجی لە کۆمەڵە چيرۆکی ” دەستە و يەخەدا ” بايەخی بەم لايەنەی ئەدەب داوە و سەرجەمی چيرۆکەکانی تەرخانکردووە بۆ ئارەزووی سێکسی، کە دەتوانم بڵێم تا ڕادەيەک لە پۆرنۆگرافی نزيک دەبێتەوە)) ٩. ئەوەيش لە هەمان رەوتەوە رێی گرتووە، لێ زۆری تر هەن لە چيرۆک و شيعرەکانيان باسيان لە پرۆسە سيکسييەکە کردووە وەلێ ناخزێتە خانەی پۆرنۆگرافييەوە، دەکارێ لە خانەی ئيرۆتیکی تۆمار بکرێن؛ (( لە بە شێک لە رۆمانەکانی محەمەد موکریدا چەندين ديمەنی سێکسی ئاشکرا خراونەتە روو، بەڵام ئەمە ناچێتە ناو ئەدەبی پۆرنۆگرافييەوە، چونکە ئامانجی سەرەکی لەم چەشنە رۆمانانەدا سێکس نييە )) ١٠. رۆمانی ” هيچ ” ی خوسرەو جافيش لە چەندين شوێن باس لە پرۆسەی سێکسی دەکات، بەندەيش لە چيرۆکی ” ميرات ” بە ئاشکرا باسمان لە پرۆسە سێکسييەکە کردووە، کە لە ژمارە ( ٩ ) ی پەيامی مامۆستا لە سويد ساڵی ١٩٩٩ بڵاوکراوەتەوە، ئەوانەيش بە هيج کلۆجێک ناچنە ناو ئەدەبی پۆرنۆگرافی، چونکە مەبەستە سەرەکييەکە سێکس نييە، بۆيە هارووژاندن لای خوێنەر دەخوڵقێنێ و ئەم رۆمانە کەمتر.

گۆشەگيری فەزا و فۆرمێکی قورسی لای خوێنەر خوڵقاندووە، (( رۆمان فۆرمێکی ديالکتيکی داستانە، بۆ خۆی فۆرمی گۆشەگيرييە لە تەنهایی، فۆرمی هيوايەکە لە بێ ئايندە، فۆرمێکی ئامادەيە لە ئامادە نەبوون)) ١١. کەچی ئەم حاڵەتە لای ئيسماعيل حەمە ئەمين لەم رۆمانەدا بەدی ناکەين جگە لەوەی فەزاکەی لێشێواندووين هەميشە هزرمان وا ماندوو دەکات کە خوێنەر پچڕپچڕی رووداوەکان دەيشێوێنێ، وەلێ پەریەوازە بوونێک دەخوڵقێنێ مەگەر هەر خۆی سەری لێدەربکات، هەندێ شتی بۆ رۆمانەکە سەربار کردووە کە پێويستی نەدەکرد، رۆمانەکە بۆ خۆی گێرانەوەيە لە نێو گێڕانەوە گێرانەوە دەبينين، بۆيە ئەوە بە فۆرمێکی نامۆ لە ناو رۆمان دادەنرێت، لە رووی ديالکتيکييەوە، ئەو ئیستاتيکايە بە دی ناکەين جوانی بە سەرگوزەشتەکان بدات، (( رۆمان لای لۆکاش، بۆ خۆی فۆرمێکی سەرەکی ئەدەبە بۆ جيهانێ ” کە مرۆڤ نە لە وڵاتی خۆی بوونە، نە نامۆييشی تەواوی نامۆبوونە” بۆ ئەوەی ئەدەبی داستانيمان هەبێ ” رۆمان کە فۆرمێکی داستانييە” هەر دەبێ بوونێکی يەکەی بنەڕەتی هەبێت، بێگومان بۆ ئەوەی رۆمانێ هەبێت، بەرهەڵستی کۆتایی لە نێوان مرۆڤ و جيهان و تاک و کۆمەڵ دەبێت)) ١٢. گۆشەگيری سيمايەکی داستانی بە خۆوە نەبينيوە، چەندين گێڕانەوە لە ناو گێڕانەوەيە، ئەمەيش وا لە خوێنەر دەکات نەک مەيلی خوێندنەوەی نەبێت وەلێ بۆ کارەکانی دواتريشی کاريگەری دەبێت و خوێنەر روو لە کەمی و لاوازی دەکات، بە کورتی نووسەر نەيتوانيوە هەر زوو سەرنجی خوێنەر بۆ باسەکەی پەلکێش بکات، رەنگە هەندێ هەرزەی تينووی سێکسی بۆ خۆ دەستەمۆ کرد بێت ئەمەيش ناکاتە خوێنەری دڵکار. (( بە بينينی من، بنەڕەتيترين خەسڵەتی نووسەری مۆدێرن ئەمەيە؛ هۆشياری دەرهەق بە کێشە تازە و گرنگەکان، هێز و توانای پێويستی تەکنيکی بۆ وەڵامدانەوە بەم هوشيارييە، دواتريش دەبينين بۆ ئەوەی نووسەرێکی باشت لێدەربچێت، پێويستت بە توخمی ديکەيش هەيە کە من پێی دەڵێم ” سازان و هارمۆنی ” ))١٣. جوڵەيەکی هونەری ئەتۆ نابينرێ لە رۆمانەکەدا تاوەکو رووخسارێکی ئێستاتيکایی تێدا ببينين، هەر جەندە لە رۆمانی پۆرنۆگرافی کەمتر هەست بەو جوڵەيە دەکرێ، وەلێ ئەوەيش بێجوان بەخشين نابێ، و نووسەری بە توانای دەوێ جوانی بەخش و جوڵەی هونەری و زمانی ئەوتۆ بەر جەستە بکات، چێژداری بخوڵقێنێت، تەڕ و پاراو بێت، لە بەراييشدا ئاماژەمان پێدا شيعرئامێزی نەبێ، ديسانەوە ئەمەيش لەنگی لە فۆرمی رۆمانەکە دروستکردووە، فۆرم هەمو جەستەی دەقە، بۆ نمونە کاتێ شاجوان هەڵدەبژێردرێت تەنها ستايلەکەی ديقەت نادرێت، هەموو لايەنەکانی هەڵدەسەنگێندرێت پاشان کە تەواو و پڕاوپڕی وەسف و تەوزيف بوو بە شايستەیی شاژنی پێدەبەخشرێت. لێرەيشدا بنەما سەرەکييەکانی جوڵەی هونەری لە رۆمانەکەدا نابينين و يەکێ لەو خەسڵەتانەی لە دەستی داوە ئێستاتێکای دەقە. خاتوو پی. دی . جێمز*لە ديمانەيەکيدا لە بارەی رۆمانەوە لە گەڵ شوشا گاپێ دەڵێ ؛(( کە رۆمانی يەکەمم پێشوازييەکی باشی لێکرا، درێژەم بە نووسيندا، بەو ئەنجامە گەيشتم کە دەتوانم لە چوارچێوەی سنوور و رێساکانی ئەو ژانرە بمێنمەوە، لە هەمانکاتيشدا دەتوانين نووسەرێکی جددی بين و واقيعەت لە بارەی ژن و پياوەکان و پەيوەندييەکانيان و ئەو کۆمەڵگايەی کە تيايدا دەژين دەرببڕين))١٤، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لەم رووەوە لە سەری بدوێين دوو لايەنە، يەکەميان ؛ ئەوەيە نووسەر لە دوای گۆشەگير پەنا بۆ ئەم جۆرە رەوتە نەبات چونکە تێيدا سەرکەوتوو نابێت، مرۆڤ پێويستە پەنا بۆ کارێک ببات، بە خێرایی سەرنجی خوێنەران رابکێشێت، بە داخەوە ئەوەی دەيبينين ئەوەی نە پێکاوە، خاڵی دووەميشيان؛ واقيعی پەيوەندی ژن و پياوە، لە رووی دەروونييەوە هەر کەسێ تێڕامانی وردی هەبێت و بە سەليقەييەوە بڕوانێتە لايەنی ژنناسی ئێسماعيل حەمە ئەمين سەردەرکردوويەکی باشە و درک بە نهێنی و شتە شاراوەکانی ژن دەکات، خەسڵەتی ژن ، پەيوەندی لە گەڵ پياو و لە ناو خودی خۆيانيش، ئەمە کەم کەس درکی پێدەکات، بريا ئەم زيرەکی لێهاتووەی بە گەمەيەکی هونەری و بە پێی بنەما سەرەکييەکانی رۆمان زياتر سوودی لێوەردەگرت. لە رووی دەروونييەوە شارەزاييەکی باشی هەيە، ئەمەيش نمونەيەکە، کە بۆچوونی هەمەچەشنەی لەم بارەوە لە رۆمانەکەيدا هەيە: (( ئەو دەچوو لە لۆجی دەوڵەمەندەکاندا بە جلە ئەوروپييەکانيەوە دادەنيشت، کە وەک ماگێتی ………. وابوو وەک چۆن خۆی وا ناوی لە خۆی نابوو، ئيدی کيژێکی قژ زەرد، شەنگەژنێک يان ژنێکی مێردداری بە زمانە لوسە روسييەکەی راو دەکرد، ئەو رای وەها بوو، کە ژنان ئەوەندەی لە گەڵ وشەدا دەژين، ئەوەندە بە دونيای ريال ئاشنا نين. بە وشەيەک دونيايەک خەياڵ لە سەرياندا دەهارووژێت، بەمەيش دەچنەوە سەر سروشتە شيعرييەکەی خۆيان کە خەوبينەرن، بەڵێ، کێ خەونيان پێشکەش بکات دەچنە باوەشييەوە، دەبێت ئەوەيش بڵێين ؛ کێ خەون ببەخشێت هەر دەبێ خۆيشی خەوبينەر بێت….. ئا لەوەدا پێدەچێت ئەو نهێنی جاکۆمۆ کازانۆڤايەتی خۆی دۆزيبێتەوە، بەوەی پياوێکی خەو بينەر بوو… ئاوا، لە ماوەی ئەو هەفتە پڕ خەياڵ و خەونەدا لە گەڵ چەندان جۆری ژندا دەخەوت، بۆ نمونە ؛ ئەگەر ژنەکان بە رۆژ کاريان بکردايە، ئەوا شەوەکەی دەهاتنە لای و چەند کاتژمێرێک دەمانەوە، گەر ژنی مێردداربوونايە و بە دووی ئەشقی کاتیدا بگەڕانايە، ئەوا لە کاتی کاری مێردەکەياندا، لە بەيانييەوە تائێوارە دەهاتن و ئەشقيان دەکرد خەونيان دەبينی……. ل ١٥٩ )) .

لە زۆر شوێنی رۆمانەکەدا رووداوەکان واقيعيەت و راستی رووداوەکان دەسەلمێنن، لەو روانگەوە هەندێ رووداو کە رووی داون لە رووی پزيشکييەوە دەلالەتی ئەوە نييە شارەزایی لە بواری پزيشکيدا هەبێت، هەرچەندە بۆ چيرۆکنووس دەبێ ئاشنايەتی تەواوی لە هەموو کارێک هەبێت، لە هەر شتێک سەرپێيانە سەردەرکردوو بێت، وەلێ کە بە قوڵی لە بوارەکەدا ئاشنايەتی هەبێت نمونەيش وەک ئێرە ؛ (( دەڕنەفيزێکی زلی پێ بوو و دەيويست بيوەشێنێت، ئەو خۆيشی نەيزانی چۆن چەقۆکەی کرد بە پشتی حەسەنە کەڕدا و حەسەن هاواری کرد و ئەژنۆی شل بوو و لە هۆش خۆی چوو…ل ٣٠٤ )) چەند دێڕێک دوای ئەوە دەڵێ ؛ (( ئاوا حەسەنە کەڕ بۆ ئەبەد قاچەکانی لە دەستدا و تووشی ئيفليجی بوو، چونکە چەقۆکە رێک دەماری پشتی بڕی بوو ل ٣٠٥ )).
ئەوەی پێويستيشە هەڵوێستەی لە سەر بکرێ لايەنی پۆرنۆگرافی رۆمانەکەيە، کە لێوانلێو لە سێکس و پەرتەوازەیی فيکر و بيرە، نە سازانێکی تێدايە نە هارمۆنيەت وەلێ پڕە لە رستەی ئاسایی و پێڕەو نەکردنی بنەماکانی رۆمان، کەسی ئاسایی لە خوێنەرانی پلە دوو و سێ وا تێدەگەن بە هۆی ئەو هەموو وشەی ( ئەشق )ە رەق و تەقانەوە لێکدانەوەی وايان لە لا دەخوڵقێ کە ئەمە لێوڕێژە لە ئيشق، لێرە نەک ژن بگرە پياويش ئەو بەها باڵايانەيان لە دەست داوە، هەر چەندە پێمان وايە نە پياوسالاری بێت نە ژنسالاری، وەلێ يەکسانی و بەرانبەری، لێرەدا بۆ لەکەدارکردن ئەم حاڵەتەی پيادە کردووە، کە نە دەبوايە وابێت، بە هەر حاڵ کارێکی باشی کردووە کاتێکيش دەبينين وؤلف فرجينيا دەڵێ؛ (( ئیشی ئەدەبيش لە هەچ قۆناغێکدا ئەمەيە؛ لە گەرمەی شکۆ و شەوکەتدا، ژنان و پياوان لە ژينگەی دەوروبەری خۆياندا رەنگڕێژ بکاتەوە)) ١٥. ئەمەيش ئەو لايەنەيە کە باسی دەکەين و نووسەر پەيگيری کردووە، وەلێ ئيشق ناکرێ بڵێين لە رۆمانەکەدا بەدی ناکرێ کە دێتە سەر لايەنی قوڵایی ئيشق خۆی لێ لادەدات و باسی ئیشق ناکات، ئەمەيش ئەو بەهەشتی ئيشقەيە باسی دەکات ؛ (( ئەوە زەمەنێک بوو کە هەموو شەو بۆ منداڵەکانی دەگريا، ئەو لە هەرە ساتە سەختەکانی جەنگ و لە دەست چوونی هاوڕێ و دۆست و خزم و باوکيشيدا ئاوها نەگريا بوو… بەڵام دەبوايە دوای دڵی بکەوێت، هەر جەندە دەيزانی دوای دڵکەوتن بۆتە هۆی ئەوەی لە باوکايەتی بێبەش بێت، لە کوڕە بچوکەکەی لە کوڕە گەورەکەی کە بەرەو هەژدە ساڵ دەچوو، هەموو شەو بێ فرمێسک لە دڵەوە دەگريا و پێش خەوتنی بەردەوام پێيان دەڵێت؛ کوڕەکانم شەوتان شاد، بچوکەکەم شەو شاد ئاوا دڵی دەگريا و خەوی لێدەکەوت ……… تاد ل ٣١٨ )) ئەم قسانە پڕ لە ئيشق خۆشەويستييەک کە ناتوانرێت پێناسەيەکی بۆ دياری بکەيت قەڵەم لە ئاستيدا نووکی دەشکێ، بە داخەوە بە دوورونزيک ناوی ئيشقی لێ نانێت، کەچی بۆ حاڵەتە پۆرنۆگرافييەکان سەر رێژ وشەی ئيشقی بەکار هێناوە، هەر لاپەڕەيەک دوای ئەم نووسينە دێتەوە سەر هەمان باس و دەڵێ؛ (( کاژێرێک پێش هەشتی شەو، لە سەرخۆ لە پارکی ئوتومبێلەکانی ئەوبەر ماڵە کۆنەکەی پارکی دەکرد، بە جۆرێک لە قاتی چوارەمدا بەروونی پەنجەرە گەورەکانی دەبينی؛ دەيبينی کوڕە بچوکەکەی لەوديو پەنجەرە گەورەکانەوە دێت و دەچێت، چاوی لە پەنجەرەکان لا نەدەبرد تاکو گڵۆپی ژووری مناڵەکانی دەکوژانەوە دەيزانی ئەوان دەخەون و ئەويش لە بەر خۆيەوە و لەو ديو ستێرنی ئوتومبێلەکەيەوە دەيگوت؛ شەوتان شاد کوڕەکانم ، شەوتان شاد … ژنە کۆنەکەی دەبينی دێت و لە سەر قەنەفەکە دادەنيشێت و سەيری تەلەفزيۆن دەکات. ل ٣١٩ )) ئائەمانە حاڵەتی لێوڕێژين لە عيشق خۆ عيشق تەنها لە نێوان ژن و مێرد يان کوڕ و کچدا نييە، ئەوە نييە بە عيشقيشەوە لە ژنە کۆنەکەی دەڕوانێ، کەواتە بۆ باسی عيشق ناکات، دەشێ عيشق لای نووسەر لەم رۆمانەدا تەنها لە سێکس کردن و ئەندامەکانی لەشی هەردوو رەگەز و کەرەستەکان بێت. نمونەيەکيش لەو ناعيشقيانە دێنينەوە کە بە عيشقی لە قەڵەم دەدا؛ (( نەيانزانی چۆن ڕێگەی ماڵی ئالێکسی ئالکسێندرۆفيجيان دۆزييەوە، ئەو شەوە لەوێ مايەوە، پێکەوە خواردنيانەوە. ژنەکەی ئالێکسی تەلەفۆنی بۆ ژنە تەنهاکەی دراوسێيان کرد و ئەو شەوە هەموويان سەرخۆش بوون، هەموويان لە نێو سيحری تاريکایی شەودا سەمايان کرد، لە نێو بۆشاییدا سەمايان کرد، وەک چوار شێت سەمايان کرد، وەک چوار فريشتەی خوايەکی لە بيرکراو، وەک چوار نامۆ، وەک چوار گێلی ناو دونيايەکی شێواو، وەک چوار ئاشقی ئازادی…تاد ل ٢٧٢)) . هەموو دەزانين مانای ئيشق چييە و ئاشق کێيە، بە چەند قۆناغيش خۆشەويستی دەگاتە ئيشق، نەک بەو جۆرەی نووسەر پەنای بۆ دەبات بۆ پۆرنۆگرافی، هەر بۆ خۆی خودی نووسەريش ئەم لايەنە شيدەکاتەوە وەلێ باسی ئيشق ناکات، دوای جەدەلێ لە نێوان ئەو و ريتا، ريتا پرسيارگەلێکی لێ دەپرسێ و وەڵامی ناداتەوە ريتا دەڵێ؛ (( دەزانم تۆ حەزت لێمە، وا نييە، ئاخر جياوازی هەيە لە نێوان حەز و خۆشەويستی، حەز بەشێکە، جەستەيە، چێژە، خۆشەويستی حەزێکی باڵايە، ميتافيزيکە، ئەوە دەڵێم چی من شێت بووم، ريتا ئەوەی گوت و لە رێگە لە نێو باوەشيدا خەوی لێکەوت. ل ٣٤٣ )). لێرە مەبەست رۆمانەکەيە کە نووسەر سێکس بە ئيشق دەزانێ، بيرکردنەوەی پياو و ژن جياوازە ژن سێکس دەکات لە پێناو پارە و دەسکەوت، پياويش لە پێناو هەڵڕشتنی غەريزەکانيان، کەچی بە ئيشقيش ناوی دەبات ئەوەتا بۆ خۆيشی هەروامان پێدەڵێ، ئيتر دەبێ ئەم ئيشقە لە کوێ بێت؛ (( ديوە راستييەکەی ئەم پەيوەندييە چەندە ئەشق بوو، دە هێندەيش بەرژەوەندی و پارە بوو، چونکە بە هۆی سڤێتلانەوە بژێوی خۆی زامن دەکرد و سڤێتلانەيش بەو پارەيە دەيتوانی چەندان مانگی ژيانی قورسی خۆی و مێردە خرفەکەی بەڕێ بکات.ل ١٨١ )). تێکەڵييکی نا لۆژيکی لە نێوان لەشفرۆشی و ئيشق خوڵقاندووە.
هەر کەسێک ئەم رۆمانە و رووداوەکانی بخوێنێتەوە هەست بەو رووداوانە دەکات کە بە سەر خودی نووسەردا هاتبێت، بۆيە ئەوەی نەيتوانيوە بيدرکێنێ لە رێگای رۆمانەوە قسەی خۆی کردووە و ناخی هەڵڕشتووە،ئەمەيش کارێکی لێزانانەيە کە دەرفەتەکەی بە هەلقۆستۆتەوە کە رۆمان پڕ فرۆشترين کتێبە، لە چيرۆکی ” ئەنۆبيس “ەوە لە لاپەڕە ٢١٩ بۆ ٤٨٣ بە تەواوی پڕە لە حاشاکردن لە خود و ريسواکردنی کەڵچەڕی گەلانێک کە پێشتر بۆ خۆی بەشێک بووە لەو گەلانە، بە داخەوە نووسەر کە رؤژانێک تا ئەوپەڕی چەپ لايەنێکی چەپگەرایی بووە، ئەوەيش دەبوايە لە نووسينەکانيدا بە جۆری رەنگی بدابايەتەوە، کە خۆ بە باڵا زانينی خود بە سەر ئەوی دی، کاڵبکردايەتەوە و بەديدگايەکی دی بيخستبايەتە روو، ئەوە کاری ئێمە نييە تا بڵێین بە چ ئاراستەيەک باسی بکردبايە، لە شيعر ئەو کارە دەکرێ بگوترێ، چونکە رەخنەگر لە شرۆڤەی دەقی شيعريدا توانا شيعرييەکەيشی دەخاتە روو، وەلێ لێرەدا پانتاييەکە بەرفراوانە و فەزايەکی ئەوتۆی خوڵقاندووە مەگەر هەر خۆی لە جەوهەری رۆمانەکە حاڵی ببێت، (( پەيوەندی بەهێزی نێوان کەلتووری رۆشنبيری و کەلەپووری ميللی پەيوەندييەکی رۆحی و جەوهەرييە، هەر يەکێکيان رۆح و ناسنامەی نەتەوە پێکدێنن، کەلەپووری ميللی بەشێکی گرينگی کەڵچەری رۆشنبيرييە، ئەم کەلەپوورەيش لە پۆلينە جياوازەکانی هونەری رۆشنبيری ميللی رەنگيداوەتەوە، نەمازە لە هونەری ئەدەبی ميلليدا، لە شيعر و پەخشان و گۆرانی، لە چيرۆکە ئەفسانەييەکانيشدا، هەروەها لە چيرۆک و داستانە ميللييەکاندا شۆڕبۆتەوە، زۆرجار کەلەپووری ميللی چەندين ناوی پێدەوترێت، وەک رۆشنبيری ميللی ، يان کەلەپووری ميللی ياخود فۆلکلۆر، ئەوەيش نوێنەرايەتی سيستماتيکێکی تەواوی هێما و فۆرمەکان و دەربڕينی هونەری و ئێستاتيکایی نيشآن دەدات، ئەمەيش بيروباوەڕ و بۆچوون و بەها و پێوەر و تەکنيکە بۆماوەييەکان و دابونەريت و نەخشەی رەفتارەکانيش دەگرێتەوە)) ١٦. جگە لەم سەچاوەيە زۆر سەرچاوەي ديکەيش ئاماژە بەوە دەدەن کە داب و نەريت نەتەوە و گەلانن، ئەو خۆ بەزلزانينە دەبێ لە نێو گەلاندا بمرێنرێت، لە نێو گەلان و نەتەوەکانی دونيادا دابونەريتی ئەوتۆ هەن، خەڵکی لای ئێمە بيبيستن و بيبينن تووشی شۆک دەبن، با بزانين لەم رۆمانەدا بە چ ئاراستەيەک دەمانبات ، نووسەر دەڵێ؛ (( هەر لەو کاتەدا کە چووە بەردەم بەشی پێشوازی هوتێلەکە، بە عەرەبی قسەی کرد، خانمە گەنجە ميسرييە چاو گەورەکە بە فەرامۆشکارييەوە مامەڵەی لە گەڵدا کرد، بە جۆرێک وەک ئەوەی لێرە فرێيان دابێت، نەک هاتبێت بۆ هوتێلێکی پێنج ئەستێرە، ئاخر جلەکانی ئەو وەک جلی گەشتيارە رۆژهەڵاتييەکان نەبوو کە دێن بۆ هوتێلی پێنج ئەستێرە، ئەوانەی قات لە بەر دەکەن و دەموچاويان لە فڕۆکەکاندا گرژ و مۆن دەکەن بۆ ئەوەی سروشتی ئەوە بدەن کە ئەمان دەچن بۆ دەرەوەی وڵات، ئەو بە کاوبۆيەکەوە کە لە لاقنگيەوە تۆزێک دڕا بوو، بە پێڵاوی قورسی پۆستاڵی و بە جانتايەکی کۆڵە پشتی کۆنەوە لە بەردەم خانمی هوتێلەدا باوەشی کرد بە شۆڤێرێکی تاکسييەکی شڕی ژەنگاوی، کە بەلاری لە بەردەم هۆتێلەکەدا وەستابوو، پێدەچوو خانمەکە وای بيرکردبێتەوە کە ئەم فيگورە لەو شاعير و رۆژنامەنووسە لات و چەپەخۆرانە بێت کە جارجارە بۆ کۆنفراسەکان بانگهێشت دەکرێن و دڵيان بەم هۆتێلانە دەکرێتەوە….ل ٢٢٧ )). هەرچەندە ئێمە لە سەر چۆنيەتی واقعييەتی هاتوچۆی فڕۆکەخانەکان قسەی خۆمان هەيە، لێ هەڵيدەگرين بۆ جارێکی ديکە، هەر لە بەرايی ئەنۆبيسەوە بەم جۆرە بە ناوی رۆمانەوە کەوتە پلارگرتن لە نووسەر و رۆشنبيری رۆژهەڵاتی کە بۆ خۆيشی و پاڵەوانی رۆمانەکەيش رۆژێ لە رۆژان بە هيچ کلۆجێ لە هاوڕێ و هاوپيشەکانی جيا نەبوو، لێرە ناوەستين بزانين لەم سەرزەنشت کردن و خۆ بە زلزانينە دەگەينە کام کەنار. نازانم لە کوێوە و چی بێنم لە سەری قسە بکەين، بەراستی قێز لە خۆ بەزلزانين دەکەمەوە کە خودی ئاوروپاييەکان بەم جۆرە نادوێن، بە هەر حاڵ لە ناو کورددا خەون و زيندە خەون هەيە، لە نووسينی رۆمانيشدا، رۆمانی پر لە خەياڵ و ئەندێشە و ئەفسانە و تەواوی واقيع هەيە ئەم رۆمانە واقيعێکە و باشترە يەک دوو نمونەی ديکە بێنين. (( کاتێک سەيری خەڵکی دەکرد چۆن لە چێشتخانەکاندا خواردن دەجوون، چۆن دەميان پڕ دەکەن لە پاروويەک کە هێشتا پاروويەکی تر لە لايەکی ديکەی گووپيانە و خێرا پاروويەکی تر دەخەنە لايەکەی تريان، شلە بە دەمياندا دێتە خوارێ، پارچە ئێسقان لە دەميان دەکەوێتە خوارێ، دەنکە برنج، پارچە نان، پێستی مريشک، پارچە گۆشتی بۆگەن، بامێ يان دەنکە فاسوليا، پاشان سوور دەبنەوە، چاوەکانيان دەردەپۆقێتە دەرەوە،ل ٢٣١ ))، بەراوردی نێوان دەنکە برنج، دەنکە فاسوليا لە گەڵ هاتنەخوارەوەی شلە بە دەم و پليان، پارچە ئێسک، پێستی مريشک، بدەين ناتەباييەک بەدی دەکەين، دەبوايە ئەمانيش وەک ئەوانی دی بە زۆرييەوە تەرحبکردبا، جگە لە زێدەڕۆیی کردن لەو حاڵەتە کە دەلالەتی نەفرەت کردنە لە رابردووی خود، نووسەر باس لە بەلاڕێ بردنی پاڵەوانەکە ناکات لە ئاکاری بنەچەیی خود، تەنها چاوی ديوێک دەبينێ، کە گوتمان هەموو کەلەپوورێکی ميللی کەلتوورێکی رۆشنبيری بۆ ماوەیی گەلانە، نووسەر گەر لە ئاوروپا نەژيابا، دڵنيام يەکێک لەوانەی لە ناو ئەو چێشتخانە رۆژهەڵاتييانە خۆی دەبوو و بە تەشويقيشەوە چێژی لێوەردەگرت، نووسەر هەميشە دەبێ هەردوو ديو ببينێ تەنانەت ئەگەر باسی لە گەندەڵی و خراپەکارييەکانی ديکتاتۆرێک دەکات، دەبێ پەنجە لە سەر کارە ئەرێنييەکانيشی دابنێت، نەخاسمە بۆ کەسێک کە ديدێکی چەپگەرایی هەبوو بێت، يان دەيەوی رووگای چەپخوازان وابێت وەک نووسەر دەيخاتە روو. (( گێژاو يان راکردن بوو لە شتێک! لەوەتی هەيە نازانێت چييە و لە چی رادەکات؛ لە تەنهاييەوە بۆ قەرەباڵغی، لە تەنهاييەوە بۆ ناو مێگەڵی رۆژهەڵاتی، لە تەنهاييەکی ئاوروپيانە بۆ نێو قەرەباڵغيەکی رۆژهەڵاتيانە….ل ٢٣٤ )). خوێندنەوەی ئەم جۆرە وێنا و تەوزيف و باشکردنەوەی رووداوەکان خوێنەر بۆ دوو ئاراستە رادەکێشێت، يەکەم دەرچوون لە ڕەوتی رۆمان، دووەم بەرەو وتاردان و دوورکەوتنەوە لە ئەدەب. (( کە هاتە دەرەوە لە توالێتەکە، کچەکە رۆيشت بوو، خێرا خۆی دا بە سەر قەروێڵەکە و بيری لە ” ئورسولا ” يان بڵێين ” ئوشی ” کردەوە ل ٢٤٣ ))، لێرەدا بيرکردنەوە لە کەسێک (( نەيدەزانی بۆچی هاتووە بۆ ئێرە و سبەی شەو چۆن دوای ئەم هەموو ساڵە لە گەڵ ريتا ئاوراخ فۆن دونکلمان يەکتر دەبيننەوە. ل ٢٤٧ )) هەڵبەتە هەردوو نوووسينەکە لە يەک بەشدايە، نووسەر کە باسی نابووتی ئەو سرشت و داب و نەريتانەی رۆژهەڵاتی دەکات، دەبێ ئەوەيشی لە بير بێت، يەکەم ئەو بە کوردی دەنووسێت کەواتە بۆ رۆژهەڵاتی دەنووسێ، دەبوايە لە سەر ئەم فرە ژنييەی رۆژئاواييش بە ناوی هاوڕێيەتييەوە قسەی خۆی بکردبايە، نەمازە کە ئەم کەلتوورە لای رۆژهەڵاتی قێزەونترە لە لەوتاندنی جلەکانيان بە شڵە و گۆشت و چێشتەوە.

درێژەی هەيە ……

بەشی یەکەم…

بەشی دووەم…

Previous
Next
Kurdish