Skip to Content

سیمیۆلۆژیای بارت و بوونگەرایی سارتەر.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

سیمیۆلۆژیای بارت و بوونگەرایی سارتەر.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

Closed
by ئایار 19, 2024 General, Literature

نووسین كلیلە بۆ ناسینی جیهان، نەك جیهان كلیل بێت بۆ ناسینی نووسین. لە رێگای ئەو قسەیەی بارتەوە لەنێوان (نووسین) و (كلیل) لەنێوان ئازادی زمان و مێژووی نووسین… هەوڵدەدەم قسە لە چەمكی (ناسینی مێژوو) لای سارتەر و چەمكی (ناسینی ئازادی) لای بارت بكەم. وەك دەزانین هەر یەك لە سارتەر و بارت لە رووی رۆشنبیرییەوە بۆ دوو نەوەی بەرهەڵستكار دەگەڕێنەوە. دەشێ‌ لەو خوێندنەوەیەدا بۆ بیروڕاكانی بارتی سیمیۆلۆژی (لەبری وشەی كلیل) وشەی ئازادی زمان و بۆ (ناسینی جیهان) و بۆ پشكنینی بیروڕاكانی سارتەری بوونخواز وشەی مێژووی نووسین (لەبری وشەی كلیل) بۆ (ناسینی نووسین) بەكار بهێنین، دواجار بە كورتی دەمانەوێت ناسینی جیهان لە سیمیۆلۆژیا و ناسینی نووسین لە پابەندبوونی نووسەر بخوێنینەوە!
(ژان پۆل سارتەر) ناسینی نووسین وەك وەسیلەیەك بۆ پابەندبوون دەخاتە روو. كەواتە زمان وەك بەها، ئایدیۆلۆژیەتێكی هەژمووندار پێكدێنێ‌ و مرۆڤ والێدەكات لەلایەك بەدوایدا بكەوێت و لەلایەكی دیكەش لە دووتوێیدا دابخرێت. بەڵام (رۆلان بارت) پێیوایە دەق لەگەڵ خوێنەر دێتە گۆ. لە خوێندنەوەدا دەق قسە ناكات، بەڵكو لەگەڵ خوێنەردا دەكرێتەوە. سارتەری بوونخواز پێیوابوو مرۆڤ مانا درووست دەكات! بەڵام بارت پێیوابوو مانا بە دەست دێ‌ و مرۆڤ لەخۆ دەگرێ‌. كەواتە ئەو خوێندنەوەیە دەكەوێتە نێوان داخران و كرانەوە، درووستكردن و هاتنەدی.
(1)
زمانی سارتەر، زمانی شۆڕشگێرییە، بەڵام هەرگیز بارت بەرگەی زمانی شۆڕشگێرانەی نەدەگرت و پێیوابوو ئەوە سیمیۆلۆژیایە كار بۆ بووژانەوەی رەخنەی كۆمەڵایەتی دەكات. رەنگە هاوگونجاندنی زمان لەنێوان مێژوو و ئازادی، زمانی شۆڕشگێری و سەیرورە بتوانێ‌ بارت و سارتەر لە یەكنزیك بكاتەوە؟! بە دیوەكەی دیكە بارت سەرسام بوو بە چەمكی پابەندبوونی سارتەر، ئەگەرچی هەرگیز زمانی شۆڕشگێرانەی قبووڵ نەبوو! بەڵام سارتەر بایەخی بە سیمیۆلۆژیای بارت نەدەدا، وەكچۆن بێگومان جەختكردنەوەی سارتەر لە پابەندبوونی نووسەر، دژ بە مەرگی نووسەر لای بارت دەكەوێتەوە.
لای وجودییەكان بوون پێش ماهیەت دەكەوێ‌. لێرەوە پابەندبوونی نووسەر دوای تێگەیشتن دێت، یان لانی كەم هاوكات لەگەڵ زمانی شۆڕشگێرانە دێتە بوون! یان بە دەربڕێنێكی دی پابەندبوونی نووسەر لە زمانی شۆڕشگێرانەوە دەست پێدەكات، بەو مانایەی كە مرۆڤ مەوجودێكە دەچێتە نێو پەیوەندی لەگەڵ خۆیدا و توانای ئەوەی هەیە، برەو بە تواناكاتی خۆی بدات. مرۆڤ بەرەو ئیمكانی بوونی خۆی دەچێت، بەو مانایە تەنها مرۆڤ هۆشیاری بە بوونی خۆی هەیە.
لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵدەدەم لە فەلسەفەی سارتەردا چەمكی دەروونخوازی نووسەر بەو شێوەیە گەڵاڵە بكەم، كە (مرۆڤ هیچ نییە، تەنیا پابەندبوون نەبێ، كە زمانی شۆڕشگێری درووستی دەكات! ئەو قسەیەی من تەنیا بە ئەدەبەوە بەندە، واتە ریشەی ئەم خوڵقاندنە لە خودی نووسەردایە، نەك لە جیهانی دەرەوە و ناچاركردنی زمانەوە بێت!
بەڵام سیمیۆلۆژیا پێچەوانەی سارتەر دەكەوێتەوە، هەر لێرەشەوە بارت پێیوابوو ئەدەب هیچ چارەیەكی بۆ ئازادی پێ‌ نییە، هەر ئەوەندە نا، بەڵكو ناتوانێ‌ لە ناچاربوونی زمانیش دەربچێ‌ و ئازادی دابین بكات، چونكە زمان فاشییە! بەو مانایەش پابەندبوون وەك سارتەر بیری لێدەكاتەوە هەرگیز لە زماندا دەرناكەوێت، تەنها لە رێگای مێژوو و شۆڕشەوە نەبێ‌، چونكە زمان سیستمێكە رێساو یاسای خۆی هەیە و هەموو نووسەرێك ملكەچی ئەو رێسا و یاسایانەیە. دەشێ‌ هەموو نووسەرێك بكەوێتە نێو مێژووەوە بەڵام هیچ سنورێك بۆ ئازادی زمان بوونی نییە!
(2)
شێواز یان ستایل لە كاتی داڕشتندا، كۆد بۆ دەقە ئەدەبییەكان دادەنێت! بەو مانایەش شێوازەكانی ئەدەب بەرهەمی لادانەكانی زمانن، لێرەوە شێواز و زمان بە یەك دەگەن، بە مانایەكی دیكە وەكچۆن زمانی ئەدەبی لە سەیرورەدایە، هەمیشە شێوازی ئەدەبیش لادانەكانی زمان دەگرێتەخۆ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ستایل فۆرمی نووسینە و رەهەندی كەسی و جەستەیی هەیە. بەڵام نووسین كە بابەتی نێوان زمان و ستایلە، لە رێگای نووسەرەوە دەگات و لە رێگای نووسەرەوە پابەند دەبێت. دەتوانین بڵێین نووسین بوارێكە بۆ ئازادی و پابەندبوون. نووسین بوارێكە بۆ زمان و مێژوو، چونكە وەكچۆن مێژوو بێلایەن نییە، زمانیش بێلایەن نییە.
لەسەر بنەمای بێلایەن نەبوونەوە، دەتوانین بڵێین زمان و شێواز دوو هێزی كوێرن، بەڵام نووسین كردەیەكی تاكئامێزی مێژووییە. زمان و شێواز دوو بابەتن، بەڵام نووسین وەزیفەیە. هەمیشە نووسین لە پەیوەندی نێوان داهێنەر و كۆمەڵگاوە هەڵدەقوڵێ‌. ئەوە زمانی ئەدەبییە بەردەوام ئاراستەكردنی كۆمەڵگا دەگۆڕێ‌.
(3)
بارت لە كتێبی “نووسین لە پلەی سفر”دا وەك پەرچەكردارێك لەبەرانبەر ئەو پێناسەكردنەی “سارتەر” كە دەڵێت: شیعر لێوردبوونەوەیەكی خودییە و پرۆسیسەكردنێكی زارەكییە، لە بنەڕەتدا ئامانجی خۆی هەیە. بەڵام پەخشان هاوكاریكردنی نووسەر و خوێنەر نیشان دەدات. لە پەخشاندا بەیەكگەیشتن پردێكە دەكەوێتە نێوان دوو ئازادی و زێتریش. لەو قسەلێكردنەدا سارتەر فەزای ئەدەبی دیاری دەكات…
پەرچەكردارەكەی بارت ئەوەیە كە نووسین شوێنێك لەنێوان شێواز و زمان بەدەست دەهێنێ‌. نووسین لە پلەی سفر خاڵی یەكتر بڕینی تەوەرەی “X” و “Y”ە، لە رووداوەكانی “دیكارت”دا. زمان تەوەرەی “X” ەو ئاسۆیی و نمایشكارانە دەكەوێتەوە. بەڵام شێواز “Y”یە و گوزارشتكردنێكی ستوونییە. شێوە و بەهای نووسینیش لە یەكتربڕینی ئەو دوو تەوەرەیە دەردەكەوێت. بەو مانایە لای بارت نووسین دەبێ‌ بەردەوامی بە بێدەنگی و بێلایەنی و دالەوە بدات.
(4)
ئەوەی سارتەر لە بارەی زمانی ئەدەبی شۆڕشگێرییەوە قسەی لێدەكات، بارت لە بارەی ئازادی سیمیۆلۆژیاوە دەیڵێتەوە. بەڵام یەكەمیان ئەدەب بە پابەندبوونی سیاسییەوە دەلكێنێ‌ و دووەمیان لە سیاسەت جیای دەكاتەوە و پێیوایە هەرگیز تواناكانی ئازادی لەسەر نووسین نەوەستاوە، لەسەر پابەندبوونی سیاسی نووسەر جێگیر نابێت، بەڵكو لەسەر ئازادی زمان و گۆڕانەوە دەوەستێ‌، زمانیش لەبەر ئەوەی فاشییە، هەمیشە ئازادی زمان دەبێ‌ لە هەوڵی سەیرورەدا بێت، هەمیشە زمان دەبێ‌ لە جوولەدا بێت! بەڵام لای سارتەر هەموو ئەوانە هیچ مانایەكیان نییە، چونكە نووسەر پابەندە، نووسەر مەوجودێكە دەچێتە پشت وشەكانەوە بۆ ئەوەی لە ئامانجەكانی خۆی نزیك بێتەوە. بەڵام مەوجودی بارتی لە خوێنەر و خوێندنەوەدا دەكرێتەوە، چونكە بارت پێیوایە خوێندنەوە جۆرێكە لە (دووبارە نوسینەوەی دەق) و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەق، دەق خوێنەر دەخاتە گومان و هاوسەنگی رۆشنبیریی و دەروونی و زمانەوانی لەق دەكات! دەق لە رێگای سیستمە دەلالییە تایبەتییەكانی و بە هۆی تەكنیكەكانییەوە خوێنەر وەك نێچیری خۆی دەپێكێ‌، دەق لە رێگای ناسینی زمانی بارتەوە بەردەوام خوێنەر و نووسەر هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام سارتەر پێیوایە نووسین جۆرێكە لە دووبارە نووسینەوەی مێژوو، نووسین لە رێگای زمانی شۆڕشگێرییەوە بەرەو ئامانجی خۆی دەچێت، بێگومان لەوێشەوە نووسین لە رێگای ناسینی نووسەر وەك پابەندبووییەكی ئایدیۆلۆژیی هەژمووندار دادەخرێت!


12/5/2024 هەولێر

Previous
Next
Kurdish