Skip to Content

وەرزە سەوزەکانی ئەوین/9.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

وەرزە سەوزەکانی ئەوین/9.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 18, 2021 General, Poems


وەرزی نۆیەم

کزە با ساردەکەی ئەم باکوورە
یاری بە تاڵ تاڵی پرچت ئەکرد
رەشەبا بێ ئۆقرەکەی ناو من
جۆلانەی بە بورکانی هەستت ئەکرد
کە لە ئامێزم گرتیت
دڵم وەک تاڤگەیەک کەوتە هاژە
کە لە چاویشم ون بوویت
بە فرمێسکم وت خۆت بگرە و مەبارێ
سبەی دێتەوە ژوان دووبارە

من و تۆ هەر ئەوەندە جیاوازین
من شەرابی سوور دەنۆشم و
تۆ شەرابی سپی
من و تۆ هەر ئەوەندە جیاوازین
تۆ گوڵی سپی باخی سۆزم
بۆ دەکەیتە چەپک و
من گوڵی سووری شیعرت
لە باخچەی هەست بۆ ئەڕنم
من و تۆ هەر ئەوەندە لێک دوورین
هەڵاوی هەناسەت وەک ئۆکسجین
دەڕژێتە نێو سییەکانمەوە

زۆر جادووگەرانە لێت ئەڕوانیم
بۆیە ماچەکانم بوونە پەپولەی شیعر و
لەسەر گوڵەباخی لێوت نیشتنەوە
زۆر رۆمانسییانە لێم ئەڕوانیت
هەنسکەکانت بوون بە قاقای پێکەنین و
رژانە نێو بێ ئۆقرەیی دڵمەوە

لە وێستگەی شەمەندەفەر
هەر لەگەڵ نیگاکردنەکانی تۆدا
چاوی تامەزرۆم لە فرمێسکا نغرۆ ئەبێ
لە وڵاتی وەیشومە و بەفردا
رۆحی شەیدای چاوەڕوانم
لە لەشی ناسکی شیعر دەئاڵێت
وەرە ئەی ئاگری کڵپەسەندوو
سەری بەستووم لە مێژە
تینووی گڕی سووری تۆیە

بریا دەمتوانی میلی کاتژمێر رابگرم
زەمەن لەو بینینەدا بوەستێنم
تا بۆ هەمیشە لە ژوانی تۆدا بمێنمەوە
بریا دەمتوانی هەستی خۆمت پێبڵێم و
پڕ بە هەموو ئاسمان هاوارم بکردایە
خۆشم ئەوێی گوڵە ئەستێرە
بریا دەمتوانی ببمە هەورێک
دڵۆپ دڵۆپ، تنۆک تنۆک
بەسەر ژنێتیتدا بباریمایە

ئەمڕۆ رۆژێکی قەترانییە
لە ئاسمانەوە بێزاریی ئەبارێت
سەیرە من هەر عەشقی تۆم
بەسەردا ئەبارێ!
ئەمشەو شەوێکی شەختەیە
لە هەموو لایەکەوە گڤەی رەشەبایە
سەیرە من هەر شنەبای عەشقی تۆ
بەرەو رووم دێ!

لەودیو پایز و
گەڵاڕێزانی خەندەکانمەوە
بەهاری عەشقت، ئامێزی
بۆ منی شاعیری دڵشکاو کردۆتەوە
لەودیو زەمەنی چەقۆ و
زمانی بڕاوی هاوارە خەمۆکەکانمەوە
بزەیەکی عەشقی تۆ
هەزار شەوی تەنهایی
بۆ ئەبەد بیر بردمەوە

ئەو ساتە کابوساوییانەی
بە دیار تەماشای وێنەیەکی لاویمەوە
پیر پیر بووم
تۆ بوویتە شەرابێکی جادوویی و
لەگەڵ یەکەم پێکی عەشقت
سەرلەنوێ لە دایک بوومەوە
ئەو کاتە تەمومژاوییانەی
پرسەم بۆ مەرگی لاولاو دانابوو
شینم بۆ فڕینی چۆلەکەی
خۆشنوودیم دەگێڕا
تۆ وەک شاخێکی بەفرین
بەسەر عەشقی مندا
هەرەست هێنا

تۆ لە شەوی دەیجورمدا چرایت
لە وشکەساڵیمدا شەستە بارانیت
لە تەنهاییمدا هاوڕێی ئازارەکانیت
لە بێدەنگیمدا هاواریت
لە بێکەسیمدا هەموو کەسیت
لە ئاسمانمدا ئەستێرە گەشەیت
لە زەوی چاوەکانمدا رووباریت
لە خەونمدا واقیعت
لە واقیعمدا خەونێکی جوانیت
لە دڵیشمدا مەجنونترین لەیلایت

Previous
Next
Kurdish