Skip to Content

خۆشەویستی زۆرانبازیی نییە، لە خۆشەویستیدا براوە و دۆڕاو نییە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

خۆشەویستی زۆرانبازیی نییە، لە خۆشەویستیدا براوە و دۆڕاو نییە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 19, 2024 General, Opinion

مۆنۆلۆگی یەکەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا

پێشەکی
ئەم کتێبە بریتییە لە خۆدواندنێک “مۆنۆلۆگ” لە بارەی زۆر پرسی لێک جیاواز، ھەر لە خۆشەویستی و سێکس و جەستەوە بیگرە تاکو مەرگ و نامۆبوون و رەخنەگرتن لە مۆدێرنێتە و سیستمی کاپیتالیزم، ناوەڕۆکی ھەر ھەموویان لە دواجاردا بەستراوەتەوە بە چەمکی خۆشەویستییەوە، ھەر بۆیە ناوی کتێبەکەشمان نا “خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجەدا” ھەرچەندە ئەم ناونیشانە، خواستنە لە ناوی رۆمانی “خۆشەویستی لە زەمەنی کولێرا”ی گابریل گارسیا مارکیز، ئەمەش کارێکی رێپێدراوە، تەنانەت کەسێکی وەک “لینین” ناوی یەکێک لە کتێبە سیاسییەکانی خۆی “چی بکرێت؟” لە ناوی رۆمانێکی ناسراوی رووسییەوە وەرگرتبوو، بەڵام ئێمە دەقاودەق ناوەکەمان وەرنەگرتووە، بەڵکو “شێرپەنجە”مان خستۆتە بری “کولێرا”، ئەگەرچی ھەردوو ناوەکە ناوی نەخۆشین، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە ناوەڕۆکێکی لێکچوویان نییە، ھەڵبەتە وشەی “شێرپەنجە” لای من دوو دەلالەتی بنەڕەتی ھەیە، یەکەمیان ئەوەیە ئەم کتێبە کە لە بنەماوە چەند پەرەگرافێکی پەرش و بڵاوبووە، لە سەروەختی ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە نوسراوە و پاکنووسکراوە، دووەمیان، پێموایە زەمەنەکە چەرخی شێرپەنجەیە بۆ خۆشەویستی و ئەو ھیومانیزمەی من داکۆکی لێ دەکەم و کردوومە بە درێژایی تەمەن، دەتوانم بڵێم دۆزی ژیانم دۆزی ھیومانیزم و بەرگرییکردن بووە لە مرۆڤی رووت. ئەوەی لەسەروو ھەموو شتێکەوە بۆم گرنگە مرۆڤە، ھەر شتێکی تر لە خواروو ئەمەوە دەبینم.
رەنگبێ شێوازی مۆنۆلۆگەکان بۆ خوێنەران سەیر بن، یان رەنگە بڵێن باشتر بوو لە فۆرمی توێژینەوەدا بیرۆکەکان تەرح بکرابان، ئەمانە ھەموو راستن، بەڵام لەوانە راستتر لەوەدایە، ئەم مۆنۆلۆگانە شەڕێکە لەناو ئەندێشەمدا بەرپابووە و تا کۆتایش ئەم جەنگە بەردەوامیی دەبێت. لانیکەم مرۆڤێک سەروکاری لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا ھەبێت، لە باری سایکۆلۆژییەوە جێگیر نییە، بەو پێیەی ھەمیشە لە شەڕێکی بێ پسانەوەدایە لەگەڵ بیر و پارادۆکسەکانی ناو ھزرینی، ئەمە حاڵەتێکی سروشتییە، لە سۆنگەی ئەوەی دڵەڕاوکێ ھەمیشە مامانی داھێنانە و ھەوێنی پێشکەوتنی ژیاریشە، تەنانەت ئەدگارێکی ھەمیشەیی مرۆڤی شارستانییە. ئەو دیالۆگەی نێوان “من” و “خۆم” تەنیا ئاوازسەندنەوە نییە بۆ یەکتر، نەریتی بەندبێژەکانیش پەیڕەو ناکەن تاکوو بەندی یەکتر تەواو بکەن، بەڵکو لە بارێکی مۆلەق و ناجێگیردا قسە دەکەن، تەبا نین لەگەڵ یەکتر لەسەر زۆر شت، بەڵام دواجار ئەمە ئەندێشەی مرۆڤە، پێموایە ئەندێشەی ھەر مرۆڤێکی تریش پڕیەتی لە ھاودژیی، لەوانەیە جیاوازییەکەم لەوەدا بێت توانای گوزارشتکردنم ھەیە لەو پارادۆکسە. بۆی ھەیە “خۆم” لێرەدا ھەر “من”ە فرۆیدییەکە بێت، ھەمیشە بکەوێتە بەرداشی شەڕی دەستەویەخەی “ئەو” و “منی باڵا”وە. “من”یش لەم تێکستەدا ھەمیشە “ئەو”ی سەرکێشە، ھیچ کات رۆڵی “منی باڵا” ناگێڕێت، بگرە لەم تێکستەدا “منی باڵا” بوونی نییە، ئەوەی ھەیە دیالۆگی “من” و “ئەو”ە، ئەمەش وەک وتم بە پێی تیۆری دەرونشیکاریی فرۆید.
حەزیش ناکەم باس لە ناوەڕۆکی کتێبە بکەم، یان کورتی بکەمەوە لەم پێشەکییەدا بۆ خوێنەر، ئەگەر وا بکەم پێویست ناکات خوێنەر خۆی ماندوو بکات و تەواوی کتێبەکە بخوێنێتەوە. ئەوەی گرنگە لام ئاماژەی بۆ بکەم، روونکردنەوەی ھەندێک تەمومژە لە دەوروبەری مۆنۆلۆگەکان. ھەندێک جار “من و خۆم” ھێندە دوور لە یەکتر دەئاخڤن، وەک ئەوەیە دوو کەسی جیاواز قسە بکەن، بەڵام لە راستییدا قسەکەری یەکەم و کۆتایی ھەر نووسەری ئەم کتێبە خۆیەتی، لەوە زیاتر روانینی ھیچ کەسێکی تر بەشدار نەبووە لە گەڵاڵەکردنی ئەم مۆنۆلۆگانەدا، ھەر بۆیە چارم نەبوو، دەبوایە ئەم جەلەحانێیە ھەر لە نێوان “من و خۆم”دا رووبدات، زۆرجار بیرۆکەی ئەوە بە خەیاڵمدا گوزەری دەکرد، ناوێک “ناوی کەسێک” لە بەرامبەر “من”دا دابنێم، بەڵام ھەر زوو ژیوان بوومەوە، بەوەی نەکا سەر لە خوێنەر بشێوێنێت و پێیوابێت نووسەر لەگەڵ کەسێکی تردا دیالۆگی کردووە و ئەم بەرھەمە لە دایک بووە.
کۆتا جار، ئەم پرسیارەش لە خۆم دەکەم، ئایا کتێبێکی وەھا پێویست بوو بۆ خوێنەری کورد؟. وەڵامێکی کۆنکرێتم لا نییە، دەمێک لەبەرخۆمەوە دەڵێم ئەم کتێبە وەک ھەموو دەنگەکانی بۆشایی ئاسمان تەنھا وەک دەنگێک لەناو ئەو ھەموو ھەراوھوریایەدا دەمێنێتەوە و کەس گوێی لێی نابێت، دەمێکی تر دەڵێم خوێنەرێک ھەیە بیدۆزێتەوە و بە بایەخەوە بیخوێنێتەوە، لەناو ھەموو ئەو راڕاییانەشدا بڕیاری چاپکردنیم داوە، ئیدی ھەر لە چاپ ھاتە دەرەوە، پەیوەندییم لەگەڵ ئەم کتێبە دەپچڕێت و تاکە شتێک بمبەستێتەوە پێوەی ناوی خۆمە لەسەر بەرگی کتێبەکە، ھەروەک ئەلبێر کامۆ لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا وتبووی “کتێبەکانی خۆم ناخوێنمەوە، دەمەوێت کارێکی تر، ئەنجام بدەم، یان روونتر بڵێم دەمەوێت بەرھەمێکی تر بنووسم”. ئەم پرەنسیپەش لە سەرەتاوە باوەڕم پێی ھێناوە و جێبەجێم کردووە، ھەر بۆیە لە ئێستادا وەک بێگارییەک پێشەکی ئەم کتێبە دەنووسم، بەھۆی ئەوەی خۆم تەرخان کردووە بۆ نووسینی کۆمەڵێک بەرھەمی تر. لەیەک کاتدا کار لەسەر سێ کتێب دەکەم، بۆیە کاتم بەدەستەوە نابێت تا جارێکی تر کتێبەکانم بخوێنمەوە. نایشارمەوە ھۆکارێکی تریش ھەیە، ترسم ھەیە لە کاتی دووبارە خوێندنەوەیدا ئەو ھەستەم بۆ دروست بێت، پەلەم کردووە و زۆر شتیشم نەوتووە کە دەبوو بیڵێم. بەھەرحاڵ ھیوادارم ئەم کتێبە سوودێکی بچووک بە خوێنەری کورد بگەیەنێت، ئومێدەواریشم بگاتە دەستی خوێنەرێک توانای داوەریکردنی ھەبێت لەسەر تێماکانی ناو کتێبەکەمان.

کۆتایی فێبریوەی ٢٠١٩

ئەڵمانیا – شتاینھاگن

-١-
خۆم: بە قووڵی سەیری ئەو دەریایە بکە، دێڕێک، شیعرێکی لەسەر بنووسە!! من دەریام خۆش دەوێت و ھەمیشە لە تەنیشتییەوە ھەست بە ئارامی دەکەم.
من: بۆ شەپۆلە دوورەکان دەڕوانم، کە چەند نامرادانە دەمرن بێ ئەوەی بگەنە کەنار، ئەگەر ئامانجت کەنار بێت، دەبێت ھێزی شەپۆلدانت بەھێز بێت و ھەنگاوەکانت گەورە بن.
خۆم: ئەوە گەیشتنە کەناریش چی دەبێت؟. ھەموو شەپۆلێک لە کەناردا ون دەبێت راستتر وایە بڵێم دەمرێت.
من: گرنگ نییە لە کوێدا دەمرن، ئەوەی جێی بایەخە لە ھەنگاو و گوڕدان تا کاتی مردن.
خۆم: لە دوورەوە ئاوەدانییەک دیارە، ئەوبەرەوە وڵاتێکی ترە، کولتوورێکی ترە.
من: نا، من نامەوێ جگە لە دەریاکە چاوم بۆ ھیچ کوێی تر بڕوانێت، بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوانم، تەنیا شینایی دەریام لێ دیارە. دەریا شمشاڵێکە، شەپۆلەکان ئاوازە جادووییەکین و زمانی شاعیر دەپژێنن. لەکن شاعیر دەریا و شیعر یەکێکن.
خۆم: با تۆزێک بێدەنگ بین، رێ بدەین شەپۆل بدوێت و لە باوەشی یەکتردا ھەست بە دڵنەوایی بکەین.
من: زۆر باشە، وا دەکەین، پێم خۆشە گوێ لەم شیعرە بگرین کە باسی دەریا دەکات.
خۆم: ئەو فرمێسکە چی بوو. لە چاوانتەوە باری و کوڵمی منی تەڕ کرد.
من: بە بێدەنگی و لە مێشکی خۆمدا دەمووت “تۆ ھەست بەوە ناکەیت، چ ئازارێک دەمخوات، رۆژەکانم تێدەپەڕن و مەرگ زیاتر لێم نزیک دەبێتەوە، چەند ئەکتەرێکی باشم کە دەتوانم بۆ دڵخۆشیت خۆم بە باش نیشان بدەم”.
خۆم: خەیاڵت بۆ کوێ رۆشتووە، بۆچی بێدەنگیت؟.
من: نا، بێدەنگ نیم، بەڵام وەک سەرۆکی ھیندە سوورەکانی سیاتل لە وتارێکدا وتی “وشەکانم ئەستێرەکانن ئاوا نابن”. دەمەوێت شتێک بڵێم ھەمیشە بمێنێتەوە، وشەکانم دەبێت ھێزی مانەوەیان ھەبێت بۆ زۆر دوور، دەمەوێت لە رێی وشەکانمەوە زۆر بژیم، چوونکە کاتم زۆر کەم ماوە بە فیزیکیی.
خۆم: تۆ زۆر باش دیاریت، تۆنی دەنگت وا ناڵێت کە کەمت مابێت لە ژیاندا، تۆم لە رۆمانێکدا خوێندۆتەوە، نموونەی ھێز و ئیرادەیت!!.
من: ئەوەی چاوت پێتدەڵێت ھەمیشە جێی گوومانە، چاومان کەمترین جار راستییەکان دەبینێت، پێم خۆشە راستییە تۆقێنەرەکە نابینیت، تا بتوانین چێژ لە ئێستا وەربگرین.
خۆم: واز لە باسی مردن بھێنە، بۆچی ھەموو کات بە مردن دەمترسێنیت؟.
من: مردن خۆی لە باسکردنی دەترسێت، تۆ کاتێک باسی مردن نەکەیت واتە ھێندە تۆقیویت لێی ناوێریت ناویشی بھێنیت. تەنھا ئەوانەی نزیکن لە مردنەوە ھەست بە خۆیان دەکەن، ھیچ کەسی تر ناتوانێت لێیان تێبگات.
خۆم: واز لە بابەتی مردن بھێنە، دەمەوێت بپرسم چەندە منت خۆش دەوێت؟.
من: بڕینی رێگا کەندەڵانەکانی عەشق، ریسک و سەرکێشیم، ھەموو نیشانەکانی عەشقێکی گڕگرتوو نیشان نادەن؟.
خۆم: من شێوازی خۆمم ھەیە لە خۆشەویستیدا، ئەویش راوەستانە لەنێوان “من” و “منی باڵا”دا.
من: “منی باڵا” ھەمیشە سەرکوتکارە، دیکتاتۆرێکی رووتە، خۆشەویستی بە “من” دەکرێت، “منی باڵا” دوژمنی باوەکوژی خۆشەویستییە.
خۆم: “منی باڵا” رێگە نادات ھەموو کارێک بکەم لە خۆشەویستیدا، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر زۆر خۆشم دەوێی.!
من: دنیای خۆتت لە قاڵبداوە و زیندان کردووە لەسەر داخوازیی “منی باڵا”!، ئەو بەڵایە لە کۆڵ خۆت بکەوە، جارێک لە قسەی دەربچۆ و بە قسەی “من” بکە، بزانە چی جوانییەکی لێ قەدەغە کردوویت؟.
خۆم: پێوەرەکانی من بۆ خۆشەویستی جیاوازن، بڕوام بە خۆشەویستی ئەفلاتۆنی ھەیە، جەستە ھیچ رۆڵێکی وەھای نییە لەو فۆرمە خۆشەویستییەی من دەیخوازم؟.
من: زۆر جار وەک پیاوێکی بۆھیمی دەردەکەم، بەڵام کۆمەڵە پرنسیپێکی خۆم ھەن، رەنگە لە ھی کەسی تر نەچن، وەلێ ئەوەی سەبارەت بە خۆشەویستی دەیزانم، نابێت بەردی خۆشەویستی بەرز بکەیتەوە، بێ ئەوەی ھەموو جمکەکانی بگریت، دەبێت خۆشەویستی بە ھەموو تانوپۆی خۆیەوە قبوڵ بکەیت، ئەگەرنا قبوڵت نەکردووە.
خۆم: مەرجی جەستەت ھەیە بەسەرمەوە وانییە؟ تۆ نابینیت رۆحم لە تۆدا دەتوێتەوە! ئەمەت پێ کەمە؟.
من: کێشەکە شتێکی ترە، پێکگەیشتنی بایۆلۆژیی نەک ئارەزوو بەڵکو پێویستیشە، تۆ جەستەی خۆت ئاوێزانی کەسێک نەکەیت خۆشت دەوێت، ئەو مافە دەدەیت بە کێ ئاوێزانت بێت؟. خۆشەویستی عیرفانی، شێوازە ھەرە کۆن و مازۆخییەکەی خۆشەویستییە، تۆش ئەو مەرجەت لەسەرم ھەڵبگرە!!.
خۆم: تۆ زۆر بەھێزیت، من ناتوانم خۆم بگرم لەبەردەم ھێزت، تۆ یەکەم کەسیت لاواز بنوێنم لە بەردەمیدا.
من: خۆشەویستی زۆرانبازیی پاڵەوانەکان نییە، تا ھێز براوە و دۆڕاو دەستنیشان بکات، لە خۆشەویستیدا براوە و دۆڕاو نییە، ئەوەی ھەست بەلاوازیی دەکەیت، لە بەرامبەر مندا نییە وەک قەبارە بایۆلۆجییەکە، بەڵکو بەرامبەر بە وزەی خۆشەویستی منە.
خۆم: ھەر چۆنێک بێت تۆ گەمەکەت بردەوە و کۆتاییەکەت بە ویستی خۆت دیاری کرد.
من: ئەمە گەمە نییە، بەڵکو کردەیەکی ئیستاتیکی ھاوبەشە، ئێمە ھەردووکمان پێکەوە ئەو تابلۆیەمان رەنگ کرد.
٢١-١٠-٢٠١٨
کاتژمێر: نۆ و پێنج خولەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس

Previous
Next
Kurdish